خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / دەستەواژەی «زمانی دایکی»

دەستەواژەی «زمانی دایکی»

دەستەواژەی «زمانی دایکی»[۱] / دوکتۆر عادڵ مەحمەدی

دەستەواژەی زمانی دایکی، دەستەواژەیەکی نامۆ و دەرەکییە کە لە ڕێگای وەرگێڕانی وشە بە وشە لە زمانی ئینگلیزییەوە پێک‌هاتووە. بۆ وێنە وشەی خۆماڵیی “زمان” جێی وشەی (tongue/ language) دەگرێتەوە و هەروەهاش وشەی خۆماڵیی “دایک” لە هەمبەر وشەی (mother)دا بەکار هاتووە؛ بەڵام پێکهاتەی وشەکە بە هەمان شێوە کە لە زمانی سەرچاوەدا هاتووە، دەپارێزرێت. لە زمانی کوردیدا ، وشەی “دایکی” بەکار دەهێنن کە پێی دەڵێن ئاوەڵناوی پێوەندی[۲]، واتە ئاوەڵناوێک کە لە «ناو» وەرگیراوە و لەگەڵیشیدا پێوەندی هەیە و ئەم (ی)یە نابێت لەگەڵ نووسەکی[۳] سێهەم کەسی تاک و جێناوی لکاو تێکەڵ و بەراورد بکرێت و بە تێگەیشتنێکی هەڵە پێمان وابێت دەستەواژەی «زمانی دایکی» هەمان وەرگێڕانی وشەبەوشەی «زبان مادری»یە کە لە زمانی فارسیدا هاتووە. دەبێ بزانین کە ئەرک و واتای زەینیی «زمانی دایک» لەگەڵ «زمانی دایکی» جیاوازە و نیشانەی (ی) لە پێکهاتەی «زمانی دایک» ئەو مانایە دەگەیەنێت تەنیا وشەی دایک خاوەنداری زمانە کە بەم دۆخە دەڵێن دۆخی سەرخستن[۴]. هەروەها ڕێژەی بەکارهێنانی دەستەواژەی «زمانی دایکی» لە ناو زارەکانی کوردیدا زیاترە و نابێت کوردی تەنیا بە زارێکی تایبەتەوە کورت بکرێتەوە. ئەگەرچی ئەم دەستەواژەیە لە ڕۆژی ۲ی ڕەشەمەی هەموو ساڵێکدا لە لایەن یۆنسکۆوە وەکوو ناوی «ڕۆژی زمانی دایکی» دیاری کراوە؛ بەڵام لە زمانناسیدا پەسەند ناکرێت و باس و بابەتێکی زۆر لە خۆ دەگرێتەوە.

بۆ نموونە ئەو چەند دێڕەی خوارەوە ڕچاو بکەین:

«ڕۆژنامەی شەرق، ژمارەی۲۷۹۲، ۱۳ی ڕێبەندانی ۱۳۹۵»

· ڕستەی دەقی (۱): زمانی یەکەمی هەموو ئێرانییەکان فارسییە و ئەو زمانەی لە ماڵەوە وت‌ووێژی پێ‌دەکەن زمانی لانکەیە و شیاوی پەروەردە و ڕاهێنانی فەرمی نییە. ئەو زمانەی کە دایک لەگەڵ منداڵەکەیدا دەدوێت، پێناسەیەکی ئاسایی و ڕەمەکییانە لە زمانی دایکییە.

«ڕۆژنامەی هەمشەهری، ژمارەی۱۵۰۷، ۳۰ی بەفرانباری ۲۷۲۱»

· ڕستەی دەقی (۲): لە ڕوانگەی زمان‌ناسیی مێژووییشەوە، دەتوانین بڵێین زمانی فارسی زمانی دایکی و کەلتووری و مێژوویی هەموو ئێرانییەکانە.

هەر بەو چەشنەی لەو نموونانەی (۱) و (۲)دا دەبینن، زمانی هەموو ئێرانییەکان بە زمانی دایکیی فارسی دەست‌نیشان کراوە. بە پێی ئەو پێناسانەی کە پێشتر بۆ  زمان لێیان دواوین، وەها وتەیەک سەبارەت بە زمان لە ڕوانگەی زانستی زمان‌ناسیدا نەتەنیا هیچ بنەما و بایەخێکی نییە، بەڵکوو ڕوانگەیەکی سۆزدارانە و نالۆژیکیانەیە؛ لەبەر ئەوەی ئەو ڕوانگەیەی زمانی فارسی وەکوو زمانی هەموو ئێرانییەکان دەست‌نیشان دەکات لە ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە. تەنانەت لە ڕوانگەی خودی زمان‌ناسە ئێرانییەکانەوە نزیکەی سێسەد جۆرەزمان لە ئێراندا هەن کە هەندێکیان وەکوو عه‌رەبی و تورکی، لە ڕەگەزی هیندوئەورووپایی نایەنە ژمار و لە ڕیزی زمانە ئێرانییەکاندا نین (صفوی، ۱۳۹۸: ۱۰-۹).

ئەمینی لە ماڵپەڕی متمانەپێ‌کراوی ئێتنۆلۆگدا دەگێڕێتەوە کە ئەو زمانانەی لە ئێراندا هەن بە سەر دوو لق دابەش دەکرێن: یەکەم: خۆماڵی (٦۵ زمان) و دووهەم: نامۆ (۱۴ زمان). تەنانەت زمانانێک وەکوو گورجی و قەزاقستانی و زمانەکانی دیکەش دەبینین کە لە سەرچاوەکانی ‌تردا ئاماژەیان پێ نەکراوە و نەناسراون (امینی، ۲۰۲۲).

هاوگن[۵] (۱۹۹۱) لە توێژینەوەیەکدا، دەستەواژەی زمانی دایکی دەخاتە بەر باس و ڕای وایە کە لەم سەردەمەدا ئەم دەستەواژەیە ئەوەندە لە زمانەکانی هیندوئەورووپاییدا پەرەی سەندووە کە بەدەگمەن ئاوڕ لە سەرچاوە یان مێژووەکەی دەدرێتەوە. زۆرینەی خەڵک لەو بڕوایەدان کە منداڵ بە هۆی دایکییەوە فێری زمانی یەکەمی خۆی دەبێت بەڵام ئەم چەمکە باو و گشتگیرە پێش ۱۱۰۰ی  زایینی پشتڕاست نەکراوەتەوە و لەوانەیە لە هیچ زمانێکی سەدەکانی کۆندا نەهاتبێتە ئاراوە (کۆپر و سپالسکی[۶]،۱۹۹۱ :۷۳).

کلۆگە[۷] (۱۹۶۷) لە ساڵەکانی ۱۱۱۹دا ئاماژە بە زمانی دایکی دەکات. ئەو داهێنانی ئەو دەستەواژەیە گرێ دەدات بە لاتینییەوە و وای بۆ دەچێت لەبەر ئەوەی هەموو نووسراوەکانی بیرمەندانی ئەو سەردەمە بە لاتینی نووسراون، لەوانەیە ئەو دەستەواژەیە لە لاتینییەوە وەرگیرابێت و دواتر لە زمانەکانی دیکەدا پەرەی سەندبێت. بۆ وێنە لە زمانی فەڕەنسیدا «langue maternelle»، لە زمانی ئیسپانیاییدا «lengua materna» لە زمانی ئیتالیدا «lingua materna» لە زمانی ڕۆمانیاییدا «limba materna» و …ی پێ‌دەڵێن.

ئیوان ئێلیچ[۸] نووسەر و فەیلەسووف و کەسایەتیی ئایینیی کڵێسەی کاتۆلیک دەڵێت: لە سەردەمی کارۆلینجیان، دەستەواژەی زمانی دایکی لە «دایکی پیرۆزی کڵێسە»[۹]ەوە وەرگیراوە؛ چونکە ڕێوڕەسمی ئایینی کڵێسەکان بە زمانی لاتین بەڕێوە چووە؛ بەڵام لەو سەردەمەدا کە قەشەکان ئامۆژگاریی خەڵکیان دەکرد، زمانی خەڵکی ناوچەکەیان بەکار ئەهێنا تاکوو خەڵک بەرەو ئایینی کاتۆلیسیزم هان بدەن (ئێلیچ، ۱۹۸۱). بەڵام بە بڕوای کلۆگە بەڵگەکانی سەدەکانی ناوەڕاست ئەوە دەسەلمێنن کە زمانی باوکی بە ناوی لاتین و زمانی دایکی بە ناوی زمانی ناوچەیی پێناسە دەکرا کە ئەو جیاوازییە لەوپەڕی ڕەگەزێتیدا باس دەکرا؛ چونکە لەو سەردەمەدا تەنها پیاوان مافی خوێندنیان بوو و ئاستی ژنانی بۆ پەروەردەکردنی منداڵان و ماڵداری‌کردن دادەبەزاند. بۆیە لەوانەیە ئەو جیاوازییە لە کۆمەڵگای دوو‌ـ‌زمانەدا ڕووی‌دابێت کە زمانی ژنان لە بەرانبەر زمانی پیاواندا لە ئاستێکی نزمدا پۆلێن‌بەندی کرابێت.

نووسەری سویدی تاونیۆس[۱۰] (۱۹۸۱ :۵۷) دەڵێت کە بە وتەی نووسەرانی سەدەکانی ناوین، سروشتی ژنان لەگەڵ پەروەردە و ڕاهێنانی فەرمیدا ناگونجێت و تەنها سروشتی پیاوان ئەو هێز و توانا تایبەتەی هەیە کە بڕواتە ناخی کەلتوورەوە و ڕۆحی منداڵان ڕزگار بکات. بە پێی ئەم بەڵگاندنانە، هاوگن بڕوای وایە کە بەکارهێنانی دەستەواژەی زمانی دایکی بۆ یەکەمجار لە بواری واتاییەوە زیاتر سووکایەتی‌کردن و بێ‌ڕێزی‌کردن دەخاتە ڕوو و «نزم‌بوونەوەی واتایی»[۱۱] لە نێو ئەم دەستەواژەیەدا شتێکی ڕوون و ئاشکرایە و هیچ بەرزبوونەوەیەکی واتایی تێدا بەدی ناکرێت. هەر بۆیە، قسەی هەندێک کەس کە درووشمی ئەخلاقی دەدەن و دەڵێن: «بە درێژایی مێژوو لە ناو زۆربەی کەلتوورەکاندا دایک ئەو کەسە بووە کە زیاتر لەگەڵ منداڵ بووە و منداڵ زمانەکەی لە دایکی وەرگرتووە، بۆیە پێی دەڵێن زمانی دایکی»، قسەیەکی نازانستیانەیە و وەها بیرۆکەیەک لە بنەڕەتدا هەڵەیە؛ چونکە ئەو بەڵگانەی کە پێشتر ئاماژەمان پێ‌کردن، باس لەوە دەکەن کە دەستەواژەی زمانی دایکی هەڵگری باری واتایی نەرێنییە و بیرداڕێژەرانی بواری زمان‌ناسیش بڕوایان وایە کە زمانی دایکی بە واتای ئەوە نییە کە دەڵێن تەنیا دایک بۆ یەکەمجار لەگەڵ منداڵەکەی خۆی بەو زمانە قسە دەکات. لە ڕوانگەی ئاندرێ مارتینەدا، ئەگەر ئەو دادوەرییە ناوەختەی کە ڕۆمانتیسیسزمی سەدەی نۆزدەهەم سەپاندوویەتی بە سەر بۆرژوازی تاک‌زمانیی نەتەوە ئەرووپییەکاندا، لەبەرچاو نەگرین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو زمانەی یەکەمجار فێری دەبین، ڕاشکاوانە زمانی دایکی نییە؛ بەڵکوو دەتوانێ زمانی ئەو خزمەتکارانە یان ئەو کەسانەی بێت کە بۆ یەکەمجار لەگەڵ منداڵدا پێوەندیی زمانییان هەبووە (مارتینە، ۱۳۹۳ :۲۴۱).

بەم پێیە گرێدانی زمانی دایکی بە ناوی دایکەوە و خولقاندنی دەستەواژەی زمانی دایکی، هۆکارێکی ئایدیۆلۆژییانەی هەیە. پرسیارێک کە لەم سەردەمەدا دێتە ئاراوە ئەوەیە کە ئەمڕۆ مێتافۆری زمانی دایکی چۆن لە بازنەیەکی پیرۆزدا خۆی دەنوێنێتەوە؟ بە وتەیەکی دیکە، بۆچی ئەمڕۆ ئەم دەستەواژەیە بە گرێدان بە دایکەوە لایەنێکی سۆزدارانە و باری واتایی ئەرێنی لە خۆ گرتووە و بە زمانێکی ڕەگەزانەوە، بە سوود و قازانجی ژنان دەنوێندرێتەوە؟ لە حاڵێکدا بە پێی داتاکانی زمان‌ناسی، لە سەیری مێژوودا هەمیشە ڕەگەزخوازیی زمانی (سێکسیزم)[۱۲]، وێنەی ژنانی بە شێوەیەکی نەرێنی نواندووە و لێکۆڵینەوەی زمان‌ناسانێک وەک شووت[۱۳] (۱۹۸۱)، لێباڤ (۱۹۷۲)، لیکاف (۱۹۷۳)، ترادگیڵ (۱۹۸۳)، کامێرون (۲۰۰۵)، میڵز (۲۰۰۳)، وارداف (۲۰۰۶)، لی[۱۴] (۲۰۰۶) و… کە سەبارەت بە ڕەگەزخوازیی زمانی نووسراون، ڕاستێتی ئەو وتەیە دەسەلمێنن. هەروەک لوۆراتو[۱۵] دەڵێت بە پێی بەستێنی وشەیی، وشەی ژن لەو وشانەدا دەنوێندرێتەوە کە زیاتر پێوەندییان بە ئەرکی ماڵداری و خزمەت‌گوزارییەوە هەیە (لوۆراتو، ۲۰۰۳)؛ بەڵام وا دیارە لە دەستەواژەی «زمانی دایکی»دا بابەتەکە پێچەوانەیە و زیاتر لەبەرچاونەگرتنی پیاوان و پەراوێزخستنی ڕەگەزی پیاوانەیە و بە هەمان شێوە کە پێشتر باسمان کرد، ڕەگەزخوازیی زمان هەردەم وێنەیەکی سووک یان واتایەکی نەرێنی لە ژنان دەخاتە بەر چاو.

بەڵام ئەمڕۆ ئەم دەستەواژەیە وێنەی ژن بە شێوەیەکی ئەرێنی لە مێشکی مرۆڤدا دەنوێنێتەوە کە تێیدا باوک پەراوێز خراوە و بە پشت‌گوێ‌خستنی دەوری باوک، ئەو بڕوایە دەخاتە ڕوو کە باوک هیچ دەورێکی لەم زمانەدا نەبووە و بەبێ هیچ هاوسەنگییەکی ڕەگەزی، ئەم دەورە تەنها بۆ دایک تەرخان کراوە. تەنانەت ئەگەر ئەمڕۆ بە بیرکردنەوەیەکی قووڵترەوە ئاوڕ لەم دەستەواژەیە بدەینەوە، هیچ بەرزبوونەوەیەکی واتایی تێدا بەدی ناکرێت؛ چونکە دەستەواژەی «زمانی دایکی» بۆ ئەو زمانانە بەکار دەبرێت کە لە وڵاتێکدا وەکوو زمانێکی نافەرمی و ژێردەست سەیر دەکرێن. هەروەها ئەم دەستەواژەیە تەنیا بۆ ئەو ئاخێوەرانە بەکار دەبرێت کە وەکوو زمانێکی خۆجێیی‌ دەدوێن و بە زمانێکی تر جگە لە زمانی فەرمی دەئاخێون.

لە میانەی وت‌ووێژێکدا لەگەڵ دوکتۆر ئاویر کەلهوڕ، کۆمەڵ‌ناس و لێکۆڵەری بواری کۆمەڵایەتی، ئەم دەستەواژەیەمان بە ڕێکردێکی ڕەخنەگرانەوە دایە بەر باس. لە ڕوانگەی ناوبراوەوە ڕستەی «من ئەوی‌ترم» واتای ئەوپەڕ‌ـ‌ڕەوایەتیی ئەم دەستەواژەیە کە وەها بابەتێک لە داڕێژەی ناسنامەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی مرۆڤدا دەورێکی تایبەتی هەیە و ناوەرۆکەکەی، گۆڕدرانی ڕواڵەت و پێگەی کۆمەڵگا بەرانبەر بە «ئەوی‌تری» خۆی دەبەخشێت کە خاوەنی زمانی نەتەوەیی و دەسەڵاتدارە. ئەم زمانە پەیکەرەیەکی بێگانە و داشکاو بۆ خەڵکی نیشتەجێی وڵاتە داگیرکراوەکان ساز دەکات؛ چونکە خودی ئەم ناولێنانە بۆ شکست‌پێ‌هێنانی بەرخۆدانی دەروونیی کۆمەڵگا بن‌دەستەکانە. شوێنهاتی ئەم دەستەواژەیە ئاماژە بە «پەراوێزخستن» دەکات و هەروەها ئاماژەیە بۆ «کۆمەڵگایەکی ڕەگەزخواز». ئەم جۆرە وشەسازییە بە شێوەی فەرمی دەمانخاتە پەراوێزی گوتاری نەتەوەیی و دەسەڵاتدارەوە.

لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا بە ئەدەبیاتی زمانی دایکییەوە دەکرێ لەباری ناسنامەییەوە خۆمان پیشان بدەین و دەرکەوین؟ شیاوی باسە کە بەم دەستەواژە سیاسییەوە، زمانە نافەرمییەکان ناتوانن لە ڕوانگەی مافی زمانییەوە دۆخی خۆیان بگۆڕن و گۆڕانیان دەگەڕێتەوە سەر «ئەوی‌تر» نەک خۆیان. هەر بۆیە ئاخێوەرانی ئەم کۆمەڵگایانە دەکەونە ژێر «ترۆمای بێ‌ناسنامەییەوە». ئەگەر لە ڕوانگەیەکی دیکەوە سەیری ئەم دەستەواژەیە بکەین، زمانی دایکی پڕۆژەی «کەمینەسازیی» کۆمەڵگای داگیرکراو قووڵتر دەکاتەوە، واتە جۆرێک باوەڕمەندیی درۆیین دەداتە جوگرافیای سیاسی و کۆمەڵایەتی «ئەوی‌تر» لە وڵاتە داگیرکراوەکاندا. بەو واتایەی کە زمانی دایکی ڕێگەی زاڵ‌بوون بۆ زمانی باڵادەست و نەتەوەیی خۆش دەکات و ئەم ڕەوتە گرینگەیش، شوێن‌پێی شەپۆلی نوێی داگیرکاریی بەجوانی ئاشکرا دەکات.

تاوتوێ‌کردنی ڕەوتی پێکهاتنی گوتاری زمانی دایکی لە زانستی ڕۆژهەڵات‌ناسیدا ئەم ڕاستییە دەسەلمێنت؛ چونکە زانستێکی وەها بڕیار بوو گوتارێک بێت بۆ شی‌کردنەوە و ڕوون‌کردنەوەی بێ‌لایەنانەی جوان‌ناسی، زمان‌ناسی، هونەر و ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵات؛ بەڵام لە ژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی داگیرکاریدا گۆڕدرا بۆ گوتارێکی ژیۆپۆلیتیک (جوگرافی‌ـ‌سیاسی) کە زاراوەکانی زانستە مرۆییەکانی وڵاتە ژێردەستەکانی دابەزاندووە و کۆمەڵگاکانی تەنیا لە چوارچێوەی کلیشە باوەکاندا پێناسە و شرۆڤە کردووە (ئا. کەلهوڕ، وت‌ووێژی نووسەر، ۷ی جۆزەردانی ۲۷۲۱).

زمان‌ناسانێک وەک بلۆمفیڵد لە سەر ئەو باوەڕەن کە «زمانی یەکەم»[۱۶]، دەتوانێ «زمانی خۆجێی»[۱۷]، «زمانی دایباب/باوکی»[۱۸] بێت کە تاک دوابەدوای لەدایک‌بوونی تا سەردەمی هەستیار[۱۹] فێری دەبێت (بلۆمفیڵد، ۱۹۳۳). دەستەواژەی دیکەی وەک «زمانی بنەماڵە[۲۰]»ییش بەکار براون و هەروەها وەک جی. ئاڕ. ئاڕ. تاڵکین[۲۱] (۱۹۵۵) ناوی ناوە «زمانی لانک»[۲۲]یش دەتوانێ ڕاست و دروست بێت. لەم پێوەندییەدا و بە پێی ئەم دەستەواژە جۆراوجۆرانە زۆربەی توێژەرانی زانستەکانی بواری زمان‌ناسی لەباتی ئەم دەستەواژەگەلە، دەستەواژەی «زمانی یەکەم» بەکار دەهێنن؛ بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کە فراوانی و ڕێژەی بەکاربردنی «زمانی دایکی» لە دەستەواژەکانی دیکە زیاترە و ئەمەش بڵێی‌نەڵێی واتا و چەمکی زمانی منداڵ تا ئاستی وشەی «دایک» دادەبەزێنێت کە دەستەواژەی لەم چەشنە قەت‌قەت بێ‌لایەن نییە و هەڵگری لایەنی ئایدیۆلۆژیکییە.

شیاوی ئاماژەیە کە هەندێک کەس لە ڕێگای ئاماژەکردن بە وتە بەناوبانگەکانی بیرمەندانی دنیا لە هەوڵی ئەوەدان چەمک و دەستەواژەی زمانی دایکی ببەنەوە سەر ڕستە و تێفکرینی ئەو بیرمەندانە. بۆ نموونە ڕستەی «زمان، ماڵی بوونە»[۲۳] وتەی هایدێگر[۲۴] (۱۹۷۱) و ڕستەی «بوونێک کە فام دەکرێت، زمانە»[۲۵] وتەی گادامێر[۲۶] (۱۹۹۴)، واتای چەمکی زمانیان لە پێناسەیەکی گشتیدا باس کردووە و مەبەستی ناوبراوان لەم ڕستانەدا زمانی دایکیی فارسی، کوردی، تورکی، عەرەبی و … نییە.

ڕستەکەی هایدێگر واتە هەبوون و هەستیی مرۆڤ لە زماندا دەردەکەوێت و ڕاستییەکانی سەر هەستی و بوون لە ڕێگای زمانەوە دەخرێنە ڕوو. جیاوازیی زمان و تێفکرین لە ڕوانگەی هایدێگرەوە ئاوایە کە «زمان» ڕاستی ئاشکرا دەکات. ئەم زمانە دەتوانێ زمانی شێوەکاری بێت، زمانی مۆسیقا بێت کە هەر یەکەی ئەم زمانانە دەتوانن پەردە لە سەر حەقیقەت و ڕاستی لا بدەن. واتە ئەم زمانانە ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن؛ بەڵام واتای «تێفکرین» لە ڕوانگەی ناوبراوەوە واتە «ڕێ‌کردن لە سەر ڕێگای ڕاستی و حەقیقەت». بە وتەیەکی دیکە، لە ڕوانگەی هایدێگرەوە بۆ ئەوەی بچینە بازنەی حەقیقەت و ڕاستی، پێویستە هەبوون و هەستیی مرۆڤ بخەینە بەر پرسیار. لەڕاستیدا تەنیا لە زماندایە کە پابەندبوون و دڵ‌گراوی لە مرۆڤدا دێتە ئاراوە و مەبەست لە «ماڵی بوون»، بانگهێشت‌کردنە بۆ زمانی هەبوون و ئەم ماڵە، شوێنێکە لە سەر تەوەری هەستی و هەبوون دامەزراوە. ڕستەی گادامێر واتە زمان شوێنێکە کە تێیدا دەفرایەتی لێ‌تێگەیشتنی هەستی و هەبوون ئاشکرا دەبێت و بە شێوەی زاتی ئەم دەفرایەتییەی تێدایە.

_____________________________________

[۱]. Mother tongue / Mother language

[۲].Relational adjective

[۳] .Clitic

[۴] .genitive

[۵]. Haugen

[۶]. Cooper & Spolsky

[۷]. Kluge

[۸]. Ivan Illich

[۹]. Holy mother the Church

[۱۰]. Thavenius

[۱۱]. Pejorative

[۱۲].Sexism

[۱۳]. Shute

[۱۴]. Lei

[۱۵]. Levorato

[۱۶]. First language

[۱۷]. Native language

[۱۸]. Father/Parent tongue

[۱۹]. Critical period

[۲۰]. Family language

[۲۱]. J.R.R. Tolkien

[۲۲]. Cradle tongue

[۲۳]. Language is the house of being

[۲۴]. Heidegger

[۲۵]. Being that can be understood is language

[۲۶]. Gadamer

داگرتنی PDFی وتارەکە

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

بایسته‌های حمایت از کودکان قربانی مین

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *