خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / وتووێژیک لە گەڵ هیوا قادر لە پەرواێزی ۳۳مین پیشانگای کتێبی تاران

وتووێژیک لە گەڵ هیوا قادر لە پەرواێزی ۳۳مین پیشانگای کتێبی تاران

وتووێژیک لە گەڵ هیوا قادر لە پەرواێزی ۳۳مین پیشانگای کتێبی تاران

هەڵسەنگاندنتان سەبارەت بە سی و سییەمین پێشانگای کتێب لە تاران چۆنە؟

 لە ڕاستیدا من یەکەم جارە کە لە پێشانگای کتێب لە تاران بەشدار دەبم بەڵام سەردانی پێشانگای وڵاتانی دیکەم کردووە و بینیومە. بۆ من جێگەی سەرنجە لە وڵاتێکی وەک ئێران ئەم هەموو وەشانخانە هاتوون و لێرە بەشدارن بەڕاستی بۆ من جێگەی خۆشحاڵییە.

وەرگێڕان وەکوو بەشێکی دانەبڕاو و گرنگی ئەدەبیاتی جیهانی لە پانتایی وێژەی کوردیدا چ پێگە و ڕۆڵێکی هەیە؟

لە ڕاستیدا تەوژمی ئەو وەرگێڕانەی تاکوو ئێستا کە بەهێزە لە زمانێکی ترەوە دەکرێت بە کوردی، بۆ نموونە وەرگێڕانی پێچەوانەمان لاواز و زۆر کەمە، ئەم هەوڵانەش کە هەیە هەوڵی تاکەکەسییە. کەسێکی وەکوو بەڕێز مەریوان هەڵەبجەیی کە ڕۆمانی منی وەرگێڕان کردووەتە سەر زمانی فارسی هەوڵێکی تاکەکەسییە و هیچ پاڵپشتێکی مادی یان شتێکی ئەوتۆی نییە بەڵکوو پەرۆشی خۆیەتی بۆ ئەدەبی کوردی، چوون دەیەوێت ئەدەبی کوردی بە میللەتێک بناسێنێت کە لە پاڵ خۆمانەوەیە کە ئەوانیش فارس زمانن. تاکوو ئێستا لە ڕووی ئەدەبیاتەوە ئێمە ئەوان دەناسین بەڵام ئەوان ئێمە ناناسن، زۆر گرنگە کە بتوانین ئەدەبی کوردی وەربگێڕینە سەر زمانەکانی دەوروبەر و زمانەکانی دیکەی جیهان. ئەم کۆمەڵگایە خاوەن فەرهەنگێکی دەوڵەمەند و گەورەیە و خاوەن ئەدەبیاتێکە کە لە ئەدەبیاتی وڵاتانی دیکە هیچی کەمتر نییە لەبەر ئەوە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی دونیا بە زمانێکی تر هەم پیشاندانی دەوڵەمەندی فەرهەنگی ئێمەیە و هەم گرنگی دانە بەو بزاڤتەی کە پێویستە ئەدەبیاتی کوردی بە میللەتانی دیکە بناسرێت.

وەرگێڕان وەک پردی پەیوەندی زمان و ئەدەبەکان لە نێوان دوو زمانی فارسی و کوردیدا چەندە پێویستە و لە چ ئاستێکدایە؟

 لە ڕاستیدا هەمووی هەوڵی تاکەکەسی و پەرۆشی وەرگێڕەکانە، دەبوایە یان سەد هێندە ببوایا، بەڵام ئەمەش کە ئێستا هەیە کارێکی گرنگە لەبەر ئەوەی پەرۆشییەکی زۆر لە ناو خوێنەرانی فارسدا دەبینیت بۆ ئەدەبی کوردی، جگە لە ئەو کەسانەی کە کوردن و فارسی باش دەزانن و فارس زمانێک کە زمانی فارسی زمانی دایکییەتی پێ خۆشە ئەدەبی کوردی بە هۆگرانی بناسێنێت. و چەند جار چاپکردنەوەی کتێبەکان لەسەر یەک نیشانی سەرکەوتنی هەم وەرگێڕانەکانە و هەم نیشانی سەرکەوتن و دەوڵەمەندی ئەدەبی کوردییە کە خوێنەرێکی وریایی فارس سەرباری ئەوەی کە هەموو ئەدەبی دونیایی لەبەردەمە دێت بەرهەمە کوردییەکان دەکڕێت و ئەمە نیشانەیە بۆ سەرکەوتنی ئەدەبی کوردی و هەم جێگەی خۆشحاڵییە.

وەرگێڕان و وەرگێڕەکان بە پێی ڕۆڵی گرنگیان لە ئەدەبیاندا چ ئەرکێکیان لەسەر شانە؟ و وەک نووسەرێک چ چاواڕوانییەکتان لە وەرگێڕی کتێبەکەتان هەیە؟

 بەڕێز مەریوان هەڵبجەیی یەکێکە لە وەرگێڕە بە تواناکان و ئەزموونێکی زۆر باشی هەیە و کۆنتراکت و پەیوەندی زۆر گەرم و گۆڕی لەگەڵ وەشان خانەکانی ئێرەی هەیە و بەڕاستی کە من ئێستا لێرەم زۆر نووسەری فارس سەردانی ئێرەیان کردووە و گوتوویانە کە ئێمە ئەدەبی کوردی لە ڕێگەی مەریوان هەڵبجەییەوە دەناسین، ئەمە بۆ ئێمە سەرەتا جێگەی خۆشخاڵییە کە ئێمەی بە خوێنەرانی فارس زمان ناساندووە و هەم وەکوو ئەدەبی کوردی ئێمەش قەرزدار باری ئەو وەرگێڕە زۆر جددییانەین کە بەو جۆرە کار دەکەن و دەیانەوێت ئەدەبی کوردی بە خوێنەرانی فارس بناسێنن.

بە پێی پێوەرە جیهانی و ناوچەیییەکان دۆخی هەنووکەیی وەرگێڕان لە کتێبخانەی کوردیدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ چ وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی و چ لە زمانەکانی دیکە بۆ کوردی؟

 من ئەزموونی وەرگێڕانی دە کتێبم هەیە کە لە سوێدی کردوومە بە کوردی، و ئێستاش دەستم کردووە بە وەرگێڕانی سەد کتێبی منداڵان لە زمانی سوێدی بۆ سەر زمانی کوردی و ئەو وەرگێڕە زۆر جددی و باشانەی کە جێگەی متمانەن و لەنزیکەوە لە سلێمانی و کوردستان دەیانناسم، بەڵام ڕێژەی وەرگێڕە زۆر باشەکان زۆر کەمەن لە چاو ئەو هەموو وەرگێڕە زۆر خراپەی کە لە کوردستان هەیە و بە لێشاو ئەدەبیاتی دونیا دەشوێن و وەری دەگێڕن. زۆر گرنگە ئەو وەشان خانانەی کە ئەو کتێبانەی کە وەردەگێڕن بیر لە چۆنیەتی ئەو ئەدەبیات و وەرگێڕاوە بکەن کە ناکرێت بە زمانێکی کوردی خراپ یان بە وەرگێڕانێکی کوردی خراپ بێن و ئەدەبیاتی دونیا بە کورد بناسێنن. ڕاستە وەرگێڕانی ئەدەبیاتی دونیا لە زمانەکانی دیکە بۆ سەر زمانی کوردی زۆر زۆرە بەڵام بەشێکی زۆری خراپە و بەشێکی کەمی باشە و ئەمەش پەیوەندی بە ئەوەیە کە کتێب یان فرۆشی کتێب خەریکە پێ دەنێتە نێو بازرگانی کردنەوە و ئەو بازرگانییە وای کردووە کە کۆمەڵێک کتێبی زۆر خراپ دەربچێت، بەڵام ئەو لایەنەی تریش کە لە زمانی کوردییەوە بێت بۆ زمانەکانی تر، هێشتا ئەوەندە بەهێز نییە کە ئێمە پشتی پێ ببەستین، لە کاتێکدا کە من پێم وا بوو لە ساڵی ڕابردوو و لە ئەو ساڵانەش کە دێت ڕەنگە بیست ساڵی ئاڵتوونی ئەدەبیات و کولتووری کوردی بێت بۆ ناساندنی بە دونیا، چوون وێنەی کورد لە میدیای دونیا وەک جەنگاوەرێک ناسراوە، بەڵام لە خوێنەرانی زۆری ئرووپی کردووە کە زۆر کنجکۆڵ بن، بڵێن ئەم نەتەوە کە ئاوا بە دوای شوناس و بوونی خۆی دەگەڕێت، ئێمە پێویستە ئەدەبیاتەکەی بخوێنینەوە. بۆیە دە ساڵ داهاتووش دە ساڵی زێڕینی وەرگێڕانی ئەدەبی کوردییە. تەمەنا دەکەم ئەو شوێنانەی کە بەرپرسیارن بۆ وەرگێڕان، ئەم پرسە زۆر بە جددی وەربگرن و هەوڵی وەرگێڕانی بەرهەمەکانی کوردی بدەن بۆ سەر زمانەکانی تر.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتاو دەستوور زوان کوردی لەکی ڤەباوەت ڕێزوان لەکی چاپ و ڤڵارا بی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *