خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / “مانگرتەی مانگیلەکان”؛ چاوخشاندنێکی ڕەخنەیی بەسەر چەپکێک کتێبی منداڵانەدا

“مانگرتەی مانگیلەکان”؛ چاوخشاندنێکی ڕەخنەیی بەسەر چەپکێک کتێبی منداڵانەدا

“مانگرتەی مانگیلەکان”؛ چاوخشاندنێکی ڕەخنەیی بەسەر چەپکێک کتێبی منداڵانەدا

کامڕان هەڵوەدا

ئێستا ئیدی کەم نووسەری بواری منداڵان هەن لە هەستیارییەتی تەمەنی منداڵ بۆ گێڕانەوە و چیرۆک بێ‌خەبەر بن. ئەگەر هێشتاش هەبن، ئەوە ئەو تاقمە ناچنە ڕیزی نووسەری منداڵانەوە! بێ‌گومان ئەو چێژ و بڤانەی زەین و مێشکی منداڵ دەنگێون و کاریگەریی قووڵ و درێژخایەنی دەکەنە سەر، هەر ئەوانە نین کە ڕوویان لە مێشک و دڵ و دەروونی گەورانە؛ بۆیە خوێندنەوە و لێک‌دانەوە و شی‌کردنەوەی تایبەتی خۆیان پێ‌دەوێ. نووسین بۆ منداڵان، لە بەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەچێتەوە سەردەمی کۆماری کوردستان و بۆشاییەکانی دواتر. هەتا بەرەبەرە چاوی هەموو لا کراوە و ئیتر ئێستا هەرنەبێ پاک‌وپیس لێک دەکرێنەوە و ڕەنجەکان بەخەسار ناچن. [مەبەست لە ڕەنج‌بەخەسار نەچوونی نووسەر لێرەدا باسی پووڵ و پارە نییە، بەڵکوو پێ‌زانینی خاوەن‌ڕایان و شارەزایانی بوارەکەیە].

لەم ساڵانەی دوایی‌دا و دوای وەخۆکەوتنی چەند ئینتشاراتێک لەم دەوروبەرە بۆ بەسەرکردنەوەی ئەدەبیاتی منداڵان، گەلێک کتێبی کوردی بۆ منداڵان چاپ کراون. ڕەنگە لەم ناوەدا داهاتی چاپەمەنیی “مانگ” بەرچاوترینیان بێت. بۆیە بۆ یەکەم هەنگاو لە کۆمەڵێک کتێبی منداڵانەی چاپ‌ و بڵاوکراوەی دەست ئەوان خورد بوومەوە. ئەو ئاماژانەی لێرەدا باسیان لێوە دەکرێ بێ‌گومان لە زۆربەی کتێبە منداڵانەکانی چاپ کراوی باقی ئینتشاڕاتییەکانیش‌دا هەن؛ بۆیە لەم نووسراوەیەدا ڕووم هەر لە “مانگ” نییە و تکا لە باقی ڕووناکییەکانی تریش دەکەم لێرە وردەسرنجێک بدەنە بابەتەکە و لە لای خۆشیان سرنجێکی کوردانەتر بدەنە ئەو کتێبانەی بۆ منداڵان چاپ دەکرێن. [“مانگ” و هەموو ئەو ئینتشاڕات و نووسەر و وەرگێڕانەی کتێبی کوردی بە کتێب‌خانەکانەوە زیاد دەکەن ڕێز و حورمەتیان لە جێی خۆیەتی.]

دیارە هیچ ئینتشاڕاتێک بەشداری ڕاستەوخۆی تاوانی نووسەر نییە، بەڵام هەر ئینتشاڕاتێکیش بۆخۆی پرەنسیپ و پلان و بەرنامەی پەسندکراوی خۆی هەیە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، کە لەم چوارچێوەیەدا پێویستە هەموو لایەنەکان لە بەر چاو بگرێ و نەهێڵێ زەڕێک وە زمان و زەوقی خوێنەرەوەی کورد بکەوێ. ئەو بابەتانەی پێویستە سرنجیان بدرێتێ یەک و دوو نین و هەر کامەی هەڵدەگرێ پسپۆڕی خۆیان بۆ تەرخان بکرێ و کەو و بێژنگی خۆیان بۆ لەکار کرێ؛ وەک زمان و داڕشتن و پەڕبەندی و نەخش‌ونیگار و چی و چی. هەر لەو ڕوانگەیەشەوە ڕەخنە گرتن لە هەر کامی ئەم سەرباسانە پسپۆڕی خۆی پێ دەوێ و لێرەدا تەنیا لەسەر ئەو لێڵاییە گشتییانە دەدوێم کە هیچ شارەزاییەکیان ناگەرەکە و هەر ئەوەندی سەرەتەقەیەک لە زمانی کوردی بکەی، سەریان لێ دەردێنی!
پێویستە ئاماژە بکەم ئەم کتێبانە لایەنی باشە و شتی چاکیشیان زۆر تێدایە، بەڵام قسەی خۆمان بێ کتێبی منداڵانە، بە خۆی و دە دوازدە لاپەڕە و پازدە شازدە دێڕەوە؛ هەر دەبێ ڕێک‌وپێک و بەتەکووز بێ و قسەی نەیەتەوە سەر!

بۆ نموونە هێنانەوە و ئاماژە کردن بەم جۆرە لێڵاییانە ٢٩ کتێبی منداڵانەی چاپەمەنیی مانگم خوێندەوە. چون‌کە باسم زیاتر لەسەر زمانە، نووسین و وەرگێڕانم لێک هەڵنەهاواردووە، چون‌ بەردەنگەکەشم هەر چاپەمەنیی مانگ و نووسەر و وەرگێڕانی ئەم کتێبانە نین، بۆ ئاماژە پێ‌کردنیان ناوی نووسەر و وەرگێڕ ناهێنم و هەر ناوی کتێب و لاپەڕەکان دەنووسم. نموونەکانیش‌ چۆن نووسراون، هەر وا دەنووسمەوە و ڕێنووسیان ناگۆڕم.

ئەوەش بڵێم ئەم چاوخشاندنە ڕەخنەگرتن نییە بەو مانایەی خاڵی بەهێز‌ و لاوازیان دیاری بکەم، بەڵکوو بە کوردی و کورتی ئیراد گرتنە! بەو نیازەوەی وەک خوێنەرەوەیەک بە نووسەران و وەرگێڕان بڵێم: وریا بن نەوەک سرنجتان بدرێتێ!

ئاماژەکان دابەش دەکەم بەسەر چەند سەربابەتێک‌دا. ڕستەی وایە لە دوو بەش‌دا وەک نموونە دانراوە بەڵام لێ‌دوانەکانی جودان:

🔹نالێکی وشە و ناتەرزیی داڕشتن:

▫️وشەیەک کە لە جێگە و زەمانی خۆی‌دا لەکار نەکرێ وەک دومەڵ زەق دەبێتەوە و ڕستەکە لاسەنگ دەکات. وەک [دروستەکەی لە کورووشەدا دەنووسم]:

🔸ـ ڕەنگە ورچەکەت وای زانیوە ئیتر تۆ گەورە بوویت(خانمەچکۆڵ/٨) [وای زانیبێ]

🔸- ئاخری شەوی پێشوو فیلمی گورگەکانی دیتبوو(تەلانە تەلەفزیۆن/٥) [درەنگانی دوێشەو…]

🔸ـ دایکی پشکۆ لەگەڵ ئەو قسەیەدا هاوڕا بوو (پشکۆ پێکەنین/١٠) [دایکی پشکۆ لەگەڵ باوکی پشکۆ هاوڕایە، نەک لەگەڵ قسەکەی کە دەکاتە ڕایەکە!]

🔸ـ دەبێ بوەستی تا دەچم جووتێ شاخ بۆ خۆم بکڕم (تیتیل و بیبیل/١٠) [بکڕم لەگەڵ ڕستەکە نایەتەوە و دەبێ بکرێتە: دەکڕم]

🔹 ڕستە و تەعبیری ناکوردانە:

▫️هەر زمانێک و فەرهەنگێکی ئاخێوەرانی ئەو زمانە، کۆمەڵێک تەعبیری خۆیان لە چرکەساتەکانی خۆشی و ترس و دڵەڕاوکە و خەم و دۆش‌دامان هەیە کە ئەگەر ڕەق‌وتەق ڕاگوێزرێنە ناو زمانێکی دیکەوە زڕبوونیان زۆر لە چاو دەدا. وەک [کوردانەکەی لە کورووشەدا دەنووسم]:

🔸ـ لە خۆشیان دەچوونە ئەستێران و دەهاتنە خوار (جوانە جیددی/٤) [لە خۆشیانە نەدەحەجمان/ دانەدەکەوتن]

🔸ـ ئەو ئامۆژگارییانە تیژیان دەکرد (ڕاسان و بازەخان/٢) [تینیان دەدا]

🔸- وەرزە! ئەوەندە دەنگەدەنگ مەکە(وەرزە وەڕەزکەر/٥؛ باسی تەپڵ لێدانە) [ئەوەندە تەق‌وکوت/ تەپ‌وکوت مەکە]

🔸- لەناکاو … شڵپ! فوودانکە ورگن ڕمبەی کرد و تەقی!(وەرزە وەڕەزکەر/٨) [شڵپ و ڕمبە هیچیان لە فوودانە تەقین ناکاڵێنەوە، کە فێعلی تەقین هات، دەنگەکەش “تەق!”ـە]

🔸ـ منداڵان هوورایان هەڵبڕی (تەلانە تەلەفزیۆن/١٢) [هوورا هەڵبڕین! دیارە هاوشانی “دەنگ هەڵبڕین” ساز کراوە؛ بەڵام “هوورا” بۆخۆی بەتەنیا مانای دەنگ هەڵبڕانی پێوەیە و هوورا هەڵبڕین هیچ مانایەکی نییە]

🔸ـ ئەمانە بۆ خۆشی نییە (پشکۆ پێکەنین/١٢) [دەبوو بنووسرێ: ئەوە کەی شۆخییە!]

🔸ـ بە قیژەقیژ شەقامی پڕ کرد (بێری بیانووگر/٤) [لەو سەر شەقامە کردیە قیژە و هەرایەک هەر مەپرسە]

🔸ـ نازانم لەگەڵ بێری چۆن هەستم و دابنیشم (بێری بیانووگر/٦) [نازانم چۆن هەڵس‌وکەوت بکەم]

🔸ـ تیتیل و بیبیل (ناوی کتێبێکە) [بە شێوەی تیتلەوبیبلە یان تیتل‌وبیبل بیستراوە]

🔹ڕستەسازیی شل‌وشەوێق:

▫️لە داڕشتنی ڕستە، بەتایبەت ڕستەی کتێبی منداڵان‌دا، بێجگە لەوەی پێویستە گرامێر ڕەچاو کرێ، دەبێ حەول بدرێ ڕستەکانیش هەتا ڕێی هەیە ڕەوان و کورت و بێ‌گرێ‌وگۆڵ و ڕوون بن؛ بۆوەی زەینی منداڵ گرێ‌پووچکە نەدەن! وەک:

🔸ـ دەمەلاسکە و بیچمی سەیر و سەمەرەیان دەگۆڕی (جوانە جیددی/٩) [“دەمەلاسکەیان دەگۆڕی” دروست نییە]

🔸ـ بەیانی ناشتای تەلانی لە جامۆلکەیەکی چکۆلەدا تێکرد (تەلانە تەلەفزیۆن/٣)

🔸ـ لەو کاتەدا دایکی پەیمان بە ماشێنەکەیەوە گەیشتە ئەوێ (پەیمانە پەیجوور/٩) [بەجێی “گەیشتە ئەوێ” دەبوو بنووسرێ: … گەیشتەوە، گەیشتەوە ماڵێ]

🔸ـ بابۆڵەیەکی بۆ خۆی کڕی و دانەیەکیشی بۆ خوشکەکەی (گێلمەگێل/٨) [دەبوو بنووسرێ: دانەیەکیش]

🔸ـ ڕایکرد و قیژاندی: مەترسە ئێستا دێم (گێلمەگێل/١٠) [وەختێک بە ڕاکردنەوە دەقیژێنێ، دەبێ بڵێ “ئەوە هاتم، ئەوە گەیشتمێ”]

🔸ـ بڕیاریان دا کە دەرسێکی باش فێری مینا بکەن (مینا مۆدە/٤) [بڕیاریان دا دەرسی دادەن]

🔸ـ خاوە لە قەرەوێڵەکەی دەرپەڕی (خاوە خلیچک/٨) [لە خەو دەردەپەڕن نەک لە قەرەوێڵ!]

🔸ـ گوتی پشکۆ زۆر تەشقەڵەی پێ‌کردووین (پشکۆ پێکەنین/١٠) [دەبوو بنووسرێ: زۆری تەشقەڵە]

🔸ـ دەبێ بەڵێن بدەی قاووقیژ نەگریتەوە (بێری بیانووگر/٨) [… ساز نەکەی]

🔸ـ ئەوسا دەڕۆم ڕاهێنانەکانم تەواو دەکەم (دینۆ درۆزن/٣) [دەچم مەشقەکانم دەنووسمەوە]

🔸ـ لەگەڵ مامۆستا تووشی کێشە دەبی (دینۆ درۆزن/٤) [دەبوو بنووسرێ: مامۆستا لێت قەبووڵ ناکات]

🔸ـ حەزی دەکرد ڕا بکات و لابەلایەک بشڵەقێنێ (هەردی هاروهاج/٨) [شڵەقاندنی لابەلایەک یانی چی؟]

🔸ـ زەحمەتی ئەوەی بە خۆی نەدەدا بە وریاییەوە هەنگاو هەڵبگرێت (گەشە هەڵەشە/٢) [دەبوو بنووسرێ: پێ هەڵێنێتەوە]

🔸ـ هەموو بەیانییەک دایکی … بەرەو خوێندنگا بەڕێی دەکرد. بەڵام ئێوارە کە دەگەڕایەوە بۆ ماڵ … (چەتۆ چڵکن/٣) [منداڵێک لە بەیانییەوە تا ئێوارێ لە خوێندنگا چ دەکا؟!]

🔸ـ ڕۆژێک لە کاتی تەواوبوونی قوتابخانە، خرپن لە پۆل مایەوە. پەلکی سێ هاوڕێکانی پیس کرد (بۆقی بەرچاوتەنگ/٦) [وێ‌دەچێ مەبەست ئەوە بووبێ: ڕۆژێک پاش تەواوبوونی دەرس، خرپن خۆی وەدوا دا. پەلکی سێ هاوڕێکەی پیس کرد]

🔸ـ ئاو لە تاوان قوڕاو بوو (مریشکە قوڵە/١٠) [بەجێی قوڕاو، دەبێ لێڵ دانرێ، یان ڕستەکە ئاوا بگۆڕدرێ: ئاو لە تاوان بوو بە قوڕاو]

🔸ـ دەورییەکی پەل و بڵاو (لەقلەق و ڕێوی/٢) [هەر پەل کیفایەت بوو، پەل و بڵاو لە بەر گوێیان نائاشنان]

🔸ـ گوتی بە سەرتەوە ناچێ ڕێوی، دەبێ تۆڵەت لێ بکەمەوە (لەقلەق و ڕێوی/٣) [بەسەرتەوە ناچێ یان ناچم؟!]

🔸ـ ئەوەندی ئاو دەخواردەوە بەپەلەپەل فریای تەوالێت دەکەوت (بێدارە بێ‌خەو/٧)

🔸ـ بەو دار چنارەی هێلانەی لەقلەقی لێ بوو سەر کەوت (لەقلەق و ڕێوی/٧) [ئەو ڕستەیە دەبێ لەت کرێ: هێلانەی لەقلەق لە سەر دارچنارێک بوو. ڕێوی بە دارچنارەکەدا هەڵگەڕا]

🔸ـ شۆفیرەکە پێی لە گازی پاسەکە توند کرد (تەلانە تەلەفزیۆن/١٢) [پێی لە سەر پێداڵی گازەکە داگرت]

🔹بیرکردنەوەی عەجەمانە و نووسینی کوردانە:

▫️جاری وایە نووسەران کاکڵی بیرکردنەوەیان عەجەمانەیە و ناچار ڕستەسازییەکانیشیان ئەو هەوایەیان تێ‌دەگەڕێ. ئەوە یەکێک لە خەسارە بەرچاوەکانی زاڵ‌کرانی زمانە سەردەستەکانە بە سەر زمانی نەتەوەیەکی تردا.

وەک [بەپێی شوێنەکەی لە چیرۆکەکەدا دروستەکەشی دەنووسم]:

🔸ــ توندی مەگرە! = سخت نگیر(جوانە جیددی/٤) [قووڵی مەخوێنەوە]

🔸ـ قەتاری هەوایی کەوتە ڕێ و خێرایی گرت = سرعت گرفت (جوانە جیددی/٦) [توندتری کرد]

🔸ـ هەورین هەوڵ بوو = هُل شد (بەیانە دووزمان/١٠) [کەوتە منگەمنگ]

🔸ـ پاکەتەکەی بۆ هاوڕێکانی گرت کە شکۆلات هەڵبگرن = گرفت (بەیانە دووزمان/١٢) [پاکەتەکەی…ڕاگرت]

🔸ـ ئاوی پرتەقاڵی دەڕشتە نێو قاپی شۆربا= می‌ریخت، شوربا (گێلمەگێل/٣) [دەکردە؛ تێ‌کردنە نەک تێ‌ڕشتن – شۆرباو]

🔸ـ گۆرانییەکی خۆشی لە بن لێوەوە دەگوت = زیر لب (مریشکە قوڵە/١٠) [لە بەر لێوەوە]

🔸ـ فکرێک بە زەینی گەیشت = بە ذهن‌اش رسید(بینا بێ‌ئەدەب/٥) [فکری بۆ شتێک چوو]

🔸ـ لێرە دانیشە، تا من بڕۆم بیانهێنم بۆ لات (بینا بێ‌ئەدەب/٧) [با من بڕۆم]

🔸ـ بەپەلە بە پاڵ دارەکەدا سووڕاندی = چرخید (تەلانە تەلەفزیۆن/١١) [بای داوە- باسی پاس یا ئوتووبووس دەکات]

🔸ـ دیده هاته پێش و گوتی/ زنار هاتە پێش و گوتی (شارە شەرمن/٥ و ٦) [کورد دەڵێ: هاتە پێشێ]

🔸ـ خاتوو بزن گەڕایەوە، دەرگای ماڵێی کراوە دی (تیتیل و بیبیل/٧) […، تەمەشای کرد درگای ماڵێ کراوەتەوە]

🔹هەڵە و پەڵەی وشان:

▫️هەندێک وشە، بە زۆرەملێ لە جێیەک ترینجێنراون کە جێگەی خۆیان نییە. وەک:

🔸- لەپڕ تۆپەکە بە ورشەورش خۆی کرد بە چێشتخانەکەدا (وەرزە وەڕەزکەر/٤) [ورشە سفەتی ترووسکە و ڕووناکییە]

🔸ـ چنگی بۆ قەفەسی کەروێشکەکان دەهاویشت(تەلانە تەلەفزیۆن/٦) [چنگ هاویشتن!]

🔸ـ پەیمان سەری بە نیشانەی “ئەرێ” بۆ ڕاتەکاند (پەیمانە پەیجوور/٨) [ڕاتەکاندن، ڕاوەشاندنە و لەگەڵ “ئەرێ” نزیکایەتی نییە]

🔸ـ بە لای کۆگای سووچی باخەکەیاندا تێدەپەڕی (پەیمانە پەیجوور/٥) [کۆگا بەجێی عمباری دانراوە!]

🔸ـ ڕۆژێک لەگەڵ چەند کەسێکدا چوو بۆ مۆزەخانە (خەزاڵە خۆنوێن/٢)

ـ مۆزەخانە (گێلمەگێل/٦) [مۆزەخانە هەڵەیە و هەر مۆزە یان مووزە تەواوە]

🔸ـ ههههههههه (پشکۆ پێکەنین/٥،٦،٧) [هەهەهەهەهە]

🔸ـ کوتی پشکۆ زۆر تەشقەڵەی پێ‌کردووین (پشکۆ پێکەنین/١٠) [تەشقەڵە بەجێی “بەشێت‌زانین” دانراوە!]

🔸ـ دیسان چریکاندی (بێری بیانووگر/٤) [چریکاندی بەجێی زیڕاندی!]

🔸ـ لە ڕاستیدا (دینۆ درۆزن/٣) [کورد دەڵێ: ئەوەی ڕاست بێ]

🔸ـ ئیدی فێڵەکەی دینۆ ئاشکرا بوو (دینۆ درۆزن/١٢) [بەجێی درۆودەلەسە نووسراوە “فێڵ”!]

🔸ـ توێشە و بسکیتەکانی وردوخاش کرد (هەردی هاروهاج/٤) [ورد کردن بۆ توێشە و بیسکوێت دروستە، نەک وردوخاش کە زیاتر بۆ قاشوولکە و چینی و کاشی دەبێ]

🔸ـ بە نێو قەفەسەکان‌دا تێپەڕی (هەردی هاروهاج/٧) [بەجێی بە نێو، دەبوو بنووسرێ: بە نێوان/ بە مابەین]

🔸ـ مێشوولەش دەم‌ و چاوی گەستبوو(نالە نازنازی/٢) [مێشوولە پێوە دەدات، گاز ناگرێ!]

🔸ـ ئەوسا فمممممـ ئاوی لووتی هەڵدەلووشی (نالە نازنازی/٢) [فمممـ دەنگی هەڵلووشین نییە، هی فم کردن و دەردانە!]

🔸ـ گوڵدانەکەی خستە کومێدەکەوە، پاشان مێزەکەی تێ‌تەپاند (گەشە هەڵەشە/٧) [تێ‌تەپاندن بۆ مێز و سەندەڵی و شتی وا لەکار ناکرێ]

🔸ـ ڕێوی بە زمان سمێڵی چەور دەکرد (مریشکەکانی پوورەخەزاڵ/٨) [سمێڵ دوای گۆشت خواردن چەور دەبێ، بە زمان هەر تەڕ دەبێ!]

🔸ـ نازە دەستی کرد بە قرتەقرت (مریشکەکانی پوورەخەزاڵ/١٠) [نازە مریشکێکە ڕێوی گرتوویەتی، بە دەم ڕێوییەوە بڵێی قرتەقرت بکا؟!]

🔸ـ ئەوەندە قڵەو بووی بەرچاوتەنگ بووی/ دوکتور دەیزانی خرپن بەرچاوتەنگە بۆیە زۆر دەخوا (بۆقی بەرچاوتەنگ/٤) [بڵێی مەبەستی لە بەرچاوتەنگ زگەڕۆ و چاوچڵێس بێ؟! ئەی دەنا چ مانایەک دەدا؟ – بەجێی قەڵەو، لە لاپەڕەی ٢ و ٤دا نووسراوە قڵەو]

🔸ـ شاخەکانی نەرم بوون، شکان و هیچیان پێ‌نەکرا (تیتیل و بیبیل/١١) [شاخی نەرم ناشکێ، دەپووچێتەوە!]

🔸ـ ئەڵڵا هورمان، لە جلی نەرمان، یا کا کۆن بێ، یا جێ خەرمان (لەقلەق و ڕێوی/٨) [جێ‌خەرمان ڕەق‌وتەقە! ڕەنگە بکرێ “سەر خەرمان”ی بە جێ دانرێ]

🔸ـ دەمی لە زاری گۆزەڵەکەوە نەدەچوو (لەقلەق و ڕێوی/٤) [زارک]

🔸ـ گرووپی پەتبازەکان (ڕاسان و بازەخان/٣) [پەت و تەناف دوو شتی جودان، ئەوەی مەبەستە لێرەدا “تەناف‌باز”ە!]

🔸ـ پەیمان ئارام و قارای نەمابوو (پەیمانە پەیجوور/١٠) [ئاراوقارا]

🔸ـ لە کۆگاکە زرم و کوتی دەهات (پەیمانە پەیجوور/١١) [باسی ئەوەیە کە باپیری بە تەختە کەشتی دروست دەکرد؛ تەق‌وکوت دەیگرێتەوە نەک زرم‌وکوت کە بۆ هەڵبەزدابەزە!]

🔸ـ هێشتا سوار ماشێن نەببوون (نالە نازنازی/٤) [ئەم “سوار”ـە لە زۆر جێگەی تر دووپات بۆتەوە. ئەگەر جێی سواربوونەکەش لە ڕستەکەدا بێت (ماشێن، ئەسپ، داشقە و…) دەبێ بنووسرێ “سواری”، ئەگەرنا هەر “سوار” دروستە. لەو نموونانەی‌دا کە دەڵێم هەن هەموو دەبوو “سواری” بان و “سوار”ن!]

🔹زاراوەی میدیایی:

▫️ئەو لێڵاوەی میدیاکانی باشوور ئاژینیان کردە ناو کۆمەڵگەی کوردەوارییەوە، نووسەران و شاعیرانیشی گرتەوە ــ بێ‌وەی هەست بکەن ــ و کەم نووسراوەی ئەمڕۆ لە زەڕی وان بێ‌بەشن و بۆی هەیە ئەم دێڕانەی بەر دەستی منیش لەو پەتایەیان بەر کەوتبێ! ئەو ڕەوتەی ئێستا میدیای باشوور وەزمان دێنێ پڕۆژەیەکە بەئاگا یان نائاگا سڕ و سەقەت کردنی زمانی کوردی لە دووە؛ لە ڕستەی ڕەوان و کوردانە لا دەدەن و چنگێک وشە لێک‌دەبەستن و ڕستەی سڕ و بێ‌ڕووح دروست دەکەن. لەم کتێبانەش‌دا بەشێک لە ڕستەکان وەک ئەو زاراوە میدیاییە بێ ڕوح و گیانن و دەکرا ڕوون و ڕەوان‌تر بن. وەک ئەم نموونانە [بەپێی جێگەکەیان لە چیرۆکەکەدا، پێشنیهادیش دەنووسم]:

🔸ـ شوێنی ئەو تەنیا سەر ئەو مێزەیە (خانمە چکۆڵ/٦) [دەبێ هەر لەو سەر مێزە بێ]

🔸ـ ئائا دەزانم. جا کێ نازانێ؟ قابیلە؟ (خەزاڵە خۆنوێن/١٢) [“قابیلە” زڕەوشەیەکی باشوورە]

🔸ـ هەستێکی ناخۆش لای گەردی ساز بوو (گەردی گەرم‌وگوڕ/٤) [گەردی زۆری پێ ناخۆش بوو]

🔸ـ بەڵام کەس نەیدەزانی ئەو چی گوتووە (گەردی گەرم‌وگوڕ/٦) [بەڵام کەس نەیدەزانی دەڵێ چی]

🔸ـ بازەخان بە بازێکی گەورە خۆی هاویشتە نێو سەیرکەران (ڕاسان و بازەخان/١١) [بازێکی گەورەی دا و خۆی هاویشتە نێو سەیرکەران]

🔸ـ بڵێ بزانم بۆ سبەی چ بەرنامەیەکت هەیە (جوانە جیددی/١٢) [دا پێم بڵێ سبەینێ چ دەکەی/ “بڵێ بزانم”ـەکە زڕە دەنا “چ بەرنامەیەکت هەیە”کەش قەیدی نییە]

🔸ـ خەریکی چاک کردنی کەشتییەکی چارۆکەدار بە چڵەشەمچە بوو (وەرزە وەڕەزکەر/٧) [خەریک بوو بە چڵەشەمچە کەشتییەکی چارۆکەداری دروست دەکرد]

🔸- نەیهێشت کەس خەوێکی ئاسوودە بکات (وەرزە وەڕەزکەر/١٢) [نەیهێشت کەس ئاسوودە بخەوێ]

🔸- نابێ لە ئاستی بەڕێوەبەری خوێندنگادا بێ‌ئەدەبی بکەم (بینا بێ‌ئەدەب/٣) [نابێ لە کن …]

🔸ـ ڕۆیشت و پاش کەمێک لەگەڵیان گەڕایەوە (بینا بێ‌ئەدەب/٨) [ڕۆیشت و هێندی پێ نەچوو …]

🔸ـ لە تاو برسییەتی بەئاگا دەهاتەوە (چیا چڵێس/٤) [لە برسانە وەخەبەردەهات]

🔸ـ بەڵام لە کەیکەکە تەنیا لەتێکی زۆر چکۆلە مابۆوە (چیا چڵێس/١٢) [بەڵام لەتێکی زۆر چکۆلەی لێ مابۆوە]

🔸- یاخود چووبێت بۆ سەردانی پووری؟ (پەیمانە پەیجوور/٧) [یان/یا چووبێت بۆ …]

🔸ـ لە پێشانگا نمایشی دەکردن (مینا مۆدە/٢) [لە پێشانگا ڕایدەنان]

🔸ـ لە ماڵێشەوە بێری وازی لە بیانووگرتن نەهێنا (بێری بیانووگر/٥) [لە ماڵێش …]

🔹 وردەوشەی “کە”:

▫️لە زۆر شوێنان دەکرێ پێخۆر بە “کە”وە بکرێ و نەنووسرێت و باری گرامێر و ڕستەسازی و مانای ڕستەکەش هیچ زەڕی وێ نەکەوێ. نموونەکان [لەم نموونانەدا “کە”ش لابرێ هیچ ناقەومێ]:

🔸ــ هەرکامێکتان کە بەهرەیەکی هەیە، دەتوانێ بەشداری بکات، تەنیا شارە بوو کە هیچی نەکوت(شارەشەرمن/٤)

🔸ــ نەمدەزانی کە دەتوانم فلووت بژەنم (شارەشەرمن/٥)

🔸ـ بڕیاریان دا کە دەرسێکی باش فێری مینا بکەن (مینا مۆدە/٤)

🔸ـ لە منیان پرسی کە خەریکی چیم؟(دینۆ درۆزن/٦)

🔸ـ تازە چووبووم بۆ حەمام کە دەنگی دایکی هات کە پرسی (گەشە هەڵەشە/١٠) [دەبێ یەکیان لابردرێ و ڕستەکە داڕێژرێتەوە]

🔹فێعل :

▫️چۆن نووسینی فێعلی چەند وشەییش یەکێک لە کێشەکانی نووسینی کوردییە. بەڵام حوکمە دەبێ لە کتێبێک‌ یان پرۆسەی ئینتشاڕاتێک‌دا یەک شێوە ڕەچاو کرێ؛ یان جودا بن، یان پێکەوە بلکێن:

🔸- گرێیەکی لێ دابوو (فریشتەی فەرامۆشکار/٤)

🔸ـ ڕوویدابوو (مینا مۆدە/٩)

🔸- داوای لێ کرد (بینا بێ‌ئەدەب/٣)

🔸ـ گیڤەی لێکرد (وەرزە وەڕەزکەر/٧)

🔸ـ حەزی لێبوو (گەردی گەرم‌وگوڕ/٢)

🔸ـ هێلانەی لەقلەقی لێ بوو(لەقلەق و ڕێوی/٧)

🔸ـ گازێکی پڕ بە دەمی لێ گرت (ڕاسان و بازەخان/١٠)

🔸ـ ماوەیەکیان پێ دەچوو (بێدارە بێ‌خەو/٧)

🔸- دەست پێدەکات (فریشتەی فەرامۆشکار/٧)

🔸- دەستی پێ کرد (فریشتەی فەرامۆشکار/٨)

🔸ـ جێژنی منداڵەکانی تێکداوە(بێدارە بێ‌خەو/١٠)

🔸ـ مێزەکەی تێ تەپاند (گەشە هەڵەشە/٧)

🔸ـ ناشتای تێکرد (تەلانە تەلەفزیۆن/٣)

🔸ـ فووی تێکرد (وەرزە وەڕەزکەر/٨)

🔸ـ کتێبێکی پێ دا (وەرزە وەڕەزکەر/٦)

🔸ـ خۆی فڕێدا (خاوە خلیچک/١٢)

🔹 ڕستەی بارقورس و وشەی زیادە:

▫️ڕستەسازی دەبێ هەتا بکرێ لێک‌ولووس‌ و بارسووک‌ بێ و ئەوەندی ڕێ هەبێ زیادەکانی هەڵپەرتێوترێ، بەتایبەت لە کتێبی منداڵانەدا کە مەودای هەناسە و لێک‌دانەوەی منداڵ کورتە. نموونەکان:

🔸- کە میوان بۆ ماڵیان دەهات (شارە شەرمن/٢) [دەبێ بنووسرێ: کە میوانیان دەهات]

🔸ـ سوور بوو لەسەر ئەوەی سەیری بەرنامەی هەواڵەکان بکەن (جوانە جیددی/٥) [“بەرنامەی” زیادەیە]

🔸ـ تەندوور بە خۆیدا دامرکا (مریشکە قوڵە/١٢) [“بە خۆیدا” زیادەیە]

🔹 جووت‌وشە و وشەی چەندکەرت و پاشگر و… دەبێ ڕەوتێکی ئیملاییان بۆ ڕەچاو کرێ و نابێ هەر جارەو جۆرێک بنووسرێن. وەک:

🔸- کوون و کەلەبەر (بنارە بۆگەن/٣) [کون]

🔸- کەلوپەل (بنارە بۆگەن/٤)

🔸ـ کەیفخۆش (بۆقی بەرچاوتەنگ/١٢)

🔸- کەیف‌خۆش (بۆقی بەرچاوتەنگ/٦)

🔸ـ چیە (مینا مۆدە/٣)

🔸- چییە (بنارە بۆگەن/٣)

🔸ـ لووت‌بەند (مینا مۆدە/٩)

🔸ـ پەتباز (ڕاسان و بازەخان/٣)

🔸ـ هەڵبگرێت (گەشە هەڵەشە/٢)

🔸ـ هەڵی بێنە (دینۆ درۆزن/٢)

🔹وێنە و نەخش‌ونگاری ناو لاپەڕەکان دەبێ لەگەڵ ئەو بەشە لە چیرۆکەکەی نزیک وێ یەک بگرنەوە؛ بۆ وەی پرسیاری بێ وەڵام بۆ منداڵ ساز نەکات. [بڕیار بوو هەر باسی زمان بکەم، بەڵام ئەو دوو وێنەیە زۆر زەقن!]:

🔸ـ خاتوو بزن گەڕایەوە، دەرگای ماڵێی کراوە دی (تیتیل و بیبیل/٧) [لە وێنەکەی ئەو بەشەدا درگاکە پێوە دراوە!]

🔸ـ گورگە بۆر ڕۆیشت بۆ دوکان و گوتی … (تیتیل و بیبیل/١٠) [وێنەکەی ئەو بەشە ئاسنگەرە و دەبوو بنووسرێ: چوو بۆ لای ئاسنگەر]

🔹هەڵەی تایپی:

▫️هەڵەی تایپی لەو کێشانەی ناو دڵ و دەروونی کتێبی کوردییە کە نابڕێتەوە و نابڕێتەوە! دۆزینەوەی چوار هەڵەی تایپی لە ڕۆمانێکی ٣٠٠ لاپەڕەیی‌دا بۆخۆی فەتحێکە! بەڵام هیچ تاوانێکی وا نییە بە شانی نووسەر یان تایپیست یا ئینتشاڕاتی‌دا دەی! کەچی لە کتێبۆکێکی منداڵانەدا هەڵەی ئیملایی زۆر ناحەزترە لەوەی پێمان وایە!

هەڵەی وەک “وو” کە بە “و” نووسراوە و لەبیرچوونی “حەوتۆکە” یان زیادە دانانی، دەڵێی متفەڕکن و دەبێ حەتمەن هەبن!

🔹”دا”:

▫️”دا” بە دەست نووسەری کوردەوە زۆر شەکەت بووە! بەڵێ هێشتا ساغ نەبووینەتەوە “دا”ی پاشگر و “دا”ی فێعل دەبێ چۆن بنووسرێن، بەڵام حوکمە دەبێ لە یەک کتێب یان زنجیرە کتێبێک‌دا، یان لە بەرنامەی چاپی بڵاوگەیەک‌دا “دا”ی پاشگر و فێعل لە سەر یەک هەوا بن؛ یان بلکێن، یا جودا بن، یا لە پاڵ‌ وشەی پێش خۆیانەوە دانرێن. ناکرێ “دا”ی فێعل لە جێیەک بلکێ و لە جێیەک جودا بێ. نموونەکان:

ــ “دا”ی فێعل:

🔸ـ شتێکی سەیر ڕوویدا (شارەشەرمن/٣)

🔸- شتێکی سەیر ڕوویدا (فریشتەی فەرامۆشکار/١١)

🔸- لەپڕ شتێکی دیکە ڕووی دا (ڕاسان و بازەخان/١١)

🔸ـ چەند جووڵەی ژێمناستیکی ئەنجام دا(شارەشەرمن/٦)

🔸ـ ددانەکانی فڵچە لێدا (خانمەچکۆڵ/٥)

🔸ـ منداڵەکان لە خۆشیاندا چەپڵەیان لێ دەدا (جوانە جیددی/٤)

🔸ـ مەیموونەکان بازیاندایە سەر مێزەکە(بینا بێ‌ئەدەب/٨)

🔸ـ پاشان بازی دایە سەر شانی (بینا بێ‌ئەدەب/١٠)

▫️ــ “دا” جاری وایە نازەروورە و بە هەڵە لە ڕستە و وشە بار دەکرێ، وەک:

🔸ـ شارە ئەوە لەو ژێر مێزەدا چ دەکەی؟(شارەشەرمن/٣)

🔸ـ منداڵەکان لە خۆشیاندا …(جوانە جیددی/٤)

🔸ـ لە ناوەڕاستی مێزەکەدا کەیک دانرابوو (پەیمانە پەیجوور/١١)

🔸ـ هەڵدەهات بزانێ چ بەڵایەک بەسەر جلەکانیدا هاتووە (بەیانە دووزمان/٣)

🔸ـ دایکی پشکۆ لەگەڵ ئەو قسەیەدا هاوڕا بوو (پشکۆ پێکەنین/١٠)

🔸ـ سەیری کرد باوکی لە بەر کومێدەکەدا وەستاوە (گەشە هەڵەشە/١١)

🔸ـ دەیویست کایەی لەگەڵدا بکات (چەتۆ چڵکن/٥)

🔸ـ ڕۆژێک لەگەڵ چەند کەسێکدا چوو بۆ مۆزەخانە (خەزاڵە خۆنوێن/٢)

🔸ـ با ئەم پازڵانە لە پاڵ یەکتردا ڕیز بکەم (بێدارە بێ‌خەو/٤)

🔹 دواوتە:

هیوادارم هەموو نووسەرانی بواری منداڵان حەول بدەن بەرلەوەی بنووسن، بخوێننەوە. نووسین بۆ منداڵ بەڕواڵەت سووک و سانایە، بەڵام دژوارترین جۆری نووسین، نووسین بۆ منداڵانە؛ ئەگەر بۆمان گرینگ بێ و هەر لەسەر کتێب چاپ کردن نەبین. نووسەری بواری منداڵان دەبێ زۆر وردبین‌تر و دەستەوموتاڵاتر بێ لە نووسەری گەوران؛ نەک هەر لەسەر زمان بەڵکوو لەسەر دەروون‌ناسی و شێوەی ڕوانین و لێک‌دانەوەی منداڵ بەپێی قۆناغەکانی تەمەن. بۆ وەی منداڵی بەستەزمانی کورد دووسەرە زەوق و چێژی تێک‌نەچێ ئەرکی سەر شانی نووسەرانە دەروەست‌تر بن بەو کارەی دەستی دەبەنێ. ئینتشاڕاتەکانیش دەبێ شارەزای وردبین‌تر بەگژ دەست‌نووسەکان‌دا کەن و هەڵەوپەڵەی بسڕنەوە. ڕەخنەگرانیش لەسەریانە بێ‌دەنگ نەبن و وا نەکەن کەچەخوێنەرەوەیەک لە ناچاریان دەست لە کاری گەوران وەردات!

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتاو دەستوور زوان کوردی لەکی ڤەباوەت ڕێزوان لەکی چاپ و ڤڵارا بی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *