
ماڵئاوایی پێشەنگە بێنازەکان؛ کوشتنی هۆشیاری، یان لەبیرچوونەوەی ئەرکی نەتەوەیی؟

جەعفەر قارەمانی
پوختە
ئەم وتارە، خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسی و فیکرییە کە تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە دیاردە مەترسیدارەکانی ئەم دواییانەی کۆمەڵگەی کوردی، ئەویش پشتگوێخستنی ڕێوڕەسمەکانی ماڵئاوایی و ڕێزلێنان لە کەسایەتییە ئەدەبی و کلتوورییەکان لە کاتی کۆچی دواییاندا. نووسەر لەم سۆنگەیەوە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم نەریتە ناتەندروستە تەنیا ڕووداوێکی کاتیی ماتەمینی نییە، بەڵکوو لێکەوتەی قووڵی دەروونی و فیکریی لێ دەکەوێتەوە و کۆمەڵگە تووشی جۆرێک لە «نەخۆشیی لەبیرچوونەوەی مێژوویی» دەکات.
لە ڕوانگەی شیکارییەوە، توێژەر خەسارناسیی ئەم دیاردەیە بۆ چوار خاڵی بنەڕەتی دەگەڕێنێتەوە: یەکەم، دروستبوونی قەیرانی شوناس و بێسەروشوێنبوونی کلتووری لە نەبوونی هێماکاندا. دووەم، کاڵبوونەوەی هەستی داهێنان و بڵاوبوونەوەی بێهیوایی کاتێک ماندووبوونی فیکریی پێشەنگەکان پشتگوێ دەخرێت. سێیەم، تێکچوونی هاوسەنگیی دەروونی و داڕمانی متمانەی کۆمەڵایەتی. چوارەم، پەروەردەکردنی نەوەیەک نامۆ لە مێژوو کە پەیوەندییان بە ڕابردوو و ناسنامەی نەتەوەییانەوە نەماوە. ئەم هۆکارانە پێکەوە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر داڕمانی هۆشیاریی نەتەوەیی و کاڵبوونەوەی هەستی بەرپرسیارێتیی مێژوویی.
لە بەشی کۆتایی و چارەسەردا، وتارەکە جەخت لەسەر پێویستیی دامەزراوەییکردنی پرۆسەکە لە ڕێگەی پەروەردە و میدیای نیشتمانییەوە دەکاتەوە، هەروەها بانگەواز بۆ گۆڕینی فەرهەنگی ماتەمینی بۆ فەرهەنگی یادکردنەوەی بەردەوام و ئەرشیفکردنی بەرهەمەکان دەکات. کاڵبوونەوەی ڕێوڕەسمی کەسایەتییە مەزنەکان لە کاتی ماڵئاواییاندا، تەنیا کێشەیەکی کاتی نییە، بەڵکوو نیشانەی پوکانەوەی هەستی بەرپرسیارێتیی مێژووییە لەناو کۆمەڵگەدا، بۆیە زیندووکردنەوەی ئەم نەریتە، واتە بەشداری لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە کەسایەتییەکان، پێویستی بە هۆشیارییەکی گشتگیر هەیە کە تێیدا یادەوەریی کۆمەڵایەتی وەک بنەمایەکی ستراتیژی بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی بپارێزرێت.
وشەسەرەکییەکان: ماڵئاوایی؛ هۆشیاریی کۆمەڵایەتی؛ قەیرانی شوناس.
سەرەتا
لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی و ڕێزلێنان لە کەسایەتییە ئەدەبی و کلتوورییەکان، تەنیا ڕووداوێکی کاتی یان کۆبوونەوەیەکی ڕووکاریی ماتەمینی نییە، بەڵکوو مەدالیایەکی زێڕین و کردەیەکی مەعریفییە بۆ زیندووهێشتنەوەی چاندی پێزانین و سپاسگوزاری. لە ڕوانگەی پەروەردەیی و کۆمەڵناسییەوە، ئەم نەریتانە کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر داهاتووی کۆمەڵگا هەن و وەک دەرفەتێکی زێڕین بۆ پێکان و بەدیهێنانی ئامانجە بنەڕەتییەکان دەبینرێن.
کاتێک باس لە پشتگوێخستنی ڕێوڕەسمەکانی ماڵئاوایی و ڕێزلێنان دەکەین، لە ڕاستیدا پەنجە دەخەینە سەر برینێکی قوڵی فیکری و کۆمەڵایەتی؛ برینێک کە تێیدا نەریتی ڕێزگرتن لە مرۆڤ و بەرهەمەکانی لەبیر دەچنەوە. کاتێک کۆمەڵگە بە دەزگا فەرمی و بەشە جەماوەرییەکانەوە، ڕێز لە گەورەکانی زمان و ئەدەب و هەڵکەوتووەکانی ناگرێت و لە کاتی ماڵئاواییان و پاش مەرگیشیاندا پشتگوێیان دەخات، پرۆسەی بەرهەمهێنانی مانا دەوەستێت. ئەمەش کۆمەڵگە تووشی جۆرێک لە «نەخۆشیی لەبیرچوونەوەی مێژوویی» دەکات؛ واتە ئاگایی کۆمەڵایەتی تووشی جۆرێک لە کوێربوونی مێژوویی دەبێت و پێگەی خۆی لە کات و شوێندا لەدەست دەدات. ئەم دیاردەیە تەنیا کێشەیەکی ساکار نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر دەروونی تاکی کورد و پێکهاتەی کۆمەڵگە لێ دەکەوێتەوە:
۱. قەیرانی شوناس و بێسەروشوێنبوونی کلتووری: مرۆڤ بەبێ یادەوەری و هێماکان دەبێتە بوونەوەرێکی بێئامانج. ڕێوڕەسمەکانی ماڵئاوایی و ڕێزلێنان تەنیا بۆ پیاهەڵدان و درووشمدان نییە، بەڵکوو ئارشیفێکی زیندووی ئەخلاقیی کۆمەڵگەن. کاتێک کۆمەڵگە بەبێ هیچ پێزانینێک نووسەرێک، زانایەک، یان هەڵکەوتوویەک لە کاتی کۆچی دوایی بەتەنیا جێدەهێڵێت و ماڵئاوایی لێ ناکات، بەرەی نوێ هەست بە قەیرانی شوناس و بێسەروشوێنبوونی کلتووری دەکات.
۲.کاڵبوونەوەی هەستی داهێنان و نوقمبوون لە بێهیواییدا: کۆمەڵگەی زیندوو بەوە دەناسرێت کە نرخی «ماندوبوونی فیکری و جەستەیی» پێشەنگەکانی دەزانێت. کاتێک بەهاکانی کارکردن، خۆنەویستی و خزمەتکردن دەكەونە بەر ئاراستەی لەبیرچوونەوە، پەیامێکی کوشندە بە کۆمەڵگە دەدرێت: «ماندوبوون هیچ بەهایەکی نییە». ئەم دۆخە ژینگەیەکی ناتەندروست دروست دەکات کە تێیدا ساردبوونەوە لە خزمەتکردنی گشتی پەرە دەسێنێت. تاکەکان هەست بە نامۆیی (بیانیبوون) دەکەن، چونکە دەبینن ماندووبوونی ساڵانی تەمەنیان لە پێناو کۆمەڵگەدا دەبێتە قوربانیی بێدەنگی و پشتگوێخستنی گشتی.
۳. تێکچوونی هاوسەنگیی دەروونی و ناتەندروستیی کۆمەڵایەتی: هاوسەنگیی دەروونیی تاکی کورد بەستراوەتەوە بەو پردی سۆزداری و ئەخلاقییەی کە نەوەکان بەیەکەوە گرێ دەدات. کاتێک ئەم پردە دەڕوخێت:
٣. ١. متمانەی کۆمەڵایەتی دادەڕمێت؛ تاکەکان متمانەیان بە هاووڵاتیبوون و کۆمەڵگەکەیان نابێت.
٣. ٢. شەونخوونیی فیکری نرخ و بەهای نامێنێت؛ ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێبەری فیکری و کەسایەتییە کاریگەرەکان مەودای کارکردنیان بەرتەسک بێتەوە، یان پەنا بۆ بێدەنگی بەرن.
٤. پەروەردەکردنی نەوەیەک نامۆ لە مێژوو: ئەنجامی درێژخایەنی ئەم پرۆسەیە، دروستبوونی نەوەیەکە کە نە لە ڕابردوو تێدەگات و نە دەتوانێت داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خۆی بنیات بنێت. نەوەیەک کە نەزانێت لە کوێوە هەڵقوڵاوە، لە داهاتووشدا ڕێگای خۆی ون دەکات. ئەم بەرەیە بێئاگایە لەو ڕەنجە مێژووییەی کە بۆ ڕاگرتنی کلتوور، زمان و پێگەی فیکریی ئەم کۆمەڵگەیە دراوە، بۆیە ئەم نەریتی لەبیرچوونەوەیە هەڕەشەی داڕمانی هۆشیاریی نەتەوەیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ڕێزلێنان لە کەسایەتییە نەتەوەییەکان، فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ دروستکردنی متمانەبەخۆبوون لەناو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا. کاتێک بەرەی نوێ دەزانێت سەر بە نەتەوەیەکە، خاوەنی مێژوویەکی دەوڵەمەند و کەسایەتیی خۆنەویستی گەورەیە، هەستی شانازیی نەتەوەیی تێیاندا گەشە دەکات.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و ڕێگریکردن لە فراوانتربوونی گرنگینەدان بە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە کەسایەتییە نەتەوەییەکان، پێویستە ئەم هەنگاوانە بنرێن:
۱. دامەزراوەیی کردن: قوتابخانە و زانکۆکان ڕۆڵی سەرەکی لە ناساندنی کەسایەتییەکان لە ڕێگەی پڕۆگرامی خوێندن و چالاکیی دەرەوەی پۆلەوە بگێڕن.
۲. ڕۆڵی میدیا: میدیای نیشتمانی بایەخێکی ڕاستەقینە بە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی و ڕێزلێنان بدات، نەک بە شێوەیەکی لاوەکی مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.
۳. گۆڕینی فەرهەنگی ماتەمینی بۆ فەرهەنگی یادکردنەوەی بەردەوام: لە کاتی ماڵئاواییدا، گرنگی بە ئەرشیفکردن، لێکۆڵینەوە لە بەرهەمەکان و بەخشینی خەڵاتی ساڵانە بە ناوی ئەو کەسایەتییانەوە بدرێت. پاراستنی مێژوو، پاراستنی بوونی نەتەوەیەکە؛ گرنگینەدان و پشتگوێخستنی ئەم ڕێوڕەسمانە؛ واتە دەستبەرداربوون لە بناغەکانی مانەوەی خۆمان.
ئەنجام
ئەگەر کۆمەڵگە نەیەوێت بکەوێتە ناو زەلکاوی لەبیرچوونەوە و داڕمانی فیکرییەوە، دەبێت ئەم نەریتە ناتەندروستەی پشتگوێخستن ڕەت بکاتەوە. ڕێزلێنان لە تێکۆشەرانی ڕێگای هۆشیاری و کلتوور، تەنیا ڕێزلێنان لە تاکێک نییە، بەڵکوو پاراستنی کەرامەتی دەروونی و مێژوویی هەموو کۆمەڵگەیە. ماڵئاواییی شایستە و بەهادان بە پێشەنگان، زامنی ئەوەیە کە نەوەی داهاتوو بە متمانە و سەربەرزییەوە سەیری داهاتووی خۆی بکات. کۆی ئەم خەسارناسییە دەریدەخات کە کاڵبوونەوەی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی کەسایەتییە مەزنەکان لە کاتی ماڵئاواییاندا، تەنیا کێشەیەکی کاتی نییە، بەڵکوو نیشانەی پوکانەوەی هەستی بەرپرسیارێتیی مێژووییە لەناو کۆمەڵگەدا. ڕیشەکێشکردن و سڕینەوەی ئەم دیاردەیە، پێویستی بە هۆشیارییەکی گشتگیر هەیە، کە تێیدا یادەوەریی کۆمەڵایەتی وەک بنەمایەکی ستراتیژی بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی بپارێزرێت.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.
ماڵی کتێبی کوردی