خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کۆمەڵە چیرۆکی «ڕۆنالیزا» بەرهەمی هێمن عەبدوڵڵاپوور بڵاوکرایەوە

کۆمەڵە چیرۆکی «ڕۆنالیزا» بەرهەمی هێمن عەبدوڵڵاپوور بڵاوکرایەوە

کۆمەڵە چیرۆکی «ڕۆنالیزا» نوێ‌ترین بەرهەمی هێمن عەبدوڵڵاپوور بڵاوکرایەوە

هێمن عەبدوڵڵاپوور

دیاری تایبەتی نووسەری ڕۆنالیزا بۆ بەردەنگەکانی ماڵی کتێبی کوردی

دونیای گێڕانەوە دونیای لاسایی کردنەوەی دیاردە و گیروگرفتەکان نییه. دونیایەکە پڕاوپڕ لە داهێنان و خۆتێهەڵوەردانێکی بە تەواو مانا لەو ڕووداوگەلەی وا بەدرێژایی مێژوو و ئێستاشی لەگەڵ بێ، بوونەتە بەستێنی ساز دانی هەزاران کەڵکەڵە لە مێشکی مرۆڤدا. هەر لەو دونیایەشدا کە سنووری نێوان پێشکەوتن و دواکەوتن بەجارێ بەرتەسک بۆتەوە و زۆر جار گۆڕانکاری، بە هەڵە بە پێشکەوتن لە ‌قەڵەم دەدرێ، ناتوانین نکۆڵیی لەوە بکەین کە بەشێک لە کەڵکەڵەکانی مرۆڤی سەردەم، کەم یان زۆر، بۆتە دەنگ‌هەڵبڕینێکی سەربەخۆ دژ بە هەموو ئەو ناوەندە یەکدەنگی‌خوازانەی وا گێڕانەوەی زاڵ لە ڕێی ڕیکلامی بەردەوامی میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە “سەری هیدرا”ی ژیانی مرۆڤی سەردەم دەزانن و بەوپەڕی متمانەبەخۆبوون، هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤ بە پێی ئەو وەژمانە زاڵە هەڵدەسەنگێنن. لە دۆخێکی ئاوەهادا، کاری چیرۆک نابێ و بەدڵنیاییەوە ناشتوانێ هاودەنگی‌کردن لەگەڵ ئەو ڕەوتە دڵڕفێن و هاوکات خەڵەتێنەرە بێ. لەولاشەوە کەمڕەنگ‌بوونەوەی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری واقیع و سەرووواقیعە سەلمێنراوە هەتاهەتاییەکان و شک و ناباوەڕیی بەردەوامی مرۆڤی سەردەم هەمبەر بە زل‌ڕەوایەتەکان، ڕێی حەول‌دان بۆ نوێ‌بوونەوەیەکی بەردەوام لە گێڕانەوەدا جار لەگەڵ جار خۆشتر دەکا و ئەوەش دەتوانێ بەوردی ڕوون‌کەرەوەی ئەو خاڵە بێ کە ئەرکی چیرۆک لێرەدا دەتوانێ ئاوڕدانەوە و پێداچوونەوەیەکی بەردەوام نوێتر لە هەموو ئەو سەرچاوانە بێ وا بەجارێک مرۆڤیان بەرەو کۆیلەتیی داتا زانیارییەکان بردووە. ئەو داتا زانیارییانەی وا بوونەتە پێوانەی هەڵسەنگاندنی ئاستی دەسەڵات و هێزمەندی لە نێو وڵاتاندا و زۆر جار ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر گەشەکردن یان بەلاڕێدابردنی ڕەوتی گێڕانەوە بووە. دیارە بۆردومانی بەلێشاو و بەردەوامی ئەو داتایانە، هەرێمی گێڕانەوەشی گرتۆتەوە و هێندێک جار زائیقەی گشتیی بەردەنگی بەرەو گێڕانەوەیەکی کورت و لەبەردەست و سادە و ساکار هان داوە. چیرۆک لێرەدا حەولێکی بێ‌وچانە بۆ گەڕاندنەوەی پشوودرێژی و ئاخاوتنێکی قووڵتر، خۆدیتنەوە، شێوەخوێندنەوەی سەربەخۆیانەی بەردەنگ و هەروەها سازدانی بەستێنێک بۆ هاتنەئارای دەسەڵاتی سەربەخۆدیتن و لێکدانەوە و تاقی‌کردنەوە، هەمبەر بە هێژموونییەک کە هەموو حەول‌ودەولی ئەوەیە لە جێی تاک‌بەتاکی ئەندامانی کۆمەڵگا بیر بکاتەوە، بڕیار بدا و هێزی هەڵوێست و تاوتوێ‌کردنی سەربەخۆ لە مرۆڤدا بخەسێنێ. ئەو هێژموونییەی وا لە گۆڕانکارییەکی هەمەلایەنەدا، بە پێچەوانەی سەدەی نۆزدە، تەقەلای ململانێی ڕاستەوخۆی لەگەڵ جەستەی مرۆڤ نییە و ئەوجار لە ڕێی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سیستەمی پەروەردەوە حەول دەدا لەشکرێکی گیان‌فیدا بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی هەمەلایەنەی خۆی ساز بکا. لەشکرێک کە بە کەمترین هەزینە وەک ئەو بیر بکاتەوە، بخوێنێتەوە، بنووسێ، هەڵوێست بگرێ و بە هەموو جۆرێک هێڵە سوورە دەستکردەکانی بپارێزێ.

لێرەدایە کە چیرۆکی سەردەم بە پێی تەنیا یەکێک لە ڕێکارەکانی، بە سازکردنی پردێکی قورس و قایم لە نێوان میراتی بەرەی چیرۆک‌نووسانی ڕێئاڵ و نوێخواز، حەول دەدا بە پێداچوونەوە بەسەر شێوەنووسین بەگشتی و شێوەداڕشتنی کەسایەتی و گەڵاڵە و تەکنیک‌گەلی گێڕانەوە بەتایبەتی، تاقمێکی زیاتر لە چین و دەستە و بەردەنگەکانی ئەدەبی داستانیی لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. حەولێک کە دەبێتە هۆی خۆپاراستنی نووسەر لە بەرتەسک‌کردنەوەی دایرەی بەردەنگەکانی لە ژێر سێبەری دابڕانی نووسەر لە بەردەنگی ئاسایی و هەروەها لەولاشەوە، مل‌نەدان بە دووپاتە و چەندپاتە بوونەوەی وەڕەزکەری شێوەگێڕانەوەکانی ئەدەبی ڕێئاڵ. حەولێک کە پێی وایە چیرۆک نەردیوانی لەسەرەوەڕوانینی نووسەر بە کۆمەڵگادا نییە و یەکێک لە گرینگترین ڕۆڵەکانی نووسەر و نووسراوەکانی، دەست‌تێوەردانێکی تەواو ڕەخنەگرانە لە کێشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا دەزانێ و لەو ڕێیەشدا، لانی زۆر، نووسەر تەنیا وەک یەکێک لە کەسایەتییەکانی چیرۆکەکەی دێتە ئەو گۆڕەپانەوە، نەک وەک چاکسازێکی کۆمەڵایەتیی کە ئاڵای ڕاپەڕینی، هەموو کەسایەتییەکانی چیرۆکەکەی تووشی لاڵ‌بوونێکی یەکجاری کردووە. دەبێ ئاماژە بەوەش بکرێ کە لەو ڕێیەدا ئەگەر چیرۆک بیهەوێ نەکەوێتە داوی کێشەگەلی بەرەکانی پێشوو و هەروەها لە دووپاتەبوونەوە ڕزگاریی بێ، هیچ ڕێیەکی نییە جگە لەوەی کە بەردەوام بێ لە داهێنان و لەکارکردنی تازەگەرییەکانی چیرۆک و لەو ڕێیەشدا قەت قەناعەتی بە ڕاوەستان و کڕنۆش‌بردن بۆ نوێی ئەوڕۆ و

سواوی سبحەینێ نەبێ. چیرۆکەکانی ئەو کۆمەڵەچیرۆکە بە ڕەچاو کردنی دەیان کەڵکەڵەی مرۆڤی سەردەم حەولیان داوە دەنگێکی نوێ بن بۆ تاوتوێ کردنی ئێستا و داهاتوویەک کە ڕەنگە بەدەر لە خەونەکانی ئێمە و بەدەر لە هەستی دۆنکیشۆت ئاسای مرۆڤی سەردەم بکرێ بە جۆرێکی دیکە ئاوڕیان لێ بدرێتەوە.

بەشێک لە چیرۆکی شەوزڕان:

هەردووک بەستەی بەتاڵی سیگارەکان فڕێ دەدەیە نێو سەتڵی زبڵەوە و بۆ دوایین جار چاو لە واتساپ دەکەیەوە. وەک هەمیشە هیچ خەبەرێک نییە! کولێرەکە بەردەوام خەریکی خۆڕنینە. سەر هەڵدێنی و چاو لە کۆتەرە دەکەی. بۆ یەکەم جار ڕەنگی جەستەیت وەک ئاور دێتە بەر چاو. لە ژێر سەندەڵییە ڕەشەکە هەڵنیشتووە و بەکاوەخۆ نەوارە ڕەنگییەکان هەڵدەگرێ و لە باڵە ڕووتاوەکەی دەنێ. نەوار بەرودوا بەردەبنەوە و دیسان لەسەرڕاوە دەست پێدەکاتەوە، نە جارێک… نە دوو جار… نە… ئاخری لە ژێر سەندەڵییەکە دێتە دەرێ و بە تاقە نەوارێکی سووری باریک بە باڵە ڕووتاوەکەیەوە دەچێتە سەر تەپۆڵکەکە ڕاوەدەستێ. شومارەی کوڕەکە دەگری و پێی دەڵێی پێیان بڵێ ئەو ئێوارێیە حەتمەن دەچیە لایان. پێی دەڵێی پێیان بڵێ هەرچەند لە بیرت چۆتەوە قەرار بوو باسی چ بکەن، بەڵام بەو حاڵەشەوە هەر دەچی. پێی دەڵێی…

لەناکاو دەنگی ڤیۆڵۆنێکی ناکۆک ڕایدەچڵەکێنێ. کولێرەکە خەریکە باڵ دەگرێ، بەڵام نا، ئەو دەنگە هی ئەو نییە. سەر هەڵدێنێ و چاو لە کۆتەرە دەکا. لەسەر تەپۆڵکەکە ڕاوەستاوە و توندتر لە دەوری کولێرەکە باڵ لێدەدا. بۆ یەکەم جار دەندووکە سووزمەییە سوورەکەی سەرنجت ڕادەکێشێ… چاوی وەک گۆمی خوێنی لێهاتووە. دیسان هەڵمێکی سوور هەموو گیانی داگرتووە. چاوە سوورەکانی توندتوند قووچاندووە و یەک‌بەخۆی دەنگی ڤیۆڵۆنێکی ناکۆک لە گەرووی دەداتە دەرێ. سەرنجی چڕوچیلکەی تەپۆڵکەکە دەدەی. وەک جەستەی کۆتەرە، سوور هەڵگەڕاون و ئەگە فریا نەکەوی، یەک دوو دەقەی دیکە جگە لە خەڵووزێکی ڕەش و ڕووت، هیچ شتێکی دیکە لە کۆتەرە نامێنێتەوە. سەتڵی زبڵی دووکان پڕ دەکەی لە ئاو و ڕاست بە سەر کۆتەرەیدا دەکەی. کۆتەرە وەک چیلکەی ژێر پێی، ڕەش هەڵدەگەڕێ و سێ چوار جار دەندووکە سوورە سووزمەییەکەی لێک‌دەدا و بێ‌هەست‌وخوست بە لادا دەکەوێ. هێندەی پێ ناچێ، دووکەڵێکی سپی، کە نازانی هی تەپۆڵکەیە یان هی کۆتەرە، هەموو دووکان دادەگرێ… کیفە سوورەکە فڕێ دەدەیە لای کۆتەرە و تەپۆڵکەکەی. لەگەڵ دادانەوەی دەڕابەی دووکان، کچێکی چکۆلە بەهەڵاتن خۆ دەگەیەنێتە لات: “کاکە ڕاوەستە! دایمەخە! بەستەیەکم سابوونی حەمام دەیە بۆ دایکم!” پێی دەڵێی نەتماوە و دەڕابە یەکسەر دادەدەیەوە.

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «خۆبەڕیوەبەری شەنگال» چاپ و بڵاو کرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *