خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «نیتشە» بەرهەمی مارتن هایدیگەر بڵاو کرایەوە

کتێبی «نیتشە» بەرهەمی مارتن هایدیگەر بڵاو کرایەوە

کتێبی «نیتشە» بەرهەمی مارتن هایدیگەر بڵاو کرایەوە

ناسنامەی کتێب: «نیتشە»، مارتن هایدیگەر، وەڕگێڕانی دوکتۆر محەمەد کەمال، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی ٢٠٢٣.

نوێترین بەرهەمی وەرگێڕدراوی دوکتۆر محەمەد کەمال بە ناونیشانی«نیتشە» لە نووسینی «مارتن هایدیگەر» لە ١٧٠٠ لاپەڕە و چوار بەرگدا لە لایەن «دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم» بڵاو کرایەوە.

دوکتۆر محەمەد کەمال لەسەر باسی کتێبەکەدا دەڵێت: «لەبەر پێشەکییەکەی دەیڤید فارێڵ کرێل بۆ ئەم زنجیرەوانانەی مارتن هایدیگەر لەم چوار بەرگانەدا، من بە پێویستم نەزانی پێشەکی بنووسم؛ بەڵام دەمەوێت ئاماژە بۆ دوو خاڵ سەبارەت بەم بەرهەمەی هایدیگەر بکەم. یەکەم، پێویستە لێکدانەوەی فەیلەسووفێک بۆ بیرکردنەوەی فەیلەسووفێکی دیکە بە هەند وەربگیرێت. ئەم زنجیرەوانانەش لێکدانەوەی هایدیگەرن بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفی نیتشە و جێگەیەکی گرنگی لە تێگەیشتنێکی نوێ بۆ نیتشە دیاری کردووە. دووەم، لەم وانانەدا هایدیگەر هەوڵی داوە فەلسەفەی نیتشە لە ڕاڤەکردنی ئایدیۆلۆجییانەی نازییەکان ڕزگار بکات، کە دەیانویست فەلسەفەی نیتشە بخزێننە نێو قاڵبی تەسکی بۆچوونی سیاسییانەوە و بە فەیلەسووفی خۆیان ناوزەدی بکەن.

هەڵبەتە نازییەکان زوو بەم پرۆژە فەلسەفییەی هایدیگەریان زانی، بۆیە وانەکانیان پێ ڕاگرت. هایدیگەر لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ گۆڤاری شپیگل، باس لەوە دەکات چۆن دەسەڵات یەکێک لە خوێندکارەکانی بە ناوی هانکە بەسەر هایدیگەرەوە کردووه‌ بە سیخوڕ و لە وانەکانیدا لەسەر نیتشە، بۆ سیخوڕی دانیشتووە. هەروەها، هایدیگەر لە هەمان چاوپێکەوتندا دەڵێت: کۆڕەکەی لە ساڵی ١٩٤٤دا سەبارەت بە “شیعر، نووسین و بیرکردنەوە”، درێژەپێدانی ئەو بیرۆکەیە بووە کە لە زنجیرەوانەکانیدا لەسەر نیتشە و دژی بیرکردنەوەی نازی خستوویەته‌ گەڕ. شایەنی باسە هایدیگەر ئەم وانانەی لە ساڵی ١٩٣٦ بۆ ١٩٤٠ نووسیوە و پێشکەشی کردوون. منیش لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی وەرم گێڕاون.»

«مارتن هایدیگەر» نووسەری بەرهەمەکە لە پێشەکییەکی کە بۆ هەموو بەرگەکان نووسیویەتی دەڵێت : «ئەم نووسراوە لەو وانانە پێک‌دێت كه‌ لە ساڵانی ١٩٣٦ بۆ ١٩٤٠ لە زانکۆی فرایبۆرگ – برایسگاو پێشکەش کراون. لەگەڵ ئەماندا، نامیلکەکانی ساڵانی ١٩٤٠ بۆ ١٩٤٦ دانراون. نامیلکەکان ئەو ڕێگه‌یە درێژدەکەنەوە کە وانەکان گرتوویانەتە بەر و ئاسانکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەکە دەکەن.

وانەکان بەگوێرەی ناوەڕۆکیان جیا کراونەتەوە، نەک کاتی پێشکەشکردنیان. لەگەڵ ئەمەشدا، شێوازی وانەگوتنەوەکانیان تێک نەچووە. ئەمە بە پێویست بەرفراوانیی پشکەشکردنەکە و بە ڕادەیەکیش دووبارەکردنەوە دەهێڵێتەوە. بە مەبەستیشەوە دەقێکی نووسراوی نیتشە لە جارێک زۆرتر باس کراوە؛ بەڵام هەر جارە ناوکۆیەکی جیاوازی بۆ دانراوە. هەندێک بابەتیش، کە ئامادە کراون، خوێنەر لەگەڵیاندا ئاشنا نییە. دووبارەبوونەوەکان بۆ ئەو مەبەستەیە ڕێگەیەک بۆ نێو بیرکردنەوە و شێوازێکی نوێ بدۆزێتەوە.

هەڵبەتە بۆ هەر مەبەستێک و بە چ ڕیزکردنێک بێت، ئەو بیرۆکانەی شایستەی بیرکردنەوەن، لێیانەوە ڕوون دەبنەوە و لە نێو بەرەنگاربوونەوەکەدا بڕیاریان لەسەر دەدرێت. لە نێو دەقی وانەکاندا هەموو وشە و ڕستە ناپێویستەکان لابراون، ڕستە ئاڵۆزەکان ئاسان کراون و بەشە تەمومژاوییەکانیان ڕوون کراونەتەوە و هەڵەکان چاک کراون. لەگەڵ ئەمانەشدا، دەقی نووسراو و لەچاپدراو خەسڵەتی پێشکەشکردنی زارەکیی نییە.

ئەم نووسراوە بە گشتی هەوڵ دەدات ڕێگەی ئەو بیرکردنەوەیە بگرێتە بەر کە من لە ساڵی ١٩٣٠ـەوە تا “نامەیەک سەبارەت بە مرۆڤایەتی” (١٩٤٧) پێیدا ڕۆیشتووم. دوو وانەی کورتیش پێش “نامەیەک” بڵاو کرانەوە، وەک “ڕاڕەوی ڕاستی لای ئەفلاتوون” (١٩٤٣) و “ناوەڕۆکی ڕاستی” (١٩٤٣) كه‌ بۆ ساڵانی ١٩٣٠–١٩٣١ دەگەڕێنەوە. پەرتووکەکەم “پێداهەڵدانەکانی شیعری هۆڵدەرلین” (١٩٥١)، کە نووسراوێک و چەند وانەی ساڵانی ١٩٣٦ تا ١٩٤٣ لە خۆ دەگرێت، تەنها ناڕاستەوخۆ ڕۆشنایی دەخەنە سەر ئەم ڕێگەیە. ئەو شوێنەی “بابەتی نیتشە”ی تێدا دێت و دەڕوات، کاتێک بۆ خوێنەر دەردەکەوێت کە خۆی بۆ ئەو ڕێگەیە ئامادە بکات كه‌ ئەم دەقانە شوێنی کەوتوون.»

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابەتەکە ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

بایسته‌های حمایت از کودکان قربانی مین

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *