خانه / تازه‌ چاپکراوه‌کان / ناساندنی‌ ڕۆمانی «ئاوی سووتاو» بەرهەمی کاڕلۆس فۆئێنتس

ناساندنی‌ ڕۆمانی «ئاوی سووتاو» بەرهەمی کاڕلۆس فۆئێنتس

ناساندنی‌ ڕۆمانی «ئاوی سووتاو» بەرهەمی کاڕلۆس فۆئێنتس

فەرهاد بابۆڵی

ڕۆمانی “ئاوی سووتاو” بەرهەمی کاڕلۆس فۆئێنتس نووسەری بەناوبانگی مێکزیکییه کە ساڵی ۱۳۸۹ی هەتاوی، بەڕێز عەلی ئەکبەر فەلاحی ڕاستەوخۆ له زبانی ئیسپانیۆلی کردوویەتە فارسی و به نێوی “آب سوختە” له لایەن نەشری ققنووس چاپ و بڵاو بۆتەوە.
ئەو ڕۆمانە هەڵگری چوار بەشی جوودایه کە له ڕاستی دا پێوەندییەکی شاراوەشیان پێکەوە هەیه. فەزای داستانی ڕۆمانەکە شاری مێکزیکۆ سیتی و گەڕەک و کۆڵانەکانی ئەو شارە مێژوویی و پڕ له ئوستوورەییەیه. شارێک کە هەڵگری جیاوازی چینایەتی، تەزاد، دوو بەرەکی، جیاوازیی ڕەگەزی ، جیاوازیی مێعماری و جیاوازیی نەسلەکانی پێش و پاش شۆرشی مێکزیک پێشان دەدات.

کەسایەتییەکانی ڕۆمانی فۆئێنتس زۆربەیان له چینی خوارووی گۆمەڵگای مێکزیکۆ هەڵبژێردراون و ئازار و دەرد و نەهامەتییەکانیان وێنا کراوە. دەتوانین بڵێین فۆئێنتس بە نیشان دانی ئەو چینە چەوساوەیە جۆره ڕەخنە و گلەیییەکی له ئاکامەکانی شۆرش و نەبوونی تەکووزییەکی کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی و سیاسی وڵاتەکەی دەرخستووە.

بەشی یەکەمی ڕۆمانەکە واتە چیرۆکی “ڕۆژی دایک” بەسەرهاتی ژێنڕاڵێکی دەورانی شۆرشه کە ئێستاشی دەگەڵ بێ دە نێو یاد و بیرەوەرییەکانی ساڵانی شەڕدا دەژێت و وادەزانێت چون ئەو و هاو تەمەنەکانی شۆرشیان به ئاکام گەیاندووە بۆیەش دەبێ هەمیشه قسە قسەی ئەو بێت و بەرەی ئێستا له پێش چاوی، بەرەیەکی سووک و تەوەزەل و بێکاره بار هاتووە و هاتوونەتە سەر حازری و بزری؛ ئەو بەشەی ڕۆمان له لایەن نەوەی ژێنڕال بێرگادا و بە شێوەی گێڕەڕەوەی یەکەم کەس دەگێردرێتەوە . نەوە نەسلی دووی پاش شۆڕش وێنا دەکات کە به پێچەوانەی نەسلی یەکەم خولیای مێژوو و ئازایەتی جەنگاوەرانی بەرەی سەربەخۆیی وڵاتن. ئەوان ڕاستەوخۆ ڕووداوەکانی شەڕیان نەبینیوە و دە هۆن و ڕۆیا دا خەریکە “هەمزاد پێنداری” دەگەڵ پاڵەوانانی بەرەی شەڕ دەکەن؛ ئەو پاڵەوانانەی کە نەیانتوانی قیداسەتی ژێنڕاڵ بوونی خۆیان بپارێزن و زۆرخوازی و پاوان خوازیان کردۆتە پیشه.

به پێچەوانەی نێوی ئەو بەشەی ڕۆمان ڕۆڵ و کایەی ژن بە کەمی دەبیندرێ و تەنیا وەک یادەوەری باسی نەنک و دایکی ڕاوی دێتە گۆڕ، کە ماوەیێک پێش مردوون و دە ژیان دا نەماون. وێدەچێ فۆئێنتس به تەوس و کینایه نێوی ڕۆژی دایکی بۆ ئەو بەشه هەڵبژاردووە و دەیهەوێ بە جۆرێک ڕەخنە له پیاوسالاری و ژن چەوسانەوەی کۆمەڵگای مێکزیکۆ بگرێت.

له باری فۆڕمی ریوایەت ئەوەی به ڕوونی شایانی ئاماژەیه ئەوەیە کە ڕووداوەکان بە گشتی له هەموو بەشەکاندا لە نێو گەرمەی گێڕانەوەکان‌ڕا دەست پێدەکەن و پاش ماوەیەک خوێنەر دەزانێ کە ئەوە کوێیە و کێهه کەسایەتییەکە کە باسی لێدەکرێت. ئەگەرچی چوارچێوەی گێڕانەوەکە بەستێنێکی ڕیالیستی هەیه ، بەڵام دەسپێکی لەناکاو ، گەڕانەوە بۆ پێشتر و هاتنە گۆڕێی خولیاو و ئاواتەکانی کەسایەتییەکان بۆ نێو گێڕانەوەکان، ڕیوایەتی ڕۆمانەکەی زیندوو، شاز و پڕ چێژ و بە تام و خوێ کردووە. هەڵبەت ئەوە سەبکی فۆئێنتس ئاشکرا دەکات و کردوویەتە مڵکی خۆی؛ وەک چۆن له ڕۆمانی ئائۆراش دا بەرجەستە بۆتەوە.

تایبەتمەندییەکی دیکەی ڕیوایەت دە وێنا کردنی کەسایەتییەکانی بەشه جیاوازەکان دایه. بۆ وێنە لە بەشی دووهەمی ڕۆمان یانی “ئەوانە کۆشک بوون” ، کەسایەتی دنیا مانۆئێلیتا دەگەڵ ئەوەی وەک ژنێکی قەرەواشی چینی خوارووی مێکزیکۆ نەخشێندراوە هاوکات هەڵگری هەندێ تایبەتمەندیی خەیاڵی و جیاوازیشه ، ئەو جیاوازییه ڕاستە جادوویی و له ئاقل بەدەر نییه بەڵام به بەشی خۆی توانیوێتی له یاساو ڕێسای دنیای دەرەوی دەق خۆی رزگار بکات و جیهانێکی تایبەتی خولقاندووە؛ بۆ وێنە کاتێک دنیا سەگە بریندارەکە دەرمان دەکات و پاشان سەگەکان دەباتە کلیسای ناوەندی شار و لە پێش پەیکەرەی مەسیح داوا له خودا دەکات کە زبانی گۆ بدات به سەگەکان تا ئەوان بتوانن له هەمبەر بێ عیداڵەتی و نادادپەروەری دا له خۆیان بەرگری بکەن.
بە باوەڕی من ئەو بەشەی ڕۆمان زۆرترین خیال و فانتازیا دە خۆی دەگرێ. ئەو پەڕی بێکەسی مڕۆڤ به تایبەت چینی ژن، ئەوپەڕی وەپشت گوێ خستنی مڕۆڤەکان و ئەو پەڕی ریا و تەزاهور لەو بەشەی ڕۆمانەکەدا دەربڕاوە کە ئەوەش ڕەخنە و نەقدی نووسەرە بۆ سەر دنیای بێ سەر و بەری پاش شۆڕشه ماڵ‌وێران‌کەرەکان.

له بەشی سێهەم‌دا (بەرەبەیان) پیاوێکی سەڵتی تەمەن گەڕاوە به نێوی فێدریکۆ کە له باری ماڵیش بارودۆخێکی باشی هەیه زۆربەی ژیانی دەگەڵ دۆستەکانی خەریکی خواردن و خواردنەوە و کایە و یارین. ئەو ماڵەکەی کەوتۆتە نێوان بورجە تازەکانی شاری مێکزیکۆ و به لاساری خۆی، نەیهێشتووە سەرهەڵدانی مێعماری نوێ بینای ماڵەکەی بگرێتەوە. پێداگری سوننەت دە بەرامبەر مۆدێڕنیتە، خۆشگوزەرانی له سەر پاشماوەی ماڵی به میرات ماوە و گرینگ نەبوونی ئەوین و خۆشەویستی و بار هاتنی مڕۆڤی ویشک و بەتاڵ، بێ گوێ دان به هاتنە ئارای ئاڵ و گۆرەکان گرینگ‌ترین مژاری بەر ڕەخنەی ئەو بەشەی ڕۆمانەکەن.

” کوڕی ئاندرێس ئاپاریسیۆ” بەشی کۆتایی ڕۆمانە کە دوور و درێژترین بەشیشه. لەو بەشەش دا فۆئێنتس دە نێوئاخنی ڕیوایەت دا تا ئەو جێگایەی لواوە بە پێشان دان و وێنا کردنی فەزایەکان، ڕووداوەکان، دیالۆگەکان و کەسایەتییەکان خەریکە ڕەخنە دەگرێ و بە تەوس و لاتاو باسی پەروەردە، ڕاهێنانی شارۆمەندی، دەسەڵاتی نەریتی، لۆبی‌گەری، باند و باندبازی و دەسەڵاتی ڕەهای کۆمەڵگایەکی ناسەقامگیڕی فەرهەنگی و مۆدێڕن دەکات.

لێنزی دووربینی ڕیوایەت و گێڕانەوە لێنزێکی هەڵسووڕی پڕ جووڵانەوەیه؛ هەموو کارەسات و ڕووداو و کەلێن و قوژبنێک دەبینێ و دەیهێنێتە پێش چاو. هەڵبەت خوێنەر بێکار نییه و بۆی هەیه بچێتە نێو ڕووداوەکان و لایەنە شاراوەکانی کەسایەتیی کەسایەتییەکان و چۆنێتی لێک گرێ دانی ئەوان پێکەوە بدۆزێتەوە و کەشفیان کات.

ژیانی مڕۆڤی بن‌دەستی شارێکی زەبەلاح و لەبەر یەک‌ترازاو و دۆزینەوەی لایەنە شاراوەکانی ئەو جۆره ژیانانە کە هەمووان خەریکە له بیریان دەچێ وێدەچێ ئێپیزۆدێک بێ له ژیانی گشتی، کە ئەوە ڕۆمانە دە هانایەوە دێت و دەیگێڕێتەوە. ڕۆمان ئەو ژانرە بێ هاوتایەیە کە بێ‌وچان دووپات دەبێتەوە و ئازایانە له کات و زەمان دانابڕێت و ئەرکی پیرۆزی خۆی، واتا له بیر و یاد مانەوەی لایەنە شاراوەکان، بەردەوام له بیر و زەینی دەمێنێتەوە.

سەرچاوە : فوئنتس کارلوس ، فلاحی علی اکبر ، ققنوس ، تهران ، ۱۳۸۹

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «خۆبەڕیوەبەری شەنگال» چاپ و بڵاو کرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *