خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ڕەوتی گەشەکردنی چیرۆک و گێڕانەوەی کوردی

ڕەوتی گەشەکردنی چیرۆک و گێڕانەوەی کوردی

ڕەوتی گەشەکردنی چیرۆک و گێڕانەوەی کوردی

ناسنامەی کتێب: ڕەوتی گەشەکردنی چیرۆک و گێڕانەوەی کوردی، عەزیز مەحموودپوور، چاپەمەنی خانی، سەقز ۱۳۹۸.

عەزیز مەحموودپوور

سەید قادر هیدایەتی یەکێک لەو کەسانە بووە کە لە تەواوەتی ئەو ساڵانەی چیرۆک و ڕۆمانی کوردی ئێمە بە شێوەیەکی بەگۆڕ و دینامیک بەخۆدا هاتۆتەوە و گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەشدار بووە لە شکڵ‌دانی ئەو هەیکەلە ڕیوایەتییە نوێیەی کە چیرۆک و ڕۆمانی کوردی تەجرەبەی کردووە. سەید قادر هیدایەتی هەم بە کورتەچیرۆک و هەم بە ڕۆمان و هەم بە ڕەخنە و تیۆری بەشدار بووە لەم ڕەوتە نوێیەدا. نۆڤێلێتی «دەنگی نوختە» و سێ ڕۆمانی «تۆقی عەزازیل»، «گابۆڕ» و «گۆڕەشار» و کۆمەڵە وتاری «بەردێک لە بەردێک» و کتێبی «نەسری کوردی و گۆڕانی فۆرم»ی لێ بڵاو بۆتەوە و یەکێکە لە دەنگە مۆدێڕنەکانی چیرۆکی کوردی. لە سۆنگەی بەرهەمەکانی ئەوەوە هەم فۆڕم و هەمیش زمانی گێڕانەوەی ئێمە بەرین‌تر بۆتەوە. بەتایبەت دەسکەوتە فۆڕمییەکانی ئەو لە بواری گێڕانەوەدا بەرچاون، هەروەها لە باری فۆڕمی زمانیی و چۆنییەتی کەڵک‌وەرگرتن لە زمان و وزەی زمانیی، گێڕانەوەی ئێمە زۆر هەرێمی نوێیان بەتاقی کردەوە کە پێشتر ڕێی تێنەبردبوون. ئەو بە کەڵەکەکردنی سامانێکی فکری و فەلسەفی و هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی بەردەوام لەنێو دەقە ئایینی و ئوستوورەییەکان‌دا و زانیاری بەسەر گێڕانەوەی جیهانی‌دا توانی پاشخانێکی گەورە بۆ خۆی و بۆ دەقە ڕیواییەکانی خۆی دەستەبەر بکا و لەم سۆنگەیەوە بۆن و بەرامەیەکی تازە بە چیرۆک و گێڕانەوەی ئێمە ببەخشێ. دەنگی نوختەی کە کارێکی بە تەواوەت فۆڕمیکە و لە ژانری ئەدەبی تەخەییولی و تەجروبی دایە، ڕووداوێکی گەورەیە لە گێڕانەوەی کوردی‌دا که نەک لە نێو خۆمان بەڵکوو لە نێو فارس و تورکەکان و عەڕەبەکان کە مێژوویەکی دوورودرێژی ڕیوایەتییان هەیە، شتێکی دەگمەنە و بە هەموو پێوانەیەک کارێکە کە جێی دڵخۆشییە بۆ چیرۆکی کوردی و شان لە شانی چیرۆکە بەرزەکانی ئەم ژانرە دەدا. ئەم بەرهەمە کە گەمەیەکی بەردەوام و لەبڕان نەهاتووە بە هێما زمانییەکان، ساختار و پێکهاتەیەکی پچڕ پچڕ و پازێل‌ئاسای هەیە، لە هاونشینی ئەو لەت و کوتە پازێلانە، پێکهاتەی گشتی بەرهەمەکە ساغ دەبێتەوە. هەر پاژێک لە دەقەکە بوونێکی سەربەخۆیە کە دەکرێ هەر سەربەخۆ بمێنێتەوە یان لە گشتییەتی ئەو سازمانە ڕیواییەتییەدا مانا پەیدا بکا و ببێتە کارکردێکی مانایی لەو پێکهاتە داستانییەدا. هەودایەکی باریک ئەو پاژە مانایی و داستانییانە لێک گرێ دەدا کە لە ئاکام‌دا گشتییەتی چیرۆکەکە ساغ دەکەنەوە. زمانی گێڕانەوە سرک و دینامیک و ئەکتیوە. دەسپێک و کۆتایی هەرکام لە پاژەکان لە تەشق دایە و هاونشینی واژەکان بە چەشنێکن کە ئەو ڕستەیەی بەرهەمی دێنن چێژێکی نوێ و هەستێکی جوانی‌ناسانەی نوێ بە خوێنەرەکەی دەبەخشن. لەم دەقەدا بەر لەوەی بە دوای واتایەک‌دا بگەڕێی دەبێ چێژ لە گێڕانەوە و چۆنیەتی گێرانەوە ببەی، چون لەم دەقەدا گێڕانەوە هەوڵی ئەوە نادا واتا و مانا و بەسەرهاتێکی هێڵیت بۆ بگێڕێتەوە، بەڵکوو ئەوە گێڕانەوە و چۆنیەتی گێڕانەوە کە بۆتە ناوەند و تەوەری دەق و گێڕانەوە لە خزمت گێڕانەوە دایە. دەنگی نوختە نموونەی کامڵی سەرکەوتنی گێڕانەوەی کوردییە بەسەر فۆڕمە دژوارەکان‌دا.

تەجروبەی ڕیوایەتی لە ڕۆمانی تۆقی عەزازیل‌دا، هەنگاوێک بەرەو پێش چووە و لەو حاڵەتە بزۆز و تەجروبییە ترازاوە و لایەنێکی ئاهۆنتر و لەسەرەخۆتری بەخۆوە گرتووە. ئەوەی لە ڕۆمانی تۆقی عەزازیل‌دا لە هەموو شت بەرچاوترە گێڕانەوە و بە تایبەت زمانی گێڕانەوەیە. ئەویش کەڵک‌وەرگرتن لە زمانێکی سواو و مەزهەبی و خانەقایییە. زمانێک کە قەت سەرنجی چیرۆک‌نووسانی بۆ لای خۆی ڕانەکێشاوە هەتا بۆ گێڕانەوەی کارەکانیان کەڵکی لێ وەرگرن. ئەو کارە زمانییەی لە ڕۆمانی تۆقی عەزازیل‌دا کراوە و ئەو لەحنە جیاوازەی ڕۆمانی پێ گێڕدراوەتەوە کارێکە کە زۆرتر شاعیران کەڵکی لێ وەردەگرن. یانێ شاعیران دێن و کار لەسەر ئەو زمانانە دەکەن کە واژەکانی ئەو هەرێمە زمانییە چ کارکردێکی جوانی‌ناسانەیان تێدا نەماوە و هەڵچۆڕاون لە کارکردی شاعیرانە. شاعیران بە هۆنینەوە و تێک‌هەڵشێلانی ئەو زمانە سواو و مردووانە، کارکردێکی جوانی‌ناسانه و ئیحساسی نوێ و شەخسسییەتێکی زمانی نوێ بەو هەرێمە زمانییە مردووانە دەبەخشن و بەم شێوەیە زمان دەبووژێننەوە و ئەو واژە و دەستە واژانەی کە ئێمە پێمان وابووە هەڵچۆڕاون لە ئیستاتیکی زمانی بە شێوازێکی نوێ ڕەعەمەل دێننەوە و بە شێوەیەکی دیکە بە ئێمەی خوێنەری دەنوێننەوە؛ ڕاست ئەو کارە لە تۆقی عەزازیل‌دا کراوه و له زمانێکی بە تەواوەت سوننەتی کە قەڵای بیر و بڕوایەکی سوننەتی و محافزەکارە، بۆ دەربڕینی پێکهاتەیەکی ڕیوایەتیی مۆدێرن کەڵکی لێ‌وەرگیراوە. سەیر ئەوەیە کە ئەو زمانە بە تەواوەت محافزەکار و سوننەتییە وەک دژبەرێک لە بەرامبەر خۆی‌دا کەڵکی لێ‌وەرگیراوە و وەک ئەوەی لە نەستی ئەو زمانەدا گەمەیەکی دیالکتیکی خۆی حەشار دابێ و دژی خۆی لە هەناوی خۆی‌دا هەڵگرتبێ هەتا لە ڕۆمانێک بە نێوی تۆقی عەزازیل‌دا بۆ دژایەتی‌کردنی ساختاری فکری خۆی کەڵکی لێ‌وەرگیرێ.

ئەوەی لە ڕۆمانی تۆقی عەزازیل‌دا لە هەموو شت بەرچاوترە، گێڕانەوە و بە تایبەت زمانی گێڕانەوەیە. زمانێک کە نوێنەری ئەو دنیا جادوویی و ڕەمزاوییەیە و لە عەینی حاڵیش‌دا پێکهاتەیەکی نوێی زمانییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دنیا ئایینی و فەزا مێتافیزیکییە. زمان لەم ڕۆمانەدا ماکی سەرەکی و خاڵێکی پڕ ڕەنگامەیە بۆ دوان وشرۆڤەکردن. بەم ڕوون‌کردنەوەیە کە لە دەقێکی زانستی‌دا زمان و دەلالەتە زمانییەکان ڕوون و ئاشکران و لە دەقێکی هونەری‌دا دەلالەتە زمانییەکان زیمنین و چەن‌توێژی مانایی لەخۆ دەگرن. ئەوەی کە زمانی ڕۆمانی تۆقی عەزازیلی زەق کردۆتەوە ئەو پارادۆکسە زمانییەیە کە لە ناخی زمانەکەی دایە. هەروەک پێش‌تر کوترا زمانی دنیای سوننەتی و پێش‌مۆدێڕن کەرەستەیەکە بۆ بەردەوامی‌دان بەو بیرە و یەکێکە لە ئەستوونە بەهێزەکانی ئەو دنیا ڕەمزاوییە، بەڵام لەم ڕۆمانەدا ڕاست هەر لەو کەرەستە زمانییە کە هەموو نەسەن و ڕەسەنەکانی زمانێکی سوننەتی لە خۆ گرتووە، کەڵک وەرگیراوە. یانی بە ئامیانێکی بە ڕەواڵەت سوننەتی کەڵک وەرگیراوە بۆ گێڕانەوەیەکی مۆدێڕن و سەیرتر لە ڕۆنانی زمانێکی مۆدێڕن. ئەم شێوازە ئیبتکارییە و لەنێو زمانی گێرانەوەی کوردی‌دا کەڵکی لێ وەرنەگیراوە. لەم زمانە ڕیوایەتییەدا کەڵک لە زمانێک وەرگیراوە کە دەربڕ و پێناسەی بیر و ئەندێشەیەکی مەزهەبی و ئاینییە.

هیدایەتی لە هەموو کارەکانی‌دا حەولی داوە بە شێوەیەکی جیاوازتر دەرکەوێ و ئەم شتە لە پاش چاپ‌بوونی گابۆڕ پتر خۆ دەنوێنێ. ڕۆمانی گابۆڕ نە وەک دەنگی نوختە بزۆزییەکی گێڕانەوەییە و نە وەک تۆقی عەزازیل گەمەیەکی زمانی، بەڵکوو ئاوێتەیەکە لە هەرکیان. ئەوەی ماکی سەرەکییە زاتی گێڕانەوە و ئەو فۆڕمە ڕیوایەتییەیە کە ڕۆمانی پێ دەگێڕدرێتەوە. دیالۆگ کە بەشێکی زۆری پێکھاتەی ئەم ڕۆمانەی پێک هێناوە فۆڕمی نەهایی ئەم ڕۆمانە ساغ دەکاتەوە و وەرسووڕانی گۆشەنیگا لەو حاڵەتە نەریتییەی هەموو خوومان پێ گرتووە دەرباز دەبێ و ڕواڵەتێکی نوێ بەخۆوە دەگرێ. ڕۆمانی گابۆڕ هەنگاوێکی موژدەبەخشە کە بەرەوە پێش‌چوونی گەورە دەبەخشێ بە گێڕانەوەی کوردی. هەروەها ئەم ڕۆمانە یەکێک لەو بەرهەمانەیە کە سەرەڕای پێشوازییەکی بەربڵاوی خوێنەرانی ئاسایی و پڕفرۆش‌بوونیی، لەگەڵ پێشوازیی ڕەخنەگرانیش ڕووبەڕوو بووە و زۆر وتار و ڕەخنەی لەسەر نووسراوە، کە بەشێک لەو وتارانە لە کتێبی «سێبەری زیندووی نووسین»دا چاپ بوون.

دیزاین: ئەسرین کاکی

سەرچاوە: کتێبی «ڕەوتی گەشەکردنی چیرۆک و گێڕانەوەی کوردی، عەزیز مەحموودپوور،»، لاپەڕەی ۱۱۵، چاپەمەنی خانی، سەقز ۱۳۹۸.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

هایدیگەر، نیتشە، نازیزم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *