خانه / اخبار و رویدادها / کتێبی «خۆبەڕیوەبەری شەنگال» چاپ و بڵاو کرایەوە

کتێبی «خۆبەڕیوەبەری شەنگال» چاپ و بڵاو کرایەوە

کتێبی «خۆبەڕیوەبەری شەنگال» چاپ و بڵاو کرایەوە

کتێبی «خۆبەڕیوەبەری شەنگال؛ لە ڕوانگەی دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە» بە قەڵەمی سروود شاخستانی لە لایەن دەزگای مرۆیی «مام» لە شاری سلێمانی چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا نامەیەکی ماستەرە، کە پێشکەشی بەشی یاسای کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکانی زانکۆی علوم تەحقیقاتی تاران کراوە، لە ڕێککەوتی ۱۸ی کانوونی دووهەمی ساڵی ۲۰۲۳ تاوتوێ کراوە و بە پلەی زۆر باشەی باڵا پەسند کراوە.

ناساندنی نووسەر:

سروود شاخستانی

سروود محەممەد عەبدوڵڵا ناسراو بە «سروود شاخستانی» لە ساڵی ۱۹۷۸ی زایینی لە گوندی «شاخی پاک» سەر بە شاری کۆیە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی لە شاری هەولێر تەواوکردووە. ساڵی ۲۰۰۳ بڕوانامەی دیبلۆمی لە بەشی تەندروستی گشتی لە پەیمانگای تەکنیکی کۆیە بەدەستهێناوە. ساڵی ۲۰۰۹ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی یاسا لە زانکۆی کۆیە وەرگرتووە. ساڵی ۲۰۲۳ بڕوانامەی ماستەری لە بەشی یاسای گشتی نێودەوڵەتی لە زانکۆی ئازادی ئیسلامی واحیدی علوم تەحقیقات، تاران-ئێران پێ بەخشراوە. ناوبراو ماوەی ۱۴ ساڵە کە لە هەرێمی کوردستان کاری پارێزەرایەتی دەکات.

پوختەی کتێبەکە:

ئەم توێژینەوە تایبەتە بە شەنگال و ئێزدییەکانی هەرێمی کوردستان، کە بە شێوەیەکی گشتی باس لە بارودۆخی ئێزدییەکان لە ڕابردوو و لە ئێستادا دەکات، هەروەها بە وردی باس لە مافی چارەی خۆنووسین لە دونیا کراوە، لە لایەکی دیکەوە باس لە دەستووری و یاسایی بوونی شەنگال وەکوو هەرێمێکی سەربەخۆ و خۆبەڕیوەبەر دەکات.

ئەم توێژینەوەیە ڕوون و ئاشکرای دەکات کە ئێزدییەکان بە درێژایی مێژوو هێرشیان کراوەتە سەر و ڕووبەڕووی فەرمان بوونەتەوە و پتر لە ۷۰ جار تاڵان کراون و لەنێو براون. ئەمەش پتر پێویستە بە لایەنە دینییەکەیەوە. لەڕاستیدا لە هەموو هێرشەکان، ئێزدییەکان ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە. لێرەدا بە شێوەیەکی گشتی باسمان لە ئێزدییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، کۆمەڵکوژییەکانمان ئاماژەی پێ داوە، هەروەها بە وردی هێرشی داعشمان بۆ سەر شەنگال خستووەتە ڕوو، لە هەمان کاتدا بەرپرسیارەتی عێراق بەرانبەر پێکهاتەکان خراوەتە ڕوو. لە لایەکی دیکەوە تیشک خراوەتە سەر هێرش و پەلامارەکانی داعش بۆ سەر ئێزدییەکان لە ڕوانگەی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان باس کراوە. ئەوەی لامانەوە گرینگ بووە مافی چارەی خۆنووسین بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و شێوازەکانی داواکردنی مافی چارەنووس بووە، هەروەها مافی چارەنووسی نەتەوەکان بەگوێرەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی گشتی تاوتوێ کراوە. هاوکات خۆبەڕیوەبەری شەنگال بەگوێرەی مافە دەستووری و یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان بە وردی باسکراوە، کە ئێزیدییەکانی هەرێمی کوردستان وەکوو پێکهاتەیەک مافی بەڕێوەبەری خۆیان هەیە.

لەڕاستیدا ئەم توێژینەوەیە دەیەوێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە: لە پرسیاری سەرەکیدا وەڵام بۆ ئەم پرسیارانە پەیدا دەکەین:

*ئێزدییەکان وەکوو پێکهاتەیەکی ناو عێراق دەتوانن سیستەمی خۆبەڕیوەبەری پەیڕەو بکەن؟

*خۆبەڕیوەبەری بە پشتبەستن بە ڕەگەزێکی دیاریکراوی وەک: ئایین، نەتەوە و… چۆن بەدەست دەهێنرێت؟

*بەرپرسیاریەتی عێراق بەرانبەر پێکهاتەکان چییە و چۆنە؟

*خۆبەڕیوەبەری شەنگال لەژێر ڕۆشنایی یاسای نێودەوڵەتی گشتی بە چ شێوەیەکە؟

هەروەها لە پرسیاری لاوەکیدا وەڵامی ئەم پرسیارانە دەدەینەوە:

*تاوانەکانی داعش بەرانبەر ئێزدییەکان لە ڕوانگەی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت؟

*کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرانبەر هێرشی داعش بۆ سەر ئێزدییەکان چۆن و چی بوو؟

*هەوڵەکان بۆ بە جینۆساید ناساندنی پرسی ئێزدییەکان بە کوێ گەیشتووە؟

جێی باسە کە ئەم توێژینەوەیە لەسەر بنەمای وەسفی شیکاری بە پشتبەستن بە دەق و مادە یاسایی و دەستوورییەکان و سەرچاوەی ڕەسەن و ئەکادیمی گرینگ نووسراوە.

لە پشتی کتێبەکەوە ئەم تێکستە نووسراوە:

ئێزدییەکان پێکهاتەیەکی ڕەسەن و بەرچاوی کوردستان و عێراقن. لە دێر زەمانەوە لەم ناوچەیە، بەتایبەتی لە شەنگال نیشتەجێن، کە چی بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی هێرش و تاڵانکاری بوونەتەوە. دوایین جاریش بە هەمان شێوە لە لایەن داعشەوە هێرش کرایە سەر ئێزدییەکان.

ئەم توێژینەوەیە بە شێوەیەکی گشتی تیشک دەخاتە سەر بارودۆخی ئێزدییەکانی هەرێمی کوردستان. وردتر بڵێین لە ڕوانگەی دەستوور و یاساوە باس لە مافی چارەی خۆنووسینی ئێزدییەکان وەکوو پێکهاتەیەکی عێراق دەتوانن سیستەمی خۆبەڕیوەبەری پەیڕەو بکەن؟

ئەحمەد عەبدولحەکیمی

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

پێشانگەی كتێب لە سلێمانی دەكرێتەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *