خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / وەرگێڕانی دەقی زانستی یان سەقەتکردن و لە خشتەبردنیی

وەرگێڕانی دەقی زانستی یان سەقەتکردن و لە خشتەبردنیی

وەرگێڕانی دەقی زانستی یان سەقەتکردن و لە خشتەبردنیی

ڕەخنە لە وتاری ” گێڕانەوە ئایینییەکانی نەتەوەی کورد لە ماوەی دوادوایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا“ لە کتێبی ”مێژووی کورد“ی زانکۆی کامبریج

نووسەر : حیسامەدین ( ھیوا) خاکپوور

پوختەی باس

ئەم کورتەنوسراوە ھەوڵدەدات بە زمانێکی سادە ھەندێک لەو ھەڵە کوشەندانەی وەرگێڕی بەڕێز ”محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق“ لە وەرگێڕانی وتاری « Nation during the Late Nineteenth and Early Twentieth Centuries Religious Narrations of the Kurdish» لە کتێبی ”مێژووی کورد“( the cambridge history of the kurds) کە لەلایەن دەزگای جەمال عیرفانەوە بڵاو بووتەوە، بخاتە بەرباس و لێکۆڵینەوە. لەئاکامدا بە ھێنانەوەی نموونەگەلێکی یەکجار زۆر لە دەقی ئەو وتارە بەو ئەنجامە بگات کە وەرگێڕ لەو وتارەدا نە ئەندێشە و چەمکاندن و بواری فیکری ئەو باسە دەزانێت کە پێویستیی سەرەکییە بۆ کاری وەرگێڕانی پڕۆڤیشناڵ، نە زمانی ئەو کارە دەزانێت نە وەرگێڕانێکی پوخت و ڕەوانیشی خستووتە بەر دەستی خوێنەران. بە کورتی و بە کوردی ئەو دەقەی لەخشتە بردووە و وەھای سەقەت کردووە کە خودی وەرگێڕیش لە خۆی حاڵی نابێت کە چی وتووە و چی کردووە!.

 

بەرکوڵ

لەم ڕۆژانەدا کتێبی « The Cambridge History of The kurds»  کە کۆمەڵەوتارێکی زانستی و ئاکادمیکە لە بوارگەلی جواراوجۆر لەسەر پرسی کورد و کوردستان، لە لایەن دەزگای جەمال عیرفان و بە قەڵەمی محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق ( بەرگی یەکەم) و محەمەد مستەفا قەرەداغی ( بەرگی دووھەم) چاپ و بڵاو کراوەتەوە و ئەمە بووە ھۆی دڵخۆشیمان و بۆ ساتێکی کورتیش بووبێت لەم تاریکستانەدا بزەی خۆشی خستە سەرلێومان. بەڵام بە داخەوە ئەم بزە زۆری نەخایاند و کاتێ دەستم دایە کتێبەکە و ھەندێک بەراوەردی ئینگلیسی بە کوردییەکەی محەمەد حەمە ساڵح تۆفیقم کرد، ئەو بزە کاتییەیش سڕیایەوە و ڕووبەڕووی شتێک بوومەوە، وێڕای ئەوەی کە زۆر خۆم نادەم لەم باسانە و ڕەعایەتی حاڵوئەحواڵی زەحمەتەکانی مرۆڤی کورد دەکەم و لەگەڵ ڕێزم بۆ زەحمەتی ئەو بەڕێزانە، چارم نەما ئەم نووسراوەی لەسەر بڵاو بکەمەوە و ئەو ھەڵە کوشەندە و وێرانکەرانەی کە بەس تەنیا لەو وتارەدا کردوویەیەتی، بیخەمە بەرچاوی خوێنەران. ئەمە بە مانای ”ئیستیقرای ناتەواو و گشتاندنی ناڕەوا“ نییە گوایە کە تەنیا بەو وتارە داوەری گشتی کتێبەکە بکەم، چونک خوێنەر گەر ئەم ڕەخنە بخوێنتەوە دەزاێنت چی کراوە و دەقەکە چی بەسەر ھاتووە!. ھەڵبەت پێش لە ھەموو شتێک ئەوە بوەترێت کە پێشبینیی ئەوە دەکرا کە ئەم کتێبە گەورە، وا بەپەلە لە ماوەی دوو سێ ساڵدا کاری وەرگێڕانی تەواو بووبێت، ھەڵەکاری زۆری تێدا ھەبێت چونک کۆمەڵەوتارێکی فرەڕەھەند و فرەپسپۆڕیی لەم جۆرە، چەندین وەرگێڕی بە زانستی جۆراوجۆری ئەو بوارانەوە گەرەکە نەک ئەوەی دوو کەس ئەویش ئاوا بەپەلە دەس بدەنە ئەو کارە زەبەلاحە فرەڕەھەندە فرەپسپۆڕییە. دیارە شتێک لەمە باشتری لێ دەرنایەت کە لە کارەکەی محەمەد حەمە ساڵحدا دەیبینین. ئەمە نموونەی ئەو شتەیە کە لە مەسەلی کوردیدا دەڵێن « زۆر بێ و بۆر بێ» کە ڤالتێر بنیامین لە کۆدەقی مارکسیستیدا باش دەپەرژێتە سەر ئەو جۆرە لە ئیبتزال و ئاستنزمییە. لەم کورتە باسەدا لەگەڵ ڕێزم بۆ ھەمووی زەحمەتەکانی وەرگێڕ و بە پیشاندنی چەندین نموونە لە وەرگێڕانەکەی، بە جەخت لەسەر ئەو وتارەی ئاماژەی پێدرا، دەتوانم بڵێم: « وەرگێڕ نە بواری زانستی ئەو باسە دەزانێت، نە زمان دەزانێت نە بە گشتی وەرگێڕانەکەی بە کاری ئەوە دێت کە بخوێنرێتەوە».

 

ھەڵە کوشەندە زۆر زەقەکانی وەرگێڕ لەو وتارەدا

ئێستە با بە نموونە بپەرژینە سەر ھەندێک لەو ھەڵەکاری و سەقەتکارییانەی لە وتارێک کە لە بەرگی یەکەمی ئەم کتێبەدا بە سەرناوی « گێڕانەوە ئایینییەکانی نەتەوەی کورد لە ماوەی دوادوایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا[۱]» کراوە و بە قەڵەمی محەمەد حەمە ساڵح بڵاو کراوەتەوە.

لە پێشڕا با نموونەیەک لەوە بێنمەوە کە دەڵێم وەرگێڕ ھیچ جۆرە ئاشنایییەکی نییە لەگەڵ بواری خوێندنەوەی ناسیۆنالیزمدا و بێ ھیچ گەڕان و خوێندنەوەیەکی سەرەتایی لەو باسەدا، ھەر لە خۆیەوە، شتی وا سەیروسەمەری نووسیوە کە پیشانی دەدات وەرگێڕ چەندە لاوازە لەو بوارەی کە دەستی داوەتەوە وەرگێڕانی. بۆ نموونە لە دەقی وتارەکەدا ھاتووە:

they are nationalists since they blithely and banally espouse either dominant or dominated forms of nationalism :

وەرگێڕانی محەمەد حەمەساڵح تۆفیق:

« بۆیە نەتەوەیین لەبەر ئەوەی بە ئاشکرا و بە شێوەیەکی ئاست نزمانە پاڵپشتیی فۆرمگەلێکی زاڵ یان زاڵکراوی ناسیۆنالیزم دەکەن( لاپەڕەی ۲۳۴».

وەرگێڕانی حیسامەدین ( ھیوا) خاکپوور:

«ئەوان ناسیۆناڵیستن چونکاتێ بە شێوەی ھاوسۆزانە و ھەرڕۆژەیی و بەردەوام، پشتگیری لە فۆڕمەکانی ناسیۆناڵیزمی سەردەست یان ژێردەست دەکەن».

ئێستە با بزانین وەرگێڕ ئالەم ڕستەدا چەند ھەڵەی لە ڕادەبەر کوشەندەی کردووە. وەرگێڕ بە ھۆی ئەوەی ھیچ ئاشنایییەکی لەگەڵ خوێندنەوەی تیۆری ناسیۆنالیزمدا نییە، لە خۆیەوە خۆی پێداداوە و نەیزانیوە چی دەڵێت و چی دەنووسێت!. کەماڵ سولەیمانی دەستەواژەی banal ی لە ”مایکل بیلیگە“ بۆ وەسفی ناسیۆنالیزم وەکوو پارادیمێک وەرگرتووە کە بە شێوەی بەردەوام و ھەرڕۆژەیی تەواوی ژیانی مرۆڤ دەخەمڵێنێت و لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا بەرھەم دێت و بەرھەمی دێننەوە. banal بە مانای ھەرڕۆژەیی و بەردەوامه له ژیانی ئاسایی خەڵکدا و لە بەردەست و بەدیھییە. جۆرێکە لە خوێندنەوەی ناسیۆنالیزم، کە ناسیۆنالیزمی لە خوارەوە بۆ سەرەوەوەی پێ دەڵێن. کەوایە بە مانای ” ئاست نزم“ نییە و وەرگێڕ نیشانی داوە چەندە دوورە لە خوێندنەوە لەو بوارەدا. ئەگەر بۆ banal ھاوتایەک بڵێیین ئەوە everyday دەیگرێتەوە بەو جیاوازییەوە کە banal  تەقریبەن فۆرمێکی ناھۆشیارانەیە لە ناسیۆنالیزم بەڵام everyday فۆرمێکی ھۆشیارانە لە ناسیۆنالیزم[۲]. ھەر ئەم ئاماژەیە پیشانی دەدات کە لە پێداویستییەکانی وەرگێڕان جیا لە زمان زانین مەسەلەی ئەوەیە وەرگێڕ ئەگەر نەڵێم دەبێت بۆخۆی بیرمەند بێت لانیکەم دەبێت بیرناس بێت و خوێندنەوەی نێوان ڕشتەیی جواراوجۆر و قووڵی ھەبێت و ئەمە پێداویستیی کار و بەرھەمھێنانە لە زانستە مرۆڤایەتییەکاندا، کە بە داخەوە وەرگێڕ ھیچ ئاشنایییەکی تەک ئەو تێگە و باسانە نییە.

ھەروەھا وەرگێڕ dominant و dominated کە بە مانای سەردەست و ژێردەست یان زاڵ و ژێردەستە بە زاڵ و زاڵکراو وەریگێڕاوە. وەرگێڕ ئەونەی بیر نەکردووتەوە زاڵکراو یانی چی لێرەدا؟! لە ئەدەبیاتی بواری ناسیۆنالیزمدا بە ناسیۆنالیزمی زاڵ و ھەژمۆن و سەردەست، dominantدەوەترێت و بە فۆرمی ناسیۆنالیزم وەکوو ناسیۆنالیزمی کوردی یان ئەمازیغی کە ژێردەست و شەلوپەلکراوی نەتەوە سەردەستەکانییەتی، dominatedيان Ruledدەوترێت واتە ناسیۆنالیزمی بندەست. جا کەسێ کە ئەو تیۆری و ئەندێشەی ئەو بوارەی نەخوێندبێتەوە وەک وەرگێڕی بەڕێزمان تووشی ئەو ھەڵە گۆڕچکبڕانە دەبێت. ئیتر گەڕێین لەوەی کە وەرگێڕ ھەر لەو ڕستەدا ھاوتای یەک دوو وشەی دیکەیشی بە درووستی نەدۆزیتەوە کە لە وەرگێڕانەکەی خۆمدا پیشانم داوە.

با بڕوانینە ڕستەیەکی دیکە:

 In a sense, the latter point defines nationalism since the right to self-rule is principally based on selfreferentiality.

وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵح:

«بە واتایەکی تریش، خاڵی دوایی ناسیۆنالیزم دیاری دەکات ماف لە حوکمی خۆبەڕێوەبردن یان ئۆتۆنۆمیدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی بەندە بە سەرەتای خودنوێنەرایەتیکردنەوە»( لاپەڕەی : ۲۳۳).

وەڕگێڕانی حیسامەدین( ھیوا) خاکپوور:

«بە واتایەک ئەم خاڵەی دوایی، نەتەوەخوازی پێناسە دەکات چونکە مافی خۆبەڕێوەبەری بە شێوەیەکی بنەڕەتی لەسەر خۆئێرجاعی ڕۆنراوە».

 

وەرگێڕی بەڕێزمان ھەر یەک مسقاڵە زەرەیش سەرنجی نەداوە ”ماف لە حوکمی خۆبەڕێوەبردن“ یانی چی؟! ئەو ڕستە کەی کوردییە و چۆن دەکرێت وابێت؟ ئێستە دووبارە با بزانین وەرگێڕی ئازیز چەندە دوورە لە چەمکاندنی ئەو باسانەی لەسەر ناسیۆنالیزم دەکرێت! وشەی selfreferentiality بۆ ئەوە بە کار دەبرێت کە نەتەوە لە سەردەمی مۆدێرندا شتێکی خۆسەرچاوەیە و مەرجەعی ھەموو شتێکە و لەم بەستێنەدا وشەی خۆپێناسەکەریش بەکار دەبرێت. واتە نەتەوە خۆئیرجاع و خۆپێناسەکەر و ھەموو شتێک لە نێو ئەو باسەدا و بە تەوەرییەتی دەوڵەت- نەتەوە وەکوو ئایدیال تایپی سیاسی سەردەمی مۆدێرن دەسووڕێتەوە. ئیتر بە ڕاستی خوێنەر سەری سووڕدەمێنت لە وشەی ”سەرەتای خۆنوێنەرایەتیکردن“! کە وەرگێڕ دایناوە. لە درێژەی ئەو ڕستەدا با بڕوانینە ئەم ڕستەی دیکە و ھەڵە کوشەندەکانی وەرگێڕی بەڕێز دەربخەین:

 I argue that the defining point of religious nationalism is that the modern religious agent creates/imagines the boundaries of her collective self within those of the national.

وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵح:

« من وای بۆ دەچم کە ناسیۆنالیزمی ئایینیی مۆدێرن ئەوەیە کە وا ڕەگەزی ئایینیی نوێ سنوورەکانی خودی دەستەجەمعیی دەخولقێنێ یان وێنای دەکات لە ناو ئەوانەی نەتەوەییدا»( لاپەڕەی ۲۳۳)

وەرگێڕانی حیسامەدین ( ھیوا) خاکپوور:

« من باس لەوە دەکەم کە خاڵی پێناسەکەری ناسیۆناڵیزمی ئایینی ئەوەیە کە بکەری ئایینی مۆدێرن، سنوورەکانی ”خۆی­-بەکۆمەڵ “ لە نێو بابەتی نەتەوەییدا چێ دەکات و وێنای دەکات».

 

جێگەی باس نییە و پڕڕوونە کە وەرگێری بەڕێز چی کردووە لەو دەقە و چ وێرانکاریەکی خولقاندووە. بۆ وێنە agent به مانای بکەر و بریکارە نەک ڕەگەز. جێگەی سەرسووڕمانە باشە خودی وەرگێڕ لەو دەقەی تێدەگات چی وتووە؟! تا خوێنەری کوردی لێیی تێبگات. زیاد لەمانەیش ھەر لەو لاپەڕەدا بۆ latency شاراوەیی داناوە  لەکاتێکدا بە مانای تەئەخۆر و دێروەدەرکەوتنە.

ئێستە با بڕوانینە شاکارێکی دیکەی وەرگێڕ لەو دوو لاپەڕەدا کە دەقەکەی ھیچ سەقەت کردووە، ھەر بۆ خۆیشی نازانێت چی وتووە. نووسەری وتارەکە دەڵێت:

Kurdish nationalism, being the nationalism of a dominated community, is an understudied one.

وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق:

«ناسیۆنالیزمی کوردی بەو پێیەی کە ناسیۆنالیزمی کۆمەڵگەیەکی بەھەژمۆنە لە ژێر باس و لێکۆڵینەوەدایە»( لاپەڕەی۲۳۵).

وەرگێڕانی حیسام ( ھیوا ) خاکپوور:

«ناسیۆناڵیزمی کوردی، وەکوو ناسیۆنالیزمی کۆمەڵگەیەکی ژێردەست، ناسیۆناڵیزمێکە کە توێژینەوەی لەسەر نەکراوە».

لێرەدایە کە خوێنەر جییا لەوەی شک دەکات کە وەرگێڕ ئەندێشە و زانستی ئەو بوارەی ھەبێت، تەنانەت بە دردۆنگییەوە دەڕوانێت لەوەی کە وەرگێڕ ئینگلیسیش بە باشی بزانێت. ئاخر کەی کوردستان و کۆمەلگەڵ کوردی و ناسیۆنالیزمی کوردی، ناسیۆنالیزمێکی بەھەژمۆن و سەروەر بووە؟! وەرگێڕ ھەر خۆی لەو وەرگێڕانەی خۆی شک ناکات؟! nationalism of a dominated community واتە ناسیۆنالیزمی کۆمەڵگای ژێردەست نەک ئەو شتە سەرسووڕھێنەرەی وەرگێڕ نووسیویەتی! لە وشەی understudiedیشدا، ئەو underەی وەک preposition بە واتای ژێر بەکاری بردووە! لە کاتێکدا ئەم وشە بەمانای not enough واتە لێکۆڵینەوەی پێویستی لەسەر نەکراوە.

 

ئێستە با بچینە سەروبەندی ڕستەیەکی دیکە. بڕوانینە ئەم ڕستە:

Now, especially the idea that Muslim Arab revivalists of the late nineteenth and early twentieth centuries were also nationalists or were influenced by nationalism has gained greater credence.

وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵح :

« ئێستا و بە تایبەتی ئەو ئایدیایەی کە وا عەرەبە موسڵمانەکانی قۆناخی ڕابوونی دوادوایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستیش ناسیۆنالیست بوون یان لە ژێر کاریگەری ناسیۆنالیزمدا بوون، متمانەی گەورەیان بەدەست ھێناوە»( ۲۳۳ و ۲۳۴).

وەرگێڕانی حیسامەدین ( ھیوا ) خاکپوور:

« ئێستاکە بە تایبەت ئەو ئایدیایەی کە عەرەبە بووژانەوەخوازە ئیسلامییەکان بە ناسیۆناڵیست دەزانێت یان ئەوەی کە کاریگەرییان لە ناسیۆنالیزم وەرگرتووە، ئیعتبارێکی یەکجار زۆری بە دەست ھێناوە».

 

بەراوەردێکی سادەی ئەو دوو وەرگێڕانە پیشانی دەدات وەرگێڕ ھەر لە ڕستەسازییەکی ڕەوان و ڕێکوپێک تووشی کێشەیە، ئیتر چ بگات بە ھاوتا دانان! جا بۆ ئەوەی درێژدادڕی نەکەم و خوێنەر وەرەز نەبێت چەند خاڵی چووکەی تریش ئاماژە دەکەم و ئیتر کۆتایی پێدێنێم.

وشەی Universalبە واتای جیھانداگر و گەردوونییە کە وەرگێڕ بە ”گشتگیر“ وەریگێڕاوە کە ”گشتگیر“ لەم ڕستەدا ھەر زۆر لەرزۆکە و ناتەبا زێدەتر وەکوو شتێکی عموومی دێتە بەرچاو:

Seemingly universalist religious concepts such as umma and caliphate lack coherent historical significations.

وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵح :

«وادیارە چەمکە ئایینییە گشتگیرەکان وەک ئوممە و خەلافەت دەلالەتی مێژوویی پتەو و یەکگرتوویان تدا نییە»( لاپەڕەی ۲۳۴)

وەرگێڕانی حیسامەدین ( ھیوا ) خاکپوور:

«ھەر بەو شێوەیە، چەمکگەلی ئایینیی جیھانداگر و گەردوونی، میناک: ئۆممە و خەلافەت، دەلالەتە یەکانگیرە مێژوویەکانی خۆیانیان لە دەست داوە»

 یان بڕواننە یەکێک لە تایتڵەکانی ئەم وتارە بە ناو Ubeydullah’s Borderland Islam وەرگێڕی بەڕێز ئەم تایتڵەی کە بە مانای ئیسلامی سنووری و پەڕاوێزی عوبەیدۆڵڵایە لە بەرامبەر خوێندنەوەی ئیسلامی عوسمانی کە لە ناوەند و چەقی دەسەڵاتدایە، ئاوا وەریگێڕاوە: «ئیسلامەکەی عوبەیدۆڵڵای سەرسنوور»( ۲۴۰)!!.

یان بڕواننە ئەو ھەڵەکارییە وێرانکەرە لەم شێعرەی عوبەیدۆڵڵا کە مەدحی کوردان دەکات:

Kurds are icons of generosity

‘d’ in Kurd stands for din (religiosity)

‘k’ stands for kamal and perfection

‘r’ for rushd, spiritual maturation

Only in Kurds can you find

All these virtues combined

وەرگێڕی بەڕێزمان generosity بە پیاوەتی و دەستبڵاوی وەرگێڕاوە: ”کورد ئایکۆنی پیاوەتی و دەستبڵاوین“ لە کاتێکدا من نازانم ئەم پیاوەتییە لە کوێیی ئەم دەقەدا ھەیە؟! نووسەر دەڵێت: کورد سەمبۆڵ و ڕەمزی بەخشەندەیییە.  یان وشەی virtues بە مانای چاکە و فەزیڵەتە کە وەرگێڕ دووبارە وشەی نێرسالارانەی”پیاوەتیی“ دەکاری کردووە و  نووسیویەتی:  تۆ تەنھا لە کورددا ئەم ھەموو چاکە و پیاوەتییە دەبینی( ۲۴۴) لە کاتێکدا ئاوا ڕەوان و درووسترە « تەنھا لە کورددا دەتوانی بیدۆزیتەوە / ھەموو ئەم فەزیڵەتانە بەیەکەوە.

بڕوانینە نموونەیەکی دیکە:

 

This brief account shows that Millingen himself might not only have encountered debates dealing with more than the mere possibility of the existence of Kurdish nationalism; he also found it to be comparable with that of other nations.

وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵح :

«ئەم گێڕانەوە کورتە ئەوە پیشان دەدا کە وا خودی میلینگن خۆی نەک ھەر تەنھا بەرەوڕووی ئەو گفتوگۆیانە بووەتەوە کە مامەڵەیان لەگەڵ زۆرێک لەو تەنھا ئەگەرەی بوونی ناسیۆنالیزمی کردووتەوە، بەڵکوو ئەوەشی دۆزیوەتەوە کە بەراوەرد بکرێت لەگەڵ ئەوەی نەتەوەکانی تریشدا»( ۲۳۵).

وەرگێڕانی حیسامەدین ( ھیوا) خاکپوور:

«ئەم کورتە باسە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ڕەنگە میلینگەن خۆی نەک هەر ڕووبەڕووی مشتومڕێک بووبێت کە ناسیۆناڵیزمی کوردی تەنیا وەکوو ئەگەرییەک بینیوە بەڵکوو وای بۆ دەردەکەوێت کە دەکرێت ناسیۆناڵیزمی کوردی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە بەراوەرد بکرێت».

خوێنەر با بڕوانێتە ئەم ڕستەیەی وەرگێڕی بەڕێزمان دایڕشتووە، بزانێت چی لێ حاڵی دەبێت و چی نووسیووە؟! جا تا دێت ھەر ھەڵە لەم دەقەدا دەبینڕێتەوە:

Furthermore, these writers present Kurdistan’s geographical unity as eternal, as expected, while simultaneously eliding Kurdistan’s contemporaneous membership in the Ottoman Empire as entirely ‘forgotten’.

وەرگێڕانی حەمە ساڵح تۆفیق:

« سەرەڕای ئەوەش، ئەم نووسەرانە وا باس لە یەکگرتوویی جوگرافییایی کوردستان دەکەن کە نەگۆڕ و ھەتاھەتاییە، وەک چاوەڕوان دەکرا، لەگەڵ کۆلۆنیکردنی کوردستانی ھاوچەرخی ئەندام لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بە تەواوی ” لەبیرکراوە“».( ۲۳۸) .

بە ڕاستی ھەر ئێستەکە وەرگێڕی بەڕێزمان ئەم دێڕانە بخوێنتەوە خۆی لە خۆی تێدەگات کە چی وتووە و چی نووسیوە؟!!! ھەر شک ناکات ئەو ڕستەسازییە دەقاودەقی گۆگڵ ترەنسلێتیی دەقەکەیە!

وەرگێڕانی خاکپوور:

« جگە لەوەش، ھەروەک چاوەڕوان دەکرا، ئەم نووسەرانە یەکێتی جوگرافیای کوردستان وەک بابەتێکی ئەبەدی ئەزەلی دەخەنە ڕوو. لە هەمان کاتدا ئەندامێتی هاوچەرخی کوردستان لە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیدا بە تەواوی وەک بابەتێکی ”فەرامۆشکراو“دەسڕنەوە».ئەمەیش ئاوا با سەرنجی ئەم ھەڵەی دیکەیش بەین.

نموونەیەکی دیکە:

The language used by these nineteenth-century Kurdish intellectuals for self-distinction or self-referentiality to a certain extent explains the sociohistorical backdrop of the 1880 Sheikh Ubeydullah uprising.

وەرگێڕانی حەمەساڵح تۆفیق:

« ئەو زمانەی کە ئەم ڕووناکبیر یان مونەوەرە کوردانەی سەدەی نۆزدە بەکاریان ھێناوە تا سیاقێکی دیاریکراو جیاکردنەوەی خود یان دەمڕاستی خود لێک دەداتەوە وەک پاشخانێکی کۆمەڵایەتیی ڕاپەڕینەکەی ساڵی ۱۸۸۰ شێخ عوبەیدوڵڵا».( ۲۳۹)

بڕوانن چ بەڵایەکی بەسەر ئەو ڕستەدا ھاوردووە!!

وەرگێڕانی خاکپوور:

« ئەو زمانەی کە ئەم ڕۆشنبیرە کوردانەی سەدەی نۆزدەهەم بۆ خۆجیاکردنەوە یان خۆئیڕجاعی بە کاریان دەھێنا تا ڕادەیەکی دیاریکراو، پاشخان و کۆدەقیی کۆمەڵایەتی مێژوویی ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵا لە ساڵی ١٨٨٠دا ڕوون دەکاتەوە».

تا دەڕۆین بەڕاستی دەبینین وەرگێڕ ھیچ کۆڕستەیەکی بێ ھەڵەی زەق و بەرچاو و ڕستەبەندی ئاڵۆز و نایەکانگیر وەرنەگێڕاوە. بڕواننە ئەم نموونە:

The sheikh made his collective self-referentiality accord with his ethnicity. Heconcurrently tried to make the political congruent with the religionational.

وەرگێڕانی حەمەساڵح تۆفیق:

« شێخ ڕێککەوتننامەیەکی خودمەرجەعیی بەکۆمەڵی لەگەڵ ئیتنیکی سەربەخۆی ئەنجام دا و لە ھەمان کاتدا ھەوڵی گونجاندنی سیاسیی دا لەگەڵ باری ئایینی – نەتەوەییدا».( ۲۴۴).

وەرگێڕانی خاکپوور:

« شێخ خۆئیرجاعی بەکۆمەڵی خۆی [ وەکوو کوردێک]، لەگەڵ ئەتنیکی خۆیدا گونجاند. لە هەمان کاتدا هەوڵیدا بابەتی سیاسی لەگەڵ بابەتی ئایینی نەتەوەییدا یەکبخات».

 

با سەرنجی خوێنەر بۆ ئەم کۆڕستەیش ڕابکێشین بزانین وەرگێڕ چۆنی وەرگێڕاوە یان باشترە بڵێم ”وەریگێڕانە“:

 

Nursi experienced a great dilemma: he advocated what he called positive nationalism (musbet milliyetcilik)” — a moderate form of nationalism that defended people’s collective right to statehood while avoiding tenakiir (denial) of other nations’ existence and rights (Nursi, 2009: 243). And yet, for Nursi, this meant believing in the legitimacy of dismantling the Ottoman caliphate, the last Muslim sanctuary against Europe. Such ambivalences and ‘double loyalties’ reflected his concerns about the fate of his fellow Kurds in the face of growing Turkish nationalism as well.

وەرگێڕانی حەمەساڵح تۆفیق:

« نوورسی کێشە و گرفتێکی گەورەی ئەزموون کردووە و ئەو داکۆکیی لەوە کردووە کە ناوی لێنابوو ناسیۆنالیزمی ئەرێنی- ئەمەش فۆرمێکی میانڕەوی ناسیۆنالیزم بوو کە بەرگریی لە مافی بەکۆمەڵی خەڵک دەکرد بۆ دامەزراندنی دەوڵەت لەگەڵ خۆدوورگرتن لە تەناکۆر( نکۆڵیکردن) لە بوونی نەتەوە و گەلانی تر ومافەکانیان.( نوورسی ۲۰۰۹: ۲۴۳). لە کاتێکدا، بۆ نوورسی، ئەمە باوەڕی ئەوەی دەگەیاند بە شەرعییەتی ھەڵوەسانەوەی خەلافەتی عوسمانی، کە دوا پەناگەی ئیسلامی بوو دژ بە ئەورووپا. ئەم چەشنە دژواری و « دڵسۆزییە دوولایەنییە» ڕەنگدانەوەی مەترسی و نیگەرانی ئەو بوو لە بارەی چارەنووسی ھاوڵاتییە کوردەکانی خۆیەوە لە بەرانبەر ناسیۆنالیزمی تورکیی گەشەکردوووشدا». (۲۵۲).

لێرەدایە کە خوێنەر بۆی دەردەکەوێت چەندە بە ھەڵەوپەلە ئەو کارە وەرگێڕدراوە و تەنانەت ھاوتادانان و ڕستەسازییەکی ڕەوان و ڕێکوپێک بەدی ناکرێت! بە ڕای من ئەو دەقە ئاوا وەردەگێڕدرێت:

« نوورسی تووشی دووڕێیانێکی گەورە بوو: لە لایەک بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە ناوی نابوو ناسیۆناڵیزمی ئەرێنی، فۆڕمێکی مامناوەندی ناسیۆناڵیزم کە لە مافی بەکۆمەڵی خەڵک بۆ بە دەوڵەتبوون بەرگری دەکرد، لە هەمان کاتدا خۆی لە نکۆڵیکردن لە بوون و مافەکانی نەتەوەکانی دیکە بەدوور دەگرت (Nursi, 2009: 243). لە لایەکی دیکەوە و لەگەڵ ئەوەشدا بە باوەری نوورسی، ئەمە بە واتای باوەڕ بە شەرعییەتی هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی بوو، کە دوا پەناگەی موسوڵمانەکان لە دژی ئەورووپا لە ئەژمار دەدرا. ئەم جۆرە لە دووفاقەیی و وەفاداری دوانەیی[۳]، ڕەنگدانەوەی نیگەرانییەکانی بوو سەبارەت بە چارەنووسی ھاونیشتمانە کوردەکانی لە بەرامبەر گەشەسەندنی ناسیۆناڵیزمی تورکیدا».

با بچێنە سەرووبەندی نموونەیەکی دیکە لەو وێرانسازییەی وەرگێڕی باسەکەمان بە ناو وەرگێڕان کردوویەتی. نووسەر دەڵێت:

He believed that, in addition to political tyranny, there also exist scholastic and communal forms of tyranny to which a constitutionalist system (mesrutiyet) was the panacea.

وەرگێڕ ئاوا بۆ وەردەگێڕێت:

« ئەو باوەڕی وابوو کە وا، بێجگە لە مڵھۆڕی و ستەمی سیاسی، دیسان فۆرمگەلی خوێندەواری و کۆمەڵگەیی و مڵھۆڕیش ئامادەگییان ھەیە کە وا سیستەمێکی دەستووری ( مەشرووتییەت) دەرمانی دەردانە» ( ۲۵۳)

 ئینجا سەرنج بدەنە وەرگێڕانی خاکپوور:

« ئەو پێی وابوو، جگە لە ستەمکاریی و سەرەڕۆیی سیاسی، فۆڕمەکانی ستەمکاریی سکۆلاستیکی و کۆمەڵایەتیش( جەمعی) هەن کە سیستەمێکی دەستووریخوازی[۴] (مەشروتییەت) چارەسەری ئەوانە دەکات».

 

نائاشنایییەکی ڕوونتر لەگەڵ تێگەکانی بواری شیکاری ناسیۆنالیزم

لێرەدا نموونەیەکی دیکە دێنمەوە کە وەرگێڕ ھیچ ئاشنایییەکی لەگەڵ ئەو چەمک و دەستەواژانەدا نییە بۆ وەسفی ناسیۆنالیزم دەکار دەکرێن بۆیە زۆر بە خەستی تووشی ھەڵەکاری دەبێت و تەنانەت ناتوانێت ڕستەیەکی ڕێکوپێکیشی لێ دەربێنێت. با سەرنج بدەینە ئەم باسە کە نووسەر دەبێژێت ناسیۆنالیزم  چ وەک ئایدیال تایپ( دەستەواژەکە لە ماکس ڤیبەرە) و چ وەک پاڕدایم ( دەستەواژەکەی لە مایکێل بیلیگە) سەیر بکردرێت، ڕێکەوتن و نەریتێکی حۆکمڕانی مۆدێرنە:

Whether it is an ‘ideal type’ or a ‘paradigm’, as Billig calls it, nationalism is a modern convention, namely, the universally accepted tradition of governance. Also, it is a framework which is conventionally assumed to bring a resolution to communal conflicts, notwithstanding its bloody history (Mann, 2005).

وەرگێڕانی حەمەساڵح تۆفیق:

« ناسیۆنالیزم شێوازێکی ” ئایدیال“ یان پاردایمی ھەبێت، وەک بیلیگ ناوی لێ دەنێت، بەڵام بە پێیی ڕێککەوتن نوێیە و بەتایبەتی لە ڕووی جیھانییەوە نەریتێکی قبووڵکراوە بۆ حوکمکردن».ھەروەھا ناسیۆنالیزم بریتییە لەو چوارچێوەی کە وا گریمانەیەکی نەریتییە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و ململانێ تایفییەکان، سەرباری مێژووی خوێناوییان( ۲۶۱).

 با سەرنج بدەین بەم وەرگێڕانەی خوارەوە و بزانین ئەو سەقەتکارییە کە وەرگێڕ تووشی ھاتووە چییە و چۆنە.

وەرگێڕانی خاکپوور:

« ناسیۆناڵیزم، جا چ جۆرێکی ئایدیال بێت یان ”پاڕادایم“، وەک بیلیگ ناوی دەبات، ڕێکەوتنێکی مۆدێڕنە، واتە نەریتێکی حوکمڕانی کە بە شێوەیەکی گەردوونی پەسەند کراوە. هەروەها چوارچێوەیەکە کە بە شێوەیەکی موتەعارف وا گریمان دەکرێت کە سەرەڕای مێژووە خوێناوییەکەی، چارەسەرێکە بۆ ململانێ کۆمەڵایەتییەکان ».

 

لەمە زیاتر خوێنەر ھەر ناتوانێت لەگەڵ ئەو وەرگێڕانەی بەڕێزیان پێوەند بگرێت و کات دانێت لە حاڵێکدا ئەگەر ھەر لەو وتارەم بکۆڵایەتەوە دەیان ھەڵەی زەق و نالەباری دیکەی ئاوام پەیدا دەکرد. خوێنەر دەتوانێت بەراوەردی ئەو دەقە بکات تا بزانێت وەرگێڕی بەڕێز چ بڵایەکی بەسەر ئەو دەقەدا ھێناوە. ئیتر بە ڕاستی بڕستی لێ بڕیم کە بپەڕژێمە سەر ئەو وتارانەی دیکە و کارەکەی شەنوکەو بکەم چون بەم فەرمانە بڕوات یەک ساڵ پێداچوونەوەی دەوێت. من وەکوو خۆم کە دوو پیت و نیو عەرەبی و ئینگلیزی و کوردی و فارسی دەزانم، وەرگێڕانی ئەو زمانانەم بە سەرنجەوە شەنوکەو کردووە، نەمدیوە دەقی وا گرینگ وەرگێڕانی وەھا سەقەت و وێرانی لێ بکرێت و لە بەرامبەردا ڕەخنەی توندی لێ نەگیریەت. کەوایە تاقەت و بڕستی ئەوەم نەما ئەو ھەمووە کاتە دانێم وتارەکانی دیکەی بە وردەڕیشاڵ بخوێنمە بەڵام بۆ نموونە ھەر لە تایتڵێ پێڕستدا بزانن چی کردووە لە وشەی Development لە سەردێری وتاری: 

The Political Economy of Kurdistan: From Development to De-development

وەرگێڕ پێشگریی de لە Development بۆ نەسازێنراوە کە پێشگری سڕینەوە و لابردنە و نەفییە، وشەی ”دواکەوتوویی“ داناوە و ئاوای وەرگێڕاوە: ئابووری سیاسی کوردستان لە گەشەکردنەوە بۆ دواکەوتوویی. لە کاتکێدا Development گەشەسڕینەوە یا گەشەبڕییە و ھاوتاری درووست و ڕێکوپێکیەتی نەک دواکەوتوویی کە لە باری واتاییەوە یەکجار دوورن و چوارچێوەی فیکری و تیۆریشییان لە ”دارەکەی سەرکەل تا پردەکەی قشڵاق“ لێک دوورە.

 

خوێنەری وردبین و زانستی خۆی بە خوێندنەوەی زیاتری کتێبی ”مێژووی کورد“ بە تایبەتی بەرگی یەکەم کە من سەرنجم داوە و جەختم لەسەر ئەو وتارە کردووە، دەزانێت وەھا وەرگێڕانێک ھیچ ئیعتبارێکی زانستی نییە و بەڵکوو وێرانکاری دەقی فیکرییە لەسەر مەسەلەی کورد. وەرگێڕی بەڕێز دەبێت ببورێت بە سەراحەتەوە ئەم باسەم ورووژاند بەڵکوو لە چاپەکانی دیکە و بە یارمەتی دەزگاری جەمال عیرفان کاری وەھا زەبەلاح و گرینگ بە سەرنجێکی زیاترەوە و بە وردبینییەکی مووقڵەشێن کە شیاوی کاری زانستی نووسەرانی ئاکادمیکی ئەو کتێبە بێت، چاپ و بڵاو بکرێتەوە و لە ھەڵە و پەڵە خۆیان بپارێزن و دیترانیش لە ھەر بوارێکدا دەستیان دایە کاری نووسین یان وەرگێڕان بە ئەخلاقێکی پڕۆڤیشناڵ و زانستییەوە کار لەسەر مەسەلەی کورد بکەن چونکە خەڵک دەیخوێنێتەوە و کاری لاواز و لەرزۆک و نازانستی بە جۆرێک ئیھانەتە بە شعووری خەڵکی کوردستان.

ھیوام لەشساغی و بەردەوامیتانە

___________________________

[۱] . ئەم وتارە بە سەرناوی

 « Nation during the Late Nineteenth and Early Twentieth Centuries Religious Narrations of the Kurdish»

بە قەڵەمی دوکتۆر کەمال سولەیمانی نووسراوە و پێشتر بۆ خۆم بە سەرناوی «ئیسلامی کوردیی و ناسیۆناڵیزم : گێڕانەوە ئایینییەکانی نەتەوەی کورد لە درێژایی کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدە و بەراییەکانی سەدەی بیست» لە ماڵپەڕی ژنەفتن بەم لینکەی خوارەوە بڵاوم کردۆتەوە و سەرچاوەی باسەکەم لە بەراوەردی دەقەکاندا ئەم وتارە بە وەرگێڕانی خۆمە. https://bit.ly/3jCjKMT

 

[۲] . خوێنەر بۆ ئاشنایی لەگەڵ ئەو بوارانەدا لە شیکاری ناسیۆنالیزم دەتوانێت بڕوانێتە وتاری ” ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی“ بە قەڵەمی ئاتسۆکۆ ئیچیجۆ و بە وەرگێڕانی حیسامەدین خاکپوور لەم بەستەرەدا: https://bit.ly/3wLHjHp

[۳] . double loyalties

[۴] . constitutionalism

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ترجمه و چاپ نزهة القلوب به زبان کردی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *