خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی «ئه‌حمه‌د شاملوو» وه‌رگێڕانی بەڕۆژ ئاکرەیی

ناساندنی کتێبی «ئه‌حمه‌د شاملوو» وه‌رگێڕانی بەڕۆژ ئاکرەیی

ناساندنی کتێبی «ئه‌حمه‌د شاملوو» وه‌رگێڕانی بەڕۆژ ئاکرەیی

کە شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت، دوو ساڵێک بوو، خووم بە خوێندنەوەوه‌ گرتبوو و شاملووم وەکوو هەرەزۆری شیعردۆستانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، خۆش ده‌ویست. دوای شۆڕشیش کە شاملوو دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی گۆڤاری کتاب جمعه (که‌ له‌ ڕۆژانی هه‌ینیدا بڵاو ده‌کرایه‌وه) دەمکڕی و دەمخوێندەوە و چاوەڕێی هەینییەکی دیكه‌م ده‌کرد‌. به‌ر لەوه‌‌یش، هه‌و‌ڵی زۆرم دابوو‌ شیعره‌کانی شاملوو وه‌ربگێڕمە سەر زمانی کوردی. هەمیشە ده‌ستم پێ ده‌کرد و قەت سه‌رنه‌ده‌که‌وتم. ئێستا، کە بیری لێدەکەمەوە، بۆم دەردەکەوێ و لە ئێوەیشی ناشارمەوە: نە زمانی کوردی و فارسییەکەی ئەو سەردەمەم، دەرەقەتی ئەو کارە دەهاتن، نە تێگەیشتن و قووڵبوونەوەم لە شیعر (بە تایبەت شیعری چڕوپڕ و ئەستەمی شاملوو) لەو ئاستەدا بوو، کە ئاکامی خۆماندووکردنەکەم شیاوی بڵاوکردنەوە بێت. گۆڤارەکەی شاملوو، چەند ژمارەیەکی بۆ کێشە و ئەدەبیاتی گەلانی جیهان تەرخان کردبوو: ئەمریکای لاتین، فەلەستین، شیلی و… منیش ڕۆژێک دانیشتم و به‌ هه‌مان گوڕوتینی حەڤده‌ساڵانه‌وه‌، نامه‌یه‌کم بۆ شاملوو نارد و پێشنیاری ژماره‌یه‌کی تایبه‌ت به‌ کوردستانم هێنایه‌ گۆڕێ. شاملوو، پێشوازییەکی گەرمی لە پێشنیارەکەم کرد و لە ژماره‌ نۆزده‌ی ئه‌و گۆڤاره‌دا بۆی نووسیم: ڕۆژێک تەلەفۆن بکە، یان سەردانێکی گۆڤارەکەمان بکە، تا مشوورێک لەو کارە بخۆین. شاملوو دیاره په‌ی به‌ ته‌مه‌ن و کەمئەزموونیم نه‌بردبوو و ‌نەیزانیبوو نووسەری ئەو نامەیە، گەنجێکی حەڤدەساڵانەیە؛ ده‌نا ڕەنگە وەڵامیشی نەدابامەوە. هه‌ڵبه‌ت من نەموێرا تەلەفۆنی بۆ بکەم، یان سەردانی گۆڤاره‌که‌ی بکه‌م. نامەیەکی ترم بۆی نارد و داوای چەند شیعرێکی نوێ و چەند وێنەیەکیم کرد، کە گوایە خەریکی وەرگێڕانی شیعرەکانیم بۆ زمانی کوردی. کاڵفامییەکەیشم لەوەدا بوو، ئادرەسی ئەو قوتابخانەیەم بۆی نووسیبوو، کە ده‌رسم تێیدا دەخوێند (چونکه‌ ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ کرێکارنشینه‌ی ماڵمانی تێدا بوو، کۆڵان که‌ هیچ، شه‌قامه‌ خۆڵاوییه‌کانیشی ناویان نه‌بوو). شاملوو وه‌ڵامی ئەو نامە‌یەشی دامه‌وه‌ و هێندەی نەبرد گۆڤاره‌که‌ی له‌ لایه‌ن حکوومه‌تەوە‌ ڕاگیرا. ڕۆژێک، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان، بانگی ژوورەکەی خۆی کردم و پاکه‌تی نامەیەک و چەند لاپەڕە و وێنەیەکی خستنە سه‌ر مێزه‌که‌ی بەردەمم:

«ئەمانە چین؟»

وێنه‌ی شاملوو و قژه‌ خۆڵه‌مێشییه‌که‌یم له‌سه‌ر مێزه‌که‌ ده‌بینی، هیچم نەگوت. ترسابووم.

«بۆ قسه‌ ناکه‌یت؟ چ پێوه‌ندییه‌کت لەگەڵ شاملوو و گۆڤاری له‌م چه‌شنه‌دا هەیە؟ چۆن شاملوو دەناسی؟»

گوتم: «نایناسم. من کوردی عیراقییم و…»

لاپەڕە و وێنەکانی کۆ کردنەوە: «کوردی عیراق… پێوه‌ندیی لەگەڵ گۆڤارەکانی دژەشۆڕش؟ زۆر باشە. بڕۆ و ڕۆژێک لەگەڵ باوکت وەرەوە. دەنا بۆت نییە دەرس بخوێنیت.»

باوکم لە شاخ بوو.

خوێندن تەواو.

پاشان قۆناغی تاریک و درێژی قەدەغەبوونی هزر و  بێ گۆڤاری و بێ کتێبی و ئالووده‌ی سیاسه‌تبوون و زیندان و بێسه‌روشوێنبوونی هاوڕییان و ڕاکردنی بیرمەند و نووسەرانی ئێرانی بوو. شاملوویش (بیستمان) مینا گەلێک نووسەری دیكه‌، سەری خۆی هەڵگرت و ئێرانی به‌جێ هێشت، من بەڵام لە کۆڵ خوێندنه‌وه‌ی شیعرەکانی نەبوومەوە. له‌ هه‌وڵه‌ چرووکه‌کانمدا هەر بەردەوام بووم و هەر ناکام ده‌بووم. جارجارە شیعرێکی شاملووم دەست دەکەوت، کە دەستاودەست لە نێو هۆگرانی شیعر و ئەدەبدا بڵاو ده‌بووه‌وه‌. پاشان چوار- پێنج ساڵێکی نووتەک تێپەڕین و هێدی هێدی یەک- دوو گۆڤاری ئەدەبی سەریان هەڵدا و خوێندمانه‌وه‌: شاملوو گەڕاوەتەوە و لە تارانە: «من چرام له‌م ماڵه‌دا داده‌گیرسێ…»

بەڕۆژ ئاکرەیی، ئه‌حمه‌د شاملوو، ئایدا

ڕۆژێکی گه‌رمی هاوینی هه‌شتاوشه‌ش بوو؛ به‌ هه‌ڵکه‌وت ڕووم له‌ کتێبفرۆشی ابتکار کرد. هه‌ر که‌ پێم خسته‌ نێو فێنکایی کتێبفرۆشییه‌که‌وه‌، بینیم پیاوێک‌ (که‌ زۆر له‌ شاملوو ده‌چوو) ڕاوەستاوە و‌ ته‌ماشای کتێبه‌کان ده‌کا. نه‌ختێک شڵه‌ژام. دوو هه‌نگاوێک لێی نزیک بوومه‌وه‌ و به‌ دزییه‌وه‌ لێیم ڕوانی. کابرای کتێبفرۆش، شتێکی پرسی و هه‌ر که‌ ده‌نگی شاملوو وه‌ڵامی دایه‌وه‌، ترس و شه‌رم تێکه‌ڵ بوون و به‌ په‌له‌ چوومه‌ ده‌ره‌وه‌. چه‌ند هه‌نگاوێک ڕۆیشتم و دەنگی دڵی خۆم دەبیست. ڕاوه‌ستام. ده‌مویست بگەڕێمەوە. «بەڵام چیی پێ بڵێم؟…» نه‌مده‌زانی، به‌ڵام گه‌ڕامه‌وه‌. پێم خستەوه‌ نێو فێنکایی کتێبفرۆشییه‌کەوە‌ و نادڵنیا لێی نزیک بوومه‌وه‌. پشتی لێم بوو و ته‌ماشای کتێبه‌کانی ده‌کرد. ورته‌سڵاوێکم کرد.

شاملوو، گه‌ڕایه‌وه‌ و سه‌یرێکی کردم: «سڵاو!»

گوتم: «ببووره‌ جه‌نابت ئاغای شاملوویت؟»

بزەیەکی هێنایە سەر لێو: «بەڵێ! کە شیعر دەنووسم، شاملووم.»

پێکه‌نیم. ده‌ستم درێژ کرد و گوتم: «ناوم بەڕۆژە. کوردی عیراقم. شیعره‌کانتم خۆش ده‌وێن و هێندێکیشیانم وه‌رگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی.»

تاوێک لێم ڕاما: «ناوت چییە؟»

دووپاتم کردەوە.

بیرێکی کردەوە و دەستێکی بە قژە چڕ و سپییەکەیدا هێنا: «کتاب جمعه‌؟ ژماره‌ی تایبه‌ت به‌ کوردستان؟» سه‌رێکم له‌قاند. شاملوو لە به‌ژن و باڵامی ڕوانی و من دەستبەجێ ته‌ریق بوومه‌وه‌. داوام لێی کرد، به‌ڵکو ڕۆژێک (له‌مه‌ڕ چه‌ند گرفتێکم له‌ وه‌رگێڕانی شیعره‌کانی) بچمە لای و چه‌ند پرسیارێکی لێ بکه‌م. ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ماڵه‌که‌ی دامێ. چه‌ند جارێک چوومه‌ ماڵه‌که‌ی و قه‌ت نەموێرا باسی گرفتەکانم و شیعرەکانی‌‌ بکەم.

کام شیعر؟ کام وەرگێڕان؟

«شیعری وەرگێڕدراو، دەزانن چۆنە؟… ئەمریکییەکان دەڵێن: وەکو ژن وایە، کە زۆر جوان بێت، لەوانەیە وەفادار نەبێت، بە پێچەوانەوە، هەرچەند ناشیرین بێت، وەفادارترە!» و دایە قاقای پێکەنین.

علی رضا اسپهبد (کە هونەرمەندێکی دەستڕەنگین بوو و بەر لە شاملوو، بەڵام نازانم چۆن و بە چی مرد) گوتی: «ئاغای شاملوو! پێتوانییه‌ ئەم قسەیەت تۆزێک دژایەتیی ژنانی تێدا بێت؟»

شاملوو برۆی تێکنان و دەستێکی بە چەنە مەزنەکەیدا هێنا و له‌سه‌ره‌خۆ هه‌ستایه‌ سه‌رپێ: «نەع!» چه‌ند هه‌نگاوێک به‌ره‌و متبه‌خ ڕۆیشت و گه‌ڕایه‌وه‌: «با… ڕاست دەکەی عەلی، بەڵام… ئەمە قسەی من نییە، ئەمریکییەکان دەڵێن، ئەمپریالیستەکان.»

من بە نرکەوە گوتم: «جەنابتان چی دەڵێن؟»

گوتی: «من دەڵێم، وەرگێڕانی شیعر هه‌ر چۆنێک بێت، خیانەتە، بەڵام هەموومان دەبێ ئەو خیانەتە بکەین.» دەستی بۆ وێنەی لۆرکا و ڕیتسۆس و… درێژ کرد، کە لە کتێبخانەکەیدا ڕیز کرابوون و خۆی شیعرەکانیانی کردبوونە فارسی.

هەر ئەو ڕۆژە بوو وابزانم، کە پێشنیاری وه‌رگێڕانی شیعری چه‌ند شاعیرێکی کوردم هێنایە به‌ر باس و گوتم: «من هێندێک کارم لە سەر چه‌ند شاعیرێکی کورد کردووە، زه‌حمه‌ت نییه‌ بیانهێنم و جەنابت پێیاندا بچیتەوە. وەک…»

گوتی: «وەک: مارگۆت بیکێل و لەنگستۆن هیوز و ڕیتسۆس و…»

لە خۆشیان پەیتاپەیتا سەرم لەقاند.

شاملوو، نازانم چۆن بوو، له ‌ناکاو گه‌رم داهات و گوتی: «بۆ نا؟… تەنانەت ده‌توانم به‌ ده‌نگی خۆم تۆماریان بکه‌م و به‌ کتێب و کاسێت بڵاویان بکه‌ینه‌وه‌. ها عەلی؟»

عه‌لیڕه‌زا به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ سه‌رێکی له‌قاند.

چه‌ند جارێکیش به‌ خۆم و ده‌فته‌ر و شیعرە وەرگێڕدراوەکانمه‌وه‌ چوومه‌ ماڵه‌که‌ی. دواتر ناسر سینایش لە وەرگێڕاندا هاوکاریی کردم، کە ئه‌وکاته‌ لە بەشی کوردیی ڕادیۆی تاراندا هاوکار بووین.

لە درێژەی ئەم کارانەدا بووین، کە ڕۆژێک داوای گفتوگۆیەکم بۆ خوێنەرانی کورد، لێی کرد. قه‌بووڵی کرد. هه‌رچه‌ند پێم نه‌گوت، که‌ ئه‌و گفتوگۆیه‌ نازانم له‌ کوێ و چۆن بڵاو ده‌که‌مه‌وه‌. پێویست به‌ گوتن نه‌بوو به‌ لامه‌وه‌. بەر لەوەیش گفتوگۆم لەگەڵ مەحموود دەوڵەتئابادی و قازی ڕەبیحاوی و سەیدعەلی صالحی و… کردبوون، کە لە چەکمەجەکەمدا مابوونەوە.

پاشان، شاملوو ماڵه‌که‌ی گواسته‌وه‌ که‌ره‌ج و ماوه‌یه‌ک لێی دابڕام. ڕۆژێکیان، که‌ دیسان ڕێم که‌وته‌وە کتێبفرۆشی ابتکار، هه‌مان کتێبفرۆشەکە گوتی: «ئه‌رێ به ‌ڕاست؛ شاملوو یادداشتێکی بۆ به‌جێ هێشتوویت.»  ته‌نیا چه‌ند دێڕێک بوو. داوای لێبووردن و… لە کۆتاییشدا: «له‌ که‌ره‌جم. ته‌له‌فۆنم نییه‌، به‌ڵام ده‌توانیت سه‌ردانێکم بکه‌یت.» دوو جاریش چوومه‌ ماڵەکەیان لە دهکده‌ی کەرەج. پرسیاره‌کانی گفتوگۆ و دەقە وه‌رگێڕدراوه‌کانم له‌ نێو ئه‌و کارتۆن و‌ کتێبانه‌دا بوون، که‌ شاملوو به‌ ده‌سته‌ گه‌وره‌کانییه‌وه‌ ئاماژه‌ی پێیان ده‌کرد و هێشتا نه‌کرابوونه‌وه‌. پاشان شاملوو چووه‌ ئه‌مریکا…

منیش ئێرانم بەجێ هێشت و بە چەند قۆناغێک گه‌یشتمه‌ سوئێد.

له‌ سوئێد بووم، که‌ بیستم شاملوو بۆ جاری نازانم چه‌نده‌م، گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئێران. نامه‌یەکم بۆی نووسی و هوشه‌نگ گوڵشیری (کە ئەوکاتە بە سەردان هاتبووە سوئێد و خەریک بوو دەگەڕایەوە تاران) زه‌حمه‌تی گه‌یاندنی نامەکەی کێشا. وه‌ڵامی شاملوو ساده‌ و خۆمانه‌ بوو. له‌ وه‌ڵامدا چه‌ند پرسیارێکی دیكه‌م بۆی نارد، که‌ ئه‌مجاره‌یان به‌ گه‌رمی پێشوازیی له‌ پرسیاره‌کانم کرد و گفتوگۆکه‌مان به‌ چه‌ند نامه‌یه‌ک به‌ ئه‌نجام گه‌یاند و له‌ گۆڤاری وانـی خەبات عارفدا بڵاو کرایه‌وه‌.

به‌هاری ١٩٩٤ نامه‌یه‌کی بۆ ناردم: «سەرەتاکانی مانگی گوڵان دێمە سوئێد و بڕیارە دوو حەفتەیەک لەو دەوروبەرە بمێنمەوە، هەڵبەت ئەگەر باری تەندروستییم بۆ سەفەر لەبار بێت. كه‌واته‌ له‌مه‌ڕ شیعرخوێندنه‌وه‌وه‌، دەرفەتی بڕیارمان دەبێت.»

شاملوو هاته‌ سوئێد و بڕیار بوو له‌ کۆنسێرت هاڵی ستۆکهۆڵم شیعر بخوێنێته‌وه‌. خه‌ڵکێکی هێنده‌ زۆر هاتبوون، که‌ بلیتی کۆڕه‌که‌ ده‌ست نه‌ده‌که‌وت. ناچار بوون کۆڕه‌که‌ی بخه‌نه‌ دوو ڕۆژه‌وه. من و چه‌ند براده‌رێک، له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا چووینه‌ ژووره‌وه‌ و هه‌ر که‌سه‌ی شوێنی خۆی دۆزییه‌وه‌ و دانیشت. چاره‌گێک به‌سه‌ر‌ کاتی ده‌ستپێکردنی کۆڕه‌که‌دا تێپه‌ڕی، هه‌موو چاوه‌ڕێ بوون و شاملوو ده‌رنه‌که‌وت. ده‌نگی پیانۆی بابه‌ک به‌یات‌‌ (ئاهه‌نگسازی ئه‌وکاتی شیعرخوێندنه‌وه‌ی شاملوو، که‌ له‌گه‌ڵیدا هاتبوو) به‌رز بووه‌وه‌ و خه‌ڵک بێده‌نگ بوون. له ‌ناکاو په‌رده‌ لادرا و میوانداره‌که‌ی شاملوو، په‌شێو و داماو، هاته‌ سه‌ر شانۆ: «به ‌داخه‌وه‌، شاملوو نه‌خۆش که‌وتووه‌ و ئێستا له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌… داوای لێبوردنتان لێ ده‌که‌ین.» که‌ شاملوو له‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌رکه‌وت، شوێن و کاتی کۆڕه‌که‌تان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نین. دهـ‌ دوازده‌ ڕۆژ دوای ئه‌وه‌، له‌ دوو ڕۆژدا شیعری بۆ خه‌ڵک خوێنده‌وه‌.

دوایین جاریش هه‌ر له‌ ستۆکهۆڵم بینیم. تازه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ هاتبووه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ماڵی میوانداره‌که‌ی بوو. که‌ چووین (من و ناسر سینا) ئێواره‌ بوو. ئایدا به‌خێرهاتنی کردین و گوتی: «خه‌ریکن بۆ ته‌له‌فزیۆنی سوئێد، چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن. ئێستا ته‌واو ده‌بێ…» ته‌واو بوو و چووینه‌ ژووره‌وه‌. که‌ چاوی پێم که‌وت، هه‌ستایه‌وه‌ و گوتی: «فه‌رموو! ئه‌وه‌ كه‌سێك هات، که‌ ناوی ئه‌سغه‌ر نییه‌…» له‌ قاقای پێکه‌نینی دا (له‌ نێوان ئه‌و که‌سانه‌ی له‌و ڕۆژانه‌دا له‌گه‌ڵیدا بوون، پێنج که‌س ناویان ئه‌سغه‌ر بوو). دانیشتین و سه‌برسه‌بر قسه‌مان کرد. لەو سەروبەندەدا هیچ مه‌یلێکم بۆ کارکردن له‌ پرۆژه‌‌ی وه‌رگێڕانی شیعری ئەو شاعیره‌ کوردانە نه‌مابوو و نەمدەویست به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک کار له‌سه‌ر شیعره‌کانیان بکه‌م. ڕاستییەکەیشی ئەوە بوو، کە له ‌لایه‌که‌وه‌ چێژی شیعریم گۆڕابوو و له‌‌ لایه‌کی دیکەوه‌، ڕه‌فتار و کرداری هه‌رزان و سیاسیکارانه‌ی دوو- سێیەک لەو کەڵەشاعیرەکوردانە(!) کارێکیان لە دەروونم کردبوو، کە قێزم له‌ شیعری بەستەزمان ببێته‌وه‌.

شاملوو، گوێی له‌ هه‌موو قسه‌کانم گرت و گوتی: «ده‌توانین کاره‌که‌ به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نین و ئه‌م قسانه‌ی تۆیش لە پێشه‌کیی کتێبەکەدا بنووسین.»

ئێواره‌ بوو.

شاملوو ماندوو بوو و منیش دڵم نەهات بڵێم نا.

گوتم: «با بزانین چیمان پێ ده‌کرێ؟»

هیچمان پێ نه‌کرا.

ئێستا بەڵام دەبێ بنووسم: من نەمویست هیچێک بکەم.

سەرلەبەری دەقە وەرگێڕدراوەکانم بە ناسر بەخشین و داوام لێی کرد، ناوم له‌سه‌ریان بسڕێتەوە. ناسریش وابزانم هیچی نەکرد. (بەڵام دە ساڵ دوای مردنی شاملوو، دەقی وەرگێڕدراوەکانی من و ناسر سینا، لە کتێبێکدا و بە ناوی کابرایەکی دیكەوە و لە تاران بڵاو کرانەوە). (١)

شاملووم نه‌بینییه‌وه‌ و گەڕایەوە ئێران و ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ نه‌ساغتر که‌وت. دواتر بە هۆی نەخۆشیی شەکرەوە لاقی ڕاستیان بڕییەوە و هیچ نامه‌یه‌کمان بۆ یه‌کتری نه‌نارد. چیم بۆی نووسیبا؟ خۆی گرفت و خه‌می که‌م بوون؟…

 

که‌ شاملوو مرد، له‌ هەولێر بووم. ڕۆژێکی خۆڵاوی و ناخۆش و گەرمی ساڵی دووهەزار بوو. له‌ شارێکدا بووم، که‌ تێیدا له‌ دایک بووبووم، بەڵام ده‌تگوت هه‌واڵی مه‌رگیم له‌ غوربه‌تدا بیستووە. دووراودوور ئاگام لە ناشتنەکەی بوو. هەزاران گەنج بە دوای مەیتی ئەو دێوەجوانەدا دەڕۆیشتن و پڕ به‌ ده‌م شیعرەکانیان دەکردە هاوار.

ئەم شیعرە وەرگێڕدراوانە، بەرهەمی بیست و پێنج ساڵ هەوڵ و هەڵشاخانن بە شیعری شاملوودا. ئاساییە، کە ئەم قسەیەم به‌و واتایه‌ نییە بیست و پێنج ساڵ لە سەر ئەم شیعرانە هەڵکورماوم و کارم کردووە، بەڵام دەتوانم بڵێم: بیست و پێنج ساڵ له‌گه‌ڵ شیعره‌کانی شاملوودا ژیاوم و خوێندوومنه‌تەوە و بیستوومن و لە خەیاڵ و لە سەر کاغەز و لە کۆمپیۆتەردا، بارم لە وشە و دێڕەکانیان گۆڕیوە، به‌ڵکو بە شێوەیەک لە زمانی کوردیدا جێیان ببێتەوە، کە تاموبۆیان ناقۆڵا و نامۆ نەبێت.

خوێنەری زیرەک، دەبینێ و دەزانێ، لە هێندێک شوێندا پەیڤەکانی شاملووم گۆڕیون، ئەویش لە شوێنی وادا، کە پەیڤەکە ڕۆڵیکی کارای لە شیعرەکەدا نەبێت.

بۆ نموونە: شاملوو دەڵێ: از صدا افتادە تار و کمونچە/ مردە میبرن کوچە بە کوچە. لە کوردییەکیدا کردوومەتە: دەنگیان نەماوە تەمبوور و کەمان/ وا مردوو دەبەن کۆڵان بە کۆڵان. هەموومان دەزانین کمونچە لە کەمان جیاوازە، بەڵام شاملوو کمانچە دەکاتە کمونچە (زاراوه‌ی تارانی) بۆ ئەوەی لەگەڵ وشەی کوچەدا هاوسەروا بێت. منیش کمونچەم كردووه‌ته‌ کەمان، تاکو لەگەڵ وشەی کۆڵاندا یەک بگرێتەوە. دیسان دەزانین تار لە تەمبوور جیاوازە، بەڵام چونکە ئەم دوو ئامێرە (لەم شیعرەدا) تەنێ وەکو ئامێری مۆسیقا ئاماژەیان پێ دراوە، کەواتە پێموابووە دەکرێ بۆ ڕاگرتنی هارمۆنیای دەنگی شیعرەکە، ناوی ئامێری دیکه‌ی. لە شوێن دابندرێ، کە لە هەمان خانەوادەیه‌، بەڵام دەنگی ناوەکەی (نەک دەنگی خودی ئامێرەکە) یارمەتیی مۆسیقای شیعرەکە دەدا.

نموونەی دیکه‌یش هەن: شاملوو لە شیعرێکدا گل کو (که‌ ناوێکی کچانەیه‌) بە کار ده‌هێنێت و لە پەراوێزدا دەنووسێ: گل کو، ناوێکی کچانەیە و بەس جارێکم لە گوندێکی دەوروبەری گورگان بیستووە. لەوانەیە ئەم ناوە لە بنەڕەتدا golaku بێت واتە گوڵ+ ک کە له‌به‌ردڵانبوونی ئەو کەسە دەردەخا، هەروەکو شیرازییەکان بە کاری ده‌هێنن و…) من بەڵام هەمان گوڵەی کوردیم بە کار هێناوە، کە له‌ کوردییشدا ناوێکی کچانەیە و لە سەر زمانیش خۆشتر و ساناترە و… هتد.

شاملوو، لە سەردەمی خۆیدا، تاقەشاعیری ئێرانی بوو، کە مۆسیقای دەرەکیی شیعری بە هێند وەرنەگرت و لەبری ئەوە، گرنگییەکی زۆری بە مۆسیقای ناوەکیی شیعر و دەنگی پەیڤەکان دا. هەوڵم داوە لە وەرگێڕاندا ئاگام لەم هەوڵانەی شاملوو بێت و بە پێی توانای خۆم ڕەچاویان بکەم. واتە: ویستوومە هەوڵ بدەم شێوەی داڕشتنی شاملوو و بریندارنەکردنی مۆسیقای دەروونی پەیڤەکانی، بپارێزم، بەڵام ئەمەیانم تا ئەو شوێنە ڕه‌چاو كردووه‌، کە واتای دەربڕینە شیعرییەکە لە زمانی کوردیدا بریندار نەبێت و زمانی کوردیش زۆر بریندار نەکرێ.

ئاساییە که‌ بنووسم: ئەگەر هەر کام لەم شیعرانە، له‌ ڕۆژگارێکی دیکه‌دا بخرێنەوە بەر دەستم، دوور نییە بە شێوەیەکی تر و لە حاڵوهەوایەکی دیکه‌دا به‌ په‌یڤگه‌لی تره‌وه‌ وەریانبگێڕمەوە. ئەمەیش دەگەڕێتەوە سەر زیندوویی شیعری شاملوو و گۆڕانی ڕوانین و زەینییەتی من، لە ئاست شیعر و دەسەڵاتی من بەسەر زمانی کوردی و وەرگێڕانی شیعر لەو کاتەدا.

کەواتە حەز دەکەم بڵێم: هەر وەرگێڕانێک، خوێندنەوەیەک و تێگەیشتنێک و داڕشتنێک لەگەڵ خۆیدا ده‌هێنێ، کە ئەمەیشیان دەگەڕێتەوە سەر پێوه‌ندی و بەیەکگەیشتنی شیعر و ڕوانگە و تواناییەکانی وەرگێڕ.

سه‌رله‌به‌ری ئەم شیعرانە، بە لای منەوە، شیعری بەرز و چاک نین و خۆیشم حه‌ز له‌ هه‌موویان ناکه‌م، بەڵام ویستوومە خوێنەری کورد، تا ڕادەیەک ڕەوتی ‌هەڵچوون و داچوونی داهێنانی شاملوو، له‌ ڕه‌وتی نووسیندا ببینێ. ده‌زانم بەشێکی کەم لە شیعرەکانی ئەم کتێبە بۆ ئه‌م ڕۆژگاره‌ و لە ڕووی شیعرییەتەوە، لاوازن، بەڵام هەڵبژاردن و وەرگێڕانیان بۆ زمانی کوردی، لە پێناو نیشاندانی ڕەوتی شیعری شاملوو و هەروەتر گرنگیی ئەو دەقانە بووە لە ڕەوتی شیعری نوێی فارسییدا. هاوکات، بەشێک له‌ شیعرەکانی ئەم کتێبە، لە دەقە گرنگ و جوانەکانی شاملوون. ئەوەیشیانم پێ ناشاردرێتەوە، کە: شیعری دیکه‌یش هەبوون و هەن، کە من لە زمانی کوردیدا دەرەقەتی وەرگێڕانیان نەهاتووم، کە پڕ به‌ دڵ حەز دەکەم ڕۆژگارێک که‌سێک بیانکاته‌ کوردی و بیانخوێنمەوە.

بۆ وەرگێڕانی ئەم شیعرانە، سوودم لە دوو کتێبی احمد شاملو، مجموعە اشعار، کانون انتشاراتی و فرهنگی بامداد چاپ آلمان و مجموعە آثار، دفتر یکم: شعرها/ موسسە انتشارات نگاە. تهران. چاپ نهم: ١٣٨٩، وەرگرتووە.

شاملوو، حەفدە کۆمەڵەشیعری هەن. (جیا لە یەکەمین کۆمەڵەشیعری ئاهەنگە فەرامۆشکراوەکان، کە شاملوو قەت خۆی بە خاوەنی نەزانی). لەم وەرگێڕانەدا هیچ شیعرێک لە ئاهەنگە فەرامۆشکراوەکان- ١٩٤٧، ئاسنەکان و هەست ١٩٤٧-١٩٥٠ و بیستوسێ ١٩٥١ بەرچاو ناکەون، چونکە شیعری جیددیی شاملوو (بە بڕوای خۆی و ڕەخنەگرانی شیعری شاملوو) لە بڕیارنامەوە دەست پێ دەکا و هەر لەو کۆمەڵە شیعرەدایە، کە شاملوو، شاعیرەکەی جارانی خۆی دەکوژێ (سروودی پیاوێک کە خۆی کوشتووە) و تێهەڵدەچێتەوە. که‌واته‌: هەوڵم داوە هەڵبژاردەیەک لە بڕیارنامەوە تا دوایین کۆمەڵەشیعری حەدیسی بێئۆقرەیی ماهان، بە پێی ڕەوتی مێژووی بڵاوکردنه‌وه‌ی کۆمەڵە شیعره‌کان، بخەمە بەردەست، تا خوێنەری کورد ڕەوتی هەڵچوون و داچوونی شیعرەکانی شاملوو بە پێی ساڵەکان ببینێ و بخوێنێتەوە.

بەڕۆژ ئاکرەیی

دەمێنێتەوە بڵێم: زمان و دەربڕینی شاملوو، لە شیعر و تەنانەت لە پەخشانیشدا، زمانێکی چڕوپڕ و پڕ لە تەوس و ئەستەمە. بۆ سەردەرکردن لە گەلێک چەمک و واتای لاوەکی و دەرخستنی مەبەست و دیوه‌ شاردراوه‌کانی شیعرەکان، سوودی زۆرم لە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوە و ڕەخنەکانی هوشنگ گلشیری، ع. پاشایی، تقی پورنامداریان و هەروەها بۆچوونی ئەم هاوڕێ شاعیرانە: محمدعلی سپانلو، مرتضی ثقفیان، عبدالعلی عظیمی، طاهر جام برسنگ و بە تایبەت کتێبی فرهنگ شعر شاملو لە نووسینی جلال عباسی وەرگرتووە.

حەز دەکەم سوپاسی خۆشەویستانم: سەرۆ قادر، خەبات عارف، حەسەن نوور، ڕەزا عەلیپوور، عەلی نانەوازادە، ڕابەر فاریق و بە تایبەت شاڵاو حەبیبە بکەم، کە ماندووم کردوون.

زۆر.

١- گریەی من خندەی جهان را مچالە میکند. ترجمە و گردآوری و تدوین: قطب الدین صادقی. نشر ابتکار.

داگرتنی کتێبی شیعری «ئەحمەد شاملوو»

۱- ماسی

۲- بیابان

۳- سەرمای دەروون

۴- شەوانە. کوڵان

?بۆ داگرتنی ئالبۆمه شیعری کتێبی «ئه‌حمه‌د شاملوو»، ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

لێک‌دانەوەی دوو چەمکی “ڕۆیشتن” و “گەڕانەوە” دە ڕۆمانی “گوڵی شۆڕان”ی عەتا نەهایی‌دا

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *