خانه / ماڵتی میدیا / دەردەدڵ لە بارەی باشوور لە نێوان دوو نامەدا

دەردەدڵ لە بارەی باشوور لە نێوان دوو نامەدا

دەردەدڵ لە بارەی باشوور لە نێوان دوو نامەدا

کاک زیرەک‌-ی هێژا و هەمیشە زیرەک،

چەند مانگێکە هەڵمەتێکم دەست‌پێکردووە دەربارەی پەرەپێدانی زمانی کوردی لە ڕووی ئەلکترۆنیک و دیجیتاڵەوە بە تایبەت بۆ نووسراوەی زانستی، بە شێوەیەک کە لە هەندێ دەیتابەیس و مەکۆدا کۆبکرێنەوە و نوانەسازی‌ و متمانەپێوییان بۆ بکرێ. پێوەندیی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان ئەم پرسە و بەرهەم‌هێنانی بیر و هزر و زانست بە زمانی کوردی. لێکۆڵینەوەی من ئەوە دەردەخات کە ئێران و تورکیا و هەندێ وڵاتی عەرەبی لەم ڕووەوە بەم دواییانە کاری بنەڕەتی و گرنگیان بۆ زمانەکەی خۆیان ئەنجام‌داوە و ئەمجارەشیان کورد خەریکە بێبەش دەکرێ، یان باشترە بڵێین بۆخۆی دەستی کردووە بە بێبەش‌کردنی خۆی. لەگەڵ چەند کەس لە ڕۆشنبیران و کاربەدەستانی باشوور قسەم کردووە، بەڵام زۆربه‌یان لە پێویستیی بابەتەکە و قووڵیی کێشەکە تێناگەن.

لەگەڵ ڕێز و حورمەتم بۆ جەنابتان

برات بەختیار سەجادی

________________________

سڵاو کاک بەختیار سەجادی،

دڵسۆز و خەمخۆری زمان و وێژەی کوردی،

بە پەرۆشەوە نامەکەتم خوێندەوە، ئەو گەرموگوڕیەت بۆ خەمی زمان و کوردبوون، وەک ئەو هەنگوینە دەبینم کە لە شانە دەچۆڕێتەوە …

بەداخەوە دۆخی باشوور تا دێت لە هەموو ڕووێکەوە بەرەو نادیاری و ئاڵۆزی و تاریکی هەنگاو دەنێت، دیارە کێشەی ئێمە بەس سیاسییەکان نین، کە نابەرپرسیارانە سیاسەت دەکەن، بەڵکوو بەشێکی زۆری ئەکادیمی و ڕۆشنبیرەکانیشمانن، کە بوونی خۆیان و کەسایەتیی مەعنەویان لە پاشکۆیی‌کردن بۆ سیاسەت و حیزبایەتیی بەسەرچوو دەبینەوە، نەک لە بەرهەمهێنانی فیکر و مەعریفە و بەرگری‌کردن لە شوناسی نەتەوەییمان. ئێستا لای ئێمە هەریەکێک باسی زمان و کەلتور بکات، گاڵتەی پێ دەکرێت. پاڵەوان ئەوەیە بە زمانێکی زبر قسە بکات و بە وێنەی چەکدارێکی تیرۆریست لە ناو جەنگەڵستانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تفەنگ بە جوانییەکانەوە بنێت، نەک بەختیار سەجادی-یەک کە مەشخەڵێکی هەڵگرتووە و خەریکی ڕووناک‌کردنەوەی ڕێگەی زمان و ئەدەبیاتە، شەڕی ئەوە دەکات ئێمە لە تاریکی جێنەمێنین، داخەکەم وەکو محەمەد ماغوت گوتەنی ئێمەش خەریکە دەبینە میللەتێک لە دەنگەدەنگ.

ئازیزم بەختیار سەجادی،

ئێستا لە باشوور تاکوتەرا نەبێت کەس بە لای شیعرە تەڕەکانی مەحوی و نالی یەکەم ڕابەری زمان و گۆران-ی مەزن و قوتابحانەی زمان و شیعری کوردی و مەسعود محەمەدی هزرمەنددا ناچێت، چیتر دەربەندی پەپولەی شێرکۆ بێکەس و سەربازی ون-ی عەبدوڵڵا پەشێو نامانهەژێنێت، تاکوتەرا نەبێت کەس دواهەمین هەناری دونیای بەختیار عەلی و دنیای شتە بچوکەکانی ڕێبوارسیوەیلی و حەساری شێرزاد حەسەن و شیعرەکانی لەتیف هەڵمەت ناخوێنێتەوە، کەس گوێ لە ناڵەشکێنەی زیرەک و شیرین بەهارەی تایەر تۆفیق و ناڵەی ڕۆحی عەلی مەردان و هۆرەی گەرمیان و حەیرانی هەولێر و سیاچەمانەی هەورامان و لاوکی بادینان ناگرێت،

ئێستا لە باشوور زانکۆکانمان خاڵین لە بەرهەم‌هێنانی زانست و مەعریفە، مزگەوتەکانمان خاڵین لە چراخانی هزری مەلای گەورە و مەلا عەبدولکەریم مودەریس و عەلائەددین سەجادی.

بارەگای حزبەکانمان خاڵین لە فیکر و ڕۆشنگەری، چونکە حزبەکانمان کار بەهەموو شتێک دەکەن تەنها بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆیان نەبێت،

ئێستا لە باشوور پاڵەوانی نیشتمانی ئەوانە نین، کە لە زیندانەکان بە گژ جەلادەکاندا چوونەتەوە، قارەمان ئەوانە نین کە تڵپەی لێدانی دڵیان لەسەر ئیقاعی ئەی ڕەقیب ڕێکخستبوو، ڕۆشنبیران ئەوانە نین بە شیعر و توێژینەوە و هەڵکۆڵین و قوڵبوونەوە لەناو زماندا، ناوماڵی ئەدەب و ڕۆشنبیری ئێمەیان جوان و ئاوەدان کردبوو، بەڵێ هەموو شتەکان ئاوەژوو بوونەتەوە.

مامۆستای ئازیز بەختیار سەجادی،

ئێستا لە باشوور، بەشی زۆری سیاسیەکانمان بە وێنەی خێڵە دواکەوتووەکانی جەنگەڵی ئەمازۆن و دڵڕەقتر لە چەکدارەکانی داعش، لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەربونەتە گیانی یەکتری،

ئێستا لە باشوور، کە هەژاریی خەریکە دەرگاکانمان لەڕێسمە دەبات، کەچی بەشێک لە سیاسیەکانی ئێمە بەوەکالەت، شەڕی دژ بە گەل و نیشتمان و دیموکراسیەت دەکەن، جاران عەیبەیەکی گەورەبوو تۆ لە سەنگەری گەلەکەت نەبی، داخەکەم دۆخێکیان خوڵقاندووە، ئێستا خەریکە دەبێت بەعەیبە باسی ئاشتی و ئاوەدانی و کوردو کوردستان بکەین.

داخەکەم ئێستا لە باشوور دڵداری مەزن بە تەتها بۆخۆی ئەی ڕەقیب دەڵێت و بێکەس بیست‌وحەوت ساڵە بۆخۆی دەخوێنێتەوە و هێمن تەنها خۆی گوێبیستی ناڵەی جودایی خۆیەتی.

گیانی من بەختیار سەجادی،

دەزانم بەم نامەیە ئازاری ڕۆحیت دەدەم، بەڵام ئەمە واقیعەکەیە و بۆیە ڕەشبینم، بەڵام ڕەشبینێکی بەئیرادە، گرنگ ئەوەیە تۆ کۆڵ مەدە و سەرەنجام تۆ گرەوی ڕاستییەکان دەبەیتەوە. ئێمەیش بە هەر جۆرێک بتوانین، کردوکۆش دەکەین و هاوکارت دەبین.

بەهیوام ڕۆژهەڵات هەمیشە هەر نیشتمانی هێمن، زەبیحی، هەژار، وەفایی و دایکی زمان و ئەدەبی کوردی بێت.

برات زیرەک کەمال

ئایاری ۲۰۲۰

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تیمە و تەکنیکەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی ( ئەلف یای) ڕەزا عەلی پوور بە نموونە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *