خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / وتووێژێک لە گەڵ سۆران نەقشبەندی بەڕێوەبەری یوبیلی زیوینی فێستیڤاڵی گەلاوێژ

وتووێژێک لە گەڵ سۆران نەقشبەندی بەڕێوەبەری یوبیلی زیوینی فێستیڤاڵی گەلاوێژ

وتووێژێک لە گەڵ سۆران نەقشبەندی بەڕێوەبەری یوبیلی زیوینی فێستیڤاڵی گەلاوێژ

یەکێک لە دوادیدارەکانی فێستیڤاڵی گەلاوێژ، دیمانەیەک بوو لە گەڵ بەڕێز سۆران نەقشبەندی بەڕێوەبەری ۲۵مین خولی فێستیڤاڵی گەلاوێژ و بەرپرسی بەشی هونەری و ئەندامی لێژنەی باڵای فێستیڤاڵ، کە تێیدا چەندین پرسیار و وڵام سەبارەت بە چۆنییەتیی بەڕێوەچوون و ئاسۆ و ئالنگاری و دەرفەتەکانی فێستیڤاڵ خرایە بەر باس و گفتگۆکردن.

بەڕێز سۆران نەقشبەندی وێڕای پیرۆزبایی ۲۵مین فێستیڤاڵی گەلاوێژ، سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی ئەرک و ماندووبوونتان دەکەین، تکایە سەرەتا وردەکارییەکانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی گەلاوێژمان بۆ باس بکەن:

  سەرەتا دەستخۆشی خۆم ئاراستەی ماڵی کتێبی کوردی دەکەم و سپاس بۆ ئامادە بوونتان. فێستیڤاڵی گەلاوێژ هەتاکوو خولی بیستم فێستیڤاڵێکی لۆکاڵ و کۆکەرەوەی هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازە کوردستانیەکان بوو، لە بەشی ئەدەبیات و هزر لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام لە بیستەمین خولی فێستیڤاڵەوە بوو بە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی. بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بیست و سێیەمین فێستیڤاڵمان بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوە برد بەڵام ئەمساڵ بە شێوەیەکی فەرمی بەڕێوە چوو. تەنیا خاڵی وەرچەرخانی گەورە لە نێو فێستیڤاڵەکەدا ئەوە بووە کە لە چوارچێوەی ئەدەبدا نەمانهێشتەوە بەڵکوو فراوانتر کرایەوە بۆ بەشە جیاوازەکانی کولتووری و فەرهەنگی بەتایبەت بەشە هونەرییەکەی.

 چ بەشێکی هونەری بۆ فێستیڤاڵ زیادکراوە و ئەمە چ واتایەکی هەیە بۆ بەردەنگەکانی فێستیڤاڵ؟

 دەق سەرچاوەی دروستبوونی هەموو بەرهەمێکی ئەدەبییە، ئەگەر تێکست نەبێت هیچ کورتە فیلم، دراما و هیچ شانۆگەرییەک نایەتە بەرهەم. لەسەر ئەساسی ئەم بیرکردنەوە ئێمە وامان بە باش زانی خودی ئەو هونەرانە کە وەکوو پارچە کرداری ئەو بەرهەمە دێتە ئاراوە ئێمە خودی هونەرەکەش لە ئەستۆ بگرین و لە چوارچێوەی فێستیڤاڵ جێگەی بکەینەوە و بە خۆشحاڵییەوە ئەم پلانە سەری گرت و ئێمە توانیمان جیاواز لە ساڵانی پێشوو بە شێویەکی زۆر فراوانتر هەنگاو بنێین، ئەمە خۆی بۆ خۆی جانبێکی ئەساسییە کە هەر بە هەمان شێوە بۆ ساڵانی داهاتوو دەمێنێتەوە. بە نیسبەتی بەشە هونەرییەکانیشەوە پەنێلی زۆر تایبەتمان بۆ بەشی میوزیک و شێوەکاری تەرخان کرد و لە زۆربەی موناقشەکاندا سینەماکاران و دراماکاران تەنانەت ئەوانەی کە لە میدیاکانیش کار دەکەن لەسەر ستەیجی گەلاوێژ و پەنێلەکاندا بەشداری دیدارە تایبەتەکانی گەلاوێژیان کردووە.

 گەلاوێژی زیوینی چارەسەدەیەک بەردەوامی چیمان پێ دەڵێت؟

 پێداچوونەوەیەکی گشتی بوو بە سەر ۲۴ ساڵ خولی بەڕێوە چوونی ڕابردووی فێستیڤاڵی گەلاوێژ. پەنێلی تایبەتمان لەسەر ئەوە بووە کە هۆکاری ئەو تێکستە شیعرانەی کە لە بیست و چوار ساڵی ڕابردوودا کە یەکەم، دووهەم و سێهەم بوون چی بووە، و چ هەنگاوێک بەرەو پێشەوە چوون و چ هەنگاوێکیان هەڵگرتوو و ئەو هەڵبژاردانانە کە هەڵبژێرراون ئایا دروست بووە یا نە. بۆ هەمووی ئەمانە لێکۆڵەری تایبەت دەستنیشان کراوە کە هەڵسەنگێنەری هەموو ئەو بابەتانە بێت کە ئێمە کردوومانە. ئەم پلانە بۆ هەموو چیرۆک و لێکۆڵینەوەش ئەنجام دراوە. لە پەنێلێکی جودادا باس لە سەرجەم ئەو چیرۆکانە کراوە کە لە ساڵەکانی ڕابردوودا لە چوارچێوەی گەلاوێژدا دەرکەوتوون. لەوەتەی هەیە فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە بیست و چوار ساڵی ڕابردوو کۆکەرەوەی هەموو ئەو دەنگ و ڕەنگە جیاوازانە بووە. هەروەها ئەو کەسەی کە خاوەن خەڵاتی یەکەم بووە بە خۆشحاڵییەوە هیچ کات گاڵتەیان پێ نەکراوە، کە واتا بە ئێمەش گاڵتە نەکراوە کە هەڵبژاردنەکانمان نادروستە. بۆیە ئێمە برەند دروست دەکەین ئەم لێپرسایەتییە لەسەر شانی ئێمە زۆر قورسە. میدیایەک هەیە کەسانێک پێک دەهێنیت ئەوەندە زیانی بۆ کۆمەڵگا هەیە ئەوەندە سوودی بۆ کۆمەڵگا نییە. ئەگەر ئێمە شاعیری خراپ بە ناوی یەکەم، دووهەم و سێهەم بخەینە ناوی کۆمەڵگاوە ڕەنگە ئەمە زیانێک بێت کە ئێمە خۆمان بە دەستی خۆمان بە داهاتووی نەوەکانمان، کولتوور و نەوەی داهاتوو دروستی بکەین.

مەلا بەختیار (سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ)

جێگە خۆیەتی کە باس لە بەردەوامیی فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەکەین ناوی بەڕێز کاک مەلا بەختیار بهێنم کە لە بیست و چوار ساڵی ڕابردوودا بەم ساڵیشەوە لە چوارچێوەی هیممەتێکی زۆر شەخسییەوە، خودی خۆی خوێنەرێکی باشە و زۆر حەزی لە ئەدەبیات، فکر و هونەر و هتد، بۆ ئێمە هاندەرێکی زۆر گەورە بوو بۆ ڕێکخستنی فێستیڤاڵی گەلاوێژ. تایبەتمەندی بیست و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی گەلاوێژ، ئەمساڵ زیاتر و زیاتر بە حوکمی ئەوەی کە بیست و پێنج ساڵ ئەستێرەیەک لە ئاسمانی ئەدەبیات و هونەری ئەم وڵاتدا درەوشاوەتەوە. هەموو ئەو بەشدار بووانە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی گەلاوێژ لەگەڵماندا بوون هاوڕامان بوون کە گەلاوێژ قابیلی ئەوەیە کە گەورەتر بێت و درێژی پێ بدرێت، لەبەر ئەوە ئەم هیممەتە تەنیا نابێت لەلایەن ئێمەوە ببێت و بەشداربووەکانیش دەتوانێت بوونیان کاریگەر بێت.

 گەلاوێژ لە چ ڕێگایەکەوە داوای بابەت دەکات و بابەتەکان لە چ کەناڵێکەوە وەر دەگرێت، و چۆن هەڵسەنگاندنیان بۆ بابەتەکانی یەکەم، دووهەم و سێهەمیان کردووە؟

 ئێمە لە گەلاوێژ، بە هیچ شێوەیەک داوای بابەت ناکەین، بەڵکوو سێ مانگ پێش ئەوەی کە گەلاوێژ بەڕێوە بچێت ئێمە ڕاگەیاندنێک بڵاو دەکەینەوە ئەو کەسانەی کە خاوەن بەرهەمی شیعر، چیرۆک و لێکۆڵینەوەن دەتوانن بەرهەمەکانیان بنێرن. تاکوو ئێستا لە ڕێگەی ئیمەیلێکی دەستنیشانکراو بووە و ئەوانەی کە لە شاری سلێمانین و دەستیان دەگات بە بنکەی گەلاوێژ بابەتەکانیان حزووری دەهێنن. هەروەها کە بەرواری وەرگرتنی بابەت کۆتایی پێ هات دەرگای وەرگرتنی بابەت دادەخرێت و بابەتەکان هیچ کەس نایبینێت و هیچ کەس نازانێت چ کەسێک لە کوێوە بابەتی ناردووە و دەدرێتە دەست کەسێکی باوەڕپێکراو و ئەو بەڕێزە دەیانکات بە کۆد و ئەم کۆدانە لەگەڵ بەرهەمەکە دەچێتە بەردەم لیژنە. ئێمە بە حەز و ئارەزووی خۆمان بابەتەکان دەستنیشان ناکەین بەڵکوو لە ئاست و توانای ئەو کەسانە ئێمە بڕیار دەدەین بۆ هەر بەش سێ کەسی زۆر شارەزا لە ئەو بوارە هەڵبژێرین. ئەم سێ کەسە بەرپرسن بۆ ئەوەی کە کێ یەکەم، دووهەم و سێهەم بێت. بە هیچ شێوەیەک بنکەی گەلاوێژ دەست ناخاتە نێو هەڵبژاردنەکان. لە ساڵی داهاتوودا ئێمە دوو هەنگاوی تر دەچینە پێشەوە یەکێک لە ئەوانە ئەوەیە پێشبڕکێکان تەنیا لە بواری چیرۆک، شیعر و لێکۆڵینەوە نامێنێت و وا پلانە دەقی شانۆیی و دەقی سیناریۆی فیلم لە خۆ بگرێت کە ئەمە دیسانەوە باوەش کردنەوەیە بۆ بەشە هونەرییە جیاوازەکان لە فێستیڤاڵی گەلاوێژدا و هەمان هەڵسەنگاندن کە بۆ چیرۆک و هتد دەکرێت بۆ دەقی شانۆش دەکرێت. هەوڵی دووهەمان ئەوەیە کە ئێمە ئیدی نە بە کاغەز و بە ئیمەیل بابەت وەرنەگرین بەڵکوو پلەتفۆرمی ئەسڵیی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ لە سەر مالپەڕی گەلاوێژ بە کار بێنین کە هەموو کەس دەتوانێت لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی چەند زمانەوە بەشداری بکات. کەسی بەشداربوو تەنیا کۆدێکی بۆ دەڕوات و ئەو کەسە دەبێتە خاوەن کۆدێک و هیچ کەس دوای ئەوە تەنانەت لیژنەکەش نازانێت ئەم بابەتە بە ناوی کێیە و لە کوێ ئەو بابەتەی ناردووە. ئەم هەنگاوانە بەشێک لە پلانەکانی ساڵی داهاتوون بۆ باشتر ڕێکخستن و وەرگرتنی کاری دادوەرییەکەی.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ڕۆمانی «چوار وەرز و ساڵێک» بەرهەمی خالق تەوەکولی بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *