خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / بەردینە، ڕۆمانێک ڕۆنراو له سەر بناغەکانی قایەت، مێژوو، بەیت و بن زاراوەیەکی کۆن

بەردینە، ڕۆمانێک ڕۆنراو له سەر بناغەکانی قایەت، مێژوو، بەیت و بن زاراوەیەکی کۆن

بەردینە، ڕۆمانێک ڕۆنراو له سەر بناغەکانی قایەت، مێژوو، بەیت و بن زاراوەیەکی کۆن

فەرهاد بابۆڵی

هەرچی ڕۆمانە بە دوای سازکردنی جیهانێکی تاک و سەربەخۆیه؛ دەیهەوێ مژارێک بدۆزێتەوە تا بینای کۆشکی خۆی به پێکهاتەیەکی تایبەت دامەزرێنێ. پێداچوونەوە به ڕووداو و بابەتە ئەفسانەیی، ئوستوورەیی، مێژوویی و دەقە کۆنەکان، له سەر دەستی ڕۆمان له نێو ڕۆمان‌نووسانی پۆست مۆدێڕن ئاوڕی لێدراوەتەوە و ئەو بابەتانە بوونەتە هەوێنی بیچم گرتنی زۆر ڕۆمانی جیهانی. بەڵام ئەو شتەی جێگای سرنجە ئەوەیه کە ڕۆمان نە مێژوویه، نە بەیتە و نە قایەت و ئەفسانەیه؛ ڕۆمان به مەنی خۆی جیهانێک دەقولقێنێ کە به شێواز و ستایلی سەربەخۆ، ئەسپی خۆی لێ زین دەکا و تاوی دەدات. یەکێک له تایبەتمەندییەکانی ڕۆمانی پاش مۆدێڕن، ڕۆنانی جیهانێکە لە سەر دەستی ئەو دەقە کۆن و فۆلکلۆر و ئەفسانەیانەی گێڕدراونەتەوە و هەوێتی مێژووی ئەدەبی زارەکی و نویساری نەتەوەیەکیان لێکەوتۆتەوە؛ بەڵام ئەو گەڕانەوەیه به پێی داب و نەریتی خۆی دە‌کرێ و وەک وەی وایه له شارێکی پێشکەوتوو‌دا بینایەکی ڕازاوە و نەخشاو به کەرەستەی مێعماری پێشوو سازکەیت بە جۆرێک فۆڕم و شێوازی شارسازی پێشکەوتووت ڕەچاو گرتبێ و دیمەنی شارەکە نەشێوابێت.

۱. قایەت و حەقایەت بەشێکی بەرچاو و گرینگی مێژووی وێژەی زارەکی زمانی کوردین؛ ئەو بەشەی هیچ گومانێکی تێدا نییه کاتێک بە هەر هۆیەک مێژووی نڤیساری وێژەی زمانی کوردی بۆی نەکراوە خۆی دەربخات و تۆمار بکا له سەر دەستی حەقایەت بێژان و حەقایەت خوێنانی کورد له نێو مزگەوتوو و خانەقا و دیوەخان و دانیشتنی شەوزستانان خوێندراوەتەوە و بەرەبەرە و پشت بە پشت ڕاگوێزراوە و تا هەنووکە پاراستراوە. دە دووتوێی ئەو حەقایەتانە‌دا گێڕانەوە، پەروەردە کردنی پاڵەوان و کەسایەتی، داهێڵان، ئەوین، حەماسە، دڵداری، ڕەنج و خوڵیاو و ئاواتەکانی تاکی کورد ڕەنگی داوەتەوە و واقعی خیاڵی بۆ پڕ کردنەوەی زۆر یەک له حەز و تاسەکان ڕۆندراوە و بیچمی گرتووە. قایەتەکان وەک دەقێکی کۆن و فۆلکلۆر دەگەڵ ئەوەیکە میراتێکی بەنرخ و پڕناوەڕۆکی زمانیان ساز کردووە، بوونەتە سامانێکی بایەخداری وێژەی زارەکی و پێویستە دە زەمەنی ئێستاش‌‌دا ئاوڕی جیدیان لێبدرێتەوە و بۆ هەمیشه بپارێزترێن.

ڕۆمان و ژانرە وێژەییه نوێیەکان کاتێک ئاوڕ له میراتی کۆنی زمانەکەیان دەدەنەوە به دوو شێوە کاریگەری خۆیان پێشان دەدەن:

ئـ. دەبنە هۆی پێناسە و ناساندنێکی نوێی ئەو دەقە کۆنانە؛ دەرفەتێک ساز دەکەن سەر له نوێ بنووسرێنەوە و له خۆڵی فەرامۆشی و له‌بیرچوونەوە دەربازیان دەکەن. بەرەی ئێستای ڕۆمان‌خوێنانی کورد له سەر دەستی ئەو ژانره جیهانی و مۆدێڕنە چاویان بە سامانێکی کەون دەکەوێ و دەگەڵ ئەدەبێکی ڕەسەنی زمانی نەتەوەکەیان زۆرتر و قوڵتر ئاشنا دەبن. به بینینی زمان و پێکهاتەی ئەو قایەتانە خەزێنەیەکی شایان دەستەبەر دەکەن و چاویان به بوونێکی زمانی، ڕوون دەبێتەوە.

ب. ڕۆمان بۆ درێژەدان به هەوێتی خۆی دەگەڕێتەوە سەر ڕەگەزی پێش سەرهەڵدانی و وەک دەڵێن گیا له سەر پنجی خۆی دەڕوێتەوە. ئەوە جەمسەری بەرامبەری خاڵی یەکەمە و ئەوجار سامانە کۆنەکەی دەقە کۆنە زمانییەکەیه کە به هانای ئەو ژانره نوێیە دێت و دەرەتانی زیندوو ڕاگرتن و خۆ زیندوو کردنەوەی بۆ دەرەخسێنێت. کاتێک ڕۆمان‌نووسانی چاخی مۆدێڕن گەیشتنە ئەو بۆن‌بەستەی کە چ ئەزموونێک نەماوە بوو نووسین و بەتاقی کردنەوە، بەرەیەک له ڕۆمان‌نووسان سەریان هەڵداو و به گەڕانەوە بۆ دەقە کۆن و فلکلۆرییەکان بەڵام به دارشتەیەکی داهێنەرانە ئەزموونێکی دیکەیان خوڵقاند و فۆڕمێکی دیکەیان ئاراستە کرد کە دواتر وەک بەرەی نووسەرانی پۆست مۆدێڕن ئاماژەیان پێکرا. هەڵبەت ئەو گەڕانەوەیه بۆ دەقی کۆن دە ڕۆمانی بەردینە‌دا مەرج نییه بمانهێنێتە سەر ئەو باوەڕه کە به ڕوانگەیەکی پۆست مۆدێڕنانە چاو لەو ڕۆمانە بکەین؛ بەڵکوو وەک تەمهیدێک ئەو تایبەتمەندییە دەو ڕۆمانەدا ڕەنگی داوەتەوە و کاری بۆ کراوە. بە گشتی سازدەرەکانی ڕۆمانی پۆست مۆدێڕن زۆر لەوە بەربڵاوتره و مژاری باسی ئەو نووسراوەیه نین و ناشمهەوێ به چاوێکی بایەخ‌گوزارانە لەو پێناسەیە ورد ببمەوە.

دە ڕۆمانی بەردینە‌دا هەم له باری زمانی و هەم‌ژی له باری ناوەڕۆک ئاوڕ له قایەت و حەقایەت دراوەتەوە. بەتایبەت له بەشی یەکەمی ئەو ڕۆمانە‌دا کاتێک شارێ قایەتان بۆ گدروون دەگێڕێتەوە هەم زمانی گێڕانەوەکە و هەم‌ژی سازدەرەکانی ئەو بەشه له سەر دەستی پێکهاتەی حەقایەت پێک‌دێن. کەسایەتییە سەرەکییه‌کانی ڕۆمانی بەردینە به تایبەت کەسایەتییه خیاڵییەکان دە نێو ئەو قایەتە‌دا پەرداخت دەکرێن و هێدی هێدی دەخزێنە نێو واقعی سەربەخۆی ڕۆمانەکە. ئەو کەسایەتییانەی دواتر دەگەڵ کەسایەتییه مێژووییەکان یەک دەگرن و ئاراستەی ڕۆمانەکە بەرەو دەقێکی زیندوو و سەربەخۆ له قایەت و مێژوو ئەسپاردە دەکات.

به گشتی ڕۆمانی بەردینە له هەر دوو جەمسەری زمان و پێکهاتەی قایەت کەڵکی وەرگرتووە و هەروەها توانیوێتی له کاتی پێویست‌دا ڕێگای خۆی جیا بکاتەوە و به سەلامەت له پێکهاتەیەکی قایەتیانە دەرباز ببێ.

▫️شەوێک دایکم قایەتێکی گێڕاوە، پاڵەوانێکی تێدا؛ سنگ‌پان، کەللەشێر و گۆست کاریتە. (ل ۱۱)

▫️دایکم بۆ ئەوەی چاوەڕێگایی له هوندروونی من وەدوور هاوێ، شەوان قایەتی بۆ دەکردم. (ل ۱۲)

▫️دایم گۆتی: گودروون شەومان لێ درەنگ بووە، قایەت چەلێ دوایی نایه. بنووین دا سبیانی شەو. (ل ۳۰)

۲. سامانێکی دەوڵەمەندی تری ئەدەبی زارەکی زمانی کوردی بەیت و حەیرانە و وەک باسیش کراوە حەیران بڕگەیەکی دڵدارانەی قرتاو له هەناوی بەیت دایه. بۆیەش بە گشتی کاتێک باسی بەیت دەکەین بمانهەوێ و نەمانهەوێ مەبەستەکە حەیرانیش دەپێکێ. هەموو جۆره بەیتەکانی زمانی کوردی له حەماسێوە بگرە هەتا مێژوویی، دڵدارانە و ئایینی، ماکەی سەرەکییان گێڕانەوەیه. گێڕانەوە، هەبوونی کەسایەتی، هەڵکێش داکێش کردنی ڕووداوەکان، ڕاگرتن و داهێڵان دەو بەیتانە‌دا وای کردووە پێکهاتەی ئەو بەشەی وێژەی زارەکی کوردی له وێژەی چیرۆکی نزیک بێت و بگەڕێنەوە سەر یەک توخم و ڕەگەز. جا بۆیه ئەگە ڕۆمان بیهەوێت بگەڕێتەوە سەر دەقێکی کۆنی زارەکی یا نڤیساری، دە گەرانەوەی بۆ سەر بەیت‌دا، کارێکی سەخت و ئەستەمی له پێش نەبووە.

بەیتی دم‌دم به زۆر شێوان گێڕدراوەتەوە و زۆر بەیت بێژیش گوتوویانەتەوە؛ بەڵام چۆن و چەندییەکەی لێرە‌دا مەبەست نییه ئەوەی مەبەستە ئەوەیه کە بەیت‌بێژی کورد له سەر دەستی ڕووداوێکی مێژوویی، به نبووغی خۆی و کەڵک وەرگرتن له ماکەی خیاڵ بەرهەمێکی نایابی هونەری خولقاندووە. ڕاستە بەیتی دم‌دم له ڕووداوی قەڵاداران و قەڵانشینانی قەڵای خانی برادۆست وەرگیراوە بەڵام ئاوێتەی فانتازیا و واقعێکی خیاڵیش دەبێتەوە و لایەنی جوانی‌ناسانەی بەرهەمێکی ئەدەبی به خۆوە دەگرێ.

دە ڕۆمانی بەردینە‌دا زمانی بەیت و حەیران، حەماسەتی بەیتەکە به تایبەت له بەشی کۆتایی و ناوەڕۆکی بەیتەکە به تایبەت دە پەروەردە کردنی کەسایەتییەکانی پەریزاد خاتوون، کاک ئاڵی و ئەحمەد بەگی لێتان‌دا ڕەنگی داوەتەوە و ڕۆمان به گورج و گۆڵی کەڵکی له توانست و پتانسییەلی بەیتی دم‌دم وەرگرتووە.
لەو گەڕانەوەیەش‌دا ڕۆمان حەولی داوە یەکێکی دیکە له بناغەکانی ڕۆنانی خۆی له سەر دەستی خەزێنەیەکی دیکەی وێژەی زارەکی زمانی کوردی یانی بەیت دابمەزرێنێت؛ لێرەش‌دا زمانێک و ناوەرۆکێک بە ئەمانەت وەردەگرێ و هەم خۆی و هەم‌ژی ماکە بناغەیەکە واتا بەیت، نۆژەن دەکاتەوە. ڕۆمانی بەردینە بە پێی ستایلی ژانری و تایبەتمەندییه ڕۆمانییەکانی دە نێو گێڕانەوەیەکی حەماسیانە، تراژیک و مێژوویانەی بەیتی دم‌دم‌دا دەستەوەستان نابێت و به شارەزایی لێی تێدەپەڕێنێت.

٣. خاڵی بەهێز و بەرچاوی دامەزراوەی ڕۆمانی بەردینە له سەر مێژووی قەڵای دم‌دم و بەسەرهاتی قەڵا نشینان له سەردەمی دەسەڵاتی شاعەبباسی سەفەوی و میرایەتی میری برادۆست، ئەمیرخانی لەپ‌زێڕینە. ڕەنگە مێژوونووسی کورد نەیتوانیبێ یا بۆی نەکرابێ ئەو بڕگە مێژووییه بنووسێتەوە، لانیکەم ئەگەر نەش‌نووسرابێ گێڕدراوەتەوە، بەڵام دەقی نڤیساری ئەو مێژوویه له لایەن کاتب و مونشی میر، لەو سەردەمی‌دا بە زمانی کوردی نەنووسراوە هەتا بزانین قەڵا نشینان چۆنیان پاڵەوانەتی نواندووە. کەچی دەسەڵاتی سەفەوی، کاتب و مونشی دیوانخانی خۆی هەبووە و له کتێبی مێژووییش دا شەڕی دم‌دمی نووسیوەتەوە. ئەسکەندەر بەگی تورکمان وەک کاتبی شاعەبباسی سەفەوی ڕاستەوخۆ دەگەڵ قشوونی عەجەم له ڕووداوی دم‌دم‌دا بەشدار بووە و هەموو شتی له دووتوێی مێژووی عالەم ئارای عەبباسی‌دا نووسیوەتەوە. جا چۆنی نووسیوەتەوە خۆی و خودای خۆی.

یەکێک له تایبەتمەندییەکانی ڕۆمانی پۆست مۆدێڕن گەڕانەوە بۆ مێژوویه، بەڵام نەک بۆ ئەوەی مێژوو وەک خۆی بگێڕێتەوە، بە پێچەوانە شتێک، ڕووداووێک یا هێزێک دەخولقێنێ و واقعێکی ڕۆمانیانەی پێ‌ساز دەکات؛ ئەو شتەی مێژوو نەینووسیوە، وێڕانەگەیشتووە بینووسێ، به پێچەوانەی نووسیوە یا نەیهەوستووە بینووسێ دەکاتە هەوێنی پێکهاتەی خۆی و به شێوازی ڕۆمانی پۆست مۆدێڕن ئاوڕی لێدەداتەوە.
کەسایەتییە دەستکردەکانی ڕۆمان وێڕای کەسایەتییە مێژووییەکان پەرداخت دەکرێن و بەهەڵکەوت دەوری سەرەکی و بنەڕەتی له سەر شانی وان دایه.

تەواوی حەولی ڕۆمانی بەردینە سەبارەت به ئاوڕدانەوە مێژوویەکە ئەوە بووە کە ڕووداوێکی مێژوویی وەک مێژوو نەگێڕێتەوە بەڵکوو مێژوو دەکاتە بناغەیەک بۆ ڕۆنانی واقعێکی داستانی به پێی ئێلێمانەکانی ژانری چیرۆک و ڕۆمان. تێک ئاڵقانی کەسایەتییەکان، گۆڕینی شوێنی ڕووداوە سەرەکییەکان، چۆنییەتی دەکار کردنی زمان، جێگۆرکێی ڕووداوە مێژوویی و نامێژووییەکان هەموویان ئەو ڕاستییه دەسەلمێنن بەردینە به تەنیا مێژووی ڕووتی کارەساتی دم‌دم نییه، بەپێچەوانە واقعێکی داهێنراو بۆ ڕۆنانی ژانرێکی هونەری دە قەبارەی ڕۆمان دایه.

۴. زمانی ڕۆمانی بەردینە لێکدراوێکە له زمانی بەیت و حەیران، زمانی دیوانی و زمانی بن‌زاراوەکان بەتایبەت بن‌زاراوەی شنۆیی، به گشتی له کاتی منۆلۆگی کەسایەتی یەکەم کەس یانی گودروون و دیالۆگی گودروون و دایکی زمان دەکەوێتە خانەی بن‌زاراوەی شنۆیی، زمانی ڕووداوەکانی کۆشکی شاعەبباس زمانێکی دەربارییە و زمانی کاتی ئانگژابوونەوەی لەشکری سەفەوی و قەڵانشینانی دم‌دم زمانێکە سەر به بەیت و حەیران. هەر کام لەو زمانانە بنچینەیەکی کۆن و له‌مێژینەیان هەیه و وەک میراتێکی زمانی ئاوڕیان لێدراوەتەوە.

ئەوە یەکێک له کەڵکەڵەکانی ڕۆمانەکانی هیدایەتین کە کات و زمان لێک ببەستنەوە و بۆ کاتی ڕووداوەکان زمانی تایبەت بحاملێ. بۆ کاتی بڕەوی خانەقا له ڕۆمانی تۆقی عەزازیل زمانێکی خانەقایی و دەروێشانە، بۆ کاتی ڕووداوەکانی مێژووی هاچەرخی منداڵانی گابۆڕ، زمانی خۆماڵی کووچە و بازاڕ، بۆ ڕووداوەکانی ئێستای گۆڕەشار کایه زمانییەکانی بزۆزی پچڕ پچڕ و بۆ ڕۆمانی بەردینەش له زمانە کۆنەکانی بەیت ، بن زارەوەی شنۆیی و دیوانخان کەڵک وەرگیراوە.

_______________
سەرچاوەکان:

۱.وتاری “بەیتی کوردی لە خوێندنەوەیەکی بەراوردکارانە لەگەڵ ئەدەبی کلاسیک‌دا” له نووسینی دکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە
۲. مدرنیسم و پسامدرنیسم در رمان اثر جمعی از نویسندگان: برایان مک‌هیل، لیندا هاچن، پتریشا وُ و … ترجمه حسین پاینده، انتشارات نیلوفر
۳. بەردینە، سەیدقادر هیدایەتی ، چاپی خانی

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

همایش ملی میرزا احمد داواشی برگزار می‌شود

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *