خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «ئایین و پرسیارەکانی مۆدێرنیتە» بڵاو دەکرێتەوە

کتێبی «ئایین و پرسیارەکانی مۆدێرنیتە» بڵاو دەکرێتەوە

کتێبی «ئایین و پرسیارەکانی مۆدێرنیتە» بڵاو دەکرێتەوە

لە پێشەکیی وەرگێڕ: حیسامەدین خاکپوور (هیوا) و کامیل شەریفپوور

پرسیارێ کە دەکرێت ھەر خوێنەرێکی خۆھۆشیار ڕووبەڕووی ھەر جۆر کتێبێکی بکاتەوە ئەوەیە:  ئەم کتێبەی بەردەست چ پەیوەندێکی بە من یان بە ئێمەوە ھەیە؟ بڕیار وایە ئەم کتێبە بپەرژێتە سەر چ کێشەیەکی ئێمە؟ کاتێ کە باسی من یا ئێمە دێتە ئاراوە واتە ئێمە وەکوو مرۆڤێکی کورد لە سەردەمی مۆدێرندا بڕیار وایە چی بخوێنینەوە کە باشتر بتوانێت کێشەکانمان، ئەگەر نەڵێین بۆ چارەسەر بکات، لانیکەم بتوانێت بە دروستی پرۆبڵماتیزەی بکات و ڕوونتری بکاتەوە. مرۆڤی سەردەم لە بەردەم بۆمبارانی زانییاریدا، بە چڕی تووشی سەرلێشێواوی بووە و نازانێت چی بخوێنێتەوە و چ ھەڵوێستێک بگرێت. لێرەدایە کە پێناسەی لە ”خۆ“ی تاکەکەسی و ”خۆ“ی بەکۆمەل وەکوو مرۆڤێکی کورد لە سەردەمی ئاڵۆزییەکانی ژیانی مۆدێرندا زۆر گرینگ دەبێتەوە. بە ڕای ئێمە، مرۆڤی کورد کاتێ دەست دەداتە خوێندنەوەی ھەر کتێبێک، دەبێت پێشتر چەند پرسیاری زۆر گرینگی لە خۆی کردبێت و ئێنجا بڵێت ئەم کتێبە، ئایا دەتوانێت چارەسەری کام دەردی مرۆڤی کورد لەم شوێن­کاتەی ئێستادا بکات؟. بە باوەڕی ئێمە، مرۆڤی کورد دەبێت بە بەردەوامی چوار پرسیاری بنەڕەتی لە خۆی بکات: ئێمە کێین؟ ئێمە چین؟ ئێمە چیمان دەوێت[۱]؟ ئێمە لە چ دۆخێکداین؟ ئەم چوار پرسیارە دەتوانێت، تا ئاستێکی زۆر، بەرچاومان ڕۆشن بکاتەوە کە ئێمەی کورد ئاسۆی کاری توێژینەوە و خوێندنەوەمان بەرەو چ ئاقارێ ببەین کە ھەندێک لە گرفتەکەکانمان لانیکەم بە درووستی بۆ پرۆبڵماتیزە بکرێت. پرسیاری ئێمە لە چ دۆخێکداین؟، گرینگیی وەرگێڕان و خوێندنەوەی ئەم کتێبەی بەردەست بە باشی ڕوون دەکاتەوە. 

 ئەم کتێبەی بەردەست کە وتووێژگەلێگە لەگەڵ چوار بیرمەندی جیدی بواری نەریت­ناسی بە گشتی و ئایین­ناسی بە تایبەتی، دەپەرژێتە سەر زۆریەک لە لایەنە بیرلێنەکراوەکانی ئایین و بەو شێوە وەبەر ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی دەدات. ھەر چوار بیرمەندەکە لە چوار سوێنگەنیگای جیاوازەوە، ئایین لە ژێر تیشکی دەسکەوتی زانستە مرۆڤایەتییە مۆدێرنەکاندا شیکاری دەکەن و پرسیارگەلێکی زۆر شیاو و باسگەلێکی زۆر تایبەت دەورووژێنن کە دەکرێت وەکوو بڵێسەیەک بۆ ڕزگاری عەقڵی مرۆڤی کورد لە نەریتی چەقبەستووی ئایینی و ھەر وەھا قۆناغی چاکسازی عەقڵی ئایینی چاو لێ بکرێت. چونکە تا عەقڵ لە خەس و خاشاکی بەشێکی زۆر لە نەریت و ئایینی کۆیلەکەر ڕزگار نەکرێت، باسکردن لەو ئایدیۆلۆژیانەی دیکە زۆر مانادار نابێت. بۆ وێنە عەقڵی گرێدراو بە نەریتی ئایینییەوە ئەگەر ئەم ڕەخنە جیدییانە نەبینێت و نەخرێتە ژێر زەبری شیکاری و لێکۆڵینەوە، ناتوانێت بزانێت بۆچی ناسیۆناڵیزم گرینگە و بۆچی دەکرێت ئایین بە پێچەوانەی ئەوەی ئێستە ھەیە، بۆ ڕزگاری کوردستان کەڵکی لێ وەربگیردرێت، بەو مانایە کە ئایین لە ئایینێکەوە کە وەکوو ئەمراز لە بەر دەستی نەتەوە باڵادەستەکاندایە بۆ ئێستعماری کوردستان، وەھای لێکبدەینەوە و پێکھاتەشکێنی بکەین کە ئەگەری ئەوەی ھەبێت ڕۆڵی ڕزگاری بۆ کورد ببینێت. لە لایەکی دیکەوە بەم جۆر باسانە دەتوانین پرسی زۆر جیدی کوردستانی ڕوانین بۆ ئایین بھێنینە ئاراوە کە بە داخەوە، کوردانە ئایین خوێندنەوە و شتگەلێک وەکوو ئیسلامی کوردی لەم دۆخە کۆلۆنیالەدا جێگەی خۆی داوە بە شێوەیەک لە ڕوانین بە ئایین بە گشتی و بە ئێسلام بە تایبەتی کە زیاتر لەوەی ڕەنگوبۆی کوردستانی پێوە دیار بێت، ڕەنگوبۆ و سیمای عەرەبی یان فارسی بە خۆوە گرتووە و ئەمە جێگەی مەترسیەکی جیدیە و دەبێت زۆر بیری لێ بکرێتەوە کە لەم دەرفەتە کەمەی ئەم نوسراوەدا ناتوانین بپەرژینە سەر ئەو بابەتە[۳].

 ھەروەھا ئەم بیرمەندانە لایەنگەلێکی بیرلێنەکراوە یان بیرھەڵنەگر لە ئایین دەخەنە ڕوو کە ئەمەیش دەتوانێت بەش بە حاڵی خۆی، خاڵگەلێکی ئەرێنی سەبارەت بە کێشەی کورد بەدەستەوە بدات. بۆ وێنە محەمەد ئەرکۆن بە وردی و بە دروستی جیاوازی لە نێوان وەحی و قورئان و پەڕتووک دادەنێت تا بەم شێوە بتوانێت لە نێوان ئەو سێ قۆناغە جیاوازی دابنێت، بۆ وێنە بە ”بە زارەکی زانینی قورئان“ بەر لەوەی ببێت بە پەڕتووکی نوسراو، ھەندێک لە گرێ پووچکەکانی زەینی مرۆڤ لەمەڕ پرسی سەرچاوەی سەرەکی ئایینی ئیسلام واتە قورئان دەکاتەوە و دەبێتە ھۆی ڕزگاری عەقڵ لە دەقخوازی نەرێنی کە میراتی ئیسلامی بە گشتی تووشی بووە و بووەتە ھۆی داخرانی دەروازەی عەقڵ لە نێو کۆمەڵگای موسوڵماندا و  کۆمەڵگای کوردیش وەکوو بەشێکی کۆمەڵگا بە زۆرینە موسوڵمانەکان. هەروەها محەمەد ئەرکۆن بە ورووژاندنی میتۆدی مێژوومەندی لە خوێندنەوەی مەعریفەتی ئایینیدا، دەرەتانێکی بۆ عەقڵانییەتی داخراوی تەنگەتاوی نەریتی ئایینی زاڵ بەدی­هێناوە، هەر بۆیە دەکرێ بە کەڵک وەرگرتن لەو میتۆدە ڕەخنەییە، تا ڕادەیەکی یەگجار زۆر لە هەموو جیهانی ئیسلامدا بە گشتی و بە تایبەت لە کۆمەڵگای کوردی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بێتە ئاراوە و کۆمەڵگەکان لە ژێر زەخت و گوشاری نەریتی ئایینی و خوێندنەوەی تووندووتیژانەی ئایین ڕزگاریان بێت و پیرۆزایەتی ئەو هێژموونییە بشکێت. ئەگەر بە ڕوانگەیەکی مێژوویی لە سوێنگەنیگای مرۆڤی کوردەوە تماشای ئایین بکەین، دەبینین ڕاڤەی ئایین خەسارگەلێکی زۆری لە مرۆڤی کورد داوە و بە ھەندێک چاوپۆشییەوە دەتوانین بڵێن ئایین لە کوردستان ڕۆڵی کۆلۆنیالیزە کردن و سەرسپێر و ملکەچکردنی مرۆڤی کوردی گێڕاوە، بەڵام ئایین ھەر وا کە حەسەن حەنەفی دەڵێت، دەتوانێت وەکوو شمشێرێکی دووسەربڕ کار بکات، یانی ھەم بتوانێت چەوسێنەرەوە بێت و ھەم بتوانێت ڕزگاریدەر بێت. حەنەفی لەم کتێبەدا تیشکێک دەخاتە سەر ئەو شتەی پێی دەوترێت ئێلاھییاتی ڕزگاری[۴]. ئایا دەتوانین ئێمەی کوردیش باس لە ئێلاھییاتێ بکەین کە بتوانێت ڕزگاریدەری مرۆڤی کورد بێت، ھەر وەکوو لە ئامریکای لاتین ڕۆڵی ڕزگاریدەری نواند، یان ئایین ھەر وەکوو پێشوو تا ئاستێکی زۆر چەوسێنەرەوەی کورد دەمێنێتەوە. لە ڕوانگەی کەسێکی وەکوو مەلەکیانیشەوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی فیکری خۆیدا واتە ”عەقڵانییەت و ڕۆحانییەت“، پرسگەلێکی زۆر جیدی دەھێنێتە ئاراوە کە دەتوانێت یارمەتیدەری ھەندێک لە کێشەکانی ئێمەیش بێت. مەلەکیان بە باس لە لایەنی ئەخلاقی و ڕۆحی ئایین و ئەخلاقی بوونی جیهان و سەروەری مرۆڤ بە سەر چارەنووسیدا و زۆرێ چەمکی­تر، هەم ڕوانگەی مرۆڤ سەبارەت بە ئێلاهییات دەگۆڕێت و هەم مرۆڤی کوردیش بە ڕوانین لەم گۆشەنیگاوە دەتوانێت بە وڵامی زۆریەک لە پرسیارەکانی خۆی لە مەڕ ئێلاهییات بگات و کارتێکەری ئەو چەمکانەیش بە شێوەی تیۆری و کردەیی لە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی خۆیدا ببینێت. ھەروەھا عەبدولمەجید شەرفی پرسیارگەلێکی ورد لە بەشێکی ئەم کتێبەدا دەخاتە ڕوو کە ڕوونکەرەوەی ھەندێک لایەنی ئاڵۆز و تاریکی ئایینە. بەڵام بە گشتی دەبێت ئەوەمان لە بیر بێت کە ئەم بیرمەندانە ھەموویان لە نێو پاڕادایمی ناسیۆنالیزمی خۆیاندا بیریان کردۆتەوە و درووستە محەمەد ئەرکۆن وەکوو ئەمازیغییەک ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەنجی ئەو وەکوو ڕەنجی مرۆڤی کورد وایە و سەروەری سیاسی سەربەخۆیان نەبووە و ئەوە بووتە دایکەدەردانی تەواوی ڕەنج و بەش­مەینەتییەکان، بەڵام نەیانتوانیوە لە ھیچ کتێبێکیاندا وەکوو ڕۆشنبیرێکی جیدی و حەقێقەتخواز، پرسی کوردی ژێردەست بورووژێنن و وەبەر لێکۆڵینەوەی بدەن. کەوابوو ئەم بابەتە دەمێنێتەوە بۆ خۆمان کە وەکوو کەسانی کورد ئەو کارە بکەین و ئەو ئەرکە ڕاپەڕێنین. مرۆڤی کورد دەبێت لە تەواوی ئەمرازەکان بۆ ڕزگاری، لە بەرا ڕزگاری سابجێکتیو و ئینجا ڕزگاری ئابجێکتیوی خۆی کەڵک وەربگرێت تا بتوانێت لەسەردەمی ئەمڕۆدا  و بە تایبەتی لەسەدەی بیست و یەکدا کە ئێمە لەگەڵ دیاردەی گەڕانەوە[۵]ی ناسیۆناڵیزم ڕووبەڕووین، باشتر بتوانێت چارەسەری کێشە و دایکەدەردەکانی خۆی بکات.

 لە کۆتاییدا ئەوەیش بە خوێنەر بڵێین کە وەرگێڕانی ئەم کتێبە کە لە چوارچێوەی عەرەبی مۆدێرندا نووسراوە و زمانی تایبەتی خۆی ھەیە، دژواریگەلی تایبەتی خۆی ھەبوو، بە تاییەتی لە داتاشینی ھەندێک وشەدا کە وادەزانین بۆ یەکەم جارە لە کوردیدا کاری پێ دەکرێت. دیارە ھەموو ھەوڵ و تێکۆشانی خۆمان وەگەڕ خستووە کە کارێکی تا ئاستێک ڕێکوپێک بخەینە بەردەستی خوێنەر، بەڵام بە تەواویش ئاگادارین کە دەکرێت لە ھەڵە تێگەیشتن یان ھەڵە وشەڕۆنان بە دوور نەبێت، هەر لەبەر ئەوە، سپاسی ئەو کەسانە دەکەین کە لە پێشنیار وڕەخنەکانیان ئاگادارمان دەکەنەوە. ھیوادارین بتوانین لە داھاتوودا و لە چوارچێوەی ئەو چوار پرسیارەی لەم پێشەکییەدا ورووژاندوومانە، کاری باشتر و بە نرختر ئاراستەی کتێبخانەی کوردی بکەین.

حیسامەدین خاکپوور، کامیل شەریفپوور، بەھاری ساڵی ۲۷۲۱ کوردی

___________________________________________________

[۱] . خوێنەر دەتوانێت بۆ باس­و­خواسی زیاتر لەسەر ئەو سێ پرسیارە، بڕوانێتە وتاری: قەیرانی ناسنامەی نەتەوەیی لە بزووتنەوەی کوردستاندا بە قەڵەمی سیروان ڕێناس، گۆڤاری پۆلیتیا، ساڵی دووەم، ژمارەی ۴، ل: ۹۵ تا ۱۴۹٫

[۳] . خوێنەر بۆ باسگەلی پێوەندیدار بەم تەوەرە و بۆ زانیاری زیاتر لەم بوارەدا دەتوانێت توێژینەوەکانی کەماڵ سولەیمانی بە تایبەت کتێبی ئێسلام و ناسیۆناڵیزمە ڕکابەرەکان ( Islam And Competing Nationalism  ) پەیشوێن بگرێت.

[۴] .liberation Teology

بۆ زانیاری سەرەتایی لە سەر ئەم چەمکە خوێنەر دەتوانێت بڕوانێتە کتێبی: Liberation Theology بە نووسینی کریستۆڤێر ڕۆڵاند.

[۵] .COMEBACK

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

همایش میرزا احمد داواشی بە میزبانی دانشگاه کردستان برگزار شد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *