خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیمەن عبدللە صالح

پێشەکی

ئەدەبی پۆستمۆدێرن ئامرازێکی شیکارییە، کە تیشک دەخاتە سەر فرەڕەنگی و ناتەواوی چەندین تیۆری بنەما کۆمەڵایەتی وسیاسییەکانی نێو ئەدەب، کە لە بنەڕەتدا مەبەست لێی ڕەخنەی ئەدەبی نەبووە. بە واتا لێکۆڵینەوەیە لە بوارە جیاوازەکان وەک فیزیا، بایۆلۆجی، دەروونناسی، فەلسەفە و زانستە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، کە ئەمانە لە کلاسیکدا قبووڵ نییە، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە لە ئەدەبی پۆسیمۆدێرندا بۆ گەیشت بە جوانناسی پۆستمۆدێرنە لە نێو ئەدەبدا ئەم گۆڕانکارییە لە بنەڕتەوە ئاساییە، کە گێڕانەوە تێدا گرنگی تایبەتی هەیە. لە گواستنەوە وتێگەیشتن تێیدا، چونکە بابەتاکان لێرەدا ڕەنگاو ڕەنگ و ئاڵوواڵان گێڕانەوەکا ئەرکی گەیاندنی دەکەوێتە سەر، کە لە گێڕانەوەیەکی پارچەپارچە بوون دەست پێدەکات تا دەگاتە یارییەکان.

پێکهاتەی توێژینەوەکە:

ناونیشانی توێژینەوەکە بریتییە لە (تێمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن، ڕۆمانی(ئەلف/ یاء)ی ڕەزا عەلی پوور بە نموونە) ئەم توێژینەوەیە لە دوو بەش پێکهاتووە، کە هەر بەشەی چەند خاڵێک لە خۆی دەگرێت.

بەشی یەکەم بریتییە لە دەروازەیەکی تێۆری بۆ ئەدەبی پۆستمۆدێرن، کە چەمک و زاراوەی پۆستمۆدێرن و ئەدەبی پۆستمۆدێرن و ڕۆمانی پۆستمۆدێرن و تایبەتمەندییەکانی لە خۆ دەگرێت. بەشی دووەم بریتییە لە تیمە و تەکنیکە پۆستمۆدێرنەکانی ڕۆمانی ئەلف/یا وەک ئایرۆنی، دەقئاوێزان، لێکدانی توخمەکان، میتافیکشنی مێژووگەرایی، مینیمالیزم.

هۆی هەڵبژاردنی توێژینەوەکە:

پۆستمۆدێرنیزم وەک ڕەوتێکی فەلسەفی و سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆی کایەکانی ژیانی مرۆڤی گرتۆتەوە. هەوڵی تێکشکاندنی سێنتەرگەرایی داوە. ئەدەب بە گشتی و ڕۆمان بەتایبەت بە هۆی زاڵبوونی ڕەهەندەکانی مۆدێرنیزم مۆنۆپۆل کرابوو. ئێمە دەمانەوێ ئەو هەوڵە پۆستمۆدێرنەیە لە بواری ڕۆمانی کوردی دەربخەین.

گرفتی توێژینەوەکە:

ئەم توێژینەوەیە خۆی خەریک دەکات بە گەڕان و کنەی چەند گرفتێک، ئەویش لە ڕێگەی وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێک: تا چەند ڕۆمانی کوردی سوودی لە تەکنیک و تێمەکانی پۆستمۆدێرنیزم وەرگرتووە؟ کاریگەری ئەو تێمە و تەکنیکانە لەسەر لایەنی هونەری ڕۆمانی کوردی چییە؟

مێتۆدی توێژینەوەکە:

بۆ ئەم توێژینەوەیە سوودمان لە بنەما و شێوازی پۆستمۆدێرنیزم بۆ ڕاڤەکردن وەرگرتووە.

ئامانجی توێژینەوەکە:

ئامانجامان دەستنیشان کردنی هەموو ئەم تایبەتمەندیانەی، کە لەئەدەبی پۆستمۆدێرندا هەن، کە ڕۆماننووس بەکاری هێناون لە نێو ڕۆمانی ئەلف/ یادا.

بەشی یەکەم: دەروازەیەک بۆ پۆستمۆدێرنیزم و ئەدەبی پۆستمۆدێرنیزم

١. چەمک و زاراوەی پۆستمۆدێرنیزم

کاتێك بەر چەمکی پۆستمۆدێرنیزم دەکەوین، ڕاستەوخۆ ئەوەمان بە مێشکدا دێت، کە ئەم ڕەوتە ئاماژەیە بۆ قۆناغی دوای مۆدێرنیزم. هاوکات ئاماژەیە بە قۆناغێکی مێژوویی دیاری کراو. زاراوەکە (Post modernism) بە واتای پاش تازەگەری، پاش نوێبوونەوە، دوای مۆدێرنە دێت. لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٠- ١٩٩٠ دەگرێتەوە. لە دەیەی ساڵانی ١٩٨٠ گەیشتە لووتکە. لە بنەڕەتدا مەبەست لێی کۆمەڵێ تیۆر و قوتابخانە و ڕەوتی فەلسەفی، فیکری، ئەدەبی، ڕەخنەیی و هونەرییە. ئەم ڕەوتە دێت بۆ ئەوەی میتافیزیکای ڕۆژئاوا تێکبشکێنێت، چیدیکە ڕۆژئاوا خۆی بە ناوەندی عەقڵ و پێشکەوتن دانەنێت. واتە شکاندنی ئەو گوتە و ڕستە سێنتڕاڵانەی لە کۆن و نوێدا هەیبەتیان بەسەر عەقڵی خۆرئاوادا هەبوو. ((ئیهاب حەسەن لە ناوەڕاستەکانی دەیەی ١٩٧٠خۆی بە قسەکەری پۆستمۆدێرنیزم ڕاگەیاند. ئیهاب ئەم ناونیشانەی بەستەوە بە بۆچوون و بیروڕای ئەزموونگەری، لە هونەر و فراتکنۆلۆژی لە بیناسازیدا: ویلیلم باروز و باکمینستەر فۆلەر، ئەنارشیزم، کۆنبوون/ بێدەنگی.. داماڵینی داهێنان/ تەفکیکیەت و بە یەک وشە، ڕووداوگەلێک کە من و کەسانی دی دواتر بە خەسڵەتەکانی (مۆدێڕنەی دوایی)مان ناونا.)) )کۆمەڵێ نووسەر، ٢٠١١، ل ٤٦٠) هەر ئەم ڕەخنەگرە ئەمریکی/میسرییە پۆستمۆدێرنیزم بە جۆرێک لە تەقینەوە بەرانبەر مۆدێرنە دادەنێت، هەموو چوارچێوە و یاساکان دەشکێنێت، لە نموونەکانی ڕابردوو دەردەچێت و تێپەڕیان دەکات.

هێندێ بۆچوونی دیکەیش هەن، کە پەیدابوونی ڕەوتی پۆستمۆدێرنیزم بۆ دەیەی ١٩٦٠ دەگەڕێننەوە بەتایبەت لە بواری ئەدەبی و ڕەخنەییدا لە ئەمریکا. ئەم ڕەوتە بۆ ناو کایە مەعریفەییەکانی دیکەیش خزی و کاریگەری لەسەر بەجێهێشتن. بۆ نموونە (شارلز جینگس)، کە یەکێکە لە تیۆریزانەکانی پۆستمۆدێرنە لە بواری بیناسازیدا، بەڵام بیرۆکە و کاریگەری ئەو ڕەوتەی لە ڕەخنەی ئەدەبییەوە وەرگرت. بە بڕوای ئەم بیناسازە، بۆچوونەکانی نووسەر (ئیهاب حەسەن) بە سەرچاوەی پەیدابوونی پۆستمۆدێرنە دادەنرێن. هاوکات (فرانسوا لیۆتار) لە کتێبەکەیدا (بارودۆخێ پاش تازەگەری) لە ساڵی (١٩٧٩)دا ئاماژە بە (ئیهاب حەسەن) وەکوو هەوەڵین تیۆریزانەکانی پۆستمۆدێرنە دەکات. هەرچەندە بۆ چوونی دیکەیش هەن. واتە دیاریکردنی ماوە و کاتی پەیدابوونی بۆچوونی جوایەزی لەسەرە. پەیدابوونی ئەم ڕەوتە ((هێندێك بۆ مێژوونووسی بەریتانی ئاڕنۆڵد توینبی ١٩٥٤ دەگەڕێننەوە. هەیشە بۆ بۆ شاعیر و ڕەخنەگری ئەمریکی شارڵز ئولسۆن لە ساڵانی پەنجای سەدەی ڕابردوو دەگەڕێننەوە. لە کاتێکدا هەیە بۆ ڕەخنەگری بواری ڕۆشنبیریی لیزلی فیدلەر بەتایبەت ساڵی ١٩٦٥ دەگەڕێننەوە.)) [البازعی والرویلی، ٢٠٠٠، ص١٣٨] کەواتە ناتوانین بە دیاری کراوی بڵێین لە فلان ساڵ ئەم ڕەوتە پەیدا بووە، هێندە هەیە لە سەرەتای ساڵانی پەنجای سەدەی ڕابردوو بە سەرەوە ئەم ڕەوتە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤ دەگرێتەوە، بەتایبەت لە ڕۆژئاوا.

وەکوو زاراوە ڕەخنەگر (تێری ئیگڵتۆن) لە کتێبی (وەهمەکانی پۆستمۆدێرنێتە) دا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە زاراوەی (پۆستمۆدێرنێتە) بە واتای قۆناغێکی مێژوویی تایبەت دێت، بەڵام زاراوەی (پۆستمۆدێرنیزم) بە گشتی ئاماژەیە بۆ شێوەیەک لە شێوەکانی ڕۆشنبیریی سەردەم. لەگەڵ هەموو ئەمانەیش دەکرێ بپرسین مەبەست لەم چەمکە چییە؟ ئایا تەنی بیرۆکەیەکە لە مێشک و ژیانی ڕابەرانی؟ یان پڕۆژەیەکە وەکوو دیاردە و ئەزموونێکی ڕۆشنبیریی جوایەز لە قۆناغەکانی دیکە؟ بۆ ئەوەی هەموو ئەمانەمان بە تەواوی بۆ ڕوون بێتەوە، دەبێ سەرەتا مەدلوولاتی زاراوەکە ڕاڤە بکەین.

پێشگری (Post) لە زمانی ئینگلیزیدا بە واتای پاش، زۆر، گەلەک، پشتی، دوای…تاد دێت. ئەم پێشگرە هەروا لە خۆڕا نایەت، بەڵکوو لە واتاکەیدا دەردەکەوێ ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری. هاوکات ئەگەر ئەم پیشگرە بە زاراوەکەی بنووسێنین، یان بە جوا بینووسین، واتای جودا دەدەن. بەلام لە هەموو بارێکدا ((Post بە واتای شتێك دێت، کە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری، ئاماژەیە بۆ ڕەوتێکی نوێ لە ئەنجامی کۆتاییهاتنی ڕەوتی پێشتر دێتەکایەوە.)) [لیوتار، ١٣٨٤، ص١٣٩] هاتنی ئەم پێشگرە دەلالەت لە پەیدابوونی ڕەوتێکی نوێ، لە ڕەوتی مۆدێرنیزم. بەڵام ئەگەر هاتوو ئەم پێشگرە بە وشەی پاشتر بنووسێت، وەکوو: postmodernism ,postmodernity یان لێی جودا بێت: post-modernism ، یان ئەگەر یەکەم پیت (P) بە گەورەیی بنووسرێت و یەکەم پیتی مۆدێرنێتە بە بچووکی بنووسرێت. ئەمانە هەموو گوزارشتن لە ڕوانینێکی قووڵ بۆ ئەم زاراوەیە، هاوکات نیشانەی فرەیی دەلالەتی ئەو زاراوەیە دەگەیەنێت. هەر شێوە بەکارهێنانێک بە گوێرەی ئایدیۆلۆجیا و پشتخانە فیکریەکەی واتا ئەرێنی، یان نەرێنی وەردەگرێت. (هابرماس) وەکوو فەیلەسووفێک لەبارەی ئەم پێشگرەوە دەڵێت: پاش (post) تەنی ئاگەدارکردنەویەک نییە، بەڵکوو دەبێ بە گرینگییەوە لێی بڕوانرێت، وەکوو زەمینلەرزەیەک بۆ سەر عەقڵی سەردەم وایە. لە ڕێی ئەم پەیڤەوە لەوە تێدەگەین، پۆستمۆدێرنیزم ڕووداوێک نەبوو ئێستا لە ڕابردوو داببڕێت، هەروەک مۆدێرنیزم وای کرد. ئەمەیش ڕەخنەی ئەم فەیلەسووفەیە لە پۆستمۆدێرنیزم، بەوەی ڕەخنەیان لە مۆدێرنیزم، ڕەخنەیەکی لاوەکی و بەشەکییە. هاوکات ئەو پروپاگەندەی گوایە مۆدیرنێزمیان تێپەڕ کردووە زۆر ڕێژەییە، کەواتە پۆسمۆدیرنیزم کەوتنی جۆرێکی ئەدەبی و هونەری و فیکریە. هەرچەندە ئەم پێشگرە دەلالەتی زۆری هەیە، بەڵام بۆ زۆر چەمک و زاراوەی دیکە، تەنێ بۆ ناونان و وەسفکردن دێت، بۆ نموونە پاش سەرمایەداری post- capitalism ، پاش مارکسیزم post- Marxism و …تاد. لەگەڵ هەموو ئەمانەیش هەمیشە (پاش/Post) جێی گفتوگۆ بووە. بەوەی ئایا ئاماژەیەکی مێژوویی یان تیۆرییە؟ بە واتایەکی دیکە وەک (تێری ئیگڵتۆن) ئاماژەی بۆ دەکات، ئایا (Post) بابەتێکی مێژوویی، یان بابەتێکی ڕۆشنبیریییە؟ ئایا مەبەست لەمە دابڕێنێکی تەواوەتیە لە پێش خۆی؟

بە بۆچوونی (ئیهاب حەسەن) بەکارهێنانی ئەم زاراوەیە بۆ یەکەم جار بۆ نووسەری ئیسپانی (فدریکۆ دی ئۆنیس) لە کتێبی (هەڵبژاردەیەک لە شیعری ئیسپانی و ئیسپانیی ئەمریکی) دەگەڕێتەوە. ئەم کتێبە لە ساڵی ١٩٣٤ بڵاودەبێتەوە. پاشان (دۆلی فیتس) لە کتێبی (هەڵبژاردەیەک لە شیعری نوێی ئەمریکی لاتینی) لە ساڵی ١٩٤٢ ئاماژەی بۆ دەکاتەوە. هەر دوو بەکارهێنانەکە ئاماژە بۆ پەرچەکردارێکی لاوەکی لە ناوەڕۆکدا بەرانبەر مۆدێرنە دەکەن. کەواتە ئەم زاراوەیەکە سەرەتا لەناو ڕەخنەی ئەدەبییدا پەیدا دەبێت و گەشە دەکات. هاوکات ئەم چەمک و زاراوەیە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کتێبی (توێژینەوەی مێژوو)ی مێژوونووسی ئینگلیزی (ئاڕنۆڵد توینبی) مەدلوولی دیکە وەردەگرێت. بەتایبەت ئەم مێژوونووسە ئاماژە بۆ سێ تایبەمەندی دەکات، کە کۆمەڵ و فیکری ڕۆژئاوا لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم لەوانی دیکە جودا دەکاتەوە. ئەوانیش: ناعەقڵانی، ناپێوانەیی و ئاژاوەگێڕیە. ئەمانە دەبنە خەسڵەتی کۆمەڵی ڕۆژئاوایی. لێرەوە هەردوو زاراوەی (پۆستمۆدێرنێتە) و (پۆستمۆدێرنیزم) لە یەکدی جودا دەکرێنەوە. هەرچی زاراوەی یەکەمە دەلالەت لە ماوەیەکی مێژوویی، بەڵام زاراوەی دووەم دەلالەتە لە جۆرێک لە ڕۆشنبیریی سەردەم.

لە سەرەتای ساڵانی پەنجای سەدەی ڕابردوودا ئەم چەمکە وەکوو هاوواتایەک بۆ فەلسەفەی بوونگەرایی بەکاردێت، کە پێداگری لەسەر دەستپێشخەری تاک دەکاتەوە بۆ ئەوەی لە هەموو لاسایی و کۆنێك دەرچێت. ((پاشان ئەم چەمکە لە بوارەکانی دیکەیش گەشە دەکات لە بواری ئەدەبی هونەریدا پتر جێی خۆی دەکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەو ڕەوتە ڕەخنەییەی هەیە تێپەڕێنێت.)) [دیاب، ٢٠٠٥، ص٩] هەر ئەوەیشە ڕەخنەگری ئەمریکی (لیزلی فیدلەر) و (ئیهاب حەسەن) وەکوو دوو ڕابەری ئەم ڕەوتە فیکری و ئەدەبی و هونەرییە دەردەکەون.

لە ساڵانی شەستدا بە شێوەیەکی فراوانتر بەکار هات. کاتێك (لیۆنارد مایەر) لە توێژینەوەیەکدا بە ناوی (کۆتایی سەدەی ڕۆشنگەری) لە ساڵی ١٩٦٣ ئاماژە بۆ گۆڕانکاری لە بیناسازیدا لە شارەکانی ڕۆژئاوادا دەکەن. هەر لەو بوارەدا هونەرمەندی بیناساز (ڕۆبەرت ڤێنتۆری) لە وتارێکدا بە ناوی (بەهانەکانی بیناسازیی پۆپ) لە ساڵی ١٩٦٥دا ئاماژە بە بەهانەی لە دایکبوونی شێوەیەکی نوێ لە بیناسازی دەکات. هەر ئەمەیش دەبێتە سەرەتایەک بۆ کتێبی (ئاڵۆزی و جوایەزی لە بیناسازیدا)، لەوێدا ئاماژە بە تایبەتمەندی و خەسڵەتەکانی هونەری بیناسازی نوێ دەکات. ئەمانە هەموو هەوڵبوون بۆ ئەوەی ئێستێتیکای کلاسیکی لە هونەری بیناسازیدا ڕەت بکەنەوە. لەم بوارەدا چەمکی پۆستمۆدێرن بە تەواوی ڕەنگی دایەوە. لە سەرەتای ساڵانی حەفتای هەمان سەدە هونەرمەند (چارلز جێنکز) ڕۆڵێکی گەورە لە پەرەپیدانی ئەم شێوازە لە بیناسازیدا دەبینێت. سەرچاوەی ئەم هونەرمەندە بۆ پەرەپێدانی بیناسازی پۆستمۆدێرنیزم ڕەخنەی ئەدەبییە. هاوکات ئاماژە بۆ ئەوە دەکات (ئیهاب حەسەن) ڕۆڵێکی گەورەی لە چەسپاندنی ئەم چەمکە هەبووە، ئەم قسەیە (فرانسوا لیۆتار)یش پشتڕاستی دەکاتەوە.

لە سەرەتای ساڵانی ١٩٧٠ ڕۆشنبیریی پۆستمۆدێرنیزم بە شێوەیەکی بەرچاو گەشە دەکات، بەتیابەت دوای شۆرشی خوێندکاران لە فرەنسا لە ساڵی ١٩٦٨. ئەم شۆڕشە گۆڕانکاری فیکری گەورەی دروست کرد. لێرەوە لە کتێب و بەرهەمەکانی: ڕۆلان بارت، میشێل فۆکۆ، جاک دریدا و جاک لاکاندا تەواو ڕەنگ دەداتەوە. هەموو ئەمانە دەبنە سەرەتایەک بۆ ئەو ڕەوتەی بە فەلسەفەی پۆستمۆدێرنیزم ناسراوە. وەکوو پێشتر ئاماژەم بۆ کرد، لە ساڵی ١٩٧٩ کتێبەکەی (فرانسوا لیۆتار) بە ناوی (بارودۆخی پۆستمۆدێرنیزم)، کە گوزارشت بوو لە کۆمەڵێ بۆچوونی تیۆری بۆ ئەم ڕەوتە.

لە ساڵانی هەشتای هەمان سەدە کۆمەڵێ نووسەر و فەیلەسووف بە بەرهەمەکانیان گەشەیان بەم ڕەوتە دا. لەوانە: میشێل فۆکۆ، دۆلۆز، جاک دریدا…تاد. هاوکات ئەم چەمکە لەناو سۆسیۆلۆژیادا تەواو خۆی چەسپاند، بەتایبەت لە فرەنسا لەگەڵ کارەکانی (پییەر بۆردیار)، لە بەریتانیا لەگەڵ بەرهەمەکانی (سکۆت لاش) بەتایبەت لە کتێبی (سۆسیۆلۆژیای پۆستمۆدێرنە)دا.

لە ساڵی ١٩٩٥دا نووسەر (واڵتەر ئەندرسۆن) دەڵێت: ((پۆستمۆدێرنە وەکوو هەموو ڕەوتە فیکرییەکانی دیکە دێ و دەڕوا، بەڵام پۆستمۆدێرنیزم هەمیشە لەسەر پێ دەبێت.)) [هارفی، ٢٠٠٥،ص١٦] لە هەمان فەزادا ئەم نووسەرە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کۆمەڵێ نیشانە و ئاماژە لە ئێستادا هەن، سەلمێنەری هەیمەنەی ڕۆشنبیریی پۆسمۆدێرنیزمن. بۆیەیش فەیلەسووفێکی وەکوو “ئیهاب حەسەن” پۆستمۆدێرنیزم بە تارمایی (شبح) ناو دەبات. هەموومان وا دەزانین ئەو تارمایییە نەماوە، بەڵام لە ناکاو ئەو تارمایییە پەیدا دەبێتەوە. لێرەوە ئەم زاراوەیە ڕەهەندێکی فەلسەفی وەردەگرێت، هەرچەندە بە بەراورد بە بە کارهێنانی ئەم زاراوەیە لە ئەدەبیات و هونەری تەلارسازییدا درەنگتر وەکوو زاراوەیەکی فەلسەفی دەرکەوت.

کەواتە پۆستمۆدێرنیزم لە ڕەهەندە مێژوویی و سیاقیەکەیدا پێوەندی بە گەشەی سەرمایەداریی ڕۆژئاواوە هەیە، جونکە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ڕوودەدات. هاوکات پێوەندی بە هۆکارەکانی ڕاگەیاندنەوە هەیە. نۆ نموونە دەبێتە پەرچەکردارێک بۆ بونیادگەری زمانەوانی، هاوکات ئەو چەمکانەی وەکوو ناوەند و سێنتەر لە ئەورووپا بە کار دەهاتن، خۆیان بەسەر بیرکردنەوەی ئەورووپیدا سەپاند بوو. لێرەوەیە پۆستمۆدێرنیزم لە بارودۆخێکی سیاسی ئاڵۆز دەردەکەوێت، بەتایبەت دوای جەنگی دووەمی جیهانی، بەڵام لە سەروبەندی شەڕی سارد، گەشەپێدانی چەکی ناوەکی، ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤ، پەیدابوونی ڕەوتی شانۆی نامەعقوول (ساموێل بیکێت، ئادامۆڤ، یونیسکۆ…)، سەرهەڵدانی فەلسەفەی ناعەقڵانی وەکوو سوریالییەکان، بوونگەرایی، عەبەسی و عەدەمی…تاد. دواجار هەڵوەشاندنەوەگەرایی دەبێتە گوزەرگایەکی سەرەکی لە گواستنەوەی دنیا لە مۆدێڕنیزمەوە بۆ پۆستمۆدێرنیزم. کەواتە پۆستمۆدێرنیزم وەکوو چەمکێکی دژ بە مۆدێڕنیزم سەرهەڵدەدات.

٢. ئەدەبی پۆستمۆدێرن:

ئەدەبی پۆستمۆدێرن بزووتنەوەیەکی ئەدەبییە، کە تێیدا گرنگی بە پارچەپارچە بوون دەدات هەروەها خۆی بەدوور دەگرێت لە مانا رەهاکان. وە بەشێکە لە کلتوور، ئەگەر سەرنج بدەین ئەم گۆڕانکارییانەی، کە هەموو بوارەکانی ژیانی گرتەوە وەک بواری فەلسەفی و ئابووری کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و فکری و سیاسی و هیتد… ئەدەبیش وەک هەموو بوارەکانی دیکە سەردەم بە سەردەم قۆناغ بە قۆناغ گۆڕانکارییەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا وەکو ئەدەبی پۆستمۆدێرنە، کە خاوەنی چەندین خەسڵەت وتایبەتمەنی خۆیەتی جیای دەکاتەوە لە سەردەمی دوای خۆیی و پێش خۆی ئینجا لە ڕۆماندا بێت یان چیرۆک و شیعر یاخود هەربەرهەمێکی دیکەی ئەدەبی ئەوەی گرنگە ڕەنگدانەوەی سەردەم و خوگونجاندنیەتی، لەگەڵ ڕەوتی سەردەمەکە بەواتا گۆڕان بۆ ئەدەبێکی تازە جیاواز لە ئەدەبی پێش خۆیی، کە تێیدا گومان لە هەموو شتێک دەکات. لە ئەدەبی پۆست مۆدێرندا(( گومان لەو بۆچوونە باوو بەناو نوێیانەش دەکات، کە هەندێک هۆکاری مەنتیقی دەستنیشانیان دەکات. ئەدەب لەم چوارچێوەیەدا گومان لە دەربڕینی حەقیقەت بەتەواوی، دەکات. مەعنا لەئەدەبی پاش نوێگەریا ڕێژەییە، ئەوەی کەدوێنی ڕەهاو موتڵەق بوو، گۆڕاوەو لەپڕوپاگەندەکردن بۆ ڕەهاو حەقیقەتی جێگیر دەرباز بووە، بەرەو ڕێژەیی کشاوە.))(تاهیر بەرزنجی، ١٩٩٩، ١٧٠).

ئەدەبی پۆستمۆدێرن حەقیقەت ناکاتە بەردی بناغە بۆ بابەتەکان، چونکە باس لە هیچ یاساو ڕێساو پێوەرێک ناکات وەکو قۆناغەکەی پێش خۆی، کە لەمۆدێرنیزم دا عقڵانیەت بنەمایەکی گرنگ بوو لەهەمان کاتدا هیومانیزم سەنتەر بوو. لەئەدەبی پۆستمۆدێرنەدا ئازادی تێدایە، واتا نووسەر ئازادانە بیر و هزری خۆی دەخاتە گەڕ بەبێ ئەوەی پابەندی هیچ یاسا و ڕێسایەک و کۆتێک بێت، لەگەڵ ئەوەشدا بۆچوونی بەهەند وەردەگیرێت، ئەگەر بۆچوونی حەقیقەتیشی تێدا نەبێت، کەواتە ئازادی بیرکردنەوەی فراوانی ڕەخساندوە واتە بۆچوونی من لەگەڵ بۆچوونی تۆ جیاوازە، بەڵام لە هەمان کاتدا هەردوو بۆچوون ڕاستەو وەری دەگرێت لە ئەدەبی پۆستمۆدێرندا. لەهەمان کاتدا لە بەرهەمی ئەدەبی پۆستمۆدێرندا یەک مانای نییە، بەواتا دەبێت خوێنەر ماناکانی بدۆزێتەوە لێکیبداتەوە، کە ئەمەش بیرو بۆچوونی جیاواز بەدوای خۆیدا دەهێنێتە ئاراوە، کە لێرەدا عەقڵ لەپۆستمۆدێرندا ناگاتە حەقیقەتێکی گشتی و ڕەها چونکە((عەقڵی پاش نوێگەری سیفەتی ڕێژەیی پێوەلکاوە هێمن و قووڵترە، لە جموو جووڵێکی زیاترایە، خۆی لە سیفەتی ڕەهایی وحوکمی رەها بەدوور دەگرێت. جیاوازی نێوان عەقڵی نوێگەری و عەقڵی پاش نوێگەری ئەوەیە، کە دووەمیان، واتا عەقڵی پاش نوێگەری لەکاتی پاڵاوتن و بەرهەمهێنانی زانست و زانیاری نوێدا دەزانێت، کە ناگاتە حەقیقەتێکی ڕەها، بەڵکو دەزانێت، کە دەگاتە حەقیقەتە ڕێژەییەکان موەقەتەکان))(هەمان سەرچاوەی پێسوو، ١٧٣). کەواتە لە پۆستمۆدیرندا هەموو جۆرە عقڵێک قبوڵەو ڕەت ناکرێتەوە.

٣. ڕۆمانی پۆستمۆدێرن:

ڕۆمانی پۆستمۆدێرنە ڕۆمانێکی مۆدێرنە، کەبەرپەچی پڵۆت و گێڕانەوە و کرۆنۆلۆژی وهیتد… دەداتەوە، کە تێیدا خەیاڵ گرنگترە تاوەکو واقیح لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لەئەو تایبەتیانەی، کە لەڕۆمانی پۆستمۆدێرنیزمدا هەبوون لێرەدا ڕەتدەکرێتەوە، چونکە لەبنەڕتدا دووشتی جیاوازن هەرچی پۆستمۆدیرنیزمە لەگەڵ ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی سەردامدا دەڕوات و خۆی دەگونجێنێت. هاوکات جۆن بارت بەدوو وتار توێژینەوە باس لەڕۆمانی پۆستمۆدێرنە دەکات. ((وتاری یەکەمی بەناوی ئەدەبیاتی بەفیڕۆچووThe literature of Exhausion-١٩٦٧ و وتاری دووەم بەناوی ئەدەبی پڕکردنەوەThe literature of Replenishment- ١٩٨٠. وتاری ئەدەبیاتی ماندووبوون کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت، هاوکات گفتوگۆیەکی فراوان دروست دەکات. جۆن بارت لەم وتارەدا پێداگری لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ئەدەبی واقحی و ئەدەبی کۆن خەڵکیان ماندوو کردووە و ئەدەبێکی ماندووکەرن. ئەم وتارەی جۆن بارت وەکو مانیفێستی مردنی ئەدەب بەگشتی وڕۆمانی کۆن بە تایبەتی دەردەکەوێت.))(هەمانسەرچاوەی پێشوو، ٧٩٧). پۆستمۆدێرنەکان بەوە دەناسرێن، کە سەنتەری سروشتی خودی خەیاڵن و دەبێت خەیاڵ سەربەخۆبێت لە کۆمەڵگای واقیح و هەر کایەیەک لە دەرەوەی خۆی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نکۆڵی لە بوونی حەقیقەت ناکات. فەیلەسوفی فەڕەنسی فۆکۆ دەڵێت: ((حەقیقەت چەمکێکی ڕێژەییە و دەتوانین لەڕێگەی پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتییەوە، کە پێی دەوترێت گوتار، لە حەقیقەت تێبگەین.))(Sheeba, 2019, saet)، کە ئەم گوتارە کۆمەڵایەتیانە هەموو چین و توێژێک دەگرێتەوە لەگەڵ ئەوەشدا خوێنەر تێیدا بەشداری دەکات، کەواتە بەگشتی بابەتێکی تەواو جدییە و پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی هەیە، چونکە پڕاکتیزەکردن لە ڕۆمانی پۆستمۆدێرنەدا باو ئاساییە هەموو بۆچونەکان قبوڵە وە شێوازێکی تاک گەراییە و کلتوورە جیاوازەکان تێکەڵاو دەبن.
لە ئەدەبی کوردیدا سەبارەت بە ڕۆمانی پۆستمۆدێرنە و سەرهەڵدانی دکتۆر حمە مەنتک دەڵێت: ((هەتا ئەم ساڵانەی دوایی ڕۆمانی پۆستمۆدێرنە لە مێژووی ڕۆمانی کوردیدا دەرناکەوێت. بێگومان ئەمەیش بۆ درەنگ ئاشنابوونی ڕۆمانووسانی کوردە بە بنەما و خاسیەتەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن. ئەمەیش واتای ئەوە نییە لە مێژووی ڕۆمانی کوردیدا دەقمان نەبێت هێندێک بنەماکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرنەی تێدا نەبێت، بەڵام ئەمە نیکات بە ڕۆمانێکی لەم شێوەیە)). (مەنتک، ٢٠٢١، ٨٠١). کەواتە سەر هەڵدانی ڕۆمانی پۆست مۆدێرنە مێژوویەکی زۆر کۆنی نیە لە ئەدەبیاتی کوردیدا. هەرچەندە ڕۆماننووسە کوردەکان درەنگ شارەزابوون بە بنەماکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرنە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نموونەی نووسینی ڕۆمانی پۆستمۆدێرنەی سەرکەتوومان هەیە وەک کاروان کاکە سوور، ڕەزا عەلی پوور، عەتا محەمەد، دلاوەر ڕەحیمی، چەندانی دیکە…

بەشی دووەم: تێمە و تەکنیکەکانی پۆستمۆدێرنە لە ڕۆمانی ئەلف/یادا

لە ڕۆمانی پۆستمۆدێرندا جیاوازی و تایبەتمەندی خۆی هەیە جیای دەکاتەوە لە ڕۆمانەکانی سەردەمی پێش خۆی بەواتا ڕۆمانە کۆنەکان لەگەڵ ئەم ڕۆمانی پۆستمۆدێردنەدا یەک شتنین. لێرەدا ئەم توێژینەوەیەو چەندین هۆکاری تر، کە پێشتر ئاماژەمان پێ کرد بوونە هۆی هاتنە ئارای ڕۆمانی پۆستمۆدێرن پۆستمۆدێرن و خاسییەت و تایبەتمەندییەکانی بزوتنەوەی ئەدەبی پۆستمۆدێرن، کە کۆمەڵێک تایبەتمەنی بۆڕۆمانی پۆستمۆدێرنە دیاریکران لەلایەن هەردوو توێژەر ئیهاب حەسەن و ولیزلی فیدلەر لەوانە((دژوازی، جیاوازی، فرەیی، ڕێژەیی، ڕووبەڕووبوونەوەی واتای جێگر، فۆڕمی کراوە(واتە بنیاتی کراوەی دیارینەکراو) و دەقئاوێزان.))(تاهیر بەرزنجی، ١٩٩٩ ، ٧٩٦). لێرەدا چەند تایبەندییەک دەخینەڕوو:

١. ئایرۆنی/ نوکتەی ڕەش

دەتوانین بڵێن ئایرۆنی دایەلۆگێکی پڕلە تانە و پلارە، کە زۆرجار پێویستە بە وردی یان بە ئاگاییەوە ممەڵە لەگەڵ ئەم دایەلۆگەدا بکەین، چونکە پڕەلە ناڕوونی و تەمومژی بۆ ئەوەی نەکەوێنە هەڵەی مانا ڕستەقینەکەیدەبێت بەوردی لێکدانەوەی بۆبکەی. سەرەتا بۆ تێگەێشتن لەئایرۆنی پێویستە بەدوای مانای ڕاستەقینەی وشەکەدا بگەڕێن بۆ ئەم مەبەستەش عەلی ئەسغەر وشەی تەنز بەکار دەهێنێت، کە دەڵێت: ((وشەی تەنز، کە لە بەرامبەرIrony دا هیاتووە، بەهیچ کلۆجیک واتای دەلۆیی و هێنانەپێکەنین و، ئەوەی ،کە ئەمڕۆ دەیخەنەپاڵییەوە ناگەیەنێت. مانای ڕەسەن ویۆنانی ئەم وشەیە خۆگێل کردنە. سوقرات لەمیانەی گفتوگۆکانیدا، بە مەبەستی خستنە دوای نەیارەکانی، خۆی لەگێلی دەدا، کەواتە تەنز تژییە لەحیلەگەری و دەربڕینی شتێکە بەشێوەی تەوس و پلار ،مەبەست تانە لێدانە.))(قەرەباغی، ١٣٨٠، ٩)

پۆستمۆدیرنەکان لەبری ئەوەی گرنگی بە حەقیقەت بدەن دێن تانە یان پلار بەکار دەهێنن. لەم تایبەتمەندییەی پۆستمۆدێرندا((نووسەرانی مۆدێرنیستی خەریکی ئەوەن، زۆرجار ئامرازەکانی وەک نوکتەی ڕەش، یاری کردن بەوشە و ئیرۆنی و تەکنیکەکانی تری یاری کردن بەکاردەهێنن، بۆ سەرنج ڕاکێشانی خوێنەرەکانی))(MasterClass,2021, saet) لە ئیرۆندا گرنگی زۆر بە تێگەیستنی خوێنەر دەدرێت سەبارەت بەو بابەتە، چونکە لێرەدا ئەوە گرنگە خوێنەر خۆی واتاو تێگەیشتن بەپێی ئایدیاکانی داخاتەڕوو بە واتا بێرو تێگەیشتنی من بۆ بابەتەکە جیاوازە لە بیرو تێگەیشتنی تۆ بۆ هەمان بابەت. یاخود باروودۆخێکی واقعی ئاشکرا دەکات جیاوازە لەوەی، کەوا دیارە ڕاستە واتە دژیەکی تێدا دەردەکەوێ بۆ نموونە کەسێک هەواڵێکی ناخۆش ڕادەگەیەنێت لەبەرامبەردا کەسێک هەیە دەڵێت ئەوەیە مژدە، ئەگەر سەرنج بدەین هەواڵەکە دڵ خۆشکەر نییە، بەڵام لەبەرامبەردا وشیەکی دڵ خۆشکەر دەبیستین، کەلەڕاستیدا ئاوانیە لەهەمان کاتدا هەست بە ناڕاستیەک و دژیەکییەک دەکەین.

((نوێخوازەکان پێیان وایە، کە مرۆ دەتوانێ سوود لەشێوازە جوودایەکانی مێژوو ببینێت و لە دەقێکدا لێکی بترنجێنێت، مرۆ لە دەقێکدا دەتوانێ شێوەدەربڕینێک بەکار بهێنێ، کە دەکرێ ئەوە دەربڕینێکی دادایزم و سوریالیزم، سومبولیزم و زمانی ڕۆژانەیی بێت و گشت ئەو شیواز و دەربڕینانە تێکەڵاو بکا و لە شێواز و دەربڕینی هەمەجۆردا بەکاریان بهێنێ. ئەمەش لە کن ستێڤین کۆنۆر، بریتییە لەوەی کە: “دوای نوێخوازیی بەێچەوانەی دیدی گەردوونخوازیی نوێخوازییەوە، هەستەوەریی دێهاتی جیهانی کۆسمۆپۆلیتزمێکی تەنز ئامێز(ئیرۆنی) پێشکەش دەکا.))(هەندرێن، ٢٠٢١، online). بەپێی تێڕوانینی پۆستمۆدێرنەکان دەکرێت مرۆڤ نوێژ بکات لە هەمان کاتدا دەتوانێت مشرووب بخواتەوە کەواتە لە یەک کاتدا دووشتی پێچەوانەی یەکتر یان تێکەڵکردنی دووشتی دژ بەیەک دەکات.

جۆن دۆیڵ سەبارەت بە ئیرۆنی دەڵێت: ((دەبێت رۆماننوسە هاوچەرخە پۆست-پۆستمۆدێرنەکان، ئەوەیان لە خەیاڵ دابێت کاتێک لە باوەڕی پۆست-ئایرۆنی دەکۆڵنەوە شمشێرێکی دووسەری پەیوەندی مرۆڤی و (بەها) ی ڕاست و ناڕوونیان هەبێت، کە بەشیوەیەکی پارادۆکسانە کەمتر مرۆییانە دەرکەوێ وەک ئەوەی ڕوویەکی ساختەی ئایرۆنی بێت.))(دۆیڵ، ٢٠٢١، online). لەم تایبەتمەندییەی پۆستمۆدێرندا هەست بە بوونی ڕاستییەک ناکەین، بەڵام لەبنەڕەتدا خاڵی نابێت لەڕاستی تەنها تەم و مژی نادیاری دێتە ئاراوە، کە خوێنەر توشی تێڕامان دەکات بۆنموونە پۆلێس بەدوای بکوژێ دەگەڕێت بەڵام لە بنەڕەتدا خۆی بکوژەکەیە ئەمە هەم دژیەکی تێدایە تاڕادەیەکێش دوورە لە ڕاستی، چونکە خودی پۆلیس تاوانباران دەستگیر دەکات نەک ببێت بەتاوانبار، کەواتە ئەو ڕووداوانەی ڕوو دەدەن پێچەوانەی ئەوەیە، کەخوێنەر دەیزانێت هەر وەک ئەم نموونەییەی سەرەوە خوێنەر پێش ئەوەی بگات بە کۆتا خاڵ، کە کێ تاوانباری ڕستەقینەیە لای خوێنەر کارەکتەرێکی ترە، بەڵام خەیاڵی پێچەوانە بۆیەوە، کە پۆلیسەکە بوو. هەموو بارودۆخەکە پێچەوانە بۆیەوە، کە خوێنەر ئاگاداری بارودۆخ و زانیارییەکانی کارەکتەر نین بۆیە خوێنەر لە دۆخی ناکۆکی یان ململانێدا دەمێنێتەوە. ئەمەش بۆئەوەی کاریگەری لەسەر خوێنەر بەجێبهێڵنن لە هەمان کاتدا بەرزکردنەوەی ئەدەبەکەیان پیشانبدەن.

ئەم جۆرە تایبەتمەندییەی پۆستمۆدێرن لەڕۆمانی ئەلف/یا دا بەڕوونی دەردەکەوێت بۆنموونە لە پەڕەگرافێکدا ڕۆماننووس دەڵێت: ((کێ بوو پێی گوتبوو ساوەری پاقژنەکراوی پڕ لە پۆخڵەوات؟ پێم وابێ لە ناو ئەم پاسەدا هەر منم بیر لە پێوەندیی ساوەر و زمان دەکەمەوە. بەکێ بڵێم لە ساخ بوونم گومان دەکات، وەک لەیلا.))(علی پوور، ٢٠٢٠، ٣٧). ئەگەر سەرنج بدەین ڕۆماننووس لە بەکار هێنانی ئەم پەڕەگرافەدا مەبەستی تانەو پلارە سەبارەت بە نووسەرانی کورد ئەو هەڵەکانەی، کە لە نووسیندا دەیکەن وەک ڕێنووس ، چونکە مەبەستییەتی بڵێت ئێوە پڕن لە ناپاکی پڕن لەپیسی پێویستە پاک بکرێنەوە. هەروەک چۆن ساوار پێش ئەوەی ببرێت بۆ ئاش دەبێت پاک بکرێتەوە لەو پیس و پۆخەڵاتەی تێیدایە ئینجا ئەکرێتە ئاشەوە دەبێت بە ساوەر و ئامادە دەبێت. ئاواش دەبێت نووسەرانی کورد پاک بکرێنەوە لە هەمانکاتدا ئەگەر سەرنج بدەین ناڕوونی لە پەڕەگرفەکەدا دەبیندرێت، کە ئەوەش سیفەتێکی ئایرۆنییە هەروەها دژیەکییەکی تێدایە وەک (پاک و پیس) ئەمانە دوو وشەی تەواو پێچەوانەی یەکترن، کە ئەمەش تایبەتمەندییەکی ئایرۆنییە.

ئایرۆنی لەپەڕەگرفێکی دیکەدا بەرچاوو دەکەوێت بۆنموونە ((بە دەستی خۆت شقارتەیەکت ناوە بە ژیانی هەردوومانەوە، بۆکڕووزی گەیشتووەتە دەرودراوسێ و خزم و کەس، بەڵام لووتی خۆتت لێ گرتووە.))(هەمان سەرچاوەی پێشوو، ٨٢). لێرەدا ڕۆماننووس زۆر بە شارەزایی و لێهاتووی ئەم ئایرۆنییەی بەکارهێناوە، چونکە تەنز یان پلان دەگری لە کارەکتەری سەرکی، کە چۆن خۆی لەو بارو دۆخە گێل کردووە، کە خۆی دروستی کردووە واتا بارودۆخێکی رەخساندووە ژیانی هەردووکیان کردووە بەدۆزەخ بەو دەنکە شقارتەی، کە ناوییەتیە ژیانیان ئەمە هێچ حەقیقەتێکی تێدا نییە تەنها بە مەبەستی پلارە، کە دەیخاتە نێو ڕۆمانەکەوە، کە هەموو ژیانی ئەم دوو کارەکتەرە تێک چووە بە جۆرێک خزم و کەس و دراوسێش ئاگادارە، بەڵام ئەم واتا کارەکتەر یوسف خۆی لێ بێئاگا کردووە یان خۆی گێل کردوە ئەمە ڕاستییەکەیە، کە دەیەوێت بەخوێنەری بڵێت، بەڵام ڕۆماننووس بەجۆرێک ئەم تایبەتمەنی ئایرۆنییەی بە کار هێناوە تاوەکو چێژێ بە خوێنەر ببەخشیت و سەرنجی ڕابکێشێت. ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی پۆستمۆدێرنەو ئایرۆنی.

٢. دەقئاوێزان

دەقئاوێزان یەکێکە لەسیماو خەسڵەتەکانی پۆستمۆدێرن، کە چەمکێکی تاڕادەیەک تازەیە و ئامێز بۆ هەموو دەقێک دەکاتەوە ئینجا شیعر بێت یاخود چیرۆک و ڕۆمان هیتد… ڕەخنەگرە ئەوروپییەکان زاراوەی دەقئاوێزان دەگەڕێنەوە بۆ بیرو ڕاکانی نووسەری ڕووسی میکایل باختین. لە ئەدەبی کوردیدا سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم چەمکە تاڕدەیەک ناڕوون بوو لە لایەن نووسەر و ڕەخنەگرانی کورد، کە تێیدا زێتر ئاماژەیان بۆدزینی دەق یان تێهەڵکێشکردن دەق دەکرد تاوەکو واتە ڕستەقینەکەی، کە بریتیە لە تێکەڵ کردنی دوو دەق یان زێتر. سەبارەت بەزاراوەی دەقئاوێزان دکتۆرعەلی لە کتێبی ئاسۆی دەقدا دەڵێت: ((ڕەخنەگر عەبدوڵا تاهیر بەرزنجی یەکەم کەسە زاراوە وچەمکی دەقئاوێزانی لەڕەخنەی ئەدەبی کوردیدا پێناساندوین و کاری زۆری لەسەر کردووە))(تاهیر بەرزنجی،٢٠٢٠ ، ١٧٢)

دەقئاوێزان هەر وەکو هەموو زاراوەکانی دیکە چەندین پێناسەی جۆراوجۆری بۆکراوە((دەقئاوێزان ئەوەیە، کە دەقێکی ئەدەبی دەق و هزری زانستی پێش خۆی لە خۆ بگرێت، بەشێوەیەک، کە دەقە کۆنەکان لەگەڵ تازەکەدا پێکەوە دەقێکی یەکگرتوو و تەواودروست بکەن))(هەمان سەرچاوەی پێشوو،١٧٢). ئەم تێکەڵکردنی دەقانە، بۆ هێنانە کایەی دەقێکی تازە و داهێنەرانە بێت نەک لاسای کردنەوە. لێرەدا مەرج نیە ئەودقانەی دەمانەوێت تێکەڵی بکەین هەر دەقێکی کۆن بێت دەکرێت دەقێکی تازە بێت واتا دوو دەقی سەردەمیانە و هی یەک قۆناغ و سەردەم بن گرنگ ئەوەیە ئێمە بتوانین بەتێکەڵکردنی ئەم دوو دەقە دەقێکی جیاواز و داهێنەرانە بخوڵقێنێن.((هەموو دەقێکی داهاتوو لەسەر بنەمای دەقەکانی پێش، یا هوچەرخی خۆی بنیات دەنرێت، ئەمەش ئەو واتایە ناگەیەنێت، کە شوێن پەنجەی کەسایەتی نووسەر تێدانەبێت، یا ون بێت، یا بەدوور بێت لە داهێنان، بەڵکو نووسەر لەڕێگەی پشت بەستن بەیاسا و ڕێسا و میکانیزمەکانی دەقاێزان مامەڵە لەگەڵ ئەو دەقانە دەکات، بە بەکار هێنانی زمانی سەردەمی خۆی و هەستە تایبەتییەکانی پەیوەست بە خود دەقەکە دەگۆڕێت بۆ دەقێکی نوێی بەرهەمهاتوو لە چەند کەدرستەیەکی هەمەڕەنگ))(مەولود، و حسین، ٢٠١٧، ١٣١).

پۆستمۆدێرن(( لەپێناوی ڕوح کردن بەبەر پاڕۆدیدا، سوود لەشێوەکانی ئاوێتەگەری وەردەگرێت. ئەم وشەیە بۆیەکەمجار لەکۆتاییەکانی سەردەمی کلاسیک و بەمەبەستی پێناسەکردنی رێبازی هەندێ لە فەیلەسوفەکانی یۆنان هاتەکایەوە ئەم فەیلەسوفانە رایان وابوو زۆربەی ئەو ئەندێشانەی، کەخۆیانی پێوە خەریک دەکەن هی خۆیان نیەو پێکهاتوە لەئایدیاگەلێکی بەرجەستە، کە لەڕێبازەکانی ترەوە گوڵبژێرکراون. ئاوێتەگەری بەواتای گوڵبژێر و ئاوێتەکردنی ئەندێشە و رێباز و چەمکەکان))(قەرەباغی، ١٣٨٠، ٩) هەڵبژاردن و تێکەڵکردنی ئەم دەقانە هەروا کارێکی ئاسان نیە لێرەدا وردی و بەئاگایی نووسەری دەوێت، چونکە نووسەر مەبەستیەتی دەقێکی نوێ دابهێنێت، کە تێیدا توانا و کارامەی نووسەر بەرجەستە دەکات. بەسوود وەرگرتن لەدەقەکۆنەکان یان تازەکان، کە نووسەر دەست دەخاتە هەڵبژاردن و تێکەڵ کردنی لەگەڵ دەقەکەی خۆیدا.

لەبارەی دەقئاوێزانەوە دکتۆر منتک دەڵیت: ((دەقئاویزان دەبێتە تیۆرییەک بۆ ئەوەی توێژەر بیەوێ لە هەر دەقێک بکۆڵێتەوە، ڕیشە و سێبەر و کاریگەریی دەقی دیکە، چ بە ڕاستەوخۆ و چ بە ناڕاستەوخۆ تێدا بدۆزێتەوە.))(منتک، ٢٠١٩، ١٤٠).کەواتە دەقئاوێزان ڕۆڵ و کاریگەری تایبەتی خۆی هەیە لە پێشکەوتنی هەندێک لەژانرەکانی ئەدەب بەتایبەتی لە شیعر و ڕۆمان و چیرۆکدا، چونکە خۆی لە داهێناندا دەبنێتەوە، کە خۆی تێکەڵ بە ئاین فەلسەفە مێژوو… دەکات.

لەڕۆمانی ئەلف/یا نموونەی دەقئاوێزان بەرچاو دەکەوێت بۆ نموونە

(( مو ان بحرم کە در ظرف امدستوم

مو ان نقطە کە در حرف امدستوم

بە هر الفی الف قدی بر ایو

الف قدم کە در الف امدستوم ))(علی پوور، ٢٠٢٠، ١٠٥).

لێرەدا ئەگەر سەرنج بدەین ڕۆماننووس هاتووە شیعرێکی بابەتاهیری هەمەدانی هێناوە تێکەڵ بە ڕۆمانەکەی کردووە دەقئاوێزانی لێ دروستکردوە، کە خاسیەتێکی پۆستمۆدێرنەیە لە هەمان کاتدا چێژێکی تایبەتی بەڕۆمانەکە بەخشیوە، چونکە خوێنەر لەگەڵ خوێندنەوەی ڕۆمانەکە شیعرێکی دەکەوێتە بەرچاو، کە زاخاوە بۆ مێشک و ئارامییەکە بۆخوێنەر ڕۆماننووس لە کاتێکدا سودی لەم شیعرەی بابەتاهیر وەرگرتووە کاتێک کارەکتەر باس لەخەت خۆشی دەکات، کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەم دوو بەیتەی بابەتاهیر هەزار جار لە چەند شوێنێک بە خەتێک نوسیووە.ڕۆمانووسیش هاتووە ئەم دەقئاوێزانەی لێ پێکهێناوە.
لە شوێنێکی دیکەدا ئەم دەقئاوێزانە بەڕوونی دەردەکەوێت، کە ڕۆماننووس بە لێهاتووی بەکاری هێناوە ئەویش بە سوود وەرگرتن لە دەقی قورئانی پیرۆز بۆ نموونە(( فلم تقتلوهم و لکن اڵلە قتلهم)) (هەمانسەرچاوەی پێشوو، ١٤١). لێرەدا دەبینین یەکی لە سورەتەکانی ئەنفالی بەکار هێناوە تێکەڵ بە ڕۆمانەکەی کردووە توانیویەتی داهێنانی تێدابکات. ڕۆماننووس کاتی سوود لەم دەقە ئاینیە دەبینی کاتێ شا تفەنگێک دەکاتە دیاری بۆ والی ئەو کاتە بانگهێشتی میرمونشی کردوە تاکو وەسفێکی ئەم تفەنگەی بۆ بکات. هەرچەندە وەسفەکەی ورد و سەرەکی نەبووە، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات، کە ئایەتێکی لەسەر هەڵکۆڵدراوە دەقی ئایەتەکە لە نێو ڕۆمانەکەدا دەخاتە ڕوو بەم شێوەیە سوود لە ئەم ئایەتە دەبینێت و دەقئاوێزانی لێپێک دەهێنێت.

٣. لێکدانی توخمەکان (Pastiche) 

پاستیج یەکیکە لە توخمەکانی پۆستمۆدێرنە، کە شێوازو فۆڕمەکان و نووسینی دەق دەگرێتە خۆی بۆ نووسینی دەقێکی پۆستمۆدێرنە، واتا لێکدانی چەندین شیواز یان ژانر لەنێو یەک ژانردا بەو واتایەی، کە دەتوانین چەندین ژانری جیاواز بهێنین یان فۆڕمی جیاواز لە نێو یەک دەقدا لێکیان بدەی، هەرچەندە ئەمە کۆندا دەکرا، چونکە ژانرێکی وەکوشیعر بنەمای خۆی هەیە وە شێوازی خۆی هەیە. لەگەڵ ڕۆمان جیاوازی هەیە ئەمەش بۆ ئەوە دەکرێت، کە سەنتەر بوون تێک بشکێندرێت واتا کاتێک ئێمە ڕۆمان دەنووسین سیماو خوسڵەتەکانی نێو ڕۆمان نەهێڵین یان بشکێنین، کە لە کۆندا هەبووە لەڕۆمانی پۆستمۆدیرنەدا ئەم سەنتەر بوونە خۆبەستنەوەیە یەک فۆڕم یەک شێواز یەک توخمی ڕۆمان تێکدەشکێنیت، کە چەندین ژانرو شێوازی دیکە دەهێنێتە ناوەوە.ئەمانە هەمووی تێیدا مۆنتاج دەکرێت لەگەڵ یەکتریدا. کەواتە پاستیچ بریتییە لە تێکەڵ کردنی ژانرەکان واتا دەتواندرێت سوود لە شانۆ یان ئەفسانە و یان خەیاڵی زانستی گۆرانی مێژوو کلتور…ببینێت هەموو ئەمانە دەتوانین تێکەڵ بکەین یان جێگەیان بکەینەوە.

((پۆستمۆدێرنیزم لەپێناو رۆحکردن بەبەر پارۆدیدا، سود لەشێوەکانی ئاوێتەگەری وەردەگرت. ئەم وشەیە بۆ یەکەمجار لە کۆتاییەکانی سەردەمی کلاسیک و بەمەبەستی پێناسەکردنی رێبازی هەندێ لە فەیلەسوفەکانی یۆنان هاتە کایەوە. ئەم فەیلەسوفانە ڕایان وابو زۆربەی ئەو ئەندێشانەی، کە خۆیانی پێوە خەریک دەکەن هی خۆیان نیە و پێکهاتوە لەئایدیا گەلێکی بەرجەستە، کە لە ڕێبازەکانی ترەوە گوڵبژێر کراون))(قەرەباغی،١٣٨٠، ٩). لەپۆستمۆدێرندا هەموو ئەمانە لە پێناوی گێڕانەوەیەکی سەرنجڕاکێش و ناوازە ئەمەش وا دەکات خوێنەر لەکاتی خوێنەوەدا هەست بە ماندووی یاخود بێزاری نەکات بەردەوام بێت لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، چونکە زۆرجار خوێنەر لەشێوازی گێڕانەوی ڕۆمان بێتاقەت دەبێت کاتێک ڕۆمانەکە لەسەر یەک شێواز دەنووسرێت وا لە خوێنەر دەکات لە نیوەی ڕۆماناکەدا دەستبەرداری ڕۆمانەکە بێت لەم پاستیچەدا ئەم بۆشاییە بۆ ڕۆمان پڕدەکاتەوە.

لە پاستیچ((توخمە جۆراوجۆرەکانی لێوەر دەگیرێت یان بەکار دەهێندرێت.هەروەها پاستیچ دەتوانێت یارمەتی دروستکردنی جۆراوجۆری لە نێو بەرهەمێکدا بدات بە قەرزکردنی توخمەکان وەکو کارێکی هونەری لە هەندێک باریشدا دەکرێت ژانری نوێ یان تێکەڵاو دروست بکات))(Master Class, 2021, Online ). لە نێو ئەدەبدا چەندین ژانر هەیە، کە ڕۆماننووسەکانی پوستمۆدێرنە دەتوانن سوودی لێوەربگرن بەکاری بهێنن لە نێو ڕۆمانەکانیاندا، کە زێتر بۆسەرنج ڕاکێشانی خوێنەرە لە هەمانکاتدا چێژ بەخشینە بە خوێنەر بۆنموونە ڕۆماننووس پەڕەگرافێک لە ڕۆمانەکەی بەشێوەی پەخشان دەنووسێت یاخود بەشێوەی شیعر یان هەر ژانرێکی دیکە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زەوق و سەلیقەی ڕۆماننووس لە بەکارهێنانی ژانرەکان لە نێو ڕۆمانەکەیدا هەڵبەتە ئەمەش کارێکی ئاسان نییە شارەزای و لێهاتووی پێویستە دەبێت ڕوماننووس بەوریاییەوە مامەڵەبکات لە بەکارهێنانی ئەم ژانرانەدا. بۆ نموونە ژانرێکی وەکۆ دراما، کە تۆن یاخود ئاوەز ڕۆڵدەبینێت لە دروستکردنیدا، چونکە ((لەدرامادا تۆنی کارەکتەر ڕۆڵیکی یەکجار زۆری هەیە لەبەرز و نزمی و چۆنییەتی دەربڕینی تۆنەکان، بەڵام لە نێو ڕۆماندا ئەم وزەیە دەکەوێتە سەرشانی ئەوکارەکتەرانەی، کە ڕۆماننووس دروستی کردوون.))( صالح، ٢٠٢٣، ٢٦٢). هەڵبەتە لێرەدا ئاماژە بۆ ئاوەز و مۆسیقا دەکات، کە چەند ڕۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ پێکهێنانی ئەم شیوازە درامییە یاخود شێوازی شیعری، کە هەر ئەم ئاوازەشە ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاو دەبێنێت لەپێکهێنانی یان دروستکردنی پاستیچ. چونکە ئێمە لەڕێگە ئاوازوە دەزانین ڕۆماننووس چی جۆرە ژانرێکی بەکار هێناوە لە نێو ڕۆمانەکەیدا ئایە ژانری شیعرە یان ژانری چیرۆکە یان شانۆییە هەتا دوای…

ئەم تایبەتمەندییەی پاستیچ لە ڕۆمانی ئەلف/ یا زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت بۆ نموونە

((دالکابوو کراسێکی گوڵخار لەسینەیدا سەرەو خوار.

بەفری خۆڕەنگە سینگی یان پەڕە سپیلکەی کاتیبی فەرەنگییە.

بەژنت، بڵیندلە “ئەلف”ەوە تا “یا”، سەنعەتچییان لە ئەستەمووڵەوە

بەخەتی دانسقە بیگوازنەوە بۆ شام. ئەتۆ لەکوێندەرێ بووی کە هێندە بەرامەی خۆشی خەتم وەبیر دێنیتەوە؟

ددانت چەندە سپییە، نووری زاتی خودێی ئەو دنیایە و میوانی ئەم دنێییە.

چۆنە سورمە بۆ پیاوان بەسوودە؟

سورمەیە یان ئارەقەی کوڵمت تێکەڵەی دەکەی؟

ئادی بۆچ سینگت لە تۆێی هومایلی توند بووە؟ دەڵێی دوو”نوون”ی خڕی تەعلیقە، کراس و کاغەزی مەرجانیی میرزایان دەدڕێنن.))(عەلی پوور،٢٠٢٠، ٦٩).

لێرەدا ئەگەر سەرنج بدەین ڕۆماننووس ژانری شیعری بەکار هێناوە واتا بەشیوازی شیعر ئەم پەڕەگرافەی نووسیوە، کە بەشیعر دەکەێتە وەسف و پێدا هەڵدانی کارەکتەرە کچەکە، کە لە پێشتر ئەم وەسفانە لە نێو ڕۆماندا هەر وەکو قسەیەکی ئاسایی ڕۆژانە بەکار دەهات لێرە ڕۆمانووس زۆر بەشارەزاییەوە ئەم پاستیچەی بەکار ‌هێناوە ڕۆڵی شاعیری گێڕاوە لە هەمان کاتدا توانیویەتی بە هەستێکی شاعیرانە ئارامییە بەخوێنەر ببەخشێت. ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین هونەرەکانی ڕەوانبێژی تیدا دەبینین، کە زێتر بەشیعرییەتی دەکات بۆنموونە بەژن و باڵای بە پێتی ئەلف و یا چواندووە لە بەرزیدا، چونکە لە نێو پیتەکاندا بەرزترن هەم کۆتاو سەرەتای پیتەکانن. دواتر لە وەسفی سنگدا دەڵێت، کە لە دوو نوون دەچن لەخڕیدا بەو پێیەی پیتی نوون خڕە و تیژە کراسی مەرجانیی میرزایان دەدڕێنن. هەموو ئەم وەسفانە ڕۆماننووس سودی لەشێوازی شیعری بینیوە ئەمەی دروست کردووە، کە ئەمەش تایبەتمەنی پاستیچە و لە نێو ڕۆمانی پۆسیمۆدێرندا بەکار دەهێندرێت.

لەپەرەگرافێکی دیکەدا ڕوماننووس سودی لە ژانرێکی دیکە وەرگرتووە ئەمێش چیرۆکە بۆ نموونە(( ژن و کچەکەی ڕادەکەن، ژنەکەی نەخۆش دەکەوێت، بە پرس و جۆ، لە ژێنێڤ یەکتر دەدۆزنەوە. زۆر ناخایەنێ ژنەکەی دەمرێت و مێهنەت پاشا خوو بە ئەلکۆل و قومارەوە دەگرێت. زۆربەی ئەوەی لە چەند بەرەباب پێی گەیشتووە دەیدۆڕێنێت. کچەکە گەورە دەبێت دەبێتە هونەرمەندی بالێ. لە ڕووداوێکی ساکاری ماشیندا باوکی نائاگا پاشەوپاش ماشین لە لاقی کچەکە دەسرەوێنێت و نوقسانی دەکات؛ ئیتر ناتوانێ بالێ بکات. کچەکە دەبێتە سوزانی. ڕەنگە وەک تۆڵەسەندنەوە یان هەرچی نازانم.))(هەمان سەرچاوەی پێشوو، ١٥٠) ئەگەر سەرنج بدەین لە نێو ڕۆمانەکە ئەمە کارەکتەرە باسی ڕووداوێک یان حەدەسێک بۆ کارەکتەرێکی دیکە دەکات. بەشێوازی چیرۆک کەواتە لە نێو ڕمانەکەدا چیڕۆک دەگێڕدرێتەوە ڕۆماننووس بەسود وەرگرتن لەم تەکنیکە پاستیچ دروست دەکات و سود لە ژانراێکی دیکە وەر دەگرێت، کە ئەوێش چیرۆکە لە نێو ڕۆمانەکەدا ئاوێتەی کردووە ئەمەش لە ڕۆمانی پۆستمۆدێرنەدا بوونی هەیە و بەرچاو دەکەوێت کەواتە ڕۆماننووس توانیویەتی دەنگێکی جیاواز یان دەنگێکی نوێی گێڕانەوە بهێنێتە ئاراوە وە چەندین تەکنک لە ڕۆمانکەدا کۆبکاتەوە.

٤.میتافیکشنی مێژوویی: Historiographic Metafiction

سەرەتا زاراوەی میتافیکشن دەتوانین بڵێن لەڕێگەی کاریگەری ئەدەبی عەرەبییەوە هاتۆتە نێو ئەدەبی کوردییەوە، کە لە بنەڕەتدا زاراوەکە ئینگلیزییە لە Metafiction هاتووە کەلە دووو بەش پێکهاتووە Meta بەواتای سەروو دێت بەشی دووەم Fiction بەواتای خەیاڵ یان گێڕانەوە دێت. زاراوەکە لە لایەن نووسەرانی کوردەوە جیاواز بەکار هاتووە بۆنموونە دکتۆر منتک میتاسەرهات بەکار دەهێنێت هەندێکی دیکە وەک خۆی بەکاری دەهێنەوە وەکو ئەوەی چۆن لەئینگلیزییەوە هاتووە بەم شیوەیە بەکاری دە‌هێنەوە سەبارەت بە زاراوەکە لە ئەدەبی ئەورووپی بەم شێوەیە باسی دەکەن ((لە توێژینەوە و ڕەخنەی فرەنسیدا پتر زاراوەی Metarecit ، کە بەواتای میتاسەرهات، یان میتاچیرۆک و میتاگێڕانەوە و گێڕانوە لەناو گێڕانەوە دێت. لە توێژینەوەی وڕەخنەی ئینگلیزیدا Metafiction، کە بەواتای میتاڕۆمان، ڕۆمانی ڕۆمان وڕۆمان لە بارەی ڕۆمانەوە دێت. هەر لەئەدەبی ئینگلیزیدا زاراوەی Metanarrative بەکار دێت، کە بەواتای میتاگێڕانەوە، گێرنەوەی گێڕانەوە و گێڕانەوە لەناو گێڕانەوە دێت. ))(مەنتک، ٢٠٢١، ٤٤٧) میتافیکشن سیفەتێکە یان تایبەتمەندییەکی پۆسیمودێرنە، کە لەمیتا فیکشندا چوارچێوەی دیواری گێڕانەوە تێک دەشکێندرێت ڕۆماننووس یان نووسەر دەست وەردەدات لە گێڕانەوەکەوە ئینجا گێڕەرەوە ڕۆماننووس بێت یاخود کارەکتەر ڕاستەوخۆقسە لەگەڵ خوێنەردا دەکات. بەم هۆیەشەوە سنووری نێوان خەیاڵ و واقیع کاڵ دەبێتەوە، بەواتا نووسەر لەگەڵ کارەکتەرە خەیاڵییەکە کارلێک دەکات.

میتافیکشن ((هەوڵێکە بۆ لابردنی ئەو دیوارەی لە نێوان نووسینی ڕۆمان و خودی ڕۆمان، یان نووسینی چیرۆک و خودی چیرۆک دروست کرابوو. لێرەدا خوێنەر ئاگاداری نهێنییەکانی نووسین و گەمەکانی زمان دەبێت. دەزانی داهێنان چۆن دەکێ، هاوکات هۆکارێکە بۆ بزواندنی پرۆسێسەی گێڕانەوە. خوێنەر ڕاستەوخۆ ئاگاداری هەموو شێوازەکانی نووسینی ڕۆمان و چیرۆک دەبێت.))(منتک، ٢٠١٦، ١٧). لە میتافیکشندا دەسەڵاتی نووسەر لە کاتی گێڕانەوەدا ئاڵۆز دەبێت بەجۆرێک لە هەوڵی ئەوەدایە شێوازێکی نوێ و مۆدێرن بێنێتە ئاراوە و خوێنەر بەژداری پێبکات بە جۆرێک خوێنەر ئەم هەستەی لا دروستت بێت، کە گێڕەرەوە لەگەڵ ئەم دا دەدوێت. بەشێوەی ڕاستەو خۆ لەگەڵ خوێنەردا دەبێت بەشێوەیەکی ئاشکرا گریمانەی گێڕانەوە لە واقیعەوە دەگۆڕێت بۆ خەیاڵ. دەتوانین بڵێن گێڕانەوەیەکی خۆگۆرە بە باسکردنی یان پێشکەش کردنی ژیاننامەی نووسەران بەرهەمە خەیاڵیەکان و کارەکتەری خەیاڵی.

((میتاسەرهات فۆرمێکی کراوە بە دەقی ڕۆمان و چیرۆک دەبەخشێ، ئەویش بە کەرتکردنی دەوروبەر(السیاق)ی دەق و بەشی سەرەکی دەقەکە، لە ڕێی هاتنەناوەوەی چەند وەگێڕێکی دیکە پێشکەشکردنی بیرکردنەوە و گۆشەنیگای دیکە. ئەمەش گواستنەوەی دەقە لە دەوروبەری کاتی و شوێنیەکەی بۆ ئاستێکی دیکە، بۆ ئەوەی ئەو وەهمەی لای خوێنەر بەڕانبەر گێڕانەوە هەیە بشکێنێ. کەواتە میتاسەرهات هەوڵی هەڵوەشانەوەی ڕەگەزە واقیعییەکان دەدات، لە ڕێی خەیاڵەوە بونیادیان دەنێتەوە.))(منتک، ٢٠١٨، Online ). لە گێڕانەوەی ڕۆماندا گێڕەرەوە یان ڕۆماننووس خۆیەتی یاخود کارەکتەرەکانن لەمیتافیکشندا ئەم دوو گێڕەرەوانە یاری دەکەن، بەواتا جارێک گێڕەرەوە لەسەر زاری کەرەکتەر زۆر بە لێهاتووی دەگوازرێتەوە بۆ سەر زاری ڕۆماننووس بەم تەکنیکە خوێنەر ئاگادار دەبێت و خەیاڵ دەخوڵقێنێت.

میتافیکشنی مێژووی فۆڕمێکی هونەری و ئەدەبی پۆستمۆدێرنە لە بنەڕەتدا یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی پۆستمۆدێرنە، کە بۆ یەکەمجار ئەم زاراوەیە لە لایەن تیۆرزانی بواری ئەدەبی ئەوروپی (لیندا هوچۆن) لە کتێبی (شیعرێکی پۆستمۆدێرنیزمدا پێناسە کراوە) بەکارهات، لە ساڵی ١٩٨٧ دواتر بوو بە دەروازەیەک بۆ لێکۆڵینەوەکان. بەتایبەتی لە نێو ڕۆمانی پۆستمۆدێرندا. ئەمەش بە مەبەستی ئەوەی کەسایەتیە مێژووییەکان یان ڕووداوە مێژووییەکان لە بەرگێکی مێژوویدا دابماڵێت، بۆ ئەوەی بیانکاتە کەسایەتییەکی نێو ڕۆمان یان ڕووداوێکی نێو ڕۆمان. کەواتە میتافیکشنی مێژووی گرنگی دەدات، کە کێ مێژوو و ڕووداوە مێژووییەکان کۆدەکاتەوە. هەڵیدەبژێرێت بۆ گێڕانەوەیەکی خەیاڵی و پۆستمۆدێرن.(( میتافیکشنی مێژووی سەرنج دەخاتە سەر ڕووداوە مێژووییەکان و ئەو کەسایەتییە مێژووییانەی، کە مێژوو هەڵیاندەبژێرێت بۆ نەهێشتنیان و چیرۆکەکانیان دەگێڕدرێتەوە. جگە لەوەش، ئەوە وێنا دەکرێت، کە مێژوو جێگرەوەکان لەناو میتافیکشنی مێژووییدا بنیات دەنرێت. ))(Muneer,2020,145) لێرەدا بەواتای مێژووی ڕاستەقینەیان وەلا دەنێت تێکەڵ بەخەیاڵی دەکات.

ڕۆمانووس لێرەدا سوود لە دەقێکی مێژووی وەردەگرێت یاخود ڕووداوێکی مێژووی لە نێو ڕۆمانەکەیدا ئاوێتەدەکات بە مەبەستە دروستکردنی دەقێکی میتافیکشنی مێژووی لەڕاستیدا ڕووداوەکە بووە، بەڵام ڕۆمانووس لەکاتی گێڕانەوەکەدا لە هەوڵدایە بیر و دیدگەی خۆی ب

خاتە سەر بەمەش زێتر دەقەکە بەخەیاڵی دەکات لە واقیع دووری دەخاتەوە.

میتافیکشنی مێژوویی(( ئەو بۆچوونە ڕەتدەکاتەوە، کە تەنیا مێژوو ئیدیعای ڕاستی هەیە، هەم بە پرسیارکردن لە زەمینەی ئەو ئیدیعایە لە مێژوو نوسیندا و بە جەختکردنەوە لەوەی ، کە هەردوو مێژوو و خەیاڵ گوتارن، بنیاتنانی مرۆڤن، سیستەمی نیشاندەرن و هەردووکیان ئیدیعای سەرەکی خۆیان بۆ ڕاستی لەو شوناسە وەردەگرن.))(Martinec, 2022, Online). کەواتە لە میتافیکشنی مێژوویدا مێژوو بە مەبەست وەک گێڕانەوەی بابەتیی ڕابردوو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت بە بەکار هێنانی شانۆگەرییەکی بە ئەنقەست و ئایرۆنی، کە جەخت دەکاتەوە لەسەر تەنز و لەسەر ڕاستی و ڕووداوە مێژووییەکان، کە کەسایەتیەکانی مێژوو لەڕۆڵی پارۆدی بگڕێتەوە. لە ئەنجامدا لە میتافیکشنی مێژووییدا باسێکی خەیاڵی و مێژووییمان دەست دەکەوێت.

ئەم تایبەتمەندییەی ڕۆمانی پۆستمۆدێرنە واتا میتافیکشنی مێژووی لە ڕۆمانی ئەلف/ یا بەرچاو دەکەوێت بۆنموونە ((ئەو ڕۆژەی وا شێخ (واتە ساڵی ١٨٨٣) ئەسپەردەی خاک دەکرێت، گوللەکە بەردەبێتەوە و بە ناودەمی قەننەدار دەکەوێت و دەیکوژێت. هەندێ کەس گوتیان ئەجەل بووە سێ ساڵان لە قەڵافەتی گوللەی ڕووسیدا وەدووی کەوتووە. هەندێ کەسی دیکە، لەوانە میرزا عەبدوڕڕەحیمی وەفایی شاعیر، کە ماوەیەک کاتیبی شێخ عوبەیدوڵڵا بووە، گوتوویانە موریدەکە بۆگەپ و گاڵتە لە شەمزینان گوللەیەکی بە دەمانچە موبارەکەکەی شێخ تەقاندبوو و قەننەیەکیشی بە دوایدا کێشابوو؛ جا چونکوو بەبێ ئیزنی شێخ بووە، لە ئان و ساتدا گوللەکە سووڕاوەتەوە و وەدووی کەوتووە شێخ تا زیندوو بووە ئیزنی لێدرانی نەدابوو؛ شێخ کە دەمرێ ئەوسا گوللەکەش بەپێی وزەی خۆی زەفەری پێ بردبوو.))(عەلی پوور، ٢٠٢٠، ١٢٨) لێرەدا ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین گێڕەڕەوە بەشێوەی میتافیکشنی مێژووی گێڕانەوەکە ئەنجام دەدات، هەرچەندە ڕووداوەکە ڕووداوێکی مێژووییە، باسی شۆڕشەکەی شێخ عەبدوڵای نەهری دەکات، بەڵام هەرگیز وەک مێژوو نووس باسی ناکات یان گێڕانەوەکە وەک مێژوو نووسی ئەنجام نادات. ئەگەر سەرنج بدەین لەو گێڕانەوەیە دەبینین خەیاڵ و حەقیقەت تێکەڵ بەیەك دەکات بەشێوەیەک ئەفسانەی خەیاڵ دەخوڵقێنێت کاتی باسی ئەوە دەکات کاتێک موریدەکە گوللەیەک بە دەمانچەکەی شێخ دەتەقێنێ گووللەکە دەسووڕێتەوە بەر ناودەمی خۆی واتا بە موریدەکە خۆی دەکەوێت، چونکە بەبێ ئیزنی شێخ ئەمەی کردووە وە ئەم گووللە یە هەر بەدوای موریدەوەکەوەیە تا ئەو ساتە شێخ گیان دەسپێرێت ئیزن وەردەگرێت و بەر موریدەکە دەکەوێت .ئەمە خۆی لە خوێدا خوڵقاندنی خەیاڵێکە دوورە لە ڕاستییەوە، چونکە لە ناو مێژوو هێچ خەیاڵیکی ئاوا نابیندرێت، جگە لە راستی و حەقیقەت لەم پەڕەگرافەدا دەبینین نەک هەر حەقیقەت نییە بگرە خەیاڵی ئەفسانەی دروست کردوە، چونکە تەنها لە ئەفسانەکاندا ڕووداوی ئاوا دەبیندرێت گووللە بەدوای مرۆڤەوە بێت تا ئیزنی شێخ ئینجا کاری خۆی بکات ، کەواتە بەکارهێنانی کەسایەتییەکی وەک شێخ عبدوڵای نەهری و ڕووداوی مردنی موریدەکەی لەلایەن ڕۆماننووسەوە لەنێو ڕۆمانەکەیدا زۆر بە لێهاتووی ئەم گێڕانەوەیەی ئەنجام داوە و بەشێوەی میتافیکشنی مێژووی.

هەروەها لەپەڕەگرفێکی دیکەدا ڕۆماننووس بەسوود وەرگرتن لەکەسایەتییە ئاین و خواناسەکان میتافیکشن دروست دەکات بۆ نموونە دەڵێت: ((دەستێکی لە ژێر ملم نابوو، وەک بەرخی ئیسماعیل. کا ئیسماعیل بەرخی هەبوو؟ وەک بەرخی بن چنگی ئیبراهیم، چنگم لە عەرزی گرتبوو و جووڵەم نەمابوو.))( هەمان سەرچاوەی پێشوو، ٤١). لێرەدا باسی حەزرەتی ئیبراهیم دەکات کاتێ لە لایەن پەروەردگارەوە فەرمانی پێدەکات ئیسماعیلی کوڕی بکاتە قوربانی سەری ببڕیت ئەوە چیرۆکە ڕاستە قینەکەیە ڕۆماننووس سوود لە ڕووداوە وەردەگرێت بەشێوەیەکی خەیاڵی بەم حاڵەتەی کارەکتەرە تێکەوتووە بەدەست مەلا دەیشووبهێنێ بەڕووداو و بەسەرهاتی حەزرەتی ئیبراهیم، هەرچەندە مەلا بە پێچەوانەی ئیبراهیم نایەوێت سەری ببڕێت، بەڵام دەیەوێت ئەتکی بکات. هەر بەم شێوەیە ڕۆماننوس سوودی لە کەسایەتیەکی مێژووی وەرگرتووە لە نێو ڕۆمانەیدا بەکاری هێناوە، کە یەکێکە لە تایبەتیەکانی میتافیکشنی مێژووی لە ئەدەبی پۆستمۆدێرندا.

٥. مینیمالیزم: Minimalism

مینیمالیزم سەرەتا لە هونەری وێنەکێشان و مۆسیقا سەریهەڵدا لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو نێو هونەرمەندانی ڕووسی و ئەمریکادا، کە ئەمان بەشێوەیەکی زۆر سادە وێنەکانیان دەکێشا بوونموونە لە سەر کاغەزێکی سپی تەنها هێڵێکی ڕەشیان دەکێشا مەبەستیان بوو بڵێن بەم ‌هێڵە کەم ڕەنگ و کەمە زۆرترین دیمەن نمایش دەکرێت. لە دوای ئەمە میمی مالیزم پەلیهاویشت بۆ هەموو بوارەکانی دیکە وەک ئەدەب و شانۆ و فەلسەفە و ئەندازیاری و دیزاین و جل و بەرگ هەتا ژیانی تاکەکان. کەواتە مینیمالیزم ئامرازێکە، کە دەتوانین بڵێن هەموو ئەو شتەنەی، کە گرنگ نین یان پێویستت نین بۆ ژیان یان هەر بوارێکی دیکە دەیخاتە دەرەوە واتا زێدەڕۆی بەهێچ شێوەیەک قبوڵنیە.(( زاراوەی مینیمالیزم، کە لە واژەی مینی مۆمەوە دێت، بە مانای کەمینە خوازی یا کورت بیژی یە، کە بۆیەکەمین جار بارت نیومەن، رەخنەگر و مۆسیقا ناسی ئینگلیزی، لەدەیەی ٦٠دا، بەکاری هێنا. کەوایە ئەم زاراوەیە بۆ یەکەمین جار لە تیۆری مۆسیقاوە سەری هەڵداوە دواتر بۆ بەستێنەکانی تری هونەر گوێزراوەتەوە. بەڵام یەکەمین شوێنەوارەکانی کە لایەنی مینی مالیزمیان تێدا بەدی کرا، هونەرەنیگارییەکان، بوون. کازمیر مالویچی رووسی لەساڵی ١٩١٣ز. شەقڵی سپی بە سەرسپی دا، کە چوار گۆشەیەکی سپی چکۆڵە بوو، لە بەستێنێکی سپی دا، خوڵقاند، کە وەک یەکەمین بەرهەمی مینی مالیزم لەبەستێنی هونەرەنیگاریەکان، سەیری دەکەن))(تەرەغە، ١٣٨٨،Online ).

هەرچەندە زاراوەکە بە مانای کەمی یان کورتی لە وتندا یان سادەگەری دێت لە بواری ژیانیشدا گەڕانەوەیە بۆ سادەی ژیان دوور لە ئاڵۆزییەکان بۆ ڕەخساندنی ژیانێکی ئاسوودەکەواتە(( کەم زۆر ئەوەسەرەکی ترین دروشمی مینی مالیزمەکانە، کە بۆ یەکەمین جار رابێرت براونینگ کەڵکی لەم زاراوەیە ەورگرت. یەک دوو درەشمی تریش، کە هەمان مانا دەگەیەنن، لە لایەن میمی مالیزمەکانەوە، بەیان کراوە. وەک بێ دەنگی وەک زێڕ بایەخدارە، یا بێ دەنگی بنەمای ژیری و ئەقڵە))(هەمان سەرچاوەی پێشوو).

مینیمالیزم لە بوارەی ئەدەب دا سەرنج دانە لەسەر کورتی وەسفکردنی کارەکتەر و ڕووداوەکان و هەموو ئەمشتانەی زیادەن یان پێویست نییە بگێڕدرێتەوە بۆ ئەوەی سەرنج بۆ خوێنەر بهێڵێتەوە بتوانێت دیدو بۆچوونی خۆی هەبێت((مینی مالیزمی ئەدەبی کورتی لەپێشینە دادەنێت، ڕێگە بە خوێنەردەدات بە خەیاڵی خۆی قەرەبووی کەمی قسەکردن بکاتەوە. مینی مالیزم سەرنجی لەسەر ژیانە و کۆنتێکستی گشتییە نەک پشت بەڕێکەوتنە ئەدەبییەکان ببەستێت.))(MasetrClass, 2021,Online) کەواتە لە ئەدەبیاتی مینی مالیزم گرنگی بە ئەدەبێکی کورتبڕی دەدات، بەڵام لەسەر گەیاندنی زۆرترین یان قوڵترین مانا لە هەمان کاتدا گرنگی بەخوێنەر دەدات هەڵوێستی خۆی بدرکێنێ سەبارەت بە ڕووداو کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمان. لەو ڕۆمانانەدا کاتێک درێژدادڕیان تێدا دەکرا بەتایبەت ڕۆمانەکانی پێش پۆستمۆدێرنە بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بوو، کە دەکەوتە ڕۆمانەکەوە بەڵام لە مینیمالیزمدا ئەم بۆشاییە خوێنەر پڕی دەکاتەوە لە هەمان کاتدا مینی مالیزمەکان درکیان بەوە کرد ئیتر درێژدادڕی یان زیادەڕۆی زیان بە خوێنەر دەگەیەنێت زیانەکەش ئەوەیە.کە خوێنەر تەواو هێلاک و وەڕەس دەبێت لەکاتی خوێندنەوەدا بەهۆی ئەم زیادەڕۆییەی کە لە نێو دەقی ڕۆمانەکەدا کراوە هەربۆیەش درشمی خۆیان ڕاگەیان بۆپاکردنەوەی لە قسەی زیاد یان دەقی زیادە لەنێو رۆماند لەبری ئەوە بە کورترین ڕستە یان کورترین پەڕەگراف مانا بدات .لە تایبەتمەندییەکانی دەستپێکی پێویستی بە پێشەکی نیەو کەواتە لە ناوەڕستەوە دەستپێ دەکات وە دەبێت زۆرتر سەرنج بدرێتەڕووداو یان بابەتێکی سەرنج ڕاکێش.لە هەمووی گرنگ تر ئەوەیە خوێنەر تا کۆتایی لەگەڵ ڕووداوەکان بێت.مینی مالیزم لە ڕۆمامی ئەلف/ یا بە ڕوونی دەردەکەوێت بۆنموونە ((سەرەمەرگی دایکم دەی بەیانی بوو، حەوت ساڵ لە پاش باوکم. عەسرێکی درەنگ وەخت، کاتی باوکم بوو. نازانم لە کوێ، لە کام شوێنی ناو بازاڕدا، گوتیان پلیکانەکان، لەپڕ لە لێدان کەوتبوو. نەگەیشتبووە نەخۆشخانە و تەواو. من ئەوکات حەڤدە ساڵم بوو هەر سورەیا شووی کردبوو. نەیانهێنایەوە بۆ ماڵ، سەعاتێک و دوو سەعات لە سارد خانەی نەخۆشخانە دایاننابوو، داویی دایانەوە و بردمان بۆ مزگەوت.)) (عەلی پوور،٢٠٢٠، ١٢-١٣).

لێرەدا ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین ڕۆماننووس گێڕانەوەیەک ئەنجام دەدات بەسەر زاری کارەکتەرەوە، کە تییدا مینی مالیزم بەرهەم دێت، چونکە لە گێڕانەوەکەدا هیچ درێژ دادڕییەک ناکات وەک دەبینین باسی مردنی باوکی دەکات بەبێ ئەوەی هۆکار و یان وەسیەتی باوکی یان چۆنییەتی ڕووداوی مردنەکە بە خوێنەر ناڵێت، چونکە لێرەدا ڕۆماننووس دەیتوانی بە ئارەزووی خۆی وێنەی مردنەکە بگوازێتەوە وە باسی چۆنییەتی مردنەکەمان بۆ بکات یان هۆکاری مردنەکەی ئایە نەخوش بووە خەمی هەبووە یان کەوتووە یان کوشتوویانە هەڕەشەی لێکراوە هۆکاری مردنی چی بوو؟ هێچ یەکێک لەمانە بە خوێنەر ناڵێت یاخود وەسفی مردنەکەمان بۆناکات. وەجگە لە زانیاری شوێنی مردنەکە هیچ زانیارییەکی دیکە بەخوێنەر نادات یاخود ڕوونتر وەسفێکی درێژی ڕووداواکەمان بۆ ناکات .بەڵکو مەبەستیەتی بە کەمترین پەڕەگراف بەبێ وەسفێکی درێژ مردنی باوکی ڕاگەیاند بە خوێنەرلە هەمان کاتدا بۆشاییەکی دروستکرد بۆ ئەوەی خوێنەر بیر و دیدگەی خوی تێکەل بکات ئەم بۆشاییە پڕبکاتەوە. کەواتە ڕۆمانووس بەکەمترین وشە توانی ڕووداوێکی مردن ڕابگەیەنێت، کە خۆی لە مینی مالیزمدا دەبینێتەوە.

____________

ئەنجام

١. ڕۆمانی پۆستمۆدێرن، هەوڵێکە بۆ تێکشکاندنی سێنتەر و ناوەندەکان، وەک چۆن مۆدێرنە هەموو هەوڵێکی دەدا ناوەند دروست بکات. واتە لە ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕێگا بە دەنگە جیاوازەکان دەدرێت بوونیان هەبێت.

٢. لەم ڕۆمانەدا لە زۆر باردا بابەتی جددی و حەقیقەتەکان یاری و گاڵتەیان پی کراوە، یان بە شێوەیەکی ئایرۆنی مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە.

٣. لە ڕۆمانی ئەلف/یاءدا سوود لە فۆرم و تەکنیک و توخمی ژانرەکانی دیکە وەرگیراوە، ئەویش لەپێناو هێنانەدی فرەڕەنگی، بۆ ئەوەی سێنتەربوون نەمێنیت.

٤. زمانی نووسینی ڕۆمانەکە، کورت و چڕ و پوختە، ئەویش لەپێناو نەهێشتنی وشەی زیادە، هاوکات بەشداریپێکردنی خوێنەر لە پڕکردنەوەی ئەو شوێنانەی بە بەتاڵی دەمێنێتەوە.

______________

سەرچاوەکان

كتێب :

بەزمانی كوردی

۱٫ .تاهیر بەرزنجی، عەلی(٢٠٢٠)، ئاسۆی دەق، ، چ١، ئێڤا بۆ چاپ و ڕیکلام، سلێمانی.

۲٫ .تاهیر بەرزنجی،عبدللە(١٩٩٩). پاش نوێگەری و گێڕانەوەی پاش نوێگەری.١٩٩٩. ١٤. ١٧٦-١٧٧ .

۳٫ .صالح ، دیمەن(٢٠٢٣)، شێوازەکانی گێڕانەوە لە ڕۆمانی(داگیرکردنی تاریکی) بەختیارعەلیدا،چ١، چاپخانەی پاندا، سلێمانی.

۴٫ .علی پوور، ڕەزا(٢٠٢٠)، ئەلف/ یا، چ١، چاپەمەنی مانگ، بانە.
۵٫

۶٫ .مەنتک، د. حەمە(٢٠١٩)، سیمیۆلۆژیای گێڕانەوە هەقایەتی ئەفسانەی فۆلکلۆری کوردی بە نموونە، چ١، چاپخانەی سەردەم، سلێمانی.

۷٫ .مەنتک، د.حەمە (٢٠٢١)، ئارکیۆلۆژیای پۆلێنی ڕۆمانی کوردی، چ١، چاپخانەی سەردەم، سلێمانی.

۸٫ .مەنتک، د.حەمە(٢٠١٦)، میتاسەرهات، ١٢/١٠/٢٠١٦، ١٠، ١٧.

بەزمانی عربی:

۱٫ البازعی والرویلی (د.سعد و میجان)، ٢٠٠٠، دلیل الناقد الادبی، المركز الثقافی العربی، الطبعە الثانیە، لبنان.

۲٫ دیاب (محمد حافظ)، ٢٠٠٥، خطاب ما بعد الحداثە (انحلال الحتمی واغراء المختلف)، مجلە الجندول، عدد:١٧ و ١٨، السنە الثانیە، مجلە الالکترونیە.

۳٫ هارفی (دیفید)، ٢٠٠٥، حالە ما بعد الحداثە: بحث فی اصول التغیر الثقافی، ت:محمد شیا، مركز دراسات الوحدە العربیە، بیروت.

بەزمانی فارسى

۱٫ لیوتار (ژان فرانسوا)، ١٣٨٤، تعریف پسامدرن برای بچەها، ت:آذین حسین‌زادە، چاپ رهنما، نشر ثالث، تهران.

گۆڤار:

۱٫کۆمەڵێ نووسەر، ٢٠١١، چەند تێکستێکی وەرگێڕدراو، و:ڕیبین هەردی، چاپی دووەم، خانەی وەرگێڕان، سلێمانی.

ئینته‌رنێت: بەزمانی کوردی

۱٫ تەرەغە، محەمەد(١٣٨٨)، مینی مالیزم ژیانە، Online: bjar.blogfa.com, 9/7/2023 ,5:30

۲٫ دۆیڵ، جۆن(٢٠٢١)، سیمای گۆڕاوی ڕۆمانی پۆست-پۆستمۆدێرن: ئایرۆنی و ڕاستی و پۆپۆلیز٢٠ /٦/٢٠٢٣ ،online : nuche.net

۳٫ قەرەباغی،عەلی ئەسغەر(٢٠٢٣)، بڕگەو بنەماکانی پۆستمۆدێرنیزم، عەلی ئازەرنیاonline: kurdipedia.org

۴٫ مەنتک، د.حەمە(٢٠١٨)، میتاسەرهات، مردنی چیرۆکی یەکەم، ٢٨/١٢/٢٠١٨rudaw.net, :Online

۵٫ مەولود، د.ڕێزان و حسین، سەنگەر(٢٠١٧)، دەقاوێزان لە ڕۆمانی(حیکمەتی پیران) ی عەبدولکەریم فەتتاحدا، ژمارە٠، ٢٠١٧ Online:

۶٫ هەندرێن(٢٠٢١)، پۆستمۆدێرنیزم:خودێکی نائامادە و دەقێکی پەرتەوازە،
online: azadbun.com

ئینگلیزی:
۱٫ . Dr. Sheeba, (2019), postmodern literature: practices and Theory, Online: jncollegeonline.co.in :22\6\2023,
۲٫ . Martinec, Jelena, (2022), Linda Hutcheons Historiographic Metafiction, Online: byarcadia.org.
۳٫ . Muneer, mohammed, (2020), POSTMODERNISM AND HISTORIOGRAPHIC METAFICTION, 26th February, 2020
۴٫ . Written by the masterclass staff, (2021), Pastiche Guide: 4 Tips for Writing a Pastiche Online: 4\7\2023, Masterclass.com.,
۵٫ . Written by the masterclass staff, (2021), Postmodern Literature Guide:10 Notable postmodern Authors. Online: 9\6\2023, Masterclass.com.
Characteristics of Literary Minimalism. Online: masterclass.com. 9/7/2032.
۶٫ Written by the masterclass staff, (2021), Literary Minimalism: 3

ببنە ئەندامی “ماڵی کتێبی کوردی”🔻

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

همایش ملی میرزا احمد داواشی برگزار می‌شود

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *