خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی ڕۆمانی«کەتنەکانی کچۆڵەیەکی لاسار»

ناساندنی ڕۆمانی«کەتنەکانی کچۆڵەیەکی لاسار»

ناساندنی ڕۆمانی«کەتنەکانی کچۆڵەیەکی لاسار» به‌رهه‌می بارگاس یۆسا

سەربەست عومەر مەمەندی

پێشهاتەکان بۆ مرۆڤ وەک ڕەشکەرەوەی پێنووسێک وان، هەر چەندە بڕیار بدات، ئەمە بکات و ئەوە نەکات، کەچی شتێک ڕوو دەدات، هەر وەکوو هیچ لە گۆڕێ نەبێت. ئەوەی دەمانەوێ خوێندنەوەیێکی خێرایی بۆ بکەین، ڕۆمانی (کەتنەکانی کچۆڵەیەکی لاسار)ی (بارگاس یۆسا)ییە وەرگری خەڵاتی نۆبلی ئەدەبی ٢٠١٠یە. (جەوهەر مەحمود داراغا) لە ٦٣٢ لاپەڕە، وەرگێڕانێکی باشی بۆ کردووە، چاپی یەکەمی ٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە.

بە درێژایی ڕۆمانەکە، وەگێڕ کەسی یەکەمە، بە چەند زنجیرەییەک درێژە بە ڕووداوەکان دەدا.

کارەکتەری سەرەکی” ڕیکاردۆیە” خەڵکی ”پیرۆ”یە لە زارۆکینیەوە، ئاڵودە دەبێت، هەرچەند ئاڵودەبوونی بە شتێکەوە نیە، بەڵکو ئاڵودەی(لیلی)دەبێت، تا زەمەنێکی دوور و درێژ لێی نابێتەوە.

سەرتاپای ڕووداوەکانی نێو ئەم ڕۆمانە، لە خزمەت یەک کارەکتەر دەخولێتەوە، لە هەر کات و جێگاییەک ناوێکی جواییەزی هەیە! ئەویش(لیلی)ە کە کیژۆڵەییەکی لاسارە، خەڵکی (پیرۆ)یە و دەگەڵ خوشکێکی خۆیان بە (چیللی)دەناسێنن، نیشتەجێی شاری (میرافلۆریس)ی پیرۆ دەبن، لیلی بەردەوام ڕێگاییەک دەدۆزێتەوە بۆ ڕاکرد بۆ خولیاکانی، بەردەوام دەتوانێک ڕەگەزی بەرانبەر ئاڵودەی خۆی بکات، سا لە چ تەمەنێک، پلە، پۆستێک، شارێکدا بێت، تەنێ نازو نوزێکی بۆ دەکات، تا بییەوێت هەڵیدەسوڕێنێت، لە بەرانبەر ئەوەیشدا خۆشی دەبێتە کۆیلەی سامان، دەبێتە سواڵکەری خۆشگوزەرانی، کەچی هەمیشەی بە ئەنجامێکی خراپ دەگەڕێتەوە.

لە ڕێڕەوەی سەرەتایی ڕۆمانەکەوە، پرسیارێک قیت دەبێتەوە

-لە چیللی ڕێگەییان بە کوڕ و کچان دەدا بچنە هۆڵی سینەما، ئەو فیلمانە ببینن، کە بۆ گەورەکان بوو، کەچی ئەو دوو کچانە ڕۆژێک دۆستێکیان بۆ ماڵەکەییان بۆ چاخواردنەوەییەکیش بانگێشت نەکرد

– ئایا ئەوان خەڵکی چیللین؟

– بۆچی ڕێگا نادەن، کەس سەردانی ماڵەکەییان بکات؟

ئەم پرسیارانەو چەندینی تر، بە درێژایی ڕۆمانەکە، ورامی یەک بە یەکی پرسیارەکانمان چنگ دەکەوێت.

” ڕیکاردۆ” کە لە لاوییەتیەوە دەکەوێتە داوییەوە وەک خۆی دەڵێت ((منیش لای خۆمەوە وەکو گوێرەکە بە توندی کەوتمە داوی خۆشەویستی لیلیانەوە و عاشقی بووم )) ل١٨

فەیلەسوف ” ژاک درێدا”یش لە چاوپێکەوتنێکدا لە باسی عەشقدا دەڵێت:(( بریتیه‌‌ له‌ جیاوازی نێوان (كێ) و (چی) له‌ عه‌شقدا، به‌و مانایه‌ی كه‌ ئایا عه‌شق بریتیه‌ له‌ خۆشه‌ویستی بۆ كه‌سێك یان‌ بۆ شتێك؟ باشه‌. با وای دابنێین كه‌ من كه‌سێكم خۆشویستوه‌، ئایا من ئه‌وم له‌به‌ر خۆی خۆشویستوه‌ (واته‌ ئه‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها و په‌تی هه‌یه‌)؟ ئایا من له‌به‌رئه‌وه‌ تۆم خۆشده‌وێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ تۆیت، خۆتیت، یا له‌به‌رئه‌وه‌ی عاشقی خاسیه‌ت و جوانی و ژیرییه‌كه‌تم بۆ نمونه‌؟))

کەواتە (ڕیکاردۆ) بۆیە ئاشقی (لیلی)یە، چونکە خۆییەتی، سا خاسییەت و ڕەفتارەکانی چۆناو چۆنن جوایزی نیە، چونکە بەهۆی ئەو کەتن و فێڵانەی دەیکات، جێهێشتی بەردەوامی، وا لە (ڕیکاردۆ) دەکات، وازی لێبێنێت، چەندین جار بڕیار بدات، لە دڵی خۆی دەربێنێت، کەچی هەمیشە دەگەڵ بینینەوەی دێتەوە سەر خاڵی سفر، تەنانەت کە لە پاریس ئاکنجی دەبێت، تێکەڵی چەندین کەس دەبێت، وای لێدێت ئیرەی بەو کەسانەش ببات کە لە دەستەیی ”هیپییەکان”بوون.

(هیپییەکان) ئەو کۆمەڵە کەسانە بوون، ژیانیان لە دەرەوەی نەریتی کۆمەڵایەتی و یاساو ڕەوشت دابوو ، ئاسوودەی خۆیان لە سادەی ژیان دەبینی، گوێنەدانە ئاستەنگەکان، تەنیا گوێیان بە هەستەکانیان دەدا.

شێوەی قژ و جل و بەرگیشیان جواییەز بوو، جلی بریقەدار و پشتەمللیان درێژ دەکرد. تەنانەت دوای نەمانی بیرۆکەکانیان کاریگەری خۆی هەر جێهێشت بەسەر وڵاتیان و فەرمانبەرانی دەوڵەت ((فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەسانی نێو کۆمپانیاکان و فەرمانبەرانی گەنجینەکان، شێوە بەرگ و پانتۆڵی هێڵدار لە شێوەی هیپییەکان دەپۆشی! شەپقەی بۆمبینیان لەسەر دەنا، چەتری ڕەشیان لەبن دەست دەخست)) ل١٨٢

دەشێ ئەم ڕۆمانە، وەک یاداشتنامەییەک یانژی ڕۆمانێکی مێژووی هەژمار بکرێت، چونکە نووسەر وا ڕووداوەکان بە شوێن و کاتی مێژوو ئەو سەردەمە دەبەستێتەوە، هەست دەکەی لە بەرانبەر مێژووی چەند وڵاتێک و وڵاتیێکی وەستاوی.

یانژی وەک زەنگێک سەیر بکرێت، تاکوو مرۆ لەو چێژانە وەخەبەر بێنێ، ئارەزوویان دەکات، کە دەیهەوێت بە نا تەندروستی وەدەستیان بهێنێت.

دەرکەوتنەوەی”لیلی” لاسار هەر جارێک و لە شوێنێک و ناوێکی جواییەز، تامەزرۆی خوێنەر زیاتر دەکات

– لە پاریس وەک ئەندامێکی بزوتنەوەییەکی شۆڕەشگێری دەردەکەوێتەوە و دەبێت بە هەڤاڵ(ئارلیت)، کەچی کاتێک ”ڕیکاردۆ” کۆمەڵێ پرسیاری سەردەمی زارۆکینی لێدەکات، کە لە چیللی ئاکنجی بوون، هەر دەڵێی دەگەڵ ئەویشی نەبێت ((ئەوە لە کوێوە ئەم چیڕۆکانەت بۆ گەڵاڵە کردووم، بیگومانم منت لەگەڵ کەسێکی تر دا لێتێکچووە!))ل٦٠

دواتر وەک ئەوەی لێدێت بڵێی (ئەوم و ئەویش نیم)

هەر وەک چۆن لە بەرانبەر خۆشەویستی ‘ڕیکاردۆ’یش هەمان شت دەکات، بە قسە شتێک دەڵێت و بە کردەوەیش شتێک. 

تەنانەت کە خۆیشی ئامادە دەکات بۆ ڕۆیشتنی ڕاهێنانی سەربازی کەچی ”ڕیکاردۆ” دەڵێت((لە نێو ئەو دە ڕۆژەی پێکەوە بەسەرمان برد بۆم دەرکەوت، سیاسەت بە شێوەییەکی گشتی و شۆڕەش بە تایبەتی، بە هێندەی دەنکەڕەشکەیەک لای هەڤاڵ ئارلیت بایەخیان نەبوو.))

دوای جێهێشتنی پاریس بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنانی سەربازی ”ڕیکاردۆ” بەردەوام هەواڵی”ئارلیت”لە هاوڕێیکی دەپرسێ، بەڵانەکینێ دوای شەش مانگ سەرەداوێکی لێ چنگ دەکەوێت(( بە گوێرەی ئەو دەنگۆیەی کە لەنێو خەڵکەکەدا بڵاو بوو، ئەوە بوو ئەو کچە بووەتە دۆست فرە نزیکی جاکوانی سەرۆک))ل٨١

ئەوانە و چەندین ناوی ترو کەسی تریش دەکەونە داوییەوە، تا لە کۆتایی”کچۆڵەی لاسار” شتێکی بەسەر دێت لە چاوەنۆڕی خوێنەردا نەبوو بێت، بەهیوام لە چێژ و ڕووداو، جوانکاری ئەم ڕۆمانە بێ بەش نەبن.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ڕۆمانی «چوار وەرز و ساڵێک» بەرهەمی خالق تەوەکولی بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *