خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی «نەتەوەخوازیی کوردی لە سەر شانۆ: نواندن، سیاسەت و بەرەنگاری»

ناساندنی کتێبی «نەتەوەخوازیی کوردی لە سەر شانۆ: نواندن، سیاسەت و بەرەنگاری»

ناسنامه‌ی کتێب: «نەتەوەخوازیی کوردی لە سەر شانۆ: نواندن، سیاسەت و بەرەنگاری»، ماری ر. روستەمی، چاپه‌مه‌نی: ئای. بی. تۆرۆس، ساڵی چاپ ۲۰۱۹.

دوکتۆر ماری ر. روستەمی

پێگه‌ی هه‌واڵنێری ماڵی کتێبی کوردی کتێبی “نەتەوەخوازیی کوردی لە سەر شانۆ: نواندن، سیاسەت و بەرەنگاری” نووسینی ماری ر. روستەمی، لێکۆڵنەوەیەکی نوێی بواری خوێندنەوە کوردییەکانە، کە لە لایەن دەزگای بڵاوکردنەوەی ئای. بی. تۆرۆس لە چاپ دراوە.

ئەم لێکۆڵینەوە، کە بەرهەمی تێزی دۆکتۆرای نووسەرە سەبارەت بە مێژووی شانۆ لە باشووری کوردستاندا، یەکەمین کتێبە کە بە زمانی ئینگلیزی لەسەر شانۆ لە کوردستاندا، نووسراوە و هەروەها یەکەمین توێژینەوەیە لە ئاستی ئاکادیمیکدا، کە لە ڕوانگەی نەتەوەخوازی و بەرەنگاریی سیاسیەوە لە مێژووی شانۆ لە باشووری کوردستاندا کۆڵیوەتەوە.

لە بەشی یەکەمی کتێبدا، نووسەر سەرەتا تیشک دەخاتە سەر نواندنە کۆن و سونەتییەکان. نواندنانە کۆنەکان، کە زۆربەیان تەمی فەرامۆشی دایپۆشیون، بە هۆی تایبەتمەندییان، گرنگییەکی ئێجگار زۆریان نەک تەنیا بۆ مێژووی شانۆی کوردستان، بەڵکوو لە مێژووی شانۆی ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەیە. لە نواندنە سوننەتیە باوەکانی کوردستان کە توێژەر دەپەرژێتە سەریان، بریتین لە: “گابەران” شانۆی نەورۆزیی “میری میران” یان “پاشا پاشایەتی” و “کاوەی ئاسنگەر” و بەیتە زارەکییە فۆلکلۆرەکانی وەک: “دمدم“، “مەم و زین“، زەنبیل فرۆش” “خەج و سیامەند” و “لاس و خەزاڵ” کە بە تێکەڵاوێک لە شیعر و پەخشان و نواندن بە دەنگێکی خۆش لە لایەن بەیت بێژەکانەوە لە دیوەخان و مزگەوتی گوندەکان و قاوەخانەی شارەکان و کۆڕی بەزم و شایی پێشکەش دەکران.

پاش سەلماندنی ڕابردووی بەپیتی شانۆ لە کوردستاندا، نووسەر بە شێوازێکی تایبەت ڕوو دەکاتە تاوتوێکردنی مێژووی شانۆی نوێی کوردیی باشووری کوردستان لە نێوان دەیەی بیست بۆ حەفتادی سەدەی بیستەمی زایینیدا. بە مەبەستی باشتر تێگەیشتن لە بەستێنی سەرهەڵدانی شانۆ (تیاتر) لە باشووری کوردستاندا، بەشی دووهەمی کتێب، بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەم هەرێمە لە دوای رووداوەکانی شەڕی جێهانیی یەکەم و سنووربەندییە نوێکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، تەرخان کراوە. نووسەر سەرکوتکردنی چالاکوانانی سیاسیی کورد لە تورکیا و گەڕانەوەی هەندێکیان بەرەو زێدی خۆیان لە باشووری کوردستان و هەروەها بەرەی نوێی دەرچووانی کوردی کۆلیژی مامۆستایان لە بەغدا، بە هۆکارێکی گرنگ و ڕێ خۆشکەری سەرهەڵدان و گەشەی شانۆ لە باشووری کوردستاندا دینێتە ئەژمار. تۆفیق مەحموود هەمزە، ناسراو بە پیرەمێرد، کەسایەتیی بەناوبانگی باشووری کوردستان لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، یەکێک لەو سیاسەتوان و ڕۆشنبیرانە بوو کە بە ناچاری لە تورکیا، گەڕایەوە سلێمانی. پیرەمێرد بە یارمەتیدانی دامەزراندنی “کۆمەڵەی زانستیی کوردان” و “قوتابخانەی زانستی” نەک تەنیا بوو بە یارمەتیدەری پێشەوەچوونی کاروانی فێربوون و زانین لە سلێمانیدا، تەنانەت بە نووسینی شانۆنامە و ڕەخنە و پروپاگاندای شانۆ قوتابخانەییەکان، ڕۆڵێکی کەم وێنەی لە پێشخستنی هونەری شانۆ لە سلێمانیدا  گێڕا.

 شانۆ قوتابخانەییەکان کە لە لایەن مامۆستایان و قوتابیانەوە بە مەبەستی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خوێندنگەکان و قوتابیانی هەژار، ئەنجام دەدران، سەرەتاییترین نواندنە مودێڕنەکانی باشووری کوردستان بوون. زۆربەی ئەم شانۆگەلە، وەرگێڕاوی کوردیی ئەو شانۆیانە بوون کە مامۆستایان لە بەغدا پێی ئاشنا ببوون. شانۆکانی پیرەمێرد،  وەک: “مەم و زین“، “شەریف هەمەوەند” و “مەحموود ئاغای شیوەکەل”  کە یەکەمین نواندنی چیرۆکە فۆلکلۆرەکان لە شێوازی شانۆدا بوون، لە لایەن خەڵکەوە پێشوازییەکی بەرچاویان لێکرا.

پیرەمێرد لەو باوەڕەدا بوو کە شانۆ دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ بۆ نوێکردنەوەی کۆمەڵگا و هاندانی خەڵک بۆ دوورکەوتنەوە لە داب و نەریتە کۆنەکان و ڕووکردن لە زانست و دونیای مودێڕن. بەم بۆنەوە، پیرەمێرد لە شانۆکانیدا زۆرتر دابەزیوەتە سەر مژار و کێشەکانی وەک، نەبوونی ئازادیی ژنان لە کۆمەڵکای سونەتیی کوردستاندا. چەندین دەیە دوای شانۆنامە ڕەخنەییەکانی پیرەمێرد، لە ساڵی ١٩٥٧دا، دوای دامەزراندنی “ئەنجوومەنی هونەرە جوانەکانی کورد” یەکەمین ژنانی کورد ڕوویان لە بواری ئەکتەری کرد. ئەم ئەنجوومەنە کە لە لایەن هونەرمەندی کورد ڕەفیق چالاک و گرووپێک لە هاورێیانی دامەزرابوو، بریتی بوو لە کۆمەڵێك ئەکتەر و وێنەکێش و ژەنیار، کە وەک گرووپێکی یەکگرتوو توانییان چەندین شانۆی سەرکەوتووی وەک: “پیسکەی تەڕپیر”ی مولییەر پێشکەش بکەن.

پاش شەری یەکەمی جیهانی و بە سەرهەڵدانی بەرەی یەکەمی خوێندەوارانی چەپخوازی کورد،  شانۆی دژە کۆلونیالیزمی و دژە فیودالن، لە بواری شانۆی کوردستاندا گەشەی سەند. بەڕێوەچونی شانۆی شۆڕشگێڕانەی ” کاوەی ئاسنگەر” لە لایەن پارتە چەپەکانەوە لە چلەکانی سەدەی بیستەم لە شاری کۆیەدا، نموونەی بەرچاوی ئەم ڕەوتە بوو. ئەم  رەوتە بە درێژایی پەنجاکانیش لە هەندێ شانۆی وەک: “تێکۆشانی ڕەنجبەران” و “مەنووچەر” لە بەرهەمەکانی ئیبراهیم ئەحمەد، خۆی دەردەخات. هاوڕێیەتی کوردانی عێراق لەگەڵ کودەتای دژە پاشایەتیی ساڵی ١٩٥٨ز بە سەرکردایەتیی عەبدولکەریم قاسم، لە شانۆکانی ئەو سەردەمەدا بەدی دەکرێت. هەرچەند ئەم ڕووناکییە زۆری نەخایاند و هەڵگیرسانی شەڕی نێوان تەڤگەری کوردی و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە ساڵی ١٩٦١دا، کۆتایی بە زۆرێنەی چاڵاکییە فەرهەنگییەکان هێنا.

دە ساڵ پاش پەککەوتنی زۆربەی چالاکییەکە فەرهەنگییەکان، دانانی ناوچەی خۆبەڕێوەبەریی کوردان لە ساڵی ١٩٧٠دا، بوو بە هۆی گەشەی خێرای هونەری شانۆگەری، کە لە ئازادیی ڕادەربڕینی کەم وێنەی ئەو سەردەمە بۆ بەڕێوەبردنی شانۆ ناسیۆنالیستییەکان کەڵکیان وەردەگرت. ئەم قۆناغە پڕ هەڵمەتە پاش کۆتایی خۆبەڕێوەبەریی کوردەکان و زاڵبوونی دەوڵەتی ناوەندی لە ١٩٧٥دا، کۆتایی نەهات. بە نسکۆی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ١٩٧٥دا، هونەرمەندانی کورد بۆ دەربازبوون لە تێخی سانسۆر و دەزگای ئیستخباراتی بەعس، ڕوویان لە شانۆ دژە ئیسراییلیەکان کرد. لێکچوونی سیاسەتەکانی رژیمی بەعس بەرامبەر بە کورد، لە گەڵ سیاسەتە دژە ئینسانیەکانی ئیسراییل بەرامبەر بە فەلەستینییەکان، دەرفەتێکی باشی بۆ رەخنە گرتن لە دەوڵەتی بەعس بەدیهێنابوو ئەم لێکچوونەش بۆ  چاودێرانی حکوومەتی زوو دەرکەوت  و زۆری نەخایاند کە هونەرمەندانی کورد لە بەڕێوەبردنی شانۆ دژە ئیسراییلیەکان مەنعکران.

لە تایبەیمەندییە سرنجڕاکێشەکانی کتێبی “نەتەوەخوازیی کوردی لە سەر شانۆ: نواندن، سیاسەت و بەرەنگاری”، ئاوڕدانەوەی نووسەرە لەو شانۆیانە کە لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، لە کاتی تێکۆشان بەرامبەر دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە حەفتاکان و ‌هەشتاکانی سەدەی بیستەمدا بەڕێوە دەچوون و هەموو دەرفەتێکیان بۆ پیشاندانی ویستی شۆڕشگێڕی و بانگەشەی ئامانجە حیزبییەکان دەگواستەوە.

بەرەی یەکەمی دەرچووانی شانۆ لە زانستگای بەغدا، کە سەرەتاکانی دەیەی حەفتا گەڕابوونەوە کوردستان، بە هەند وەرگرتن لە شانۆ عەرەبییەکان و ئامۆژگاریی مامۆستایانی وەک: ئیبراهیم جەلال و سامی عەبدولحەمید، کە خۆیان لە ژێر کاریگەریی نووسەرانێک وەک بیرتۆلت بیرشت دا بوون، ڕوویان لە چیرۆکە کۆن و زارەکییە کوردییەکان کرد. بەکارهێنانی فاکتەرە کۆنەکانی نواندنی وەک: بەیت بێژی و هەڵپەڕکێ و گۆرانی و جلی کوردی لە شانۆگەرییەکانی هەفتاکان و هەشتاکاندا دیاردەیەکی بەرچاو بوو بە مەبەستی پاراستنی شوناس و مێژوو و ئەدەبی کوردی و زیندوو ڕاگرتنی خەباتی دژ بە دەوڵەتی ناوەندیی لە ڕێگای کەسایەتیە مێژوویی و حەماسیەکانی کوردەوە. تەلعەت سامان و ئەحمەد سالار، لە شانۆنووس و دەرهێنەرە بەناوبانگەکانی کوردی ئەم سەردەمە زێڕینە بوون کە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی دا چالاکییان دەنواند.

شانۆگەلی “مەم و زین” و “قەڵای دمدم” لە نووسین و دەرهێنانی تەلعەت سامان، و “نالی و خەونێکی ئەرخەوانی” و ” کاتێ هەڵۆ بەرز ئەفڕێ” لە نووسین و دەرهێنانی ئەحمەد سالار، چوار شانۆنامەن کە نووسەری کتێب بۆ هەڵسەنگاندن و توێژینەوە سەبارەت بە هەوێن و توخمە ناسیۆنالیستییەکان لە شانۆی کوردی دا بژاردەی کردوون. شرۆڤەی ئەم تێکستە شانۆییانە لە بەشی چوارەم و پێنجەمی کتێبدا، دەریدەخات کە هونەرمەندانی شانۆکار چۆن ماوەیەکی کورتی دوای نسکۆی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی لە ساڵی ١٩٧٥دا، بە لێهاتوویەکی تەواو دەستیان داوەتە زیندووکردنەوەی قارەمانانی  نەتەوەیی_ جەماوەریی کورد، وەک مەم و خانی لەپ زێڕین، لە سەر سەکۆی شانۆدا. شانۆکانی تەلعەت سامان بە هەبوونی توخمی چەپخوازی و دژە کۆلۆنیالی و دژە فیوداڵی، نەک تەنیا هەڵگری ویستی بزوتنەوەی نەتەوەخوازیی کورد بوون، بەڵکوو کاریگەریی فەزای سیاسیی عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوینیشیان پێوە دیار بوو. بەڵام شانۆنامەکانی ئەحمەد سالار، بە هەوێنێکی ڕەسەنی نەتەوەخوازانەوە، گێڕانەوەیەکی کتووپڕی دۆخی زاڵی کوردستانن لە هەشتاکاندا؛ ئەو دەیەی کە شایەتی شەڕی وڵاتانی ئێران و عێراق و ژینوسایدی کوردان لە ئەنفال و کیمیاباران دا بوو. وڵامی هونەریی ئەحمەد سالار بەم دەیە کارەساتبارە، شانۆیەکی پڕاوپڕ کوردی بوو کە بە هەموو توخمەکانی فەرهەنگی کوردی وەک؛ گۆرانی، بەیت بێژی، ئەدبیاتی کلاسیک، ئاواز و هەڵپەڕکێ، بە مەبەستی نواندنی شوناسی تایبەتی کورد و وروژاندنی مەشخەڵی شۆڕش بارگاوی بوو. کەڵک وەرگرتن لە نواندن و شانۆ لە لایەن شۆڕشگێڕان، چالاکوانان و هونەرمەندانی کورد، نموونەیەکی دیاری “شانۆی بەرەنگاری”یە کە هەنووکەش درێژەی ئەو ڕەوتە لە چالاکیی شرڤانانی کوردی رۆژئاوادا بەدی دەکرێت.

داگرتنی ته‌واوی ده‌قه‌که‌

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

فەرهەنگی زارەکیی موکریان پڕۆژەیەکی دوورودرێژی زمانی و کلتووری

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *