خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی «سەد ساڵ سینەما سەد دەرهێنەر»

ناساندنی کتێبی «سەد ساڵ سینەما سەد دەرهێنەر»

ناساندنی کتێبی «سەد ساڵ سینەما سەد دەرهێنەر» 

ناسنامەی کتێب: «سەد ساڵ سینەما سەد دەرهێنەر»(بەرگی سێیەم)، کارزان کاردۆزی، ناوەندی غەزەلنووس، سلێمانی ۲۰۲۰.

ڕێناس عاسی

“سەد ساڵ سینەما سەد دەرهێنەر لە زنجیرەیەک پەرتووک پێکهاتووە. لە هەر پەرتووکێکدا شیکاری کراوە بۆ ژیان و بەرهەمی چەند دەرهێنەرێک. ئامانجی زنجیرەکە گێڕانەوەی چیرۆکی سینەمایە لە ساتی لەدایکبوونی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم بۆ سەرەتای سەدی بیست و یەکەم”

 لەبەشی یەکەمی نووسینەکەماندا ناساندنێکی کورتمان بۆ دەرهێنەرەکانی بەرگی یەکەم و دووەمی ئەم زنجیرەیە کرد…

لە پەرتووکی سێیەمدا ئاشنا دەبین بە سێ دەرهێنەری تر (بەستەر کیتن ـ ڕۆبێرت فلاهیرتی ـ کارل درایەر) کە شیکاری وردی ژیان و بەرهەمیان کراوە، بەشێوەیەک گێڕانەوەی چیرۆکی سینەما بەم زمان و تەکنیکە خاڵی جیاکەرەوەی پەرتووکەکەییە لە کتێبە مێژووییەکانی تر کە سەبارەت بە مێژووی سینەما نووسراون، دواتر ئاشنا دەبین بە گەشەی هزری هەریەک لە دەرهێنەرەکان و چۆنیەتی بونیات نانی ستایلێکی تایبەت بۆ کارکردن لە سینەمادا. ئەوەی جێگەی سەرنجە نووسەر لەڕێگەی شیکاری فیلمەکانەوە ڕۆحی دەرهێنەرانمان پێشان دەدات، کە ڕەنگە هەر ئەمەبێت وابکات لە خوێندنەوەی کتێبێکی وا گەورە هەست بە ماندووبوون نەکەین، هێندەی تامەزرۆی خوێندنەوەمان دەکات هێندە هانمان نادات تەماشای فیلمەکان بکەین “دەکرێت ئەم خاڵە وەک ڕەخنەیەک ئاڕاستەی نووسەر بکرێت” چونکە وادەکات هەمیشە چاوەڕێی ڕوودانی شتێک بین لەکاتی بەرهەمهێنانی فیلمەکان.

خاڵێکی تر کە شایەنی باسکردنە.. خوێنەر لەکاتی پشکنینی پەڕە پەڕەی کتێبەکە بەرکەوتەی دەبێت لەگەڵ جۆرێک لە ئیمان، بڕوابوونی پتەو بە نووسەر، چونکە هیچ کات توشی حاڵەتێکی دوودڵی نابێت سەبارەت بە مێژووی گێڕانەوەی ژیانی دەرهێنەرەکان، ئەمە لەکاتێکدایە لیستی سەرچاوەیەک لە کتێبەکە ئاماژەی بۆ نەکراوە و نووسەر گەورەیی کتێبەکەش ناکات بە کارێکی بەڵگە نەویستی بۆ ڕەواجدان بە ڕاستی و دروستی ڕووداوەکان، بەڵکو جۆری گێڕانەوەکە هەم پڕ چێژە و هەمیش ڕیالیزمیانە پێ بە پێ لە پێش لە دایک بوونیان، بگەرە هەندێک جار ڕیشەی خێزانییان بە ئێمە ئاشنا دەکات. ئەمەش ماندوو بوونی نووسەر لەلایەک و دروستی ڕووداوەکان لەلایەکی تر دەسەلمێنێت.

ئەگەر لە کورتترین ڕستەدا هەوڵی ناساندنی پەرتووکەکە بدەم ئەوا دەڵێم “تکایە بیخوێنەوە” بۆیە هەوڵدەدەم زۆر بەکورتی و ڕاگوزەریانە لەسەر ژیانی هەرسێ دەرهێنەرەکە بدوێم کە لە کتێبەکەدا نووسەر زۆر بە جوانی بە ئێمەی ناساندون.

بەستەر کیتن: جۆزەف فرانک کیتن، ناسراو بە بەستەر کیتن، لە ٤ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٩٥ لە شاری پیکوا لە ویلایەتی کانساس، لە ویلایەتە یەکگتووەکانی ئەمەریکا لە دایک بووە. دایک و باوکی کیتن، جۆزف هلی کیتن و مایەر کەتلەر کیتن دوو نمایشکاری کۆمیدی هۆڵی ڤاودەڤێڵ و میوزیک دەبن، پیشەیەک کە لە خانەوادەکەیانەوە بۆیان دەمێنێتەوە و پاشان دەگوازرێتەوە بۆ کیتنی منداڵ. ژیانی هونەری کیتن هەر لە منداڵیەوە دەست پێدەکات لەکاتێکدا لەگەڵ دایک و باوکی ڕۆڵێکی پێدەدرێت لە نمایشەکان، ئەمە تا ساڵی ١٩١٧ دەگوازنەوە بۆ ویلایەتی کالیفۆرنیا. لێرەوە کیتن بە هۆی فاتێ ئەربەکاڵ یەکەم هەنگاوی بۆ نێو دونیای سینەما هەڵدەنێت. سسینەمای کیتن سینەمای کۆمیدییە، زۆربەی ئەو سەرکێشیانەی کیتن ئەنجامی دەدات لە دەوری نمایشێکی ڕیالیزمی کۆمیدی دەبن، بۆ کیتن گرنگ دەبێت کە بینەر بخاتە پێکەنین، ئەمەش تاکە ئامانجی زۆربەی فیلمەکانی دەبێت. خەون و خەیاڵ دوو کەرەستەن کە زۆرجار کیتن بەکاریان دەهێنێت لە فیلمەکانیدا، بەمەش ڕیالیزم دەشکێنێت و بۆ چەند ساتێک نمایشی دیمەنێکی سوریالیزم و فانتەسی دەکات. دوای هاتنی تەکنەلۆژیای دەنگ بۆ سینەما بلیمەتی کیتن وەک دەرهێنەر و ئەکتەر کۆتایی دێت، ئەگەرچی بەشداری چەند کارێکی تەلەفیزۆنی و چەند کارێکی سینەمایی دەکات، بەڵام بۆ کارەکتەری کیتن قورس دەبێت وەک ساڵانی سینەمای بێدەنگ تەنها لە ڕێگەی جوڵەی درێژ و سەرکێشی بینەر بخاتە پێکەنین، چونکە بینەران چی دیکە خواستیان نابێت بە درێژایی دوو کاتژمێر تەماشای فیلمێک بکەن.

بەستەر کیتن دوای بەرهەم هێنانی ٣١  فیلم و بەشداری کردنی لە چەندین فیلم، لە بەرەبەیانی ١ی شوباتی ١٩٦٦ لە تەمەنی ٧٠ ساڵی بەهۆی شێرپەنجەی سییەکان کۆچی دوایی دەکات.

ڕۆبەرت فلاهیرتی: ڕۆبەرت فلاهیرتی لە ١٦ی شوباتی ١٨٨٤ لە ناوچە سروشتییەکانی ویلایەتی مەشیگان، لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە دایک بووە. بەهۆی ئەوەی باوکی لە کانەکان کار دەکات دەبێتە هۆی ئەوەی لە ساڵانی دواتر فلاهیرتی لەگەڵ باوکی چەندین شوێنی باکووری ئەمەریکا بگەڕێت، لە ئەنجامدا فلاهیرتی ئاشنای کەلتووری جیاوازی ئەو خێڵانە دەبێت کە دانیشتووی ڕەسەنی ناوچەکانن، وە ئاشنای بەشێکی زۆری کەلتووری خێڵە جیاوازەکان دەبێت.

فلاهیرتی بەهۆی ئاشنایەتی بە ئەسکیمۆکان لەو ساڵانەی وەک لێکۆڵەرێک کاردەکات، خواستی دەبێت ئەم خێڵانە و ژیانی قورسیان ئەرشیف بکات، بەڵام دوای چەندین شکست لە کۆتایدا لەگەڵ بازرگانێک ڕێکدەکەوێت کە فیلمێک لەسەر ژیانی سەختی خێڵەکانی ناوچەکانی باکوور دروست بکات، ئەمەش یەکەم هەنگاوی دەبێت بۆ هەنگاونان بۆ بواری سینەما

ڕۆبەرت فلاهیرتی بە باوکی ژانرای دۆکیومێنتەری و دۆکۆفیکشن و ئێسنۆگرافیک فیلم دادەنرێت، هەندێک جار تەنانەت وەک باوکی سینەمای سەربەخۆ دادەنرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی خواستی دەبێت فیلماکانی لە سروشت و دوور لە سێتی هۆڵەکان دروست بکات، لە فیلمەکانی زۆرترین بایەخ دەدات بە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و سروشت مرۆڤێک هەمیشە لە جەنگ و خۆگونجاندنە لەگەڵ سروشت، هەنێک جار سروشت دەبێت بە هۆکاری برسیەتی و چەرمەسەری، لە هەندێک شوێنیش وەک سەرچاوەی ژیان پیشان دراوە، گرتەی دیمەنەکان بە شێوەیەکی ڕیالیزمی نمیاش دەکات، ئەمە دەبێتە هۆکارێک کە فلاهیرتی لە تەواوی ژیانی تەنها کاری دەرهێنانی ١١ فیلم بکات.

بۆ فلاهیرتی گرنگ دەبێت لە پشت کامێرەوە کۆنتڕۆڵی تەواوی دیمەنەکان بکات، هەر بۆ ئەمەش لەکاتی بەرهەم هێنانی فیلمەکانی زۆر جار داستانیانە و هەڵبژاردنی کەسی گونجاو بۆ ڕۆڵەکان دەست دەکات بە وێنەگرتن، کاتێک لەم بارەیەوە ڕەخنەی لێدەگرن فلاهیرتی بە سادەییەوە دەڵێت:- “هەندێکجار دەبێت درۆبکەیت. دەبێت هەندێک جار سیمایشتەکان بگۆڕیت بۆ ئەوەی بە گەوهەری ڕۆحی ڕاستییەکان بگەیت”

فلاهیرتی لە ٢٣ی حوزەیرانی١٩٥١ لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات، لەسەر وەسیەتی خۆی لاشەکەی دەسوتێنرێت، خۆڵەمێشەکەی لە ژێر بەردێکی سپیدا لە ناوچە سەختە بەفراوییەکانی مەشیگان لە ژێر گڵ دەنرێت.

کارل درایەر: کارل سیەدۆر درایەر لە ٢ ی شوباتی ساڵی ١٨٨٩، لە شاری کۆپنهاگنی پایتەحتی دانیمارک لە دایک بووە، درایەر بەهۆی پەیوەندیەک لە دەرەوەی ژیانی خێزانی لەدایک بووە، بۆیە دایکی درایەر دەدات بە خێزانی کارل سیەدۆر.

سەرەتای کار کردنی درایەر وەک دەرهێنەرێک دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆشنبیری کارل سیەدۆری زڕباوکی ئەمەش بەهۆی بوونی کامێرایەک لە ماڵەوە. درایەر هەر لە منداڵیەوە ئاستی ڕۆشنبیری بەرزی دەبێت، باوکی بەهۆی ئەوەی تایپۆگرڵف و دیزانی کتێب دەکات دەتوانێت سەرمایەیەکی باش پەیدا بکات. بەمەش بەشێک لەو بوجەکەی تەرخان دەکات بۆ خوێندنی درایەر لە خوێندنگەی تایبەت.

کاتێک درایەر بڕیار دەدات ماڵەوە بەجێبێڵێت چەند کارێک دەکات وەک: ڕۆژنامەنووسی و تایپۆگرافی و پیانۆژەنین، لە کۆتایدا وەک دەرهێنەرێک دەست بەکار دەبێت. سەرەتا درایەر وەک سیناریۆنووس کار بۆ چەند کۆمپانیایەک دەکات ئەم خواستەی درایەر لە دوای گەشەکردنی سینەما لە ئەوروپا دروست دەبێت لە ساڵانی ١٨٩٧ بەدواوە، لە ساڵانی دواتردا درایەر خواستی دەبێت وەک دەرهێنەر کار بۆ کۆمپانیایی نۆردیسک بکات ئەمەش لە ساڵی ١٩١٣ بەتەواوی وەک دەرهێنەرێک دەست بەکار دەبێت. بەگشتی سیستەمی بەرهەمهێنانی فیلم لە دانیمارک پڕ دبێت لە کێشه بەجۆرێک سەربەخۆیی تەواو نادرێت بە دەرهێنەر بۆ بەرهەمهێنانی فیلم، ئەمەش وادەکات درایەر چەندین ساڵ لە دەرەوەی دانیمارک کاری دەرهێنانی فیلمەکانی بکات. بۆ درایەر گرنگ دەبێت لەکاتی کارکردن سەربەخۆیی تەواوی هەبێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هیچ کات ستایلێکی دیاریکراوی نابێت بۆ کارکردن چونکە چیرۆکی فیلمەکانی چیرۆکی جیاواز دەبێت، بۆیە لە هەرچیرۆکێک شێوازێکی تایبەت بنیات دەنێت.

درایەر بەهۆی نەخۆشی نمۆنیا لە بەرەبەیانی ٢٩ ی ئاداری ١٩٦٨ بەهۆی وەستانی سییەکانیەوە کۆچی دوایی دەکات.

لە کۆتایدا دەمەوێت ددانی پێدابنێم ئەم نووسینە هێندەی هاندانە بۆ ئەوەی پەرتووکەکە بخوێنرێتەوە هێندە ناساندن نییە، چونکە دڵنیایی خۆم ناشارمەوە لەوەی زۆر گۆشەی کتێبەکە لەم نووسینەدا دەمرن کە خوێنەران لە خوێندنەوەی کتێبەکەدا درکی پێدەکەن.

زۆر سوپاس بۆ کارزان کاردۆزی دەستی داوە بەم پڕۆژه ستراتیژییە، دواتر سوپاس بۆ ناوەندی غەزەلنووس بۆ پاڵپشتی و چاپکردنی ئەم پەرتووکە بەنرخە.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

لێک‌دانەوەی دوو چەمکی “ڕۆیشتن” و “گەڕانەوە” دە ڕۆمانی “گوڵی شۆڕان”ی عەتا نەهایی‌دا

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *