ناسنامه: تۆقی عه‌زازیل؛ سه‌یدقادر هیدایه‌تی، چاپی سێهه‌م، چاپه‌مه‌نی خانی، سه‌قز ۲۰۱۸
چیرۆكی داڕمان و تێهه‌ڵچوونه‌وه لە ڕۆمانی “تۆقی عه‌زازیل”ی سه‌ید قادر هیدایه‌تی دا
عه‌زیز مه‌حموودپوور
?یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مۆدێرنێته سڕینه‌وه‌ی ڕاز و ڕه‌مزه له سروشت و بیری پێش‌مۆدێرن. بیری مۆدێرن حه‌ول ده‌دا ڕه‌مز و ڕاز له ڕوانگه‌ی جادوویی و دینی بسڕێته‌وه كه وه‌ك پێداوێكی سه‌ره‌كی بۆ ئه‌وه‌ی سروشت و ئینسان له ته‌مومژدا بمێننه‌وه كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گرت. هاوكات له‌گه‌ڵ گۆڕانی ڕوانگه‌ی ئینسان سه‌باره‌ت به سروشت و خۆی و تێڕامانی سه‌باره‌ت به بوون، ڕوانگهشی سه‌باره‌ت به زمان گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه. ئه‌گه‌ر زمان له‌و دنیا جادوویی و دینییه‌دا كه‌ره‌سته‌یه‌ك بوو له خزمه‌ت پێناسه‌كردن و په‌سنی ئه‌م فه‌زا جادووییه، له دۆخی مۆدێرندا زمان دژكرده‌وه و ئامێرێكه له هه‌مبه‌ر ئه‌م دنیایه‌دا. هه‌روه‌ها حه‌ولێكی به‌رده‌وام و بێوچانه بۆ ڕۆنانی دنیایه‌كی زمانیی نوێ كه ده‌روه‌ستی په‌سنی ئه‌م دۆخه نوێیه بێت. له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا زمان نه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و واتا له‌مێژینانه ده‌كه‌وێته به‌ربه‌ره‌كانێ و توێژ داوێژێ، به‌ڵكو له هه‌مبه‌ر خۆشی‌دا ده‌وه‌ستێ و له‌گه‌ڵ خۆشی‌دا ده‌كه‌وێته ململانه و شه‌ڕێكی زمانییه‌وه. هه‌ر چه‌شنه گۆڕانێك له كۆمه‌ڵگا و له بیر و ئه‌ندێشه‌ی ئینسانی‌دا له پێشدا له سه‌تحی زماندا ڕوو ده‌دا و زمان به‌ستێنی ته‌راتێنی ئه‌و شه‌ڕه فكری و گۆڕانه فكرییه‌یه. یانی هه‌ر چه‌شنه گۆڕانێك له بیر و ئه‌ندێشه‌ی كۆمه‌ڵگادا گۆڕانی ڕاسته‌وخۆی حه‌وزه‌ی زمانی له‌دووه. زمانی ئینسانی پێش‌مۆدێرن بوونێكی وه‌ستاو و نه‌گۆڕه. زمان له خزمه‌ت ئه‌و ڕوانگه نهگۆڕهدایه. مرۆ مافی ده‌ستێوه‌ردانی له‌و سیستمه زمانی و تێفكرینهدا نییه كه بۆی دیاریكراوه. یانی مافی هیچ كه‌م و زیادكردنێكی به‌سه‌ر چه‌مكه زمانییه‌كاندا نییه. مرۆی پێش‌مۆدێرن له باری فكرییه‌وه ئینسانێكی ئه‌فسوونزه‌ده و مریده. مریدی موقتهدایهكی پیرۆز كه پیرۆزیی خۆی له دنیایه‌كی میتافیزیكی به‌ده‌ستهێناوه. پیرۆزییه‌كان به سه‌ختترین شێوه ده‌پارێزرێن و مل ناده‌نه به‌ر گۆڕان. زمان له خزمه‌ت پاراستنی ئه‌و پیرۆزییه ئایینی و جادووییهدایه و به بڕشتترین ئامێره بۆ به‌رده‌وامیدان به‌م شێوازه فكرییه.
?ئه‌م به‌راییه كورته ده‌كه‌ینه بیانوویه‌ك بۆ چوونه نێو باسه‌كه‌مان كه به‌رهه‌مێكی ڕیوایه‌تییه و له‌وێدا ئه‌م شه‌ڕه زمانی و ئه‌م گۆڕانه زمانییه به ڕوونی ده‌بینرێ. ئه‌وه‌ی له ڕۆمانی تۆقیعهزازیلدا له هه‌موو شت به‌رچاوتره، گێڕانه‌وه و به‌تایبه‌ت زمانی گێڕانه‌وه‌یه. زمانێك كه نوێنه‌ری ئه‌و دنیا جادوویی و ڕهمزاوییهیه و له عه‌ینی حاڵیش‌دا پێكهاته‌یه‌كی نوێی زمانییه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و دنیا ئایینی و فه‌زا میتافیزیكییه. زمان له‌م ڕۆمانه‌دا ماكی سه‌ره‌كی و خاڵێكی پڕ ڕه‌نگامه‌یه بۆ دووان و شرۆڤه‌كردن. به‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه كه له ده‌قێكی زانستیدا زمان و ده‌لاله‌ته زمانییه‌كان ڕوون و ئاشكران و له ده‌قێكی هونه‌ریدا ده‌لاله‌ته زمانییه‌كان شاراوه‌ن و چه‌ن توێژی مانایی له‌خۆ ده‌گرن و ئێمه له‌م وتاره‌دا حهولدهدهین له‌و چه‌ن ڕه‌هه‌ندییه‌ی كه زمانی گێڕانه‌وه كه‌ڵكی لێوه‌رگرتووه بدوێین و باس له‌و چه‌ن توێژاڵییهی زمان له‌م به‌رهه‌مه‌دا بكه‌ین. ئه‌وه‌ی كه زمانی ڕۆمانی تۆقیعهزازیلی زه‌ق كردۆته‌وه ئه‌و پارادۆكسه زمانییه‌یه كه له ناخی زمانهكهیدایه. هه‌روه‌ك پێشتر كوترا زمانی دنیای سوننه‌تی و پێش‌مۆدێرن كه‌ره‌سته‌یه‌كه بۆ به‌رده‌وامیدان به‌و بیره و یه‌كێكه له ئه‌ستوونه به‌هێزه‌كانی ئه‌و دنیا ڕه‌مزاوییه. به‌ڵام له‌م ڕۆمانه‌دا ڕاست هه‌ر له‌و كه‌ره‌سته زمانییه كه هه‌موو نه‌سه‌ن و ڕه‌سه‌نه‌كانی زمانێكی سوننه‌تی له‌خۆ گرتووه كه‌ڵك وه‌رگیراوه. یانی به ئامیانێكی به ڕواڵه‌ت سوننه‌تی كه‌ڵك وه‌رگیراوه بۆ گێڕانه‌وه‌یه‌كی مۆدێرن و سه‌یرتر له‌و ڕۆنانی زمانێكی مۆدێرن. ئه‌م شێوازه ئیبتكارییه نموونه‌ی نییه له‌نێو زمانی گێڕانه‌وه‌ی كوردیدا. له‌م زمانه ڕیوایهتییهدا كه‌ڵك له زمانێكی سواو و مه‌زهه‌بی و خانه‌قایی وه‌رگیراوه. زمانێك كه ده‌ربڕ و پێناسه‌ی بیر و ئه‌ندێشه‌یه‌كی مه‌زهه‌بی و ئاینییه. زمانێك كه قه‌ت سه‌رنجی چیرۆكنووسانی بۆ لای خۆی ڕانه‌كێشاوه هه‌تا بۆ گێڕانه‌وه‌ی كاره‌كانیان كه‌ڵكی لێوه‌رگرن. ئه‌و كاره زمانییه‌ی له ڕۆمانی تۆقیعهزازیلدا كراوه و ئه‌و له‌حنه جیاوازه‌ی ڕۆمانی پێ گێڕدراوه‌ته‌وه كارێكه كه زۆرتر شاعیران كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرن. یانی پاش ئه‌وه‌ی هه‌رێمێكی زمانی هه‌ڵده‌چۆڕێ له كاركردی جوانیناسانه و تۆزی فه‌رامۆشییان له‌سه‌ر ده‌نیشێ شاعیران بۆ جارێكی دی به‌سه‌ریان ده‌كه‌نه‌وه و به هۆنینه‌وه و تێكههڵشێلانی دووباره‌ی ئه‌و زمانه سواو و مردووانه، كاركردێكی جوانیناسانه و ئیحساسی نوێ و شهخسسییهتێكی زمانی نوێ به‌و هه‌رێمه زمانییه مردووانه ده‌به‌خشن و به‌م شێوه‌یه زمان ده‌بووژێننه‌وه و ئه‌و واژه و ده‌سته‌واژانه‌ی كه ئێمه پێمانوابووه له ئیستاتیكی زمانی ههڵچۆڕاون به شێوازێكی نوێ ڕه‌عه‌مه‌ل دێننه‌وه و به شێوه‌یه‌كی دیكه به ئێمه‌ی خوێنه‌ری ده‌نوێننه‌وه. ئه‌و كاره له تۆقیعهزازیلیشدا كراوه و له زمانێكی به ته‌واوه‌ت سوننه‌تی كه قه‌ڵای بیر و بڕوایه‌كی سوننه‌تی و محافزهكاره و چه‌ندین و چه‌ن ساڵه بڵنگۆ و زاری ئه‌و فكره بووه، ئێستا وه‌ك ئانتیتێزێك عه‌مه‌ل ده‌كات بۆ ده‌بڕینی پێكهاته‌یه‌كی ڕیوایه‌تی به ته‌واوه‌ت مۆدێرن. سه‌یر ئه‌وه‌یه كه ئه‌و زمانه به ته‌واوه‌ت محافهزهكار و سوننه‌تییه وه‌ك دژبهرێك له به‌رامبه‌ر خۆیدا كه‌ڵكی لێوه‌رگیراوه وه‌ك ئه‌وه‌ی له ناخوداگای ئه‌و زمانه‌دا گه‌مه‌یه‌كی دیالكتیكی خۆی حه‌شاردابێ و دژی خۆی له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگرتبێ هه‌تا له ڕۆمانێكدا بۆ دژایه‌تیكردنی ساختاری فكری خۆی كه‌ڵكی لێوه‌رگیرێ. ئه‌وه‌ی كه ڕوون و ئاشكرایه ئه‌وه‌یه كه ساختاری زمان ڕاست ئه‌و ساختاره مرید و مرادییهیه كه مریدێك له حاند مراد و موقته‌دای خۆیدا له كاری ده‌كات به‌ڵام ئه‌و ئاكامه عه‌مه‌لییه‌ی له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قه وه‌ده‌ستدێ شتێكی جیاواز له‌و شته‌یه كه ده‌بێ ببێ. لێره‌دا زمان دژ به خۆی هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه و ده‌بێته ته‌ورێك كه بنه‌ما فكری و ئیدۆئۆلۆژییهكانی خۆی له بن دێنێ. زمان له‌و حاڵه‌ته وه‌ستاو و خه‌ساوه جاڕز ده‌بێ و به‌خۆدا دێته‌وه و ده‌بێته زه‌رفێك بۆ ده‌ربڕینێكی نوێ و هه‌ڵگری توخم و ڕوانگه‌یه‌كی نوێیه. «من سه‌گی به‌رپێی ئه‌و زاته، حه‌دی ئه‌وه‌م نییه ئه‌م به‌سه‌رهاته بگێڕمه‌وه. به‌سه‌رهات و ژیننامه‌ی ئه‌و مشایه‌خه «ڕۆح و گیانم به فیدایان» بۆ منی ئۆمی بێسه‌ر و زمانی خاكه‌ساری ڕووڕه‌شی بێ په‌نا و پشتیوان نابێ.»
زمانی مریدێكی خاكهسهر
?ڕۆمان به‌م شێوازه گێڕانه‌وه و به‌م زمانه كه زمانی مریدێكی خاكهساره له حاند مرادێكی پیرۆز، ده‌ستپێده‌كا و هه‌تا ئاخر دێڕه‌كان ئه‌م له‌حن و ڕاوێژه له زمانی گێڕانه‌وه‌دا ده‌پارێزرێ. به‌ڵام درێژه‌داربوونی گێڕانه‌وه خوێنه‌ر به‌م قه‌ناعه‌ته ده‌گه‌یه‌نێ كه ڕاوی جگه له مریدایه‌تی ئه‌ركێكی گه‌وره‌تری له‌سه‌ر شانه و زمانی ئه‌و مریده نه‌ك له خزمه‌ت ئه‌و سیستمه فكرییهدا نییه به‌ڵكو هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و دژكردهوهیهكه له حاند ئه‌و فكره‌دا. ڕاوی هه‌رچه‌ند به ڕواڵه‌ت وا ده‌نوێنێ كه سوڕ و نهێنی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه ناگێڕێته‌وه به‌ڵام له عه‌مه‌لدا ده‌یگێڕێته‌وه و به‌م چه‌شنه ده‌بێته بگێڕه‌وه‌ی ئه‌و ڕازه پیرۆزانه كه بۆیان نییه بدركێن و ئاشكرا ببن. پیرۆزی مراد و موقته‌دا له‌وه‌دایه نهێنییه‌كانی له ته‌مدا بمێنێته‌وه. به‌ڵام ڕاوی ڕاوییهكی زیره‌كه و به‌ره به به‌ره سیمای ڕاسته‌قینه‌ی مراد له مژی پیرۆزی دێنێته ده‌رێ و به ئارامی ڕواڵه‌تی حه‌قیقی ئه‌م كاراكته‌ره ڕه‌مزاوییه كه مێژوویه‌كی ئایینی دوور و درێژ كه‌سایه‌تی ئه‌ویان خوڵقاندووه ڕوون ده‌كاته‌وه. كه‌سایه‌تی شێخ باپیر كه ڕه‌مزی ئه‌و پیرۆزییه‌یه و له سه‌ره‌تای ڕۆماندا له‌وپه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتدایه و خانه‌قا كه مه‌كۆ و پارێزه‌ری سیستمی مرید و مرادییه له ڕمێندایه. به‌ڵام هه‌رچه‌ند زه‌مان تێده‌په‌ڕی و كه‌سایه‌تی نوێ دێنه بازنه‌ی گێڕانه‌وه له قورسایی ئه‌و دنیا ڕه‌مزاوییه كه‌م ده‌بێته‌وه. وه‌ستا خه‌سره‌و و كامیل بیانوویهكن بۆئه‌وه‌ی نیشان بدرێ ئه‌م چه‌شنه فكر و ئه‌ندێشه‌یه پێگه‌یه‌كی قایم و پته‌وی هه‌یه. خانه‌قا و ته‌كیه له‌وپه‌ڕی گه‌شه و نه‌شه‌ی خۆی دایه و تازه‌بوونه‌وه‌ی میعماری خانه‌قا به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌یه بۆ ئه‌م گه‌شه و نه‌شه‌یه. ئه‌و هێزه میتافیزیكییه ته‌نیا له كه‌سایه‌تی كاریزماتیكی شێخدا چڕ نه‌بۆته‌وه به‌ڵكو ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له فۆرمی جهستهییشدا خۆ ده‌نوێنی ئه‌م شته له هه‌یبه‌تی پیاوێك كه ده‌توانێ هاوكات ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ندین مێیینه‌دا بگرێ و چه‌ندین ژنی هه‌بێت ڕه‌نگده‌داته‌وه. هه‌روه‌ها خۆشه‌ویستی ئه‌م كه‌سایه‌تییه له نێو دڵی مریدهكانیدا هه‌تا ئه‌و ڕاده‌یه پته‌و و ڕیشه‌داره كه «قومێك له پاشماوی ده‌سنوێژ هه‌ڵگرتنه‌كه‌ی به‌فیڕۆ نه‌ده‌ڕۆیشت و نه‌ده‌كه‌وته عه‌رزی.» شێخ باپیر نموونه‌ی زه‌قی ئه‌و كه‌سایه‌تییه ئایینی و پیرۆزانه‌یه كه قورسایی هه‌زاران ساڵه‌ی له‌سه‌ر شانه و دووپات بۆوه و كۆپی ئه‌و چه‌شنه كهسایهتیانهیه كه نموونه‌یان له مێژووی ئایین و دنیای سۆفیانه‌دا زۆره. ئه‌م كه‌سایه‌تییه به‌رده‌وام به‌و ئاكارانه‌ی له خۆی نیشانده‌دا و به‌و په‌رچه‌كردارانه‌ی ده‌وروبه‌ر له حاند ئه‌ودا نیشانی ده‌ده‌ن، خوێنه‌ر هان ده‌دا بگه‌ڕێته‌وه بۆ ڕابردوو و له نێو كهساییهتییه مێژوویی و ئایینییه‌كاندا هاوتا و هاوسه‌نگی بۆ ببینێته‌وه و به‌م چه‌شنه ئه‌و زمانه‌ی كه ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ی پێخوڵقاوه هاوكات چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی مانایی لێده‌بێته‌وه كه ده‌كرێ هه‌ر ڕه‌هه‌ندێك ته‌ئویلێكی سه‌ربه‌خۆی لێبكرێ. ته‌نانه‌ت كه‌سایه‌تی شێخباپیر وه‌ها پێگه‌یه‌كی ئیلاهی به‌خۆوه ده‌گرێ كه ته‌نانه‌ت خودی ڕاویش كه تاكه سه‌رچاوه‌یه هه‌تا ته‌م له‌سه‌ر ئه‌م كه‌سایه‌تییه بڕه‌وێنێ جارجار ناوێرێ زۆری لێ نزیك بێته‌وه و قسه و وته نهێنییه‌كانی بدركێنێ. ئه‌وه ڕاست ئه‌و كاته‌یه كه شێخباپیر و ته‌كییه له‌وپه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان دان و ته‌نانه‌ت خودی ڕاویش ده‌ستی پێیڕاناگا هه‌تا به‌و شێوه‌یه‌ی كه پێویسته بیگێڕێته‌وه و په‌سنی بكا. سه‌حنه‌ی وتووێژی شێخباپیر و عه‌تاخان له‌و سهحنانهیه كه ته‌نیا حاڵه‌تی زاهیری شێخ و عه‌تاخان نیشان ده‌درێ و هیچ ئاماژه‌یه‌ك به نێوه‌ڕۆكی ئه‌م وتووێژانه ناكرێ هه‌ر بۆیه شوێنی دیالۆگه‌كان به سپێتی ماونه‌وه و له دێژه‌ی ڕۆماندا خوێنه‌ر ئه‌و سێ نوخته سپییانه به یارمه‌تی زه‌ین و ئه‌و ئاكامه‌ی كه دواتر ئه‌و وتووێژانه به‌رهه‌می دێنن پڕ ده‌كاته‌وه. لێره‌دا شێخ ده‌بێته فریادڕه‌سێك بۆ پینه‌وپه‌ڕۆكردنی ئابڕووی عه‌تاخان. شێخ له قاڵب و فۆرمی پیاوێكی ئایینی ده‌بێته چه‌ترێك بۆ داپۆشینی عه‌یبه و بێئه‌خلاقی. به‌ڵام له‌ڕاستیدا دژ به به‌هایه‌كی ئینسانی ده‌وه‌ستێته كه مه‌زهه‌ب قه‌تی قبووڵ نییه و دایم نییه‌ی لێده‌كا و ئه‌ویش خۆشه‌ویستی و عیشقه. شێخباپیری به‌ته‌مه‌ن، له قه‌واره‌ی مۆتهكهیهكدا نموود په‌یدا ده‌كا و نه‌مامی عیشق له دڵی مهلهكه خانمدا وشك ده‌كا. به وشكبوونی ئه‌م نه‌مامه خودی مهلهكهخانمیش ده‌مرێ و سهبهبكارهكهی ئه‌و بیروبڕوا ئایینی و سوننهتییهیه كه شێخ نوێنه‌ریه‌تی. شێخباپیر نوێنه‌ر و نموونه‌ی ڕه‌مزی مێژوویه‌كی ئایینییه. هه‌موو ئاكار و كرده‌وه‌یه‌كی وه‌بیرهێنه‌وه‌ی مێژوویه‌ك له‌و ئایینه‌یه. له پاش مه‌رگی مهلهكهخانم و ته‌نیا مانه‌وه‌ی شێخباپیر هه‌لێكی دی ده‌ڕه‌خسێ هه‌تا به‌هێزترین كه‌سایه‌تی ژنی ئه‌م ڕۆمانه بێته كایه‌وه. خاتوو گوڵه‌ندام كه خێزانی مهلاسابیری دۆستی شێخباپیره و هاموشۆیان بووه. گێڕانه‌وه‌ی كه‌ین و به‌ینی مهلاسابیر و شێخ باپیر له لایه‌ن ڕاوییهوه ته‌نزێكی تاڵ و ڕه‌شی تێدایه. له لایه‌كه‌وه خه‌ڵك هاموشۆی شێخ بۆ لای مهلاسابیر به نه‌ته‌وه‌یی بوونی شێخ لێك ده‌ده‌نه‌وه چونكوو مهلاسابیر شیعری ڕۆژگاری ڕه‌شی هێمنی هه‌یه و هه‌ر ئه‌وه ده‌یسه‌لمێنێ كه شێخ پیاوێكی ناسیونالیست و كوردپه‌روه‌ر بووه. له لایه‌كی دیكه‌وه هێندێك ئاماژه‌ی عاشقانه له نێوان خاتوو گوڵه‌ندام و شێخدا ده‌گۆڕدرێنه‌وه كه ئه‌م بۆچوونه پووچه‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه. خاتوو گوڵه‌ندام نامه‌یه‌ك بۆ شێخ ده‌نووسێ و ئه‌ویش به ڕێز و حورمه‌ته‌وه دوو ده‌روێشی له دوو ده‌نێرێ و له خانوویه‌كی ته‌كیه‌دا نیشته‌جێی ده‌كا و ده‌مگۆ و شایه‌عه‌ی كه‌ین و به‌ینی شێخ و گوڵه‌ندام په‌ره‌ده‌ستێنێ و به ماره‌كردنی گوڵه‌ندام له شێخباپیر ئاو به ئاوردا ده‌كرێ. نامه‌ی گوڵه‌ندام كه له لایه‌ن فهقێیهكهوه بۆ شێخ نووسراوه یه‌كێك له ته‌كنیكه جوان و خاڵه به‌هێزه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه‌یه له باری چۆنییه‌تی ئینشا و چۆنییه‌تی جێگیربوونی له نێو زه‌مینه‌ی ده‌قه عهسڵییهكهدا. گوڵه‌ندام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یه‌كێكه له به‌هێزترین كاره‌كته‌ره‌كانی نێو ته‌كیه و خانه‌قا كه‌سێكی كاریگه‌ریشه بۆ په‌ره‌پێدان به پیرۆزی شێخ و بیر و بڕوای مرید و مرادی. ئه‌م كه‌سایه‌تییه هه‌روه‌ها شه‌تڵی شك و گومانیش له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێ. گوڵه‌ندام وه‌ختایه‌ك دێته خانه‌قا دوو منداڵی پێیه. سه‌لاح و سارا. سارا كه‌سایه‌تییه‌كی مونفه‌عیل و بێتهئسیره به‌ڵام سه‌لاح له داهاتوودا ده‌بێته كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێز و سه‌رله‌به‌ری پیرۆزییه‌كانی ته‌كیه و فكری خانه‌قایی له‌به‌ر چاو ڕه‌ش ده‌بێ و لێی ده‌كه‌وێته گومان و دوو دڵی. پرسیاره‌كانی سه‌ڵاح یه‌كه‌م تیرن كه له ئاهۆنی و بێ خه‌یاڵی خانه‌قا ده‌گیرێن. له دوای هاتنی گوڵندام ته‌كیه داب و ته‌رتیبێكی نوێ به‌خۆوه ده‌بینێ و گه‌شه و نه‌شه په‌یدا ده‌كا. ته‌نانه‌ت ئاستی خۆشه‌ویستی و پیرۆزی شێخباپیر هه‌تا ئه‌و ڕاده‌یه هه‌ڵده‌كشێ كه ده‌روێش كامیل له ئیقدامێكی شهیدایانهدا حازر ده‌بێ فاتمی خێزانی ته‌ڵاق بدا بۆ شێخ باپیر و بۆخۆی به سه‌ڵت و قوڵتی بمێنێته‌وه. لێره‌دا گێڕانه‌وه دیسانیش خوێنه‌ر ئیرجاع ده‌دا به مه‌سه‌له‌یه‌كی مێژوویی و وه‌بیرهێنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌یه‌كی تاریخی ده‌بێت كه به‌سه‌ر زهیدبنی حارسدا هاتووه. ئه‌م وێكچوونه ماناییانه وایان كردووه باری مانایی ده‌ق هه‌ڵكشێ و ته‌نیا له جه‌غزێكی بچو‌وكدا نه‌خولێته‌وه و خۆی گرێ بدا به‌و هه‌رێمه ماناییانهوه كه بۆیان هه‌یه له ناخوداگای زه‌ینی خوێنه‌ر و ده‌قدا ببووژێنه‌وه. هه‌رچه‌ندێكی ده‌قێك توانایی زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌و بیره‌وه‌رییه مێژوویانه‌ی پتر له ناخی خۆیدا هه‌ڵگرتبێ و پتر ئه‌و ده‌ق و ڕووداوه مێژوویانه وه‌ده‌نگ بێنێ له زه‌ینی خوێنه‌راندا هه‌ر به‌و پێیه له به ئاكام گه‌یاندنی مه‌به‌ستی خۆی سه‌ركه‌وتووتره. ده‌ق سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دیالۆگێكه له‌گه‌ڵ مێژووی خۆی هه‌ر وه‌ها دیالۆگێكی به‌رده‌وامه له‌گه‌ڵ ڕابردوو. واتای ده‌قێك ته‌نیا نه‌به‌سراوه‌ته‌وه به نییه‌تی نووسه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ری ده‌قه‌وه. هه‌رچه‌ندێكی زمان بیهه‌وێ مانا له چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراودا پاوان بكا و دار و له‌له‌ی بۆ دانێ، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و مانایانه‌ی وه‌پشت گوێ خراون و حه‌زف كراون سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه و به شێوه‌ی وه‌بیرهاتنه‌وه له ناخوداگای خوێنه‌ردا ده‌بووژێنه‌وه و سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه. له ڕۆمانی تۆقی عهزازیلیشدا هه‌ر وایه و مانای لاوه‌كی به بێ ویستی نووسه‌ر یان به‌رهه‌مهێنه‌ری ده‌ق له زه‌ینی خوێنه‌ر ده‌هاڵێن و لق و وه‌چی لێده‌بێته‌وه.
گێڕانه‌وه به ئاراسته‌یه‌كی نوێ‌دا
?پاش ئه‌وه‌ی ده‌روێش كامیل فاتم ته‌ڵاق ده‌دا و فاتم له شێخباپیر ماره ده‌كرێ، نه‌ك ده‌روێش كامیل به‌و ئارامش و حه‌سانه‌وه ده‌روونییه ناگا به‌ڵكو شێخباپیریش تووشی كێشه‌ی ڕووحی و ده‌روونی دێت. ئه‌م ڕووداوه سازمانی گێڕانه‌وه به ئاراسته‌یه‌كی نوێ‌دا ده‌با. فاتم كه ئاشقی مێردی خۆی بووه له زه‌ینی خۆیدا بۆی لێك نادرێته‌وه كه چی به‌سه‌ر هاتووه و بۆ وای لێهاتووه. فاتم ڕۆڵی كه‌نیزه‌كێكی جنسی ده‌بینێ كه ته‌نیا دابینكه‌ری ئیحساسی مریدانهی ده‌روێش كامیله له به‌رامبه‌ر مرادهكهیدا. وهختایهكیش زگی پڕ ده‌بێ دیسان هه‌ر ده‌بێته هۆكاری گه‌وره بۆ گۆڕانی گه‌وره له ڕۆمانه‌كه‌دا. ده‌روێش كامیل كه به‌ته‌ما بووه به ته‌ڵاقدانی فاتم له زنجیری دنیایی بپسێ و دڵی موقته‌دای خۆی پێشاد بكا، تووشی په‌شیمانی دێت و وه‌ك سه‌گێكی هار و وه‌ك عاشقێكی ماخولیا سه‌رله‌نوێ ئاشقی فاتم ده‌بێته‌وه و وه‌خت و ناوه‌خت به ده‌وری خانه‌قادا هه‌ڵده‌خولێ و به ده‌نگه زوڵاڵه‌كه‌ی كه گهرمداهێنهری به‌زمی ده‌روێشانه بووه له خانه‌قادا، گۆرانی بۆ یاری له ده‌سچوو ده‌چڕێ: «فاتمه دوو چاوی مه‌ستت پڕ ته‌لیسمی جوانییه، پڕ شه‌رابی خۆشه‌ویستی و ئاره‌قی یه‌زدانییه…» له لایه‌كی دیكه‌وه دووگیان بوونی فاتم وه‌ك خۆره ده‌كه‌وێته ڕووح و گیانی شێخباپیر و تووشی دوودڵی ده‌كا: «بڵێی نه‌ڵێی…» هه‌روه‌ها ئه‌م ڕووداوه ئاورێكی سه‌یر له ده‌روونی خاتووگوڵندامدا داده‌گیرسێنێ كه بۆخۆی نه‌یتوانیوه منداڵی نێرینه‌ی له شێخ ببێ. هه‌ر بۆیه‌ش له سه‌حنه‌ی منداڵبوونی فاتمدا به هه‌موو شێوه‌یه‌ك حه‌ول ده‌دا بزانێ ئه‌و منداڵه كوڕه یان كچ و ئه‌م سه‌حنه‌یه یه‌كێك له جوانترین سهحنهكانی ئه‌م ڕۆمانه‌یه كه تام و چێژێكی تایبه‌تی زمانی و ڕیوایه‌تی تێدایه.«خاتوو گوڵندام هه‌وڵیدا خۆی وا بۆ باریك بكاته‌وه و ملی به خوار كردنه‌وه وا بۆ دانه‌وێنێ كه ئه‌و جێگایه‌ی بۆی ده‌گه‌ڕا به جوانی ببینێ. به‌ڵام قۆڵی كراسی مامانه‌كه، وا به‌ر موسوڵدان و خوار نێوكی داپۆشیبوو هیچ دیار نه‌بوو. خاتوو گوڵندام وای نواند خه‌ریكه به‌ر ده‌ستی مامانه‌كه چۆڵ ده‌كا، هێواشێك قۆڵی كراسه‌كه‌ی لادا.» له‌م به‌شه‌دا ڕاوی به شێوه‌یه‌كی ڕه‌وانناسانه به ناخی كه‌سایه‌تییه‌كاندا ڕۆچووه و ده‌روونی پڕ له بێقهرارییانی نیشانداوه، ده‌روونی شێواوی گوڵندام كه ده‌ترسێ فاتم كوڕی ببێ و ده‌روونی سیس و ژاكاوی شێخباپیر كه هه‌ر گریانێكی منداڵه‌كه تیرێكه وه هه‌ناوی ده‌كه‌وێ و مهعسوومیهتی فاتم كه بۆته مه‌تای ده‌ستی هێندێك بیر و بڕوای ئایینی.
بنه‌مای زمانێكی تایبه‌ت پێكدێنن
?ته‌كیه و خانه‌قاش وه‌ك هه‌ر سیستمێكی ده‌سه‌ڵاتداری پڕه له به‌ربه‌ره‌كانێ و ڕقه‌به‌رایه‌تی. كێبڕكێ بۆ به ده‌سته‌وه‌گرتنی ئاڵای پیرۆزی موقته‌دا و شێخایه‌تی. ته‌كیه تووشی شڵه‌ژان دێ و له لایه‌ك دوو دڵی و شك و گومانی شێخباپیر سه‌باره‌ت به‌م منداڵه تازه‌یه‌ی له دایك بووه و له لایه‌كی دیكه‌وه ئێره‌یی گوڵندام ده‌بێته هۆی ئه‌وه تراژیدیترین چاره‌نووس بۆ فاتم بێته ئاراوه. وه‌ختایه‌ك فاتم له پاڵ شه‌هابی كوڕی خه‌وتووه مارێكێكی ده‌خرێته ئه‌ستۆ و مار ده‌بێته تۆقی عه‌زازیل و له ئه‌ستۆی نابێته‌وه. لێره‌دا سه‌رله‌نوێ ده‌ق به‌ره‌و لایه‌نێكی واتایی نوێ پهلداوێ و زه‌ینی خوێنه‌ر به‌ره‌و ئه‌و ئیرجاعه ئایینی و ئوستورهییانه ڕاده‌كێشن كه هاوته‌ریب له‌گه‌م ئه‌م ڕووداوه له زه‌ینی ئه‌ودا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. بووژانه‌وه‌ی ئه‌م بۆچوونه سوونه‌تی و ڕه‌مزاوییه كه ئه‌م كاره‌ساته به‌رهه‌می خیانه‌تی ژنه به هاوسه‌ر و ئه‌م ڕووداوه ته‌نیا بۆ ئه‌و ژنانه دێته پێش كه خه‌یانه‌تكار بوون. له لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌م ته‌سویره یانی مار له مل هاڵان ده‌مانباته‌وه بۆ سه‌رده‌مێكی له مێژینه و ئوستووره‌یی و وه‌بیر پرۆمتهمان ده‌خاته‌وه كه بۆ ئه‌به‌د مه‌حكووم بووه به ژانێكی ئه‌به‌دی و هه‌تاهه‌تایی. فاتمیش مه‌حكووم ده‌بێ به‌وه‌ی بۆ ئه‌به‌د ئه‌و تۆقه‌ی له ئه‌ستۆدا بێ و پێوه‌ی بناڵێ. ئه‌م ڕووداوه و بڵاو بوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی چپه و شایعه له ته‌كیه‌دا شێخباپیردا كه ئێستا تووشی خه‌مۆكییه‌كی قووڵ بووه، به‌ره‌و سه‌رلێشێواوییه‌كی ڕووحی ده‌با. بڵاوبوونه‌وه‌ی شایعه له ته‌كیه‌دا فۆرمێكی تایبه‌تی هه‌یه و ئه‌م فۆرمه له زمانی گێڕانه‌وه‌دا نموودی په‌یدا كردووه و زۆر بوونی شایعهكان هاوكاته له‌گه‌ڵ زیادبوونی بارستایی و قورسایی له‌سه‌ر زمانی گێڕانه‌وه، به شێوه‌یه‌ك وشه‌یه‌ك هه‌تا ئه‌و ڕاده‌یه باری ده‌خرێته سه‌ر كه له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و دهمگۆیانه ساختارێكی زمانی تایبه‌ت پێك دێنن. «ده‌روێشێك له ده‌روێشه‌كان، به‌په‌له ئانیشكێكی له ده‌روێشێكی په‌نای كوتا و سێ چوار قسه‌ی به گوێیدا سرتاند. ئه‌ویش به په‌له ئهنیشكێكی له ده‌روێشێكی دیكه كوتا و چوار پێنج قسه‌ی به گوێدا سرتاند. ئه‌ویش به په‌له ئهنیشكێكی له ده‌روێشێكی ته‌نیشتی كوتا و پێنج شه‌ش قسه‌ی به گوێدا سرتاند. ئه‌ویش به په‌له ئهنیشكێكی له ده‌روێشێكی په‌نای كوتا و شه‌ش حه‌وت قسه‌ی به گوێدا سرتاند. ئه‌ویش به‌په‌له ئهنیشكێكی له ده‌روێشێكی ته‌نیشتی كوتا و حه‌وت هه‌شت قسه‌ی به گوێدا سرتاند. ئه‌ویش به‌په‌له ئهنیشكێكی له ده‌روێشێكی په‌نای كوتا و هه‌شت نۆ دهقسهی به گوێدا سرتاند. ئه‌ویش به‌په‌له ئهنیشكێكی له ده‌روێشێكی په‌نای كوتا و ده دوازده قسه‌ی به گوێدا سرتاند.» زمان له‌م شێوازه ڕیوایهتییهدا تووشی هه‌ڵاوه‌سان دێ و به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌باری ڕسته‌به‌ندی و فۆرمی زاهیرییه‌وه گۆڕانێكی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا بێ هه‌رجاره و به ژماره‌یه‌ك مه‌عنای نوێ به‌رهه‌مدێنێ. هه‌ر وه‌ها ژماره‌كان به شێوه‌یه‌ك له پاڵ یه‌كدا ته‌نراون و دانراون كه دیسانیش ئه‌ژماریان وه‌بیرهێنه‌وه‌ی بڕوایه‌كی ئایینین و سه‌یر ئه‌وه‌یه كه هه‌رچه‌ند هه‌تا ژماره دوازده دهمگۆیهكان بژێردراون به‌ڵام له ئه‌ساسدا دوازده ژماره نین و یه‌كیان غایبه. په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م شایعانه وا ده‌كه‌ن كه شێخباپیر ئه‌وه‌نده‌ی دیش ده‌روونی بشێوێ. له‌م ماوه‌یه‌دا به شێوه‌یه‌كی مه‌ڕمووز ده‌روێش كامیلیش كه هۆكاری سه‌ره‌كی په‌رێشانی مراد و موقته‌دایه خۆی ده‌كوژێ یان باشتر وایه ده‌كوژرێ و ته‌رمه‌كه‌ی دوور له گۆڕستانی موسوڵمانان ده‌خرێته ژێر گڵه‌وه. هه‌رچه‌ند به ڕواڵه‌ت كوژرانی فاتم و دهروێشكامیل ده‌بوو سوكنایی به ته‌كیه و خانه‌قا ببه‌خشێ به‌ڵام وا نییه و هه‌میشه بایه‌كان له‌و جێیانهوه هه‌ڵده‌كه‌ن كه چاوه‌ڕوانیت نییه. سه‌لاحی كوڕی مهلاسابیر هه‌رچه‌ند به منداڵی شبر بووه به‌ڵام وه‌ختایه‌ك ده‌گاته ته‌مه‌نی مێرمنداڵی به‌هره‌یه‌كی بێ وێنه له فێربوونی كتێبه ئایینییه‌كاندا له خۆ ده‌نوێنێ و به هۆی پرسیاره لهبڕاننههاتووهكانی خه‌لیفه و مه‌لاكانی ته‌كیه وه‌زاڵه دێنێ. پرسیار ده‌بێته ده‌سپێك و سه‌ره‌تایه‌ك بۆ گۆڕانی مه‌زن. به هاتنی ده‌روێش ساماڵ قۆناغێكی نوێ له ژیانی ته‌كیه و خانه‌قادا ده‌ست پێده‌كا. ده‌روێش ساماڵ ودمێكی تازه‌یه به‌سه‌ر خانه‌قا به گشتی و سه‌لاح به‌تایبه‌تی. ده‌روێش ساماڵ هه‌ڵگری بیر و ئه‌ندێشه‌یه‌كی نوێ و یه‌گجار ڕادیكاڵه له حاند ده‌ریای مه‌ند و محافزه‌كاری ئایینی ته‌كیه‌دا. ده‌روێش ساماڵ نموونه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كی چه‌پ و ئینقلابی و شۆڕشگێڕه. ئاماژه ڕواڵهتییهكانیش ئه‌م شته ده‌سه‌لمێنن. «مووه‌كانی سمێڵی ته‌واو سنووری لێویان په‌ڕاندبوو و چووبوونه نێو ده‌میه‌وه.، ده‌روێش ساماڵ ئۆگری سمێڵی ئه‌ستوور و گه‌وره بوو.» سمێڵی زل یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كه‌سایه‌تییه‌كی چه‌په و له وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ خه‌لیفه مه‌لا عه‌لیدا سهحنهیهكی پارۆدیك كه تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌كی سه‌رله‌به‌ری تۆقی عهزازیله و لایه‌نی به‌هێزی ئه‌و ده‌قه‌یه دێته ئارا.«حه‌دیسێكی نهبهویمان هه‌یه كه ده‌فه‌رمێ هه‌ركه‌س ڕیش داهێڵێ مهلایهكهت دێن و خۆیان به سه‌ری مووه‌كانه‌وه هه‌ڵده‌واسن. یانی هه‌ر تاڵه موویه‌ك مهلایكهتێكی له‌سه‌ر ههڵدهنیشێ. به‌و پێیه بێچووه شه‌یتانه بیژووهكانیش خۆیان به مووه‌كانی سمێڵێكی نه‌كراو و ههڵنهپاچراودا هه‌ڵده‌واسن. كه‌وابوو ئێستا سه‌دان مه‌لایكه‌ت به ڕیشمهوهن و ده‌یان بێچووه شه‌یتانیش به سمێڵمه‌وه. به‌ره‌ی موسوڵمان له به‌رامبه‌ر به‌ره‌ی كافره گڵاوه‌كاندا ئاوا ڕاوه‌ستاون. قوربان، هه‌موو ده‌زانین خودا قه‌ت ڕێگه نادا به‌ره‌ی كافر به‌سه‌ر به‌ره‌ی موسوڵماناندا زاڵ بن» هه‌ر لێره‌وه كێشه‌ی ده‌روێش ساماڵ و خانه‌قا ده‌ست پێده‌كا و وه‌ختایه‌ك ئه‌و بیره سوننه‌تییه ده‌روه‌ستی پرسیار و عه‌قلییه‌تی نوێ كه ده‌روێش ساماڵ هێناویه‌تی نایه، سووك كردن و له‌به‌ر چاو ڕه‌شكردنی ئه‌و گوتاره نوێیه ده‌ست پێده‌كا و ده‌روێش ساماڵ به ڕمووزن نێودێر ده‌كرێ و تۆمه‌تی گه‌وره‌ی ده‌خرێته پاڵ كه مه‌جبوور ده‌بێ ته‌كیه به‌جێ بێڵێ. به‌ڵام ئه‌م گوتاره نوێیه كاریگه‌ر ده‌بێ و دوابه‌دوای ئه‌و سه‌لاحیش سه‌رده‌نێته‌وه. نێوی ساماڵ ئاماژه‌یه بۆ پاكی و بێخه‌وشی و ڕمووزن ئاماژه‌یه بۆ مه‌فهوومێكی جه‌علی كه خانه‌قا بۆ سووك كردنی ئه‌و سازی كردووه. به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه كه گرفتی ته‌كیه به ڕۆیشتنی ده‌روێش ساماڵ چاره‌سه‌ر نابێ. له لایه‌كه‌وه شێخباپیر ئه‌و وه‌همه زهیهینییهی له‌كۆڵ نه‌بۆته‌وه و له لایه‌كی دیكه‌وه ته‌كیه وه‌ك نموود و سه‌رچاوه‌ی سوونه‌تێكی فكری و فه‌لسه‌فی به نه‌زۆك مانه‌وه‌ی شێخباپیر و نه‌بوونی نێرینه‌یه‌ك كه بتوانێ مه‌شخه‌ڵی به‌رز و ڕووناك ڕاگرێ و وه‌جاخی كوێر نه‌بێته‌وه ده‌كه‌وێته مه‌ترسی. نه‌زۆك مانی ته‌كیه هاوكاته له‌گه‌ڵ هاتنه كایه‌ی بیری نوێ كه ده‌روێش ساماڵ و سه‌لاح نوێنه‌رنی و ئه‌و ته‌وژم و باهۆزه‌ی ئینقلابییهی وڵاتی گرتۆته‌وه و گه‌یشتۆته به‌ر درگای خانه‌قا. ته‌كیه به جێ‌نشین بوونی گوڵان خانمه‌وه نه‌زۆك ده‌بێ و له زاو و زێ ده‌كه‌وێ. هه‌روه‌ها به سه‌لاحه‌وه پێ ده‌نێته دنیایه‌كی نوێوه. شێخ باپیر له حاڵێكدا ده‌مرێ كه ته‌كیه به بێ مراد و موقته‌دا ده‌مێنێته‌وه و خودی شێخباپیریش مۆته‌كه‌ی دڵكرمێبوون له‌گه‌ڵ خۆی ده‌باته بن گڵه‌وه و له باری ده‌روونییه‌وه ده‌بێته ڕووحێكی نه‌حه‌ساوه و سه‌رگه‌ردان. له دوای مه‌رگی شێخ باپیر هه‌موو حه‌ولی گوڵندام بۆ پته‌وكردنی پێگه‌ی گوڵان خانمه وه‌ك مرادێكی مێیینه كه نموونه‌یان له مێژووی ئایین و ته‌سوفدا زۆره. به‌ڵام گوڵانخانم كه كه‌سایه‌تییه‌كی حهمبهڵییه تووشی گرفتێكی ڕووحی و وه‌سوه‌سه‌یه‌كی شه‌یتانی ده‌بێ و تارماییه‌كی چه‌په‌ڵ له‌كۆڵ ته‌نیاییه‌كانی نابێته‌وه و بۆ پاك بوونه‌وه و ڕزگار بوون له‌و تارماییه ده‌چێته چله‌وه. له‌و دیوه كاگڵهدا چاوی به مه‌رقه‌دی شێحه‌مدوون و شێخ زورار و شێخباپیر ده‌كه‌وێ و له زیندهخهوێكدا ڕووحانهتی دانهبه دانه‌ی ئه‌وان ده‌بینێ كه به به‌هه‌شتی به‌رین شاد بوون و ڕووباری هه‌نگوین و حۆری چاوبهڵهك و مه‌مك قوت له ده‌وریان ئاپۆره‌یان به‌ستووه و داری میوه سهردادهنوێن و میوه بۆخۆیان دێن بۆ لای زاریان و له زاریاندا به بێ جاوین ده‌توێنه‌وه. ئه‌م ته‌سویره خه‌یاڵیانه كه به عاریهت له كتێبی مه‌نزه‌ره‌ی مه‌رگ وه‌رگیراون حاڵه‌تێكی وه‌ها ته‌نزاوی و پارۆدیكیان تێدایه كه ئاستی ده‌قه‌كه‌یان هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی جوانی هه‌ڵكێشاوه. به‌ڵام نه شێخ باپیر و نه گوڵان خانم هیچ كامیان به مه‌به‌ستی خۆیان ناگه‌ن له چله گرتندا. نه شێخ باپیر له‌و وههم و دوو دڵییه ده‌بێته كه بڵێی شه‌هاب كوڕی ئه‌و بێ یان نا نه گوڵان خانم له ده‌ست ئه‌و تارماییه چه‌په‌ڵه دهخهڵهسێ. هه‌ر بۆیه وه‌ختایه‌ك گوڵان خانم له‌م كاره‌دا به ئاوات ناگا و ناتوانێ وه‌ك مرادێكی به‌هێز ئه‌ركه ئایینی و دینییهكانی ڕاپه‌ڕێنێ، گوڵندام وه‌ك ته‌مهید و بیانوویه‌ك كه‌ڵك له ڕووحانهتی پیرۆزی شێخه مردووه‌كان وه‌رده‌گرێ. ده‌بێ ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه یه‌كێك له سه‌ره‌كی ترین نموودهكانی دنیای پێش‌مۆدێرن بۆ به‌رده‌وامیدان به خۆی كه‌ڵك وه‌رگرتن له پیرۆزی ڕوحانییه‌تی ئه‌و كه‌سایه‌تییه پیرۆزانه‌یه كه ئێستا مردوون. به دێفۆرمه بوونی جه‌سته له قه‌واره‌ی ڕۆۆحێكی پێرۆزدا، حه‌ول ده‌درێ ئه‌م كڵیشهیه له زه‌ینی كۆمه‌ڵگادا نیشته‌جێ بكرێ. له‌م سۆنگه‌یه‌وه پیرۆزییه مێژووییه‌كان و كه‌سایه‌تییه پیرۆزه‌كان له نه‌ستی گشتی كۆمه‌ڵگادا به‌رده‌وام ده‌بن. ته‌نانه‌ت گوڵندام خاتوون وه‌ك تهمهیدێكی ژیرانه كه‌ڵك له خه‌ون وه‌رده‌گرێ بۆ به‌رده‌وامیدان به هێزی شێخ و مراد له زه‌ینی ده‌روێشه‌كاندا.
نوێنه‌ری وهرچهرخانهێكی نوێ
?به‌ڵام ئه‌م ئاخر ته‌كنیك و تهمهیدانهش به هیچ كوێ ناگه‌ن چونكو بای گه‌وره و ڕه‌شه‌بای مه‌زن هه‌ڵی كردووه. ئینقلاب ڕوو ده‌دا و به‌ره‌یه‌كی ئینقلابی و ڕادیكاڵی فكری سازده‌بێ كه هیچ شتێكی ئه‌و تهفهكوره خانه‌قایی و جادووییه‌ی قبووڵ نییه. ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و گرنگه ئه‌و ئاواته ئینسانیی و ئازادیخوانهیه كه خه‌باتی بۆ ده‌كا. وه‌ختایه‌ك كه‌سه شۆڕشگێڕه‌كان ڕوو له خانه‌قا ده‌كه‌ن یه‌كه‌م گورزی كاریگه‌ر وه‌به‌ر بیری سۆفیگه‌ری و خانه‌قایی ده‌كه‌وێ و ئانتیتێزێكی نوێ له هه‌مبه‌ر بیری مرید و مرادیدا ده‌وه‌ستێته‌وه. خانه‌قا و بنه‌ما فكری و فه‌لسه‌فییه‌كانی به تۆخترین شێوه نییهیان لێده‌كرێ.«دنیا ئاخر زه‌مانه ده‌نا چۆن ده‌بێ ئه‌وان پێیانوابێ شوێنێكی وه‌كوو ته‌كیه، په‌نا بۆ خودای گه‌وره مه‌كۆی نه‌زانی و نهزانپهروهری و بێكاری و بێكار په‌روه‌ری بێ…» «ئه‌و لاوانه زۆرجار بێحورمهتییان به بابه‌ته پیرۆزه‌كانی ته‌كیه ده‌كرد و گاڵته‌یان به بیر و باوه‌ڕی ده‌روێش و مریدهكان ده‌كرد و قاقا پێیان پێده‌كه‌نین و به كۆنه‌په‌رستیان ده‌زانین.» خه‌لیفه مه‌لاعه‌لی كه یه‌كێكه له ئهستوونهكانی ته‌كیه هه‌ر به‌م بۆنه‌وه بارگه و بنه‌ی تێكدهنێ و ده‌ڕوا و به دوای ئه‌ودا ده‌روێش و كڵفهتهكانی خانه‌قا تاق تاق و دوو دوو ته‌كیه به‌جێدێڵن. به دوای كۆچی گوڵان خانم ته‌كیه ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ش نوشوستی دێنێ. «غه‌ریب و بێكه‌س و ئاواره كه‌وتین.» «دوای كۆچی دوایی هه‌توانی دڵبرینداران حه‌زره‌تی گوڵان خانم، با و گێژه‌ڵووكه و ته‌پ و تۆزێكی به‌سام و ناخۆش له ڕۆژئاواوه هه‌ڵی كرد و بۆ ماوه‌ی ده ڕۆژ بێ پسانه‌وه درێژه‌ی هه‌بوو. ئاسمان ڕه‌نگی سووری گرتبوو، كه‌س سه‌ری له‌م نهێنیه ده‌رنه‌ده‌چوو.» ئه‌م گێژه‌ڵووكه‌یه هێمای ئه‌و گۆڕانه مه‌زنه‌یه كه سه‌رچاوه و چاوگه فكرییه‌كانی ده‌گه‌ێته‌وه بۆ ڕۆژئاوا. هه‌روه‌ها مه‌رگی گوڵان خانم هاوكاته له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌لاح به بیروباوڕهی نوێ و به قه‌ولی خهلیفهملاعهلی شه‌یتانییه‌وه. سه‌لاح نوێنه‌ری بیروباوه‌ڕ و وهرچهرخانهێكی نوێیه و سه‌ره‌تای هه‌ره‌سهێنان و پاشه‌كشه‌یه‌كی فكرییه بۆ ته‌كیه و خانه‌قا و داماڵدرانی به‌رگی پیرۆزییه له بیر و بڕوای خانه‌قایی. خانه‌قا كپ و كڕ ده‌بێ و ته‌نانه‌ت وه‌ختایه‌ك شه‌هاب وه‌ك ئاخر ده‌رفه‌ت بۆ درێژه‌دانی ڕێگای ته‌ریقه‌ت و شێخایه‌تی دێته‌وه خانه‌قا له لایه‌ن گوڵندام و وه‌سیه‌تنامه‌ی شێخباپیرهوه وه‌ك په‌ڕۆیه‌كی پیس و وه‌ك زیادییه گۆشتێك به ناشیرین‌ترین شێواز تووڕ ههڵدهرێ و ته‌ره ده‌كرێ و بێبه‌ری ده‌كرێ له‌هه‌رچی پیرۆزی و قه‌داسه‌ته. شه‌هاب دڵشكاو ته‌كیه به‌جێدێڵێ و له شه‌ڕ و بێنه‌وبه‌ره‌ی شاردا تێدا ده‌چێ و ده‌كوژرێ. به كوژرانی شه‌هاب خانه‌قا قه‌تیس ده‌بێ و مهقتووعولنهسڵ. ته‌كیه وه‌ها چۆڵ ده‌بێ كه ده‌بێته مه‌كۆی بهدشوومی و قشقه‌ڕه له‌سه‌ر به‌رزترین په‌لكه ههڵنهپاچراوهكانی دارگوێزهكهدا هێلانه چێده‌كا و قیڕه‌ی شوومی به فه‌زای ته‌كیه‌دا ده‌شنێته‌وه. ڕووحانهتی شێحه‌مدوون و بنیاتدانه‌ری ته‌ریقه‌تی حه‌مدوونی كه له‌م بێبازاڕی و سڕ و كڕییه ڕووحییه وه‌زاڵه هاتووه وه‌خۆ ده‌كه‌وێ. به ئاسپایی بۆ قشقه‌ڕه ده‌چێته سه‌رێ و ئاوری تێبه‌رده‌دا. به‌ڵام دیاره ئه‌وانه و ته‌نانه‌ت ده‌ستنیشان بوونی شێخێكی تازه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌توانی زامی خانه‌قا نین و خانه‌قا به نه‌زۆك مانه‌وه و هه‌ڵپسانی خۆی ڕێگه‌ی بۆ سه‌ره‌تایه‌كی فكری و شێوازه بیركردنه‌وه‌یه‌ك خۆش كرد كه ئێستا زۆری ماوه له كۆمه‌ڵگادا بناغه‌كانی خۆبگرن و ڕیشه داكوتن. بێتوو نه‌كه‌وینه به‌ر تووك و نزای ئه‌و شێخه پیرۆزانه و تۆقی عهزازیلمان له مل نههاڵێ ده‌ڵێین بیری خانهقاییش له ته‌نیشت ئه‌م خانووه نوێیه‌دا درێژه به ژیانی خۆی ده‌دا، هه‌رچه‌ند وێناچێ ئه‌و ڕمێن و گوڕه‌ی سه‌رده‌می شێحه‌مدوون و شێخ زورار و شێخ باپیری ببێ به‌ڵام بێگومان له فۆرم و قه‌واره‌یه‌كی نوێ‌دا ئه‌و سیستمه سه‌رله‌نوێ مریدی نوێ بۆ خۆی ده‌بینێته‌وه و درێژه به ڕێگای خۆی ده‌دا.
سه‌رچاوه:*ڕۆمانی تۆقی عه‌زازیل سه‌یدقادر هیدایه‌تی، چاپی سێهه‌م چاپه‌مه‌نی خانی ۲۰۱۸.
! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.
داگرتنی ته‌واوی ده‌قه‌که