خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / «ئافاقی شیعری نالی» نوێترین بەرهەمی دوکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە بڵاوکرایەوە.

«ئافاقی شیعری نالی» نوێترین بەرهەمی دوکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە بڵاوکرایەوە.

«ئافاقی شیعری نالی»، نوێترین بەرهەمی دوکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە بڵاوکرایەوە.

ناسنامەی کتێب: «ئافاقی شیعری نالی»، دوکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە، چاپەمەنی مادیار، سنە ۱۳۹۹.

دوکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە

نالی بیرمەند و شاعیرێکە ناتوانی خۆتی لێ ببوێری. کە خۆیشت لێ نەبوارد، ناتوانی ڕاگوزاری بەلای‌دا تێپەڕی و دوای گوت‌وبێژێکی ساکار و ئاسایی ماڵاوایی لێ بکەی. نالی کەسێکە دەبێ ماوەیەکی زۆر لە لای بمێنییەوە، لەگەڵی‌دا بژی، بیدوێنی و وەدەنگی بهێنی. پرسیاری لێ بکەی و بەدەم بێ‌دەنگ بوونەکانیەوە سەبر بگری. لە مێژووی هزر و ئەدەبی کوردی‌دا کەسی ئەوتۆ کەم نین، بەڵام ڕەنگه نالی لە ڕیزی هەرە پێشەوەیان‌دا بێ.

ئەو باس‌وخواسانەی لە دووتوێی ئەم کتێبەدا ورووژاون ڕەنگه زیاتر لە پازدە ساڵ مێشکی نووسەریان بەخۆیانەوە خەریک کردبێ. هەر جارەی ویستوومە بیاننووسمەوە، دەنگێکی پەنامەکی بەگوێی‌دا چرپاندووم و گوتوویە دەبێ زیاتر لەگەڵ نالی‌دا بژی و هەناسەت تێکەڵی هەناسەی بکەی. مرۆڤ لە نووسینی درەنگ‌وەخت لەسەر کەسێکی وەک نالی پەشیمان نابێتەوە، بەڵام زۆر ڕێی تێ‌دەچێ دوای زوو وەدەنگ هاتن لەسەری، بە توندی پەشیمان بێتەوە.

نالی تەنانەت لە هاوڕێیەتیش‌دا کەسێکی زوو خۆبەدەستەوەدەر نییە. کەوابوو پێویست‌تر لە هاوڕێیەتی کردنی نالی، ئەوەیە بزانین چۆن هاوڕێیەتی بکەین، نەکا هاوڕێیەکی خراپ بین و خۆیشمان سووک کەین و نرخی کاری ئەویش بهێنینە خوار. ئەگەر لێکۆڵینەوەیەک لە ئاستی دەقێک‌دا نەبوو، نەبوونی لە بوونی باشترە. بەڵام چ توێژینەوەیەک لە ئاستی دەقی نالی‌دایە؟ کێشە لێرەدایە. من مێروولەیەک بوومە و به‌گژ قوللەیی قاف‌دا چوومه و لەگەڵ پیاوێکی بیرمەندی عەشیرەتی جاف‌دا پەنجەم لێ‌داوە. کاری من کاری دووبەختی‌یە. یان ئەوەتا بە دەستمەوە هاتووە یان نا. ئەگەر بە دەستمەوە هاتبێ زۆر بەختیار بوومە و ئەگەریش نا، خۆزگه لە نرخی کاری نالیم کەم نەکردبێ.

بەشێک لە مێتۆدۆلۆژیی کاری لێکۆڵینەوە پەل دەکێشێ بۆ ناو ژیانی ڕۆژانەی کەسی توێژەر. واتە بابەتێک کە لە ژیانی ڕۆژانەدا چووبێتە ناو نەست یان ناخودئاگای توێژەرەوە و لە خەوتنی شەوانەش‌دا بەشێک لە خەونەکانی ئەو کەسەی پێک هێنابێ، ڕەنگه بۆ ئەوە بشێ کە توێژەر خۆی لە قەرەی بدا، ئەگینا لەوانەیە ڕەچاو کردنی ڕێسا مێتۆدۆلۆژیکەکان زۆر دادی نەدا.

تاقە بانگەشەیەک که لەبارەی ئەم نووسینەدا دەتوانم بیکەم ئەوەیە کە ساڵانێک لەگەڵ بابەتەکەی‌دا ژیاوم و باسەکانم لە مێشکم‌دا هەڵشێلاوە و کردوومن به بابەتی گوت‌وبێژێکی دوورودرێژی دەروونی و دەرەکی؛ گوت‌وبێژی دەروونی لەگەڵ خۆم و گوت‌وبێژی دەرەکیش لەگەڵ کەسانی خاوەن ڕا، یان خوێندنەوەی کتێبە پێوەندیدارەکان. ئێستاش کە لە نووسینی ئەو کۆمەڵە باسانە بوومەتەوە دڵینام ئەگەر تەمەن ماوەم بدات و ژیان هەلێکی ترم بۆ بڕەخسێنێ، جارێکی دیکەش دەگەڕێمەوە بۆ ماڵی نالی و میوانی دەبمەوە و وەرزێکی دیکەش لە ژیانم لەگەڵ ئەو پیاوە مەزنەدا تێپەڕ دەکەم. چونکەی قسە من لەگەڵ نالی کۆتایی پێ نەهاتووە و زۆر باسی شی‌نەکراو ماون کە بیانکەم بە بابەتی گوت‌وبێژێکی خەیاڵی بەڵام بەکەڵک و بەروبوودرێژ لەگەڵ نالی.

لەبارەی ئەم نووسینەدا ئاماژە کردن به چەند خاڵ به پێویست دەزانم.

یەکەم. هەر خوێندنەوەیەک لە ئەنجامی پێک گەیشتنی دوو ئاسۆی ڕوانین و دوو نیزامی زانایی سەر دەگرێ. یەکیان هی کاتی نووسران و یەکیشیان هی کاتی خوێندنەوەی دەقەکە. ئەم دوو ئاسۆیە هەرگیز سەتاسەت هاوشێوە نین. خوێنەر بیهەوێ یان نا، ناتوانێ ئاسۆی ڕوانینی خۆی لە پێواژۆی خوێندنەوەدا وەلابنێ و دەقەکە بەتەواوی بباتە ناو نیزامی زاناییی کاتی خولقانی دەقەکە، بەڵام هەتا ئەو جێگایەی بۆی دەکرێ دەبێ هەوڵ بدا ئەو ئاسۆ ڕوانینە کە دەقی تێ‌دا بەرهەم هاتووە سەرلەنوێ ڕۆبنێتەوە و خۆی لە داسەپاندنی مانا بەسەر دەق‌دا بپارێزێ. من ئەوەندی پێم کراوە هەوڵم داوە لە جیاتی ئەوەی ئەم مانایانەی خۆم لە زەینم‌دا بوونە وەپاڵ دەقی نالی بدەم، ئاسۆی ڕوانینی کاتی خولقانی دەقەکە بخولقێنمەوە. نەمویستووە جلی تایبەت بە زەمینە و زەمانەی ئەو سەردەم لەبەر شێعری نالی دابڕنم و جلێکی دیکەی لەبەر بکەم کە شیاوی ئەو زەمینە و زەمانە تایبەتە نەبووە. نەمویستووە نالی بکەم بە کوردێکی سەدەی بیستەم یان سەدەی بیست و یەکەم. نالی مەلایەکی ئایینی زۆر خوێندەوار و تێگەیشتوو بووە کە نە بڕوا ئایینییەکانی بۆ بۆچوونە نوێیەکانی وەلا ناوە و نە بەپێچەوانە. ئەو لە سەردەرانەی سەردەمێکی نوێ ڕاوەستاوە. لەو شوێنە مێژووییە کە ئەوی لێ ڕاوەستاوە هەم جیهان‌بینی نەریتی ‌هێز و گوڕی تایبەت بە خۆی هەبووە و هەم وردە وردە هەندێک بۆچوونی نوێ سەریان هەڵداوە. من لە خوێندنەوەی خۆم‌دا هەوڵم داوە هەر دوو ئاڕاسته ڕەچاو بکەم. 

دووەم. لە زۆربەی شوێنەکان‌دا شێعرەکانم بەگوێرەی ساغ کردنەوەی مامۆستایانی مودەرریس‌ نووسیوەتەوە. لە هەندێک شوێن‌دا کە پێم وا بووە شێعرەکان دەبووایە به شێوەیەکی تر ساغ کرابانەوە، شێعرەکانم بەگوێرەی بۆچوونی خۆم نووسیوە. زیاتر لە سەتا نەوەدی ساغ کردنەوەی مامۆستایانی مودەرریس جێگای پشت پێ‌بەستنە و لەناو ساغ کردنەوەکانی دیکەدا هیچیان هێندەی ئەم ساغ کردنەوەیە جێگای متمانە نین.

سێیەم. زۆریەک لە شێعرەکانی نالی پێویستییان به لێکدانەوەی بەیت بە بەیت هەیە. من نەمویستووە ئەو کارە بکەم. چونکه ئەگەر وام کردبا لە تەوەری باسەکان دادەبڕام. بەڵام هەوڵم داوە لە داوێنی لاپەڕەکان‌دا مانای وشە نامۆکان بنووسمەوە. بۆ نووسینەوەی بەشێک لەو مانایانە کەڵکم لە شەرحی مامۆستایانی مودەرریس وەرگرتووە و بەشێکی تریشم خۆم لێک‌داوەتەوە.

هیوادارم توانیبم لاپەڕەیەکی تازە به کۆمەڵە لێکۆڵینەوەکانی نالی‌ناسی زیاد بکەم و شتێکی هەر چەند کەم بخەمە سەر زانیارییەکانی خوێنەری ئەدەبیاتی دەوڵەمەندی کوردی.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ئێوارە کۆڕەکەی مەریوان و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی کتێبی مۆنادۆلۆژیی دەق

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *