خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

دەیڤید فارێڵ کرێڵ·

بیر لە “دێوە مووزەردەکە” بکەوە و ئەوەشی بخە سەر کە کارتی ئەندامێتیی پارتی نازی هەڵدەگرت. لە ئاکامدا نیتشە و هایدیگەر دەبن بە بابەتی بیرکردنەوەکە. تەنانەت پاش هەوڵدانی واڵتەر کاوفمان بۆ بەرگریکردن لە نیتشە دژی ئەو بۆچوونەی نیتشە بە بیریارێکی ناشناڵ سۆشیالیزم دادەنێت و ئەم بۆچوونەش لە نێو هەموو ئەدەبی پاش جەنگ لەسەر نازیزم و فاشیزمدا ڕەنگی دایەوە. تا ئەمڕۆ ئەم تێگەیشتنە لە نیتشە خوێنەر ژەهرخواردوو دەکات. ئێستاش “تەوژمی دووەم”ی تاوانبارکردنی هایدیگەر (یەکەمیان لەگەڵ کۆتایی جەنگی دووەمی جیهاندا لە گۆڤاری “Les temps modernes“دا کەوتە گەڕ)، دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت کە هایدیگەر زۆرتر پەیوەندیی بە ناشناڵ سۆشیالیزمەوە هەبووە لەوەی ئێمە بۆی چووین. لەگەڵ ئەمەشدا، هایدیگەر داکۆکی لەوە دەکات کە خوێنەر لە نووسراوەکەی لەسەر نیتشە لەم بەرگانەدا لە دژایەتیکردنی ئەو لەگەڵ ناشناڵ سۆشیالیزم تێدەگات، لە چاوپێکەوتنەکەیدا لە گۆڤاری شپیگل لە ساڵی ١٩٦٦دا، هایدیگەر دەڵێت، “هەر کەسێک گوێی هەبوایە و وانەکانمی ببیستایە [وانەکانی دەربارەی نیتشە لە ساڵی ١٩٣٦ بۆ ١٩٤٠ پێشکەش کران] تێدەگەیشت بەرەنگاربوونەوەی ناشناڵ سۆشیالیزم بوون.[۱] ئێستا “کێشەی نیتشە” دەخەینە لاوە و به‌بێ هەڵسەنگاندنی داکۆکیکردنەکەی هایدیگەر لە بەرەنگاربوونەوەی [نازیزم] لە وانەکانیدا دەربارەی نیتشە، دەڕوانینە دوو پرسیار. یەکەم، پەیوەندیی هایدیگەر لەگەڵ ناشناڵ سۆشیالیزم چۆن بووە؟ دووەم، نیتشەی هایدیگەر لەسەر ئەم پەیوەندییەی چی دەردەخات؟

 

پەیوەندیی هایدیگەر

تەنها لێکۆڵینەوەیەکی متمانەپێکراو و قووڵ لەسەر پەیوەندیی هایدیگەر بە ناشناڵ سۆشیالیزمەوە، دوو مێژوونووسی فرایبۆرگ، هوگۆ ئۆت و بێرند مارتن، نووسیویانە.[۲] ئەم دوو نووسەرانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پەیوەندیی هایدیگەر لە زانکۆ لەگەڵ سیاسەتی ناشناڵ سۆشیالیزمدا قووڵ بووە و گوتەکانیشی دوای جەنگ بۆ بەرژەوەندیی خۆین و جێی متمانە نین. دەوری ئەو وەک ئەندامی ئەو پارتە و وەک سەرۆکی زانکۆی فرایبۆرگ لە ساڵی ١٩٣٣ بۆ ١٩٣٤، وێنەی کەسێکی ڕاڕا و ڕێبوارێکی سەرەڕێی تامەزرۆکردنی سیاسەت دەرناخەن. هایدیگەر هەڵخەڵەتێنەر و قوربانیی سادەیی سیاسیی خۆی نەبوو. گرفتەکە ئەوە نییە کە هایدیگەر خاوەنی بیردۆزە و ئەزموونی سیاسی نەبووە، بەڵکو بۆ ئەو کاتە ئەمانەی هەبوو. سەرۆکایەتیی زانکۆی بۆ بەهێزکردنی زانکۆی ئەڵمانیا لەگەڵ ڕایخی سێیەم تەرخان کرد. بۆ ئەم مەبەستە، لە نزیکەوە لەگەڵ وەزیرەکانی کولتووری ناشناڵ سۆشیالیست لە بەرلین و کارڵس ڕوهە لەسەر ئاستی دەوڵەت و هەرێم کاری دەکرد. پشتگیریکردن و سەرۆکایەتیی “چاکسازی” (کە حزب دەسەڵاتی بەسەردا گرتبوو) لە فەرمانڕەواییکردنی خوێندکاران، نوێنەرایەتیکردنی دەسەڵات و هیتلەر، لە سەروو ئەمەوە، لەکارخستنی لیژنەی زانکۆ و سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی زانکۆ وەک سەرۆک و ڕابەری ڕۆحانی – هۆشەکیی پارتی، بە گشتی ئاکامە خراپەکانی پەیوەندییەکەن.[۳]

لەمانەش خراپتر، هەڵوێستی ئەو بوو لەگەڵ ئەو خوێندکار و مامۆستایانەی پشتگیریی بزووتنەوە چاکسازییەکەیان نەدەکرد.[۴] دواجار، هەوڵدانەکانی هایدیگەر بۆ بەرگریکردن لە خۆی پاش جەنگ، کەمتر بەرەوڕووە. هەردوو گوتەکانی بەرانبەر لیژنەی (بەنازینەکردن) لە ساڵی ١٩٤٥ و لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ گۆڤاری شپیگیل لە ساڵی ١٩٦٦، تۆمارکردنی چەند کێشەیەکی گرنگ دەسڕنەوە، لە نێویاندا دانانی هایدیگەر بە سەرۆکی زانکۆ و وازهێنانی لە سەرۆکایەتی.

هێشتا ئەوەی هایدیگەر پاش جەنگ باسی دەکات، لەگەڵ ئەوەی باس نەکراوە، لە بەراوردکردندا بە ڕەنگزەردی دەمێنێتەوە. داخۆ لە شەرمدا، یان هەستکردن بە بێدەرەتانی و نائومێدی؟ یاخود ڕەتدانەوەی دوای لێبوردن لە خەڵک و لە خۆبەگەورەزانییەوە، یان خۆدوورخستنەوە لە دووڕوویی ڕۆژانی ئەو سەردەمەی زانکۆ، کە زۆر لەوانەی کۆنەنازی بوون، هەمان هەڵوێستیان هەبوو – هەر جۆرە پاساوێک هەبێت، هایدیگەر بە ئاشکرا هیچی لەبارەی قەلاچۆکردنی جووەکان لە کەمپەکانی مەرگ لە سەردەمی ڕایخی سێیەمدا نەگوتووە. لە کاتێکدا سۆزی بەرانبەر سەربازەکانی ئەڵمان و پەنابەرانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات هەیە و دژی دابەشکردنی ئەڵمانیا پاش جەنگ ڕادەوەستێت، لە ئاستی هۆلۆکۆستدا بێدەنگە. بێدەنگییەکەی لەگەڵ دداندانان بە ئازاری ئەڵمانییەکان و خەڵکی وڵاتەکەی زۆرتر دەرکەوت. ئەو بێدەنگییەی، بە کورتی، بەرانبەر بیرکردنەوەی دڵسۆز نییە و لە گەورەیی ئەو کەم دەکاتەوە، کە وەک دەڵێت، نیگەرانی ئەوی دییە.

هەندێک کێشە لە بیرکردنەوەیدا بە بێدەنگی دەمێننەوە. تێڕوانینەکانی لەسەر کورتکردنەوەی تەکنەلۆجییانەی بوونی مرۆڤ بۆ یەدەکی هەڵچنراو، سەرهەڵدانی خراپە و کۆچکردنی خواکان، هەروەها لەسەر سنوورە بەرتەسکەکانی بیرکردنەوەی ڕەوشتی و سیاسیی سەردەمەکەمان، بە ناتەواوی دەمێننەوە ئەگەر نەتوانن ڕووبەڕووی قەڵاچۆکردنەکە ببنەوە. مردن لە نێو کەمپەکاندا بۆ بیرکردنەوە و نووسین لەسەری دەگری، هەڵبەتە گوتنی کاڵوکرچ نا. بێدەنگیی هایدیگەریش لە دەنگەدەنگی کاتی سەرۆکایەتیی زانکۆی گوێکەڕکەرترە.

 

نیتشەی هایدیگەر

لەبەر ئەم بێدەنگییە نیتشەی هایدیگەر، کە یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦١دا بڵاو کرایەوە، گرنگە. دەری دەخات چۆن ڕەگەزپەرستی، بایۆلۆجیزمی پارتەکەی ڕەت دەداتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا، نەتەوایەتییەکەی دەمێنێتەوە. ئەمە هێشتا شۆڤێنیزم و زینەفۆبیا نییە، بەڵکو ئەو بیروباوەڕە نەتەوایەتییەیە كه‌ خۆی لەگەڵ نەتەوەی بیریاران و شاعیران ساز دەکات، نەتەوایەتی ئەریستۆکراتی ئەکادیمییە، کە هایدیگەر بەشێک بوو لەوه‌. بیروباوەڕی نەتەوەیی و لەشکرکێشی، یان بەڕێوەبردنی سەربازیی پاڵەوانانی جەنگی یەکەمی جیهانه‌؛ تێکۆشان، کەمدوویی و بڕیاردانە لەسەر “ئەوەی گران و سەختە”.

من لێرەوە و لە پێشەکییەکەدا ئاماژە بۆ چەند شوێنێک لەم چوار بەرگەدا دەکەم، کە بەرەنگاربوونەوەی هایدیگەر دژی ناشناڵ سۆشیالیزم [نازیزم] دەردەکەوێت. بۆ من چوار تێز لەم بەرگانەدا چەند جارێک باس کراون، کە بۆ پرسیار سەبارەت بە نیتشە، هایدیگەر و ناشناڵ سۆشیالیزم گونجاون: بیروباوەڕی نەتەوایەتیی هایدیگەر، بانگەشەی بۆ بڕیاردان، کە ئێمە بە (decisionism) ناوزەدی دەکەین، بڕیاردانە درێژکراوە و سەختەکە لەسەر هیچگەرایی و دوو هەڵوێستی سەبارەت بە بایۆلۆجیزمی نیتشە.

 

١. نەتەوایەتی

بیروباوەڕیی نەتەوایەتی هایدیگەر فرەیی نییە. نەتەوایەتی چاوەڕوانییە بەرزە کولتوورییەکان و داواکارییە ڕۆشنبیرییەکانە و شێوازی لە بەرهەڵستیکردنەکانی هۆڵدەرلین و نیتشەی دژی گەلی ئەڵمان وەرگرتووە.

بە دیدی هایدیگەر، کێشەی بیرکردنەوە دەبێت کار لەسەر یۆنانی کۆن و ئەڵمانیای سەردەم وەک تەوەری ئەسینا–فرایبۆرگ بکات. ئاوڕدانەوەکانی هۆڵدەرلین و نیتشە لە بیرکردنەوەی کۆنی یۆنان و شیعر، زۆرمان لێ دەکەن ئەو بڕیارە مێژووییە بدەین کە گەلی ئەڵمان دەبێت ڕووبەڕووی ببێتەوە.

هەندێک جار فۆرمێکی کاڵوکرچی نەتەوایەتی زەق دەبێتەوە کاتێک هایدیگەر ئاماژە بۆ تێکشکانی پاپۆڕی فەڕەنسی لە ئۆرانی جەزائیر لە ٣ی مانگی حەوتی ١٩٤٠ دەکات (٤، ١٤٤–١٤٥)، یان شێوازێکی زۆرتر ڕەخنەگرانەی وەک هەڵوێستی توێژینەوەی زانستییانە لە نێو زانکۆی ئەڵمان، کە ئەو یارمەتیی دروستکردنی دا (٢، ١٠٢ – ٤)، دەردەکەوێت. بەهەرحاڵ، کێشەی نەتەوایەتی زۆرتر ناسک دەبێتەوە کاتێک هایدیگەر ڕەخنە لە نیتشە دەگرێت و ئەو خاڵە باس دەکات کە هاندەری سەرەکیی نیتشە لە نێو کێشە مێتافیزیکییەکاندا جیهانی لاتینی، ڕۆما، یان ئیتالیایە؛ نەک یۆنان (٤، ١٦٥).

ئەوەی جێگەی نیگەرانییشە، شاردنەوەی هەڵوێستی دژە–ئەڵمانیزم و پشتگیریکردنی پان–ئەورووپایزمە. دووەمیان چەند جارێک لای هایدیگەر سەری هەڵداوە، وەک لەم دەقەی خوارەوەدا هەیە، بەڵام ئەو تێبینییەی لە ساڵی ١٩٣٠دا نووسراوە ئەمە دەسڕێتەوە کە وەک ڕەخنەگرتن دەنووسێت: نیتشە ئەڵمانی نییە. هەروەها ئەو هەڵوێستەی لە نێو وانە و نووسراوەکانیدا، کە هیچگەرایی و ڕووخانی بەهاکان بە خەڵکەوە دەبەستێتەوە و بەو کێشەیەی دادەنێت، کە پێویستی بە کاری بوێرانە و تێکۆشانی بەردەوام هەیە:

هیچ ئامانجێک نییە تا لەوێوە و لە نێویدا هەموو هێزەکانی بوونی مێژوویی خەڵک ڕێک بخرێن و بە ئاڕاستەیەکدا بکەونە گەڕ؛ هیچ ئامانجێک لەم جۆرە نییە، لە هەمان کات و لە سەروو هەموو شتێکەوە، ئەمە ئەو واتایە دەبەخشێت لە هێزەکەیەوە سەرپەرشتیی دازاین لە نێو ئاقارەکەیدا بە یەکێتییەوە ناکرێت و ناخرێتە سەر ڕێگه‌ی گەشەکردنی داهێنەرانە… دامەزراندنی ئامانج واتە ورووژاندن و ڕزگارکردنی ئەو هێزانەی بۆ ئامانجی نوێ دەبن بە هاندەری بەرپرسێتی… لێرەدا، دواجار، واتە گەشەکردنی هێزەکانی سەر بە ئەوان… کە دەبێت بە هاندەری کارە بوێرەکان (١، ١٥٧ – ١٥٨).

 

هایدیگەر جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە کارە بوێرەکان نابن بە خەسڵەتی “گرووپە تاکەکان، چین و توێژەکان” و تەنانەت “دەوڵەت و نەتەوە تاکەکان”. ئەم کارانە بە لایەنی کەمەوە دەبێت ئەورووپییانە بن. هێشتا نابێت ئەورووپییانە بە “جیهانگەری” دابنرێت، تا کەس خەون بەوەوە نەبینێت كه‌ هەموو ئەورووپا بۆ یەک نەتەوە، یان هێزێکی ئیمپریالیستی کەم بکاتەوە:

ئەو واتایەی نییە، کە دەبێت “جیهانگەری” بێت. ئەوەی لە ناوەڕۆکی ئامانجە دامەزراوە داهێنەرەکاندا مەبەستە… پەیدا دەبێت و وەک شتێکی مێژوویی کاری خۆی دەکات. ئەمەش تەنها لە نێو یەکێتیی تەواوی دازاینی مێژوویی مرۆڤەکان لە شێوازی نەتەوە تایبەتمەندەکاندایە. واتە تاکڕەوییانە و دوورەپەرێز لە نەتەوەکانی دیکە، یان سەپاندن دەسەڵات بەسەریاندا ناکرێت. دامەزراندنی ئامانجەکان لە خۆیدا ڕووبەڕووبوونەوەیە و سەرەتای تێکۆشانە. بەڵام تێکۆشانی ڕەسەن ئەوەیە کە ئەوانەی کاری تێدا دەکەن، بە شارەزاییەوە دەیخەنە گەڕ (١، ١٠٨).

 

بە دیدی هایدیگەر، “سیاسەتی مەزن”ی نیتشە “هێزی چەوسێنەری سیاسیی ئیمپریالیزم” ڕەت دەداتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا، سیاسەتی مەزنی هایدیگەر ئەوەندە جەخت لەسەر تێکۆشان دەکات کە تا ئێمە تووشی گرفت دەکات: “agon” تێکۆشان لە نێوان خەڵکی مێژووییدا، ئەوانەی بۆ هەرچ هۆکارێکە هایدیگەر پشتگوێیان دەخات، تەنها وەک نەتەوەکان کار دەکەن.

 

٢. بڕیاردان

بۆچوونی هایدیگەر سەبارەت بە ویست و ویستکردن ڕاستەوخۆ نییە و لە ساڵانی ١٩٣٦ بۆ ١٩٤٠ گۆڕانی بەسەردا هاتووە. بۆچوونەکەی زۆرتر ڕەخنەئامێزە و لە دوودڵییەکەدا بەرانبەر ویست و هێز ئامانجەکە ناپێکێت، لەگەڵ ئەمەشدا، “entscheidung” بڕیاردان لە نووسراوەکانی هایدیگەردا لە ساڵی ١٩٣٠ بۆ ١٩٤٠ بەردەوام بەکار هێنراوە.

ئەگەر ئەمە لەخۆڕا نەبێت، بە دڵنیاییەوە بڕیاردانە. ئێمە لە چوار بەرگەکەدا نموونەکان دەدۆزینەوە. لە یەکەم ڕیزی وانەکانیدا (ویست بۆ هێز وەک هونەر) بڕیارەکە لە ویستی بەرزەوە بۆ هێز دەردەچێت و لەگەڵ خۆ–داکۆکیکردن هاوتا دانراوە؛ هایدیگەر دەڵێت کە “خۆ–داکۆکیکردن لە بنەڕەتەوە داکۆکیکردنە لە ناوەڕۆک” (١، ٦١). وشەکە شێوازی دەبڕینی “خۆ–داکۆکیکردن” بیری گوتارەکەی هایدیگەرمان دەخاتەوە بە ناوی “خۆ–داکۆکیکردنی زانکۆی ئەڵمان” لە ساڵی ١٩٣٣دا، کە بە بۆنەی بوون بە سەرۆکی زانکۆ پێشکەشی کرد. لەم گوتارەدا سەربەستیی ئەکادیمی زمانی هایدیگەر بەرەو پلانەکەی بۆ هاوئاهەنگی کۆک دەکات. لەگەڵ ئەمەشدا، مەرج نییە بڕیاردان تەنها لەسەر کێشە سیاسییه‌كان و کاری دامەزراوەکان بێت. بڕیاردان بە پێویست پەیوەندیی بە بیرکردنەوەوە هەیە: “… لە کاتی نەهامەتیدا، لەو کاتەدا كه ‌هەموو شتەکان ساختەن و چالاکییەکان بێئامانجن، بیرکردنەوە لە نێو شێوازی مەزندا دەبێت بە کارێکی ڕەسەن، هەڵبەتە کار، هەرچەندە بێدەنگە، لە بەهێزترین شێوازدایە” (٢، ١٠ – ١١).

خۆساخنەکردنەوە لە بڕیاردان لەسەر ڕێگه‌ی نیتشە، دەبێت بە “سات” یان “ترووسکایی چاو”. ئەمەش دەکەوێتە سەر ئەوەی مرۆڤ بینەرە، یان لە سەره‌ڕێگه‌ی دوو هەبوودا، کە سەرەڕێگه‌ی کاتە، ڕادەوەستێت: “ئەوەی دێت، بابەتە بۆ بڕیاردان، مادام بازنەکە بەسەر بێکۆتاییەکی دووردا دانەخراوە، بەڵکو نزیکبوونەوەیەکی نەپچڕاوی لە نێو “سات”دا هەیە و چەقی تێکۆشانە؛ ئەوەی ڕوو دەدات، ئەگەر ڕوو بدات، ساتەکە بڕیاری لەسەر دەدات…” (٢، ٥٧). ئەوەی لە بۆچوونی هایدیگەردا گرنگە، ئەوەیە داخۆ بیرۆکەی گەڕانەوە ئێمە ڕازی دەکات بەوەی بڕیاردان بێسوود بێت یان نا، ئەم ڕازیکردنە زۆر دوا کەوتووە، بۆیە “ئێمە لە کێشی چەسپاوی بڕیاردان و کارکردن بێبەش دەکات” (٢، ١٣٢). لەبەر ئەمە، بەشی هەژدەیەم لە بەشی دووەمی زنجیرەوانەکاندا، “گەڕانەوەی هەمیشەیی هەمان شت”، بیرۆکەی “گەڕانەوە و سەربەستی” بەدوای خۆیدا دێنێت.

هایدیگەر لەو باوەڕەدایە گەڕانەوەی هەمیشەیی نە گریمانەیەکی زانستییە تا تاقی بکرێتەوە، نە بڕوایەکی دینییە باوەڕی پێ بکرێت و بڵاو بکرێتەوە. بەڵکو ئەگەری بیرکردنەوە و بڕیاردانە. بڕیاردان “خاوەنێتیکردنی ڕەسەنانەی خۆ” دەخاتە گەڕ، هەروەها “خاوەنێتیی ڕوودانەکە بۆ مرۆڤی مێژوویی بە گشتی” دەردەخات. کەوابوو، بڕیاردان پردی نێوان بیرکردنەوەی هایدیگەر لەسەر دەرچوونی کاتی دازاین و خۆکردنەوەی مێژوویی بوونە؛ بە واتایەکی دی، ئەو پردەیە كه‌ پرۆژەی ئۆنتۆلۆجیی بنەڕەتیی بوونی مرۆڤ لای هایدیگەر بە کارکردنی دواییەوە لەسەر ڕاستی و مێژووی بوون دەبەستێتەوە. ئێمە دەبێت بۆ تاقیکردنەوەی “دوابڕیارە بەرزەکان” بوەستین (٢، ١٣٣)، کە هایدیگەر وەک ئاسۆی گەڕانەوەی هەمشەییان دەبینێت.

بەو جۆرەی لەسەر دوابڕیاری بەرز هایدیگەر وەک نازی بەگومانلێکراو دادەنرێت، سۆزی هایدیگەریش بۆ بڕیاردانێکی ئەپۆکالیپتیکی گومانلێکراوە، ئەو بڕیاردانەی وەک “ڕاستییەکی دروستی بیرکردنەوەیە” (٢، ١٣٣) و ئەوەندەی کێشەکە بۆ ئێمە چەسپاندنی جۆرێک لە سەربەستی ئاکاریی نییە، کە کانت لەو باوەڕەدا بوو لە پرۆژەی ڕەخنەکارییەکەیدا مسۆگەری کردووە، ئەوەندەش بۆ هایدیگەر (نیتشە لەگەڵیدا) ڕووبەڕووبوونەوەی پرۆژەکەیە، کە بە ئاشکرا لەم وانانەیدا دەردەکەوێت (٢، ١٣٤). هەروەها نامانەوێت بەو هیوایەوە بین لای یەکێک لە بیریارانی پاش–کانت، بۆ نموونە شیڵینگ، سەلماندنی ئەو سەربەستییە بدۆزینەوە کە هایدیگەر بەسەریدا تێپەڕیوە. دەبێت کێشەکە بە هێمنی شی بکەینەوە تا بتوانین “شێوەی شتێکی بەرز لە ساتەکەی دیکەدا، وەک لە نێو هەموو شتێکەوە ڕوو دەدات، دیاری بکەین” (٢، ١٣٦)؛ هیوای هایدیگەر لەوەدایە کە بڕیاردانێکی دروست دەتوانێت شێوەی شتێکی گرنگ و سەرەکی دەربخات، “لەسەر بنەمای ئەوەی دەتەوێت بڕیارەکە دەدرێت، ئەوەی دەتوانیت ویستت بۆی هەبێت” (٢، ١٣٦)، ئاخۆ ئەم دەستەواژانەیە کە هایدیگەر لە دواییدا وەک ڕەخنە لەسەر ویست بۆ ویست لێکیان دەداتەوە؟ ئاخۆ ئەو ڕەخنەیە ناخی بڕیاردانی هایدیگەریش دەپێکێت؟ هەڵبەتە، چاکترین ئامێری ڕەخنە كه‌ ئێمە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ویستەدا بە دەستمانەوە بێت، بڕیاردانی هایدیگەر و نیتشەیە بۆ پاكکردنەوەی کێشەکان لە ڕێگەی “ژماردنی نەبڕاوەوە” (٢، ١٣٧)، بەو جۆرەی ئێمە متمانەمان بەو هەوڵدانە نییە کێشەکان بە تەواوی و یەکجاری لەگەڵ هایدیگەر، نیتشە و نازیزم بنبڕ بکات. بە هەمان شێوە، دەبێت گومان لەو بڕیاردانەش بکەین کە بڕانەوەی کاتی لە بیر دەچێت (لێرەدا هایدیگەر نووسراوەکەی ئەریستۆمان لەسەر کات لە بەشەکانی ١٠–١٤ی پەرتووکی ٤ی “سروشت” بیر دەخاتەوە). دەبێت بپرسین داخۆ هایدیگەریش بڕانەوەی کاتی لە بیر دەچێت کاتێک بە خوێندکارەکانی دەڵێت “مەرجە سەرەکییەکە خودی خۆتانە، واتە، ئەو شێوازەی بە دەستکەوتنی بوونی خۆت دەتکات بە خاوەنی خۆت…” (٢، ١٣٨).

خۆ؟ خاوەنێتی؟ چۆنە ئەگەر بەو جۆرەی پیەر کلۆسۆسکی مشتومڕی لەسەر دەکات، بیرکردنەوەی گەڕانەوەی هەمیشەیی، وەک کاتی بڕاوە، ئەم خۆ–خاوەنێتییە مەحاڵ بکات؟ چۆنە ئەگەر بیرکردنەوەی گەڕانەوەی هەمیشەیی فڕێ بدرێتە دەرەوەی ئەودیو هەموو چەمکێکی “خۆ”وە؟[۵] خاوەنێتی توانەوەی خۆیە لە نێو ویستدا، هایدیگەر دەڵێت: “… کاتێک خۆت بە شتێکەوە خەریک دەکەیت، خۆت دەدەیت بەو ویستە و سەربەستی بە دەست دەهێنێت” (٢، ١٣٨).

ئاخۆ ئەوەی وەک سەربەستییە نەریتییەکان دەردەکەوێت، ئەوەندە سەربەست دەبێت؟

“ئێمە تەنها ئەو کاتە سەربەستین کە سەربەست دەبین، لە ڕێگەی ویستەوە ئەم سەربەستییەمان دەست دەکەوێت” (٢، ١٣٨). ئاخۆ بڕیاردان لای هایدیگەر هەندێک جار وەک ویستگەرایی دەرناکەوێت؟ بەهەرحاڵ، کاتێک دێتە سەر بڕیاردان لەسەر کێشەکانی بیرکردنەوە، زۆرمان لێ دەکرێت ئامۆژگاریی چاکتر لەوە بدۆزینەوە کە لە بەشی ژمارە ١٨دا هەیە و نووسراوە: “تا ئێرە ڕوونە: ڕێڕەوی گەڕانەوە نابێت هێندە دابتاشرێت بۆ ئەوەی لە نێو “ئەنتینۆمی” سەربەستی و ناچارەکیدا جێگەی ببێتەوە. لە هەمان کاتدا، ئەمە جارێکی دی ئەرکە سەرەکییەکەمان بیر دەخاتەوە– بیر لە سەختترین بیرکردنەوە بەو جۆرەی داوامان لێ دەکات بکەینەوە.

بەگوێرەی ئەو، دەبێت هەموو پشتگیری و نۆرەکان بخەینە لاوە” (٢، ١٣٩). گوتمان بیرکردنەوەی نیتشە لە گەڕانەوەی هەمیشەییدا هەمان شت، کە بەردەوام بە ئاڕاستەکردنی بەرەو “بڕیاردانی مێژوویی – قەیران” (٢، ١٥٤) بیری لێ دەکرێتەوە، بە گرفتی دەمێنێتەوە. ئه‌مه‌ وەک ئەوەیە هایدیگەر لە مێژوودا و لە ژیانی کۆمەڵدا داوای “دوایین بڕین” بکات کە شیڵینگ خەونی پێوە دیوە. هایدیگەر خۆی لەو سیاسەتە دەپارێزێت کە ئەلفرید بۆیملەر بەسەر بۆچوونەکانی نیتشەدا سەپاندوویەتی، لەگەڵ ئەمەشدا، داوای دەسەڵاتی بیرۆکەی گەڕانەوە لای نیتشە لە مێژووی هیچگەرایەتیدا دەکات، بە تایبەتی لە دژوەستان بەرانبەر ئەو مێژووە. ئەو پێکەوەبەستنی ئۆتۆماتیکییانەی هیچگەرایی و بۆڵشەڤیزم (کە ئەو کاتە و لە سەردەمی هایدیگەردا لە ئەڵمانیا باو بووە، بەو جۆرەی لە ئەمەریکاش لای ئێمە باوە) سەرکۆنە دەکات، نەک تەنها وەک بیرکردنەوەیەکی ڕووکەشانە دەیبینێت، بەڵکو بە “دێماگۆکییەکی ناڕەوا”[۶]ی دادەنێت. بەهەرحاڵ، کاتێک بیرکردنەوەی هایدیگەر و نیتشە لە هیچگەرایی وەک پرۆتۆ فاشیست و ڕژێمی تاکڕەوی تاوانبار دەکرێن، ئاخۆ ڕووکەشانە، دیماگۆگی و کەمتر لەبەرچاو نییە؟ چۆن ئێمە بیر لەو ڕێگەیە بکەینەوە کە گرنگە و تەنها ڕێگەیەکی ڕۆژنامەنووسانە بۆ دەرخستنی ڕووبەڕووبوونەوەی هایدیگەر و نیتشە لەگەڵ مێژووی هیچگەرایی و تێپەڕاندنی نییە؟

بۆ ئەمە دەبێت زۆرتر بیری لێ بکەینەوە. خواستی تێپەڕاندنی هیچگەرایی تامەزرۆی ئاکامەکانی نێو مێژوو دەکات. تامەزرۆی مێژووی خۆی دەکات، ئەو مێژووەی کە جگە لە هیچگەرایی، چیی دی نییە.[۷]

 

٣. هیچگەرایی

بەشی چوارەمی ئەم زنجیرەیە بۆ کێشەی هیچگەرایی تەرخان کراوە، کە من ناتوانم بە تەواوی لێرەدا کاری لەسەر بکەم. نەک تەنها ئەمە، هەر یەکێک لە بەرگەکانی دیکەی ئەم نووسراوەش ئەم بابەتە ئاڵۆزە دەخاتە ڕوو: ویست بۆ هێز وەک هونەر بانگەشەی بزووتنەوەی دژەهیچگەرایی دەکات، ئەو هیچگەراییەی نیتشە کاری لەسەر کردووە و لە نێو ئەفلاتوونیزمدا دەیبینێت (١، ١٥١)؛ بیرۆکەی گەڕانەوەی هەمیشەیی خاوەنی ئەو ئاقارەیە کە هیچگەرایی لە نێویدا تێپەڕ دەکرێت (٢، ١٧٠)؛ بە کورتی، هیچگەرایی دەبێت بە سەرباسی سەرەکیی مێتافیزیکی نیتشە؛ بەو جۆرەی بەرگی چوارەم بە گشتی جەختی لەسەر دەکات. هیچگەرایی دەبێت بە ناو بۆ مێژووی سەرەکیی ئێمە، ئەو مێژووەی بوون لە نێویدا بووە بە هیچ.

ئەگەر پێشەکییەک بۆ هەموو ئەم لایەنانەی هیچگەرایی مەحاڵ بێت، من هەوڵ دەدەم بە گشتی تێزەکەی هایدیگەر لەسەر هیچگەرایی باس بکەم و لەوێوە دەڕوانمە زەمینەی سیاسیی ئەو تێزە.

هایدیگەر دەیەوێت پێمان بڵێت، هەموو چارەسەکردنە جۆراوجۆرەکان بۆ هیچگەرایی سەرکەوتوو نین؛ نەک تەنها سەرکەوتوو نین، بەڵکو بارودۆخی ئێمەیان بە ئومێدی چارەسەری ئاسان ئاڵۆزتر کردووە.

بۆ هایدیگەر، هیچگەرایی لە ئاکامی سەرنەکەوتنمان لە بیرکردنەوە لە هیچ و بەرەنگاربوونەوەمان لە نێو بیرکردنەوە بەرانبەر هێزی “nihil” (هیچ) لە بوونی مرۆڤدا سەرهەڵدەدات، کە ئەم بوونە بڕاوەیە و لە نێو مێژووی لەبیرچوونی بوون و وازهێنانی بووندا دانراوە.

ئەم بیرکردنەوەیە پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەی بەردەوام بەرانبەر مێژووی بیرکردنەوەی ڕۆژئاوا هەیە كه‌ لە سەردەمی ئەفلاتوونەوە سەری هەڵداوە – کە نیتشەی هایدیگەر جەختی لەسەر دەکات.

ئەگەر بیرکردنەوەی سەرسەختانە لە ژیانی بڕاوەی مرۆڤ ڕەشبینەییەکی له‌ڕادەبەدەر بێت و بیرکردنەوە لە مێژووی فەلسەفە سەخت بێت، هایدیگەر وەڵام دەداتەوە و دەڵێت ڕوونبینییەکەمان هەمیشە بەرەنگاربوونەوەی بیرکردنەوە لە ژیانی بڕاوە کەمتر هەڵدەسەنگێنێت و ڕاڕاییمان لە ئاستی ئەرکە مێژووییەکەماندا هیچ تیشکدانەوەیەکی نابێت ئەگەر کاریگەری مێژوویی بەسەر هیچگەرایەوە نەبێت.

گرنگ نییە چەند شیکردنەوەکانم بۆ زەمینەی سیاسیی هیچگەرایی لە نیتشەی هایدیگەردا کورت بن، هێشتا من دەمەوێت بۆ خوێنەر ئاڕاستەیان بکەم (بڕوانە: ٣، ٢٦٣ – ٧٤؛ ٤، ٢٦٢ – ٧٦).

شیکردنەوەکان جەخت لەسەر دوو کێشە دەکەن. یەکەم، کاریگەرێتیی پەرتووکەکانی ئێرنست یونگەر “Total Mobalizations” (١٩٣٠) و “The Worker” (١٩٣٢) بەسەر هایدگەرەوە.

کاریگەرێتیی یونگەر بەسەر هایدیگەرەوە سەبارەت بە جیهانگەری تەکنەلۆجیا، گەورەیە. بە دیدی یونگەر و هایدیگەر، تەکنەلۆجیا گرفتێکی سیاسیی سەرەکیی سەردەمەکەمانە، ئەو گرفتەی هیچ ڕژێمێکی سیاسی توانای ڕوونکردنەوە و چارەسەرکردنی نییە. لەگەڵ ئەمەشدا، هایدیگەر ڕوو لە پیاهەڵدانی یونگەر بەسەر تەکنەلۆجیا وەک شتێکی پیرۆز ناکات. ئەو “هێما”ی عەشقی بۆ تەکنەلۆجیا و زمانی یونگەر بەکار ناهێنێت. دژوەستانی هایدیگەر بەرانبەر بیرۆکەکانی ویست و هێز لای یونگەر، دواجار لە ساڵی ١٩٣٩دا دەبێت بە بەرگریکردن لە چەمکی ویست بۆ هێزی نیتشە. ویست بۆ هێز دەبێت بە ویست بۆ ویست و ئەم دووبارەکردنەوەیەی ویستیش بەماکینەکردنە.

دووەم، لە هەردوو شیکردنەوەکەدا زۆر باسی ئەلفەرید بۆیملەر، هاوسەردەمی هایدیگەر کراوە، کە لە ساڵی ١٩٣٣ بۆ ١٩٤٥ لە بەرلین بووە بە مامۆستای فەلسەفە، پاش ئەوەی هایدیگەر هەڵبژێررا لە ناوچەکاندا بمێنێتەوە.

کاریگەرێتیی پەرتووکەکەی بۆیملەر “Nietzsch the Philosopher and Politican” (١٩٣١) بۆ ئەو خاڵانەی هایدیگەر لەو پەرتووکەوە وەریان دەگرێت و ئەوانەی ڕەتیان دەداتەوە، گرنگە. ئەوەی هایدیگەر ڕەتی دەداتەوە، بۆچوونی سیاسیی بۆیملەرە.

بێگومان زۆر خاڵی دیکە لەسەر گرنگیی یونگەر و بۆیملەر بۆ هایدیگەر هەن، وەک گرنگیی کارڵ شمیت، ئەو دادوەرەی لە بیرکردنەوەدا و بە کردەوە پشتگیریی ناشناڵ سۆشیالیزمی کرد، كه‌ باس نەکراون.

لەگەڵ ئەمەشدا من “نەمانی” سەرنجڕاکێشانی هایدیگەر بۆ ناشناڵ سۆشیالیزم پاش ١٩٣٤ بە شێوەیەکی جیاواز لێک دەدەمەوە: لە ڕاستیدا وازهێنانی هایدیگەر لە سەرۆکایەتیی زانکۆ، ئاماژەکردنە بۆ سەرنەکەوتنی هەوڵ و تەقەلای لە ڕابەریکردنی ئەو پارتە لە زانکۆ، دەوڵەت و وڵات. دوورەپەرێزی لە ژیانی سیاسی و کۆچکردن لە ناوەوە بە ئاسانی بە بەرگریکردن دانانرێت بەو جۆرەی بیرمان لێ دەکردەوە. دواجار، من لێکدانەوەکەم لەسەر گەیشتنی هایدیگەر بە پلەی سەرۆکی زانکۆ دەگۆڕم تا لە تەک توێژینەوەکانی ئەمڕۆ ڕیزی بکەم.

 

٤. بایۆلۆجیزم

بۆ ئەو بیسەرەی بەردەوام گوێی لە ڕەگەزبەرزی، بێگومان ڕەگەزبەرزیی ئەو دەبوو، کێشەی بایۆلۆجیزمی نیتشە تەنها یەک بایەخی هەبووە. لێرەدا، بەرەنگاربوونەوەی هایدیگەر دژی ڕێڕەوی پارتەکە [پارتی نازی] ئاشکرا دەردەکەوێت، بە تایبەتی لە گاڵتەکردنی بە شیعر، هەرسکردن و ئەو مرۆڤە تەندروستانەی لە وانەکانی (٤، ٢٦٩) لەسەر هۆڵدەرلین دەری بڕیون. لەگەڵ ئەمەشدا، گاڵتەجاڕییەکەی هایدیگەر گومانی ئێمە بە تەواوی لەناو نابات.

ڕاڤەکردنی هایدیگەر بۆ فسیۆلۆجیی گەشکەی هونەریی لای نیتشە، ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە نیتشە هەڵوێستی فسیۆلۆجی – بایۆلۆجییانە و ئیستاتیکی تێپەڕ دەکات. داخۆ ڕەگەزپەرستیی پارتەکە و دۆگما بایۆلۆجییەکان هۆکارێك بوون بۆ هەڵچوونی هایدیگەر، کە نایەوێت، یان ناتوانێت ڕاڤەی نوێ بۆ ئەوەی هەستەکییە بکات، لە خۆیدا پرسیارە، کە خوێنەری زنجیرەی یەکەمی وانەکان بیری لێ دەکاتەوە. هەرچەندە هایدیگەر جەخت لەسەر لەش وەک بنەڕەتی بۆ بوونی مرۆڤ ناکات بەو جۆرەی دازاین بەو کەسە دادەنێت کە دەژی (هایدیگەر کایە لەگەڵ وشەی “Leben” و “Leiben” و “Living” و “bodying forth” دەکات)، بەڵام دڵنیانەبوونی لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەشی بایۆلۆجییانە لە هەموو شوێنێکدا دیارە.

بەشی زۆری زنجیرەی سێیەمی وانەکانی بە ناوی (ویست بۆ هێز وەک زانین) لەسەر پرسیارەکەی نیتشە سەبارەت بە بایۆلۆجیزمی باو دەکەوێتە گەڕ. بە دڵنیاییەوە، دەردەکەوێت کە بیرکردنەوەی نیتشە بایۆلۆجییانەیە و لەسەر ئەمەش هایدیگەر ڕەخنەگرانە تەماشای دەکات. بەڵام [وەک دەڵێت] تاوانبارکردنی [نیتشە] بە بایۆلۆجیزم دەبێت بە “بەربەستێکی سەرەکی بۆ تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی بیرکردنەوەی”. تەنانەت کاتێک نیتشە ستایشی “ژیان” دەکات، مێتافیزیکییانە باسی دەکات، نەک بایۆلۆجییانە. تەنانەت لێکدانەوەی بۆ یاسای لەناکۆکیبەدەر لە بایۆلۆجیدا، لەسەر ئاستی ئۆنتۆلۆجی لێکی دەداتەوە. هایدیگەر لەم ئاکامەوە کە پێی گەیشتووە، جارێکی دی جەخت لەسەر ئەوە دەکات: “نیتشە لە ڕێگەی فەرمان و بەشیعرکردن، گۆشەنیگا و ئاسۆییەوە بیر لە “بایۆلۆجیا” دەکاتەوە: ئەمەش لە ڕێگەی سەربەستییەوەیە.” ئەمەش ئەو ئاکامەیە كه‌ بۆ سەربەستی و بڕیاردان لای هایدیگەرمان دەبات.

هایدیگەر لە وانەکانی ساڵی ١٩٤٠دا لەسەر “هیچگەرایی ئەورووپا”، خۆی لەو بابەتە هەستیارەی بایۆلۆجیزم لادەدات. لێرەدا مێتافیزیکی نیتشە بەرانبەر مێتافیزیکی هیگڵ دژوەستاو دادەنێت. بۆ هیگڵ، مێتافیزیک سەر بە هۆش و گیانە وەک گەشەکردنی خۆگەرایی دێکارتی و بۆ نیتشە ئاژەڵییە، بەڵام لە نێو هەمان نەریتی دێکارتیدا ماوەتەوە. “ناوەڕۆکی سەرەکیی خۆگەرایی بە پێویست وەک ئاژەڵێکی دڕندە گەشە دەکات. لە کۆتایی مێتافیزیکدا دەستەواژەی “Homo est brutum bestialias” (مرۆڤ ئاژەڵێکی دڕندەیە) ڕادەوەستێت.

کۆتایی مێتافیزیک، دەشێت کەسێک لە بەکارهێنانی هەمان وشەدا بۆ واتایەکی دیکە یان بە هەڵە بڵێت، سەرەتای مێتافیزیکه‌. ئێستا هایدیگەر بانگەشەی ئەوە دەکات دەرکەوتنی “ئاژەڵە مووزەردەکە”ی نیتشە زیادەڕۆییەکی سەرپێیی نییە، بەڵکو وشەی نهێنی و هێمایەکی دژوەستاوە لە مێژووی تێوەگلانی نیتشەدا. چەند سەیرە کە هایدیگەر ڕەخنەگرانە لەو دەقە، کە پێشەکییەکەی دەست پێ دەکات به‌بێ ئه‌وه‌ی خاڵبەندی دابنێت و بنووسێت، هایدیگەر نیتشە نازیزم. لە “مێتافیزیکی نیتشەدا” بەشی سێیەم، هایدیگەر باس لەوە دەکات، کە “ڕەتدانەوەی هیچگەراییانەی هۆش” لای نیتشە هێندە هۆش ناخاتە لاوە و بۆ بەرژەوەندیی ژیانی ئاژەڵی بەکاری هێناوە، یان بە دروستی دەتوانین بڵێین، لەش و گیان دەخاتە ژێر سایەی مێتافیزیکی ویست بۆ هێزەوە، وەک فەرمان، بیرکردنەوەی ژمێریاری و دانانی بەهاکان. تەنانەت لە لۆمەکردنی مرۆڤی بەرزی نیتشەدا، یان کاریکاتۆری übermensch لەگەڵ مرۆڤی بەرزی بەرهەمی بەماکینەکردنی تەکنەلۆجی و بەماکینەکردن، هایدیگەر خۆی لە تاوانبارکردنی نیتشە بە بایۆلۆجیزم دوور دەخاتەوە:

زاوزێکردنی مرۆڤەکان بە واتای خەفەکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئارەزوو پەروەردە ناکرێت؛ بەڵکو زاوزێ کەڵەکەکردن و بەتاڵکردنەوەی وزەیە لە نێو فرەجۆری (ئەتۆماتیزم) و کۆنترۆڵکەری هەموو چالاکییەک. تەنها لەوێدا کە خۆگەراییەکی ڕەهای ویست بۆ هێز دەبێت بە ڕاستیی سەرجەمی هەبووەکان، بناغەی پرۆگرامێک بۆ زاوزێکردنی ڕەگەز دادەمەزرێت؛ ئەمەش لەسەر بنەمای گەشەکردنی سروشتییانەی ڕەگەزەکان ڕوو نادات، بەڵکو پەیوەندیی بە بیرکردنەوەی خۆ–ئاگایی ڕەگەزەوە هەیە. واتە، بنەماکە مێتافیزیکییانە پێویستە؛ بەو جۆرەی بیرۆکەی ویست بۆ هێز لای نیتشە ئۆنتۆلۆجییانە بوو، نەک بایۆلۆجییانە، بیرۆکەکەشی لەسەر ڕەگەز زۆرتر مێتافیزیکییانەیە، نەک بایۆلۆجییانە.

 

زۆر باسی مێتافیزیک کراوە، هایدیگەر و نیتشەش لەم باسە پەشیمان نین. ئاخۆ ئەوەی هایدیگەر لێرەدا دەینووسێت، یان هەوڵ دەدات بە دەنگی خۆی ڕوونی بکاتەوە، سەرکەوتوو بێت، یان نا، تەنها ڕاپۆرتە لەسەر بیرکردنەوەی نیتشە؟ گرنگ نییە ئێمە چۆن بڕیار دەدەین، بڕیاردانەکە ئەگەر مەحاڵ نەبێت، سەخت و پڕ ئەشکەنجەیە. لێرەدا ئەو بیرۆکانەی دەربڕاون، ئێمە ڕادەگرن.

جاک دێریدا بۆ ئەم هەڵسەنگاندنە ئۆنتۆلۆجییە، یان مێتافیزیکییەی بیرۆکەی ڕەگەز، پرسیارێکی سەختی ئاڕاستە کردووە: کاتێک هایدیگەر، یان نیتشە، یان هایدیگەر/ نیتشە باس لە زاوزێکردنی بەرنامەداڕێژراوی ڕەگەزی دەکەن؛ کاتێک هایدیگەر بایۆلۆجی لە سایەی مێتافیزیکی ویست بۆ هێزدا دادەنێت؛ کاتێک ئەو لە ئەگەری ڕوودانی گەشەکردنی سروشتیی ڕەگەزەکان پەشیمان دەبێتەوە و لەبری ئەو لە زمانی گیانەکیی هیگڵەوە دەدوێت – “بیرۆکەی خۆ–ئاگایی ڕەگەز” چییە؟ کاتێک هەموو ئەمانە دەکات، ئاخۆ لە بیرۆکەی ڕەگەز و ڕەگەزپەرستی کەم دەکاتەوە، یان ئاستەنگی دەکات؟ ئاخۆ مێتافیزیک ڕێگە بۆ یاسای ڕەگەزپەرستی خۆش دەکات، یان داکۆکیی لێ دەکات؟ ئاخۆ “مێتافیزیکی ڕەگەز لە سروشتگەرایی و بایۆلۆجیزمی ڕەگەز گەورەتر، یان بچووکترە؟”[۸]

به‌ بەجێهێشتنی پرسیارەکە به‌بێ وەڵامدانەوە، مەبەستی دێریدا ئەوە نییە، کە ئێمە بیری لێ نەکەینەوە. پرسیارە ئەکادیمییەکە سەبارەت بە”بایۆلۆجیزم” ئەو کێشەیەیە كه‌ خوێنەری ئەم نووسراوە لە چوار بەرگدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە و ڕێگەی خۆی لە نێوان نیتشە و هایدیگەر و سەختترین زەبری شەودا دیاری دەکات.

 

باربووکردنەکانی هایدیگەر

ئەو کێشانەی لە شێوازی پێشەکیدا لەسەر نەتەوایەتی، بڕیاردان، هیچگەرایی و بایۆلۆجیزم دەرمان خستوون، تەنها سەر بەم نووسراوە لەسەر نیتشە نین. لەوانەیە بەرەو نووسراوی دووەمی سەرەکیی هایدیگەرمان بە ناوی “باربووکردنەکان بۆ فەلسەفە – سەبارەت بە ڕوودان” ببەن، کە لە ساڵی ١٩٣٦ بۆ ١٩٣٨ نووسیویەتی.[۹] لە هەمان کاتدا، بەشی یەکەم و دووەمی زنجیرەوانەکانی دەربارەی نیتشە نووسیوە.[۱۰]

لێرەدا باسەکەی هایدیگەر لەسەر بیرۆکەی نەتەوایەتی و بڕیاردان، بە ئاڵۆزی ماوەتەوە. گرنگ نییە ئەو چەند دژی “ڕەگەزپەرستی” و “شێواندنی ئاژەڵییانە”ی مرۆڤی تەکنەلۆجی بێت، قێزکردنەوەی لە “لیبراڵیزم” و ترسی لە “بۆڵشەڤیزم”، دڵنیابوونی خوێنەر کەم دەکەنەوە. ئەم قێزکردنەوە و ترسەی لە هەستکردنی لاوێکی کۆنەپارێزی سەردەمی ڤایمەر دەچن. گرنگ نییە چەند بە گاڵتەپێکردنی بازنەی ستێفان جۆرج و مەراییکردنی نیتشە و جیهانی دێرین دڵنیا بین، هایدیگەر فەلسەفە و کۆمەڵ جیا ناکاتەوە، ئەو دوو کۆمەڵەی [لەم باسەدا] ناویان دەهێنێت، یۆنانی کۆن و ئەڵمانیای سەردەمن. ئەو بەشداریی بیرۆکەکانی جۆرج کرایس دەکات.

گرنگ نییە چەند بەرانبەر کەنیسەی مەسیحایەتی و ڕایخی سێیەم بە دروستی جووڵابێت، هەردووکیان بەشداری لە “جیهانبینییەکی سەرجەمگیر”دا دەکەن، ویستی هایدیگەر بۆ “بەخشینی ئامانج بە مرۆڤی مێژوویی بۆ جارێکی دیکە”، لە بیرۆکەی سەرجەمگیری دەچێت. هەروەها چەند “دادوەری” لەم حوکمدانانەدا هەبێت، پرسیارەکە لەسەر دادوەری، وەک گەشەدان بە مێژووی ڕاستی و دروستێتی دەستەواژەکان، دەبێت ڕوونتر لەوەی هایدیگەر لەم نووسراوەدا لەسەر نیتشە ورووژاندوویەتی، باس بکرێت. بانگەشەکردنی بۆ بڕیاردانێکی (ئەپۆکلیپتی) فریادڕەس لە “باربووکردنەکان بۆ فەلسەفە”دا، وەک لەم نووسراوەشیدا دەردەکەوێت، لاوازە. پێویستیی ئەو بە داگیرسانی “ئاگری نێو ئاگردان”ی فەلسەفە و بیرۆکەکە، گەرمکەرەوە نین، گرنگ نییە ئاڵۆزکردنی نیشانەکردن و ئاماژەکردنەکانی چ مەبەستێکیان هەبێت و چەند بەرپێچی دروشمەکانی ناشناڵ سۆشیالیزم دەداتەوە، هێشتا ئەمە ترسناکە:

“… دوافۆرمی مارکسیزم، کە هیچ پەیوەندییەکی بە جوولەکە و ڕووسییەکانەوە نییە، ئه‌گه‌ر ڕێڕەوێکی گیانەکیی پێشنەکەوتوو ئەمڕۆ لە شوێنێکدا خەوتبێت، ئەوا لە نێو ڕووسییەکاندایە؛ لە بنەڕەتەوە بۆڵشەفیزم ئەگەری ڕۆژئاوا و ئەورووپایە؛ ڕاپەڕینی جەماوەر، پیشەسازی، تەکنەلۆجی و لەناوچوونی مەسیحایەتییە؛ لەگەڵ ئەمەشدا، مادام بیر لە یەکسانیی هەموان دەکرێتەوە، دەبێت بە ئاکامی مەسیحایەتی، کە بناغەیەکی جوویی هەیە (بڕوانە بیرۆکەی نیتشە دەربارەی یاخیبوونی ئاکاریی کۆیلە)، بۆڵشەڤیزم بە دڵنیاییەوە جووییە؛ بەڵام مەسیحایەتیش بۆڵشەڤیکە! چ جۆرە بڕیارێک لەم ڕووەوە دەدەرێت…”

 

مرۆڤ لە ئاستی ئەم جۆرە بڕیاردانانە لەسەر ئەو بنەمایە دەلەرزێت، لەسەر بنەمای ئەو وشە گەورانەی دڵمان خۆش ناکەن، تا ئەمانە بە هەوڵدانێکی لەچارەبەدەری هایدیگەر بۆ گاڵتەپێکردن و بەرگریکردنی ئەو بڕیارەی بە پێویستی دەزانێت، دانەنرێن.

لە کۆتاییدا، تەماشاکردنەکەی هایدیگەر ئاماژەکردنێکی سەرەکی نییه‌ بۆ هیچگەرایی، “ئەگەر کەنیسەکان بڕووخێنرێن و مرۆڤەکان سەرببڕێن”، هێندەی پێنەزانینیان ناهەستیارانە نییە. ئەگەر ساڵی ١٩٣٦ و دوای ئەو ساڵەش، شوێن ئەڵمانیا بێت، ئەوا بە ڕادەیەک کەنیسە و زیندانەکانی کەنیسە دەپارێزرێن و کوشتنیش لە جێگەیەکی دیکەدا ڕوو دەدات.

 

سەرەنجامەکان

ئێستا بە کورتی و لە کۆتاییدا. نا، ئەمە کۆتایی نییە و سەرەتایە، سەرەتای خوێنەر لەگەڵ نیتشەی هایدیگەردا. خۆڕاگرتنی هایدیگەر دژی بایۆلۆجیزمی کاڵوکرچ، ڕەگەزپەرستی و دژەجووی پارتی نازی، نابێت گومانی لێ بکرێت. لەگەڵ ئەمەشدا، سۆزی نەتەوایەتی، دژوەستان بەرانبەر لیبراڵیزم و سازشنەکردنی هایدیگەر بۆ کێشە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، هەروەها سۆزی ئەو بۆ بڕیاردانەکان لەسەر ئاستی نەتەوە، بە ئاسانی هایدیگەریان کرد بە نێچیری هیوا بۆ هەڵسانەوە.

ئاخۆ هایدیگەر نازی بوو؟ بەڵێ، ئەگەر هەڵگرتنی کارتی ئەندامێتی و هەڵسووڕانی ئەرک پێوەری ئێمە بێت. بەڵام هایدیگەر نابێت بە نازی، ئەگەر جەخت لەسەر ترسناکترین لایەنی ناشناڵ سۆشیالیزم، ڕەگەزپەرستی و دژەجووی ژەهراوی نازی بکەین. بەڵێ، ئەگەر جەخت لەسەر گرنگیی خودی هیتلەر و دەستەی نەتەوەپەرستی، سەربازی و دژە–توێژی پارلەمەنتاری بکەین. بە دڵنیاییەوە، کاتێک هایدیگەر لیبراڵیزم و دەسەڵاتی ناشناڵ سۆشیالیزم پێکەوە دەبەستێتەوە، کە پێشەوایی گیانەکی بەرەو هەڵدێر دەبات، هۆکارێک دروست دەبێت تا ببینین کە هایدیگەر نازی نەبوو، چونکە ئەو پارتە بۆ ئەو لیبراڵ بوو. لە هەمان کاتدا، نابێت لە بیرمان بچێت کە پارتی نازی تێگەیشتنی تایبەتی هایدیگەری لە ناشناڵ سۆشیالیزم لە ساڵی ١٩٣٤دا ڕەت دایەوە و خاوەن ئایدیۆلۆجییەکانی ئەم پارتە لە ناوەڕاستی ١٩٣٠یەوە کەوتنە دژایەتیکردنی هایدیگەر. سەرباری ئەمە، ناڕەزایی هایدیگەر لەم پارتە، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە کارکردنی دەربارەی نیتشە هەیە؛ کاتێک سانسۆری حزبی بۆ لەچاپدانی نووسینەکەی هایدیگەر لەسەر نیتشە لە ساڵی ١٩٣٨ کێشەی دروست کرد، ئەو ئامادە نەبوو لەگەڵ لیژنەی سانسۆردا هاوکاری بکات.

لەبەر ئەمە، ساڵی ١٩٣٨ گرنگییەکی هێمایی بۆ تێزەکەمان هەیە: بەو جۆرەی پارتی نازی جەختی لەسەر سانسۆرکردنی نووسراوەکەی دەربارەی نیتشە دەکرد. ئه‌وان دەیانویست بیرۆکەکانی نیتشەی دژ بە دژەجوو و هەروەها دژەئەڵمان دەربهێنن، بەڵام هایدیگەر بەرگریی لە نیتشە دەکرد. بە وشەیەک و لە وەڵامدانەوەی پرسیارێکی ئاڵۆزدا، کە پێویستە دوا نەخرێت، دەڵێین: ئەگەر جەخت لەسەر چالاکی و پشتگیریی هایدیگەر لە ڕژێم لە ساڵی ١٩٣٣ بۆ ١٩٣٤ بکەین، وەڵامەکە دەبێت بە کارەسات و دەنگدانەوەی ئەرێ؛ بەو شێوەیەی لە ساڵی ١٩٣٣دا کۆتایی دێت و سەرەتای کارەساتێکی دیکە دەکەوێتە گەڕ، وەڵامەکە دەبێت بە نەرێ. سەبارەت بە بێدەنگیی هایدیگەریش پاش جەنگ، دەبێت بەگوێرەی پێویستیمان بزانین بۆچی هایدیگەر بێدەنگ بوو؟

ئاخۆ پەیوەندیی هایدیگەر لەگەڵ ناشناڵ سۆشیالیزم لایەنێکی هەرە گرنگی وانە و نووسراوەکانیه‌تی لەسەر نیتشە؟ هەرگیز نا. خوێندنەوەی هایدیگەر بۆ گەڕانەوەی هەمیشەیی هەمان شت، وەک گواستنەوە و بەرەو هەڵدێری بڕاوە؛ ویست بۆ هێز وەک داهێنانی هونەری و گەڕان بەدوای زانیندا لە “شێوازی مەزن”دا، بەبەهاکردنەوەی هەموو بەهاکان لای نیتشە وەک پاشماوەی بیرکردنەوەی مێتافیزیکییانە و ژمێریارانە لە بەها؛ لەسەر هیچگەرایی وەک مێژووی بوون لە ئەفلاتوونەوە بۆ نیتشە، ئەو کێشانەن ڕوو لە خوێنەر دەکەن و بە تەواوی بەرهەڵستی دەکەن.

هچ گفتوگۆکردنێکی کۆتاییپێهێنەر چارەسەریان بۆ نادۆزێتەوە. هەڵبەتە، ئەو شێواندنە گەورەیەی ئەمڕۆ سەبارەت بە “هەڵەی هایدیگەر” کراوە، ئەو تەماحەی لەسەر پەیوەندیی هایدیگەر بە ناشناڵ سۆشیالیزمەوە هەیە، ناکرێت بە تووڕەبوون و ناڕەزایی لێک بدرێتەوە.

فەیلەسووف و ئەکادیمیستەکانی ئەمڕۆ بەو هیوایەن ئەگەر ئاڕاستەکردنەکەیان لەسەر دوایین ئاشکراکردنی هایدیگەر بگوێزنەوە، پووچەڵی و لەمەبەستبەدەرێتیی پرۆژەکانی خۆیان لە بیر دەچنەوە. ئەگەر فەلسەفەکەیان لە هەموو گرفتێک دوور بکەوێتەوە، ئەوا تەنها ڕێگەیەک بۆ بەردەوامبوونی بێکۆتایی گفتوگۆکانیان، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دەبێت هەڵە بێکۆتاکان دەربهێنن. [لێرەوە] هیوا چەکەرە دەکات و لێکدانەوەی کۆمەڵایەتیی ڕەخنەئامێز و ڕزگارکەر جارێکی دی بە واتاوە دەردەکەوێت. ئەگەر شوێنکەوتوان هەموو کەسێک ئاڕاستەی شوێن و کاتێکی دیکە بکەن، هەوڵی ساڵی ١٩٣٣ و درێژەپێدانی وەک کێشەیەکی نامۆ و هەروەها ناسینێکی ڕووکەشانە، کەوڵکردنی هەمان تاقمی کۆنی نەیارەکانە. ئەو نەیارانەی لە ڕابوردوودا هەبوون، پارچە خراپ و خۆشباوەڕەکانی مۆزەخانەن. یان، وەک بڵێیت، دواجار، مێشکی ئەمەریکی و ئەو بەگشتیکردنە خاکییە کتوپڕ گوڵ دەردەکات ئەگەر (هایدیگەر، نیتشە و ئەوەی فەرەنسییە) لە نێو بەرنامەی خوێندن دەربهێنرێن و سوکرات و ئەریستۆ لە جێگەیان دابنرێن. چەند ئاسانترە لە [ڕۆژنامەی] یەکشەممان هەڵەکان تەماشا بکرێن وه‌ك لەوەی زۆرانبازی لەگەڵ سۆفیستی ئەفلاتوون، مێتافیزیکی ئەریستۆ یان بوون و کات بکەین؛ چەند پرسیارەکان لەسەر تاوان و سزادان وەڵام بدرێنەوە، چاکترە لەوەی واز لە بیرمەندێک بهێنرێت، هەموو کارەکانی ڕەت بدرێنەوە و پەرتووکە سەختەکانی بۆ تێگەیشتن بسووتێنرێن.

نیتشەی هایدیگەر لە نێو ئەو پەرتووکە سەختانەدا ئاسانترینە و خوێندنەوەشی ئەشکەنجە نییە. بێگومان، پێویستە ئەم بەرگانە لە نزیکەوە و بە چاوی ڕەخنەگرانە بخوێنرێنەوە. ئەوەی لە تەماحی نەیارانی هایدیگەر شێوێنراوترە، ئەو یاریدەدەرانەن كه‌ هەڵوێستی هایدیگەر بە ئاسایی وەردەگرن. کۆنخوازیی ئیفلیج و توندڕەوی، ئارەزوو بۆ ئاسن و ئازایەتی، دژە–کۆمۆنیزمی بە جۆش و خولیابوون لەگەڵ بڕوابەخۆکردنی گەلی ئەڵمان، لە بیر ناچن یان لە نێو ئاقارێکی نافەلسەفیدا دانانرێن. ئەمانە هایدیگەریش پەرێشان دەکەن؟ لە نێو شوێنکەوتوانی هایدیگەر، بازنە و کۆمەڵەکانیدا، حەزلێنەکراو و گاڵتەپێکراون.

نیتشەی هایدیگەر یەکێکە لەو هەوڵدان و گەشتە مەترسیدارەی زۆر لە خوێنەر دەکات بەردەوام لەسەر قەراخی لاپەڕەکان بنووسێت نا! (ئەرێ)کان لەسەرخۆ و بە ئازارەوە دەردەکەون. کاتێک دەردەکەون، خوێنەر بۆی ده‌رده‌كه‌وێت کە هیچ پەرتووکێکی لەگەڵ ئەمدا پێویست نییە، چونکە بەهێزە، بەڵام بیرۆکەکانی ڕاڕایین.

گومانی تێدا نییە پەرتووکی دیکە لەسەر نیتشە دەرکەوتوون، ئەوانەی باتای، دولوز، کلۆسۆویسکی و دێریدا. بەڵام هیچ کام لەم نووسەرانە ناوی نیتشە/ هایدیگەر لە یەکدی جیا ناکەنەوە. لەبەر ئەمە، یەکێک لە بەرەنگاربوونەوە گرنگەکان بۆ بیریارانی ئەمڕۆ ئەوەیە کە چۆن بانگی نیتشەی هایدیگەر و هایدیگەری نیتشە دەکەن.

 

  • دەیڤید فارێڵ کرێڵ (١٩٤٤ – ) فەیلەسووفێکی ئەمەریکی و مامۆستای فەلسەفەیە لە زانکۆی دی پۆڵ. تێزی دکتۆراکەی لەسەر نیتشە و هایدیگەر نووسیوە و پاش تەواوکردنی دکتۆراکەشی، بەردەوام کاری لەسەر ئەم دوو فەیلەسووفە کردووە.

___________________________

[۱]Nur noch ein Gott kann uns retten [Only a God Can Save Us Now],” Der Spiegel, vol. 30, no.23 (May 31, 1976), p. 204. Trans.by Maria P. Alter and Jaha C. Caputo in Philosophy Today, vol. 20, no. 4 (Winter 1976), p. 274.

[۲] Hugo Ott, Martin Heidegger: Unterwegs zu seiner Biographie (Frankfurt and New York: Campus Verlag, 1988), esp. pp. 131 – ۲۴۶; and Berad Martin, ed., Freiburger Universitätsablätter, heft 93, Martin Heidegger: Ein philosoph and die Politik” (June 1986), esp. pp. 49 – ۶۹) Now printed in Bernd Marin, ed., Martin Heidegger and des dritte Reich (Darmstadt: Wissenschaftliche Buchgesellschaft, 1989).

[۳] See Krell,”Heidegger, Rectification of the German University”, in Richand Rand, ed., Our Academic Contract: “Mochos” in America (Lincoln: University of Nebraska, 1990), forthcoming.

[۴] See Hugo Ott on the Baumgarten and Standinger pp. 183 – ۸۴, ۲۰۱ – ۱۳, ۲۳۲ – ۳۳, and 315 – ۱۷٫

[۵] See the references to Klossowskis’ Cercle vicieux and the discussion of its thesis in my Anulysis in vol. II, pp. 278 – ۸۱; for further discussion, see chap, seren of Krell, Of Memory, Reminisence, and Writing: On the Verge (Bloomington: Indiana University Press, 1990), pp. 278 – ۸۳٫

[۶] “demagogy” واتە هەستجووڵاندن و هاندانی خەڵک.

[۷] Sea Krell, Intimations of Mortality: Time, Truth, and Finitude in Heidegger’s Thinking of Being (University Park, PA: Pennsylvania State University Press, 1986) chap.9, esp. pp. 134 – ۴۰,

[۸] Derrida, Del’esprit, pp. 118 – ۱۹; Engl. Trans., p. 74.

[۹] من ئەم پەرتووکەی هایدیگەرم بۆ کوردی وەرگێڕاوە و دەزگای چاپ و په‌خشی سەردەم لە ساڵی ٢٠٢١دا بڵاوی کردووه‌تەوە. شایەنی باسە ئەم پەرتووکە دوای (بوون و کات)، بە بەرهەمێکی سەرەکیی هایدیگەر دادەنرێت، کە تێیدا پرۆژە ئۆنتۆلۆجییەکە و تێپەڕکردنی مێتافیزیکی ڕوون کردووه‌تەوە (م.ک).

[۱۰] Martin Heidegger, Beiträge zur Philosophie (Vom Erignis), vol. 65 of the Martin Heidegger Gesamtausgabe (Frankfurt am Main: Kiostermann, 1989).

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

بایسته‌های حمایت از کودکان قربانی مین

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *