گرەوی بەختی هەڵاڵە و حەکایەتی میر خوناوک و خاتوو کڵاوزێڕ: سەرنجێک لەسەر پێکهاتەی ڕۆمانەکە
پێکهاتەی ڕۆمانی یولیسێس، نووسینی جه‌یمز جۆیس، به پێی ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌کانی ناو به‌رهه‌می حه‌ماسیی ئۆدیسه‌ی هۆمێر دانراوه. به واتایه‌کی تر، ئه‌و ڕووداوانه‌ی بۆ ئۆدیسه دێنه گۆڕێ و ئه‌و شوێنانه‌ی سه‌ردانیان ده‌کات له یولیسێس‌دا به شێوه‌یه‌کی ته‌وساوی بۆ لێئۆپا‌ڵد بلووم دێنه ئاراوه. هه‌ر به هه‌مان شێوەش، پێکهاته‌ی ڕۆمانی قێڕە و تووڕەیی، بەرهەمی ویلیا‌م فاکنێر، له پێکهاته‌ی کتێبی پیرۆزی ئینجیل، به‌ڵێنی نوێ، نزیکه چونکه ڕۆمانه‌که و کتێبی یه‌که‌می ئینجیل له چوار به‌ش پێکهاتوونه و هه‌ر وه‌ک چۆن عیسای پێغه‌مبه‌ر هیچ کام له چوار به‌شی ده‌ستپێکی به‌ڵێنی نوێ ناگێڕێته‌وه، له قێڕە وتووڔەییش‌دا ”کەدی” که حه‌زلێکراوی فاکنێرە هیچ کام له چوار به‌شه‌که ناگێڕێته‌وه. له شانۆنامه‌ی “چلوورەفرۆشه‌که دێت”، به‌رهه‌می یوجین ئۆنیل، پێکهاته‌ی په‌رده‌ی دووەمی شانۆنامه‌که به گوێره‌ی ڕووداوه‌کانی دواهەمین شامی عیسا مه‌سیح داڕێژراوه.
له ڕۆمانی گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه‌دا هاوشێوه‌ییه‌ک دەبیندرێ له نێوان زۆربه‌ی ڕووداوه سه‌ره‌کییه‌کان و یه‌کێک له حه‌قایه‌ته کۆنه کوردییه‌کاندڵ به ناوی حه‌قایه‌تی میرخوناوک و خاتوو کڵاوزێڕ. وێک‌چوویی نێوان ئه‌م حه‌قایه‌ته و چه‌ند ژێرگه‌ڵا‌ڵه‌یه‌کی ڕۆمانه‌که هێنده بەرچاوه که ته‌نانه‌ت دەشکرێ بڵێین پێکهاته‌ی ڕۆمانه‌که له چه‌ندی به‌شی ڕۆمانه‌که‌دا به گوێره‌ی ئه‌م حه‌کایه‌ته خه‌مڵێنراوه. دانەر به‌و په‌ڕی وردکارییه‌وه ئه‌م کاره‌ی به ئه‌نجام گه‌یاندووە و پاش خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که خوێنه‌ر تێده‌گات که ئه‌م حه‌کایه‌ته به چه‌ندین شێوه‌ی له ڕواڵه‌تدا جیاجیا و به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا به یه‌ک پێکهاته‌ی هاوبه‌شه‌وه له چه‌ند ژێرگه‌ڵا‌ڵه‌یه‌کی ڕۆمانه‌که‌دا ده‌رکه‌وتوو.
کاتێ له ده‌ستپێکی ڕۆمانه‌که‌دا باسی ئه‌م حه‌قایه‌ته ده‌کرێ، به‌و شێوه‌یه‌ی دایه‌گه‌وره ده‌یگێڕێته‌وه و ئێستا له بیرگه‌ی هه‌ڵاڵه و که‌واته گێڕه‌وه‌دا ماوه، له پڕێکدا حه‌مه ڕه‌شید ئاغای باوکی هه‌ڵاڵه جێگه‌ی میرخوناوک ده‌گرێته‌وه. لێره‌دا نووسه‌ر به شاره‌زاییه‌کی ته‌واوه‌وه هه‌ر دوو ڕووداو ـ حه‌کایه‌تی میرخوناوک و به‌سه‌رهاتی حه‌مه‌ڕه‌شید ئاغا ـ تێکه‌ڵی یه‌کتر ده‌کا، به‌ڵام خاڵی سه‌رنجڕاکێشتر ئه‌وه‌یه که هه‌ر وه‌ک چۆن خاتوو کڵاوزێڕ خه‌ڵاتی میرخوناوکه، ئاخۆ هه‌ر به هه‌مان شێوه‌ش ڕه‌عنا خه‌ڵاتی حه‌مه‌ڕه‌شید ئاغایه؟ (دواتر حه‌مه‌ره‌شید ئاغا له شاخدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ژن و منداڵی هه‌یه ڕه‌عنا وەک هاوسه‌ری خۆی دیاریدەکات). له لایه‌کی تره‌وه، ئایا هه‌ر ئه‌م حه‌قایه‌ته له به‌سه‌رهاتی شێرزاددا ڕه‌نگ ناداته‌وه؟ شێرزادیش که ده‌چێ بۆ شه‌ڕ له شاخدا دواتر وه‌کوو خه‌ڵاتێک ده‌یه‌وێ هه‌ڵاڵه بباته‌وه. لێره‌دا چیرۆکی ئه‌ویندارانه‌ی نێوان هه‌ڵاڵه و برایمۆک جیاوازه، چونکه برایمۆک بۆ شه‌ڕ نه‌چوو بۆ شاخ، به‌ڵکوو پاش ئه‌و ڕووداوه تاڵه‌ی ناو شار، بڕیار ده‌دا ڕوو لە شاخ بکات، که‌واته ده‌توانین به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه هاوشێوه‌یی و هاوته‌ریبی دوو ژێرگه‌ڵا‌ڵه‌ی ڕۆمانه‌که له‌گه‌ڵ حه‌قایه‌تی میرخوناوک و خاتوو کڵاوزێڕدا ده‌ستنیشان بکه‌ین:
۱. میرخوناوک؛ شه‌ڕی دێوه‌کان؛ خاتوو کڵاوزێڕ
۲. حه‌مه‌ڕه‌شید ئاغا؛ شه‌ڕ له شاخ؛ ڕه‌عنا
۳. شێرزاد؛ شه‌ڕ له شاخ؛ هه‌ڵاڵه
هاوته‌ریبییه‌کی ورده‌کارانه‌ی تر له نێوانْ کۆمه‌ڵێ ڕووداوی تری ڕۆمانه‌که‌دا له ئارادایه که له ڕواڵه‌تی هەندێ شانۆگه‌ری و گه‌مه‌دا دەردەکەون. هه‌ڵاڵه لە هه‌موو ئه‌و گه‌مه و شانۆگه‌ریانه‌دا ئاماده‌یه. بۆ نموونه، گه‌مه‌ی هه‌ڵاڵه له‌گه‌ڵ که‌مال، یان جه‌مال کاتێ منداڵن هاوشێوه‌یه له‌گه‌ڵ شانۆگه‌ری ژاندارک له شاخ. ئه‌م دوو شانۆگه‌رییه هاوشێوه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و سێناریۆیه‌ی باوکی هه‌ڵاڵه بۆ هه‌ڵاڵه‌ی ساز کردووه و به‌و پێیەش هه‌ڵاڵه ده‌بێ ببێته خێزانی شێرزاد. له هه‌ر سێ شانۆگه‌رییه‌که‌دا هه‌ڵاڵه له‌گه‌ڵ پیاوێکدا ڕووبه‌ڕووه و له هه‌ر سێکیاندا مه‌رگ ئاماده‌یه، به‌ڵام جیاوازیی شانۆگه‌ری سێیه‌م له‌وه‌دایه که هه‌ڵاڵه لێره‌دا حه‌ز ناکات بببێته هاوسه‌ری شێرزاد، که‌چی پێشتر هه‌ستی دڵدارانه‌ی بۆ برایمۆک هه‌بوو و ته‌نانه‌ت پاش چه‌ند ساڵ هه‌ر ئه‌و هه‌سته‌ی بۆ که‌مال، یان جه‌مال ماوه.
لە شانۆگه‌ری یه‌که‌مدا که‌مال، یان جه‌مال ده‌وری کوژراوێک ده‌گێڕێ، له شانۆگه‌ری ژاندارک‌دا هه‌ڵاڵه ده‌وری ژاندارک ده‌گێڕێ که کڵێسا بڕیاری سووتاندنی داوه و له شانۆگه‌ری سێیه‌مدا هه‌ڵاڵه به ڕاستی ده‌کوژرێ. شانۆگه‌ری دووه‌م و سێیه‌م به‌م شێوه‌یه پێکه‌وه گرێ دراون که ئه‌گه‌رچی هه‌ڵاڵه گره‌وه‌که له باوکی ده‌باته‌وه، به‌ڵام برایمۆک به کوژراوی ده‌بیننه‌وه و پاشان ئه‌مه خودی ههڵاڵهیه که ده‌بێته قوربانی سێناریۆکه‌ی باوکی. لێره‌دا سه‌رنجدان به‌م هاوته‌ریبییه‌ی خواره‌وه زیاتر له‌و ورده‌کاریانه ئاگادارمان ده‌کاته‌وه که نووسه‌ری ئه‌م ڕۆمانه له دانانی گه‌ڵاڵه و ژێرگه‌ڵا‌ڵه‌کاندا ڕه‌چاوی کردووه:
۱. هه‌ڵاڵه؛ که‌مال (جه‌مال)؛ گه‌مه‌ی منداڵانه
۲. هه‌ڵاڵه؛ برایمۆک؛ شانۆگه‌ری ژاندارک
۳. هه‌ڵاڵه؛ شێرزاد؛ سێناریۆی باوکی هه‌ڵاڵه
هه‌موو ئه‌و هاوشێوه‌یی و هاوکێشانه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خه‌ن که نووسه‌ر به بایه‌خه‌وه ڕوانیویه‌ته پێکهاته و بنه‌مای ڕۆمانه‌که. به بڕوای من، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه گرنگترین لایه‌نی ڕۆمانه‌که‌یه. ئه‌گه‌ر ڕۆمانه‌که به وردی بخوێنینه‌وه له هه‌ندێ هاوشێوه‌یی دیکەش تێده‌گه‌ین….
سەرچاوە: بەشێک لە وتاری “گێڕانەوەی نوێکارانە و پێکهاتەی هونەری لە ڕۆمانی کوردی‌دا” نووسینی د. بەختیار سەجادی، گەلاوێژی نوێ، ژ. ۵۳، لل. ۷۹-٦۲، ۲۰۰۹.
.ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.