خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی”فەرهەنگی زانستگای کوردستان”

ناساندنی کتێبی”فەرهەنگی زانستگای کوردستان”

ناساندنی کتێبی”فەرهەنگی زانستگای کوردستان” بە سەرپەرستی ماجد مەردۆخ ڕۆحانی

ناسنامەی کتێب: فەرهەنگی زانستگای کوردستان«کوردی بە کوردی و هاوواتای فارسی»، بە سەرپەرشتیی ماجد مەردۆخ ڕۆحانی؛ ۴بەرگی؛ ساڵی چاپ ۱۳۹۷هەتاوی.

? دێرەن، با ئێمەیچ نەی گوزەرەوە
جامێ وە دەس نێین، دەس وە سەرەوە
“مەولەوی”

?”فەرهەنگی زانستگای کوردستان” فەرهەنگێکی کوردی _ فارسی ٤ بەرگی ٣١٣٦ لاپەڕيییە، کە ماوەی دە ساڵدا لە لایەن گرووپی لێکۆڵینەوەی کوردناسیی زانکۆی کوردستان بە سەرپەرشتیی “ماجد مەردووخ ڕۆحانی” بەرهەم هاتووە.
ئەم فەرهەنگە ٩٣ هەزار لێما، ٨٦٨۲٦ لێکدراوی فرمانی و ناوی جیاواز؛ گەردانکردن و شرۆڤەی ٥١٧١ چاوگ، ١٥٧٨٠ شایەت و نموونە، زیاتر لە ١ میلیۆن وشە، ٦٤١٨ بیاڤی واتایی و ٢٦٨٠٨ سەردانکردنـی لەخۆ گرتووە.

?نووسەر لە پێشەکی ئەم بەرهەمەدا، بە ئاماژەدان بە فەرهەنگنووسی لە زمانەکان و وڵاتەکانی تر بە تایبەت وڵاتانی دەراوسێدا و بەراوردکردنی لە گەڵ هەوڵ و چالاکییەکانی ئەو بوارە لە زمانی کوردیدا، تیشک دەخاتە سەر لاوازیی فەرهەنگنووسی لە پانتایی زمان و کتێبخانەی کوردیدا و هەر لەم سۆنگەشەوە پێویستی و گرنگی ئاوڕدانەوە بەو بوارە زانستییە بنەماییە دەخاتە ڕوو. لە دریژەی وتەکانیدا بە هێنانە باسی زمانی خوێندن لای کوردانی ڕۆژهەڵات کە زمانی فەرمی ئێران، واتا فارسییە، وردتر دادەبەزێتە سەر هۆکارەکانی دانانی فەرهەنگی کوردی _ فارسی زانستگای کوردستان و ئەو بەرهەمە وەک هەنگاوێک بۆ پڕکرنەوەی بۆشاییەکانی زمانی کوردی و فەرهەنگێکی بە کەڵک و کارامە بۆ خوێنەرانی زمانی کوردی دادەنێت، تاکوو بتوانن لە ڕێگەی وشە فارسییەکانەوە بە وشە پوخت و پاراوەکانی کوردی ئاشنابن.

?سەبارەت بۆ چۆنییەتی دانانی فەرهەنگەکە و کۆکردنەوەی وشەکان، لەم کارەدا لە ئەزموونی دانانی فەرهەنگی هەنبانەبۆرینەی مامۆستا هەژار کەڵک وەرگیراوە کە بەڕێز ماجد مەردوخ، سەرپەڕشتی گرووپەکەش خۆی یەکیک لە هاوکارانی مامۆستا هەژار بووە لە دانانی هەنبانەبۆرینەدا. بۆیە ئەم وتەیەی مامۆستا هەژار: “بەهومێدم ئەو کەسانەی لە دواڕۆژدا فەرهەنگی کوردی دەنووسن، لەم کارەی منیش، کەم و بێشێک سوود و بەهرە هەڵکڕێنن.” بە هەند وەردەگرن و ” ماک و خەزێنەی پڕ لە نەختینەی هەنبانە بۆرینە” دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی پرۆژەکە.

?کۆمەڵێک لە تایبەتمەندییەکانی فەرهەنگی زانستگای کوردستان بە پێی رێساکانی فەرهەنگنووسی:

١. ڕێنووس: کەڵک وەرگرتن لە ڕێنووسی یەکگرتووی کوردی
٢. ڕیزبەندی: ڕێچکەی ئەلفوبێی زمانی کوردی (بە دەنگ و کپەوە)
٣. لێمای لاتین: بۆ هەموو سەرواژەکان بەجێی فۆنێتیک، ئیملای لاتینیان لە پەنادا دانراوە
٤. دەوری ڕێزمانی: دیارکردنی دەوری جیاوازی وشە هاوشێوەکان بە پێی جێگەیان لە ڕستەدا (چاوگ، ناو، ئاوەڵناو، ئاوەڵکار، جیناو، ئامراز، کار، دەنگ، دەنگەناو، پێش وشە، پاشەوشە، پێشگر، پاشگر، نێووانگر و….)
٥. باری مانایی: باری تایبەتی لێمایەک یان یەک لە ماناکانی، بۆ ڕاگەیاندنی واتایەکی سەربەخۆ، کە زیاتر بریتیە لە: مەجاز، کینایە ، …
٦. بواری بەکارچوون: دانانی ٣١ بواری زانستی و فەرهەنگی و ئایینی بۆ دیاریکردنی مانای تایبەتی وشەکان لەو بوارەدا.
٧. هاوواتا و شرۆڤە: دانانی هاوواتا و شرۆڤەکردنی سەرواژەکان لە سێ پلەی سەرەکی، ناوەندی و نزمدا، بە پێی ڕادەی بەکار چوونیان لە زمانی یەکگرتووی کوردیدا.
٨. شاهید و نموونە: شاهید دەقێکی وێژەیی یان فۆلکلۆرییە کە تێیدا وشەی لێما، بەو مانا و دەوری ڕێزمانییەوە بەکار چووە کە لە فەرهەنگەکەدا بۆی نووسراوە؛ نموونەش، بریتیە لە ڕستە یان نیوڕستەیەک کە فەرهەنگنووس خۆی دەینووسێ و زیاتر بۆ دەرخستنی جیاوازی دەوری ڕێزمانی و هەروەها دەوری پێشگر و پاشگرەکانە.
٩. بەشی فارسی: دانانی بەرامبەری فارسی وشەکان بۆ تێگەیشتنی زیاتر؛ بە تایبەت بۆ ئەوانەی هێشتا لە زمانی کوردیدا شارەزایی شیاویان نییە.
١٠. لێکدراوی ناوی و کاری: ئەو پێکهاتە و لێکدراوانەی ناوی و کارییانەی کە بە گرتنی باری مانایی تایبەت، دەبنە ناویکی تایبەت یان نوکتە و پەند و مەتەڵۆک و دەستەواژە و قسەی نەستەق
١١. گیا و گیانەوەر: بەشێک لە فەرهەنگی گشتی سەبارەتە بە گیاو و گیانەوەران، کە بە پێی سەرچاوە تایبەتەکان و پێداچوونەوەی دوو پسپۆڕی ئەم بوارە دانراون.

? دوکتۆر بەختیار سەجادی، سەرۆکی بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانستگای کوردستان لە وتووێژێ تایبەت لە گەگەڵ “ماڵی کتێبی کوردی” لە بارەی ئەم کتێبە دەڵێت: “یەکێک لە گشتگیرترین و بەرفراوانترین قامووسەکانی زمانی کوردی لە ڕووی ژمارەی سەروشەوە و ئاراستەکردنی زانیاریی جیاجیا و پێویست سەبارەت بە سەروشە بە شێوەیەکی پۆلێن‌کارانە و بە گوێرەی دواهەمین بنەواشەکانی فەرهەنگ‌نووسین”.

?ئەلبەت جێێ ئاماژەیە کە ئەم فەرهەنگە بە ناوەڕۆک فەرهەنگێکی کوردی _ کوردی تەواوە و تا دەستی دابێ هەوڵ دراوە هەنگاوی بەرەو پێش بێت.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم بەرهەمە کە دەرهاویشتەی کارێکی هەروەزی درێژمەودا و وردبینانەیە، دەرخستنی دەوڵەمەندی و بەپێت بوونی زمانی کوردییە لە ڕووی وشە هاوواتا و هاوماناکانەوە کە لە زۆر لێمادا بۆ دە و بیست و سی و تەنانەت پەنجا وشەش تێدەپەڕێت.

? ئەرکەکانی نووسین و وەرگێڕان و بڕیاردانی ئەم پرۆژە لە پلەی یەکەمدا لە ئەستۆی ئەو چوار پێنج کەسە بووە کە بە ناوی ویراستار لە کتێبەکەدا ناویان هاتووە، بەڵام بە گشتی دووسەدوپەنجا کەس بەشداری پرۆژەکە بووون.

? کەناڵی “ماڵی کتێبی کوردی” ئەوپەڕی سپاس و پێزانینی خۆی بۆ نووسەری بەڕێز مامۆستا ماجد مەردۆخ ڕۆحانی دەردەبڕێت کە وێڕای هەموو سەرقاڵییەک بە دڵۆڤانییەکی تەواو لە ڕێکخستنی بابەتەکەدا هاوکاری کردین.

 

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *