خانه / اخبار و رویدادها / خوێندنەوەیەکی کورت بۆ بەشێک لە ئاڵۆزییەکانی کتێب و وتاری کوردی

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ بەشێک لە ئاڵۆزییەکانی کتێب و وتاری کوردی

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ بەشێک لە ئاڵۆزییەکانی کتێب و وتاری کوردی/ جەعفەر قارەمانی

زمانی کوردی پەیوەندییەکی لە مێژینەی لەگەڵ کولتوور، مێژوو و شارستانییەتی ئێمە هەیە، بە جۆرێک کە ئەمڕۆ بە یەکێک لە کۆڵەکە بەهێزەکانی ناسنامەی نەتەوەیی دەناسرێت، بۆیە بەهێز کردنی ئەو زمانە و پاراستنی لە ئاڵۆزی، ڕێزگرتنە لەو میراتە کولتوورییە بەنرخە. جگە لەوەش زمانی کوردی، زمانی فەرمی، پەروەردە و پەیوەندییەکانی هزری و زانستیی بەشێکی بەرچاوی کوردستانە، لە لایەکی تر، بەشێکی دیاری بیرکردنەوەکانمان لە چوارچێوەی ئەو زمانەدا بیجم دەگرێت، کەوایە چۆنیەتی پەیوەندی هزری و پێشکەوتنی زانستیی ئەو زمانە، گرێدراو بە چۆنیەتی بەکار هێنان و پەیڕەوکردنی یاساکانی دروست نووسینە. هەموو توێژینەوە زانستییەکان لە تەواوی بوارەکاندا، دەبێت مەرجەکانی زمانی زانستی و دروست نووسینیان تێدا ڕەچاو بکرێت. لێکۆڵینەوەکان لە بواری زمانی کوردی، لەو حوکمە بەدەر نین و دەبێت لەگەڵ پێوەرەکانی زمانی زانستی بگونجێن. لەو وتارەدا چەند ئاڵۆزییەکەی ڕێساکانی دروست نووسین لە پرۆسەی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و وتاری کوردیدا تاوتوێ دەکەین.

سەرهەڵدانی ئامرازەکانی پەیوەندی و میدیایی وای کردووە ژیانی مرۆڤی سەردەم لە ژیانی مرۆڤەکان پێشوو بە تەواوی جیاواز بێت. لە بیست ساڵی ڕابردوودا بەهۆی پەرەسەندنی ئامرازی پەیوەندیی تاکەکەسی و گشتی، بەتایبەتی بەهۆی بڵاو بوونەوەی پەیوەندی ئینتەرنێت، شێوازی نووسین و نووسینی دروست پشتگوێ خراوە و بەشێک لە نووسەران بەهۆی کەمی خوێندەواری، یان پەروەردەی لاواز، ئاڵۆزی نووسین لە بڵاو کراوەکانیاندا زۆر بووە. ڕەچاوکردنی ڕێساکانی دروست نووسین بۆ گەشەی زانستی هەموو زمانێک بابەتێکی گرنگە. یەکێک لە فاکتەرەکانی زیندوو بوونی هەر زمانێک، توانایی پەیوەندی کردنی ئاسانی ئەو زمانە لەگەڵ بەردەنگەکانیەتی، بەڵام سەرەتایەکی گرنگ بۆ پەیوەندی ئاسان، ڕەچاو کردنی ڕێساکانی دروست نووسینە، بۆ ئەوەی دەق بە ئاسانی بخوێنرێتەوە.

بەپێی توێژینەوەکان دەرکەوتووە لە زمانی کوردیدا، بەشێکی دیار لە کتێب، گۆڤار، ڕۆژنامە، نووسینی میدیاکان، وتارەکانی زانستی و هتد، هەموو جۆرە هەڵە و شێواوییەکەی نووسینیان تێدا هەیە، ئەو بابەتە نەک ئاستی زانستی نووسراوەکانی دابەزاندووە، بەڵکوو زەرەرێکی دیاریشی بە جەستەی زمانی کوردی گەیاندووە. پەیڕەو نەکردنی بنەماکانی دروست نووسین زۆرجار خوێنەریش سەرلێشێواو دەکات. بێ‌گومان ئاستی نزمی خوێندنەوە و نەبوونی زانیاری لەسەر ڕێساکانی دروست نووسین و شێوازی توێژینەوەی زانستی، دیارترین هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو شێواوییە لە نووسینی کوردی دایە. لەباری ناوەرۆکیش کەڵک‌وەرگرتن لە سەرچاوەی لاواز و ناتەواو، لە زۆر توێژینەوەدا هۆی لێکدانەوەی هەڵە بووە. نووسینی بابەتێکی زانستی بەبێ لێکۆڵینەوەی ورد بە دڵنیاییەوە ناتەواوە و هیچ دەستکەوتێکی زانستی نابێت. لاوازبوونی بنەمای ئیستدلال و نموونە هێنانەوە بۆ تیۆرییەکان، هۆی دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵە لە نووسین دایە.

پەیڕەو کردنی یاساکانی دروست نووسین و ڕەچاوکردنی بنەماکانی توێژینەوەی زانستی لە کتێب و وتارە زانستییەکاندا، هۆکاری گرنگن بۆ بەرز بوونەوەی بایەخی زانستی، گرنگ نییە نووسراوەکە کوردی بێت، یان ئینگلیزی، یان هەر زمانێکی تر؛ بۆ نموونە، خوێنەر هەر کە هەستی بە بوونی هەڵەی ڕێنووسی، یان ڕێزمانی لە دەقدا کرد، گومان لە پوختە بوونی ناوەرۆکی توێژینەوەکە دەکات. ئەو جۆرە ئاڵۆزییە تەنانەت کاتێک بابەتەکە زانستیش نەبێت و تەنیا نامەیەکی ئاسایی بێت، هۆی ئەوەیە خوێنەر متمانەی زانستی بە نووسراوەکە لە دەست بدات. له توێژینەوە زانستییەکاندا، بەتایبەتی کاتێک له لایەن ناوەندێکی توێژینەوەیی چاپ و بڵاو دەکرێنەوە، چاوەڕوانییەکه زیاتر دەبێت و شێوازی نووسین و پەیڕەو کردنی ڕێساکانی دروست نووسین دوو هێنده گرنگ دەبێت.

دروست‌ نووسین، کۆمەڵێک یاسایە، گرنگی بە نووسینی دروستی وشە، ڕستە و ڕەچاوکردنی یاساکانی ڕێنووسی، ڕێزمانی و شێوازی ئەنجامی توێژینەوە و هتد، دەدات، بۆ ئەوەی پەیامی دەق بە دروستی بە خوێنەر بگات. هەموو نووسینێک پێویستە لە باری ناوەرۆک پێداچوونەوەی بۆ بکرێت؛ کۆی ئەو ڕاست ‌کردنەوانەی بۆ دەق دەکرێت، نووسیاری پێ‌دەڵێن.

نووسیاری لە سێ ئاستدا ئەنجام دەدرێت:

١- نووسیاریی زمانی، یان پێکهاتەیی؛

٢- نووسیاریی پسپۆڕانە، یان ڕواڵەتی؛

٣- نووسیاریی زانستی، یان ناوەرۆکی.

بەشێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی نووسیار بریتین لە: یەکدەست کردنی ڕێنووسی وشە و نیشانەکانی خاڵبەندی، ڕاست‌ کردنەوەی هەڵەی ڕێنووسی و پیتچنی، پەیڕەو کردنی ڕێساکانی ژمارە نووسی، پاژبەندی، ڕێک‌وپێک کردنی گەڕانەوە، پاراستنی مەودای نێوان وشەکان، دیاری ‌کردنی شێوازی نووسینی سەرچاوە، هەڵسەنگاندنی باری زانستیی دەق، دیاری کردنی بەش و ژێربەش و سەردێڕەکان و هتد. جگە لە قۆناخەکانی باس کراو، نووسیار دەتوانێت سەرپەرشتی پرۆسەی بەرهەم هێنانی کتێب، بەتایبەتی هەڵبژاردنی ڕووبەرگ، ڕێک‌وپێک کردنی پێڕست و دیاری کردنی مافەکانی نووسەر بکات.

لەو توێژینەوەیەدا ڕەنگە ئاماژە کردن بە هەموو جۆرە ئاڵۆزییەکانی دروست نووسین و نووسیاری بۆ خوێنەر تاقەت پڕووکێن بێت، بۆیە لەو وتارە تەنیا بەشێک لە ئاڵۆزییەکانی نووسینی کوردی دەخەینە ڕوو. لە داهاتوودا لە قەوارەی وتاری زانستی – توێژینەوەیی و بە هێنانی نموونە لە کتێب و وتارە چاپ کراوەکان، خەسارناسیی نووسینی کوردی زیاتر شرۆڤە دەکەین، بۆ ئەوەی توێژەر و نووسەری کورد شارەزای ڕێساکانی دروست نووسین و شێوازی ئەنجامی توێژینەوەی زانستی بێت. بەر لە پەرژانە سەر مژاری سەرەکی، پێویستە بەو پرسیارانەوە بچینە ناو باسەکە تا بە سەرنجێکی تۆخترەوە بپەرژێینە سەر بابەتی وتارەکە.

لە ئێستادا ڕەچاوکردنی ڕێساکانی دروست نووسین و نووسیاری لە نووسینی کوردیدا چەندە گرنگی پێ‌دەدرێت؟ ئاخۆ پێداچوونەوە بۆ بەرهەمەکان بە شێوازێکی زانستی و پسپۆڕانە بەڕێوە دەچێت؟ یان لەو پرۆسەیەدا تەنیا قەناعەت بە هەڵەچنییەکی سادە دەکرێت و بەس؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارانە دەبێت بڵێین لە ناسنامەی هیچکام لە کتێبە کوردییەکاندا شێوازی نووسیاری ئاماژەی پێ‌ناکرێت و وەها ڕوون‌کردنەوەیەک لە زمانی کوردیدا باو نییە؛ بەڵام ئەوە ئەرکی پەخشانگایە ئەو بەشە وەئەستۆ بگرێت و ئاماژە بە شێوازی نووسیاری و ناوی نووسیار لە ناسنامەی کتێبەکەیدا بکات. ئەو بابەتە لە خاڵە لاوازەکانی پرۆسەی چاپی کتێب لە زمانی کوردیدا دەست ‌نیشان دەکەین کە بۆ نووسەر و تەنانەت خوێنەریش نەناسراوە. لە ناسنامەی کتێبە کوردییەکاندا هەر ئاماژە بە ناوی هەڵەچن دەکرێت و ئەویش زۆر بە دەگمەن. ڕەنگە لە ناو ئێمەی کورددا چەمکی گشتی پێداچوونەوە، تەنیا هەر بە هەڵەچنی ناسراوە و بەس.

 پرسیارێکی تر، ئاخۆ بەرهەمەکانی کوردی بەپێی جۆری بابەت و ناوەرۆک نووسیاری دەکرێن؟ لە وەڵامدا دەبێت بڵێین لە زمانی کوردیدا نووسیاری بەپێی بابەتی کتێب ئەنجام نادرێت؛ بەڵام ئەوە مەرجی سەرەکییە هەر بەرهەمێک، بەپێی ناوەرۆک دەبێت نووسیاری بۆ بکرێت؛ بۆ نموونە، بۆ توێژینەوەیەکی فەلسەفی پێویستە نووسیارێک کە شارەزای فەلسەفەیە، ئەو ئەرکە بەڕێوە ببات. ئەو قۆناخەش لە پرۆسەی چاپی کتێبی کوردیدا بە هیچ جۆرێک ڕەچاو نەکراوە و ئەو بابەتەش دەکرێت وەک خەسار لە پرۆسەی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب لە زمانی کوردیدا پێناسە بکەین. دیارە هەر نووسیارێک لە بوارێکی دیاری زانستیدا پسپۆڕە و توانای خۆی لە بوارەکانی دیکەی زانستیدا ناسەلمێنێت؛ هەرچەند نووسیاری لێهاتوو، دەبێ شارەزایی لە چەندین بواری زانستیدا هەبێت.

بەهۆی ڕەچاو نەکردنی قۆناخی نووسیاری، بەشێک لە کتێبە چاپ کراوەکانی زمانی کوردی، وەک پێویست بەردەنگی خۆیان نادۆزنەوە و لە ئەنجامدا لە چەند هەزار بەرگ، تەنیا چەند دانەیەکیان دەفرۆشرێن، ئەو بەسەرهاتە دەبێت وەک بەفیڕۆدانی بەشێکی زۆر لە سامانی کەسی، یان نەتەوەیی سەیر بکرێت؛ بەڵام کێ تاوانباری سەرەکیی ئەو بارودۆخەیە؟ بێ‌گومان دانی مۆڵەتی دامەزراندنی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە بۆ زۆر کەس کە شارەزایی لەسەر قۆناخەکانی چاپی کتێب نییە، کارتێکەری نەرێنی لەسەر ئەو بەشە هەستیارە داناوە. زۆرێک لە پەخشانگاکان هێشتا هەر بە شێوەی نەریتی، کتێب چاپ و بڵاو دەکەنەوە.

دیارە کاتێک لە نووسین و بڵاوکردنەوەی وتاری زانستی و کتێبدا وردبینی پێویست نەبێت، سەرکەوتنێکی باش بۆ نووسەر و پەخشانگا چاوەڕوان ناکرێت و لە ئەنجامدا زمانیش گەشەی زانستی نابێت. زۆرجار پەخشانگاکان نرخی کتێبەکانیان بە مەبەستی فرۆشی زۆر، دادەبەزێنن و لە ئەنجامدا، یان کاغەزی باش بۆ چاپ بەکار ناهێنن، یان لە هەموو گرنگتر پێداچوونەوە بۆ کتێبەکان ناکەن. ئەوە لە حاڵێک دایە دیارترین هۆکاری سەرکەوتنی پەخشانگا و بەتایبەتی نووسەر لە بڵاو کردنەوەی کتێب، پێداچوونەوەی زانستییە. مخابن لە کوردستاندا ئەو قۆناخە گرنگە ڕەچاو ناکرێت و بەم پەیڕەو نەکردنە نە تەنیا ئاستی زانستیی توێژینەوەیەک دادەبەزێنن، بەڵکوو پێگەی زانستیی نووسەرەکەشی تووشی خەسار دەکەن.

ئەو پەخشانگا و نووسەرانەی بایەخ بە بابەتی نووسیاریی کتێب نادەن، متمانەی زانستیی خوێنەریش لە دەست دەدەن و ئەو ڕەچاو نەکردنانە لە داهاتوودا کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕێژەی خوێندنەوەی کتێب لە کوردستاندا دەبێت. ئەو جۆرە ئاڵۆزییانە جگە لە بەفیڕۆدانی ئابووری نەتەوەیی، ئابووریی پەخشانگاکاش تووشی زیان دەکات. ئەمڕۆ کەم پەخشانگا هەیە گرنگی و پێویستیی نووسیاری نەزانێت؛ بەڵام بەهۆی بەرژەوەندی ماددی ئەو قۆناخە گرنگە لە پرۆسەی چاپدا پەیڕەو ناکەن. تا ئەو کاتەی تێڕوانینی پەخشانگاکان سەبارەت بە پێداچوونەوەیی زانستی بەو جۆرە بێت، بێ‌گومان بارودۆخی کتێب هەر بەم چەشنە ئاڵۆز دەبێت. بەکورتی، هۆکارەکانی گرنگی نەدان بە پێداچوونەوە و نووسیاریی کتێب لە زمانی کوردیدا، بریتین لە:

۱- لە زمانی کوردیدا نووسیاری لە قۆناخی سەرەتایی دایە؛

۲- ئاشنا نەبوونی نووسەران بە شێوازەکانی پێداچوونەوە و نووسیاری؛

٣- گرنگی نەدانی پەخشانگاکان بە پرۆسەی نووسیاری؛

۴- نەبوونی نووسیاری پسپۆڕ؛

٥- سەرپەرشتی نەکردنی کوالێتی پێداچوونەوە و نووسیاری لە لایەن ڕێکخراوێکی حکومی، یان سەربەخۆ؛

۶- کەمی چاوەڕوانییەکانی نووسەر و خوێنەر سەبارەت بە چاپی کتێب.

سەرەڕای ئەو هەموو ئاڵۆزییانەی لە پرۆسەی بڵاوکردنەوە و ناوەرۆکی کتێبدا هەیە، بەهۆی زۆر بوونی حەشیمەت و پێشکەوتنی پیشەی چاپ، ویست و ئارەزووی چاپ کردنی کتێبیش لە هەڵکشان دایە و بەهۆی چاپی توێژینەوەی لاواز لە لایەن نووسەرانی کەم ئەزموون ئەو بابەتەش وەک خەسار لە پرۆسەی بڵاوکردنەوە دەست‌ نیشان دەکەین. نەبوونی ناوەندێکی زانستی بۆ چاوەدێری چۆنیەتی پرۆسەی چاپی کتێب له کوردستاندا ئەو کێشانەی زۆرتر کردووە و هیچ بەدواداچوونێک بۆ قۆناخەکانی بەڕێوەبردنی ئەو پرسە گرنگانە ناکرێت.

بابەتێکی تر کە دەکرێت وەک خەسار بناسرێت، ئەوەیە هەندێک جار دەبینین لە سەرەتای گۆڤار، یان کتێبێکدا هاتووە ئەو گۆڤارە، یان ئەو کتێبە بەپێی ڕوانگەی کەسی شێوازی نووسین، واتە ڕێنووسی تایبەتی بۆ هەڵبژێردراوە. سەبارەت بەم بابەتە دوو پرس دێتە ئاراوە:

پرسی یەکەم: ئاخۆ هەڵبژاردنی ڕێنووس، بابەتێکی کەسی، یان گشتییە؟

پرسی دووەم: ڕوانگەی نووسەر تا چەند ڕەوایە و بایەخی زانستی هەیە؟ ئاخۆ هەر نووسەرێک دەتوانێت ڕوانگەیەکی جیاوازی سەبارەت بە شێوازی هەڵبژاردنی ڕێنووسی تایبەتی هەبێت؟ زمان و ڕێنووس کۆمەڵێک نیشانەن لە نێو کۆمەڵێک مرۆڤدا وەرگیراوە و هەرکەس مافی ئەوی نییە، بەپێی سەلیقە جۆرێک ڕێنووس بۆ خۆی دابنێت. زیاتر ناچمە ناو ئەو بابەتە، چونکە تاوتوێی ئەو بابەتە لە دەرەوەی بازنەی ئەو نووسراوەیە دایە.

خاڵێکی تر کە وەک خەسار لە توێژینەوەی کوردی، بەتایبەتی ئەو توێژینەوانەی لە قەوارەی کتێبدا و وتاری زانستیدا دەخەینە ڕوو، پەیڕەو نەکردنی یاساکانی «گەڕانەوە» لە توێژینەوە دایە. لەو بەشەش بە زۆری دەبینین کتێب چاپ و بڵاو کراوەتەوە و لە یەکەم لاپەڕەی تا دوایین لاپەڕەی ئاماژە بە گەڕانەوەیەک نەکراوە. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ، ئاخۆ هەموو ناوەرۆکی بەرهەمێک هەڵقوڵاوی زەین و ئەنجامی توێژینەوەی تاکە کەس بووە؟

گەڕانەوە لە کتێب و توێژینەوە زانستییەکاندا بایەخی زانستی بە توێژینەوە دەبەخشێت و نیشان دەدات، ناوەرۆکی وتارە زانستییەکان چەندە جێی متمانە بۆ توێژینەوەکانی دواتر دەبێت. هەر جۆرە ڕوون کردنەوەیەک کە لە کتێب، یان وتاردا ئاماژەی پێ‌بکرێت، تا ئەو کاتەی سەرچاوە و بەڵگەی پێویستی بۆ نەهێنرێتەوە، تەنیا جۆرێکە لە ئیدیعا کردن. گەڕانەوەی دروست ئاستی تێگەیشتن لە بابەتی توێژینەوە و زانیاریی توێژەر لەسەر تەوەری بابەتەکە دەردەخات. هەرچی سەرچاوەکان لە توێژینەوەیەکدا نوێتر بن، بایەخی زانستی ئەو بەرهەمە زیاتر دەبێت و بۆ توێژینەوەکانی دواتر زیاتر جێی متمانە دەبێت. لە لایەکی تر، نووسینی سەرچاوە لە توێژینەوەدا ئەوە دەردەخەن چەندە لێکۆڵەر ئاگاداری توێژینەوەکانی پێشوو بووە. هێنانی بەشێک لە کتێب، یان وتارێکی زانستی بەبێ ناو هێنان لە سەرچاوەکەی، دەکرێت بە دزی زانستی بناسرێت. کەڵک‌وەرگرتن لە گەڕانەوە لە توێژینەوەدا ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ ئەو دەرفەتە بە خوێنەر دەدات، بزانێت توێژەر لە چەند سەرچاوە کەڵکی وەرگرتووە. ئاماژە کردن بە ناوی سەرچاوە و توێژەرانی پێشتر کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر بابەتێکی دیاریکراو کردووە، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و ڕەچاوکردنی ئەرکێکی زانستییە.

ئاڵۆزییەکی تر لە نووسینی کوردیدا، پەیڕەو نەکردنی زمانی پێوەرە. لە زۆر دەقی کوردیدا دەبینین نووسەر بەهۆی کەم ئەزموونی لە نووسین، نووسراوەکانی لە زمانی پێوەر لادەدات. ئەو بابەتەش دەکرێت وەک خەسارێک لە زمانی زانستیی توێژینەوەی کوردی ئاماژەی پێ‌بکەین. هەر جۆرە دەقێکی زانستی پێویستە لەسەر بنەمای زمانی پێوەر بنووسرێت. بەکار هێنانی زمانی پێوەر بۆ مەبەستەکانی: کۆمەڵایەتی، ڕامیاری، کولتووری و ئابووری و هتد، پەیوەستە بەوەی بەکارهێنەری چەندە لەسەر زمانی پێوەر زانیاری بووە و ئاگاداری دروستی و نادروستییەکانی نووسین بە زمانی پێوەر بووە. ئەو شارەزاییە بە کارامەییەکی کۆمەڵایەتی و گشتگیر دادەنرێت و ناکرێت بە ئەرکی نووسیار هەژمار بکرێت، بەڵکوو نووسەر بە مانا تایبەتەکەی کە بەکارهێنەری زمانە، ئەو کارامەییانە دەبێت بزانێت و ڕەچاوی بکات.

خالێکی تر کە وەک ئاڵۆزی لە نووسینی کوردیدا دیاری دەکەین، ڕەچاو نەکردن و یەکدەست نەبوونی نیشانەکانی خاڵبەندییە. زۆر نووسەر پەیڕەو کردنی نیشانەکانی خاڵبەندی، تەنیا بۆ ڕازاندنەوەی نووسراوەکانیان دەزانن؛ بەڵام پەیڕو کردنی ئەو ڕێسایانە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دەرخستنی ئاستی زانستیی نووسراوە هەیە. لەوانەیە پرسیار بکرێت ئەگەر لە نووسراوەیەکدا ئەو نیشانانە پەیڕەو نەکرێت، چی ڕوو دەدات؟

هەندێک جار دانانی نادروستی نیشانەکانی خاڵبەندی دەتوانێت مانای ڕستەیەک بە تەواوی بگۆڕێت. ئەگەر بە دروستی نیشانەکانی خاڵبەندی بەکار بهێنین، واتای دەق بە دروستی بە خوێنەر دەگات، دەنا ڕەنگە پێچەوانەی پەیامی ڕستەکە ڕوو بدات. پەیڕەو کردنی نیشانەکانی خاڵبەندی لە دەقدا کاریگەری لەسەر گواستنەوەی هەستی نووسەر بۆ خوێنەر هەیە، چونکە بە پێچەوانەی زمانی ئاخاوتن، زمانی نووسین ئەو ناتەواوییەی هەیە کە ناتوانێت بە شێوەی زمانی جەستە هەست و سۆزی خوێنەر بە بەردەنگ بگەیەنێت، کەوایە دەبێت نیشانەکانی خاڵبەندی بۆ زمانی نووسراوەیی بەکار بهێنین، بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو کەم‌وکووڕییە بکاتەوە.

خاڵێکی تر کە هۆی دابەزینی ئاستی زانستی کتێب، یان وتاری زانستییە و وەک ئاڵۆزی و شێواوی نووسینی کوردی دەست نیشانی دەکەین، پەیڕەو نەکردنی ڕێنووسی یەکدەستە. مەبەست لە یەکدەست بوونی ڕێنووس ئەوەیە کە ئەو وشانەی لە دەقدا هاتوون، بە یەک شێوە بنووسرێن؛ بۆ نموونە، ئەگەر «گرینگ» چەند جار نووسرابێت، دەبێت بە یەک شێوە لە تەواوی نووسراوەکە بنووسرێت، نەک ئەوەی لە ڕستەکانی دواتردا بە شێوەی «گرنگ» نووسرابێت. باسی ئێمە لەسەر دروستی و نادروستی ڕێنووسی ئەو وشانە نییە، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە وشە لە دەقدا دەبێت بە یەک شێوە بنووسرێت.

بابەتێکی تر کە لە وتار و توێژینەوەی کوردیدا، بەتایبەتی وەرگێڕانی بەرهەمەکانی زانستیدا دەرکەوتووە و وەک خەسار دەست نیشانی دەکەین، دانانی زاراوەی کوردییە بۆ زاراوەکانی بیانی. لە زمانی کوردیدا ئەو وەرگێڕە کوردانەی شارەزای باسە تیۆریکەکان نین، بەپێی زاراوە فارسییەکان زاراوەیەکی کوردی لەبری ئەو چەمکانە دادەڕێژن. بڕێک‌جار وەرگێڕ بەهۆی پشت‌بەستن بە هەندێک فەرهەنگ کە خۆیان لە ناتەواوی بەدوور نیین، وشە و زاراوەی نادروست و ناڕوون بەکاردەهێنن و نەخوازراو دەبنە هۆی ئاڵۆزی زیاتری زمانی نووسراوەیی کوردی.

هاوتادۆزی لە ئاستی وشە و زاراوە لە فەرهەنگەکانی چەند زمانەدا، بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە گواستنەوەی باری واتایی لە نێوان چەند زمانی جیاوازدا، بابەتێکی زانستییە کە جگە لە بوونی زانیاریی لەسەر زاراوەسازی، پێویستی بە تاوتوێی تەواو تایبەتمەندییەکانی ڕێزمانی و واتایی لە زماندا هەیە. هاوتادۆزی دەبێت بەپێی ڕێسای زمانی و پاراستنی بناخەکانی زمانی و بەرابەریی واتایی ئەنجام بدرێت. دانان و وەرگێڕانی هاوتای سەلیقەیی نە تەنیا لەسەر ڕوونی واتایی زاراوە شتێک زیاد ناکات، بەڵکوو هۆی هەڵەتێگەیشتن و تێکدانی واتای زاراوەش دەبێت؛ بۆ نموونە، لە زۆربەی وتار و کتێبە کوردییەکاندا بۆ زاراوەی «شێوازناسی» زاراوەی «شێوازگەری» یان داناوە. شێوازگەری لە بری زاراوەی «سبک‌شناسی» زمانی فارسی داتاشراوە.

بەو هیوایەی لە داهاتوو ئەو دەرفەتە بڕەخسێت ئەو وتارە بە پوختی و بە شێوازی زانستی و بە هێنانی نموونە بۆ هەرکام لە ئاڵۆزییە دەست نیشان کراوەکان، بڵاو بکەینەوە.
داگرتنی PDF

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی خانه کتاب کُردی

همچنین ببینید

پێشانگەی كتێب لە سلێمانی دەكرێتەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *