خانه / اخبار و رویدادها / کتێبی «مێشک-زەین: لە دەمارەخانەکانەوە بۆ ئاگامەندی و داهێنەری» بڵاوکرایەوە

کتێبی «مێشک-زەین: لە دەمارەخانەکانەوە بۆ ئاگامەندی و داهێنەری» بڵاوکرایەوە

کتێبی «مێشک-زەین: لە دەمارەخانەکانەوە بۆ ئاگامەندی و داهێنەری» بڵاوکرایەوە

کتێبی «مێشک-زەین: لە دەمارەخانەکانەوە بۆ ئاگامەندی و داهێنەری» نووسینی پۆل تاگارد، وەرگێڕانی دوکتۆر ئاران ئەمینی لەلایەن چاپەمەنی مادیار بڵاوکرایەوە.

دەکرێت ئەم پەرتووکە وەک یەکەم کتێبی گشتگیر لەسەر زانستی ناسینی بە زمانی کوردی ئەژمار بکەین. بابەتی سەرەکیی زانستی ناسینی شیکردنەوەی زەینە. هەوڵی نێوان-لقی لە زانستدا تا دێت ڕوو لە پەرەسەندنە و ڕەنگە هەڵە نەبێت زانستی ناسینی بە لوتکەی ئەو پێکگەیشتنەی زانستەکان ناو ببەین کە زانستی کۆمپیوتەر، زانستی دەماری، دەروونناسی، مرۆڤناسی، زمانناسی و فەلسەفەی زەین و هەندێک جار تەنانەت ئابووریناسی و کۆمەڵناسیش ئاوێتە دەبن تاکوو لێکدانەوەیەکی زانستیی یەکانگیر بۆ زەینی مرۆڤ بکەن.

پۆل تاگارد نووسەری ئەم کتێبە لە کەسانی پێشەنگی بواری زانستی ناسینییە. هەوڵەکانی ئەو لە ئاراستەی یەکخستن و یەکپارچەکردنی بوارە پێکهێنەرەکانی زانستی ناسینین و لەم کتێبەشدا هەوڵ دەدات چوارچێوەیەکی یەکخراوی چەندئاستی بۆ شرۆڤەی زەینی مرۆڤ پێشکەش بکات.

لەم کتێبەدا ڕووبەڕووی چەندین پرسی زۆر سەرنجڕاکێش دەبینەوە، وەک ئەوەی کە چۆناوچۆن زەین لە دەرەوە زانیاری وەردەگرێت و وێنا یان خەیاڵ لە زەینی مرۆڤدا چۆن دروست دەبێت؟ چۆن چەمکەکان بە تایبەت چەمکە دەرهەستەکان لە زەینی مرۆڤدا دروست دەبن؟ ئایا هەست و سۆزەکانی ئێمە لە بەشی مەنتقیی زەینی ئێمە جودان؟ چۆن هەست و سۆزەکان لە مێشکدا پێکدێن؟ مێشکی مرۆڤ چۆن توانایی بەرهەمهێنانی زمان پەیدا دەکات؟ ئیرادەی ئازاد چییە؟  پێواژۆکانی نیاز، بڕیاردان و ئیرادەی ئازاد چۆن لە زەینی مرۆڤدا جێبەجێ دەبن؟ ئایا داهێنەری پێکهاتەیەکی هەیە و مێشک چۆن کردار و ڕەوتی داهێنەرانە ساز دەکات؟ خود چییە و بەشە پێکهێنەرەکانی لەناو زەیندا‌ چین؟

دوکتۆر ئاران ئەمینی

وەرگێڕ سەبارەت بەم بەرهەمە دەڵێت: «من وەک پسپۆڕێکی ژیریی دەستکرد دێمەوە بەرەو زانستی ناسینی و لەوانەیە زۆر کەس لە ڕوانگەی ترەوە حەز بەم بابەتە بکەن. بۆیە ئەم کتێبە لەوانەیە بۆ خوێنەرانی گشتی و بۆ پسپۆڕان و خوێنەرانی بوارەکانی زمانناسی، کۆمەڵناسی، لۆجیک، فەلسەفەی زەین،  ئابووریناسی، دەروونناسی، زانستی دەماری، ژیریی دەستکرد، ڕەخنەی ئەدەبی و هتد گرینگ بێت. هیوادارم ئەم پەرتووکە بۆشاییەک لە پەرتووکخانەی کوردی پڕ‌ بکاتەوە و یارمەتییەکی هەرچەند بچووکی خوێنەر بدات کە بە زمانی شیرینی کوردی ئاشنای نوێترین بابەتەکانی زانستی سەردەم بێت و ببێتە پاڵنەرێک بۆ گەنجان و زانایانی کورد کە زۆر لە ئەم دەقەی من باشتر بخوڵقێنن و خزمەت بە زمانی کوردی لە ئاقارە جیاجیاکانی زانستدا بکەن.»

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

وتووێژ لەگەڵ سکرتێری باڵای دامەزراوەی کتێبخانە گشتییەکانی وڵات

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *