خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / سـەفەر بۆ هـەوارێکی دوورەدەسـت

سـەفەر بۆ هـەوارێکی دوورەدەسـت

*سـەفەر بۆ هـەوارێکی دوورەدەسـت*

*(ئێمە و باڵادی شادی)*

لە دنیای تەنگ و تاریکی ئەو وڵات و دەسەڵات و فەرهەنگانەدا، کەوا مرۆڤ خەریکە برشی هەڵێ، هەن کۆمەڵێک دەستەبژێری وردبین دێن و بەپێی سامانی خەزێنەی بیر و تێگەیشتنی خۆیان لێدەبڕێن لەم باردۆخە ڕاپەڕن و دەنگ هەڵبڕن. کەش‌وهەوای سەردەم جاری وایە زمانێکی سەمبولیک نەبێ دەروەستی نایە و ڕاشکاویی هەڵوێست و ڕاوێژی زمان، زیندان و مەرگ و تەنانەت پەشیمانی و تێکڕمانیشی لەدوایە. جارێ وا هاتووە و جارێ هەرواش دەچێ.

زەمانێ کەوا *فرووغ فەڕڕوخزاد* (١٣١٣- ١٣٤٥ی هـ / ١٩٤٣- ١٩٦٧ی ز) لە کۆمەڵەشێعری *” تولّدی دیگر”دا*، کە دەبنە بەرهەمی ساڵانی ١٣٣٨ تا ١٣٤٢ی هـ / ١٩٥٩ تا ١٩٦٣ی ز، دێتە دوان، تۆ هەست دەکەی چۆن ژنێک دەتوانێ دەنگی بەرەو پێگەیشتنی ئەو ئافرەت و پیاوانە بێ کەوا گیرۆدە بوون لە چنگ خەمساردی‌دا. زۆر جار دەروونی‌بوونەوەی شێعر لای فرووغ بۆ سەردەمی خۆی، تەمی ترسێک و پارێزێک لە نسێ‌وڕووناکی‌دا دەخاتە بەرچاو، بەڵام هەرچۆنێک بێ دەتوانێ ئەوەندەی بۆی دەلوێ مەبەستەکانی دەرببڕێ و بە هێنانی کۆمەڵێک سەمبول، بڵێ من دژی کامە بۆچوون و کام ڕوانگەم.

شەو لە هۆنراوەکانی فرووغ‌دا دەوری بەرچاو دەگێڕێ و دەتوانم بڵێم هەتا ئێستاش ڕەنگدانەوەی وشەی شەو، وەک هێمای پاوانخوازی و سەرەڕۆیی لە وڵاتانی دوورە‌ئازادی‌دا جێی پێ لەق نەبووە و لە قۆناخی تەواوی بزووتنەوەکان‌دا، گوڵ دەکاتەوە و دێتەوە ڕوو. ئەو شەوڕەشەی فرووغ‌ باسی دەکا، پێویستی بە قووڵ‌بوونەوەی بەربڵاوترە. بەپێچەوانەی “شاهۆ”ی قارەمانی *”باڵادی شادی”،* هیچ لام وا نییە فرووغ لە ڕێی “جەلالی ئالی‌ئەحمەد”ەوە هێندە کەوتبێتە ژێر باندۆری ڕوانگەی “فێردیناند سێلین” و ژاری تاریکیی فۆرمۆلە کردبێ و لە شێعرەکانی‌دا خۆی دەرخستبێ. سەردێری کتێبی *”سفر بە نهایتِ شب”ی* سێلین، دەکرێ بەڵگە بێ لەسەر خواستنەوەی دەستەواژەیەک، بەڵام ناکرێ بە موتڵەقی بڵێین تەنیا ئەو ڕوانگەی ڕەشبینانەی ئاخنیوەتە هەناوی کەلامی فرووغ.

کاتێک فرووغ باسی ئەوپەڕی شەوی قەترانی دەکا و دەچێتە سوێی شەوەزەنگێکی ئەنگوستەچاو، پێویستە لێکدەرەوەی شێعر ئاوڕێکی ورد و باریک لە هەڵوێست و هەنگاو و هەناوی شاعیر و بەرامبەرەکانیشی بداتەوە و هەروا بەسەری‌دا تێنەپەڕێ. من لام وایە بۆ ئەو کەسەی بە شوێن ڕووناکی‌دا دەگەڕێ، شەو سەمبولی زیندانێکی هەمووانییە و هەر کەس بە شێوەیەک تێیدا گرفتارە. هەر بەڕاستی ئەگەر ئەم بۆچوونەی “شاهۆ”، یەکێک لە قارەمانەکانی “باڵادی شادی” وابێ، خۆ دەبێ شێعری بەناوبانگی *”شەوە”ی* کاک فاتح، کە وەک دەقێکی سەمبولیکی هەرە شاز و بەهێز لە زمان و وێژە و شێعری نوێی کوردی‌دا دەترووسکێتەوە، بکەوێتە ژێر پرسیار! بۆ؟ چونکە خۆ مەودای هۆنراوەی *”هدیە”ی* فرووغ و *”شەوە”ی* کاک فاتح (چاوە)، ڕەنگە هەر دووسێ‌ ساڵێکیان مەودا بێ و نەبێ؛ ئەویش ڕاست ئەو کاتەی هەردک شاعیر لە تاران ژیاون.

هۆنراوەکەی فرووغ زۆر کورتە و دنیایەک مانای دەگەڵ خۆی هێناوە:

*هدیە*

*من از نهایتِ شب حرف می‌زنم*
*من از نهایتِ تاریکی*
*و از نهایتِ شب حرف می‌زنم*
*اگر بە خانە‌ی من آمدی*
*برای من ای مهربان*
*چراغ بیاور*
*و یک دریچه کە از آن*
*بە ازدحامِ کوچه‌ی خوشبخت بنگرم!*

لام وایە ئەگەر کەسێک لە هەل‌ومەرجێکی ئەوتۆدا شێعرەکەی بە گاڵتەش گۆڕیبێ و کردبێتی به:
*برای من ای مهربان*
*شراب بیاور!*

زوڵمی کردووە و جێی پرسیارە کە چۆن سەرخۆش‌بوونێکی تیژتێپەڕی بردۆتە هەوراز ڕووناکی؟ چۆن نەیزانیوە *”مهربان و چراغ و دریچە و کوچەی خوشبخت”* بوونە تان‌وپۆی گەشەداری ژیان و تینی تێدەگێڕن؟
کاک فاتح لە شێعری *”شەوە”دا*، ڕاست وەک فرووغ بە شوێن ڕووناکی‌دا دەگەڕێ، لێ بە دابی خوێندکارێکی ئازادیخواز. شەوە و شەو لای شاعیر سەمبولی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پادشایەتین و بەیان بەربوون و خۆر هەڵاتن، هێمای ڕزگارییە. چاوەی شاعیر لە شێعری شەوەدا دەڵێ:

*پەساپەسا پەرەگر بوو*
*شەوی کڕی لاسار*
*نەما شنەی شەوبا*
*نەوی بوو چەسپی زەوی بوو*
*لە سامی شەو پاسار!*

کەوایە لەو شەوە تاریک‌ونووتەکەدا چۆن چاوە بە دوای بەیداخی *کاوە* دا دەگەڕێ هەتا وەک مژدەی سەرکەوتنی داهاتنی بەیانی هەڵیبدا، فرووغیش ئاوا عەوداڵی شوێن دلۆڤانێکە تاکوو ڕووناکایی بۆ بکاتە دیاری.

دەزانم بۆچی یادداشتەکەی خۆم لەسەر تازەترین بەرهەمی *مامۆستا چاوە،* ئاوا دەست پێکردووە، چونکە دەمهەوێ بڵێم لەو چیرۆکەشێعرەدا دەوری ژن، چۆن بەخەستی ڕەنگی داوەتەوە. دەی کەوایە بۆچی کاک چاوە قارەمانێکی وای ساز کردووە دەگەڵ شوێن و زەمان و تەنانەت هاوزەمانیی خۆشی ناتەبا بێ؟ ئەم ڕەوتە لە ڕوانگەی منەوە جێگای پرسیارە.

تازەلاو بووم، تازە خەتم دابوو، کاک فاتحم نەدیت و خۆشم ویست، ئاشقی کەلامی تەواو شاعیرانەی بووم، شاعیرێکی کامڵ؛ ئەو کاتیش وەک ئێستا خۆم لە بازنەی ئاڵۆز و خەتخەتێنی حیزبایەتی و ئیدیۆلۆژی بوارد؛ خۆم دەبوێرم. زمان و داڕشتنی ڕستە و هێنانە بەرچاوی دیمەن و نواندن و وێنواندنەکانی ئێستاش کە ئێستایە زۆربەیان گەرمەتەندوورن؛ بە هەموو پێ‌ودانێک ئێستاش شەوە هەر یەخەی نیشتمانی ئەو کەسەی بەرنەداوە، کەوا بەشی هەرە زۆری تەمەنی بەختی بەختەوەریی ئادەمیزادە بەپانەوە.

لە “باڵادی شادی”دا شاعیر- نووسەر، ویستوویەتی شێوەی گۆڕانی فەرهەنگی ڕۆژهەڵاتی بۆ سەر شێوازی داب‌ونەریتی ڕۆژاوایی بخاتە بەرچاوان، بەڵام چونکە خۆی فرچکی بە بیری شۆڕشگێڕی گرتووە، سەرەنجام سەرپاکی تام و چێژەکان وەلا دەنێ و قارەمانەکانی پەلکێش دەکاتە سەر ڕێگای گەڕانەوەی نەهێنی بە مەبەستی بەشداربوونیان لە *”بزووتنەوەی ژینا”* دا.

ئەم چیرۆکەشێعرە، کە ڕەنگە لە ناوی یەکەم ئافرەتی قارەمانی داگیرسێنی بەسەرهاتەکە وەرگێرابێ و پاشان گەشەوەر بووبێ، دەقێکی تا ئەندازەیەکی باڵا، خۆش و ڕەوانە و سەرباری تێکەڵ‌کردنی زاراوە و بن‌زاراوەکان، وەک کارێکی زیاتر ناباو لە ئەدەبی کوردی‌دا، کۆمەڵێک ڕستە و دەستەواژەی ئینگلیسیشی تێهەڵکێش کردووە، بەڵام چونکە جاری وایە لەپاڵ خۆیان‌دا تەرجەمەشی کردوون، هەڵشێلانێکی ناخۆشی ساز کردووە و ئەم شێوەیەم بە دڵەوە نەنووسا و هیوادارم لە چاپی داهاتوودا ئەم گیروگرفتانە نەمێنن.

وەکوو نیشانی داوە، گۆڕانی فەرهەنگ و توانەوەی شێوازی یەکگرتنی نێر و مێ و ئاوێتە‌بوونیان یەکێک لە ڕەوتە سەرەکییەکانی ئەم باڵادەیە. ساکاربوونەوەی پەیوەندییەکان و دەست‌بەردانەوە بۆ ڕووی ڕاستەقینەی شوێن و زەمان، یەکێک لەو بابەتانەیە کەوا کاک فاتح خۆی لێ حەشار نەداوە و چۆن سەردەگرێ و تێکدەتەندرێ ئاوای گێڕاوەتەوە. دیدارەکان، پێکەوەبوونەکان، ورووژانی باس و بابەتەکان، زۆربەیان لەسەر کردنەوەی دەلاقەیەک بە ڕووی ژیان‌دا یەکتر دەگرنەوە. دەمەتەقە و لێدوانەکان لەسەر شێعر بەگشتی، زۆربەیان وانەی لێ فێربوونن. پێداهەڵدان و سیخورمە تێکوتانیش بەپێی پێویست خۆیان دەنوێنن.

ئەوەی ڕاستی بێ چونکە کاک فاتح لە بەرگی خەمخۆرێکی ئازادی‌دا هەڵکەوتووە، هێند تامەزرۆی وەدی‌هاتنی ئاواتە، کە پێی وایە بزووتنەوەی ژینا هەل و دەرفەتێکی لەبارە بۆ ڕزگاریی یەکجارەکی، بەڵام عەیبی گەورەی پەلە‌وهەلەیەتی بۆ ئاوەژووبوونەوەی باردۆخەکە و ئەویش وەک زۆر کەسی دیکە بەگوێرەی گەرمەهەواڵان تیژ تێپەڕیوە.

ئەم دەقە جاری وایە لە ئاسۆیەکی ڕۆمانتیکەوە سەر دەکا بە دەرووی ڕووناکی ژیانا، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ زیاتر لەسەر ڕەوتی ئاسایی داژوێ و خۆی لێ نەبواردووە، جا با ڕووحێکی شاعیرانەش زاڵ بێ بەسەر سەروبەری‌دا.
ناچمە نێو وردەکاریی هەڵە‌وپەڵەی ڕێنووسی و هاتنی چەند وشە و دەستەواژەیەک کەوا تێبینیم هەیە لەسەریان. ئەوەی ڕاستی بێ بەگشتی چواربەندە و بڕبڕەی زمانی پتەوە و وەک پێویست تێکبەزیوە و وردەکەلێنەکان چی وای لێ کەم ناکەنەوە، چونکە وردەپارێزێکیشی کردووە لە تێکوڵ‌پەسندی.

بۆ ئاشنا بوون لەگەڵ شێوەی خستنە ڕووی دیمەنەکان و تاماوی باڵادی شادی، با بزانین هەر لە سەرەتاوە چۆن دەست پێدەکا:

*بە تۆپەڵ خۆیان کرد بە ڤاگۆنا،*
*دەرگا خژژ پێوەدرا*
*قەتار خزایە ناو تونێل*
*لەگەڵ کۆمەڵی کیژ و کوڕ*
*شەپۆلی بۆنخۆشی و *ئۆرکێستری قاقایان*
*هاتنە ژوور،*
*ڤاگۆن پڕ بوو لە هەرا و دەنگ و بەرامە،*
*هەوایێکی تازەی تێزا.*
***
*شەو لە نیوە ترازابوو،*
*لە دیسکۆ هاتبوونە دەر*
*دواساتی پێکەوەبوونیان، لە قەتارا ئەبردە سەر*
…..
*بە قاقای خۆشنەواوە،*
*کەنیشک و کوڕ*
*نەرم خۆیان کوتا بەسەر کورسییەکانا*
*هەرا و دەنگە‌دەنگیان،*
*زاڵ بوو بەسەر* *وت‌وویرەی ناو ڤاگۆنا،*
*کیژ و کوڕێکی نەوڕەس*
*وا لە دانس و خۆبادانی دیسکۆ چەن جار*
*چاوی ئەمیان، چاوی ئەمیانی پێکابوو…*

ئەم کیژ و کوڕە، کە هەر دوو لە تەمەنی ١٧ ساڵی‌دا بوون، ئەمیان شادی و ئەویان شاد بوو؛ هەڵکەوتێکی دەگمەن و بەئانقەست، کە شاعیر – نووسەر، ویستوویەتی پرسی شاد بوون و نەبوون، وەک بەشێک لە فەلسەفەی ژیان، لە ناوی ئەم دوو کەسەوە هەڵێنجێ و بکەوێتە شی‌کردنەوەیان.

کاتێک ئەم دوو تازەلاوە بۆ دووهەم جار پێکدەگەنەوە، هەست دەکەی شاعیری داهێنەری ئەم شێوازە، هەر بە ڕیتمێکی شاعیرانە داناسەکنێ و ڕاستەوخۆ پەنا دەباتە بەر دەقی شێعرێک و *”شاد”* وەدەنگ دێنێ و لە جەنگەی لێک‌ئاوێزان بوونی دوو ئەوینداری دانسەکەدا، دەیدرکێنێ:

*جوانترین دیمەن کامەیە*
*لە چوارگۆشەی ئەم جیهانا؟*
*لە چوار وەرزەکەی ژیانا؟*
*چی جوانترە*
*لە دیمەنی گەشی کچێ*
*کە دوای مژی قووڵی* *ماچێ*
*دەم‌وچاوی پێئەکەنێ؟*
*دەمی، چاوی،*
*دوو گۆنای* *سوورداگرساوی*
*هەرکام بەجیا*
*پێئەکەنێ…*

*شاد* ئەم شێعرەی لە *شاهۆی* باوکی بیستووە، کە ئەویش شێوەی ژیان و چارەنووس و بەسەرهاتی چەند قۆناخ و چەندین هەوراز و لێژی بڕیوە و بە هونەر دەستاو دراوەتەوە.

بەڕاستی بە پێویستی نازانم بگەڕێمەوە سەر هەڕەتی لەدایک‌بوونی *”گەشێ”* ی دایکی *”شادی”* و کوژرانی حەبیبی باوکی و چۆنییەتیی پەڕەوازە بوون و شووکردن و تەڵاق وەرگرتنی و ئینجا تێکەڵ بوونی دەگەڵ شاهۆی باوکی شاد و پاشان پەیدا بوونی *بابای کەسنەزان،* وەک خەمخۆرێکی بەرچاوبەرینی ژیرکەڵە و پەیوەست کردنی قارەمانەکان بە بزووتنەوەی ژینا. خوێنەرەوە خۆی سەرپشکە چۆنی هەڵدەسەنگێنێ و سەرەداوی ڕووداوەکان و بیرهێنانەوەی کارەسات و خۆشی و ناخۆشییەکان چۆن دەباتەوە سەر یەکتر.

کاک فاتح گوتەنی:
*مانوو نەبی،*
*خوێنەری بەڕێز و ئازیز*
*حەز ناکەم زیاتر مانووت کەم،*
*مشتێک ئاوم بۆ هێناوی*
*تینوەتیتی پێ بشکێنی،*
*تۆزێ مانوویەتیت دەرچێ!*

نووسەر: سەلاحەددین ئاشتی
١٧/ ٧/ ١٤٠٣ی هـ
٨/ ١٠/ ٢٠٢٤ی ز

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کۆمەڵە شیعری “بارکۆد” بە زمانی دانمارکی بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *