خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ڕانانی فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی لە نووسینی دوکتۆر بەختیار سەجادی

ڕانانی فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی لە نووسینی دوکتۆر بەختیار سەجادی

ڕانانی فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی لە نووسینی دوکتۆر بەختیار سەجادی

جەعفەر قارەمانی[۱]

پوختە

بەردەوام پێشکەوتنی زانست هۆی سەرهەڵدانی وشە و زاراوەی نوێیە، بۆیە پێشەنگەکانی هەر لقێکی زانستی سەرەتا بنەمای زاراوەکانی پسپۆڕانە دادەڕێژن، بۆ ئەوەی بتوانن ڕەوشی تێگەیشتن و تێگەیاندنی زانستەکان دیاری ‌بکەن. باشترین و خێراترین مێتۆد بۆ زانیاری لەسەر هاوتادۆزی زاراوەکان، خوێندنەوەی فەرهەنگی پسپۆڕانەیە. بابەتی ئەو وتارە ڕانانی فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی لە نووسینی بەختیار سەجادی-یە کە ساڵی ٢٠٢٢ لە لایەن ماڵی وەفایی بڵاوکراوەتەوە. تایبەتمەندیی سەرەکیی زاراوەکانی ئەو فەرهەنگە ئەوەیە بەپێی پێکهاتەی زمانی کوردی داڕێژراون، بۆیە کارتێکەرییان لەسەر پەرەسەندن و هەڵچوونی ڕەخنەی ئەدەبیی کوردیدا، بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە. دیارترین ئەنجامی نووسینی ئەو فەرهەنگە، سڕینەوەی زاراوەی زەوقی و کەم‌کردنەوەی سەرلێشێواویی توێژەرانی زمانی کوردی لە هەڵبژاردنی زاراوەی ڕەخنەییە. نووسینی فەرهەنگ، بەتایبەت فەرهەنگی زاراوەکان کارێکی درێژخایەنە و پێویستی بە هاریکاری پسپۆڕانی بوارە جۆراوجۆرەکانی زانستی هەیە؛ بەڵام سەجادی بەهۆی کارامەیی و شارەزایی تەواو لەسەر زمان و ئەدەبی ئینگلیزی، کوردی و فارسی بە شێوەی تاکەکەس شانی وەبەر توێژینەوەیەکی وەها دژوار داوە، ڕەنگە تەنیا هەر هەستی خۆشەویستیی زمانی کوردی هاندەری بووە، بۆ دانانی ئەو فەرهەنگە. سەجادی لەو ڕەخنەگرە هاوچەرخانەیە بەشدارییەکی بەرچاوی لە خۆماڵی‌کردنی ڕەخنەی ئەدەبیی کوردیدا بووە و خوێندنەوەی توێژینەوەکانی دەرخەری ئەو ڕاستییەیە. بێ‌گومان ئەو جۆرە هەوڵانە هۆی گەشبینی بە ڕەخنەی ئەدەبی و زاراوەسازی لە زمانی کوردیدایە.

وشەگەلی سەرەکی: فەرهەنگ؛ زاراوەسازی؛ زاراوەی ڕەخنەیی؛ ڕەخنەی ئەدەبی.

۱- سەرەتا

بەردەوام پێشکەوتن و گەشەسەندنی زانست، هۆی سەرهەڵدانی وشە و زاراوەی نوێیە، بۆیە پێشەنگەکانی هەر لقێکی زانستی، سەرەتا بنەمای زاراوەکانی پسپۆڕانە دادەڕێژن، بۆ ئەوەی بتوانن شێوازی تێگەیشتن و تێگەیاندنی زانستەکان دیاری ‌بکەن. باشترین و خێراترین مێتۆد بۆ ناسیاوی و زانیاری لەسەر هاوتادۆزی وردی زاراوەکان، خوێندنەوەی فەرهەنگی پسپۆڕانەیە (ناظمیان، ١٣٩٣: ٩٨). زانستە مرۆییەکان هەر لە سەدەکانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی خێرا بەرەو سەربەخۆیی ڕۆیشتوون. یەکێک لە ئامرازەکانی ئەو سەربەخۆییە، بوونی زمان و گوتاری تایبەت و بەرهەمدارە. بەو پێیە ڕەخنەی ئەدەبیش زانستێکی پسپۆڕانەیە و بە حوکمی ئەو پێویستییە ڕووی لە زاراوەسازی بەربڵاو کردووە (پیرس، ١٩٩٨: ٢٦٣). بە واتایەکی دیکە، هەرکام لە لقەکانی زانستی بۆ پەیوەندی لەگەڵ بەردەنگی خۆیان پێویستییان بە زمان و زاراوەی تایبەت هەیە، بۆیە ڕێژەی بەربڵاوی، دەوڵەمەندی و جۆراوجۆری زاراوەکان وەک یەکەمین نیشانەکانی پێشکەوتنی زمان ناسراون (حدادی، ١٣٨٤: ٤٤).

هاوتادۆزی لە ئاستی وشە و زاراوە لە فەرهەنگەکانی چەند زمانەدا، بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە گواستنەوەی باری واتایی لە نێوان چەند زمانی جیاوازدا، بابەتێکی زانستییە کە جگە لە بوونی زانیاریی لەسەر زاراوەسازی، پێویستی بە تاوتوێی تەواو تایبەتمەندییەکانی ڕێزمانی و واتایی لە زماندا هەیە. هاوتادۆزی دەبێت بەپێی ڕێسای زمانی و پاراستنی بناغەکانی زمانی و بەرابەری واتایی ئەنجام بدرێت (طهماسبی و جعفری، ١٣٩٣: ١١٧). لە پڕۆسەی دانانی زاراوەی ڕەخنەییدا دەکرێت گەر زاراوەیەک نوێ، یان نەناسراو بوو، بە توێژینەوەی مەیدانی و لە فۆرمی ڕائەزموونی لە مامۆستایان و پسپۆڕانی ئەو بەشە، باشترین زاراوە بەپێی واتا و پێکهاتەی زمانی هەڵبژێردرێت. زاراوەکانی ڕەخنەیی، ئامرازگەلێکن بۆ تێگەیشتن و داهێنانی دەقی ڕەخنەیی و هەر چەشنە توێژینەوەیەک بۆ ساخکردنەوە و دەرخستنی ڕادەی ڕەوانی و ڕوونی ئەو بابەتە هەنگاوێکە لەپێناو دەوڵەمەندیی ڕەخنەی ئەدەبیدا.

کێشەی سەرەکیی وەرگێڕی دەقی پسپۆڕانە، دیتنەوەی هاوتای زاراوەکانە. بە باوەڕی کۆمیسارۆف یەکەمین و دروستترین شێوازی وەرگێڕانی زاراوە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە دیتنەوە و دانانی زاراوەیەکە لە زمانی دووهەمدا کە خاوەنی تەواوی تایبەتمەندییەکانی واتایی وەک: واتای خوازەیی، وشەیی، سۆزدارێتی و هتد، ببێت (Komissarov, 1985: 211). زاراوە، بە وشەگەلێکی ورد دەگوترێت کە لە هەر لقێکی زانستیدا واتا تایبەتەکانی ئەو زانستە دەردەبڕێت و زانایانی ئەو زانستەش لەسەر واتای ئەو زاراوانە کۆدەنگییان هەیە، کەوایە گرنگترین تایبەتمەندیی هەر زاراوەیەک، ڕوونی لە دەربڕینی چەمکە، دواتر کۆدەنگیی پسپۆڕانی زانستی لەسەر وەرگرتن و بەکارهێنانی لە دەقی پسپۆڕانەدایە. دانان و وەرگێڕانی هاوتای سەلیقەیی نەک تەنیا لەسەر ڕوونی واتایی زاراوە شتێک زیاد ناکات؛ بەڵکوو هۆی هەڵەتێگەیشتن و تێکدانی واتای زاراوەش دەبێت.

فێلبێر دەڵێت: «پێشکەوتن لە هەموو بوارەکانی مرۆڤایەتیدا پێویستی بە داهێنان و دانانی زاراوەی نوێ، یان پەرەپێدانی زاراوە، یان دووپات‌کردنەوەی پێناسەی زاراوەکان لە زماندا هەیە» (فلبر، ١٣٨١: ٢١). لەو سەردەمەدا یەکێک لەو گرفتانەی بەربەستە بۆ گەشەسەندنی زانستی ڕەخنە و به‌هێزبوونی گوتاری ڕەخنەیی و لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست به ڕەخنەی ئەده‌بی، بەتایبەت لە زمان و ئەده‌بی کوردیدا، دەرکەوتنی ئەو ئاڵۆزییەیە لە دانانی هاوتای زاراوەی ڕەخنەیی. شیکردنەوەی بارودۆخی زاراوەکانی ڕەخنەیی، دەربڕی بەشێک لە ناتەواوی و کێشەکان لەو بوارەدایە. ئەو دۆخە شێواوە ئەنجامی چەند بابەتێکی وەک هاوردەیی و خۆماڵی نەبوونی زانستیی ڕەخنەییە.

لە زمانی کوردیدا بابەتێکی تر کە مەودای ئەو کێشەیە قووڵتر دەکاتەوە و بە «قەیرانی زاراوەسازی»یش دەکرێت ناوی ببەین، وەرگێڕان، یان دانانی زاراوەی ڕەخنەییە لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی، یان لە فارسییەوە بۆ کوردی، چونکە لە هەردوو زماندا کۆمەڵێک گرفتی زاراوەسازی بەربەستن بۆ وەرگێڕ لە دانانی زاراوەی هاوتادا. بڕێک‌جار وەرگێڕ بەهۆی نەبوونی زانیاری لەسەر ئەو بابەتانە و پشت‌بەستن بە هەندێک فەرهەنگ کە خۆیان لە ناتەواوی بەدوور نیین، وشە و زاراوەی نادروست و زۆرجار ناڕوون بەکاردەهێنن و بێ‌مەبەست و نەخوازراو دەبنە هۆی شێواویی زیاتری زاراوەکانی ڕەخنەیی. لە لایەکی دیکەشەوە، بەهۆی ئەوەی وشە و زاراوەکانیش لە زمانە جیاجیاکاندا باری واتایی بەرابەریان نییە، زێدەتر گرنگیان دەردەکەوێت، بۆیە ئاساییە وەها جیاوازییەکی بەربڵاوی واتایی لە وەرگێڕانی زاراوەکاندا و ژمارەی بەرابەری هاوتایان لە هەر زمانێکدا هەبێت؛ بەڵام ئەو نابەرابەریی واتاییە لە زمانی کوردیدا لەگەڵ زمانەکانی بۆ نموونە، ئینگلیزی و فارسی بابەتێکی دیارە، چونکە زمانی کوردی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی پێکهاتەیی تایبەت بەخۆی هەیە.

 

۱- ۱- پێشینەی توێژینەوە

فەرهەنگ بەرهەمێکە مرۆڤ دایهێناوە؛ بەڵام بە دەگمەن لێکدانەوە، یان هەڵسەنگاندنی وردی بۆ دەکرێت. توێژینەوەکان لەسەر بابەتی فەرهەنگ‌نووسی دەریانخستووە، نەتەنیا لە زمان و ئەدبی کوردیدا، بەڵکوو لە زۆربەی زمانەکانی جیهانیشدا چوارچێوەیەکی دیاریکراو بۆ لێکدانەوەی فەرهەنگ لە ئارادا نییە، هۆکارەکەشی ڕەنگە هەر ئەوە بێت چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستادا شێوازێکی ناسراو و پێوەرگەلێکی تایبەت بۆ تاوتوێی فەرهەنگ، بەتایبەت فەرهەنگی زاراوەی پسپۆڕانە لە ئارادا نەبووە و ڕێککەوتنێکی گشتی، یان تەنانەت ڕێژەییش لەسەر ڕەخنەی فەرهەنگ، یان بە هیچ شێوەیەک بوونی نەبووە، یان زۆر کەمن. جگە لە نووسین و دانانی فەرهەنگ، ڕانانی فەرهەنگیش بابەتێکی گرنگە کە هێشتا بە شێوەیەکی زانستی لە ئەدەبی کوردیدا جێ‌نەکەوتووە، یان ئەگەر وتارێکیش لەسەر ئەو بابەتە نووسرابێت، تەنیا خوێندنەوەیەکی ساکار و زۆرجار بۆچوونێکی دڵخوازی کەسی ڕەخنەگر بووە. بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە تا کاتی نووسینی ئەو وتارە هیچ جۆرە نووسراوەیەک لەسەر فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی نەنووسراوە و دەکرێت ئەو ڕانانە وەک یەکەمین وتار لەسەر ئەو فەرهەنگە پێناسە بکرێت.

۲- بابەتی سەرەکی

بابەتی سەرەکیی ئەو وتارە ڕانانێکی پوختە بۆ فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی و نواندنی تایبەتمەندییەکانی وەک فەرهەنگێکی نوێ لە بواری زاراوەسازی و تاوتوێی پرسەکانی ناتەواوی و لێڵی واتایی لە زاراوەکانی ڕەخنەیی لە دەقە وەرگێڕدراوەکانی زمانی کوردیدا. لەو وتارەدا ئاماژە بە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی پێکهاتەیی، ناوەڕۆک و لایەنە جۆراوجۆرەکانی بەشی پێشەکی ئەو فەرهەنگە دەکرێت. مەبەست لە هەڵبژاردنی ڕانانی ئەو فەرهەنگە جگە لە دەوڵەمەندی لە بواری وەرگێڕان و داهێنانی زاراوەی ڕەخنەیی نوێ، ئەوەیە کە ئەو بەرهەمە دەتوانێت سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ خوێندکارانی لقەکانی زانستی، بەتایبەت ئەو کەسانەی تامەزرۆی توێژینەوەی نێوانبواری، واتە ڕەخنە لە زمانی کوردی‌دان، ببێت. ئەنجامی ئەو ڕانانە دەریدەخات زاراوەکانی ئەو فەرهەنگە بەپێی خوێندنەوەی تیۆرییەکانی ئەدەبیی کۆن و نوێ و لەسەر بنەمای توانایی پێکهاتەیی و لایەنی جوانیناسی و پاراستنی بنەما گشتییەکانی زاراوەسازی داڕێژراون و تا ڕادەیەکی زۆر لە پەرەسەندنی گوتاری ڕەخنەی هاوچەرخدا کارتێکەرن.

لەو وتارەدا هەوڵدراوە بەو گریمانەیە کە بوونی زانیاری لەسەر ڕەخنەی ئەدەبی خۆماڵی، پێویستی بە دروست‌کردنی گوتارێکی زاراوەسازی یەکگرتوو لە نێوان پسپۆڕان و توێژەرانی ئەدەبیدا هەیە، پێویستە ئەو بابەتە دەرخرێت کە سەجادی لەو بیرۆکەوان و تیۆریستە هاوچەرخانەیە بە داهێنانی ئەو سیستەمە زاراوەییە، لەسەر بنەمای مێتۆدی زانستی و دانانی لە گوتاری ڕەخنەی کوردیدا، توانیوێتی بەشدارییەکی بەرچاوی لە خۆماڵی‌کردنی ڕەخنەی ئەدەبیدا هەبێت.

فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی ساڵی ٢٠٢٢ لە ٦٠٠ لاپەڕەدا و لە جزوبەندی وەزیری و ئەژماری ١٠٠٠ دانە لە لایەن ماڵی وەفاییەوە لە هەولێر بڵاوکراوەتەوە. ئەو فەرهەنگە نزیکەی ٧٠٠٠ زاراوەی لەخۆگرتووە کە زیاتر بواری ڕەخنە و تیۆریی ئەدەبی، بەتایبەت زاراوەکانی زمانناسی، کۆمەڵناسی، دەروونناسی و دەروونشیکاری دەگرنەوە و هاوواتای فارسی و کوردی بۆ هەموو زاراوەکان دانراوە. لەباری ڕواڵەتەوە فەرهەنگەکە ناونیشانێکی ورد و ڕووبەرگێکی جوانی هەیە. شێوازی پیتچنی و یەکدەست‌بوونی ڕێنووسی زاراوەکان وەک خاڵێکی بەهێزی ئەو فەرهەنگە دەرکەوتوون.

نووسەری فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی، بەختیار سەجادی خاوەنی بڕوانامەی دوکتۆرای زمان و ئەدەبی ئینگلیزی و پڕۆفیسۆری هاوکار و بەشداری لێژنەی زانستیی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی زانکۆی کوردستان و دامەزرێنەری بەشی کوردیی زانکۆی کوردستانە. لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٠ سەرۆکی ئەو بەشە بووە. وتار و توێژینەوەکانی زیاتر لەسەر ئەدەبی کوردی و ڕەخنەی ئەدەبین و کۆمەڵێک وتاری زانستی- توێژینەوەیی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئێران و ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بە زمانەکانی ئینگلیزی، کوردی و فارسی بڵاو کردۆتەوە. ناوەرۆکی ئەو توێژینەوانە دەرخەری پێشینەی هزریی نووسەری ئەو فەرهەنگە لەسەر ڕەخنەی ئەدەبییە.

نووسینی فەرهەنگ، بەتایبەت فەرهەنگی زاراوەکانی پسپۆڕانە کارێکی ساکار نییە و یارمەتی و پاڵپشتی کۆمەڵێک پسپۆڕی دەوێت، تەنانەت مەرجە ئەو پسپۆڕانە دەبێ لە بواری ئەدەبیشدا زانیاریی تەواویان هەبێت؛ بەڵام سەجادی بەهۆی شارەزایی تەواو لەسەر زمانەکانی ئینگلیزی، کوردی و فارسی بە شێوەی تاکەکەس ئەو لێکۆڵینەوە درێژخایەنەی بە ئەنجام گەیاندووە، ڕەنگە تەنیا هەر هەستی خۆشەویستیی زمانی کوردی بۆتە هۆی ئەوەی شان وەبەر توێژینەوەیەکی وەها دژوار بدات.

یەکەمین نووسینی لەسەر وشەڕۆنان و زاراوەسازی ساڵی ١٣٧٨ لە کۆمەڵێ وتار بە ناوی قوتابخانە ئەدەبییەکان لە ئەدەبی کوردیدا لە حەوتەنامەی سیرواندا بڵاوکردەوە. لە وتارێکی دیکەدا بە ناوی ڕەخنەی ئەدەبیی هاوچەرخ کە لە سێزدە وتار پێک‌هاتبوو، کۆمەڵێک زاراوەی ڕەخنەیی لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕا سەر زمانی کوردی. بە شێوەی فەرمی یەکەمین هەوڵەکانی لە پێناو وشەڕۆنان و زاراوەسازیدا بۆ دامەزراندنی کۆڕی زانستیی زمانی کوردی لە ساڵی ١٣٨١ دەگەڕێتەوە. سەجادی ئەندامێکی کارای لێژنەی زانستی ئەو کۆڕە بوو.

یەکێک لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئەو کۆڕە، زاراوەسازی و وشەڕۆنان لە زمانی کوردیدا بوو. لە یەکەمین ژمارەی گۆڤاری زمانەوان‌دا، وتارێکی لەسەر پێویستیی دانانی لێژنەیەک بۆ هەردوو مەبەستی فێرکاری و پەرەپێدانی زمانی کوردی بڵاو کردەوە. لە ژمارەی سێهەمدا وتارێکی لەسەر پێویستیی وەرگێڕانی زاراوە و چەمکە زانستییەکان نووسی. دواتر کۆکراوەی زاراوەکانی لە قەوارەی فەرهەنگۆک لە گۆڤاری دەقدا وەک پاشکۆ لە دوو ژمارەی ساڵەکانی ١٣٧٩ و ۱۳۸۰ دا بە چوار زمانی ئینگلیزی، فەڕەنسی، فارسی و کوردی بڵاوکردەوە. ساڵی ٢٠٠١ لە بڵاوگەی سەردەم یەکەمین فەرهەنگۆکی زاراوەکان-ی بڵاو کرایەوە. ساڵی ٢٠٠٢ ئەو فەرهەنگەی بە یارمەتی محەممەد مەحموودی لە پەخشانگەی سەردەم لە سلێمانی چاپ ‌کرد. هەر لە درێژەی ئەو لێکۆڵینەوانە و بەهۆی ئاگاداربوون و بەدواداچوون لە هەوڵەکانی نووسینی فەرهەنگی زاراوەکانی ڕەخنەیی لە زمانەکانی بیانیدا، درێژەی بە دانان و وەرگێڕانی زاراوەکان لە زمانی کوردی دا، بۆیە ساڵی ٢٠٠۴ بەرگی یەکەمی فەرهەنگی شیکارانەی زاراوەی ئەدەبی بەهاوبەشی محەممەد مەحموودی لە لایەن دەزگای ئاراسەوە بڵاو کردەوە. بڵاوبوونەوەی ئەو فەرهەنگە کەلێنێکی دیاری کتێبخانەی کوردی پڕکردەوە (سەجادی، ٢٠٢٢: ۱۹).

فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی لە دوو بەشی پێشەکی و زاراوەکان پێکهاتووە. لە بەشی پێشەکیدا چەندین بابەتی جیاواز  شیکراوەتەوە. لە «وتەی دەستپێک»دا سەجادی زاراوەسازی و وشەڕۆنان لە زمانی کوردیدا وەک گرفتێکی سەرەکی لە بەردەم توێژەر پێناسە دەکات و دواتر خەسارناسیی ئەو بەشەی لە وەرگێڕان و زاراوەسازی لە دەقی ڕەخنەیی کوردیدا دەرخستووە. بە باوەڕی نووسەری ئەو فەرهەنگە، زاراوەسازی و وشەڕۆنان پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ بابەتی پەرەسەندنی زماندا هەیە. زمانی کوردی هەرچەند خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی و توانستی زمانییە، بەڵام هێشتا قامووسێکی گشتگیری سەبارەت بە زاراوەگەلی زانستە مرۆییەکان نییە کە بۆ وەرگێڕی دەقی پسپۆڕی ببێتە پاڵپشت، قامووسێک کە لەلایەن بەشێکی زۆری توێژەرانی کوردی‌نووسەوە وەک پێوەر بەکار بهێنرێت، بۆیە وەرگێڕانی زاراوەکان لە لق و ڕێبازە جیاوازەکانی زانستیدا وەک گرفتێکی دیار لە بەردەم توێژەر و وەرگێڕ دەستنیشان دەکات. هەر لەو بەشەدا وەک پێویست بەهۆی لێکدانەوەی هەڵە لە زۆرێک لە نووسراوە و توێژینەوەکان لەسەر وشەڕۆنان و زاراوەسازی، بە پوختی جیاوازیی نێوان ئەو دوو چەمکەی تاوتوێ کردووە. لە پێناسەی وشەڕۆناندا هاتووە کە وشەڕۆنان ڕواڵەتێکی گشتی و گشتگیر و جەماوەری هەیە؛ بەڵام زاراوەسازی تا ڕادەیەک پسپۆڕانە و سنووردارترە و تایبەتە بە لقە جۆراوجۆرەکانی زانستە مرۆیی و ئەزموونی و پزیشکییەکان، دیارە زاراوەسازیی زانستی، بواری گشتگیربوون و چوونە نێو خەڵکیشی هەیە. لە ئەدەبی کوردیدا سەرەڕای چەندین هەوڵی بەنرخی تاکەکەسی و دامەزراوەیی، هێشتا کێشەی زاراوەسازی و وشەڕۆنان هەر لە گۆڕێدایە و چارەسەر نەبووە.

لە پاژێکی دیکەدا ئاماژە دەکات زاراوەکانی پیشەیی و زانستە تایبەتەکان، بە پێچەوانەی وشەڕۆنانەوە، هەر تەنیا لە لقێکی دیاریکراوی زانستیدا بە شێوەیەکی پسپۆڕانە دێنە بەکارهێنان و لە زانستەکانی دیکەدا واتای خۆیان نامێنێت، یان لەوانەشە جگە لە واتای تایبەتی خۆیان، هیچ واتایەکی دیکەیان نەبێت. لە کۆتایی بەشی «وتەی دەستپێک» دا نووسەر ئاماژە دەکات، لە ئەدەبی کوردیدا نەتەنیا لەسەر زاراوەسازیی پسپۆڕانە، بەڵکوو لە وشەڕۆنانی گشتیشدا توێژینەوەکان کەمن، ئەوە لە کاتێکدایە پرسەکە وەک پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر دەرکەوتووە.

دوای لێکدانەوەی ئەو کێشانە لە بەشێکی تردا، کورتە مێژووی زاراوەسازی و فەرهەنگی زاراوەیی بە وردی لە یەکەمین هەنگاوەکانەوە بۆ زاراوەسازی لە پارچە جیاجیاکانی کوردستان تا توێژینەوەکانی سەردەم دەخاتە ڕوو. سەجادی زۆر بە وردی ئاماژەی بە پێشینەی زاراوەسازی لە کوردیی ناوەندی و سەروودا کردووە. مێژووی زاراوەسازی لە کوردیی ناوەندیدا بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم دەگەڕێنێتەوە و لە هەمان کاتدا لە کوردیی سەروودا هەوڵەکانی زاراوەسازی پاش تەواوبوونی شەڕی یەکەمی جیهانی ڕادەوەستێت. لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا بەهۆی هەندێک هۆکاری دیار و سانسۆڕی توند، هەر جۆرە توێژینەوەک بۆ زاراوەسازی لە زمانی کوردیدا بە نیوەچڵی مانەوە؛ بەڵام لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی بیستەم لە لایەن نووسەران و توێژەرانی باکوور توێژینەوەی زیاتر دەرکەوت. لە پاژێکی تردا دەریخستووە کە لە زمانی کوردیدا، زاراوەسازی سەرەتا زیاتر لە دوو بواری زمانناسی و ئەدەبدا گەشەی سەندووە. لە لێکدانەوەیەکی دیکەی پێشەکیدا بەو سەردێڕە «پەنجا خاڵ سەبارەت بە گیروگرفتەکانی زاراوەسازی لە زمانی کوردیدا» بەشێک لە چەوت‌تێگەیشتنەکانی زاراوەسازی لە نووسینی کوردیدا تاوتوێ دەکات و کۆمەڵێک هەڵەی هاوتادۆزی لە زمانی کوردیدا دیاری‌کردووە و دوای هەڵسەنگاندنیان، زاراوەی دروستی بۆ داناون. بەو شێوەیە هەڵبژاردنی زاراوەی دروستی بۆ توێژەرانی لقە جۆراوجۆرەکانی زانستی ئاسان کردۆتەوە.

بەپێی خوێندنەوەی پێشەکی ئەو فەرهەنگە دەرکەوتووە، سەجادی بە دانانی فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی هەوڵی زیندووکردنەوەی تیۆرییە لەبیرکراوەکانی ڕەخنەیی داوە و تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر بنەمای ڕەوشی زانستی نوێ، بەتایبەت زمانناسی، فەلسەفە، کۆمەڵناسیی ئەدەبی و ڕەوانبێژی و هتد، پڕۆسەی زاراوەسازی دەوڵەمەندتر کردووە، کەوایە بەهۆی بوونی ڕوانگەیەکی تەواو ڕەخنەیی، ئەو زاراوانە زیاتر لای بەردەنگ و لێکۆڵەرانی ئەو بوارە بایەخی زانستییان دەرکەوتووە و جێیان لە نووسینەکانی ڕەخنەییدا و لەنێو وەرگێڕان و توێژینەوەکانی هاوچەرخدا کردۆتەوە. گرنگی ئەو زاراوانە بۆ ئەو دانستەیە دەگەڕێتەوە کە بەپێی خوێندنەوەی تایبەتمەندییەکانی زمانی کوردی هەوڵی داڕشتن و وەرگێڕانیان دراوە، بۆیە بەکەڵک‌بوونیان لە ڕەخنەی کوردیدا، بابەتێکی دیارە، کەوایە بە کۆکردنەوەی ئەو زاراوانە دەکرێت بە داهاتووی زاراوەسازی و ڕەخنە لە ئەدەبی کوردیدا دڵخۆش بین.

سەجادی کێشەی سەرەکیی توێژینەوە و وەرگێڕانی دەقی ڕەخنەیی، زانستی و هزری لە زمانی کوردیدا، بە قەیرانی زاراوەسازی و ئاڵۆزی بەکارهێنانی زاراوەکان دەزانێت. بۆ چارەسەریی ئەو قەیرانە هەرچەند چەند هەوڵێکی دامەزراوەیی لە ئارادا بووە؛ بەڵام چالاکییەکان زێدەتر تاکەکەسین. لە هەوڵە تاکەکەسییەکانیشدا چەوت‌تێگەیشتن و دارشتنی زەوقی زاراوەسازی، هۆی قووڵترکردنی ئەو ئاڵۆزیانەیە، بۆیە پێی وایە ئەو جۆرە هەوڵانە بۆتە هۆی ڕاچڵەکانی ئەو نووسەرانەی خۆیان بە پاراستن و پەرەسەندنی زمانی کوردییەوە، ماندووکردووە.

خوێندنەوەی پاژێکی دیکەی ئەو فەرهەنگە دەربڕی ئەو بابەتەیە کە کتێبخانەی کوردی بەگشتی لە ڕووی وەرگێڕانی ئەدەبییەوە دەوڵەمەندتر لە وەرگێڕانی زانستییە. مەبەستی سەجادی لە وەرگێڕانی ئەدەبی، وەرگێڕانە لە زمانەکانی بیانی بۆ زمانی کوردی، چونکە مخابن ژمارەی هەوڵەکانی وەرگێڕان بۆ زمانەکانی دیکە زۆر کەمن. ئەوە لە حاڵێکدایە وەرگێڕانی زانستی، چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستا گەشەی بەرچاوی نەبووە و زۆر دەقی گرنگیی زانستی هەیە، هێشتا نەکراونەتە کوردی. بە باوەڕی نووسەری فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی، هەموو ئەو کەم‌وکووڕییانە هاندەری‌بوون بۆ بەردەوام بوونی لەو بوارەدا. وەک خۆی ڕاستەوخۆ ئاماژەی پێ‌کردووە کەڵکەڵەی سەرەکییان، وشەڕۆنان و زاراوەسازیی ئەدەبی، ڕەخنەی تیۆریک و زانستی لە گوتاری ئەدەبی کوردیدا لە هەردوو بەشی ئەکادێمیک و دەرەوەی ئەکادێمیک بووە، بۆیەش بەردەوام خەریکی کۆکردنەوە و دانانی زاراوەی نوێی ڕەخنەیی لە لقە جیاجیاکانی زانستی بووە.

 

۲-۱- دیارترین تایبەتمەندییەکانی فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی:

۲-۱-۱- نوێکاری لە بواری زاراوەسازی، داهێنان و هاوتادانانی زاراوەی ڕەخنەیی

۲-۱-۲- دەرخستنی پێشینەی نووسینی فەرهەنگی زاراوەیی بۆ یەکەم جار بە شێوەی زانستی.

۲-۱-۳- بوونی پەخشانێکی ڕەوان لە دەربڕین و لێکدانەوەی بابەتەکانی بەشی پێشەکیدا.

۲-۱-۴- داڕشتن و هەڵبژاردنی وشە و زاراوەی شیاو و دروست، بەپێی پێکهاتەی زمانی و شوناسی ڕێزمانی لە زمانی یەکەمەوە بۆ زمانی دووهەم.

۲-۱-۵- دانانی بەشەکانی دەنگ‌نووسی بە کوردیی ناوەندی و سەروو بۆ زاراوەکان.

۲-۱-۶- یەکدەستی نیشانەکانی خاڵبەندی و ڕێنووسی و پاراستنی ئابووریی زمانی لە بەشی پێشەکیدا.

۲-۱-۷- دیزاینی جوان و ڕازاوە.

وەک زۆرێک لە ڕەخنەگرانی هاوچەرخ، سەجادی لەسەر ئەو باوەڕەیە ڕەخنەی خۆماڵی لە ئەدەبی ئێمەدا زۆر بەرهەمدار نییە و بۆ ئەوەی بگەینە قۆناغی ڕەخنەی دروست، دەبێت چەندین شێواز و یاسای ڕەخنەیی لە زمانەکانی دیکە کە بڕەویان هەیە، وەربگرین، بۆیە بە ناسینی بابەتەکانی ڕەخنەی نوێ و بەراوردیان لەگەڵ پێوەر و بناغەکانی دێرینی خۆماڵی، دەکرێت لە دەرەنجامەکانی ڕەخنەی ئەدەبی بە شێوەی پراکتیک بەهرە وەربگرترێت. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ڕەخنەی ئەدەبی پێش هەموو شتێک پێویستی بە گوتارێکی تایبەت هەیە و بەبێ ئەو سیستەمە، گواستنەوەی دەرەنجامەکانی ئاڵۆز و بێ‌کەڵک دەبێت. بە واتایەکی دیکە، گوتاری ڕەخنەی ئەدەبی خۆماڵی لە ڕاستیدا دەبێ خاوەنی سیستەمێکی زاراوەسازیی زانستی و گونجاو لەگەڵ بەرهەمەکانی زمانی کوردی بێت، تا ئەو بۆشاییە و کەم‌وکووڕییەکانی پڕ، یان قەرەبوو بکرێنەوە. ئەو ئامانجە وەک بەڕێزیان باسی‌کردووە، ئامانجی سەرجەم ئەو کەسانەیە لە بوارە جیاجیاکاندا بە کوردی دەنووسن، هۆکارەکەشی بۆ پەرەسەندنی شێوازی زانستی لە زمانی کوردیدا بە شێوەیەکی بەربڵاو لە بەراورد لەگەڵ زمانە زیندووەکانی دونیادا، بەتایبەت زمانەکانی فارسی و عەڕەبی دەگەڕێتەوە. سەجادی ڕای وایە لە ئێستادا پتر لە هەموو سەردەمێک زمان و ئەدەبی کوردی پێویستی بە خستنەڕووی بنەواشە و ڕێساکانی وشەڕۆنان و زاراوەسازی هەیە، بۆیە پێویستە سەرنجی زیاتر بدرێتە  ئەو لایەنانەی پەیوەندییان بە توانستی زمانی کوردییەوە هەیە. ئەو پڕۆسەیە وێڕای پاراستن و بایەخدان بە مۆرکە دیار و نادیارەکانی زمانی کوردی چ لە ڕووی ڕستەسازی، پێکهاتەناسی و دەستەوشەسازی و چ لە باری وشەناسییەوە ئاماژەن بۆ وزە و لێهاتوویی زمانی کوردی لە پڕۆسەی وشەڕۆنان و زاراوەداناندا. زمانی کوردی هەندێ جار وەرگێڕی کورد دڵخۆش دەکات، ئەویش بەهۆی توانستەکانی لەباری ڕێسا ڕێزمانییەکانەوە، یان بەهۆی زۆری پاشگر و پێشگر، یان دەوڵەمەندبوونی لە ڕووی فرەیی وشە و چەمک.

بەهۆی ئەوەی وشە گرنگترین ئامرازی کاری وەرگێڕە و لە هەر هەنگاوێکدا لەگەڵی ڕووبەڕوویە، زانیاریی وەرگێڕانی بواری فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی لە ئاستی وشەناسی و هاوتادۆزی وەک کۆڵەکەی سەرەکیی وەرگێڕ لە وەرگێڕانی جۆرەکانی دەقی پسپۆڕانەی چەند زمانەدا ناسراوە. ئاشکرایە بەشێک لە وشە و زاراوەکان لە واتادا جیاواز، یان دژیەکن. لەو بوارەدا دەبێت پشکنینی بۆ بکرێت، کام واتا لەگەڵ شێوازی ڕستە و ناوەرۆکی گشتی پەیوەندی هەیە و لە نێوان هاوتاکانی نزیک لەیەک، ئەوەی وردتر و گونجاوترە، دەبێ هەڵبژێردرێت. نووسەری فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی بۆ ڕزگاربوون لە ئاستەنگی هەڵبژاردنی زاراوە، کۆمەڵێک فەرهەنگی زاراوە وەک لەبەشی سەرچاوەکاندا هاتووە، خوێندۆتەوە و پاشان بەپێی لێکدانەوەی بنەماکانی زانستی، زاراوەکانی هەڵبژاردووە. زاراوەکانی ئەو فەرهەنگە لەباری واتایی و دەربڕینی ناوەرۆک ورد و دروستن، هۆکارەکەشی ڕەنگە هەر ئەو بابەتە بێت کە بەپێی پێکهاتەناسیی زمانی، وشە و زاراوەکانی ئەو فەرهەنگەی داڕێژراون.

لە پاژێکی تردا، جگە لە دەرخستنی ئەو زاراوە وەرگێڕدراوانەی لە لایەن وەرگێڕە کوردەکانەوە هاتوونەتە نێو زمانی کوردی، زۆر بە وردی باسی کێشەی سەرەکیی ئەو وەرگێڕە کوردانە دەکات کە لە زمانەکانی فارسی، یان عەڕەبی کۆمەڵێک زاراوەی فەلسەفی، یان ڕەخنەییان هێناوەتە نێو دەقی کوردی، بێ‌ئەوەی ئاوڕیان لە واتا و پێکهاتەی ڕێزمانی زاراوەکان و ڕەگیان لە زمانی ئینگلیزیدا دابێتەوە. لە زمانی فارسیدا کۆمەڵێک زاراوەی عەڕەبی، هاوواتایان بۆ دانراوە کە بە تەواوی لە زمانی زانستی و فەلسەفی ئەو زمانەدا جێگیر بوون؛ بەڵام ئەو جۆرە زاراوانە لە زمانی کوردیدا بۆ وەرگێڕی کورد گرفت دروست دەکەن. سەجادی بۆ ڕزگاربوون لەو کێشەیەش پێی‌وایە وەرگێڕ دەبێت بە وردی سەرنجی واتای چەمکەکان بەو شێوەیەی لە نەریتی فەلسەفیی ئیسلامیدا بەکارهاتوون و پاشان بەو جۆرەی لە لاتینیدا بەکارهێنراون، بدات و لە ئەنجامدا بەپێی ڕەگ، یان مۆرفیمە پێکهێنەرەکانیان لێکبدرێنەوە و لە کۆتاییدا زاراوەی دروست هەڵبژێردرێت. گەرچی هەندێ لە هاوواتا و زاراوەکان بە ڕواڵەت هەر یەکن؛ بەڵام لە وشەڕۆنان و زاراوەسازی و وەرگێڕاندا چکۆلەترین جیاوازی هۆی سەرهەڵدانی پێناسەی جیاواز دەبێت. بەشێک لە زاراوەکان لە زمانی کوردیدا بۆ یەکەم جار لەلایەن نووسەرەوە داتاشراون و بەشێکی دیکەش هەر لە نوسخەکانی پێشوودا کە هاتوون، لەو نوسخەیەدا هاوواتای نوێیان بۆ دانراوە.

۳-۲- مەبەستە سەرەکییەکانی دانانی فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی بەو جۆرەی دانەر ڕاستەوخۆ ئاماژەی پێ‌کردوون:

۳-۲-۱- دەرخستنی جیاوازییەکانی نێوان زمانی ئاسایی و گشتی و زمانی زانستی.

۳-۲-۲- هه‌وڵدان‌ بۆ گشتگیرکردنه‌وه‌ و مسۆگەر‌کردنی شێوازیی زانستی له‌ زمانی کوردیدا به‌ شێوه‌یه‌کی پاراو و یه‌کگرتوو.

بەپێی ئەنجامی ئەو وتارە دەرکەوتووە لەو فەرهەنگەدا زیاتر هەوڵ‌دراوە لەو بێژە و زاراوانە سوود وەربگیرێت کە بەجۆرێک لە زاراوەکانی باوی زمانی کوردی، یان فارسین. سەجادی پێی‌وایە لە زۆر نووسراوەدا، زۆر زاراوە بە هەڵە لە زمانی کوردی و فارسیدا گشتگیر بوون، بۆیە بە شێوەی ڕەخنەگرانە ڕووبەڕووی ئەو زاراوانە بۆتەوە و هەر زاراوەیەکی لە باری زانستی پێی دروست نەبووە، بەکاری نەهێناوە.

۳-۳- دیارترین ئەنجامەکانی زانستیی نووسینی ئەو فەرهەنگە بریتین لە:

۳-۳-۱- ناساندنی چەمکە زانستییەکان، بۆ ئەوەی لەسەر هەر بابەتێک توێژەران بتوانن وەک سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بۆ کەم‌کردنەوەی گومان لەسەر هەڵبژاردنی زاراوەی دروست سوودی لێ‌وەرگرن.

۳-۳-۲- دانان و وەرگێڕانی بەشێک لە زاراوەکانی ڕەخنەیی بۆ زمانی کوردی.

 

لە وەرگێڕانی زاراوەدا سەجادی لەسەر ئەو باوەڕەیە، وەرگێڕان لە زمانی یەکەمەوە بۆ زمانی دووهەم دەتوانێت دەرەنجامێکی دروستی لێ‌بکەوێتەوە، تا ئەوەی لە زمانی دووهەم، یان سێهەم، بۆ نموونە، لە زمانی فارسی، یان عەڕەبییەوە چەمکەکان بکرێنە کوردی. لە چەندین نموونەدا ئەو خاڵە دەستنیشان‌کراوە، دەبیندرێت؛ بۆ نموونە، لە: intentionality، reader ،writerly.

تایبەتمەندییەکی دیکەی فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی ئەوەیە دانەرەکەی وەک خۆی ڕاستەوخۆ دەریبڕیوە، بۆ زاراوەکان هەردوو واتای کوردیی سەروو و کوردیی ناوەندیی بە ئاوەڵناوی جیاوازەوە بەکارهێناوە، ڕەنگە بۆ خوێنەرێک ئاگاداری ئەو تایبەتمەندییە نەبێت، هۆی سەرلێشێواوی بێت؛ بۆ نموونە، هەردوو زاراوەی «کۆمەڵناسیی لادێیی» و «جڤاکناسیی گوندی» کە هاوواتای زاراوەی rural sociology- ن لە هەردوو بەشی کوردیی سەروو و کوردیی ناوەندیدا بەکارهاتوون. سەجادی بەپێی ڕێسای ڕێزمانی تایبەت بە زارەکان، ئەو زاراوانەی داناوە و گەر زاراوەیەکیش هەڵگری دوو واتای جیاواز بووبێت بە ژمارە واتا جیاوازەکانی دیاری‌کردووە و لە دوو خانەی جیاوازدا دایناون.

تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەو فەرهەنگە لە نووسینی زاراوەکاندا ئەوەیە شێوەی نووسینی زاراوەکان لەبەرچاو گیراوە، نەک شێوەی ئاخاوتن، بۆ پاراستنی ئەو جیاوازییەش بە هەستیارییەوە مۆرکەکانی زمانی نووسین ڕەچاوکراون؛ بۆ نموونە، «دەستکەوت» لەبری «دەسکەوت» و «دەستنیشان» لەبری «دەسنیشان» و «لەدەست‌دان» لەبری «لەدەس‌دان» بەکارهێنراوە. سەجادی هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو ئاڵۆزییەش لە دەقی کوردیدا، لە ناشارەزابوونی وەرگێڕ و نووسەر دەزانێت. گەر نووسەر ئەزموونی بەهێزی لە خوێندنەوەی دەقی کوردیدا هەبێت، تێدەگات هێچ نووسەرێک «چەن» لە بری «چەند» بەکارناهێنێت؛ مەگەر ئەوەی لە دیالۆگی ژانرێکی ئەدەبیدا بێت.

لە لێکدانەوەیەکی دیکەی پێشەکیدا بەو سەردێڕە: «پەنجا خاڵ لەسەر زاراوەسازی و وەرگێڕانی چەمکەکان»، پەنجا زاراوە تاوتوێ کراون کە سەجادی ڕای وایە بەشێک لەو زاراوانە نەتەنیا لە زمانی کوردیدا، بەڵکوو لە زمانی فارسیشدا بە هەڵە بەکارهێنراون. لەو بەشەشدا وێڕای دەستنیشان‌کردنی زاراوەی دروست بۆ ئەو زاراوانە، هۆکاری هەڵە بوونیشیان دەربڕاوە؛ بۆ نموونە، لە زمانی کوردیدا بۆ زاراوەی aestheties «جوانناسی» و «جوانیناسی» بەکار دەهێنرێت، پێویستە بگوترێت بۆ ئەو مەبەستە «جوانناسی» هەڵەیە و «جوانیناسی» دروستە. لە زمانی فارسیشدا ئەو شێوە بەکارهێنانە لە لایەن کۆمەڵێک نووسەر بەکارهاتووە و لە جیاتی «زیبایی‌شناسی»، «زیباشناسی» دەنووسن. لە شڕۆڤەی ئەو زاراوەیەدا هاتووە کە جوانناسی وشەیەکی هەڵە نییە؛ بەڵام ئەگەر مەبەست ئەو زانستەیە باسی جوانی، تایبەتمەندییەکانی و جۆرەکانی دەکات، دەبێ بڵێین جوانیناسی، چونکە لە هەندێک بەرهەم و لقی ئەدەبی و هونەریدا، بەتایبەت ئەدەب و هونەری مۆدێڕندا، لەوانەیە جوانی دەلالەت نەکاتە سەر بابەت، یان شتی جوان» (سەجادی، ٢٠٢٢: ۳۱).

تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەو فەرهەنگە ئەوەیە تەنیا گرنگی هەر بە هاوواتای کوردیی زاراوەکان نەداوە و زاراوە فارسییەکانیش بەگشتی جێی سەرنج‌بوون. لە پاژێکی دیکەی «پەنجا خاڵ لەسەر زاراوەسازی و وەرگێڕانی چەمکەکان»، سەجادی بەشێک لەو زاراوانەی لە زمانی فارسیدا بەهەڵە لە لایەن نووسەر و وەرگێڕە ناشارەزاکان بەکارهاتوون و دواتر وەرگێڕە کوردەکانیش بەهەڵە وەریان‌گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، شی‌دەکاتەوە. لەو بەشەشدا دوای هێنانەوەی هۆی زانستی بۆ نادروستیی هەرکام لەو زاراوانە، لە ئەنجامدا زاراوەی دروستی پێشنیار کردووە. ئەو تایبەتمەندییە زێدەتر بایەخی زانستی ئەو فەرهەنگەی دەرخستووە؛ بۆ نموونە: زاراوەی «ساختارگرایی» لە زمانی فارسیدا دەبێت بە شێوەی «ساختاری‌گرایی» وەربگێڕدرێت، چونکە لە زمانی ئینگلیزیدا بە شێوەی structuralism دەنووسرێت، نەک structurism. بە هەمان شێوە بەکارهێنانی زاراوەی «طبیعت‌گرایی» بۆ naturalism هەڵەیە و «طبیعی‌گرایی» پێشنیار کردووە، چونکە «طبیعت‌گرایی» وەرگێڕانی چەمکی naturism- ـە. لەو بەشەدا بۆ زاراوەی «نسبیت‌گرایی»، «نسبی‌گرایی» پێشنیار کراوە.

لە زمانی کوردیدا ئەو وەرگێڕە کوردانەی شارەزای باسە تیۆریکەکان نین، هەر بە هەمان شێوە و بەپێی زاراوە فارسییەکان زاراوەیەکی کوردی لەبری ئەو چەمکانە دادەڕێژن؛ بۆ نموونە، لە جیاتی زاراوەی «سروشتی‌خوازی»، یان «سروشتی‌گەرایی»، «سروشت‌خوازی»، یان «سروشت‌گەرایی» بەکاردێنن کە بە تەواوی هەڵەیە. وەرگێڕانی نادروستی ئەو چەمکانە بۆتە هۆی بەدیهاتنی چەوت‌تێگەیشتنی یەکجار زۆر لە نووسینی کوردیدا (سەجادی، ٢٠٢٢: ٤٩). لەو بەشەدا سەجادی گرنگترین هۆکاری کێشە و ملمڵانیی نێوان ڕەخنەگران لە دانانی هاوتادۆزیی هەڵە لە وەرگێڕانی زاراوە تایبەتەکان دەزانێت. لە پڕۆسەی لێکدانەوەی ئەو جۆرە هەڵە تێگەیشتنانە نووسەر وێڕای هێنانەوەی چەندین نموونە بۆ ڕوون‌کردنەوەی کێشەکە، ڕەوشی پراکتیکی بۆ باشترکردنی ئاستی وەرگێڕانی زاراوەکانی بیانی پێشکەش کردووە.

۳-۴- فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی هۆی:

۳-۴-۱- بەرچاوڕوونی توێژەرانی ڕەخنەی ئەدەبییە.

۳-۴-۲- کەم‌کردنەوەی ئاڵۆزی لە هەڵبژاردنی زاراوەی ڕەخنەییە.

۳-۴-۳- کەم‌کردنەوەی داهێنانی زاراوەی زەوقییە.

۳-۴-۴- ئاسانکاری بۆ کۆدەنگی زانستی لە نێوان پسپۆڕانی زمانییە.

 

۴- ئەنجام

لە ڕانانی فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەییدا بەو ئەنجامە دەگەین، داهێنان و وەرگێڕانی زاراوەی ڕەخنەیی لە هەر زمانێکدا، تا ڕادەیەکی زۆر پێویستی بە تیۆرییە وەرگیراو و هەڵێنجراوەکان لە بەرهەمە ڕەخنەیی و ئەدەبییەکانی ئەو فەرهەنگە هەیە، یان گونجاندن و وەرگێڕانی زاراوەکانی ڕەخنەیی زمانەکانی دیکە لەگەڵ زمان و ئەدەبی خۆماڵی. ئەنجامی توێژینەوە و ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو لە زمانی کوردیدا دەریخستووە، تەنیا پشت‌بەستن بە چەمک و زاراوەی ڕەخنەیی ڕۆژئاوا بە هەمان چوارچێوە و پێکهاتە، ئاکامێکی زانستی بۆ ڕەخنەی کوردی نابێت، بۆیە پێویستە وێڕای سوودوەرگرتن لە بەهرەی ڕەخنەی نێودەوڵەتی و پشت‌بەستن بە تایبەتمەندییەکانی زمانی کوردی دەبێ لە داهێنانی ڕەخنەی ئەدەبیی ڕەسەن نزیک بینەوە. زمانی ئەدەبی جیاوازیی لەگەڵ جۆرەکانی دیکەی زمان هەیە و ئەو بابەتە جیاوازیی سەرەکیی نێوان لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و لقەکانی دیکەی زانستی دەردەخات کە تەنیا لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە دەتوانن زاراوە و چەمکەکانیان بۆ زمان و فەرهەنگێکی دیکە بگوازنەوە.

دوای ڕانانی ئەو فەرهەنگە و خوێندنەوەی بەشی پێشەکی و زاراوەکان، بەو ئەنجامە دەگەین لەو فەرهەنگەدا زاراوەکان بەپێی ڕوانگەیەکی تەواو ڕەخنەیی دانراون، بۆیە بایەخی زانستی و کارایی ئەو زاراوانە زیاتر لای توێژەرانی ئەو بوارە، بەتایبەت لە توێژینەوە زانستییەکاندا دەرکەوتووە و جێیان لە نێو دەقەکانی ڕەخنەی ئەدەبیی هاوچەرخدا کردۆتەوە. گرنگی ئەو زاراوانە لەوەدایە لەسەر بنەمای خوێندنەوەی بەرهەمەکانی زمانی کوردی، شوناسی ڕێزمانی و پێکهاتەی زمانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی، یان داڕێژراون، بۆیە بەکەڵک‌بوونیان بەگشتی لە نووسینی کوردیدا بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە. بە کۆکردنەوەی ئەو زاراوانە دەکرێت بە داهاتووی ڕەخنەی ئەدەبیی خۆماڵی و ئاکادێمیک لە ئەدەبی کوردیدا دڵخۆش بین.

 

سەرچاوەکان

اسفندیاری، خدیجە و همکاران (١٤٠۰). بررسی و تحلیل اصطلاح سازی شفیعی کدکنی در نقد ادبی. مجلە فنون ادبی، سال چهاردهم، شمارە ٣، پیاپی ٣٦، پاییز ١٤٠٠، صص١١٠، ٩١.

پیرس، چارلز (۱۳۸۲). پرسش‌هایی دربارەی توانایی‌های خاص انسان، فلصلنامه ذهن، شمارە ١٦، ١٥، صص ۱۵۳-۱۹۷٫

حدادی، محمود (١٣٨٤). مبانی ترجمە. تهران: رهنما. چاپ اول.

سەجادی، بەختیار (٢٠٢٢). فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی. هەولێر: ماڵی وەفایی، چاپی یەکەم.

طهماسبی، عدنان و صدیقە جعفری (۱۳۹۳). جستاری در ترجمە از عربی بە فارسی با تکیە بر فرایند معادل‌یابی معنوی (بررسی موردی رمان السکریە). دو فصلنامە علمی پژوهشی پژوهش‌های ترجمە در زبان و ادبیات عربی. س ٤، ش ١٠، صص ٩٧-١١٨.

فلبر، هلموت (۱۳۸۱). مبانی اصطلاح شناسی، ترجمە محسن عزیزی. تهران: مرکز اطلاعات و مدارک علمی ایران.

ناظمیان، رضا (١٣٩٣). روش‌هایی در ترجمە از عربی بە فارسی. تهران: سمت، چاپ هشتم.

Komissarov, V. (1985). “The Practical Value of TranslationTheory”.Babel: International Journal of translation. Vol. XXXXI. No 4. Published with the Assistance of UNESCO.

 

[۱] ghahjefer@gmail.com

بۆ خوێندنەوەی دەقی وتارەکە لە کۆی ١٨ لاپەڕە کرتە بکە سەر داگرتنی تەواوی وتارەکە.

داگرتنی تەواوی وتارەکە

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

  https://t.me/kurdishbookhouse

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتاو دەستوور زوان کوردی لەکی ڤەباوەت ڕێزوان لەکی چاپ و ڤڵارا بی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *