دوایین هەواڵ
خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «فەلسەفەی زیرەکی دەستکرد» بڵاوکرایەوە

کتێبی «فەلسەفەی زیرەکی دەستکرد» بڵاوکرایەوە

کتێبی «فەلسەفەی زیرەکی دەستکرد» بڵاوکرایەوە

ناسنامەی کتێب: «فەلسەفەی زیرەکی دەستکرد»، وەرگێڕانی سەعید کاکی ، دەزگای جەماڵ عیرفان، سلێمانی ٢٠٢٦.

سەعید کاکی

سەدەی بیست و یەکەم سەدەی تەکنۆلۆجی و زیرەکی دەستکردە . لە سەردەمێک دا دەژین تەکنۆلۆجی و زیرەکی دەستکرد هەموو جومگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی گرتووەتەوە. نەتەوەیەک دەتوانێ بڕ بکات و شتێکی بۆ وتن هەبێت خۆی بۆ زانست و بیری نوێ ئامادە کردبێت و خۆی لە داوی میتافیزیک و خەیاڵات دەرباز کردبێت. چەرخی ڕۆژگار وەها گۆڕاوە نەتەوەیەکە لە زانست و تەکنۆلۆجی سەردەم تێ نەگات بە مایەپووچی دەمێنێتەوە و دەبێتە پاشکۆ، بۆیە تێگەیشتن لە زانستی سەردەم و بەکارهێنانی لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا پاڵنەرە بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە. ئەوەی ئەرکی ئێمەیە ئەوەیە، چۆن لەم سەردەمە تێ بگەین و باشی و خراپی تەکنۆلۆجی و زیرەکی دەستکرد و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگە بەگشتی لێک بدەینەوە. ئەوەی لە ئێستادا دەزانین ئەوەیە، بیرۆکەی زیرەکی دەستکرد لە بنەڕەتەوە لێکدانەوەی زانستی کۆمپیوتەر و بنەڕەتەکانی تەکنۆلۆجی سیستمە زیرەکەکانە لە نیوەی سەدەی بیستەم لە کۆمەڵگەی زانستی و ئەندازیارییدا هاتە ئاراوە و دەسبەجێ کۆمەڵێک سەرکەوتنی تیۆریکی و زانستی دەستەبەر کرد. ئێستاکە فەلسەفەی زیرەکی دەستکرد یەکێک لە لقە گرنگەکانی فەلسەفەیە و کۆمەڵێک فەیلەسووف لە کێشەکانی زیرەکی دەستکرد دەکۆڵنەوە.
کلاوس مارتن شواپ ، لە ساڵی ٢٠١٦، کتێبێکی نووسی بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە شۆڕشی پیشەسازیی، سنوورەکانی نێوان پانتاییە فیزیایی، دیجیتاڵی و بایۆلۆجیکییەکان بسڕێتەوە و زیرەکی دەستکرد بوو بە ڕێنوێنیکاری ئەم شۆڕشە. بێگومان لە لایەنی تەکنیکییەکەی چاویی لێ بکەین دروستە، بەڵام لایەنە فەلسەفییەکەی زیرەکی دەستکرد پتر لەوەیە، کەرەستەیەکی زیرەکییانە بخاتەبەردەستی مرۆڤ بۆ ئەم شۆڕشە، چونکە زیرەکی دەستکرد لە ژێر چەتری پاڕادایمی زمان لەسەدەی بیستەمدایە و لە هەوێنی تەکنۆلۆجییەوە بەرهەمهاتووە، جگە لەوەی کە هێزی مرۆڤی بۆ داگیرکردنی سروشت زیاتر کرد بەڵکوو خەیاڵی سڕینەوەی سنوورەکان و زاڵبوون بەسەر سنوورەکانی لەهەمبەر مرۆڤ لە سەدەی بیستەم لە مێشکدا بوو و لەمپەڕەکانی مرۆڤی پتر کرد. زیرەکی دەستکرد، هاوشێوەی کۆیلەی هێگلە و لە پێشدا لە خزمەتی خۆشبژی ئاغای خۆیدایە بە نێونجی ئەو و سروشت، بەڵام لە کۆتاییدا بە پاڵپشتی هاندانی دیالێکتیکی بەسەریدا سەرکەوت، مرۆڤی ئەمڕۆکە لە پڕۆسەی لە خۆنامۆیی پاش مودێڕندایە. دەمێکەیە لە تراویلکەی خۆئاگایی کۆتایی مێژوودا دیسانەوە لەخۆی نامۆیە. پاڕادیمێکی نوێ لە ڕێگەدایە پانتایی سەرهەڵدانی ئەم لەخۆنامووبوونەیە. بەڵام هەروەهاکە ئاماژەمان پێدا ئەمە لە جۆری لەخۆنامووبوونی پاش مودێرنە و بەشێک نییە لە فۆڕمولی هێگلیی پڕۆسەی دیالێکتیکی؛ لەخۆنامۆیی ← ئاگامەندی ← خۆئاگامەندی، بۆیە لە خۆئاگامەندی پاش مودێڕن لە جۆری پڕۆسەی دیالێکتیکی نییە. چونکە لە پانتاییەکی نوێدا جێگیر بووین، ژیانی سروشتی ئیدی شێوەیەکی زاڵی ژیان نییە بۆ ەوەی خۆئاگامەندی لە چوارچێوەی وشەی (لۆگۆس) وەکو فۆڕمێکی کۆتایی ژیانیی مرۆیی (گایست) لە کۆتایی مێژوود، بەسەر لە خۆنامۆبوونی خۆی لە سروشتدا سەرکەوێت. ڕاستییەکەی ئەوەیە، سەردەمی زاڵبوونی وشەی لۆگۆس لەگەڵ پاڕادایمی زمان و سەرهەڵدانی تەکنۆلۆجی گەیشتە لووتکە، شێوەیەکی نوێ لە ژیان سەریهەڵدا هەموو توخمە پێکهێنەرەکانی ئاوەز و خۆئاگایی کۆکردەوە و تەکنیکاڵی کرد.

زیرەکی دەستکرد، دوا بەرهەمی پڕۆسەی تەکنۆلۆگۆسە و لە ڕێگەی پەرپێدانی ئەویش بە هاندانی زیرەکی سروشتی و گۆڕینی سروشتی لە دەستکردەکاندا بەرهەمهات. زیرەکی دەستکرد، ئاڵاهەڵگری ئەم پڕۆسەیە و ناوەندی گۆڕینی لە مرۆڤی پاش مودێڕندایە. سەرهەڵدانی پاڕادایمی ئاگامەندی، زانستی میتافیزیک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی پاڕادیمی بوون بوو، تواندیەوە و سەرهەڵدانی پاڕادایمی زمان، تەکنۆلۆجیی زانست، گرنگترین دەستکەوتەکەی پاڕادیمی ئاگامەندی بوو تواندییەوە و ئێستاکە دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بین بزانین پارادایمی زمانی چی دەکات. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە، تەکنۆلۆجی گرنگترین دەستکەوی پاڕادیمی زمان دەگۆڕدرێت بۆ ئەوەی گۆڕانکاری نوێ بهێنێتە ئاراوە. تواندنەوەی زانست لە تەکنۆلۆجی، هاوتایە لەگەڵ گۆڕینی سروشتی _ دەستکرد و ڕاستێتی _ خوازە، دوالیزمەکانی مودێڕنن و تەکنۆلۆگیکن. هەروەک چۆن خوازەیە سنوور بۆ ڕاستێتی دیاری دەکات بە هەمان شێوە، دەستکردەکانە سنووری سروشتییەکان دیاری دەکەن. باشتروایە بڵێین ڕاستێتی لە خوازە و سروشتی لە دەستکرددا دەتوێتەوە. لە ڕاستیدا زیرەکی دەستکرد خاڵی وەرچەرخان و ناوەندی ئەم گۆڕانکارییەیە. هەروەهاکە خواناسی ناوەندی گۆڕینی میتافیزیک بەرەو زانست بوو و فیزیاش ناوەندی گۆڕینی زانست بەرەو تەکنۆلۆجی بوو و زیرەکی دەستکردیش بوو بە ناوەندی گۆڕینی تەکنۆلۆجی بۆ شتێکە لە ئێستادا و لەم دۆخەدا، تێپەڕین لە پاڕادایمی زمان بەرەو پاڕادایمی نوێیە هێشتا نازانین چییە و چی دەبێت. ئەوەی لە ئێستادا دەزانین ئەوەیە، بیرۆکەی زیرەکی دەستکرد لە بنەڕەتەوە لێکدانەوەیەکە لە زانستی کۆمپیۆتەر و بنەڕەتەکانی تەکنۆلۆجی سیستمە زیرەکەکان کە لە نیوەی سەدەی بیستەم لە کۆمەڵگەی زانستی و ئەندازیاری هاتە ئاراوە و دەسبەجێ کۆمەڵێک سەرکەوتنی تیۆریکی و زانستی دەستەبەر کرد، ئێستاکە لە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و ژینگەی مرۆڤدا ڕۆڵی سەرەکی هەیە. لە هەمان کاتیشدا، ئەم بیرۆکەیە لە لایەنی فەلسەفییەوە، کۆمەڵێک کێشەی لەگەڵ خۆی هەیە و لە سەرەتاوە لە لای فەیلەسووفەکان جێی مشتومڕ بووە. لەمڕۆدا و لەم سەردەمەدا فەلسەفەی تەکنۆلۆجی یەکێک لە لقە گەلێک چالاک و داهێنەرانەکانی کە جێی مشتومڕە لە زانستە زانینییەکان و فەلسەفەی مایندە و لە لقەکانی تری فەلسەفەی هاوچەرخ وەکو مرۆڤناسی، فەلسەفەی ئاکار، فەلسەفەی ماف، فەلسەفەی سیاسەت، فەلسەفەی زانست و فەلسەفەی تەکنۆلۆجی کاریگەری داناوە و کۆمەڵێک کێشەیان وروژاندووە. کەواتە گرنگە لە لایەنە فەلسەفییەکەی لە زیرەکی دەستکرد بکۆڵینەوە و بۆ تێگەیشتنی خۆمان ماندو بکەین بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی فەلسەفی لەو شتەی هەیە دەستەبەری بکەین. لە زانکۆ پێشکەوتووەکانی ئەمریکا، فەلسەفەی زیرەکی دەستکرد و فەلسەفەی تەکنۆلۆجی بەچڕی دەخوێنرێت و بایەخی پێدەرێت. بەڵام پێویستە لە بەشەکانی فەلسەفە و زانستە مرۆییەکان بە گشتی گرنگی بە فەلسەفەی زیرەکی دەستکرد و فەلسەفەی تەکنۆلۆجی بدرێت. فەلسەفەی زیرەکی دەستکرد، لقێکی هاوبەشی نێوان فەلسەفەی مایند و زانستە زانینییەکانە و لە ڕێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵێک لێکدانەوە لە لقەکانی فەلسەفەی مایند و میتۆدەکان و تیۆرییەکان و فێرگەتیۆریکییەکان و گەشەی تەکنیکی زیرەکی دەستکرد و داڕشتنی سیستمی زیرەکییانەانە و دروستکردنی ڕۆبۆتەکانە. لە ڕاستیدا ئێمە هۆگری تاقیکردنەوەی پێوەندی نێوان زەین و کۆمپیوتەرەکانین (Matt carter: 1).

  https://t.me/kurdishbookhouse

هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ڕۆمانی «هەموو شت‌زانی بێ سنوور»، نوێترین بەرهەمی سەید قادر هیدایەتی بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *