خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی «مێژووی شانۆ لە ئەدەبیاتی کوردیدا»

ناساندنی کتێبی «مێژووی شانۆ لە ئەدەبیاتی کوردیدا»

ناساندنی کتێبی «مێژووی شانۆ لە ئەدەبیاتی کوردیدا»

ناسنامەی کتێب: مێژووی شانۆ لە ئەدەبیاتی کوردیدا لە کۆنەوە تا ۱۹۵۷، دوکتۆر فەرهاد پیرباڵ، بڵاوکراوەی ئاراس، هەولێر ۲۰۰۱.

لەم تۆژینەوەیەدا هەوڵ دەدەین بە کورتی کەرەستە و سەرچاوەکانی پێکهاتنی شانۆی کوردی دەسنیشان بکەین و مێژووی سەرهەڵدانی شانۆنامە لە ئەدەبی کوردیدا ساغ بکەینەوە؛ کە چۆن لە ماوەی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتایی بیستەمدا لەژێر کاریگەرێتیی کولتووری ئەوروپا و نووسەرە گەنجە تورکەکانی ئەستەمبۆڵدا، وەک ژانرێکی ڕۆژئاوایی، دێتە ناو ئەدەبەکەمان و پاشانیش لە ژێر کاریگەرێتیی جموجۆڵی شانۆی عەرەب لە عیراقدا مۆرکێکی نەتەوەیی بە خۆیەوە دەگرێت.

هۆی هەڵبژاردنی ئەم بابەتە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تاکو ئێستا تۆژینەوەیەکی ئەکادیمیی سەربەخۆی ئەوتۆ لەبارەی مێژووی سەرهەڵدانی شانۆنامە لە ئەدەبیاتی کوردیدا نەکراوە. ئامانجی ئەم تۆژینەوەیە ئەوەیە کە ببێتە یارمەتیدەرێک لەم بوارەدا.

جیاوازیی ئەم تۆژینەوەیە، لەچاو ئەوانەی تا ئێستا کراون، لەوەدایە کە بۆ یەکەمین جار چەند سەرچاوە و کەرەستەیەکی تازە دەخاتە بەردەست؛ لە هەمان کاتدا بەپێی مێتۆدێکی سەرتاپابین، چەند ڕاستییەک لە گۆشەنیگایەکی ئۆبژەکتیڤەوە دەخاتە بەرچاو.

ئەو گیروگرفتەی هاتە سەر ڕێگەی ئەم تۆژینەوەیەمان، ئەمە بوو: ئایا ئێمە حسێب تەنیا بۆ تێکستەکان بکەین یان بۆ تەنیا شانۆگەرییە پێشکەشکراوەکان، یانیش بۆ هەردووکیان؟ حسێب تەنیا بۆ تێکست یان تەنیا بۆ پیشاندان؛ یان بۆ هەردووکیان؟ بۆ چارەکردنی ئەم کێشەیە، ئێمە هاتین، بەشێوەیەکی بنەڕەتی، حسێبمان تەنیا بۆ تێکست، واتە بۆ شانۆنامەی نووسراو کرد؛ بەڵام چەندی پێمان کرا و پەیمان پێ برد، نواندنە شانۆییەکانیشمان تۆمار کردووە. ئەمەش چونکە، مێتۆدی تۆژینەوە، لە بنچینەدا، پشت بە تێکست دەبەستێت؛ یەکێک لە بابەتەکانی ئەدەبیاتناسی بریتیە لە تێکستی ئەدەبی.

کەواتە، دەبێ دان بەوەدا بنێین کە ئێمە لێرەدا خۆمان لە قەرەی لایەنە تەکنیکی و هونەرییەکانی شانۆ(دەرهێنان، نواندن، دیکۆر، ماکیاژ…) نەداوە؛ زۆرتر لەپێناو نووسینەوەی کەرەستەکان و بە ئەرشەفەکردنی شانۆگەرییە پێشکەشکراوەکان کارمان کردووە. نەمانتوانیوە لە لایەنە تەکنیکی و هونەرییەکانی شانۆی ئەو ساڵانە بکۆڵینەوە، زۆرتر پشتمان بە پیشاندانێکی پانۆڕامایی و کرۆنۆلۆژی بەستووە. ئەم کارەش، بێگومان، بە کەم و کورتییەک دەژمێردرێت، بەڵام هۆیەکەی، بۆ ئێمە ناگەڕێتەوە: چونکە پیشاندانە هونەری و تەکنیکییەکانی ئەو تێکستە شانۆییانە، ئەمڕۆ، بە فیلمی ڤیدیۆ و بە کاسێت لە بەردەست ئێمەدا نین. هەروەها سەبارەت بە نەبوونی ڕەخنەیەکی ئەوتۆی شانۆیی لەو زەمانەدا، هیچ بەڵگەنامەیەکمان لەبارەی تەکنیک و شێوازی دەرهێنانی ئەو شانۆگەرییانە بۆ نەماوەتەوە کە ئەمڕۆ بتوانین بۆ تۆژینەوە پشتیان پێ ببەستین.

کێشەیەکی دیکەمان ئەوە بوو کە نەمانتوانی ئەو تێکستە شانۆیی و جموجووڵە شانۆییەی کە لە ساڵی ۱۹۲۰-۱۹۵۷دا لەدەرەوەی کوردستانی عیراقدا هەبوون، هەموویان بخەینە چوار چێوەی ئەم تۆژینەوەیە. ئەم کەموکورتییە خەوشێکی دیکەی تۆژینەوەکەمانە.

ئەگەر ئێمە لە ساڵی ۱۹۱۹وە دەستمان پێکردووە، هۆیەکەی ئەوەیە کە لەو ساڵەدا یەکەمین تێکستی شانۆیی بڵاوکراوەتەوە. ئەگەر لە ساڵی ۱۹۷۵یش راوەستاوین، هۆیەکی ئەوەیە کە ئەو ساڵە، لەڕووی سیاسییەوە، بەرەو وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگ دەڕوات؛ لەو ساڵەدا ۱۹۷۵ بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان لە سێ شاری گەورەی کوردستاندا (سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە) دادەمەزرێت و یەکەمین شانۆگەرییەکانی خۆیان پێشکەش دەکەن؛ هەروەها دوای ئەوەش، یەکەمین تاخمی قوتابیان لە بەشی نواندن و شانۆ لە پەیمانگای بەغدا، خوێندنی ئەکادیمی لەبارەی هونەری شانۆ تەواو دەکەن و بە بڕوانامەی زانکۆیییەوە دەگەڕێنەوە کوردستان و کاردەکەن.

لە بەشێکی ئەم کتێبەدا هاتووە: شاعیری نوێخواز، عەبدوڵڵا گۆران، لەوانەیە یەکەم نووسەری کوردبێت کە لە ساڵی ۱۹۵۰دا زاراوەی «شانۆ»ی لە جیاتی (مسرح) و (تمثیل)ی عەرەب، واتا لە جیاتی تیاتری ئینگلیزی، بۆ یەکەمجار لە زمانی کوردیدا بەکارهێنابێت. ئەمەش لە شیعری «جیلوەی شانۆ» کە لە دیوانی «فرمێسک و هونەر»دا لە ساڵی ۱۹۵۰دا لە بەغدا لە چاپخانەی مەعاریف چاپکراوە. دیارە دوا بەدوای ئەم بەکارهێنانەی گۆران، زاراوەی «شانۆ» کەوتۆتە نێو نووسەرانەوە و پەسەند کراوە؛ لە نووسین و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیدا پەیتا پەیتا جێگەی خۆی گرتووە.

پێڕستی کتێبەکە بەمجۆرەیە:

دەستپێک

بەشی یەکەم: زاراوەی شانۆ لە زمانی کوردیدا

بەشی دووەم: پیشاندانە شانۆیییە میللییەکان

بەشی سێیەم: شانۆنامە و شانۆی شێوە ڕۆژئاوایی لە کام دەفری شارستانیدا سەریان هەڵدا؟

بەشی چوارەم: یەکەم شانۆنامە بە زمانی کوردی

بەشی پێنجەم: شانۆی کوردی لە کوردستانی عێراقدا ۱۹۲۰-۱۹۳۰دا

بەشی شەشەم: کرۆنۆلۆژیای شانۆی کوردی ۱۹۵۷-۱۹۱۹

بەشی حەوتەم: دامەزرێن و پێشڕەوانی شانۆی کوردی

بەشی هەشتەم: سەرهەڵدانی ڕەخنەی شانۆیی لە ئەدەبیاتی کوردیدا ۱۹۳۷-۱۹۲۷

ئەنجام

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ئێوارە کۆڕەکەی مەریوان و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی کتێبی مۆنادۆلۆژیی دەق

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *