خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی “پازار: فەرهەنگی ئینسایکلۆپێدیکی ڕەنگی کوردی” بڵاوکرایەوە

کتێبی “پازار: فەرهەنگی ئینسایکلۆپێدیکی ڕەنگی کوردی” بڵاوکرایەوە

کتێبی “پازار: فەرهەنگی ئینسایکلۆپێدیکی ڕەنگی کوردی” بڵاوکرایەوە

دوکتۆر بەختیار سەجادی

بەرهەمێکی ناوازە و هەواڵێکی خۆش

خۆشحاڵم بە بیستنی هەواڵی چاپ‌بوونی “پازار: فەرهەنگی ئینسایکلۆپێدیکی ڕەنگی کوردی”، دانانی خاتوو سەحەر موعێزی. ئەم فەرهەنگە تەنها بەرهەمێکی دانسقە نییە لە کتێبخانەی کوردیدا بەڵکوو نموونەی هاوشێوەشی لە زمانەکانی تر و لەو ئاستەدا نادۆزرێتەوە. کتێبەکەم بەر لە چاپ بینیوە و تا ڕادەیەک ئاگاداری ڕەوتی دانان و بڵاوکردنەوەیەم. کارێکی بێ‌وێنە و ناوازەیە. نموونەیەم لە هیچ زمانێکی تردا نەبینیوە: حەفتا و سێ هەزار ڕەنگ! کورد تەنها بۆ ڕەنگ حەفتا و سێ هەزار وشەی هەیە! سەرەتا باوەڕم نەدەکرد، بەڵام دوای بینین و پشکنینیەوە لە لایەکەوە شاگەشکە بووم بەو دەوڵەمەندییە و لە لایەکی تریشەوە ناڕەحەت بووم لەبەر ئەوەی دەسەڵاتە جیاجیاکان ئاوڕیان لەو دەوڵەمەندییە نەداوەتەوە و بۆخۆشمان ئاگامان لێ نییە.

کوردی لە ڕووی ژمارەی پەیڤ و وشەوە و لە باری داڕشتنی وشەوە و بە هۆی شێوەگەل و ڕێساگەلی وشەسازییەوە بە یەکێک لە زمانە هەرە دەوڵەمەندەکان دادەنرێت. شێوەزارە کوردییەکان لە ناوچە جیاوازەکاندا – جیاواز لە ڕووی جوگرافی، ئایینی و فەرهەنگییەوە – لە ژێر دەسەڵاتی سیاسیی جیاوازدا بە شێوەی خودبژیو و دوور لە یەک گەشەیان کردووە و نەبوونی پێوەندییەکی ڕێکخراو و هەمیشەیی لە نێوان دەسەڵاتە گەورە و بچووکەکانی سەردەمانی ڕابردوودا هێندەی تر سەربەخۆییی ڕێژەییی بەخشیوەتە شێوەزارەکان. هەر شێوەزارێکیش بۆخۆی بەسەر چەندین تاقم و دەستەی زمانیدا دابەش‌کراوە و هەڵگری قامووسی وشەی تایبەت بە خۆیەتی.

پێکهاتەی نەریتیی جڤاتە کوردییەکان لە ڕابردوودا و ئامادەبوونی یەکەگەلی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی لە سیستەمی فەرهەنگیی نەریتەواندا و هەروەتر بایەخی هەرە گرنگی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ لە گوندەکاندا تێکڕا هۆکاری سەرەکین بۆ فرەیی و زۆربوونی پەیڤی کوردی. فۆلکلۆری کوردیش، ڕێک وەک زمانی کوردی، چەشناوچەشن و فرەڕەنگ و چەندلایەنەیە. فۆلکلۆری کوردی بەسەر چەندین بەشی جیاوازدا دابەش دەکرێت و هەر بەشێک دەیان بن‌جۆر و ژێرچەشنی لەخۆگرتووە. کە ڕووبەڕووی دەوڵەمەندی و بەرفراوانیی زمان و فۆلکلۆری کوردی بووینەوە، پەسەندکردنی ئەو ڕاستییەی کورد حەفتا و سێ هەزار وشەی بۆ ڕەنگ هەیە ئاستەم نییە.

پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لە بەڕێز خاتوو سەحەر موعێزی دەکەم کە ماندوویی‌نەناسانە پرۆژەیەکی گەورە و پڕوردەکاریی لەو چەشنەی سەرکەوتووانە تەواو کرد و بەم شێوەیە ناوی خۆی وەک مرۆڤێکی هەڵکەوتە و بلیمەت لە مێژووی نەتەوەیەکی بێبەشدا تۆمار کرد. ئەم خاتوونە سیانزە ساڵی تەمەنی بۆ ئەم کارە تەرخانکردووە و هەر بۆیەش شایانی هەموو جۆرە ڕێزلێنانێکە. هەروەهاش، سوپاسی ئەکادیمیای کوردی و بە تایبەت بەڕێز دکتۆر عوسمان دەشتی دەکەم کە بەرەو پیری داواکارییەکەمانەوە هاتن و بڕیاریان دا لە چاپی بدەن.

سەرەتا بڕیار بوو پێشەکییەکی تێروتەسەل بۆ ئەم خەرمانە بەپێزە بنووسم، بەشێکیشم جێبەجێ کرد، بەڵام بەداخەوە کەمیی کات و زۆریی کار مۆڵەتی پێ نەدام هەمووی تەواو بکەم. گرنگ ئەوەیە خودی بەرهەمە بەپێزەکە لە چاپ‌ درا. دیسانەوە پیرۆزبایی لە هەموو تاکێکی دڵسۆزی کورد و هەموو ئەویندارانی پەیڤ و فۆلکلۆری بێ‌نازکەوتەی کوردی دەکەم. لە ڕووی ئەکادێمیکیشەوە، ئەم بەرهەمە گەلێک سوودبەخش و بەکەڵکە بۆ توێژەرانی بوارگەلی زمان، زمانناسی، فۆلکلۆر، ئەدەبی زارەکی، مرۆڤناسی و کۆمەڵناسی.

لە کۆتاییدا دیسانەوە دەست‌خۆشی لە دانەری زێدە هێژای ئەم بەرهەمە ڕەنگینە دەکەم و ماندوونەبوونی پێ ئەیژم. وەکوو کوردێک سوپاس و پێزانینم هەیە بۆ ئەو بارە قورسەی ئەم خاتوونە قەدرگرانە شانی داوەتە بەر. جێگای خۆشحاڵی و مایەی شانازییە کاتێ دەبینین خاتوونێک، سەڕەڕای کۆسپ و ئاستەنگە جۆراوجۆرەکانی ژیان لە ناوچەیەکی گەشەنەسەندوو و پڕئاریشەدا، بە هیچ شێوەیەک کۆڵ نادات و بەشێکی گەورەی ‌کات و وزەی خۆی تەرخان دەکات بۆ بەرهەمێکی ناوازەی لەو جۆرە. هیوادارم لە هەموو ژیانیدا سەرکەوتوو و سەرفەراز بێت، وەک هەمیشە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

همایش میرزا احمد داواشی بە میزبانی دانشگاه کردستان برگزار شد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *