
بورجە بێ دەلاقەکان نازانن دەرەوە چەند شەممەیە!
چیرۆکێکی ئاشنا!
یەکێک لە بەردەوامترین گێڕانەوەکانی جیهانی ڕۆشنبیری، گێڕانەوەی مەزڵومییەتە. زۆرجار وا دەردەکەوێت کە ڕۆشنبیر هەمیشە لە نێو کۆمەڵگایەکدا دەژی کە نە لێی تێدەگەن، نە بەهای هەوڵ و توانای دەزانن و نە شوێنی شایستەی بۆ دابین دەکەن. لەبەر ئەمەیە کە دەربڕینەکانی وەک «کۆمەڵگای نوخبەکوژ»، «کۆمەڵگای دژە کولتوور»، «مردنی بیرکردنەوە» یان «تەنهاییی ڕۆشنبیر»و… بەردەوام دووبارە دەبنەوە.
بەڵام ئەگەر بمانەوێت ئەم دیاردەیە بە چاوێکی ڕەخنەگرانە لێکبدەینەوە، دەبێت پرسیارێکی بنەڕەتی بکەین: ئایا ئەم وێنەیە بە ڕاستی وێنەی مێژووە، یان تەنیا ڕەنگدانەوەی ئەو چاوەڕوانییەیە کە ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگا هەیەتی؟بەشێکی زۆری ئەم گێڕانەوەیە لەسەر نۆستالۆژیایەکی ڕۆمانتیک بنیات نراوە؛ لەسەر ئەو باوەڕەی کە گوایە ڕۆژگارێک هەبووە کە بیرکردنەوە، فەلسەفە، هونەر و زانست لە ناوەندی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بوون و ڕۆشنبیر پلەیەکی بەرزی هەبووە کە ئێستا لەدەست چووە!. بەڵام مێژوو، زۆر ئەم وێنەیە پشتڕاست ناکاتەوە. ئەگەر چاوپۆشی لە چەند نموونەیەکی دەگمەن، وەک شاعیرانی دەرباری یان زانایانی پشتگیریکراوی دەسەڵات بکەین، زۆربەی مێژووی بیرکردنەوە مێژووی تەنیایی و ناڕەحەتییە. گۆران هەر لەبەر پارەیەکی کەم، زیندانی دەکرێت، نالی غەریب دەکەوێ و قانع بێکەس و داماو مەحبوو دەکرێت. یان لەوبەری دوونیاوە بنیامین دەکوژرێت، سپینۆزا لە کۆمەڵگاکەی خۆی دەردەکرێت، ڤانگۆخ لە هەژاری دەمرێت و کافکا تا دوای مردنی ناناسرێت و دۆستۆیێفسکی لە بەند دەکرێت. مێژوو زیاتر مێژووی بەرگریی بیرمەندانە لە بەرامبەر بێدەنگیی کۆمەڵگا، نە مێژووی شکۆ و پێگەی زلهێز و گەورەی ئەوان.
گێڕانەوەیەکی تر ئەوەیە کە بڕێک ڕۆشنبیر وا دەزانن یاخیبوون، هەر لە ئەوانەوە مانا پەیدا دەکات و پێیان وایە عەقڵیەتی ئەوان هێندە زل و بەهێز و قورسە کە هیچ تاک و کۆمەڵێک لەو کۆمەڵگەیان ناتوانن بەردەنگی شایستەی ئەوان بن . وەهمێکیان هەیە کە گوایە ئەمان خاوەنی ئایدیا و بیرۆکەی ناب و بێوێنەن و ئەوەی لە کلاسیک و پێش ئەوان بووە کۆنەپەرستی و دواکەوتوویی بووە. ئەم قسە و بیرانە نەتەنیا یاخیبوون نییەن بەڵکوو خەیاڵی پووچ و پووکن و بە جۆرێکیش غەفلەتە لەو خەزێنەی مەعریفەتی و زانستییەی کە لە پشتەوە هەیە.
ئەم پاسارە زامارە بۆیە ئاو دەدات!.
هەر کۆمەڵگایەک لە ژێر بارودۆخی مێژووی خۆیدا پەرە دەسێنێت و گرنگییەکانی خۆی لە هەمان بارودۆخەوە وەردەگرێت.کۆمەڵگایەک کە ساڵانێک لە ژێر کۆلۆنیالیزم ژیاوە، یان شەڕ، کارەسات، ئاوارەیی، ستەم، داگیرکاری، قەیرانی ناسنامە و تێکچوونی دامەزراوەکانی تاقی کردووەتەوە، بە سروشت ناچارە سەرەتا بیر لە مانەوە، ئارامی، دامەزراندنی دەوڵەت، دروستکردنی دامەزراوە و چارەسەری برینە مێژووییەکانی بکاتەوە. لەو بارودۆخەدا، ئەگەر هونەر و فەلسەفە لە ناوەندی سەرنجی گشتی دانەنرێن، نابێت بە خێرایی بە «دوژمنایەتی لەگەڵ کولتوور» لێکبدرێنەوە. زۆرجار ئەوە تەنها مانای ئەوەیە کە کۆمەڵگا هێشتا لە قۆناغێکدایە کە پرسیارە گەورەکانی مانەوە و ناسنامە، پێشترن لە پرسیارەکانی جوانیناسی و فەلسەفە.لەبەر ئەمە، بەراوردکردنی زۆرێک لە کۆمەڵگا پاشکۆلۆنیالی و پەراوێزییەکان بە وێنەیەکی ئایدیاڵ لە ڕۆژئاوا، بەراوردێکی تەواو نادەقیقە. ئەوروپاش لە سەرەتاوە کۆمەڵگای فەیلەسووفان و هونەرمەندان نەبوو. ئەو دامەزراوانەی ئێمە ئێستا بە ناوی زانکۆ، سەنتەری توێژینەوە، مۆزەخانە و دامەزراوەی کولتووری دەناسین، بەرهەمی سەدان ساڵ شەڕ، شۆڕش، دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێرن، گەشەی ئابووری و پەرەپێدانی دامەزراوە مەدەنییەکانن. شکۆی کولتوور، ئەنجامی جێگیربوونی کۆمەڵگا بوو، نە سەرەتای مێژووی.لە ڕوانگەیەکی ترەوە، هەڵەی هەندێک لە ڕۆشنبیران ئەوەیە کە کۆمەڵگاکەیان بە پێی ئارمانەکانی خۆیان دادوەری دەکەن، نە بە پێی بارودۆخی مێژوویی خۆی. لەوانەیە ڕۆشنبیرێک چاوەڕوانی بکات کۆمەڵگایەکی دەرچووی لە شەڕ، یان نەتەوەیەک کە هێشتا لە خەباتی شووناس و ناسنامەدایە، هەمان گرنگی بە ڕۆمان، شانۆ یان فەلسەفە بدات کە کۆمەڵگایەکی جێگیر و دامەزراو دەیدات. ئەم چاوەڕوانییە، زیاتر لەوەی شیکردنەوەیەکی مێژوویی بێت، ئارەزوویەکی تاکییه.
ئەوەی مەلە دەکات، تەڕیش دەبێت!.
هیچ کەسێک ناچار نەکراوە ببێتە شاعیر، نووسەر، وەرگێڕ یان هونەرمەند. ئەمانە هەڵبژاردنی ژیانی مرۆڤن. هەڵبژاردنێکن کە لەگەڵیان ئازادی هەیە، بەڵام هەروەها بەرپرسیارێتیشی هەیە. بۆیە نابێت تەنها بەهۆی ئەوەی مرۆڤ ڕێگای هونەر یان نووسینی هەڵبژاردووە، چاوەڕوان بێت کۆمەڵگا خۆی بە قەرزداری ئەو بزانێت.کۆمەڵگا بێگومان بەرپرسیارە لە پاراستنی ئازادیی بیرکردنەوە، ئازادیی دەربڕین و دەرفەتی ئافراندن. بەڵام ئەم بەرپرسیارییە جیاوازە لەوەی کە هەموو نووسەرێک بخوێندرێتەوە، هەموو شاعیرێک بناسرێت یان هەموو هونەرمەندێک پشتیوانیی دارایی لێ بکرێت. ئازادیی مافێکی گشتییە؛ بەڵام ناساندن، خۆشەویستی و ناوبانگ، مافێکی دڵنیایی پێدراو نین.
ئاوێنەیەک دانێین، خۆمان دادگایی کەین.
ئایا هەموو ناکامییەک دەبێت بە ئەستۆی کۆمەڵگا بخرێت؟ ڕەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە هەمیشە “نە” بێت. خۆ دروستە بڕێ کات سەرکەوتن یان داکەوتنی بڕێک کاری هونەری و تەئلیف و بەرهەم پێوەندیی بە دەسەڵات، میدیا، بازاڕ ، بەلاغەت، مۆد، تۆڕی پەیوەندیی و …. هەیە بەڵام هەندێک جار، سەرچاوەی کێشە لە خودی سووژەی ڕۆشنبیرەوە دەست پێدەکات. نووسەرێک ڕەنگە نەتوانێت دەقێکی هەرمان بنووسێت، هونەرمەندێک ڕەنگە نەگەیشتبێتە زمانی تایبەتی خۆی، ڕەخنەگرێک ڕەنگە هێشتا ئەو چاوی ڕەخنەگرانە و داهێنەرانەی نەبێت کە بتوانێت شتێکی نوێ بخاتە بەردەم خوێنەر. هەندێکیش لە ئاستی مرۆییدا، بە هۆی خۆپەرستی، نەبوونی خۆ ڕەخنەیی، هەڵسوکەوتی نائەخلاقی یان نەبوونی توانای گفتوگۆ، خۆیان لە کۆمەڵگا دوور دەخەنەوە.بەڵام لە جیاتی ئەوەی ئەم کەموکوڕییانە بخەنە بەر ڕەخنە، ئاسانترین ڕێگا ئەوەیە کە هەموو تاوانەکە بخەنە ئەستۆی کۆمەڵگا. لێرەوە دەستەواژەکانی وەک «نوخبەکوژی»، «تێنەگەیشتنی خەڵک» یان «دوژمنایەتی لەگەڵ هونەر» دەبن بە جۆرێک لە شاردنەوەی ڕاستییەکی ناخۆش؛ ڕاستییەک کە لەوانەیە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ بە سنووری توانا و بەرهەمی خودی ئەو تاکەوە هەبێت.لە دەروونناسیشدا ئەم دیاردەیە ناسراوە. مرۆڤ زۆرجار کاتێک ناتوانێت شکستی خۆی قبووڵ بکات، لە دەرەوەی خۆی بۆ هۆکارەکەی دەگەڕێت. ئەوەی دەروونناسان بە بۆ ئەوی تر حەواڵەکردن (Projection) ناوی دەبەن، هەمان میکانیزمە: تاک کە ناتوانێت کەموکوڕییەکانی خۆی ببینێت، دەیانخاتە سەر کەسانیتر یان سەر کۆمەڵگا. لەو ساتەدا، «کۆمەڵگا» دەبێتە ئاسانترین تاوانبار، چونکە وەڵامی خۆی ناداتەوە.بێگومان، ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو ڕەخنەیەک لە کۆمەڵگا نادروستە. مێژوو پڕە لە نموونەی ئەو نووسەر و بیرمەندانەی کە لە ژێر سانسۆر، ستەم و قەدەغە ژیاون و هەرگیز دەرفەتی ئازادییان نەبووە. کەس ناتوانێت ئەو ڕاستییە مێژووییە ئینکار بکات. بەڵام لەوبەریشەوە ڕاستە کە هەموو بێدەنگییەک، بەڵگەی ستەم نییە؛ هەموو ناسرانەوەیەکی کەمیش بەڵگەی «نوخبەکوژی» نییە. جاروبار، هۆکارەکە لە خودی بەرهەمەکەدایە، نە لە کۆمەڵگا.
با سفرەدڕ نەبین
ڕۆشنبیری وامان هەیە دەڵێت من بە وشە و قەڵەمم، شەرەفم داوە بە زمان و کولتووری کوردیم. بەڵام لە ڕاستییدا ئەوە زمان و کولتووری کوردییە کە ناسنامە و نێوی بە هەموومان داوە. پەیوەندیی نێوان هونەرمەند و کۆمەڵگا لەوە ئاڵۆزترە کە تەنیا بە زمانی ناکۆکی باس بکرێت. هونەرمەند، تەنانەت کاتێک ڕەخنە لە کۆمەڵگای خۆی دەگرێت، هەر لە هەمان کۆمەڵگا خۆراک وەردەگرێت. زمانی دایکی، بیرەوەریی هاوبەش، ئەفسانەکان، مۆسیقا، خەم و خۆشییەکان، شەڕ و ئاشتی، هەموویان ماددەی خاوی ئافراندنی هونەرن. بۆ نموونە، هونەرمەندێکی کورد کە بە زمانی کوردی دەنووسێت، مێژووی کورد، ئازار و خەباتی کورد، فولکلۆری کورد و ناسنامەی کوردی دەکاتە بنچینەی بەرهەمەکانی، لە ڕاستیدا سەرمایەی سەرەکیی خۆی لە هەمان کۆمەڵگا وەردەگرێت. ئەگەر ئەو زمانە، ئەو بیرەوەرییە، ئەو مێژووە و ئەو ئەزموونە هاوبەشە نەبوایە، زۆربەی ئەو جیهانە هونەرییەش پێک نەدەهات. بۆیە سەیرە کە هەندێک جار هەمان کۆمەڵگا تەنیا وەک سەرچاوەی کێشە و بەربەست وێنا دەکرێت، نە وەک سەرچاوەی ئیلهام و مانا.
ئەو مەلەی کەسی پێ باڵندە نییە!.
هەڵەی بەشێک لە ڕۆشنبیران ئەوەیە کە خۆیان لە دەرەوەی مێژوو دادەنێن و کۆمەڵگا لە شوێنێکی ئایدیاڵەوە دادوەری دەکەن. لە حاڵێکدا کۆمەڵگا نە دامەزراوێکی پاداشتدانی ڕۆشنبیرانە، نە دادگایەکی هەڵسەنگاندنی بەهای ئەدەب و هونەر. کۆمەڵگا، پێش هەر شتێک، شوێنی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشە مێژوویی، سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکانی خۆیە و گرنگییەکانی لە هەمان بارودۆخەوە وەردەگرێت. بیرکردنەوە نە ئیمتیازێکە کە کۆمەڵگا پێی ببەخشێت و نە گرێبەستێکە کە لە بەرامبەریدا پاداشتی بدات. بیرکردنەوە، پێش هەر شتێک، بەرپرسیارێتییەکە کە خودی بیرمەند بە ئازادیی هەڵیگرتووە. ئەوەی ئەم ڕێگایە هەڵدەبژێرێت، دەبێت بزانێت کە لەوانەیە هەمیشە هاوکات لەگەڵ سەردەمی خۆی نەبێت؛ نە بەو هۆیەی کۆمەڵگا بە سروشت دوژمنی بیرکردنەوەیە، بەڵکو چونکە هەر کۆمەڵگایەک ئاسۆی کێشە و پێداویستییەکانی خۆی هەیە.
کۆتا وتە:
نووسەری ئەم یادداشتەش خۆی بە باشی لە ئێشی سەرکوتکردن و سانسۆر و … ئاگادارە و دەزانێت ئێش و ڕەنجەکانی جیهانی ڕۆشنبیریی چی و چۆنن. ئەم یادداشتە بەس بۆ ئەوەیە بە خۆی و کەسانێک تریش بڵێت: وا نەزانین گوڵێکی سەیر و سوورمان بەسەر وڵات و نیشتمان و ئەو خەڵکەدا داوە. کەمتر بۆڵە بکەین و واشنەزانین لە جیهاندا هەر ڕۆژهەڵات وایە و لە ڕۆژهەڵاتیش هەر کوردستان و لە کوردستانیش هەر من یان تۆ و یان ئەویترێک.
هەڤاڵ (ئەحمەد کەریمی)
جۆزەردانی۲۷۲۶ی کوردی
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.
ماڵی کتێبی کوردی