خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ئافاقی ئافاقی شێعری نالی

ئافاقی ئافاقی شێعری نالی

ئافاقی ئافاقی شێعری نالی

گوڵاڵه دروودیان

دیارە خەزینەی نڤیساری ئێمە وەکوو کورد – لەچاو نەتەوەکانی دەور و بەر و هەروەها جیهان – ، بەداخەوە خەزینەیەکی لاوازە، بەتایبەت لە بواری بابەتێک وەکوو ڕەخنەی ئەدەبی دا.

پێشتریش ئەگەر دەق هایەک لەم بوارەدا – ڕەخنەی ئەدەبی – بەرهەم هاتبێت، زۆرتر دەق هایەک بووە کە لە کانتێکستێکی شرۆڤەیی و ڕاڤەیی دا کاریان کردووە و لە سەرکەوتووترین ئاستی دا شرۆڤەیەکی باش بووە لە دەق و ژیانی نووسەر؛ دیارە ئەم شێوەیە ناتوانێت لایەنە شاردراوەکانی دەق لابدات و ڕوانینێکی قووڵ و ڕەخنەیی شیاوی بۆ دەق ببێت.

شێوەیەکی زانستی – ڕەخنەیی نوێ لە سەردەمی هاوچەرخ، لە ڕۆژئاوادا سەری هەڵدا لە ژێرناوی ” زانستی لێکدانەوەی ناوەڕۆک” ( (content analysis که ئەگەرچی لەوانەیە لەڕووەوە لێکچوونێک لە نێوان ئەم شێوە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەق – کە لەسەرەوە باسمان کرد – و ئەم زانستە ڕەخنەییە نوێیە ببێت، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە مەودای نێوانیان زۆرە.

هەروا کە دیارە ئەم شێوەیە ناتوانێت بە شێوەیەکی قووڵ بڕواتە ناخی دەقەوە و خوێندنەوەیەکی شیاوی لە دەق ببێت. با ئەمەش لەبیر نەکەین کە ڕەخنەی ئەدەبی دوای هاتنە ڕووی بابەتگەلێک وەکوو “مەرگی نووسەر ” و…، ئاستگەلێکی نوێی تێپەڕاندووە و تەنانەت لە زۆر جێگا لەسەر بابەتگەلێک وەکوو ” خوێنەر” و “دەق” بەشێوەیەکی سەرنج ڕاکێش چڕ بووەتەوە.

بێگومان ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا، بەواتای لەبەرچاو نەگرتنی هەوڵ و تێکۆشانی نووسەر و توێژەرانی پێشوو نییە. دیارە بنەمای هەر کارێک دواتر – لەم بوارەدا کراوە و بکرێت – لەسەر هەوڵ و تێکۆشانی لێکۆڵەرانی پێشوو بووە و توێژەرانی دوایی لە ” سەرشانی ئەوان” ڕاوەستاون.

***

دوکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە

کتێبی “ئافاقی شێعری نالی” (نووسینی دوکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە) بێ هیچ دەمارگرژییەک، یەکێک لە سەرمایە بەرچاوەکانی ئێمەیە – لە بواری ڕەخنەی ئەدەبی – لە کتێبخانەی کوردیدا.

ئافاقی شێعری نالی، دەقێکە کە ئەتوانین بڵێین لە دەلاقەی ڕەخنەی ئەدەبی مودێرنەوە سەرکەوتووانە لەگەڵ شێعری نالیدا ڕووبەڕوو ئەبێتەوە. حاشا هەڵنەگرە شێعری نالی لە زۆر جێگا لێوانلێوە لە کۆمەڵێک مێتافۆر و مانا و تەعبیرهای جۆراوجۆر؛ دەقێکە فرەچەشن و چەن توێژ. هەربۆیەش ڕەخنە و لێکدانەوەی دەقێکی ئاوەها ئەبێت لە بەرزترین ئاستدا، واتای دەستەواژەی «ماهییەتی دیمۆکراتیکی ڕەخنەی ئەدەبی» مان پێ بنوێنێت. پێم وابێت کاتێک نووسەری کتێبی ئافاقی شێعری نالی لە لاپەڕەی ۱۱ی کتێبەکەدا ئەڵێت :« کاری من کاری دووبەختییە. یان ئەوەتا بەدەستمەوە هاتووە یان نا.» وڵامی ئەو وتەیە بێ سێ و دوو ئەرێ یە . بەتایبەت کاتێک کە سنوورە دیاری کراوەکانی نێوان زانستە مرۆییەکان لە ڕەخنە و شیکاری دەقێکی ئاوادا لەسەر دەستی لێکۆڵەر لەناو ئەچێت؛ نووسەری ئەم کتێبە لە زۆر جێگا ئەو سنوورانەی بەزاندووە و سەرکەوتووانە لە ئیمکانەکانی ئەو زانستانە کەڵکی وەرگرتووە؛ بەتایبەت لە بواری فەلسەفەدا کە سەرەڕای پسپۆڕیی نووسەر لەو بوارەدا، تێکەڵیی فەلسەفە لەگەڵ ئەدەبیات و ڕەخنەی ئەدەبی لە سەردەمی نوێدا ڕوون و بەرچاوە.

ئەم کتێبە کە ئەکرێ وەکوو مێتۆدێکی گشتی بۆ خوێندنەوەی دەقی کلاسیک چاوی لێ بکرێت ؛ جگە لە زمانێکی ساده که بۆ خوێندنەوەی هەر جۆرە خوێنەرێک ڕێخۆشکەرە ، بە شێوەیەکی مێتۆدێک و نوێ لەگەڵ دەقی نالیدا ڕووبەڕوو ئەبێتەوە و لە ئاکامدا دەلاقەیەکی بەتەواوی تازە و جیاواز بەڕووی خوێنەردا ئاوەڵا ئەکات کە بتوانێت بە شێوەیەکی تر نالی ( و بەگشتی شێعری کلاسیک) بخوێنێتەوە.

“ یەدوڵای ڕۆیایی “(شاعیری فارس و تێوری داڕێژەری شێعری “حجم”)؛ سەبارەت بە توێژینەوەگەلێک کە لەسەر دەقی ” حافیزی شیرازی ” نووسراون، ئەڵێت : ئەبێ درگای ڕەخنە و لێکۆڵینەوەهایەک تا ئێستا لەسەر حافیز نووسراون، لە ئێرە بەدواوە داخرێ؛ بەهۆی ئەوەی کە تائێستا هیچ یەک لەو توێژینەوەگەلە بە ئاستی خودی دەقی حافیز نەگەیشتوون.(رؤیایی، یدالله، چهرەی پنهان حروف، نگاه۱۳۹۱، ل۲۱۴) ئەگەر ئەو ڕایە بگوازینەوە بۆ ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبی کوردی ، لەوانەیە دۆکتۆر”رەهبەری مەحموودزادە” پێچەوانەی ئەو ڕایەی (سەبارەت بە شێعری نالی) سەلماندبێت. و ئەگەر بە کەڵک وەرگرتن لە تەعبیرێکی هایدگەر، فەیلەسووفی ئەڵمانی، لە وتاری ” هوڵدرلین و زاتی شیعر” کە ئەڵێت : « شێعر دووبارە نێونیانی جیهانە»، بڵێین نالی بە شێعرەکانی، جۆرێکی تر جیهانی ناساندووە و ناوناوە، بێ گومان توێژەری ” ئافاقی شێعری نالی” شێعری نالی بە جۆرێکی تر ناوناوە و نواندوویەتی. ئەمە لە کاتێکدایە کە “یەدوڵای ڕۆیایی هەر لەو کتێبە ( ل ۲۱۴)دا ئەڵێت : «نووسینی ” نەسر” کارێکی ئاستەمە، ئاستەم تر لە شیعر؛ بەتایبەت ئەگەر دەقەکە خۆی سەبارەت بە شیعر بێت!»

پێم وابێت لێرەدا پێویستە ئاماژە بدەین بە وتەیەکی نووسەر لە لاپەڕەی ۲۲۲ی کتێبەکەدا، که باس لە ئەوپەڕی سنووری زەمان دەکات کە لە پاشخانێک وا دەقی نالی بەرهەمی هێناوە، نالی و مەلا عارفی چنگیانی، مەلا محەممەدی چڕۆستانی، مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، مەسعوود محەممەد، هێمنی موکریانی و ڕێبوار سیوەیلی هەموویان پێکەوە کۆ بوونەتەوە، دیارە کەسایەتییەکی تر وا لەمەو بەدوا، لەو کۆبوونەوەیەدا بوون و نێوی پێویستە، نووسەری ئافاقی شێعری نالییە.
***

دوای ئەو پێشەکییەی لەسەرەوە هات، بۆ باشتر ناسین و جەخت کردن لەسەر ئاکامی باشی توێژینەوەیی کتێبەکە و هەروەها گرینگ بوون و لەبەرچاوگرتنی کاری بەنرخی توێژەر ئاوڕێکی خێرا لەم کتێبە ئەدەینەوە و باسەکە زۆرتر ئەورووژێنین (پێویستە ئاماژە بکرێت کە تەواوی ئیڕجاعەکان لەم چاپەی کتێبەکە وەرگیراوە: مەحموودزادە، ڕەهبەر، ئافاقی شێعری نالی، مادیار۱۳۹۹-۲۰۲۰):

(۱ چەمکی گرینگی “زمان” : دیارە یەکێ لە پڕکێشەترین و پڕ پەراوێزترین دیاردەکانی ژیانی مرۆڤ زمانە، کە لەلایەنی بیرمەندان و پسپۆڕانی زانستە مرۆییەکان ( بەتایبەت فەلسەفە و زمانناسی)ەوە، ئاوڕێکی تایبەتی لێدراوەتەوە.

کاتێک فەیلەسووفێک وەکوو “هایدگەر” لە زمان تەعبیر بە ” ماڵی بوون” ئەکات ، گرینگی ئەو دیاردەیە زۆرتر بەرچاو ئەکەوێت. دیارە زاراوە ی ئەگزیستانسییەڵی ” ماڵی بوون” زۆر پێناسە و تایبەتمەندی – سەبارەت بە مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ – لەخۆ ئەگرێت کە ئاکامی هەموو ئەو پێناسە و باسانە بە ڕستەیەکی زۆر گرینگ ئەگات : مرۆڤ بێ زمان هیچە و تەواو. بەواتایەکی تر مرۆڤ لە دڵی زماندایە کە خۆی، ژیانی، بیرکردنەوە و بەگشتی تەواوی هەڵسووکەوتەکانی مانا ئەگرێت و شوناسی پێ ئەبەخشرێ. جا ئێستا کاتێک قسە لە نووسین و نووسراوە – کە خۆی دیاردەیەکی زمانییە – ئەکرێت، باسەکە ڕەنگ و بۆنێکی تر بەخۆ ئەگرێت!

لەم کتێبەدا ئەتوانین بە دوو شێوە بۆ چەمکی زمان بڕوانین :

۱- ۱) لێکدانەوەی جۆری ڕووبەڕوو بوونەوەی نالی لەگەڵ چەمکی زمان و هەروەها چۆنیەتی بەکارهێنانی زمان لەلایەن ئەو شاعیرە لە شێعرەکانیدا کە نووسەری “ئافاقی شێعری نالی” بەوردی شرۆڤەی لەسەر کردووە :

لە پۆلێن بەندی کتێبەکەدا، یەکەم تەوەری دیاریکراو بۆ شرۆڤە و لێکدانەوە ئەمەیە: ” شکۆی زمان لە شێعری نالیدا”. بە سەرنجدان بەم بەشە بۆمان دەرئەکەوێت کە گوایە یەکێک لە هۆگەلی گرینگی هەڵبژاردنی شێعری نالی بۆ لێکدانەوە و توێژینەوە لەلایەن توێژەرەوە، شێوەی هەڵسووکەوتی نالی بووە لەگەڵ چەمکی زمان لە شێعرەکانیدا.

زانستی نوێی زمانناسی باس لە ” ڕووبەرە جیاوازەکانی” زمان ئەکات؛ واتە زمان پتانسیێلی ئەوەی هەیە هەرجارەو بە ئیقتیزای کانتێکستێک کە تێیدا بەکار ئەهێنرێ ڕواڵەتێک – یان ڕواڵەت هایەکی – جیاواز و نوێ لەخۆی بنوێنێت؛ بەتایبەت ئەگەر ئەو کانتێکستە، شێعر بێت کە خۆی دیاردەیەکی تەواو زمانییە و لە ئامێزی زماندا ڕووئەدات و بەتایبەت تر ئەگەر شاعیری ئەو شێعرە کەسێک بێت کە توانای ئەوەی هەبێت پتانسیێلە پەسیڤەکانی زمان گیان پێ ببەخشێت و « دیوی شکۆدار و سیحراوی زمان بەدیار بخات.»

لەبەشی” شکۆی زمان لە شێعری نالیدا ” ،نووسەر لە ژێر سێبەری لێکدانەوەیەکی باش دا، بۆمان دەرئەخات کە نالی لە شێعرەکانیدا سەرکەوتووانە، هەڵسووکەوتێکی بێ وێنەی – بەتایبەت بەنیسبەت سەردەمی خۆی – لەگەڵ چەمکی زماندا بووە. بەواتایەک نالی بەمەبەستی دەربڕین و ڕیوایەتی ئەو شتەی ویستوویە بەیانی بکات، زمانی خەرج نەکردووە؛ زمانی نەچەوساندووەتەوە بەڵکوو بە پێچەوانەوە، گەشاندوویەتییەوە : «بەگوێرەی شێوازی نالی هیچ وشەیەک بەخەسار نەچووە و هەر وشەیەک کە لەکار کراوە ئەوپەڕی توانستەکانی لە کروتەونی شێعرەکەدا کەڵکی لێ وەرگیراوە.» (ل ۱۶۷)

نووسەری ” ئافاقی شێعری نالی” بە شیکارییەکی وردبینانە لەچەند شێعری نالی دا بۆمان ڕوون ئەکاتەوە : « نالی شاعیرێکە خوێنەر لە شێعرەکانی دا نەک هەر ” شکۆی شێعر” بگرە شکۆی زمان و شکۆی ئەندێشەش بەدی دەکا. زمان لە شێعری نالی دا دیوی شکۆدار و سیحراوی خۆی بەدیار دەخا.» ( ل ۱۵)

یان لە جێگایەکی تردا ئاماژە ئەکات : « نالی وەدەنگ هێنی شکۆی زمانە. شکۆیەک کە ڕەنگە هەتا سەردەمانێک وەکوو وزەیەکی شاردراوە لە ناو زمان دا مابێتەوە و چاوەڕێی توانستێکی گەورە بووبێ کە بەربەست و لەمپەری لە پێش لاببا و بهێڵێ بەشێک لە وزەی کۆکراوەی بتەقێتەوە و بکەوێتە گەڕ…» ( ل ۲۶)

» ئەم شکۆیە کەلاو دەکاتە ناو هەموو شێعری نالی. شکۆی زمان لە شێعری نالی دا دەکەوێتە پێش ناسکی و نەرم و نیانی و بەگشتی دەکەوێتە پێش تایبەتمەندییەکانی تری زمانەوە. واتە وانیە بڵێین شێعری نالی بێبەری یه لە ناسکی و لەتافەت. بەڵام ئەوەی لە ڕوانینی یەکەم دا خۆی نیشان دەدا، شکۆ و پتەو بوونی پەیڤە…» ( ل ۲۸) لە درێژەش دا بە کەڵک وەرگرتن لە بیرۆکەی ” ڕەگەزی زاڵ”ی فۆرماڵیستەکان، ئاماژە بە یەکێک لە تایبەتمەندییە گرینگەکانی شێعری نالی ئەدات؛ واتە ڕوو هەڵچەرخان لە ناسکی و نەرم و نیان بوون – وەک تایبەتمەندیی زمانیی بەرچاوی قوتابخانەی گوران – و بەپێچەوانەوە ڕووکردن لە زمانێکی فاخیر و شکۆدار.

لە شوێنێکی تردا باس لەوە ئەکات کە نالی چۆن ئەم شکۆ و هەیمەنەیەی تەنانەت بۆ شێعرە دڵدارانەکانیشی گواستووەتەوە : « لەلای نالی تەنانەت لە شێعری دڵداریش دا ئەم ڕیتمە توندە و ئەم ڕەنگ و بۆنە حەماسەئاسایە هەر دەمێنێ.» (ل ۳۰) یان تەنانەت لە شێعرێک کە تێیدا « جنێو بە نەیار و ناحەزان یش ئەدات، خوێنەر هەستی فاخیر بوونی زمان لەکیس نادات.»( ل۳۲ ) یان لە هۆنینەوەی شێعرگەلێک کە بابەتێکی ئاسایی کەم نرخیان هەیە. ( وەک پارچە شێعری “کەر” ل ۴۱)

دواییش لە لاپەڕەی ۵۵ دا سازدەرەکانی تایبەتمەندیی شکۆی زمان دیاری ئەکات؛ بەواتایەک تایبەتمەندییەکانی ئەم زمانە پڕ هەیمەنە و شکۆدارەی کە لە شێعرەکانی نالی دا باسی کردووە، بۆ خوێنەر ڕوون ئەکاتەوە.

هەروا کە دیارە، نووسەر بە هێنانی شرۆڤەگەلێک سەبارەت بە جۆری ڕووبەڕوو بوونەوەی نالی لەگەڵ چەمکی زمان دا بەو بڕیارەمان ئەگەیەنێت کە بەهۆی توانای شاعیر، لە هەڵسووکەوتێکی ئاگایانە لەگەڵ زماندا، شێوازێکی نوێ لە جۆری بەکارهێنانی زمان لەلایەن شاعیرەوە وەدەرئەکەوێت. «نالی پیاوی داهێنانە دژوارەکان و شاعیری دەرفەتە نەقۆزراوەکان بووە. » ( ل ۲۹۵)

ئەم باسە لێرەدا کۆتایی نایێت و لە بەشەکانی تری کتێبەکەدا، شیکاری و لێکدانەوەی لەسەر کراوە.

۱-۲) چۆنیەتی بەکارهێنانی زمان لە پرۆسەی لێكدانەوە و شرۆڤەی شێعرەکانی نالی و بەگشتی نووسینی کتێبی ” ئافاقی شێعری نالی”لەلایەن توێژەرەوە:
بێگومان دەقی شێعری نالی پوتانسیێلی ئەوەی هەیە کە لە چەندین لایەنی بووتیقاییەوە بخوێندرێتەوە؛ دەقێکی چەند ڕەهەند و داینامیک؛ پڕلە وزە و بزاڤێکی حاشاهەڵنەگر. دیارە دەقێکی ئاوا چێژێکی جوانیناسانەی تایبەتی لەناخی خۆیدا حەشارداوە کە کاتی خوێندنەوە بە خوێنەری ئەبەخشێ. با ئەمەش لەبیر نەکەین کە گرینگترین تایبەتمەندیی دەقێکی سەرکەوتوو و داهێنەر، کەڵک وەرگرتن لە توانا شاردراو و پەسیڤەکانی زمانە کە تا ئەوکات کەس – بەو شێوە – دەستی بۆ نەبردوون. جا ئێستا کاتێک ڕەخنەگر و توێژەری دەقێکی ئاوا توانای ئەوەی هەبێت بە بەکارهێنانی شارەزایانەی زمان لە پرۆسەی نووسین دا بارێکی جوانیناسانەی دووانی (مضاعف) به دەقی خۆی ببەخشێت، بێگومان چێژێکی دووقاتیش پێشکەش بە خوێنەر ئەکات. دیارە خوێنەر بۆ خوێندنەوەی دەقی توێژینەوەیی ئاوەها، واتای واقیعی «ئورگاسمی چێژ»ی “بارت” ئەزموون ئەکات. لەم کتێبەدا ئێمە لەگەڵ دەقێکا ڕووبەڕووین کە بە زمانێکی ساکار و دوور لە هەر پێچ و پڵووچێکی زمانی، خوێنەر بۆلای خۆی ڕائەکێشێت. جگه لەمە لە زۆر جێگا و شوێن دا زمانی دەقەکە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی جوانیناسانە بەخۆ ئەگرێت کە مەیل و شەوقی خوێنەر بۆ خوێندنەوە زۆرتر ئەکات و لەگەڵ ئاگاییەکی توێژەرانە کە بە خوێنەری ئەبەخشێت، هاوکات لە چێژێکی جوانیناسانەش دا بەشداری ئەکات. بۆ ڕوون تر بوونەوەی باسەکە بە خێرایی ئاماژە بە چەن جێگای کتێبە کە ئەکرێت کە ئەو هەستیاری و حەساسیەتەی کە لە هەڵبژاردنی وشە و ڕستە و بەگشتی زمانی شرۆڤە و ڕاڤەی کتێبەکەدا – بە پێی پێویستی بابەتەکە – بەکار هاتووە، زۆرتر نیشان بدرێت. بۆ نموونە :

» نالی وەدەنگ هێنی شکۆی زمانە، شکۆیەک کە ڕەنگە هەتا سەردەمانێک وەکوو وزەیەکی شاردراوە لەناو زمان دا مابێتەوە و چاوەڕێی توانستێکی گەورە بووبێ کە بەربەست و لەمپەری لە پێش لاببا و بهێڵێ بەشێک لە وزەی کۆکراوەی بتەقێتەوە و بکەوێتە گەڕ.» (ل ۲۶)

یان : « کاتێک باسی ڕەنگ وبۆنی حەماسەئاسا دەکەین مەبەستمان لە حەماسەی عەگیدی و جوامێری و شەڕ و پێکدادان نییە، بەڵکوو داکۆکیمان لەسەر حەماسەی شۆڕشی زمان و ئازاد کردنی وزەی نووستووی کەلامە.» (ل ۳۰)یان لە جێگایەک تردا سەبارەت بەم بەیتە: « عیشقت کە مەجازی بێ، خواهیش مەکە ئیلا کچ / شیرن کچ و لەیلا کچ و سەلما کچ و عەزرا کچ » ڕاڤەیەکی جوانمان لە بەردەست دائەنێت :» شاعیر لە نیوبەیتی دووەم دا خەریکە ڕەهێڵەیەک لە تەعبیرەکان ساز دەکا. ڕاستە دەیەوێ وەسفی « کچ» و «خۆشەویستی کچ» بکا، بەڵام بە ڕیتمێکی بە غوڕڕەم و ڕەهێڵەئاسا خەریکە ئەم وەسفە دەکا( شیرن کچ و لەیلا کچ و سەلما کچ و عەزرا کچ) هەتا کۆتایی ئەم شێعرە ئەم دەربڕینە لێزمەئاسایە ناوەستێ و جبەخانەیەک لە تەعبیرات و وێچوواندن و وەسفی بێوچان و بەسەریەک دا کەڵەکەکراو بەدوای یەکدا دێن.» ( ل ۳۱) – کە هەڵبەت لەوانەیە ڕاڤەی بەیتەکە لە خودی بەیتەکە زۆر بەهێزتر و جوان تر بێت !

یان لە لاپەڕەی ۴۲ دا ئەڵێت : « کورد دەڵێ تۆز لە قوڕ هەڵناستێ. نالی تەپ و تۆزێکی لە قوڕ هەستاندووە تێی دا چاو چاو نابینێ.»

یان ل ۱۰۹: « جاری وایە لە بەیتێک دا دوو وێنەی نەخشاندووە. واتە وا نییە هەر تاقە تابلۆیەکی کێشابێتەوە و لە بەردەم بینەری ڕانابێ، بەڵکوو گالێرییەکی ئەدەبیی پڕ لە تابلۆی ئەفسووناوی لەبەر چاوی خوێنەر و بینەر ئافراندووە.»

یان ل ۱۱۲ : «… بەچی دیارە دوای برووسکەی وێک کەوتنی ئەم دوو وشە هاوئاهەنگە ئیتر لێشاوی تەعبیر و وشە و وێنەکان بەدوای ئەم لێک هاتنەوەیەدا نەهاتبن؟»

یان ل ۱۸۹ : «خوێندەواری کوردی ئەودەم کە بە زمانێکی غەیری زمانی دایکی خۆی خوێندوویە و نووسیویە ژین جیهانێکی دیکەی ئەزموون کردووە. گۆڕینی زمانی نووسین و خوێندنەوە تێکەڵ بووە لەگەڵ کۆمەڵە ئەزموونێکی زۆر قووڵی ئەگزیستانسییەلی وەک گۆڕینی گۆشەنیگا، گۆڕینی ژین جیهان و گۆڕینی هەست و سۆز دەرحەق بە دیاردەکانی جیهانی دەوروبەر و گۆڕینی جیهان بینی.»

یان ل ۱۹۳ : «ئه‌م بەرهەمانە هێشتا سنووری هەستێکی تاکەکەسیان تێ نەپەڕاندووە و لەناو دەق دا داڕشتن و ڕوخساربەندییەکی ئەوتۆیان نەڕەخساندووە کە هەستەکە بکەن بە هی خوێنەریش.»

یان : «وشەی لە چەشنی «من» و «خود» لەم وشانەن کە لە پانتایی سیمبۆلیک دا و بە سیحرێک لە ئان و سات دا هەوری بگۆڕ و بزۆزی شوناس یان هەوێنی دەستەمۆ دەکەن و وێنەیەکی لێ دەکێشن و بە ئەوانی دیکەی نیشان دەدەن و دەڵێن ئەوە «من» م. وەک ئەوەی «خود» بەسەر هەزار پنتی جۆراوجۆردا بڵاو بێ و وشەی «من» بە سیحرێکی تایبەتی و وەک مێگناتیسێکی بەهێز، بۆ ساتێک هەموو ئەو هەزار پنتە بڵاوە لە ناوەندێک دا کۆ بکاتەوە و شوناسێکی تایبەتی پێ بدا و بیچم و شێوەیەکی تایبەت بۆ ئەم شوناسە دەستەمۆ بکا.» (ل ۱۹۸)

ڕاستییەکەی ئەوەیە هەڵبژاردنی ئەم نموونانە لە کتێبی “ئافاقی شێعری نالی” دا کارێکی ئاستەمە بەهۆی ئەوەی، کاتێک خوێنەر تێکستی ئەم کتێبە ئەخوێنێتەوە هەست بە جوانیناسی و چێژێکی هونەری تایبەت ئەکات ، قەڵەمی توانای نووسەر وای کردووە کە لە زۆر شوێندا، دەقی کتێبەکە شێوازێکی شاعیرانە و پڕهەست لە خۆ ئەگرێت، جۆرێک کە خوێنەر چێژێکی دووقات – کە پێشتریش ئاماژە کرا- ئەزموون ئەکات. بەتایبەت یەکێک لەو بەشانە کە بەبڕوای من، جوانیناسییەکی زۆر لە دەقەکەی دا بەرچاو ئەکەوێت، بەشی هەشتەمی کتێبەکەیە : « شێعری نالی منی دوو کەرت » هەربۆیەش دیاری کردنی یەک یا چەند نموونە لەوانەیە غەدر بێت دەرحەق بە بەشەکانی تر و خۆم لە قەرەی نادەم و خوێنەر بۆ بردنی چێژێکی تایبەت بە خوێندنەوەی تەواوی ئەم بەشە ئەسپێرم.

لێرەدا ئاماژە بە چەن شوێنی تری کتێبەکە ئەدەین کە هەر لەم ڕوانگەوە جێی تێڕامانە، وەکوو نموونە : لاپەڕەی ۲۶۵ : « ئەگەر لە کاتی مەرگ دا سەدان کەسیش لەلای ئێمە بن، دیسان ساتەکانی بەر لە مەرگ، ئێمە پڕ دەکا لە خۆمان. ئەوەندەی مرۆڤ لەکاتی مەرگ دا لە خۆی پڕ دەبێ لە هیچ کاتێکی دیکە ئەوەندە لە خۆی پڕ نییە. مەرگ بریتی یە لە ئەزموونی بەتاڵ بوونەوەی زەڕڕە بە زەڕڕەمان لە هەموو ئەم پڕاییە.»

یان لاپەڕەی ۲۶۹ : «سیمای غەزالی، سیمایەکی خەمین و دڵخورت و بە پەرۆشە؛ دڵخورت و بەپەرۆشی ڕزگاریی دوایی. سیمای مەولانا سیمای بڕوادارێکی ئەویندار و کەیف خۆشە؛ کەسێک کە هیوای بە دلۆڤانی خودا زاری شیرن کردووە و وە سەمایەکی بەختیارانەی خستووە.»

یان لاپەڕەی ۲۸۳ : « بۆ ئەو کەسەی بڕوای بە بابەتی پیرۆز هەیە، هەرێمی دەرکەوتن و ئیشڕاقی بابەتی پیرۆز هەرێمی بێ دەنگ بوون و بێ ڕەنگ بوون و بێ هەست و خوست بوونە نەک هەرێمی بزاڤ و خۆ ڕاپسکاندن و سەرەڕۆیی.»

یان لاپەڕەی ۲۹۳ : «ئەگەر کەسێک ئاگاداری ئەدەبی عەڕەبی و فارسی نەبێ و گوێ بۆ شیعری شاعیرانێکی کوردی وەک جزیری و نالی ڕادێرێ، کێشی شێعرەکانیان وەها سوار و زمان و دەربڕینیان وەها پڕ جووڵە و چەندتوێژ دەبینێ و دەبیسێ کە ڕەنگە پێی وابێ عەرووز هەر لە سەرەتاوە لە هەناوی شێعری کوردییەوە سەری هەڵداوە و کرێکی چنراوی دەستی شاعیرانی زمان پاراوی کورد بووە.»

یان لاپەڕەی ۲۹۴ و ۲۹۵ : « شێعری عەرووزی ئەو پتانسیێلەی هەیە ئەگەر شاعیرێکی هەڵکەوتەی وەک نالی ویستی تێیدا هەڵسووڕێ، بتوانێ پتانسیێلە هەڵنەهێنجراوەکانی زمان هەڵبهێنجێ و زۆر لووتکەی دەست بەسەردانەگیراوبشکێنێ. نالی پیاوی داهێنانە دژوارەکان و شاعیری دەرفەتە نەقۆزراوەکان بووە.»

بێگومان دیاری کردنی ئەم چەند جێگا وەکوو نموونە بۆ بابەتێکی ئاوا بە مانای ئەوە نییە بەشەکانی تری کتێبەکە لەم تایبەتمەندییەی کە باسمان کرد بێبەرین، بەپێچەوانەوە بەبڕوای نووسەری ئەم دێڕانە بەشی زۆری دەقی کتێبەکە، ئەم تایبەتمەندییەی لەخۆ گرتووە و لە زۆر جێگا چێژێکی تایبەت بە خوێنەر ئەبەخشێت.

(۲ کەشفی تازە لە دڵی شێعری نالی دا :

• کتێبی “ئافاقی شێعری نالی” لە ۱۰ بەش پێکهاتووە. نووسەر لە هەر بەشێک دا، بە گوێرەی باسێک که پێشکەشی ئەکات و شێعرگەلێک کە ئەیخاتە بەر تیشکی ڕەخنە و دواتریش شرۆڤە و شیکاریان لەسەر ئەکات، سەرەتا بە هێنانەوەی پێشەکییەک، شیکارییەکی باشی زانستی دێنێتە ئاراوە، دواییش لێکدانەوەی شێعرەکانی لەسەر بنەمای ئەو پێشەکییە دەست پێ دەکات و لە ئاکامی ئەم پرۆسەیەش دا – زۆرجار – بە کەشفێکی نوێ لە دڵی شێعرەکانی نالیدا ئەگات و ئەو کەشفە لە بەرامبەر خوێنەر دائەنێت. بۆ ڕوون تر بوونەوەی باسەکە ئاماژە بە چەن بەش لەم کتێبە ئەکرێت :

(۲-۱ لە بەشی ” دابەزین لە نەردیوانی وجوود” ، لاپەڕەی ۴۴ دا ، نووسەر، باسەکە بە پێشەکییەک سەبارەت بە دوو قوتابخانەی فەلسەفی ڕۆژهەڵات : قوتابخانەی مەششا و ئیشراق دەست پێ دەکات؛ سەرەتا کورتە شرۆڤەیەک سەبارەت بەو دوو قوتابخانەیە باس دەکات، بەتایبەت یەکێ لە گرینگترین بنەماکانی ئەپیستمۆلۆژیک – ئانتۆلۆژیکی ئەو دوو قوتابخانەیە ئەخاتە ڕوو کە بریتیە لە چینەکانی بوون ناسی کە ئەکرێ وەکوو یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو دوو قوتابخانەیە چاوی لێ بکرێ.

نووسەر سەرەتا باس لەوە دەکات کە لە قوتابخانەی ئیشڕاق دا بە نیسبەت قوتابخانەی مەششا چینێک بە چینەکانی بوون ناسی زیاد بووە ( ل ۶-۴۵) کە وەکوو جیهانێکی « مام ناوەند » – کە بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی جیهانی مادەی هەبووە و بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی جیهانی فریشتەکان – دەست نیشان ئەکرێ.

ئەم ڕوون کردنەوەیە لە ئاکامدا بەم دێڕانە ئەگات کە : « قسەی ئێمە ئەوەیە ئەگەر فیلسووفانی ئیشڕاق بنەمای تیۆریی بیرۆکەی جیهانی مام ناوەندیی میسالیان داڕشت، شاعیران بە شێوەی کردەکی ئەو دنیایەیان چەسپاند. واتە لە شێعرەکانیان دا کاتێک وەسفی شتێکی مادییان دەکرد، ئەو شتەیان لە پێش زەمینە ماتریاڵەکەی خۆی هەڵدەقەند و دەیانبرد بۆ جیهانێکی ئەوپەڕ مادە. بەم کارەشیان هەم بەشێک لە تایبەتمەندییە مادییەکانیان دەپاراست هەم وەسفێکی میسالی و ئەوپەڕ مادیشیان پێ دەدان. ئەوەی ئێمە پێوەین نیشانی بدەین ئەوەیە کە شاعیرانی نەریتی چ لە ئەدەبی کوردی دا چ لە ئەدەبی عەڕەبی و فارسیدا بە کردەوە ئیشڕاقی بوون. واتە ئەگەر وەسفی شتێکی مادیشیان دەکرد سەرەتا شتەکەیان پلەیەک یان چینێک لە جیهانی بوون دا دەبردە سەرتر ئینجا وەسفیان دەکرد.» (ل۴۷)

بەڵام لە هەموو ئەمانە گرینگ تر ئەوەیە کە نووسەر بە هێنانەوەی ئەم پێشەکییە ئەیەوێت بەم ئاکامە گرینگە بگات : «نالی لە ئەدەبی کوردی دا هەوڵی دا ڕەوتێک دەست پێ بکات کە پێچەوانەی ئەم ڕەوتە بوو؛ واتە هەوڵ بدا ئەوەندەی بۆی دەگونجێ دیاردە مادییەکان بهێنێتە ناو جیهانی مادە و کەمتر وەکوو بوونەوەری میسالی تەماشایان بکا بەڵکوو زیاتر وەک بوونەوەری مادی لێیان بڕوانێ.» (ل۴۷) دواتریش بە هێنانی قەسیدەی “حوجرە” باسەکە پەرە پێ ئەدات و شرۆڤەی زۆرتری لەسەر ئەکات :«لەم قەسیدەیەی نالی دا خودی بابەتەکە، بابەتێکی مادی ئەوتۆیە کە کەمتر بیری شاعیر بۆ ئەوە چووە بیکا بە بابەتی وەسفێکی شاعیرانە. حوجرەی فەقییەک، ئەویش حوجرەیەکی کۆنی ئەوتۆ کە مرۆڤ نە لە سەرما دەپارێزێ و نە لە گەرما…. هونەری گەورەی نالی بەخشینی شکۆی زمانی بە شتێکە کە عادەتەن هیچ شکۆیەکی تێ دا بەدی ناکرێ.» ( ل۵۳)

دواییش هەر لەم بەشەدا بە یارمەتی گرتن لە ئەندێشەکانی ” کارل پۆپەر” باسەکە بەرەو ئاقارێکی تر ئەبات و لە ژێر سێبەری چەمکێکی ڕەخنە و ئەدەب(ی نوێ) باسی سەرنج ڕاکێشی «ئەوپەڕ شێعر» لە شێعری نالی دا ئەخاتە ڕوو : « لە ڕەخنەی ئەدەبی نوێ دا ئەو چیرۆکانەی، بابەتەکەیان خودی چیرۆکە پێیان دەڵێن : ” ئەوپەڕ چیرۆک” » ( ل ۵۹) «لە شێعریش دا بابەتی هەندێک شێعر خودی شێعرە، وەک ئەو شیعرانەی نالی…» (ل ۶۰) «… ئەوەی لەم شێعرانەی نالی و شێعری شاعیرانی دیکەدا بەرچاو دەکەوێ بە بەراورد لەگەڵ زاراوەی «ئەوپەڕ چیرۆک»، «ئەوپەڕ شێعر» ە. ئەوپەڕ شێعر ئەو شێعرەیە باسی خودی شێعر دەکا. مەرج لە ئەوپەڕشێعردا ئەوەیە لە خودی شێعردا باسی شێعر بکرێ. واتە شێعر لە سنووری نێوان شێعر و ڕەخنەی ئەدەبی دا بخوڵقێ. زۆر شاعیر باسی شێعریان کردووە، بەڵام لە دەرەوەی شیعردا. ئەوانە ڕەخنەی ئەدەبی یان لێکۆڵینەوەی ئەدەبین، ئەوپەڕ شێعر نین.» ( ل ۶۳) جێی ئاماژەیە لە بەشی سێیەم ( ” تێپەڕاندن لە بووتیقای شێعریی باو” ) دا، بە هێنانی نموونە شێعرێک لە نالی ئەم بابەتە لە شێعری ئەم شاعیرەدا ئەسەلمێنێت :»…. ئەم سێ بەیتەی دوایی ئەوپەڕ شێعرە… واتە نالی بە سیفەتی خودی نووسەری دەقەکە واتە ” نالی “دێتە ناو دەقەکە و ئاڕاستەی دەقەکە بەرەو لایەکی تر دەبات. ئەگەر شێوەیەکی ئەوپەڕ چیرۆک بریتی بێ لە خۆ ئاشکرا کردنی خودی نووسەر لەناو دەق دا، ئەم وەدەنگ هاتنەی نالی ئەوپەڕ چیرۆکە. یان چونکە لەناو شێعردایە و باسی شێعرێک دەکا کە شیاوی نووسینەوە بێ ئەوپەڕ شێعرە.» ( ل ۱۱۱ )

با ئاماژە بەوەش بدەین کە هەر لە بەشی “دابەزین لە نەردیوانی وجوود “لە ڵاپەرەی ۶۶ دا بە سەرنج دان بە بابەتی چییەتی و چۆنیەتی دەقی ئەدەبی لە پێشوودا، جیاوازی ئەو جۆرە ڕوانینە بۆ دەق و ئەم شێوە نویێە ئەخاتە ڕوو.

لە درێژەش دا بە ئاماژە بەوەی کە شێعری ” ئەحوەلی تەفرەقە نەزەر”ی نالی «یەکێک لە فەلسەفی ترین و جیدی ترین شێعرەکانی نالی یە» باس لە تیۆلۆژیک بوونی شێعرەکە ئەکات کە نالی بە شێوەیەکی داهێنەرانە ، « خەریکە لە ئاستی بیرمەندێکی ئەشعەری، هەڵوێستێکی جیدی لەمەڕ بابەتێکی تیۆلۆژیک دەگرێ و هەڵوێستێکی تیۆلۆژیکی دیکە ڕەت دەکاتەوە.» ( ل ۶۸)

دواییش بە پەرەپێدانی باسەکە و هێنانی وێنەی شێعری لە نالی جەخت لەسەر خود ئیڕجاع بوونی شێعری نالی ئەکا. ( لاپەرەکانی ۷۲ – ۷۰)

پێویستە خوێنەری ” ئافاقی شێعری نالی” لە چەند جێگادا ئاوڕێکی زۆر تایبەت لە لێکدانەوەکان باتەوە، لەوانە لاپەرەکانی ۷۳-۶۳ کە بە کورتی باسمان کرد. لەم لاپەڕانەدا نووسەر دوای ئەو باسانەی کە ئەیخاتە ڕوو، بە وردبینییەکی زۆر، ئاکامێکی تری گرینگ لەبەردەست خوێنەر دائەنێت؛ واتە بە کەڵک وەرگرتن لە بۆچوونێکی بارت، خاڵێکی گرینگ لە شێعرەکانی نالی دا ڕوون ئەکاتەوە : « نالی لە قەسیدەی “خەونی مەستووره” دا ئالەتی جینسی پیاوانە بە « مەتنی حوکەما» و «بەستی ئودەبا» ئەشوبهێنێت….یەکێک لە دەلالەتەکانی ئەم شوبهاندنە هەڵگرتنی سنووری نێوان دوو هەرێمی “ئەدەبیات” و “چێژی ئێرۆتیک”ە. تێکەڵ کردنی ئاشکرای ئەم دوو هەرێمە لە ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبیی نوێ دا زۆر دوای نالی لە ڕەخنەی ئەدەبیی ڕۆژئاوایی دا قسەی لەسەر کرا و تێوریزە کرا.» ( ل ۷۳)

۲-۲) با بگەڕێینەوە سەر بەشی سێیەمی کتێبەکە: “تێپەڕاندن لە بووتیقای شێعریی باو”. لەم بەشەدا نووسەر بە ئاماژەیەک بە بووتیقای نەریتی، وەکوو مودێلێکی گشتی بۆ خوێندنەوەی شێعری نەریتی و لە هەمان کاتدا نیشان دانی ڕێگەهایەک بۆ تێپەڕبوون لەو ئاستە و خوێندنەوە بە ئاڕاستەیەکی نوێ، چەند خاڵی گرینگمان سەبارەت بە یەک دوو شێعری باس هەڵگر و کێشەخوڵقێنی نالی بۆ ڕوون ئەکاتەوە؛ لەوانە: بە هێنانی پێشەکی و دواییش نموونەیەک لە ئەدەبی نەریتی ( فارس)، باس لەوەدەکات کە شێعری نالی ئەو پوتانسیێلەی هەیە کە بە شێوەیەکی نوێ خوێندنەوەی لەسەر بکرێت و هەر لە درێژەی ئەم بابەتە و لەسەر ئەساسی ئەم خوێندنەوە نوێیە، چەند تێبینی سەرنج ڕاکێشمان سەبارەت بە ئەپیستمەی نالی لە بەردەست دائەنێت :

» (۲-۲-۱ سەرنجدان بە پێوەندی نێوان چەمکە دژەکان و شتە ناتەباکان یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە بەرچاوەکانی شێعری نالی یە.» (ل ۹۳) پێویستە ئاماژەیەک بە بەشی چواری کتێبەکە: ” خوێندنەوەی شێعری نالی بە پێوەری چیرۆکی سیمبولیک” بدەین کە پێوەندی هەر بەم بابەتەوە هەیە کە باسمان کرد. لەم بەشەدا نووسەر بە تێر و تەسەلی بە هێنانەوەی پێشەکییەکی جوان و وردبینانە سەبارەت بە دەقی تەمسیلی و هێمایی و شیکارییەکی باش لەو بارەوە وە هەروەها ئاماژە بە شیعر و ئەندێشەی” مەولانای ڕۆمی” و چەند بیرمەندی تر و دووبارە جەخت کردنەوە لەسەر ڕوانینی دیالێکتیکی نالی ئەو بڕیارە ئەدات کە دەقی شێعری ئەم شاعیرە لە بڕێ جێگەدا پوتانسیێلی سیمبۆلیک بوونی خۆی دیار ئەخات. و هەر لە ڕەوتی ئەم شیکاری و لێکدانەوەدا دووبارە بەشێوەیەکی تر ئەسەلمێنێت کە دەقی نالی لە بڕێ جێگەیشدا ئێمە لەگەڵ ناتەبایی و جیهانێکی دیالێکتیکدا ڕووبەڕوو ئەکاتەوە و بەم شێوەیە بەشێک لە بنەمای جیهانبینی و ئەپیستمۆلۆژی ئەو شاعیرە بە فەکتەوە دیاری ئەکات. با ئاماژە بە تێبینییەکی تری پێوەندیدار بەم بابەتە – لە بەشێکی تری کتێبەکەدا – بدەین کە: ئەگەری ئەوە هەیە، لە خوێندنەوەی نەریتی شێعری نالی دا ئێمە لەگەڵ بڕیارێکی ڕواڵەتی لە ئاستی وشە و ڕووکارەوە – وەکوو سەنعەتی ئەدەبیی تەزاد – ڕووبەڕوو بووینەوە کە بێگومان تەنیا بڕیارێکی ڕواڵەتییە لەمبارەوە : (لاپەڕەکانی ۱۴۲-۱۳۹) هەڵبەت هەموو ئەم خاڵانەی باس کرا، لە ئاکامدا کورت ئەکرێتەوە لەم چەن ڕستەیەدا : « نالی زیاتر و قووڵ تر لە هەر شاعیرێکی نەریتی تر، ڕوانینێکی دیالێکتیکی بۆ جیهانی دەوروبەری خۆی و بەگشتی بۆ گەردوون هەیە. ڕوانینی دیالێکتیکی ڕوانینێکە کە تەنانەت لە هەناوی شتە بە ڕواڵەت نەگۆڕ و ڕاوەستاوەکانیش دا، گۆڕانکاری و ناتەبایی و پەڕینەوە لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی دیکە دەبینێ.» ( ل ۱۳۷) پێویستە سەبارەت بەم باسە ئاماژە بە جێگایەکی تری کتێبەکەش بدەین؛ کاتێک باس لەسەر فوڕمی شیعر و بەتایبەت فورمی جەدەلی و تایبەتمەندیی زاڵی ئەو فورمە واتە کێشە و ناتەبایی – بەتایبەت لەم بەیتەی نالی دا:”حەرەکاتم سەکەنات و سەکەناتم حەرەکات/چوستە سستی، قەوی یە زیعف و سەریعە کەسەلم- ئەکات : « ئه‌م فۆڕمە فۆڕمێکی جەدەلی یە… دەبینین لەم شێعرەدا… بەگشتی دوو دیاردەی ناتەبا بەدژی یەک ڕادەوەستن. ڕەنگە بڵێین ئەم ناتەباییە بەم شێوە ئاشکرایە هەر بەتەنیا لەم چەند شێعرەدا دەبیندرێ. ئەوە ڕاستە بەڵام لە زۆربەی هەرە زۆری شێعری نالی دا ئەگەر چەمکێکیش لەبەرانبەر چەمکێکی دیکەدا ڕاناوەستێ، لە ئاستێکی سەرتردا توێژێکی مانایی لەبەرانبەر توێژێکی مانایی تردا ڕادەوەستێ. ئەگەر ئەوەش نەبێ تێکچندراوی و دژواری شێعری نالی وادەکات تایبەتمەندیی جەدەلیی شێعرەکە بگوازرێتەوە بۆ ناو زەینی خوێنەر و خوێنەر بۆ هەڵهێنجانی مانایەکی ڕێتێچوو، لە زەینی خۆی دا بکەوێتە مشت و مڕێکی قورس.» ( لاپەرەکانی ۳۰۲ و ۳۰۳)

۲-۲-۲) خودئیڕجاع بوونی شێعری نالی – که پێشتریش ئاماژەی پێکرا (لاپەڕەکانی ۷۰-۷۲)– یەکێک لە گرینگترین تێبینی گەلە سەبارەت بە شێعری نالی. ئینجا ئەگەر ئەو خود ئیڕجاع بوونە توانیبێتی سنووری دەقێکی خود ئیڕجاع بەرەو چەند ئیڕجاع بوون ببەزێنێ، ئەوە شێعرێکی سەرکەوتووە. نووسەری ” ئافاقی شێعری نالی” لەم بەشەدا بە پەرەپێدان بە باسەکە ئەو خەسڵەتەی بڕێک لە شێعرەکانی نالی مان بۆ دەرئەخات : « لە ئەدەبی کلاسیکی کوردی دا هیچ دەقێک ئەوەندەی شێعری نالی بۆ ئەم چەشنە خوێندنەوە خود ئیڕجاعە لەبار نییە، بەڵام هیچ دەقێکیش ئەوەندەی دەقی نالی ئەم تایبەتمەندییەی خۆی نایشارێتەوە. هۆیەکەی ئەوەیە زۆربەی شێعرەکانی نالی سیستمێکی دوو ئیڕجاع یان هەیە.واتە بەڕواڵەت ئیڕجاعیان بۆ دەرەوەیە؛ هەڵبەت ئیڕجاعیان بۆ دەرەوەش هەر لە ئاستێکی جوان و داهێنەرانەدایە. بەڵام ئیڕجاع یان چەندین ئیڕجاعی شاردراوەی ناوەکیشیان هەیە…» ( ل ۹۷) ( بڕوانە لاپەرەکان۱۰۲ و ۱۰۳)

( ۲-۲-۳ نووسەری “ئافاقی شێعری نالی” لە لێکدانەوەی ” قەسیدەی مەستووره” دا ئاماژە بە چەند خاڵی گرینگ و سەرنج ڕاکێش ئەدات:
یه‌کێک لە تێبینی گەلی گرینگی سەبارەت بە قەسیدەی مەستووره لەسەر کاراکتێری ” ژن” ی ئەو قەسیدەیە خستووەتە ڕوو، بەم شێوە کە سێ تایبەتمەندی بۆ دیاری ئەکات؛ یەک : داپۆشراو بوونی ئەو کاراکتێرە، کە بە هێنانی پێشەکییەک سەبارەت بە چوار بابەتی ” ڕاز”، ” سێڕ”، ” مەسئەلە” و ” مەتەڵ” و باس کردن لە تایبەتمەندییەکان و جیاوازییەکانیان بە جەخت لەسەر بابەتی ” سێڕ” شیکارییەک لەسەر شێعرەکە و هەروەها کاراکتێرە ژنەکە ئەخاتە ڕوو. ( بڕوانە ل ۱۰۷)

دوو : ئەدیب بوونی ئەو کاراکتێرە : «ئه‌م کاراکتێرە بە درێژایی سی و دوو بەیت کەڵک لە زۆر تەعبیری بەرزی ئەدەبی وەردەگرێ. مەنتیقی پەروەردە کردنی کەسایەتی داخوازیی ئەمە دەکات ئەو کەسەی ئەم تەعبیرە بەرزە ئەدەبییانە بەکار دەهێنێ خۆی کەسێکی ئەدیب بێ.» ( ل ۱۰۸)

سێ : جوان بوونی ئەو کاراکتێرە : « لەم شێعرەدا مەجازی پاژ بە گشت بەکار هێنراوە. واتە بۆ نیشاندانی ئەوپەڕی جوانی کەسێک، هەر بە تەنیا گۆشەیەک لە جوانییەکەی وێنا کراوە، هەتا خوێنەر خۆی جوانیی ئەندامەکانی دیکە بهێنێتە بەرچاوی خۆی.» ( ل ۱۰۹)

کە دوای ئەم لێکدانەوە و شرۆڤانە چەند ئەنجامی سەرنج ڕاکێش لەبەر چاوی خوێنەر وێنا ئەکات : «هیچ دوور نییە سەرەتای بیرۆکەی داهێنانی قەسیدەی شاکاری خەونی مەستوورە لە زەینی نالی دا لێک هاتنەوەی دوو دەستەواژەی ” مەستووره” و ” ئەم ئەستوورە” بێ. بەچی دیارە دوای برووسکەی وێک کەوتنی ئەم دوو وشە هاوئاهەنگە ئیتر لێشاوی تەعبیر و وشە و وێنەکان بەدوای ئەم لێک هاتنەوەیەدا نەهاتبن ؟» ( ل ۱۱۲) « کە وابوو با هێندە لەناو ئەم شێعرەدا بەدوای سێبەری ماە شەرەف خانمی ئەردەڵان دا نەگەڕێین و بەر لەوەی وەکوو بەڵگەیەکی مێژوویی بۆ کێشەی نێوان بابان و ئەردەڵان چاو لەم شێعرە بکەین، وەکوو دەقێکی ئەدەبی کە داخوازیی تایبەت بە خۆی هەیە چاوی لێبکەین. ئەم ئاڕاستەیە لە مەنتیقی خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی نزیک ترە.» ( ل ۱۱۳)

یەکێک تر لەو ئەنجامە گرینگانە کە نووسەر باسی ئەکات ئەمەیە: «نالی بە قەسیدەی ” خەونی مەستووره ” ڕێچکەیەکی دامەزراند. شاعیرانێکی وەک وەفایی سابڵاغی و میسباحودیوانی ئەدەب بەم شێوازە شیعریان هەیە و شێعری شێخ ڕەزای تاڵەبانیش بەگشتی دەکرێ بە شێوەیەکی کراوەتر و ڕووهەڵماڵاوانەتری شێوازی نالی لەم شێعرەدا ئەژمار بکرێ.» ( ل ۱۱۳) « ڤێرژنێکی ئەوڕۆییشی هەیە. شێرکۆ بێکەس لە دوایین دەفتەری شیعری دا کە بەر لە کۆچی دوایی بەناوی ” خێرا کە مردن خەریکە بگات” بڵاوی کردەوە، پارچە شیعرێکی هەیە بە ناوی ” حەمام”. ئەم شێعرە وەکوو قەسیدەی نالی چیرۆکی ڕووت کردنەوەی خەیاڵیی کچێک لەلایەن کاراکتێری کوڕی ناو شێعرەکەیە کە دەوری دەزگیرانی کچەکە دەگێڕێ.» ( ل ۱۱۵)
۴-۲-۲) یەکێکی تر لەو تێبینییانە کە باسمان کرد بەم شێوەیە ڕوون ئەکاتەوە : «نالی نەک هەر بە کۆی داهێنانە شێعرییەکەی قوتابخانەیەکی لە بەستێنی شیعری کوردی دا دامەزراند بەڵکوو بە هەندێک لە تاک شیعرەکانیشی ڕێچکەی شێوازی نوێی لە شێعری کوردی دا شکاند. بۆ نموونە بە قەسیدەی ” شارەزوور” بناغەی ئەدەبی تاراوگەی لەناو کورددا دانا.» ( ل ۱۱۳)

۳-۲) لە بەشی پێنجەم: ” واقیعی داستانی لە شیعری نالی” دا نووسەر بە جەخت کردنەوە لەسەر چیرۆک بوونی دوو شێعری نالی بە هێنانەوەی پێشەکییەک سەبارەت بە واقیعی داستانی ( ڕۆنراو یا فیکشناڵ) باسەکە گرێ ئەدات بە شی کردنەوەی بابەتی ” واقیعی ڕۆنراو لە شێعری نالی دا” ؛ بە هێنانەوەی باسێک سەبارەت بە جۆرێک نیگارکێشیی نوێ ڕوون کردنەوەیەکی تەواو لەم بارەوە بۆ خوێنەر ئەخاتە ڕوو و لە ئاکامدا بەم ئەنجامە ئەگات کە : « ئەوەی سەرنج ڕاکێشە ئەوەیە کە هاوتەریب لەگەڵ خوڵقانی جیهانێکی مەجازی و واقیعێکی جودا لە واقیعی باو، ڕووداوێکیش لەناو زمان دا ڕوو دەدا، کە ئەگەر ئەم ڕووداوە لەناو زمان دا ڕوو نەدا، ئەم واقیعە تازەیەش بە شێوەی مەجازی دروست نابێ. ئەم دوو ڕووداوە تەواو کەری یەکترن. ڕووداوەکە لەناو زمان دا بریتی یە لە شێوە دەلالەتێکی دەروونی کە بە گوێرەی ئەم سیستەمە بۆ دۆزینەوەی مانای وشە و دەستەواژەکانی شیعرەکە دەبێ لە پێش دا لە ڕایەڵەی دەروونی خودی دەقەکەدا بۆ ماناکانیان بگەڕێین.» ( ل ۱۶۲)
هەروا کە دیارە زۆر جوان و سەرنج ڕاکێش دووبارە بە کەڵک وەرگرتن لە چەمکی زمان بابەتەکە شی ئەکاتەوە و دواییش لەسەر خود ئیڕجاع بوونی شیعری نالی هەم دیسان چڕ ئەبێتەوە.

۲-۴ ) لە بەشی شەشەم: “ڕەگەزی مینیاتۆڕی لە شێعری نالی” دا، نووسەر سەرەتا تایبەتمەندی گەلێک بۆ قەسیدەی ” ئەم تاقمە مومتازە” دیاری ئەکات و دواییش بە شیکارییەک سەبارەت بە شێوازی مینیاتۆڕ لە نیگارکێشی و هەروەها لە ئەدەب دا و بە یارمەتی گرتن لە بابەتی ” ڕەگەزی زاڵ ” – لە ئێلێمانەکانی فورماڵیسم – لێکدانەوەیەک لەسەر قەسیدەی ئەم تاقمە مومتازە ئەخاتە ڕوو : « لەم شێعرەی نالی دا دیاردەکان بەشێوەی مینیاتۆڕی کێشراونەتەوە… لە وێنا کردنی ئەم تاقمەدا ” ناسک بوون” جێگەی هەموو تایبەتمەندییەکانی تری گرتووەتەوە. ئەگەر دوو تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم کوڕانە دەست نیشان بکەین یەکیان جوان بوونیانە و یەکیشیان جەنگاوەر بوونیانە. بەڵام جوان بوونەکەیان بە شێوەیەکی بێ ئەم لاو ئەولا، باڵی بەسەر تایبەتمەندیی جەنگاوەر بوونیان دا کێشاوە.

ئەگەر وەک تابڵۆیەک چاو لەم بەرهەمەی نالی بکەین، خەتی چەماوە ( منحنی) بەشێوەی دیار و نادیار دەستەڵاتی بەسەر هەموو تابلۆکەدا چەسپاندووە.» ( ل ۱۷۵)

خاڵێک کە نووسەر لەم بەشە و لە جێگەی تری کتێبەکەدا تێبینییەکی جێی تێڕامانی لەسەر هەیە، جەخت کردنەوەی لەسەر شکڵی بازنەییە کە بە یارمەتی گرتن لە یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی شێوازی مینیاتۆڕی شیکاری لەسەر ئەکات؛ تایبەتمەندیی هێڵی چەماو لە وێنەی مینیاتۆڕی دا : « ئه‌م شێوە نیگارکێشییە بناغەیەکی متافیزیکیشی هەبووە. لە فەلسەفەی قەدیم دا بڕوا لەسەر ئەمە بوو کە تەواوترین شکڵ، شکڵی بازنەیە کە هەرلەسەر ئەم بنەمایەش پاساوی ئەمە دەدرا کە بۆچی تەنە ئاسمانییەکان خڕن و شکڵی بازنەییان هەیە و ڕێڕەوی جووڵەی خۆیان و بەگشتی ڕەوگەی جووڵەی ئەفلاک هەموویان بازنەیین.

ئەم بڕوایە لە ڕۆژهەڵات دا لە هونەری وەک بیناسازی و نیگارکێشی دا ڕەنگی دابووەوە…» (ل ۱۷۱) « دروست بوونی شارێکی وەکوو هەولێر و مێعماریی گشتی شارەکە لەسەر بناغەی جیهان بینییەکی لەم چەشنە دامەزراوە : شارێکی بازنەیی لە دەوری چەقێک شکڵی گرتووە. ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەم مێعمارییە لە هەولێر زۆر ئاشکرا و بەرچاوە، ئەگینا مێعماری زۆربەی شارە کۆنەکان لەسەر ئەم بنەمایە ساغ بووەتەوە؛ واتە شار لە دەوری چەقێک کە ئەو چەقە ئەتوانێ پەرستگایەک یان مزگەوتێک یان شتێکی لەم چەشنە بێ، شکڵی گرتووە.» ( ل ۱۷۷) ( بڕوانە ل ۲۲۶)

لە ئاکامدا لەم هێڵە چەماوانە بازنەیەک لە بەرانبەر خوێنەر ساز دەبێت کە لەسەر بنەمای ڕوانینێکی متافیزیکی – فەلسەفی – نەریتی، ” من” وەکوو چەقی ئەو بازنەیە ئەتوانین دەست نیشان کەین. لە بەشی دواتری ئەم وتارەدا زۆرتر باس لەم ” من”ە ئەکەین.

۲-۵) لێکدانەوەی چەمکی ” من” لە شێعری نالی دا لە ڕوانگەی نووسەری ” ئافاقی شێعری نالی”.

لە بەشی حەوتەم ” من” ە جیاوازەکانی شێعری نالی”دا نووسەر سەرەتا بە ڕوانینێکی دەروونناسانە – کۆمەڵناسانە باس لە بێژەرێک لە شێعری نالی دا ئەکات کە لە ڕواڵەتی” من”، بەڵام لە سێ شێوازی جیاوازدا دەرئەکەوێت : « لە شێعری نالی دا چەندین “من” ی جۆراوجۆر هەن کە دەنگیان دەبیسترێ. بەگشتی دەتوانین ئاماژە بە سێ ” من”ی شیعری لە پەیڤی نالی دا بکەین. :

ێ : ” من”ی تاکەکەسی

ب :” من” ی بەکۆمەڵ

ج : ” من” وەک کاراکتێرێکی داستانی.» ( ل ۱۸۶)

دیارە چەمکی ” من” لە ژیانی مرۆڤ دا زۆر گرینگە و لە هەموو بوارەکانی ژیان دا ڕۆڵێکی بەرچاو ئەگێڕێت بەتایبەت کاتێک بە یارمەتی زمان ئەم دیاردەیە ئەگوازرێتەوە بۆ ئامێزی نووسین. گرینگی ئەم بابەتە کاتێک زۆرتر بەرچاو ئەکەوێت کە زۆرێک لە زانستە مرۆییەکان ( وەکوو زانستی نوێ ) لەسەر ئەم بابەتە جەخت و لێکدانەوەیان کردووە. لە چەند شوێنی کتێبی ” ئافاقی شێعری نالی”دا ئەبینین نووسەر بە پێی پێویست لە شرۆڤەی شێعرەکان دا لەسەر چەمکی “من” چڕ بووەتەوە و کۆمەڵێک شیکاری و لێکدانەوەی جیاوازی خستووەتە ڕوو : «نالی لە هەندێک شیعری دا باسی ئەزموونە تاکەکەسییەکانی خۆی[ ” من ” ] وەک ” مەلا خدری شارەزووری” دەکا. نالی وەک هەموو مرۆڤێکی دیکە کۆمەڵە هەستیارییەکی تایبەت بە خۆی هەبووە.» (ل ۱۸۶) «ڕەنگە یەکێک لە گرنگترین ئەزموونە تاکەکەسییەکانی نالی کە لە شێعری دا ڕەنگی دابێتەوە، ئەزموونی کوردی نووسینەکەی و شێوازی تایبەتی شێعر نووسینی بێ.» (ل۱۸۷ ) ئەم ڕستەیە ئەتوانێت دەروازەی باسێکی دوور و درێژمان بە سەردا بکاتەوە؛ پێشتر لەسەر گرینگی چەمکی زمان و پێوەندیی لەگەڵ هەوێتی مرۆڤ باسمان کرد.

نووسەر لەم بەشەدا بابەتی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی یا غەیری زمانی دایکی و پێوەندی نووسین و جیهانبینی و… لێک ئەداتەوە و شرۆڤەی لەسەر ئەکات ( بڕوانە لاپەرەکانی ۱۸۸ و ۱۸۹) «گۆڕینی زمانی خوێندن و نووسین، تاقیکردنەوەی شێوازێکی دیکەیە لە بوون.» (ل ۱۸۹) ئەم ڕستەیە ڕێک ئەمانباتە سەر بۆچوونەکەی” هایدگەر ” : « زمان ماڵی بوونە» ئینجا ئەگەر مرۆڤ مەجبوور بە کۆچ لە ماڵی خۆی ببێ و لە ماڵی ” ئەوی دی ” جێگیر ببێت! ئەو ئاوارەیی و بێ خان و مانییە ڕەنگ و بۆنی تەواوی ژینی ئەگۆڕێت و بەپێچەوانەوە ئەگەر وەکوو ” نالی ” لە ماڵی ئەوی دی بگەڕێتەوە سەر ماڵی بوونی خۆی، ئەوەتا « ئه‌م “ئەزموونە وجوودی”یە بەشێوەیەکی چەند قات وەڕاست دەگەڕێ و بە شێوەیەکی سەیر قووڵ ئەبێتەوە. چونکە ئەو پێوەندییە سۆزدارانەیەی ئێمە لەگەڵ زمانی خۆمانمان هەیە لەگەڵ هیچ پێوەندییەکی دیکە لە هیچ زمانێکی دیکەدا بەراورد ناکرێ.» ( ل ۱۹۰)

نووسەر دوایی ڕوونی ئەکاتەوە کە هەر ئەم پێوەندییە سۆزدارانەیە، بە شێوەگەلێک بووەتە هۆی ئەوەی کە : «ئازاری تاکەکەسی خودی شاعیر لە شێعری دا بابەتی کراوە و هەر تاکێکی دیکە غەیری نالیش دەتوانێ بە خویندنەوەی شیعرەکە تەعبیر لە ئازاری تاکەکەسی خۆی بکات.» (ل ۱۹۲) دواییش نووسەر بە کەڵک وەرگرتن لە قسەیەکی ” تی، ئیس، ئەلیۆت” بە دەربڕینی ئەم بڕیارە : « بەگوێرەی تێورییەکەی ئەلیۆت باشترین دەقی ئەدەبی ئەو دەقەیە خوێنەر وا بزانێ نووسەر، قسەی دڵی ئەوی بە شێوەیەکی شارەزایانە نوسیوەتەوە.» ( ل۱۹۴) درێژە بە باسەکەی ئەدات.

لە بەشی دواییش دا بە یارمەتی گرتن لە چەمکی” قوناغی ئاوێنەیی” دەروونناس ” ژاک لاکان” باس لە جێناوی ” من” ئەکات کە چۆن شوناسی پەرژ و بڵاو یەکپارچە ئەکات؟ و بەم شێوەیە چەمکی “من” و شێوەی کەڵک وەرگرتن لەو چەمکە، لە شێعرەکانی نالی دا لێک ئەداتەوە و شرۆڤەی لەسەر ئەکات. ئەم لێکدانەوە لە دواییشدا درێژە پێ ئەدرێت. لێرەدا ئەپەرژێینە سەر بابەتێکی تری پێوەندی دار بەم باسەوە، کە پێشتر ئاماژەیەکمان پێ دا : “زمانی ئەوی دی “. کە ئەگەرچی لە زۆر جێگا سێبەری زاڵی بەسەر هەوێتی و شوناسی مرۆڤی کورددا بڵاو بووەتەوە لە بڕێ جێگەشدا بەپێچەوانەوە ئەدیبانی کورد – بۆ وێنه نالی – بۆ هەرێمی زمانی ئەوی دی پێشڕەوییان کردووە. نووسەر لە ڵاپەڕەی ۲۹۲دا ئەڵێت : « ئەوەی نالی و ئەدیبانی کوردی دوای ئەو ڕەتیان کردەوە زمان و ئەدەبی ئەوی دی نەبوو، بەڵکوو دەستەڵاتی پانخوازانەی زمان و ئەدەبی ئەوی دیکە بوو.» دواییش لە ڵاپەرەی ۳۱۵ دا ئەڵێت : «نالی زمانی ئەوی دی ڕەت نەکردەوە ، بەڵکوو لەپاڵ زمانی ئەوی دی هەوڵی دا هەرێمێکیش بۆ زمانی نووسین و ئەدەبی پێشکەوتووی کوردی ئاوەدان بکاتەوە. دواتر نالی هەنگاوێکی زیاتریشی هەڵێناوە و پێشڕەوی کرد بۆ ناو هەرێمی زمانی ئەوی دی و مورکی تایبەتی خۆی لە ناو زمانی ئەودا هەڵکەند.» ( بڕوانە ل ۳۲۰)

دوو تێبینی گرینگ کە نووسەر لە درێژەی ئەم بابەتەدا بە شیکارییەکی وردبینانە ئەیخاتە ڕوو ئەمەیە :

یەک) به یارمەتی وەرگرتن له ئەندێشەکانی سێ فەیلەسووفی هاوچەرخ واتە “هوسێرل” و “لێڤیناس” و “باختین” ، بڕیار ئەدات [ “من”ی] شاعیری کورد – وەکوو نموونە “نالی” – بەدوای سازکردنی پێوەندییە لەگەڵ ئەوی دی دا، نەک سڕینەوەی ئەوی دی یان ئاسمیلە کردن و داخستنی درگای پێوەندی لەگەڵ ئەوی دی دا. ( بڕوانە لاپەرەکانی ۳۲۲ – ۳۲۶) ئەم بەشە بەڕاسی یەکێک لە گرنگترین و باس هەڵگرترین بەشەکانی ئەم کتێبە یە و پێویستە لە مەجالێکی تایبەتدا و بە جیا باسی لەسەر بکرێت.)

دوو) کاتێک نووسەر لە لاپەڕەی ۳۲۸دا ئەڵێت : « وشیاری دووقات لەئەنجامی هات و چۆی بەردەوام لە نێوان دوو فەرهەنگی جیاواز و ئاگادار بوون لە تایبەتمەندییەکانی هەردوو فەرهەنگەکە دابین دەبێ. عادەتەن ( هەڵبەت نەک بەشێوەی ڕەها) ڕووناکبیرانی سەر بە کەمایەتی لە دۆخێکی سووژەیی ئەوتۆدا ڕاوەستاون… ئەم دۆخە سووژەییە دۆخێکە کە نەک هەر دەرەتانی گوت و بێژ تێی دا نافەوتێ، بەڵکوو ئەم دەرەتانە پەرەیشی پێ دەدرێ.» ئەم واقیعە ئەسەلمێنێت کە مرۆڤی کورد وەک هەڵگری ئەو تایبەتمەندییانە ئەتوانێت « خاوەنی وشیارییەکی دووقات بێت.» (ل ۳۲۹)

با بگەڕێینەوە سەر ئەم بابەتە کە نووسەر پێشتر باسی کردبوو : «تەوەری باسەکە ئەوە بوو کە نالی هەندێک جار بەهۆی من-ێکی تاکەکەسییەوە وەدەنگ دێت کە تەعبیر لە شوناس یان هەوێتی تاکەکەسی خۆی دەکا و جاری وایشە بەهۆی منێکی ناتاکەکەسییەوە دێتە دەنگ، کە ئەو منەی دوایێ تەعبیر لە شوناسێکی بەکۆمەڵ دەکا.» (ل ۲۰۰) ئینجا بەم شێوەیە لەژێر ناوی ” لە منی تاکەکەسییەوە بۆ منی بە کۆمەڵ” باسەکە پەرە پێ ئەدات و هەر لە دڵی ئەم بابەتە دەست بە شیکاری و لێکدانەوەی دوو شێعری دیکەی نالی ئەکات : «خاڵی هاوبەشی ئەم دوو شیعرە ئەوەیە کە نالی هەردووکی لەدەرەوەی کوردستان و لە حیجازدا گوتوون.» (ل۲۰۰) لە درێژەش دا بە ئاماژە بەم خاڵەی کە «سەفەر و دووربوونەوە لە وڵات، هەم بۆ پێناسەکردنەوەی خودی تاکەکەسی دەرفەتێکی لەبارە و هەم بۆ سەر لەنوێ پێناسە کردنەوەی شوناسی بەکۆمەڵ دەرفەتێکی بێ وێنەیە.» (ل۲۰۰) دوای ئەوەی کە شرۆڤەیەکی تەواو سەبارەت بە جۆری لێكدانەوەی خودی تاکەکەسی و خودی بەکۆمەڵی شاعیر لە شێعرەکانیدا ئەدات، لە کۆتاییدا ئەم دوو بڕیارە- سەبارەت بەو دوو شیعرە ئەخاتە ڕوو : «… بەگشتی لە هەموو ئەم وێنانەدا نالی خەریکە تەعبیر لە شوناسی خۆی دەکا و ئەوە منێکی تاکەکەسییە کە لە شێعری نالی دا وەدەنگ دێ.» (ل ۲۰۴) «ئەو منەی لەم شێعرەدا دەنگی هەڵبڕیوە، زیاتر لەوەی منێکی تاکەکەسی بێت منێکی بەکۆمەڵە.» ( ۲۱۱)

لە بەشی هەشتەم (شیعری نالی، منی دوو کەرت و نەریتی ئەدەبی تاراوگە) دا نووسەر بە هێنانی پێشەکییەک سەبارەت بە سەفەر و کۆچ و ئاوارەبوون و هەروەها بە یارمەتی گرتن لە وتەی ” ڕێبوار سیوەیلی ” : «کێشەی دوولەت بوونی خودی ئینسانێک کە تەنیا بە گرێ دانەوەی ” ئێستا ” و ” ئەو کاتە “، ” ئێرە” و ” ئەوێ” مانا بە بوونی خۆی ئەبەخشێ.» ( ل۲۱۷) درێژە بە باسەکە ئەدات.

با لێرەدا ئاماژە بەم خاڵە گرینگە بدەین کە ئەم ” دوو لەت بوونەی مرۆڤ(“من”) ی کورد پێوەندی بە شوێن – کاتێکی تایبەتەوە نییە و دیارە مرۆڤی کورد هەمیشە و بە شێوەگەلی جۆراوجۆر ئەو دوولەت بوونەی بەتایبەت لە ئامێزی ” زمان”دا ئەزموون کردووە.

دوو خاڵی جێی سەرنج کە نووسەر لە درێژەی ئەم بابەتەدا ئاماژەی پێ ئەدا، ئەمانەن:

یەک) «ئەدەبیات” من”ێکی گەوەرەیە… جێناوی ” من” شوناسێکی سادە و نزیک دەدا بە مرۆڤ، بەڵام ئەدەبیات شوناسێکی چەند توێژ و بەربڵاو دەدا بە مرۆڤ… » ( ل ۲۲۱) لە درێژەش دا دووبارە ئەگەڕێتەوە سەر پولێن بەندی “‘کارل پۆپەر ” و ئاکامێکی جوان مان لەبەر دەست ئەنەخشێنێت! ( بڕوانە لاپەرەکانی ۲۲۳ و۲۲۲ بەتایبەت ئەم دێڕە : «نالی بە نووسینی ” قەسیدەی شارەزوور ” هەوڵی داوە نالی[من] ی کاتی سلێمانی و نالی[من] ی کاتی شام بگەیێنێتەوە بەیەک.»

دوو) باسێک کە لە ژێرناوی ” قەسیدەی شارەزوور و نەریتی شیعری تاراوگەدا ئەیخاتە ڕوو – دیارە پێشتر لەسەر نەریتی ئەدەبی تاراوگە و ناساندنی نالی وەکوو بناغە دانەری ئەو نەریتە ئەدەبییە باس کرا.- :« کاتێک گوتەی کەسێک هەڵگری فورم و ناوەڕۆکێکە کە جگە لە پەیڤی ئەو لە پەیڤی کەسی دیکەدا بەدی ناکرێ، شیمانەی ئەوەی منی ناو پەیڤەکە منێکی تاکەکەسی بێ، زۆرە. بەڵام کاتێک ئەم فوڕم و ناوەڕۆکە بەشێوەیەکی بەردەوام لەلایەن کەسانی جیاوازەوە دووپات دەبێتەوە، زیاتر ڕێی تێ دەچێ منی ناو پەیڤەکە منێکی بەکۆمەڵ بێ… » ( ل ۲۳۱) دیارە هەموو ئەم شرۆڤانە کە باس کرا لەسەر ئەساسی چەمکی “من” بیچمی گرتووە. پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین کە نووسەر لە بەشی نۆیەمی کتێبەکە (دوو چەقی ڕکەبەر و دوو ڕیتمی جیاواز لە شێعری نالی)دا، ئەم باسە دووبارە پەرە پێ ئەدات.

بە پێویستی ئەزانم خوێنەر بگەڕێنمەوە بە وتەی نووسەر لە لاپەڕەی ۲۴۵، کە باس لە ئەنجامێکی گرینگی دیکە سەبارەت بە شێعری نالی ئەکات. کە ئەتوانین ئەم وتەیە وەکوو حوکمێکی گشتی لەسەر شێعرەکانی نالی دیاری کەین کە: شێعری نالی لە زۆر جێگا دەقێکی چەند توێژە.

۶-۲) لە بەشی نۆیەم (دوو چەقی ڕکەبەر و دوو ڕیتمی جیاواز لە شێعری نالی) دا بە هێنانەوەی پێشەکی و شرۆڤە و بە یارمەتی گرتن لە چەمکی” شوڕشی کۆپەرنیکی ” و هەروەها ئەندێشەکانی ” کێپلێر ” دوو چەقی دیار لە شێعری نالی دا دیاری ئەکات : «لە تێفکرینی نالیدا دوو چەق هەن: یەکێکیان کەسایەتییەکە بە ناوی محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا کە پێغەمبەری ئیسلامە و یەکێکیشیان نیشتمانی خۆیەتی کە کوردستانە.» (ل ۲۵۳)

دواییش ئەم بابەتە پەرە پێ ئەدات و بە کەڵک وەرگرتن لە ئەندێشە و بۆچوونەکانی ” دیکارت” و دواییش ” فرۆید ” سەبارەت بە چەمکی ” من” و ” خودئاگا” و ” ناخودئاگا “، بە وردی ئەم باسانە لە شێعری نالی دا لێک ئەداتەوە.

لە بەشێکی دیکەدا لە ژێر ناوی ” لە ناوەڕۆکەوە بۆ فۆڕم “سەرەتا پێشەکییەک سەبارەت بە بابەتێکی تیۆلۆژیک باس ئەکات ( لاپەڕەکانی ۲۶۹ و ۲۷۰) دواییش بە لێکدانەوەیەک لەسەر شێعری نالی ،گونجاو بوونی فوڕم و ڕیتمی شێعرەکان لەگەڵ ناوەڕۆک دا ئەخاتە ڕوو و باسی لەسەر ئەکات.( لە بەشی دەیەمی کتێبەکەدا ئەم بابەتە درێژە پێ ئەدات.)

بەشی دەیەم ( نالی سووژەیەکی ڕادیکاڵ لە بەستێنی فوڕم و زمان و بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەوی دی) بە پرسیارێک دەست پێ ئەکات : «ئایا نالی سووژەیەکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕ بووە یان سووژەیەکی خۆپارێز و موحافزەکار؟» ( ل ۲۸۰) که ئەتوانین هەر ئەم تێبینییەی نووسەری کتێبەکە وەکوو وڵامی ئەم پرسیارە دیاری بکەین : « نالی هێڵێک بەدەوری هەندێک بۆچوون و هەندێک دیاردەدا دەکێشێ و وەک ناوکی سەخت دەیانناسێ و دەیانناسێنێ و لە ئاست ناوەڕۆکی ناو ئەم ناوکە سەختەدا هەڵوێستێکی خۆپارێزانە و خاکەڕایانە دەگرێ. بەڵام لە دەرەوەی ئەم هێڵە دیاری کراوەدا ئیتر بەگشتی دەرحەق بە هەر شتێکی دیکە کە دەکرێ بیری لێ بکەینەوە هەڵوێستێکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە ڕچاو دەکا…» ( ۲۸۱) لە درێژەش دا بە کەڵک وەرگرتن لە ” فەلسەفەی زانست” و هەروەها ئەندێشەکانی ئەشعەرییەکان و موعتەزیلییەکان بە وردی باسەکە ڕوون ئەکاتەوە کە نالی لەگەڵ ئەوەدا کە پارێزەری بابەتی پیرۆز بووە، لەهەمان کاتدا لە شێوازی ” سووژەیەکی ڕادیکاڵ”دا وەدەرئەکەوێت و هەڵوێستەکانی بە دوو شێوە لە شێعرەکانی دا ئەنوێنێ :

یەک « هەتا کاتی سەرهەڵدانی نالی ئەو بۆچوونەی وەکوو نورمێکی چەسپاو وەرگیرابوو، ئەوە بوو کە کوردی بۆ زانایانی پلە یەک و بۆ داهێنانی ئەدەبی و فیکری باڵا شیاو نییە و بەکار هێنانی ئەم زاراوەیە زیاتر بۆ نووسینی بابەتگەلێکی ساکار و ئاست نزم دەست دەدا و لە دەرەوەی بابەتی سادەی لیریک یان فولکلوری، زمانی کوردی ئەوەندە دەوڵەمەند نییە بکرێ بابەتی قورس و قووڵ و تێکچندراوی پێ بنووسرێ.» ( ل۲۹۱) « یەکێک لەو کارە سەیر و سەمەرانەی نالی کردی ئەوە بوو کە بە تەنیا تەمی ئەم بۆچوونە ناڕاستەی ڕەواندەوە و نموونەیەکی لە ئەدەبیاتی کوردی ڕانا کە بە هەموو پێوانەکان لە ئاستێکی هەرە بەرزدا بوو و لە بەراورد لەگەڵ ئەدەبی گەلانی دیکە زەرفییەتی زۆر و شیاوی هەبوو.»(ل۲۹۲)

دوو) نووسەر دوهەمین ” هەڵوێستی ڕادیکاڵی” نالی لە دڵی فورمی شێعردا بە خوێنەر ئەنوێنێ :« شێعری عەرووزی ئەو پوتانسیێلەی هەیە ئەگەر شاعیرێکی هەڵکەوتەی وەک نالی ویستی تێی دا هەڵسووڕێ، بتوانێ پتانسیێلی هەڵنەهێنجراوەکانی زمان هەڵبهێنجێ و زۆر لووتکەی دەست بەسەردانەگیراو بشکێنێ. نالی پیاوی داهێنانە دژوارەکان و شاعیری دەرفەتە نەقۆزراوەکان بووە.» (۲۹۴ و ۲۹۵) « نالی لە شێعری پێش خۆی دانەبڕا بەڵکوو پتانسیێلەکانی بەربڵاوتر کردەوە. بە کێشی عەرووزی دەکرێ فوڕمە کۆن ترەکانیش بەرهەم بێنەوەبەڵام پێچەوانەی ئەوە ڕاست نییە؛ واتە بە کێشی بڕگەیی ناکرێ گشت بەحرە عەرووزییەکان بەرهەم بێنەوە.» ( ل ۲۹۷ )

دواتر باس لە فۆڕمی نیان و فۆڕمی گران و هەروەها قوتابخانەی گوران و کەڵک وەرگرتن لە فۆڕمی نیان لەلایەنی ئەو قوتابخانەیە ئەکات و دواتریش ئەم بڕیارە ئەدات : « نالی کەسێک بوو هەم لەباری تێورییەوە ئەم تێگەیشتنەی هەبوو کە دەبێ ڕوو لە هەرێمێکی کەمتر تاقی کراوی دیکە بکا و هەم لەباری کردەییەوە ئەم توانایەی هەبوو فۆڕم و پێکهاتەی جیاواز تاقی بکاتەوە.» ( ل ۳۰۰) ئەو ” هەرێمە کەمتر تاقی کراوە” و ئەم ” فۆرم و پێکهاتە جیاوازە” هەر ئەو فۆرمە گران و جەدەلییە بوو کە پێشتر باسمان کرد.

نووسەر دوای ئەم ڕوون کردنەوە بە پۆلێن بەندییەک کە لەسەر شێعری نەریتی ئەیکات ( ل ۳۱۱) ، خاڵێکی گرینگی تریش ئاماژە پێ ئەدات :«… نالی شێوازێکی داهێنا کە پوتانسیێلی ئەوەی هەبوو جێگای شێوازی پێشووش لەناو خۆی دا بکاتەوە.» ( ل ۳۱۲ ) بەم شێوەیە ئاکامی باسەکە بەم ڕستەیە ئەگەیەنێت : « جێگابوونەوەی فۆڕمی فۆلکلۆر لە هەناوی فۆڕمی عەرووزی دا.» ( ل ۳۱۱)

ئەوەی لەم بەشە لە دەقەکە(بەشی ۲)دا، ڕوون کرایەوە، مودێلێکی گشتی لە شێوەی لێكدانەوە و شرۆڤەی شێعرەکانی نالییە لە کتێبی “ئافاقی شێعری نالی”دا. هەروا کە دیارە – و لە کتێبەکەدا بەڕوونی بەرچاوە – نووسەری ئەم کتێبە بە شێوەیەکی شیاو و وردبینییەکی سەرنج ڕاکێش، لەگەڵ شێعرەکاندا ڕووبەڕوو بووەتەوە و هەربۆیەش، بێگومان ئەم کتێبە بووە بە یەکێک لە سەرچاوەکانی باشی ناسینی شیعری نالی و هەروەها نیشان دانی ڕێگایەکی بێ بڕانەوە بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەگەلی تر لەسەر شیعری نالی.
***

۳) یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی ئەم کتێبە شیکاری و لێکدانەوەی شێعرەکانی نالییە بەپێی تێوری و مێتۆدەکانی ڕەخنەی ئەدەبی – فەلسەفی و هەروەها بیر و بۆچوونی بیرمەندانی بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەدەب و زانست و فەلسەفە و…

نووسەر بەهۆی زانیارییەکی باش کە لەسەر بابەتەکە هەیەتی و هەروەها ناسینی بوارە جۆراوجۆرەکان، سەرەتا شیکارییه‌کی شارەزایانە لەبەر دەست خوێنەر دائەنێت. – هەروا کە پێشتر ئاماژە کرا – دواییش وردە وردە وهێور هێور لەسەر هێڵێکی دیاری کراو، باسەکە لەسەر ئەساسی بیر و بۆچوونێک یان مێتۆدێکی ڕەخنەیی و شیکاریی یان… بەرەو پێش ئەبات و لەسەر ئەم هێڵە دیاری کراوە دەستی خوێنەر ئەگرێت و وەکوو ڕێگەنیشاندەرێکی پسپۆڕ، بەرە بەرە و هێور هێور لەگەڵ خۆی بەرەو ڕووناکایی ئەیبات و دوور نییە ڕێگەکە لە زۆر جێگە و شوێن دا بۆ خوێنەر نامۆ و پڕ لە ڵێڵایی بێت. کەواتە نووسەر وەکوو ڕێنوێن و زانایەکی چرا بەدەست بە وردبینی و لێکدانەوەی دەوڵەمەند و هەروەها کەڵک وەرگرتن لە بنەما ئەدەبی و زانستی و فەلسەفییەکان تیشکێکی قەدەر و پڕ لە ڕووناکایی بەسەر ئەو ڵێڵی و تاریکاییەدا ئەپرژێنێ و ڕێگەکە ڕوون و تەخت و هەمار ئەکاتەوە و لە ئاکامدا دەستکەوتێکی پڕبایەخ ، پێشکەشی خوێنەر ئەکات. دیارە لە هەر دەقێک دا و بەتایبەت لە بواری ڕەخنە دا یارمەتی گرتن لە بیر و ڕا و بۆچوونەکانی بیرمەندان و پسپۆڕان و قوتابخانە ئەدەبی-فەلسەفییەکان و… و هەروەها لێکدانەوە و شیکاری لەسەر بنەمای ئەو بیر و ڕاگەلە بێگومان ئەبێت بەهۆی دەوڵەمەند بوون و قووڵ بوونەوەی دەق و تێکست.

بۆ جەخت کردنەوە لەسەر بەپێزبوونی دەقی کتێبی ” ئافاقی شێعری نالی”، ئاماژە بەچەند جێگای ئەو کتێبە ئەدەین کە نووسەر بە کەڵک وەرگرتن لەو خاڵەی لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا، دەقی خۆی دەوڵەمەندتر و پڕبایەخ تر کردووە:

+ لە لاپەڕەی ۲۹ و۳۰ دا سەرەتا سەبارەت بە یەکێک لە تێورییەکانی قوتابخانەی فۆڕماڵیسم ؛ واتە ” ڕەگەزی زاڵ ” شرۆڤەیەک ئاڕاستە ئەکات : «ڕەگەزی زاڵ لە پێناسەی یاکووبسێن دا بریتییە لە ڕەگەزێکی ناوەندی لە بەرهەمێکی هونەری دا کە ڕەگەزەکانی تر دەهێنێتە ژێر ڕکێفی خۆی، وە دیاریان دەخا و گۆڕانکارییان بەسەردا دەهێنێ.» ( ل ۲۹) « بەگوێرەی ئەم بیرۆکەیە گۆڕانکاری ژانرە ئەدەبییەکان لە درێژایی مێژوودا دەگەڕێتەوە سەر شوێن گۆڕکێکێیی ڕەگەزە زاڵەکان.»( ل ۳۰) دواییش بە پەرەپێدان و شرۆڤەی باسەکە بەم ئاکامە ئەگات : «کاتێک ناسکیی زمان لە شێعری قوتابخانەی گورانی دا – وەک ڕەگەزی زاڵی شیعری ئەم قوتابخانەیە – سادەبوونی پەیڤیش لە پاش تەرکی خۆی سوار دەکا و لەولاوە شکۆی زمان لە شێعری قوتابخانەی بابان دا تێکچنراو بوونی پەیڤ دەکا بە هاوڕێی خۆی، ئەودەم دەتوانین تێگەیشتنی سەرەتاییمان لەم تێپەڕینە هەبێ کە شیعری کوردی لە قوتابخانەی ئەردەڵانەوە بۆ قوتابخانەی بابان کردی. بە دەربڕینێکی تر ڕەگەزی زاڵ لە شیعری قوتابخانەی ئەردەڵان، ناسکییەکی تێکەڵاو بە سادەبوونە و لە قوتابخانەی بابانیش دا ئەم ڕەگەزە زاڵە شکۆیەکی تێکەڵاو بە تێکچنراو بوونە.» ( ل ۳۲) دووبارە لە لاپەڕەی ۱۷۲یش دا ئەم باسە دێنێتە ئاراوە : « جاری وایە ڕەگەزی زاڵ لە بەرهەمە ئەدەبییەکان دا لە دەرەوەی ئەدەبیات و لە هونەری وەک مۆسیقا و نیگارکێشییەوە دێتە ناو بەرهەمی ئەدەبییەوە. ڕەگەزی زاڵ ئەو ماکەیە ، لە بەرهەمێکی ئەدەبی دا دەوری ناوەندێتی دەگێڕێ و یەکیەتی و گشتایەتی یان “گێشتاڵت”ی بەرهەمەکە دەستەبەر دەکا.» یان «فورماڵیستەکانی ڕووس بە داهێنانی بابەتی ” ڕەگەزی زاڵ ” توانییان چۆنیەتی ئاڵ و گۆڕی ئەدەبیات و ئەو دینامیسمەی دەبێتە هۆی ئەم ئاڵ و گۆڕە بەردەوامەی لە جیهانی ئەدەب دا ڕوو دەدا ، شی بکەنەوە.»( ل۱۷۲) لە شرۆڤەی شێعری ” ئەم تاقمە مومتازە ” دا لەم تێورییە یارمەتی ئەگرێت و لە ئاکامدا ئەم تێبینییە ئەخاتە ڕوو : کە هونەری مینیاتۆڕ توانیویە لە دەرەوەی ئەدەب دا بڕواتە نێو بەرهەمی ئەدەبی ( شێعری دیاری کراوی نالی لەم بەشەدا) تا ڕادەیەک کە ئەتوانین وەک ڕەگەزی زاڵ لەم شێعرەی نالی دا دیاری بکەین. دواتر نووسەر بە پەرەپێدان بە باسەکە و یارمەتی گرتن لەیەکێ لە تایبەتمەندییەکانی هونەری مینیاتۆڕ؛ واتە ” هێڵی چەماو ” شرۆڤەی شێعرەکەی نالی پەرە پێ ئەدات و بە شێعرەکانی تری نالیش کە ئەو تایبەتمەندییانەیان هەیە ، ئاماژە ئەکات و باسەکە هەر بەرەبەرە ئاوەڵاتر ئەکاتەوە و باس لە شکڵی بازنەیی و چەقێک کە لە دڵی بازنەکەدا بوونی حاشاهەڵنەگرە، ئەکات. – هەروا کە پێشتریش ئاماژە کرا.- بڕوانە لاپەرەکانی ( ۱۷۲ – ۱۸۰)

یان لە لاپەڕەی ۸۷دا باس لە یەکێک تر لە بیرۆکەکانی فورمالیسم ئەکات ؛ واتە : ناسیاوی سڕینەوە.

دیارە نووسەر لە زۆر شوێنی کتێبەکەدا هەر بەم شێوەیە شرۆڤە و لێکدانەوەی لەسەر شێعرەکانی نالی بە ئەنجام گەیاندووە.

هەر بۆیەش لێرەدا هەوڵ دراوە ئەو تێوری و بیر و ڕاگەلە کە نووسەر لە پرۆسەی توێژینەوەدا کەڵکی لێ وەرگرتوون، بەکورتی ئاماژەیان پێ بکرێت:

کەڵک وەرگرتن لە قوتابخانە فەلسەفییەکان و بیر و ڕا و ئەندێشەکانی ئەوان؛ لەوانە یارمەتی گرتن لە قوتابخانەی مەشا و ئیشراق و بیر و ڕا و ئەندێشەکانی ئەو دوو قوتابخانەیە : لاپەڕەکانی ۴۵ – ۴۴ ، ۶۵ – ۶۳، ۲۹۰-۲۸۴٫

کەڵک وەرگرتن لە زاراوەی “ئەوپەڕ چیرۆک” کە لە ڕەخنەی ئەدەبی نوێ دا وەک تایبەتمەندییەک بە کار هێنراوە. ( ل ۶۰_۵۸)

+ یارمەتی وەرگرتن لە ئەندێشەکانی ” کارل پۆپەر” ( لاپەڕەکانی ۶۴ و ۶۵، لاپەڕەی ۲۲۲ و لاپەڕەکانی دوایی)

+ کەڵک وەرگرتن لە ئەندێشەکانی ڕۆڵان بارت ( لاپەڕەکانی ۷۲ و ۷۳ و لاپەڕەی ۱۴۵)

+ باس لە تێفکرینی دیالکتیکی و بیرمەندانی ئەو تێفکرینە ( لاپەڕەکانی ۱۴۲-۱۳۷)

+ کەڵک وەرگرتن لە زاراوەی ” هاوپێوەندی بابەتیانە ” زاراوەیەکی تایبەت بە ” تی.ئێس.ئەلیۆت “، دواییش گرێ دانی باسەکە بە دەستەواژەی ” مەنتیقی دۆخ ” لە بابەتەکانی فەلسەفەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان. ( ل ۱۹۳و۱۹۲)

+ بەکارهێنانی زاراوەی “قوناغی ئاوێنەیی” لە تێورییەکانی ” ژاک لاکان” لە زانستی دەروونناسی دا. ( ل ۱۹۹)

+ باسی پێنج خودی جیاواز لە پاژەکانی یەکێ لە لقەکانی دەروونناسی ( ل ۲۰۹)

+ بەکار هێنانی ئەندێشەکان و بۆچوونەکانی ” گاستۆن باشلار ” (لاپەڕەکانی ۲۲۵ و ۲۲۶) بە تایبەت ئەم ڕستە سەرنج ڕاکێشەی : « خەونی کەسی بەندکراو لە خەونی کەسی ئازاد، چالاک ترە.»

+ کەڵک وەرگرتن لە وتەکانی ڤان گۆگ ( ل ۲۲۶ )

+ یارمەتی وەرگرتن لە تیۆرییەکی ” هارولد بڵووم” – ڕەخنەگری ئەدەبیی خەڵکی ئەمریکا – لەژێر ناوی ” دڵەڕاوکێی شوێن وەرگرتن ” کە خۆی لەژێر کاریگەری تەمسیلی ” گرێی ئودیپ” لە تێورییەکانی ” فرۆید” بووە. ( ل ۲۳۵ )

+ بەکارهێنانی بابەتی” ناخودئاگای جەمعی ” که له بیرۆکەکانی ” کارڵ گوستاڤ یونگ” بووە.

+کەڵک وەرگرتن لە زاراوەی ” شۆڕشی کۆپەرنیکی” و بۆچوونەکانی ” بەتلەمیووس ” و” کێپلێر” ( لاپەڕەکانی ۲۵۲ – ۲۵۰)، بۆ شرۆڤە و لێکدانەوەی بابەتی شکڵی بازنەیی و چەقی بازنە و هەروەها یارمەتی گرتن لە دوو چەمکی” خودئاگا” و ” ناخودئاگا” ( لە بۆچوونەکانی” فرۆید “) ( ل ۲۵۷)

+ کەڵک وەرگرتن لە بۆچوونەکانی فرۆید و دیکارت سەبارەت بە چەمکی ” من” ( ل ۲۵۸)

+ کەڵک وەرگرتن لە بیر و ڕای ” ئیمرێ لاکاتووش ” فیلسوفی زانست سەبارەت بە ناوەڕۆکی سەخت ( ل ۲۸۲)

+ یارمەتی وەرگرتن لە بیر و بۆچوونی ” هوسێرل” و ” لێڤیناس” و ” باختین” و باس کردن لە بابەتی ” ئەوی دی” و هەروەها گرێ دانی باسەکە بە ” زمان” و پێوەندی زمانەکان بە یارمەتی گرتن لە تێوری « نێوان دەقێتی» ” ژولیا کریستۆڤا”. و دواییش بە پەرەپێدانی ئەم بابەته، باسی ” تێک بەزینی سنوورەکان” ئەخاتە ڕوو. ( لاپەڕەکانی ۳۲۶ – ۳۲۲)

+هێنانەوەی بۆچوونی چەند نووسەری ئینگلیزی – بیل ئەشکرافت و گەرێت گریفیت و هێلێن تیفین – سەبارەت بە زمانی ستانداردی نووسین بۆ شیکردنەوەی زۆرتری باسی زمان و بەتایبەت زمانی ئەوی دی.

+ کەڵک وەرگرتن لە زاراوەی ” ئورگاسمی چێژ”ی “بارت” سەبارەت بە یەکێ لە شێعرەکانی نالی : قەسیدەی “خەونی مەستووره”. پێویستە ئاماژە بەم خاڵە بدەین کە لەم شێعرەدا : «نالی ئالەتی جینسی پیاوانە بە “مەتنی حوکەما” و “بەستی ئودەبا” دەشوبهێنێ… یەکێک لە دەلالەتەکانی ئەم شوبهاندنە هەڵگرتنی سنووری نێوان دوو هەرێمی” ئەدەبیات” و “چێژی ئێرۆتیک”ە. تێکەڵ کردنی ئاشکرای ئەم دوو هەرێمە لە ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبیی نوێ دا زۆر دوای نالی لە ڕەخنەی ئەدەبیی ڕۆژئاوادا قسەی لەسەر کرا و تێوریزە کرا.»( ل ۷۳) دیارە ئەم بۆچوونە، بۆچوونێکی ڕاست و لە هەمان کاتدا سەرنج ڕاکێشە؛ ئەوەی کە نالی بە نیسبەتی سەردەمی خۆی چەندە پێشڕەو بووە. بەڵام خاڵێکی تری جێی ئاماژە ئەوەیە کە هەر لەم شێعرە و لەم شێوە ڕووبەڕووبوونەوەدا، ڕوانینی نالی ڕوانینێکی ئوبژێکتیڤ و عەینی یە، کە بە نیسبەت سەردەمی نالی، ئەم شێوە ڕوانینە زۆر جیاواز و نوێیە.

هەروا کە دیارە نووسەر توانیویە بە کەڵک وەرگرتنی شیاو لەم ئەندێشە و تێورییانەی وا باس کرا، دەقەکەی زۆر دەوڵەمەندتر بکاتەوە.

۴) لێکدانەوەی شیعری نالی کە لەم کتێبەدا بە ئەنجام گەیشتووە، بێگومان یاریدەرێکی باشی ئەدەبی – زانستییە کە ئەتوانێت ڕێگای خوێندنەوە و تەنانەت توێژینەوەهای تر لەسەر شیعری نالی زۆر ئاوەڵا بکاتەوە.

هەر ئەو جۆرەی پێشتر ئاماژە کرا، لە زۆر شوێنی ئەم کتێبەدا نووسەر، یان بە کەڵک وەرگرتن لە تێوری و ئەندێشەکانی قوتابخانەکان، بیرمەندان و پسپۆڕانی بواری ئەدەب و فەلسەفە و… ، یان هەر لە سێبەری بیرکردنەوە و وردبوونەوەی خۆی، لێكدانەوە و شیکارییەکی سەرنجڕاکێشی خستۆتە بەردەم خوێنەر؛ ئەم لێکدانەوە و بۆچوونانە لە زۆر جێگا وەکوو دەلاقەیەک بەڕووی خوێنەردا ئاوەڵا ئەکرێت، دەلاقەیەک که دوور نییە – بۆ خوێنەری چالاک – دەلاقەهای تری لە دڵی خۆیدا حەشار دابێت کە بە نەختێک قووڵ بوونەوە، بە خوێندنەوەکانی تر لە سێبەری خوێندنەوەی نووسەر و بووچوونەکانی ئەو ڕابگات؛ واتە دەلاقەهایەک لە نێوانێوەکانی دەلاقەیەک کە نووسەر بە ڕووی خوێنەردا ئاوەڵای کردووە، ئەکرێنەوە و زەین و بیری خوێنەر بەرەو شوێنگەل و ئاقارێکی تر ڕائەکێشرێ و ئەو ئیمکانە شاردراوانە کە لە دڵی دەقدا خۆی حەشار داوە، بۆ خوێنەر ڕوون ئەبێتەوە و ئیمکانی خوێندنەوەگەلی وردبينانەتر و بە شێوەهای تر بۆ خوێنەر دەستەبەر ئەکات. بۆ ڕوون تر بوونەوەی بابەتەکە ئاماژەیەکی کورت بە بڕێ شوێن لە کتێبەکە ئەدرێت کە لە سێبەری لێکدانەوەی نووسەری کتێبی “ئافاقی شێعری نالی” دا بیر و بۆچوونێکی تر و تێوری نووسەران و پسپۆڕانی تری بوارە جۆراوجۆرەکانی وەبیر نووسەری ئەم دێڕانە هێناوەتەوە کە لە درێژەدا بەکورتی ئاماژەیان پێکراوە ( بە هیوای ئەوەی کە ئەم ئاماژەگەلە لە داهاتوودا ببێتە هۆی بە ئەنجام گەیشتنی کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی تر) :

+ لە لاپەڕەی ۹۸ دا لێکدانەوەیەکی لەسەر ئەم بەیتەی نالی ( : جەنانی وەک جینان کردم بە ماوا/ حەبیبەی ماڵیاوا، ماڵی ئاوا) هێناوە کە بەڕاسی جێی تێڕامانە. لە ژێر سێبەری ئەم لێکدانەوەیە دا ئەتوانین خوێندنەوەیەکی تر سەبارەت بە دەستەواژەی ” ماڵی ئاوا” کە لە ئاخری ئەم بەیتەدا هاتووە بە خوێندنەوەی نووسەر زیاد بکەین؛ ئەویش ئەوەی کە دیارە ئەم دەستەواژەیە ئەگەرچی لە بنەڕەتدا هەڵگری بارێکی مانایی پوزیتیڤە، بەڵام واقیعەکەی ئەوەیە بڕێ جار لە کانتێکستێکی تریش دا بەکار ئەهێنرێ، واتە جاری وایە لە شێوازی گلەییەک کە ڕەنگ و بۆنێکی لاوازی تووڕەیی تێدا دیارە ئەو دەستەواژەیە بەکار ئەهێنرێ کە دوور نییە شاعیر بەهۆی تووڕە بوون لە ” حەبیبە” ی شێعرەکە ئەو دەستەواژەیەی هێنابێت.

+ یەک لە ئەنجامە هەرە گرینگەکانی توێژینەوەی نووسەر لە شێعری نالی، خود ئیڕجاع بوونی شێعری نالییە. بەتایبەت لە لاپەڕەی ۱۰۲ و ۱۰۳ێدا لە درێژەی شی كردنەوەی ئەم بابەتە لە شیعری نالیدا باسەکە لەسەر بەیتێکی نالی ئاوا ڕوون ئەکاتەوە : « لە هەر شێعرێک دا کە خوێندنەوەی ناوەکیی و خود-ئیڕجاعی شێعرەکە بمانگەیێنێ بە تێگەیشتنێکی داهێنەرانەتر، با وای دابنێین نالی ویستوویە بە دانانی ڕاڤەیەکی سەرەتایی و دەرە-ئیڕجاع بۆ شیعرەکەی، کۆمەڵەی خوێنەرانی شیعری خۆی بکات بەدوو بەش و ئیزنی گەیشتن بە توێژەکانی شاردراوەتر هەر بە تەنیا بدا بە خوێنەرە زیرەکەکان.» بەیتەکەش ئەمەیە : « نەزمی نالی میسلی ئاو و ئاوێنە ڕەنگی نییە / دوو ڕووە بۆ سەیری خاتر یەک خەفی و یەک ئاشکار.» ئەم ڕوون کردنەوەیە بۆچوونێکی فرۆیدمان سەبارەت بە خەون وەبیر دێنێتەوە : لە ڕوانینی فرۆید – و بەگشتی دەروونناسی -دا، خەون و رویا – کە به تەعبیری فرۆید دەروازەیەکە بۆ نەست و نابەئاگا( ناخودآگاه /(unconscious- – دوو ڕووبەری هەیە؛ هەر ئەو دوو ڕووبەرەی لە خودی ئەم بەیتەشدا هاتووە : بە قەولی خودی بەیتەکە : ۱٫ خەفی ( داپۆشراو) ۲٫ئاشکار . واتە خاڵی هاوبەش ئەوەیە کە ئەم شێعرە ( و لەوانەیە بەگشتی تەواو یان بەشێکی زۆر لە شێعرەکانی شاعیر) ، خەون ئاسا لەڕووەوە، ڕووبەرێکی ساکار و ڕواڵەتی هەیە (هەر ئەو ڕووداوانە کە مرۆڤ لە خەوندا ئەیبنێت) و لە هەمان کاتدا ڕووبەرێک یان چەند ڕووبەریتری هەیە. (هەر ئەو ڕووبەرانە کە لەسەر دەستی دەروونناس شی ئەکرێت و لێکئەدرێتەوە.) لە نیوبەیتی یەکەمیشدا، تەعبیری خودی نالی لە شێعرەکانی؛ واتە “بێ ڕەنگ بوونی نەزمی نالی میسلی ئاو و ئاوێنە” ، لێکچوونێک لە نێوان ئەم تەعبیرە و تەعبیری فرۆید و بەگشتی دەروونناسی لە خەون وەبیر دێنێتەوە. بێگومان ئەم شێوە ڕوانینە و هەروەها پتانسیێلی زۆری ئەم بەیتە، ئەتوانێت درگای لێکدانەوەیەکی باش مان بەسەردا ئاوەڵا بکات.
لێرەدا پێویستە بە بەشێکی تری کتێبەکە ئاماژە بدەین کە پێوەندی بەم بەیتە باس هەڵگرەوە هەیە: نووسەر لە لاپەڕەی ۱۳۳دا بە هێنانی وتەیەکی “عەینولقوزاتی هەمەدانی” هەوڵی داوە ڕوون کردنەوەیەکی تری لەسەر ئەم بەیتە ببێت. کورتەی ئەو ڕوون کردنەوەیە ئەمەیە: شیعری نالی وەکوو ئاو و ئاوێنە ڕەنگی نییە، بۆیە هەر خوێنەرێک ئەتوانێت خوێندنەوەی خۆی لێ ببێت؛ بە واتایەک خۆی تیا ببینێتەوە! ئەم تێبینییە بە جۆرەهایەک واتای تێوری “مەرگی نووسەر”ی” ڕۆڵان بارت”مان وە بیر دێنێتەوە.

+ لە لاپەڕەی ۱۰۴ لە درێژەی شرۆڤەی قەسیدەی ” مەستوورە” دا هاتووە : « بابەتێکی گرینگی دیکە ئەمەیە کە ئەم ” ڕووت بوونەوە” یە زیاتر لە ڕەگەزی ” حەلی مەسئەلە” و ” ئاشکرا کردنی سیڕڕ” ە. واتە کاراکتێرە ژنەکە بە کردەوە ڕووت نابێتەوە بەڵکوو سات بە سات خەریکە بە قسەکانی تایبەتمەندییەکانی ” سیڕڕێکی مەستوور” ئاشکرا دەکا. ڕووت بوونەوەکە لە دووتوێی باسێکی فیکری دا ڕوودەدا.» ئەم لێکدانەوە سەرنج ڕاکێشە بابەتێکی تری زۆر گرینگ مان وەبیردا دێنێتەوە. بابەتێک کە هاوکات پێوەندییەکی تایبەتی بە سێ زانستی فەلسەفە و دەروونناسی و زمانناسی یەوە هەیە؛ بەواتایەک بنەماکەی لە هەر سێ زانستەکە تێر ئاو دەبێت، بابەتێک سەر بە چەمکی زمان؛ واتە ” ڕیوایەت “(گێڕانەوە) که خۆی بۆ خۆی بابەتێکی گرینگە و ئاوڕی زۆری لێدراوەتەوە، لەوانە : ” ژاک لاکان ” بڕوای بەوە بوو کە دەروونناس، لە واقیعدا، دەروونناسی زمانە؛ بە واتایەکی باشتر دەروونناس زمانناسێکە کە بەهۆی گێڕانەوە(زمانە)وە، ڕێ بە دەروونی مرۆڤ ئەدۆزیتەوە؛ واتە کاتێک مرۆڤ قسە دەکات، ( شاعیر) شیعر دەڵێت و بەگشتی (گێڕەڕەوە) ئەگێڕێتەوە (ڕیوایەت دەکات) ، بە تەعبیرێک دەروونی خۆی ڕیوایەت ئەکات و لە زماندا خۆی دەرئەخات. لە مەنزەری ئەم شێوە ڕوانینە کۆمەڵێک تێبینی دێنە ئاراوە ، یەک لەو تێبینییانە ئەمەیە کە لێکدانەوەی زانستیی زمانناسی – لەم کانتێکستەدا – بە جۆرگەلێک لێکدانەوەی زانستیی دەروونی مرۆڤە. ئەو خاڵەش کە ئەم دوو زانستە – دەروونناسی و زمانناسی – زۆرتر پێکەوە پێوەند ئەدات، گێڕانەوەیە (ڕیوایەت) . پێویستە ئاماژە بدەین کە لە ڕوانینی ” ژاک دریدا”شدا جگە لە پێوەندی نێوان زمانناسیی ” سوسور” و ” دەرونناسیی” فرۆید ” پێوەندییەکیش لە نێوان ئەم دوو زانستە و فەلسەفەی ئەگزیستانسییەلی ” هایدێگر”دا بەستراوەتەوە. بەتایبەت ئەو ڕستە گرینگە کە ئەڵێت : « زمان ماڵی بوونە » کە ڕستەیەکی زۆر قووڵ و باس هەڵگرە (بە واتایەک مرۆڤ کاتێک خەریکی گێڕانەوەی دەروونی خۆیە، بوونی خۆی ئەنوێنێ) دیارە باسەکە، باسێکی زۆر قووڵە و لێرەدا هەر بە کورتی ئاوڕێکی لێدراوەتەوە، پێویستە لە مەجالێکی جیا و تایبەتدا لێکبدرێتەوە. بەڵام ئەگەر بمانەوێت بە یارمەتی گرتن لەو باسانەی لەسەرەوە هات بە کورتی لێکدانەوەیەکمان لەسەر شرۆڤەکەی کتێبەکە بێت، ئەو شرۆڤەیە ئەمەیە: کاراکتێرە ژنەکەی ناو ئەم شیعرە بە زمان ئستریپتیز(striptease)ێک ئەنوێنێت و گێڕانەوە و ڕیوایەتی دەروونی خۆی ( : بوونی خۆی) لە شێعرەکەدا وەکوو پێرفۆرمنسێکی جوان بۆ خوێنەر وێنا ئەکات.

بە یارمەتی گرتن لە تێبینییەکانی نووسەری “ئافاقی شێعری نالی”، لەسەر ئەم شیعرە و هەروەها خوێندنەوەی قووڵی ئەم غەزەلە، بەو بڕیارە ئەگەین کە ئەم غەزەلە، یەکێک لە شێعرە قووڵ و باس هەڵگرە کانی نالییە کە شایانی لێكدانەوە و لێکۆڵینەوگەلێکی زۆرترە. بۆ نموونە هەر لەژێر سێبەری ئەم شرۆڤەیە کە باسمان کرد و بەتایبەت به ڕوانینێکی سایکۆئانالییزییەوە( (psychoanalysis ئەتوانین چەند تێبینی لەسەر ئەم شیعرە بخەینە ڕوو: لە کەش و هەوایەکی ئێرۆتیکدا کاراکتێرێکی ژن بە گێڕانەوە / قسه، نەک بە کردەوە، ڕووت ئەبێتەوە. بە واتایەک بە زمان کردەوەیەک ئەنوێنێت) جۆرێک پێرفۆرمەنس performance) و بەم شێوە » چێژێکی دوو قات» بە خوێنەر ئەبەخشرێ. لێرەدایە کە واتای “ئورگاسمی چێژی بارت” بە شێوەیەکی سەیر بەدی تێت و هەر لەم پرۆسەیەدا و لە دڵی گێڕانەوەیەک وا لە دڵی شێعرەکە دا شەپۆل ئەدات، چەند تۆبوونی دەروونی کاراکتێرە (و لەوانەیە شاعیری شیعرە)کە پێمان ئەنوێندرێت. جا با باسەکە بەرەو ئەو خاڵە بەرین کە پێشتر ئاماژەی پێکرا: چەند توێژ بوونی شیعری نالی. بە واتایەک کاتێک گێڕانەوە نیشان دەری دەروونی مرۆڤ(گێڕەڕەو)ە، بەو پێیە شێعری شاعیریش، نیشان دەری دەروونی شاعیرە. لەوانەیە بتوانین بڵێین ئەم شێعرە نیشان دەری دەروونێکی پڕچین و چەندتوێیە!

+ نووسەر لە لاپەڕەی ۱۲۷دا بە شرۆڤەیەکی قووڵ لە غەزەلێکی سەرنج ڕاکێشی ” مەولانای ڕۆمی” باس لە نزیکی ئەم غەزەلە بە ئێلێمانەکانی دوو قوتابخانەی سەردەمی نوێ واتە “سوورڕیالیزم” و “سیمبۆلیزم” ئەکات. ئاماژە بەم بابەتە لێرەدا بێ سوود نییە کە ” ڕەزا بەراهەنی” شاعیر و نووسەر و ڕەخنەگری فارس، بڕێک خاڵی هاوبەش لەنێوان ئەم دوو قوتابخانەیە و عیرفانی ئیسلامی ڕۆژهەڵاتی دا دیاری کردووە. بە لە بەرچاوگرتنی تێمی عیرفانی بڕێک لە شێعرەکانی نالی بۆ شرۆڤە و لێکدانەوەی ئەم شێعرانە ئەکرێت، لەو خاڵانە کەڵک وەربگیردرێت. لەوانە : – جۆرێک سوبژێکتیڤیتە و زەینی بوونی موتڵەق، لەبەرچاو نەگرتنی دوو چەمکی شوێن / کات و…

+ یه‌کێک لە بەشە زۆر گرینگەکانی کتێبی ” ئافاقی شێعری نالی” بەشی حەوتەمی کتێبەکەیە ” من ە جیاوازەکانی شێعری نالی”.

لە ژێر سێبەری خوێندنەوە و توێژینەوەی نووسەر ئەتوانین خوێندنەوەگەلی زۆرترمان لەم بەشە بێت : خوێندنەوەی کۆمەڵناسانە، دەروونناسانە، زمانناسانە و… هەر بۆیەش ئەتوانێت هەڵگری زۆر شرۆڤە و شیکاری تریش ببێت.

دوای ئەو دابەشکارییە لەسەر چەمکی “من”، باس لە “من”ی تاکەکەسی لە شێعری نالیدا ئەکات و هەروەها خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی. بە سەرنجدان بە شرۆڤەهای پێشوو، بابەتەکە دووبارە پێوەند ئەخواتەوە بە چەمکی “زمان”.

دیارە نووسەر زۆر بە وردی و جوان، بابەتەکانی ڕوون کردۆتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی پێشەکی و هەروەها دابەشکاریی سەرنج ڕاکێشی ئەم بەشە، ئاماژە بەم خاڵە ئەدەین کە ئەو دابەشکارییە بە ڕوانینێکی دەروونناسانە ئەتوانێت بڕواتە خانەی تێورییەکانی ئیگۆ سایکۆلۆژیستەکانەوە (. (Ego psychologis

دیارە ئەم بابەتە ئەتوانێت ڕێگە خۆشکەر بێت بۆ توێژینەوەهای تر.
***

بێگومان هەم شێعرەکانی نالی و هەم دەقی کتێبی ” ئافاقی شێعری نالی” زۆر زۆرتر لەمە قسە و باس و شرۆڤە هەڵدەگرێت و پێویستیان بە قووڵ بوونەوەی زۆرتر هەیە.

بەپێی ئەو شرۆڤانەی باس کرا، لێكدانەوە و شیکاری شێعرەکانی نالی لەم کتێبەدا بە شێوەیەکی زانستی و لە ئاستێکی شیاودا بە ئەنجام گەیشتووە. بەڵام خاڵێک کە سەبارەت بەم کتێبە جێی ئاماژەیە، ئەمەیە کە دیارە شێعرە لیریک و دڵدارانەکانی نالی – وەکوو زۆرێک لە شێعرەکانی – جێی سەرنج و تێڕامانە و پێویستی بە لێكدانەوە و شیکارییە. بریا ئەو جێگا بۆشەش لەم کتێبە پڕبایەخەدا پڕ بکرایەتەوە. یان هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەو کارە لەسەر دەستی خودی دوکتۆر مەحموودزادە یان توێژەرانی تر بە ئەنجام بگات.

دیارە ئەم دێڕانە تەنیا دەربڕینی هەست و بیر و بڕوای تاکەکەسی من بووە و هیوادارم ئەگەر بە ئاستی بەرزی ئەو کتێبە شتێکم زیاد نەکردووە، لانیکەم خەسارێکم لە هەوڵ و تەقەلای نووسەر نەدابێت. ئەگەرچی هێشتا و هێشتاش شێعرەکانی نالی پتانسیێلی خوێندنەوە جۆراوجۆرەکانی تری هەیە.

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

بایسته‌های حمایت از کودکان قربانی مین

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *