خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / هەڤپەیڤینێک لەگەڵ ئەلیف شەفەق لەسەر دوایین ڕۆمانی

هەڤپەیڤینێک لەگەڵ ئەلیف شەفەق لەسەر دوایین ڕۆمانی

هەڤپەیڤینێک لەگەڵ ئەلیف شەفەق لەسەر دوایین ڕۆمانی

“گاڵتەوگەپ و تەوس و لاقرتێ لە تورکیادا بوونەتە شتگەلێکی ترسناک.”

وەرگێڕانی لە هۆڵەندییەوە سەڵاح حەسەن پاڵەوان[۱]

لە ڕۆمانەکەیدا ( دوورگەی درەختە ونبووەکان)، نووسەری بەریتانی – تورکی باس لە ”خەمە کەڵەکەبووەکانی” قوبرسی دووکەرتبوو لە نێوان تورکیا و یۆنان دەکات.

دەمێک بوو دەمویست لەسەر قوبرس بنووسم. هەستدەکەم هەستیارانە پابەندم بەم دورگەیەوە، ئەو تورکانەی لە باکووری ئەو دورگەیە دەژین و ئەو یۆنانیانەی لە باشووری دەژین، هەردوولایانم وەک یەک خۆش دەوێ. بەڵام نووسین لەسەر قوبرس ئاسان نییە…ئەم دورگەیە مێژوویەکی هەیە لە تووندوتیژی نەتەوەییانە، ئەم برینە هێشتا ساڕێژ نەبووەتەوە. لەم دوورگەیەدا بڕێکی زۆر خەمی کەڵەکەبوو هەیە. بۆ نووسەر لەسەر ئەم دورگە دابەشبووە بنووسێت بێئەوەی بکەوێتە نێو داوی نەتەوەپەرستییەوە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورەیە. هەر لەبەرئەم هۆیەش پێش ئەوەی دەست بە نووسینی ئەم کتێبە بکەم، ماوەیەکی زۆر لە دڵەڕاوکێدا بووم.

بەو جۆرەی ئەلیف شەفەق ( تەمەن ٥٠ ساڵ) باس لەم کتێبەی دەکات ( دوورگەی درەختە ونبووەکان)، دەڵێ ئەم کتێبە لە سەرەتای حەفتاکان بەسەرهاتی ئەوین و ئەشقی دوو کەس کوستاس ی قوبرسی یۆنان زمانی مەسیحی و دەفنای قوبرسی تورکی موسڵمان دەگێڕێتەوە. هەردووکیان دژ بە هەموو ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان ئاشقی یەک دەبن. لەم میانەدا گرژی و ناکۆکی چەکدارانەی هەردوو قوبرسی یۆنانی و تورکی لە ئاڕادیە، دەرئەنجامی تووندوتیژی چەندەها دەبنە قوربانی. دوو کەسی سۆزداری هاوگوندییان ژوورێکی نهێنی پشتی باڕی ( دارهەنجیری خۆشبەختیان) دەدەنێ تا لەوێدا بچنە جێژوانی یەکتری.

بەهۆی بارودۆخەوە ئەم دوو هاوسەرە لە یەکتری جیابوونەوە، کوستاس چەندین ساڵ لە لەندەن ژیانی بردە سەر و دەفنی لە قوبرس مایەوە. داگیرکیردنی بەشی باشووری قوبرس ساڵی ٩٧٤ا لە لایەن تورکەوە ڕوویدا و دوورگەکە بۆ دوو بەش دابەش بوو. شانبەشانی ئەمەش خوێنێکی زۆر ڕژا کە بووە هۆی کۆچی گەورەی تورکەکانی قوبرس بۆ باکوور و یۆنانیەکانی قوبرس بۆ باشوور.پاش چەندین ساڵ، کوستاس و دەفنای  دێنەوە دیداری یەکتری و دووبارە خۆشەویستییەکەیان دەمەزەرد دەکەنەوە، دەچن لە لەندەن دەژین و لەوێ کچێکیان دەبێت بە ناوی ئادا. بەڵام شتێک گۆڕا.

پرسیار: پێش بڕیاردانی نووسین لەسەر قوبرس ماوەیەکی زۆر دوودڵی تەنگی پێهەڵچنیبووی. دواچار چی شتێک وای لێکردی لەم دوودڵییە بچتە دەرێ؟

ئەوەی چارەی ئەم دوودڵییەی دۆزییەوە تەکنیکی نووسین بوو:  بڕیاردان بەوەی بەشێ لە چیرۆکەکە لە ڕێگای دارهەنجیرێکەوە بگێڕدرێتەوە. درەختان لەڕادەبەدەر جێگەی سەرنجن. لەم بیست ساڵەی دواییەدا لێکۆڵینەوەیەکی زۆر لەمەڕ درەختان بڵاوکراوەتەوە، تا ئێستە زۆر شتیان لەبارەوە نازانین، درەختان هۆشمەندییان زیاترە لەوەی کە ئێمە بیری لێدەکەینەوە. لە ئێمە زیاتر دەژین، پێش ئەوەی مرۆڤ لەسەر شانۆی ژیان دەرکەوێت ئەوان هەبوون، پێشموایە کاتێک ئێمەش نامێنین ئەوان زیاتر لەوێدا دەمێننەوە. گێڕانەوەی بەشێک لە چیرۆکەکە لە ڕوانگەی درەختێکەوە، گۆشەیەکی تری جیاواز و ڕوانینی هەمەچەشنەن و بەرفراوانی پێبەخشیم.

پرسیار: دارهەنجیرەکە زانیاری پێشکەش بە خوێنەر دەکات لەمەڕ کولتوور، مێژوو، زیندەوەرناسی.

لە نێو کتێبەکەدا ساتێک هەیە تێیدا دارهەنجیر لە نێوان زەمەنی مرۆڤ و زەمەنی درەخت بەراوردێک دەکات. ئەم دووانە تەواو لە یەکتری جیان، ئێمەی مرۆڤ وا بیر لە کات دەکەیتەوە شتێکی هێڵئاسایە و هەمیشە بەرەوپێشەوە دەڕوات: دەبێ سبەی لە دوێنێ باشتر بێت. بەرەوپێشەوەچوون! زەمەنی چەماوە دەبێ بەرەو دادپەروەری بڕوات. بەڵام لە کرداردا زۆرجار بەمجۆرە ڕوونادات، دەکرێ زەمەن بۆ دواوە بگەڕێتەوە، وڵاتان دەکرێ پاشەکشە بکەن ( بەرەو دواوە بڕۆن. نەوە نوێییەکان دەکرێ ئەو هەڵانە دووبارە بکەنەوە کە دەبوایە باوباپیرانیان لێوەی فێربوونایە. ئەگەر وەدووی زەمەنی درەختدا بڕۆیت ، چەندین جۆرو جوڵەی بازنەیی دەبینی. پێموایە کاتی درەخت لە زەمەنی چیرۆکەوە نزیکە. زەمەنی هێڵئاسا خەیاڵێکە.

پرسیار: چۆن وەسفی زەمەنی چیرۆک دەکەیت؟

زەمەنی چیرۆک بازنەیییە. من لەگەڵ چیرۆکی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەنەتۆلی، باڵکان گەورەبووم: لەگەڵ نەرێتی گێڕانەوەی زارەکی کە هەمیشە لە بازنەکانی نێو بازنە پێکدێت، چیرۆکەکانی نێو چیرۆکان پێکدێت. هەروەک ئەوەیە تۆ کارتۆنی دەکەیتەوە و لە نێو ئەو کارتۆنە کارتۆنێکی تر بدۆزیتەوە و ئیتر بەمجۆرە هەتادوایی. کەواتە ئەمە گێڕانەوەی هێڵئاسا نییە، بە جیاکردنەوەیەکی تەواو لە نێوان ڕابردوو و ئێستە و داهاتوو.

پرسیار: دوو ڕووداوی زۆر گرنگ و بڕیاردەر لە کتێبەکەتدا بریتین لە چاڵنانی دارهەنجیرێک  و دووبارە دەرهێنانەوەی لە چاڵەکە. وا پێدەچێ ئەمە ڕێگایەکی دێرینە بۆ ئەوەی وا لەم درەختە بکرێ بەرگەی سەرمای زستان بگرێت. دەتوانم بڵێم ئەمە سیمبولی هیواو و ئومێدە؟

 کاتێ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەژیام، لە زانکۆی میشیگان لە ئان ئاربۆر وانەم دەگوتەوە. لەوێدا زستانەکەی زۆر ساردە. لەو کاتەدا چاوم بە خێزانێکی ئیتاڵی- ئەمەریکایی کەوت، ئەوان دارهەنجیرەکانیان لە سەرەتای وەرزی زستان لە چاڵ دەنا و لە بەهاردا دووبارە لە چاڵەکە دەریاندەهێنایەوە، ئەگەر زۆر بە وردی ئەم کارە بکەیت و نەهێڵیت زۆر لە ڕەگەکان بشکێن – هەندێکیشی بشکێ هیچ خراپ نییە – دەکرێ ئەم کارە بکرێت . کاتێ لەو بارەیەوە گوێبیستی ئەم کارە بووم، بۆم دەرکەوت ئەمە میتافۆرێکی باش بوو.

 هەروەک لە کتێبەکەمدا وەسفم کردووە، لەوێدا لێژنەیەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە تایبەتە بە کەسە ونبووەکانی قوبرس، ئەو لێژنەیە هەردوولا هەم تورکەکان و هەم یۆنانییەکان پێکەوە شانبەشانی یەکتری کاردەکەن. لە زەوی ئەو ناوچەدا هەڵکۆڵین دەکەن و بەدوای ئەو ونبووانەدا دەگەڕێن کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژانەدا گیانیان لە دەستداوە. ئەوان ئەم کارە دەکەن بۆ ئەوەی بەختێکی تر بۆ ساڕێژبوونی برینەکان بڕەخسێنن. بۆ ئەوەی برینەکان سارێژ بن دەبێ لە ڕابردوو تێبگەیت. بۆ ئەوەی دەرفەتێ بە خانەوادەی مردووەکان بدرێت خۆشەویستەکانیان دووبارە بنێژنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن لە گەڵ ڕووداوی دڵتەزێنی ڕابردوودا ئاشتیوانییەک بەرقەرار بکەن و قوفڵێکی لێدەن.

 لە کتێبەکەیدا دەڵێی ڕزگاربووان لە نەوەی یەکەم و دووەم زۆرجار ناتوانن قسە لەسەر ڕابردوو بکەن. تەنیا نەوەی سێیەمە دەیەوێ زەوی هەڵکۆڵێ و شاراوەکان ئاشکرا بکات.

  بەزۆری لە نێو خانەوادەکانی کۆچەران تێبینی ئەمەم کردووە، لە ڕاستیدا لای ئەو خانەوادانەی کە پاشینەیەکی ئاڵۆزیان هەیە. ئەو چەمکەی کە جێگەی گرنگیدانی منە ئەو ئازارانەیە بە میراتی ماونەتەوە. بڕوام وایە ئێمە بێجگە لە بە میراتبردنی سیفەتە فیزیاییەکانمان هەندێ لە شتە زۆر ئەپستراکتەکانیش وەک خەم و ئازار بە میراتی لە باوباپیرمانەوە بۆمان دەمێنێتەوە. لە ڕۆمانەکەمدا ئادا سەر بە نەوەی دووەمە، دەزانێ دایک و باوکی ڕابردووییەکی ئازاروییان لە قوبرس دا هەبووە، بەڵام ئەو لە لەندەن لەدایک بوەو دەیەوێ لەوێدا ژیانی تایبەتی خۆی بونیاد بنێت، تەنیا ئەو نەوەیەی دوای ئەو دێت دەتوانن خۆیان بە رابردووەوە سەرقاڵ بکەن.

 ئێوە بە شێوازی هەمەچەشن ( جۆراوجۆر) سوود لە وێنەی دارهەنجیر وەردەگرن. بۆ نموونە کوستاس پارچەیەک لەو درختە لە قوبرسەوە بۆ لەندەن دەبات تا لەوێ لە باخچەکەیدا بیروێنێت. بەڵام ئەو دارهەنجیرە ڕاگوێزراوە حەوت ساڵی یەکەمی ( تەمەنی لە لەندەن) هیچ بەرێک ناگرێت.

ئەگەر بۆ جێگەیەکی تر گوێزرایتەوە، ناتوانی بەردەوامی بە ژیانت بدەیت وەک ئەوەی هیچ ڕووینەدابێت. لە شوێنێکدا دەنووسم دەڵێم: ”لە ناختەوە بەشێک لە خۆت دەمرێ، بۆ ئەوەی لە ناختدا بەشێکی تر دووبارە سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە”. کاتێ وەک کۆچبەر ڕوودەکەیتە وڵاتێ یان لە تاراوگەدا دەژیت ، هەمیشە هەستی لەدەستدان و هەستکردن بە خەمۆکی لە ناختدایە.”.

 کەواتە بەو شێوەی کە نووسیوتە، کاتێ کەس نایانبینێت، کۆچکەران لەگەڵ دارهەنجیران دەکەونە گفتوگۆ؟

  بەڵێ بەڕاستیش هەر وایە. کۆچکەرانێکی زۆرم بینیوە ئەو کارە دەکەن. بڕوایەکی قوڵم بەوە هەیە کە دەکرێ سەر بە چەندین کولتوور بین. لە گەرمەی پرسی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا وتی: ” ئەگەر بڕوات بەوە هەبێ کە تۆ هاووڵاتی جیهانیت، کەواتە تۆ هاووڵاتی هیچ شوێنێک نیت”. من بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نیم.  دەکرێ تۆ بەتەوای هەست بە ئینتیمات بکەیت بۆ پرسە لۆکاڵییەکان و وڵاتی خۆشت خۆش بوێت و لە هەمان کاتدا هاووڵاتییەکی جیهانی بیت.

 سەرباری ئەوەی تا ئێستە ماوەی دوانزە ساڵە لە لەندەن دەژیم و هاووڵاتییەکی تەواوی بەریتانیایم، بەڵام لە دڵەوە بیری ئیستانبووڵ دەکەم، ئەو شوێنەی بە هۆی پرسە سیاسییەکانەوە چیتر ناتوانم سەردانی بکەم. سەردەمانێک هەبوو لە نێوان ئەم دوو شارەدا هاتوچۆم دەکرد. بەڵام تورکیا بێ ئەندازە بووەتە شوێنێکی ترسناک بۆ نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، ئەکادیمی و شاعیران، تەنانەت بۆ کارتۆنیستەکانیش. گاڵتەوگەپ و لاقرتێ لە تورکیادا بوونەتە شتگەلێکی ترسناک، لە هەرشوێنێک دەسەڵاتی سەرکوتکارانە هەبێت، وشەکانت گەر قورس بن دەکرێ بکەویتە بەرهەڕەشەی لێپرسینەوە.  بە بڕوای من ئەم بارە سەختو پڕهەورازترە بۆ ژنانی نووسەر و پەیوەندی سێکسی نێوان توخمەدژەکان. سەرەڕای ئەوەی کە باسم کرد جیاوازی هەیە لەسەر بناغەی توخم و ڕق لێبوونەوە لە ژنان، سیستەمی باوکایەتی و دژایەتی هاوتوخمبازەکان.

 کتێبەکەت بڕێکی زۆر زانیاری سەرسوڕهێنەری دەوڵەمەندی تێدایە لەسەر. وتووێژی نێوان درەختەکان، دەربارەی مێژووی قوبرس، دەربارەی پەلەوەران، پەپولەکان، دابونەریتی چێشتلێنان و پەند و قسەنەستەقەکانی ڕۆژهەڵاتی خوارو.

پێشئەوەی دەست بە نووسینەوەی هەر ڕۆمانێ بکەم کنەوپشکنینێکی زۆر دەکەم و دەربارەی زۆر لە بابەتە هەمەچەشنەکان دەخوێنمەوە. پرۆسەی گەڕان تەنیا پروسەیەکی فیکری نییە بەڵکو پرۆسەیەکە پڕ هەست و سۆز و هەڵچووون. بێئەندازە بڕوام بە هەست و سۆز و هەڵچوونی ژیرانە هەیە و من حەزدەکەم سەر و دڵ پێکەوە ببەستمەوە. بڕوام بە زانینێکە لە نێو دووتوێی خۆیدا هەڵگری فرەپسپۆڕی بێت. ئەمە بڕوای من لە هەمەجۆری و هەمەچەشنییەوە زیاتر فێردەبین. من بە خۆشحاڵییەوە فەلسەفەی سیاسی دەخوێنمەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا شەیدای کتێبی چێشتلێنانیشم.

 لە ڕاستیدا لە کتێبەکەمدا زانیاری تێدایە لەسەر هەنگوین و ڕەگی دارودرەخت، هەروەها بابەتیشی تێدایە لەسەر خورافات و پەند و قسە نەستەقەکان. پەروەردەی من لە ڕێگای ژنانەوە بووە، بۆیە داپیرەم زۆر لە و ئامۆژنە دەکات کە لە ڕۆمانی دوورگەی درەختە ونبووەکاندا ئامادەیە. ماڵەکەی پڕ بوو لە خواردن و خورافات و جادوو و سرووتەکان… نامەوێ بەهاو نرخی ئەو کولتوور و نەرێتانە لە بەرامبەر زانستدا بچووک بکەمەوە، هەروەها ناشمەوێ بە کەمی بڕوانمە کولتووری گێڕانەوەی زارەکی لە بەراورد بە کولتووری نووسینی ئەدەبی. بە پێچەوانەوە، دەمەوێ لە ڕێگای کارەکانمەوە پردێک لە نێوان ئەم دوونەدا دروست بکەم.

 ڕۆمانەکەت ئاماژە بە نائومێدبوونی سوپای ئینگلیز دەکات لە نێوان ١٩١٤ تا ١٩٦٠ حوکمی قوبرسیان دەکرد. ئەوان پێشبینی دوورگەیەکی پڕ لە درەختیان دەکرد. ڕووداوی نێو ڕۆمانەکەت باس لە پاش سەردەمی ئینگلیزەکان دەکات. ئەم ناونیشانە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟

 زۆر گرنگ و کارێکی بنەڕەتییە گەر بزانیت چی بەسەر سروشت، بەسەر درەختاندا هاتووە، تا تێبگەیت مرۆڤان چییان بەسەر یەکتریدا هێناوە. ئێمە مەیلمان بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات وەک دوو شتی لە یەک جوودا  بڕوانینە تێکدانی سروشت و تووندوتیژی مرۆڤ لە سەردەمی جەنگدا. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم دوو شتە پەیوەستن بە یەکترییەوە. کاتێ مرۆڤ دەکەونە گیانی یەکتری یەکتری تەفروتوونا دەکەن، لەگەڵ خۆشیاندا ژیانی ڕووک و گیاندارانیش وێران دەکەن. ئەو لەدەستدانە لەدەستدانێکی بنەرەتی و چارەنووسسازە، بەتایبەت لە ئێستەدا، لە سەردەمێکدا کە ئێمە ڕووبەڕووی قەترانگەلی گۆڕانکاری ژینگەین. هاوینی ڕابردوو لە تورکی و یۆنان و کالیفۆرنیادا ترسناکترین کارەساتی سروشتی ئاگرکەوتنەوە ڕوویدا، هەروەک ئەوەی سەرتاپای سروشت هاواری کردبێت. ئێمە لە حاڵی لە دەستدانی ئیکۆسیستەمێکی سەرتاپایداین. ویستوومە لە ڕێگای کتێبەکەمەوە بڵێم. ئەو درەختانە هەروا لە خۆیاندەوە نەماون، ئەو وێرانکارییە لە ڕێگای مرۆڤەوە بەئەنجام گەیشتووە.

 ئێوە بە دوو زمان گۆش بوون و وتووتە زمانی تورکی بە تایبەت بۆ دەربڕینی هەستەکان و خەم و دڵتەنگییەکان گونجاوە ، کەچی زمانی ئینگلیزی بۆ لاقرتێ و تەوس، ساتیر و وتە ڕۆشنبیرییەکان گونجاوە.

هەروەها تەنز. ئێمە لە تورکیدا وشەیەکمان بۆ لاقرتێ نییە. من خۆشم بە تەنز دێت، بەتایبەت ئەو تەنزانەی هاوشانی هاوخەمی ( بەزەیی) دەڕۆن. ئەو تەنزانەی سوکایەتیکردنی تێدا نییە، بەڵکو تێگەیشتن پیشانی ئەو شتانە دەدات کە ڕووی مرۆڤانەیان هەیە. هەرکاتێ بمەوێ لاقرتێ و تەوس و تەنز بنووسم ئەوە بە زمانی ئینگلیزی دەینووسم، بارە خەمۆکییەکان لە زمانی توورکی خۆشتر دێنە دەست.

 ئێوە تا ڕادەیەک ژیانێکی کۆچبەرانە ژیاون، بەبڕوای من ئەمەش بەڵگەیەک بووە دەستتان داوەتە نووسین.

  ئەوە ڕاستە. هۆی سەرەکی دەستدانە نووسینم هەستکردنم بوو بە بێزاری. لە ئەنقەرە لە ماڵی داپیرەم گەورە بووم. بەبێ براو و خوشک، لە بەراورد لەگەڵ دەوروبەرەکەمان خێزانەکەمان جیاواز بوو. بۆیە پێویستم بە جێگایەکی تر هەبوو تا بتوانم لە نێو خەیاڵمدا زیاتر بڕۆم: بۆ مەملەکەتی چیرۆک. ئیتر خووم دایە خوێندنەوە، هەرچەندە ئەمە کڵێشەیەکە: کتێبەکانم بوونە هاوڕێم. دوابەدوای ئەمە ڕووم کردە نووسین، لەبەرئەوەی ژیانێکی بێزارکەرم هەبوو لەبارەی ژیانی خۆمەوە نەمدەنووسی، هەروەک منداڵان ئەم کارە دەکەن ڕۆژمێرێکیان دەبێ بۆ نووسینەوەی بیرەوەرییەکانیان، لە بارەی کەسانی ترەوە دەمنووسی. هەر لەیەکەمین ساتەوە ئەدەب بۆ من شتێکی باڵا بوو: دەمویست ئەو سنوورەی من لێوەی هاتمە ژیانەوە بیبەزێنم و زیاتر بڕۆم.

ئایا ئەمە پەیوەندی بەو وتەیەی خۆتەوە هەیە کە دەڵێ گرنگە کۆچەرێکی هۆشمەند بیت؟

 گرنگ ئەوەیە هۆشمەندانە لە جوڵەی بەردەوامدا بیت و لە دیسپلین و کولتوورەکانی ترەوە فێربیت. زۆرجار قسە لەگەڵ پیاوانی خوێنەر دەکەم پێم دەڵێن: دەمەوێ بزانم لە جیهاندا چی ڕوودەدات، بۆیە دەربارەی سیاسەت، مێژوو، دارایی، دەمارناسی، فەلسەفە دەخوێنمەوە، بەڵام رۆمان و چیرۆکە خەیاڵئامێزەکان ناخوێنمەوە. بەڵام ژنەکەم بەڵێ ئەو ڕۆمان دەخوێنێتەوە. کاتێ گوێم لە بابەتی وا دەبێت بەڕاستی دڵتەنگ دەبم، چوون لە نێو رۆمان و چیرۆکە خەیاڵئامێزەکاندا خاوەنی هەموو شتێکی، هەموو ئەو زانستانەی کە ئێستە باسم کردن. لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە: رۆمان و چیرۆکە خەیاڵئامێزەکان هەڵگری جۆرێک لە هەستیاری هۆشمەندانەن. دەبێ بەردەوام سنوورەکان ببەزێنین، لە نێو زۆنی ناوچە ئاسایشەکانی خۆمان بچینە دەرێ و کاروباری کەسایەتیمان لەگەڵ کاروبارە کولتووری، سیاسی و مێژووییەکان تێکەڵ بکەین. کاتێ ڕۆمانێک دەخوێنیتەوە، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێ یان چەند ڕۆژێ لە زەینی کەسایەتییەکی تردا سەفەر دەکەیت. ئەمەش وات لێ دەکات تۆزێ بێ فیزانە لە خۆت بڕوانی و بە سادەیی خۆت ببینی.

 جارێکیان ئاماژەت بەوە کرد کە مرۆڤی ناوچەکانی شام و باڵکان و ئاناتۆلیا هەر بە سروشت کەسانێکی زۆر گەشبین نین؟

(پێدەکەنێ) هەندێ جار دەڵێم: لەبەرئەوەی تورکم ناتوانم گەشبین بم. ئەگەر پێبەپێی ڕووباری دانوب لە باشووری ئەڵمانیاوە بەرەو دەریای ڕەش بکەویتەڕێ، دەبینی لەگەڵ هەر شەپۆڵێکی ئەو ڕووبارە بەرەو ڕۆژهەڵات گەشبینی ڕوو لە کزی دەکات. ئەمە بەسەر منیشدا دەسەپێ، بەڵام من بۆ خۆم چارەسەرێکم دۆزیوەتەوە. ڕوانگەی من ئەوەیە: دەکرێ عەقڵت ڕەشبین بێت، بەومەرجەی کە دڵت گەشبین بێ. ئێمە لە زەمەنێکدا دەژین ئەو دوانەمان هەردووکی پێویستە. ژەمە ڕەشبینیەکی تەندروست یارمەتیت دەدات تا تێبگەیت لە جیهاندا چی دەگوزەرێ. بەڵام هیواشمان پێویستە، ئەو هیوایەش لە لایەن هاوجۆرەکانی ئێمەوە بۆمان دێت.

____________________________

[۱] – ئەم چاوپێکەوتنە لە لایەن Hans Bouwman  لە ڕۆژنامەی de Volkskrant هۆڵەندا لە ڕۆژی نۆی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ لە کاتژمێر ١٤:٥٠ خولەک ئەنجام دراوە.

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *