دیوانی مەولود ئۆغۆز (لیریکا بەربانگ) بڵاوکرایەوە
شیعرەکانی شاعیر و رۆژنامەنووس مەولوود ئۆغۆز لە دووتوێی دیوانێکدا بە ناونیشانی (لیریکا بەربانگ) بڵاوکرایەوە کە دەزگای چاپ و پەخشی ئاڤێستا چاپی کردووە. شاعیر بێرکن بێرێ سەبارەت بە دیوانە نوێیەکەی مەولود ئۆغوز دەڵێت: «بە وشەسازییەکی نەرم و دەنگێکی هێمنەوە مژدەی شاعیرێکی ئێمە دەگەیەنێت کە سەربەخۆ و رەسەنە، بە شیعرەکانی: بە تیغی قژت، گۆرانیی بەیانی، ئاسمانی ئەستێرەکان، سێوێکی وەک شەکر، قەڵغانی سوور، هەڵوێستێکی پۆڵاین، هێزی بەختەوەریی و هتد». ئەو شیعرانە توخمەکانی ئەم واقیعەن. لیریکا بەربانگ، چ کۆمەڵایەتی بێت یان تاکەکەسی، رەنگی سۆز و حەماسەتمانە. شیعرەکانی ئەم کتێبەم بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە خوێندەوە»، لێرەدا وتەکەی بێرکن بێرێ کۆتایی هات، ئێمەیش بەناوی ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێوە پیرۆزبایی لەم شاعیرە گەنجە دەکەین و چەند دێڕێک سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی دەنووسین:
مەولود ئۆغۆز:
شاعیر و رۆژنامەنووس و وەرگێڕێکی کوردە، لە حەسەن کێفی باتمان لەدایکبووە. شیعرەکانی لە گۆڤارەکانی (پەنگاو، چیروسک و نەوبەهار و بەر هێلبێست و چەند گۆڤارێکی دیکەدا) بڵاوکراونەتەوە. سەرنووسەری گۆڤارێکی تایبەتە بە میوزیک، گۆڤارەکە ناوی (زریاب)ە. ئۆغۆز وەک سەرنووسەر و پەیامنێر و وەرگێڕ و میدیاکار و پسپۆڕی پەیوەندییەکان کاری کردووە. لە ساڵی ۲۰۲۲ەوە لە زانکۆیەکی ئەهلی لە ئەستەنبوڵ وانەی زمانی کوردیی دەڵێتەوە. ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان (IFJ) و کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (IHD) و (PEN)ی کوردییە. لیریکا بەربانگ یەکەم دیوانی ئەم شاعیرەیە.