له راوێژی ده‌قه‌وه تا دۆخی وه‌رگێڕان؛ باسێک له سه‌ر به‌رهه‌م و وه‌رگێڕانی ئه‌حمه‌د قازی
یوونس ره‌زایی
گیلگه‌میش ئاوا بیر ده‌کاته‌وه:
“ئایا منیش وه‌ک ئهنکیدۆم به‌سه‌ر نایه و نامرم؟… ده‌ردی سه‌ر دڵم شێواندوومی، وه‌حشه‌تی مه‌رگ گیان و ده‌روونمی ئاخنیوه. ئێسته به‌و ده‌شته‌دا به هه‌ڕه‌مه تێده‌په‌ڕم. پێم دهرێگایهک ناوه ده‌مباته لای “ئووتنهپیشتیم” ئه‌وه‌ی ژیانی ئه‌به‌دی پێ دراوه. ده‌ڕۆم، هه‌ر ده‌ڕۆم تا بگه‌مه لای.(شاملوو:۲۰۰۵)
۱
ئه‌حمه‌دی قازی نووسه‌ر و وه‌رگێڕی کورد کۆچی دوایی کرد و کۆچه‌که‌شی ماتهمباریی نووسه‌ران و هۆگرانی ئه‌ده‌بی کوردی له کۆمه‌ڵگای ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگی کوردستانی ئێرانی به دواوه بوو. بۆ منیش که سه‌رده‌مێک و بۆ ماوه‌ی لانیکه‌م ۵ساڵ و ۵۴ ژوماره‌ی گۆڤاری سروه هاوکاری بووم، ده‌یان بیره‌وه‌ری شیرین و تاڵی بیر هێنامه‌وه و خه‌مباری کردم.
که‌سایه‌تی و به‌رهه‌می ئه‌حمه‌دی قازی له چه‌ند باره‌وه جێی سه‌رنج بوو؛ یه‌که‌میان وه‌ک رۆژنامه‌وانێک که باشترین کاته‌کانی ته‌مه‌نی له گۆڤاری سروه‌دا، وه‌ک سه‌رنووسه‌ر برده سه‌ر و هه‌ڵبه‌ت له‌و بواره‌دا ئه‌وه‌ی له ده‌ستی هات کردی و ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ستکه‌وتی بۆ کۆمه‌ڵگای کورده‌واری بوو، بۆ خۆی هێنده‌ی به‌ر لێ نه‌چنییه‌وه. چون کارێک که له‌وێ له ئه‌ستۆی بوو لانیکه‌م له ده‌یه‌ی شه‌ست و حه‌فتادا، پڕکردنه‌وه‌ی بۆشایییه‌کانی گۆڤارێک بوو، که سه‌رده‌مێک تاقانه و سه‌رچاوه‌ی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی بوو. هه‌ر بۆیه که‌سایه‌تی قازی رۆژنامه‌نووس، که‌سایه‌تییه‌کی چه‌ند ره‌هه‌نده و نووسینیشی له‌و بواره‌دا نووسینێکی چه‌ند لایه‌ن و ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێین پڕژ و بڵاوه. ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر چییه‌تی ئه‌و ئه‌رکه‌ی وه‌ئه‌ستۆی گرتبوو. قازی له سروه‌دا به پێی نیازی گۆڤاره‌که بابه‌تی ئاماده ده‌کرد و ئه‌و بابه‌تانه‌ش له ته‌نزی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه تا وتاری فه‌رهه‌نگی و بابه‌تی پێوه‌ندیدار به زمان‌ناسی و وه‌رگێڕان و وڵامی نامه‌ی ئه‌ده‌بی خوێنه‌ران و تاد ده‌گرێته‌وه.
واته ئه‌حمه‌دی قازی ماوه‌ی ۲۰ ساڵ به پێی ئه‌و چوارچێوانه‌ی بۆ گۆڤاره‌ی سروه دیاری کرابوو بابه‌تی نووسی و بابه‌ته‌کانیش وڵامده‌ره‌وه‌ی ویست و نیازه‌کانی چین و توێژی جیاوازی کۆمه‌ڵگا بوون. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و کارانه و شێوازی راپه‌ڕاندنی ئه‌و ئه‌رکه‌ی، ره‌نگه له ماوه‌ی ۲۰ ساڵ کاردا، به‌رز و نزمی تێدا بووبێ و دیاریشه له ده‌یه‌ی یه‌که‌می کاری له سروه‌دا چالاک‌تر بووه. ئه‌و نووسینه جێگه‌ی تیشک خستنه سه‌ر ئه‌زموونی رۆژنامه‌گه‌ری کاک ئه‌حمه‌د نییه و ئه‌و بابه‌ته باسێکی جودا ده‌خوازێ، ته‌نیا بۆ بیرئانینی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کانی کاک ئه‌حمه‌دی نووسه‌ر و وه‌رگێڕ، سووکه لهنگهریک له سه‌ر چه‌ند ده‌قێکی وهرگێڕدروای ده‌گرم.
۲
کاری سه‌ره‌کی ئه‌حمه‌دی قازی به‌ر له ده‌ست به‌کار بوونی له گۆڤاری سروه، نووسین و وه‌رگێڕان بووه و دوای سروه‌ش هه‌ر چۆته‌وه سه‌ر ئه‌و رێبازه. بۆیه ته‌مه‌نی له سێ به‌شی کارییدا ده‌توانین بخوێنینه‌وه. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی وه‌ک لاوێکی چالاک و خوێنده‌وار ده‌چێته جه‌رگه‌ی رۆشنبیرانی تاران و هۆگری زمان و ئه‌ده‌بی گه‌لان ده‌بێ و ده‌ست ده‌کا به وه‌رگێڕانی ده‌قه ئه‌ده‌بییه ئاماڵ سیاسییه‌کان. کتێبه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌می وه‌رگێڕانی چه‌ند به‌رهه‌مێکی رۆمانی بیانی بۆ سه‌ر زمانی فارسی و نووسینی کورته رۆمانی ته‌نزی “باقه‌بێن” به زمانی کوردی بوو. به‌ڵام جودا له‌وه ئه‌زموونی بیر کردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی بۆ ئه‌و له ناوه‌ندی رۆشنبیری ئێران، ته‌نانه‌ت له وه‌رگێڕانه‌کانی ئه‌و کاتیشی گرینگتره. جودا له‌وه‌ی له گه‌ڵ نووسه‌ران و وه‌رگێڕه به تواناکانی فارس ناسیاوی په‌یدا ده‌کا، بزاڤه زاڵه‌کانی ئه‌ده‌بی ده‌ناسێ و له‌و تاقمه نووسه‌ره‌ی کورد ده‌بێ که له گه‌ڵ بزاڤی رۆشنبیری تاران تێکه‌ڵ بوون. ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی گوتاره ئه‌ده‌بییه‌کان بناسێ و پاشان ئه‌و ئه‌زموونانه لانیکه‌م ئه‌گه‌ریش له به‌رهه‌می داهێنه‌رانه‌ی ئه‌ودا ره‌نگی نه‌دابێته‌وه، له نووسینه ئه‌ده‌بییه‌کانیدا خۆ‌یا بووه و پیت و به‌هره‌ی بۆ زمانی کوردیش بووه. ئه‌وه که‌سانی وه‌ک سواره و حه‌سه‌نیانی و چاوه و … بوون که بیری داهێنه‌رانه‌ی ئه‌ده‌بییان له ناوه‌ند وه‌رگرت و له چوارچێوه‌ی زمانی کوردی‌دا ده‌قیان پێ خوڵقاند و که‌سانی وه‌ک کاک ئه‌حمه‌دیش هاوڕێ له گه‌ڵ ئه‌و ره‌وته رۆڵی خۆیان گێڕاوه و به‌رهه‌می به که‌ڵکیان به زمانی کوردی به‌دیهێناوه.
له ماوه‌ی کار له سروه‌ش دا چه‌ند به‌رهه‌می ئاماده کردووه، له‌وانه ده‌توانم ئاماژه به چه‌ند وه‌رگێڕان بکه‌م، یه‌که‌میان “دوانه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره”ی “مارک تواین” به زمانی کوردی – هه‌ڵبه‌ت هه‌ر ئه‌و رۆمانه به فارسیش وه‌رده‌گێڕێ-، ئه‌ویتر “سه‌ددام و قه‌یرانی که‌نداو” و هه‌روه‌ها “قه‌یرانی که‌نداو و کیشه‌ی کورد” به زمانی فارسی. کاک ئه‌حمه‌د پاش دوو ده‌یه ده‌ست له کاری رۆژنامه‌وانی ده‌کێشێته‌وه. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش هاوکاته له گه‌ڵ ده‌یه‌ی کۆتایی ته‌مه‌نی. ئه‌و ساڵانه که له راستیدا ساڵه‌کانی حه‌سانه‌وه‌ی بوو، وچانی نه‌دا و ئه‌و جار قۆڵی هه‌ڵماڵی و دوایین تواناکانی له بواری زمان و وه‌رگێڕاندا خسته گه‌ڕ و چه‌ند به‌رهه‌می به پێز و دیاری پێشکه‌ش کتێبخانه‌ی کوردی کرد. چون ئه‌و جار هیچ به‌ربه‌ستێکی له به‌رده‌مدا نه‌بوو له کاری بپرینگێنێته‌وه. به‌ڵام خۆی دوورا و دوور تاپۆی په‌رژینێکی به‌دی ده‌کرد. هه‌ر بۆیه به عیشق و ترسه‌وه ده‌ستی کرد به نووسین و وه‌رگێڕان. بۆیه ده‌ڵێم به عیشقه‌وه، هه‌ر کات یه‌کترمان دیتبا له ره‌نگدانه‌وه و کاریگه‌ری کاره‌کانی خۆی له نێو خوێنه‌رانی ده‌پرسی، بۆی گرینگ بوو چی ده‌نووسێ و چۆن ده‌نووسێ و به‌رده‌نگی ده‌ڵێن چی. بۆیه‌ش ده‌ڵێم به ترسه‌وه، ده‌یزانی ته‌مه‌ن مه‌ودای ئه‌وه‌ی پێنادا پڕۆژه ناته‌واوه‌کانی به ئاکام بگه‌یه‌نێ. به‌و شێوه‌یه ده‌ستی دایه کارێک که ئه‌گه‌ر ۲۰ ساڵ پێش بیکردبا به دڵنیایییه‌وه ده‌یان به‌رهه‌می به قه‌باره گه‌وره‌تر و به ناوه‌رۆک گرنگتر له‌وانه‌ی وهدهگێڕا و ده‌نووسی.
۳
ئه‌حمه‌دی قازی له‌و ماوه کورته چه‌ند ساڵه‌یه‌دا، شانی دا به‌ر وه‌رگێڕانی رۆمانی مه‌زنی “دۆنکیشووت” له نووسینی “سێروانتس”. ئه‌و رۆمانه له دوو به‌رگ و له ۱۲۵۴ لاپه‌ڕه‌دا وه‌رگێڕدراوه و له باشووری کوردستان چاپ کراوه. لێره ده‌مهه‌وێ ئاوڕێکی کورت له “دۆنکیشووت” و وه‌رگێڕانه‌که‌ی کاک ئه‌حمه‌د بده‌مه‌وه، چون پێم وایه به‌و کاره‌ی زمانی کوردی وه‌ک زمانی سه‌ره‌کی خۆی، له گه‌ڵ زمانێکی که‌ونی وه‌ک فارسی پێکگرتووه و ته‌نانه‌ت به زۆرانی داون. داخۆ ئه‌و زمانه ده‌توانێ ده‌ربڕی ئه‌و دۆخه زمانی و واتایییانه بێ که زمانی فارسی توانیوێتی ده‌ره‌قه‌تیان بێ؟ ئایا ده‌توانێ راوێژ و زاراوه و له‌حنه جوداکانی ناو ده‌قێکی درێژ و راڤهههڵگری وه‌ک دۆنکیشووتی فارسی سه‌رله‌نوێ و به شێوه‌یه‌کی خۆماڵی ساز کاته‌وه و بنه‌خشێنێ و ده‌قه‌که‌ی پی بخه‌مڵێنێ؟ چون که‌سێکی وه‌ک ئه‌حمه‌دی قازی که له سه‌ره‌تاوه وه‌رگێڕ بووه، زانیاری له سه‌ر زانستی وه‌رگێڕان ئه‌وه‌نده بووه که بزانێ: “وه‌رگێڕانی هه‌ر ده‌قێک رۆچنه‌یه‌کی نوێیه به رووی به‌رهه‌مێکدا که پاش ئه‌وه‌ی سنوورێکی زۆری بڕیوه، خۆی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ زمان و ئه‌ندێشه‌یه‌کی دیکه ئاماده کردووه. وه‌رگێڕ له به‌رانبه‌ر دوو زماندا ده‌که‌وێته حه‌وڵێکی به نرخ؛ یه‌که‌م زمانی سه‌ره‌کی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی ده‌یهه‌وێ وه‌ریبگێڕێ و ئه‌وی دیکه‌شیان ئه‌و زمانه‌یه که ده‌یهه‌وێ تێگه‌یشتنه‌کانی خۆی له رێگای ئه‌وه‌وه رابگوێزێ. هه‌ر به‌رهه‌مێکی وه‌رگێڕدراو له راستیدا ده‌توانێ به چه‌شنێک له گۆڕانی زمانیی و کو‌لتووریی بێته ئه‌ژمار، گۆڕانێک که پاش تێپه‌ڕینی(ده‌قی سه‌ره‌کی) له زانستی زمانیی وه‌ره‌گێڕه‌وه به‌دیهاتووه و له راستییدا هه‌ر ده‌قێکی وه‌رگێڕدراو … ده‌توانین به ئافراندنهوهیهکی سه‌رله‌نوێی به‌رهه‌م بێنینه حیساب، ئه‌گه‌رچی ده‌شزانین ئه‌و ده‌قه له زمانێکی دیکه‌وه هه‌ڵقوڵاوه”.(بردستانی:۱۳۹۲)
له‌و چه‌ند وه‌رگێڕانه‌ی داویی کاک ئه‌حمه‌ددا و به تایبه‌ت له “گیلگه‌میش” و “دۆنکیشووت”دا وه‌رگێڕ به چه‌ند هۆ ده‌لاقه‌یه‌کی به رووی زماندا کردۆته‌وه. حه‌ولی داوه جارێکی دیکه ده‌قه‌که له قالبی زمانێکی گونجاو له گه‌ڵ که‌شی چیرۆکه‌که دابڕێژێته‌وه. ئه‌و هه‌موو گۆڕانه‌ی له راوێژ و له‌حنی ده‌قه‌که‌دایه نیشانده‌ری ئه‌و خاڵه‌یه. ئه‌گه‌ر واشی نه‌کردبا بێگومان خوێندنه‌وه‌ی رۆمانێکی ۱۲۰۰ لاپه‌ڕه‌یی دژوار و ناموکین ده‌بوو. به‌ڵام هه‌ر وه‌کی له وه‌رگێڕانی فارسی‌دا ئه‌و ده‌رفه‌ته به خوێنه‌ر به‌خشراوه به‌و کایه و ههڵهزمانی و گۆڕانی لهحنانهوه، خوێنه‌ر به دوای خۆیدا رابکێشێ، وه‌رگێڕی کوردیش زانیوێتی ده‌بێ ئه‌و رچه‌یه بگرێته به‌ر و توانیوێتی به ئاکام بگا. چون بۆ وه‌رگێڕانی رۆمانێکی مودێڕن و راڤهههڵگری وه‌ک “دۆنکیشووت”، که خاوه‌ن زمانێکی چه‌ند ره‌هه‌ند و ده‌قێکی چه‌ند ده‌نگه، وه‌رگێڕێک سه‌رکه‌وتوویه که گرینگی به‌و ته‌مهیدانه ده‌دا له ده‌قی سه‌ره‌کی دایه و به پاراستن، یان خوڵقاندنی دۆخی هاوشێوه‌یان له باری مانایییه‌وه، ده‌توانێ ده‌قه‌که بپارێزێ. “چون هه‌ر وه‌ک ده‌زانین “دۆنکیشووت” به رای زۆریه‌ک له توێژه‌ران یه‌که‌م رۆمان یا به واتایه‌کی وردتر یه‌که‌م رۆمانی مودێڕنه. بیرمه‌ندان و نووسه‌رانی وه‌ک “باختین” و “فۆکۆ” و “فۆئێنتس” وێڕای لێکدانه‌وه‌ی پێوه‌ندی زمانیی ئه‌و رۆمانه له‌گه‌ڵ جیهانی فه‌لسه‌فی ناوه‌ی ئه‌و ده‌قه، هه‌ر کام به شێوه‌یه‌ک ئه‌و بابه‌ته‌یان تاوتوێ کردووه. تاقمێکیش زۆر لایه‌نی دیکه‌ی “دۆنکیشووت”یان خستۆته به‌ر باس، بۆ وێنه توێژینه‌وه له سه‌ر کایه به ناوه تایبه‌ته‌کان، ئه‌و هه‌ڵه زمانییانه‌ی “سانکۆ پانزا” تووشیان دێ، کێشه و ده‌مه‌قاڵه له سه‌ر زمان له مابه‌ین “دۆنکیشووت” و سانکۆ، ده‌کار کردنی زاراوه‌کان و سه‌ره‌نجام که‌ڵک وه‌رگرتن له زاراوه جیاوازه‌کان، که هه‌موو ئه‌وانه ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی زمان رهههنددار بێ و ببێته هۆی ئه‌وه‌ی ده‌قه‌که‌ش چه‌ندین راڤه هه‌ڵبگرێ. هه‌روه‌ها ئه‌و خاڵانهنهن که نیشان ده‌ده‌ن وه‌رگێڕ له وه‌رگێڕاندا چه‌نده گرینگی داوه به راگرتنی چه‌ند ده‌نگی و پرێسپێکتیویسمی زمانی.”(خزاعی:۱۳۸۹)
ره‌نگه بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستییه که وه‌رگێڕی کوردی “دۆنکیشووت” حه‌ولی له‌و چه‌شنه‌ی له ده‌قی وه‌رگێڕدراوی خۆیدا داوه پێویستی به نموونه هێنانه‌وه له ده‌قه‌که هه‌بێ. هه‌ندێک له‌و نموونانه له درێژه‌ی ئه‌و نووسینه‌دا ده‌خرێنه روو.
“محه‌ممه‌د قازی” وه‌رگێڕی به ناوبانگی ئێران، پێی وابوو یه‌کێک له هۆکاره‌کانی سه‌رکه‌وتنی وه‌رگێڕێک له کاری وه‌رگێڕاندا، زاڵبوون و ده‌سته‌ڵاتێکه که به سه‌ر زمانی مه‌به‌ستدا هه‌یه‌تی. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رگێڕێک به‌رهه‌می له کڵ ده‌رهاتووی ره‌نگی شاکار به خۆوه بگرێ، پێویسته هه‌م زمانی دایک به باشی تێ‌بگا و هه‌م ده‌سته‌ڵات و ئاگاداریشی به سه‌ر ورده‌کارییه‌کانی زمانی مه‌به‌ستدا هه‌بێ.(رجبی: ۱۳۹۲)
له هه‌ڵسه‌نگاندنی وه‌رگێڕانی “دۆنکیشووت”ی فارسیشدا، “که‌ریم ئیمامی” که خۆی له وه‌رگێڕه کارامه‌کانی ئێرانه ده‌ڵێ: یه‌کێک له هۆکاره‌کانی سه‌رکه‌وتنی وه‌رگێڕانی “دۆنکیشووت” که‌ڵک وه‌رگرتن له زمانی شکۆدار و که‌ونی ده‌قه‌کانی له مێژینه‌ی فارسییه. به بڕوای قازیش چونکه له‌و به‌رهه‌مه‌دا نووسه‌ر ئه‌غڵه‌ب له ده‌ربڕینی تایبه‌تی کتێبه کۆنه‌کانی پاڵه‌وانیی که‌ڵک وه‌رده‌گرێ، ده‌بێ وه‌رگێڕیش په‌خشانێکی ته‌با له‌گه‌ڵ ده‌قه سه‌ره‌کییه‌که، هه‌م له باری مێژوویی و هه‌م له‌باری شێوازه‌وه هه‌ڵببژێرێ. له‌و بواره‌دا محه‌مه‌دی قازی له‌کتێبه‌کانی پاڵه‌وانیی وه‌ک “ئه‌میر ئه‌رسه‌لانی ناودار” و “حوسێن کوردی شه‌بسته‌ری” که‌ڵک وه‌رگرتووه.(خزاعی:۱۳۸۹)
ئه‌حمه‌دی قازی ره‌نگه یه‌که‌م که‌س بووبێ کتێبی رێزمانی کوردی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بڵاو کردبێته‌وه، ئه‌وه‌ش ده‌توانێ ئاماژه‌یه‌ک بێ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، که زمانی به باشی زانیوه و ناسیوه. ئاگادارییه‌کی باشیشی به سه‌ر ئه‌ده‌بی کلاسیکی کوردی‌دا هه‌بووه، هه‌ر له‌و بواره‌شدا ته‌نانه‌ت به‌رهه‌مێکی باشی وه‌ک “دیوانی سه‌یفولقوزات”ی کۆکردۆته‌وه و چاپی کردووه، به‌ڵام له لایه‌کی دیکه‌وه، شاره‌زای زمانی فارسیش بووه، ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی وه‌رگێڕانه‌کانی له ئینگلیزییه‌وه بۆ فارسی بوون. که‌واته زمانی دایکیی کوردی و زمانی مه‌به‌ستی ئه‌و له وه‌رگێڕانی “دۆنکیشووت”دا فارسی بووه، هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی به تواناوه ده‌قه‌که رابگوێزێ. دژواری کاری وه‌رگێڕی کوردی، له‌و خاڵه‌دا ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌گه‌ر “محه‌ممه‌دی قازی” ده‌ڵێ بۆ ده‌رخستنی سیمای راسته‌قینه‌ی پاڵه‌وانه‌کانی “دۆنکیشووت” مه‌جبوور بووم په‌نا بۆ له‌حن و ده‌ربڕینی چیرۆکه پاڵه‌وانییه‌کانی وه‌ک “ئه‌میر ئه‌رسه‌لان” و “حوسێن کوردی شه‌بسته‌ری” به‌رم، لێره‌دا ره‌نگه سه‌رچاوه‌ی ئه‌حمه‌دی قازی که‌متر بووبێ. به‌ڵام ئه‌ویش به په‌نا بردن بۆ راوێژی حه‌کایه‌ته کۆنه‌کان و رسته و وشه و ته‌عبیری فۆلکلۆر، توانیوێتی ئه‌و لایه‌نه دابپۆشێ. ئه‌گه‌رچی جودا له‌و دوو لایه‌نه، پێویسته وه‌رگێڕ به زانستێکی فره‌تر له زمان ته‌یار بێ.
وه‌رگێڕان ئه‌گه‌ر لایه‌نێکی زانینی زمانی دایکییه، به‌شێکیشی زانینی زمانی مه‌به‌ست، یان ئه‌و زمانه‌یه ده‌قه‌که‌ی پێ به‌رهه‌مهاتووه، سووچێکی سێهه‌میشی زانستی وه‌رگێڕه له‌و بواره‌دا که کاری وه‌رگیڕانی تێدا راده‌په‌ڕێنێ، ناکرێ وه‌رگێڕێک فه‌لسه‌فه نه‌زانێ و ته‌نیا به هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ندێک وشه و واتا ده‌زانێ فه‌لسه‌فه وه‌ربگێڕێ. ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره‌ش بکات، ئه‌و کات چون ته‌نیا واتای رواڵه‌تی وشه‌کان وه‌رده‌گێڕێ، تووشی هه‌ڵه‌ی که‌ڵه ده‌بێ. نموونه‌ی وا له وه‌رگێڕانی کورد دا که نیشانه‌ی نه‌بوونی زانستی تایبه‌ت له بواری وه‌رگێڕانه که‌م نین. ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕێک ده‌نووسێ.”له به‌رزایی شاخه‌کانه‌وه دیتنی ده‌کرد”(…) ئه‌وه زانستی زمانی له‌وپه‌ڕی لاوازی دایه و خه‌ریکه وشه به وشه ماناکان ده‌نووسێته‌وه. ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕێک ده‌نووسێ ” له سه‌ر تێگه‌یشتنی په‌نجه‌ره و … گوڵی ته‌ڕ دانێین” به جێی ئه‌وه‌ی بڵێ ئاوپڕژێنیان که‌ین، ئه‌وه زمانی سه‌رچاوه نازانێ. چون “گلنم زدن” واتاکه‌ی ئاوپڕژێن کردنه نه‌ک گوڵی ته‌ڕ له شوێنێک دانان. ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕێکیش “به جێگای “ونیز یادت هست” بنووسێ هه‌روه‌ها له بیرته.(…) واته زانسته ئه‌ده‌بییه‌که‌ی لاوازه. چون ئه‌گه‌ر له پێشینه‌ی ده‌قی به‌رده‌ستی تێگه‌یشتبا ده‌یزانی شێعره‌که‌ی سپێهری ناوی “سه‌فه‌ره” و ئه‌وه‌ش شوێنێکی دیکه له‌و شوێنانه‌یه له شێعره‌که‌دا باسی کراوه، واته مه‌به‌ست شاری “وێنیزه”نه‌ک “هه‌روه‌ها”.
بۆیه من پێم وایه ئه‌حمه‌دی قازی له وه‌رگێڕاندا به هۆی ئه‌وه‌ی هه‌م زمانه‌کانی فارسی و کوردی به باشی ده‌زانی و هه‌م شاره‌زای زمانی ئینگلیزی بوو، زۆر هه‌ستیارانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ وشه‌کان ده‌کرد و حه‌ولی ده‌دا به‌رانبه‌ری دروستیان بۆ دابنێ و جاری وایه له واتا و ته‌عبیرێکی خۆماڵی بگه‌ڕێ که پڕ به پێستی رسته‌یه‌کی دوور و درێژی زمانی سه‌ره‌کی ده‌قه‌که بێ. رسته‌یه‌ک که ئه‌گه‌ر وشه به وشه مانا کراباوه ره‌نگه خوێنه‌ر یان چیژی لێ نه‌دیتبا یان لێی تێنهگهیشتبا. که‌واته له گه‌یاندنی واتای سه‌ره‌کی ده‌قدا سه‌رکه‌وتوو بوو. له زۆر ده‌قی وه‌رگێڕاوی کاک ئه‌حمه‌ددا بۆ وێنه به به‌راوه‌رد کردنی ده‌قی سێ نووسینی وه‌ک “دوانه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره” و “گیلگه‌میش” و “دۆن‌کیشۆت” سێ له‌حنی جیاواز ده‌بینین. چون ئه‌و ده‌قانه هی سێ نووسه‌ری جیاوازن. له “دۆن‌کیشۆت”هکهشیدا به پێی بارودۆخی پاڵه‌وانه‌کان، له‌حنی ده‌قه‌که و راوێژی راوییهکان گۆڕانیان به سه‌ر دادێ.
نموونه‌ی یه‌که‌م:
“وه گیلگه‌میش به‌و، به سی دووری سابی تۆ، ئاوا ده‌ڵێ: روخسارم چلۆن سیس و هه‌ڵپڕوکاو نه‌بێ و نێوچاوانم چین و گرژ داینهپۆشێ؟ چلۆن رووحم نه‌شێوێ و باڵام نه‌چه‌مێته‌وه؟ چلۆن ژان دهگیانمدا هێلانه نه‌کا؟ چۆن وه‌ک هه‌ڵوه‌دای له پێکهوتووی رێگه‌ی دوور نه‌بم؟…برا چکۆله‌ی من، پڵنگی ده‌شت، ئه‌نکیدۆ و هه‌واڵی لاوی من…(شاملو:۱۱۰:۲۰۰۵)
له‌و به‌شه‌دا وه‌رگێڕی کوردی چون له‌گه‌ڵ ده‌قێکی ئوستووره‌یی و حه‌ماسی رووبه‌ڕوویه له زمانێکی ته‌با له‌گه‌ڵ ناوه‌رۆکه‌که‌ی گه‌ڕاوه. بۆ راگرتنی که‌ش و راوێژی ده‌قێکی مهیلهوشێعری حه‌ماسی، له ساکار کردنه‌وه‌ی زمان خۆی پاراستووه. ده‌قه‌که‌ی شاعیرانه وه‌رگێڕاوه و ته‌نانه‌ت “وه”ی سه‌ره‌تای رسته ئیستیناف (بڕواننه ئه‌فخه‌مزاده:۱۳۹۴) که له زمانی ستاندارددا که‌ڵکی لێ وهرناگێرێ و وه‌ک تهمهیدێک له‌و چه‌شنه ده‌قانه و له ده‌قه پێرۆزه‌کان و شێعردا به‌کار ده‌بردرێ، دێنێته ناو ده‌قه‌که‌یه‌وه- له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه له به‌شی دوایی دا زیاتر ده‌دوێم- .
نموونه‌ی دووه‌م:
“پووره بێتسی بۆ خاتری خودا بوومه که‌باب!سووتام! ناتوانم په‌توو به‌خۆم داده‌م. که‌س خۆی بۆ راناگیرێ. مه‌گه‌ر ئه‌تۆ بۆ خۆت ده‌توانی؟
دووباره ده‌ستت کرده‌وه به پشمین؟ ده‌مزانی وات لێدێته‌وه. په‌تووی لاده‌ده‌ی وات لێدێ!
نه بابه! هی په‌توو نیه. سه‌رمام بووه.( تواین:۱۷۷:۱۳۶۹)
ئه‌و به‌شه له کتێبێ “دوانه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره” دیالۆگی مابه‌ین دوو که‌سایه‌تییه له سه‌ر بابه‌تێکی ساکار و زمانی وهرگێرێش زمانێکی ئاسایی مابه‌ین تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگایه و دووره له رازاندنه‌وه و جوانکاری ئه‌ده‌بی، چون ده‌قی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌ی خواستووه و وهرگێڕێش له ده‌قێکه‌وه بۆ ده‌قێکی تر زمانی له گۆڕان دایه.
نموونه‌ی سێیه‌م:
له “دۆن‌کیشۆت”یش دا راوێژ و له‌حن و ته‌نانه‌ت ده‌سته‌واژه‌کان تایبه‌ن. جاری واشه له که‌سایه‌تییه‌که‌وه بۆ که‌سایه‌تییه‌کی دیکه به پێی تیپی کۆمه‌ڵایه‌تی لهحنهکه ده‌گۆڕدرێ. بۆ وێنه له‌حن و زمان و ئه‌و زاراوانه‌ی کابرایه‌کی ئاییندار ده‌کاریان دێنێ و هه‌روه‌ها هێمنییه‌ک که له راوێژی دایه:
که‌شیش کوتی:” به فریوی کام شه‌یتان! به فریوی به‌ختی ره‌شی خۆمان! …له پێش دا ده‌بێ به عه‌رزی خزمه‌تی به‌ڕێزتان رابگه‌یه‌نم، ئه‌گه‌رچی لیسانسی ده‌ره‌وه‌ی زانسته ئایینییه‌کانم وه‌رگرتووه، به‌ڵام ته‌نیا دیپڵۆمهم هه‌یه… ئێمه هه‌موومان بۆ به‌ڕێکردنی جه‌نازه‌یه‌ک که ده‌و تابووتهیان ناوه ده‌چینه سهگۆوی، ئه‌م جه‌نازه‌ش ته‌رمی نه‌جیبزاده‌یه‌کی خه‌ڵکی بائێزایه که له‌وێ کۆچبار بووه و ماوه‌یه‌ک له‌وێ ئه‌سپارده‌ی خاک کرابوو، به‌ڵام هه‌ر وه‌ک عه‌رزم کردی ئێستا ئێسک و پرووسکی ده‌به‌ینه‌وه سهگۆوی که مهغبهرهی بنه‌ماڵه‌یان له‌وێیه.(سێروانتس::۲۰۰۸:۱۸۲:۱۸۳)
کابرایه‌کی بزن لهوهڕێنیش ئه‌وه‌ی ده‌یڵێ نیشانده‌ری پسپۆڕی و زانیاری ئه‌و له سه‌ر بابه‌تێکه که باسی ده‌کا. هه‌ر بۆیه باسی گژ و گیا و ده‌کار هێنانیان بۆ ساڕ‌ێژ کردنه‌وه‌ی برین ده‌کا. جا لێره‌دا وه‌رگێڕ ده‌بێ بزانێ چۆن ئه‌و زمان و وشانه ببینێته‌وه که بزن لهوهڕێنێکی هاوزمانی له دۆخێکی هاوشێوه‌دا ده‌کاریان دێنێ:
بزن لهوڕێن کوتی: مه‌ترسه. من ده‌رمانێکم پێیه دهستوبهجێ گوێت چاک ده‌کاته‌وه و بێ ماتڵ بوون چه‌ند گه‌ڵا رهکێشهی … لێوه‌کرد و هێندێکی خوێ پێداکرد و له سه‌ر گوێچکه‌ی پاڵه‌وانی دانا. (سێروانتس: ۱۱۴:۲۰۰۸)
جاری واشه له له‌حنێکی شێوه کتێبی و ته‌نانه‌ت شێوه موقه‌دده‌س که‌ڵک وه‌رگیراوه. بۆ وێنه جۆری سوێند خواردنه‌کان. له‌و به‌شه‌دا ده‌ق له‌حنی دینیی هه‌یه، ئه‌وه وه‌رگێڕی کورده به کاریگه‌ری له‌و کولتووره و له‌و ده‌قه له ئیمکانه زمانییه‌کانی کتێبی ئایینی و جاری واشه تێگه‌یشتنی ئایینی خه‌ڵک که‌ڵکی وه‌رگرتووه و ئه‌وانه‌ی هێناوه‌ته ناو ده‌قی وه‌رگێڕانه‌که‌یه‌وه.
“وه ئه‌گه‌ر خۆش خزمه‌تی بتوانێ دڵێکی به‌رین نه‌رم بکا، ئه‌وه‌ی من توانیومه بۆ تۆی بکه‌م هیواکانم به‌هێز ده‌کا… وه ئه‌وه به خاتری خشڵ و زیوه‌ری زۆر و پرچی ده‌ستکرد و جوانییه‌کی درۆزنانه‌یه که خودی ئه‌وینیشی فریو ده‌دا … وه ئه‌گه‌ر تۆ سه‌رکێشی بکه‌ی هه‌ر لێره‌وه قه‌سه‌م به گه‌وره‌ترین پاکان که من له‌و کێوپارانه وه‌ده‌ر ناکه‌وم … (سێروانتس: ۱۱۲:۱۱۳:۲۰۰۸) لێره‌دا شێوه‌ی پچڕ پچڕ و به پارێزی رسته‌کان، جه‌خت له سه‌ر هه‌ندێ به‌شی تایبه‌تی رسته‌کان هه‌ر له سه‌ره‌تای رسته‌وه، هه‌روه‌ها سوێند خواردنه‌که‌ی، جودا له ناوه‌رۆکی بابه‌ته‌که، له وه‌رگێڕانی ده‌قه پیرۆزه‌کان یان لانیکه‌م ده‌قه ئایینییه‌کان ده‌چێ. هه‌ر بۆیه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌حمه‌دی قازی زمان‌ناس و نووسه‌ری یه‌که‌م کتێبی رێزمانی کوردی له کورستانی ئێران بووه، له “وه”ی سه‌ره‌تای رسته(ئیستیناف) به مه‌به‌ستی جه‌ختێکی تایبه‌ت له سه‌ر رسته‌کان و پێداگری زیاتر بۆ ده‌ربڕینی مانا، که‌ڵکی وه‌رگرتووه. هه‌ڵبه‌ت له زۆر شوێنی دیکه‌ی ئه‌و وه‌رگێڕانه و له وه‌رگێڕانی “گیلگه‌میش”یشدا که‌ڵکی به ئه‌نقه‌ستی له‌و “وه”یه وه‌رگرتووه. جا وه‌کی کاک “سه‌لاح ئاشتی” له نووسینێکیدا له گۆڤاری مه‌هابادی ژوماره ۱۶۹(بڕوانه ئاشتی:۱۳۸۴) و کاک “عه‌بدولعه‌زیز ئه‌فخه‌مزاده” له نووسینێکی دی له ژوماره ۱۷۰ی مه‌هاباددا(بڕوانه ئه‌فخه‌مزاده:۱۳۸۴)، یه‌کی وتارێکیان له‌و باره‌وه نووسیوه، جودا له هه‌ندێک جیاوازیی له ئاراسته‌ی روانینیان بۆ بابه‌ته‌که، هه‌ر دووکیان له یه‌ک خاڵدا هاوڕان که ئه‌و دیارده‌یه زیاتر له شێعردا ره‌نگی داوه‌ته‌وه و ئه‌ویش به زه‌روره‌ت، نه‌ک وه‌ک یاسایه‌کی رێزمانی. به‌و پێیه ده‌رده‌که‌وێ هه‌ندێک که‌س و یه‌ک له‌وان کاک ئه‌حمه‌د قازی به ئه‌نقه‌ست و وه‌ک ته‌مهیدێکی به‌یانی که‌ڵکیان له‌و “وه”ی سه‌ره‌تای رسته‌یه وه‌رگرتووه، که‌سانێکی وه‌ک “سواره ئیلخانیزاده” و “چاوه شێخه‌لئیسلامی”یش هه‌ر به‌و شێوه‌یه و له‌و ئاراسته‌یه‌وه له‌و بابه‌ته‌یان روانیوه. بۆ وێنه که‌سێکی چالاک و پڕکاری وه‌ک سواره له سه‌دان لاپه‌ڕه په‌خشانیدا یه‌ک نموونه‌ی وا نابینیه‌وه له “وه”ی سه‌ره‌تای رسته‌ی که‌ڵک وه‌رگرتبێ، چون ئه‌وه‌ی زانیوه له په‌خشانێکی زانستی و ره‌خنه‌یی و … دا نووسه‌ر که له زمانی ستاندارد که‌ڵک وه‌رده‌گرێ، ناتوانێ له پێوانه‌کانی زمانی ستاندارد لادا، بۆ وێنه له ده‌قی ره‌خنه‌کانی “تاپۆ و بوومهڵیڵ”ی سواره ئیلخانیزادهدا نموونه‌یه‌کی وات نایه‌ته به‌رچاو. به‌ڵام له کاری داهێنان و شێعردا قسه له سه‌ر لادان له نۆڕمهکانه، له نۆڕمی زمانییه‌وه تا نۆڕمی مانایی. جاری واشه ئه‌وه زه‌رووره‌تی شێعره، جا زه‌روره‌تی کێشی شێعری بێ یان ته‌کنیکێک بۆ ده‌برێن، یان خوازتنهوه و قه‌رز وه‌رگرتنی شێوه ده‌ربڕینی زمانێکی دیکه‌ی وه‌ک عه‌ڕه‌بی که نووسه‌ر وا لێده‌کا له “وه”ی ئیستیناف که‌ڵک وه‌ربگرێ. هه‌ڵبه‌ت هه‌م له وه‌رگێڕانی “دۆن‌کیشۆت” و هه‌م له وه‌رگێڕانی کتێبی “گیلگه‌میش”دا، کاک ئه‌حمه‌دی قازی له هه‌ر کوێ ئه‌و کاره‌ی کردووه به تێبینی و زانسته‌وه کردوویه‌تی و له‌و ده‌لاقه‌یه‌وه بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ی روانیوه. هه‌روه‌ها جاری وایه ئاوا له کاری وه‌رگێڕێک ورد ده‌بینه‌وه که بزانین ئه‌و مه‌به‌ست و واتایه‌ی له ده‌قێکدا ده‌ربڕدراوه له‌گه‌ڵ ئه‌و زمانه‌ی وه‌رگێڕ بۆی هه‌ڵبژاردووه یه‌ک ده‌گرنه‌وه، واته واتا و زمان لێک ده‌کاڵێنه‌وه؟
له وه‌رگێڕانی “دۆنکیشووت” و “گیلگه‌میش”دا زمان و واتا پڕ به به‌ری یه‌کن. هه‌ر چه‌ند ئه‌گه‌ر وردبینانه بۆ دێڕ به دێڕی ئه‌و رۆمانه بگه‌ڕێین ره‌نگه -و ته‌نانه‌ت به دڵنیایییه‌وه ده‌توانم بڵێم – رسته و ته‌عبیری واشمان دێته به‌رچاو که ده‌کرێ له‌وان جوانتر و کوردی‌تر و ته‌باتر له‌گه‌ڵ زمانی کوردی بدۆزینه‌وه. به‌ڵام به گشتی ئه‌و ده‌قه‌ی ئه‌حمه‌دی قازی ده‌قێکی سه‌رکه‌وتووی وه‌رگێڕانه. پڕ له واژه و ده‌سته‌واژه‌ی رێک و پێک، وشه‌ی لێک و لووس و له زاران خۆش، به کورتی ده‌توانم بڵێم زمانی “دۆنکیشووت” به وه‌رگێڕانی “ئه‌حمه‌دی قازی”یه‌وه پاراو و ده‌وڵه‌مه‌نده و به‌و په‌ڕی لێزانییه‌وه ئه‌و کاره‌ی “محه‌ممه‌دی قازی” له وه‌رگێڕانی بۆ فارسی‌دا کرددوویه‌تی، له وه‌رگێڕاوی کوردی کاک ئه‌حمه‌دیشدا، له راده‌ی توانادا دووپات بۆته‌وه. واته ئه‌گه‌ر یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کاری محه‌ممه‌دی قازی جه‌خت له سه‌ر خۆماڵی کردنی زمان له وه‌رگێڕانی “دۆنکیشووت” دایه و به سه‌دان زاراوه و په‌ندی پێشینیانی فارسی وه‌ک وشه و واژه و ده‌سته‌واژه‌ی به‌رانبه‌ر، بۆ ده‌قه‌که‌ی سێروانتس داناوه، کاک ئه‌حمه‌دیش حه‌ولێکی له‌و چه‌شنه‌ی له وه‌رگێڕانی کوردیی “دۆنکیشووت”دا داوه.
بایه‌خی ئه‌و کاره‌ی کاک ئه‌حمه‌د کاتێک ده‌رده‌که‌وێ چاوێک به دۆخی ناله‌باری زاڵ به سه‌ر زمانی وه‌رگێڕانی کوردی به تایبه‌ت له باشووری کوردستاندا بخشێنین. بۆیه‌ش باسی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان ده‌که‌م، چون ئه‌و کتێبه له‌وێ بڵاو بۆته‌وه و ده‌توانێ سه‌رچه‌شنێک بێ بۆ رۆمانخوێن و به‌شێک له نووسه‌رانی کوردستانی عێراق، هه‌تا چێژی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ره‌وان و زمانپاراو بئهزموون و ئاگایانه له شێوازی ده‌کارکردنی زمان و ره‌وان نووسین و خوازتنهوهی ته‌عبیر و زاراوه و مه‌سه‌ل و مه‌ته‌ڵی خۆماڵی له ده‌قێکی وه‌رگێڕاودا بڕوانن. هه‌ر چه‌ند راده‌ی به‌رهه‌می له‌و چه‌شنه پاراو، زۆر ده‌گمه‌نن، به‌ڵام ئه‌و به‌رهه‌مانه و باقی به‌رهه‌مه‌کانی کاک ئه‌حمه‌د له باری زمانییه‌وه ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌یان هه‌یه که بتوانن ببنه نموونه‌یه‌کی باش بۆ وه‌رگێڕانی ده‌قی ئه‌ده‌بی بیانی له ئاران و زۆزان. هه‌ر له وه‌رگێڕانی “دۆنکیشووت”دا، نووسه‌ر له کۆتایی کاره‌که‌دا به پێکهێنانی فه‌رهه‌نگۆکێکی ده‌وڵه‌مه‌ند هێنده‌ی دیکه‌ی کتێبه‌که به نرخ کردووه.
کاک ئه‌حمه‌د به‌ر له‌و به‌رهه‌مه، ئه‌فسانه‌ی “گیلگه‌میش”ی کردبووه کوردی و پاش ئه‌وه‌ش کورته‌ی مێژووی کوردی نووسیوه و دوایین کاریشی وه‌رگێڕانی “کلیله و دێمنه” بووه. هه‌ر کام له‌و به‌رهه‌مانه قسه و باسی تایبه‌تی خۆیان ده‌وێ و لێره‌دا ناگونجێ، به‌ڵام وه‌کی فارسه‌کان به “محه‌ممه‌دی قازی”یان گوت “همان دنکیشوت کافی بود آقای قاضی”(سیف: ۱۳۵۹), منیش ده‌توانم بڵێم جودا له نووسینی ته‌نز و ره‌خنه و … “هه‌ر “دۆن‌کیشۆت” به‌س بوو کاک ئه‌حمه‌د!”.
_______________
سه‌رچاوه:
۱- بردستانی، رضا(۱۳۹۲)بررسی سبکشناسی ترجمهی دُنکیشوت با رویکرد زبانشناختی (با تأکید بر دیباچه) اثر محمّد قاضی، فصلنامهی علمی پژوهشی زبان و ادبیات فارسی – دانشکده‌ی ادبیات و زبانهای خارجی، دانشگاه آزاد اسلامی واحد سنندج – سال پنجم/ شمارهی ۱۵
۲- تواین، مارک(۱۳۶۹) دوانه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره، وه‌رگێڕ: ئه‌حمه‌د قازی، ارومیه: انتشارات صلاح‌الدین ایوبی
۳- خزاعیفر، علی و دیگران(۱۳۸۹)«تک صدایی در ترجمهی دُنکیشوت». مجلهی مطالعات زبان و ترجمه (دانشکده‌ی ادبیات و علوم انسانی)، شمارهی اوّل
۴-رجبی، عرفان،(۱۳۹۲)قاضی و بازی ترجمه با قدرت: فصلنامهی علمی پژوهشی زبان و ادب فارسی – دانشکده‌ی ادبیات و زبانهای خارجی دانشگاه آزاد اسلامی واحد سنندج– سال پنجم,شماره ۱۵
۵-سیف، هادی(۱۳۵۹) همان دُنکیشوت کافی بود، فردای ایران، شمارهی ۲
۶-سیرڤانتس(۲۰۰۸)دۆنکیشووت، وه‌رگێڕ: ئه‌حمه‌د قازی، هه‌ولێر: ئاراس
۷- شاملوو، ئه‌حمه‌د (۲۰۰۵) گیلگه‌میش،وه‌رگێڕانی ئه‌حمه‌دی قازی
۸-ئاشتی،سه‌لاح(۱۳۹۴)چه‌ند تێبینییه‌ک له سه‌ر “واو”، گۆڤاری مه‌هاباد ژوماره ۱۶۹
۹-ئه‌فخه‌مزاده، عه‌بدولعه‌زیز(۱۳۹۴) گرفته‌کانی نووسینی”واو” و کێشه‌کانی ناسینی”واو” گۆڤاری مه‌هاباد ژوماره ۱۷۱
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە