خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / وەک وەفایەک بۆ «پیرەمێرد»ی شوناس ساز

وەک وەفایەک بۆ «پیرەمێرد»ی شوناس ساز

وەک وەفایەک بۆ “پیرەمێرد”ی شوناس ساز

یوونس ڕه‌زایی

 کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم، سەردەمی گۆڕانکاری گرینگ لە بیر و ئەندێشە و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. هەم لە بواری ئەدەب و هونەر دا، بە کرانەوەی دەرگای وەرگێڕان و کرانەوەی هەندێک لە رۆچنەکانی “جیهانیی بوون”، ئاڵۆگۆڕ پێکهات و هەم بە هۆی دەنگدانەوەی کەشی سیاسی رۆژئاوا لە ناوچەدا، هەندێک لە واتا و تەنانەت کایە سیاسییەکانی دونیای رۆژئاوا، لەو ناوچەیەش کاری پێکراوە.

لە هەر کام لەو وڵاتانەدا، چەند کەسایەتییەک و هەر کام لە بوارێک دا، دەستپێشخەرییان کردووە و بەش بە حاڵی خۆیان و لە بواری زانست و توانایان دا، هەنگاویان بۆ نەتەوەی خۆیان هەڵگرتووە.

پیرەمێرد یەکێک لە کەسایەتییە کوردەکانی ئەو سەردەمی وەرچەرخانەی ناوچەیە، کە بۆ ساغ کردنەوەی چەند لایەن لە شوناس و بووژاندنەوەی زمانی کوردی، شانی داوەتە بەر بارێکی گران.

هەر بۆیەشە کاتێک لە سەفەری درێژخایەنی لە ئەستەمبوڵ دەگەڕێتەوە، پێشوازییەکی کەم وێنەی لێدەکرێ. رۆژنامەکان ئەو هەواڵە بە گەرمە وەک

مزگێنییەک بڵاو دەکەنەوە.

چەند دێڕ لە نووسینێک کە ساڵی ١٩٢٥ی زایینی لە رۆژنامەکاندا، لەمەڕ پیرەمێردەوە بڵاو بووەتەوە، ئەو راستییە دەسەلمێنێ. “سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووی شوباتی ١٩٢٥ دنیا سارد بوو، کزە بایەکی وشک لە گۆیژەوە دەگات و خۆی بە ڕووی خەڵکەکەدا ئەدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی لەسەر خوێندنەوەی ڕۆژنامەی “ژیانەوە” ڕاهاتبوون، هەر یەکەو دانەیەکی بەدەستەوە بوو و بەپەلە بوو بگاتە شوێنی کاری و چاوێ بە ڕۆژنامەکەی شارا بگێڕێ. یەکێ لەو هەواڵانەی ئەو ڕۆژە سەرنجی خوێنەرانی ڕاکێشابوو ئەمە بوو؛ “جەنابی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغا، کە ٢٥ ساڵە لە وەتەن دوور کەوتۆتەوە، شەوی ٣٠ی کانوونی دووەمی ١٩٢٥ تەشریفی هاتەوە. مەملەکەتەکەمان بە قدوومی ئەم زاتە زۆر مەسروور و پێ خۆشحاڵە، بە ناوی هەموو خۆوڵاتییەکەوە بەخێرهاتنی دەکەین”.

دوای ئەوەی ٢٥ ساڵ پیرەمێرد لە کوردستان دوور دەکەوێتەوە، بەو شێعرەوە ڕوو لە کوردستان دەکاتەوە:

ئەوا ڕووم کردە تۆ ئەی دایکی  موشفیق، بیست و پێنج ساڵە

لە غوربەتدا بەیادی تۆ دەژیم، خوا شاهیدی حاڵە

بەیانی دا، نەسیم لای تۆوە هات، بۆنی وەتەن پێوە

ئەوا نووسرایەوە پیرانە سەر عومرم، لەسەر نوێوە

ترەن جووڵایەوە، وا کەوتە ڕێ، باوەڕ بە خۆم ناکەم

خەوە یا خود خەیاڵ، یا ڕاست ئەوم حاڵی فەڕەحناکەم

 کە با بێنی گوڵێکی “کانی با” بێنێ لە لام وایە

تەڵای کەیخوسرەوی وەک گەنجی باداوەر، هەمووی بایە
 

ئەو بەو هەستەوە دێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ نیشتمانی دای و بابی خۆی و ڕۆژنامەکان بەو شێوازە پێشوازی لە هاتنەوەی دەکەن.

لێرەوە لە ڕازی ئەو پێشوازییە دەگەڕێین کە خەڵکی سلێمانی و بگرە هەموو کوردستان، لەگەڕانەوەی پیرەمێریان کردووە. دەزانین کە پیرەمێرد وەک نووسەر و ڕۆشنبیرێکی گەورە، لە ناو کورددا ناسرابوو. ڕۆژنامەکانی “ژین” و “ژیان” و زۆر بڵاڤۆکی دیکە لە یادگارە بە نرخەکانی پیرەمێردن. شیعر و نووسراوەکانیشی هەم پێگەی تایبەتیان هەیە و هەم کاریگەریی زۆریان لەسەر جیلێک لە خوێندەوارانی باشووری کوردستان داناوە و بوون بە بنەمایەکی زمانی و شێوازێکی تازە لە بیر کردنەوە . بۆ وێنە دەتوانین باسی ئەو نووسینە تەسەلە بکەین کە “عەبدوڵڵا بەگی گۆران” شاعیری پێشەنگی شێعری نوێ، لە چلەی ماتەمینی پیرەمێرد دا پێشکەشی کردووە . گۆران لەو نووسینە دا، بە زمانزان و خاوەن گوتاری تازەی دەزانێ و وردەکاری ئەو لە زمانی شێعری و شێوەی کەڵک وەرگرتنی لە کێشە شێعرییە خۆماڵییەکان، زەق دەکاتەوە. بەڵام زیاتر لە هەموو ئەوانە  دەمهەوێ قامک لەسەر  یەکێک لە گرینگترین کردە کۆمەڵایەتی و کولتووری و تەنانەت سیاسییەکانی پیرەمێرد دابنێم.

حاجی تۆفیق بەگی پیرەمێرد، زیاتر لە ١٢٠ ساڵ لەمەوبەر، لە وڵاتێکی پان و بەرینی وەک ئیمپڕاتۆریی عوسمانی و لە جەرگەی ناوەندەڕۆشنبیرییەکانی ئەوێدا خۆی پێگەیاندووە . جودا لە خوێندنی ئاسایی لە  بواری زانستیشدا “کۆلێژی یاسا”ی تەواو کردووە و  توانیوێتی لەو سیستەمە دەسەڵاتدارەتییەدا، پلە و پایەی گرینگیش بۆخۆی مسۆگەر بکا. بەڵام جودا لەوانە پیرەمێرد لە ڕێگای ڕۆژنامە و بڵاڤۆکەکانی ئیستانبووڵەوە ئاگاداری بزووتنەوە و ڕەوتە ڕۆشنبیری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوچە و جیهان بووە. لە کۆی ئەو بابەتانەدا، گرینگییەکی زۆری بە بواری ڕۆژنامەگەری لە لایەک و شوناس سازی لە لایەکی دیکە داوە. لە ڕۆژنامەکانیشیدا کە بەشێکی زۆری بابەتی خۆی و ئەو کەسانە بوون لە گوێن ئەو بیریان کردووەتەوە و کاریگەرییان لێ وەرگرتووە، جەختی زۆری لەسەر زیندوو کردنەوەی زمان و دابونەریت و کەلەپووری کوردی لە لایەک و وەدەستهێنانی مەعریفە و ڕۆشنبیریی نوێ لەلایەکی ترەوە بووە و لەو ڕێگایەوە ویستوویەتی کارێکی “جیهانی-ناوچەیی” بکات .

واتە لە لایەک بەردەنگەکانی کە خوێندەواری کورد بوون، ڕەگ و ڕیشەی بیری کوردی و نەتەوەیی خۆیان، لە ڕێگای زمانەوە بناسن و لە لایەکی دیکەوە  ئاگاداری ڕەوتی بیر و زمان و ئەدەبی جیهانیش ببن.  بە گشتی حەولی داوە بۆ سازکردن و ئامادەکردنی مرۆڤێکی ئەوڕۆییی کورد کە لە ڕەگ و  ڕیشە و بن و بنەچەی خۆشی نە تەنیا دانەبڕاوە بەڵکوو بە باشی دەیناسێ  و دەشیپارێزێ.

 وەک دەزانین ئیستانبووڵی ئەوکات، شوێنی بەریەککەوتن و ناسیاری پەیدا کردنی کولتوورە جیاوازەکان بووە. وەک میترۆپۆلێکی جیهانی ئیسلامەتی، لەهەموو جۆرە بیر و زمان و داب و ڕەسمێکی کۆمەڵایەتیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی  ناوەڕاستی تێدابووە. لە کورد و تورک و عەڕەبەوە بگرە  تا سریان و تورکمەن و ئەرمەنی و چەرکەس لەوێ ژیاون و کولتووری و زمانی خۆشیان گەیاندووەتە ئەوێ. وەک دیاریشە بەشێکی ئەو گەورە شارە هەر ئەورووپایی و ڕێگا و دەلاقەیەک  بۆ هاتنە ژوورەوەی بیری ڕۆژئاوایی بووە. لە وڵاتێکی وادا، دیارە شوناسە قەبەکان قەبەتر و شوناسە لاواز و دەست کورتەکانیش هەر لە کزی دەدەن و تەنانەت خۆیان دەشارنەوە و لە نێو شوناسەکانی دیکەدا بزر دەبن. لە دۆخێکی وادایە پیرەمێرد بیر لە بناخەیەکی نوێ بۆ شوناس سازیی کورد دەکاتەوە.

 پیرەمێرە ئەوەندی لە ڕۆژنامەکانیدا حەولی دا ماکە شوناس سازەکانی وەک زمان، کولتوور، مێژوو، داب و ڕەسمەکان و … بناسێنێ و زیندوویان کاتەوە، بیری لە پڕۆژەیەکی بەربڵاوتر کردوەتەوە کە بتوانێ کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کورد، وێکڕا بەشدار بکا. چون ئەو بیری لەوە کردووەتەوە  کە بەردەنگی ڕۆژنامەکەی چینێکی تایبەتن، بەڵام شوناس سازی و پەرەپێدانی، پێویستی بە هاوئاهەنگیی جەماوەری هەیە. هەر  بەو مەبەستە بیر لە بناخەیەک دەکاتەوە کە بتوانێ نەک چینێکی تایبەت و ناوچەیەکی هەڵوارتەی کوردەواری، بەڵکوو بتوانێ هەموو خەڵکی کورد بە هەر زاراوە و بۆچوونێک لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە. ئەویش چ شتێک دەیتوانی لە تازە بوونەوەی ساڵ و نوێبوونەوەی زەمان گرینگتر بێ. دیارە نەورۆز هەر لە دێر زەمانەوە لە نێو کورداندا بۆنەیەکی پیرۆز و گرینگ بووە، بەڵام پیرەمێرد  حەولی دا ئەو بۆنە گرینگ و پیرۆزە، وڵات‌داگرتر بکا. ئەگەر بەر لەو تەنیا چینێکی تایبەت لە لاوان و کوڕ و کاڵان، لە بۆنەکانی نەورۆزدا بەشدار دەبوون، ئەو بە پێشەنگایەتیی خۆی ئەو وەهمەی ڕەواندەوە کە نەورۆز تەنیا هی چینێکی جیاواز و پلەیەکی تایبەتی تەمەنە. هەر  بۆیە لە سەرەتادا بە نووسینی چەند شیعر بۆ بەهار و نەورۆز، ڕچەیەکی کردەوە و دواتر بە هۆی ڕووداوێکی سیاسییەوە بە دانانی “سروودی بە هێزی نەورۆز” کە زیاتر لە سەد ساڵە دەکوترێتەوە و هیچ کوردێک  نییە نەیبیستبێ و نەیزانێ، لە ڕێگای زمانەوە ئەو بیرە قووڵەی خستە مێشکی خەڵکەوە. دواتر لە پانتای کۆمەڵایەتیشدا حەولی دا لە شاری سلێمانی  بە دیاریکردنی شوێنی  دیاریکراو و ڕێوڕەسمی تایبەت و گەورە و جەماوەری لە “کارێزی وەستا شەریف” و “گردی مامەیارە” ئەو بۆنەیە بە شێوەیەک زیندوو کاتەوە کە هەموان تێیدا بەشدار بن و بە خوێندنی سروودی نەورۆز و ئاهەنگ گێڕان و شایی و هەڵپەڕکێ، ڕۆحی کوردانەی ئەو  ئاهەنگە بژێیننەوە. بۆخۆشی کە کەسایەتییەکی دیار و پێشەنگی ڕۆشنبیری و خوێندەواری بووە، وای کردووە هەمووان بێ پارێز کردن بە دەوری ئاگری نەورۆزەوە کۆوە بن و بۆ هەمیشە بیکەنە ڕێوڕەسمێکی نەتەوەیی .

لە ئێستاشدا نەورۆز ئەگەرچی لە نێو چەندین گەل و نەتەوەی دیکەی ناوچەکەدا وەک جەژن پیرۆز دەکرێ، بەڵام ئەو دەرفەتە کۆمەڵایەتییە، تەنیا بۆ گەلی کورد هەیە کە بە سەدان هەزار کەس لە شارە گەورەکان  بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئایین و مەزهەب و  بیر و  باوەڕی سیاسی لە دەوری یەک کۆبنەوە. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو بۆنەیە یەکێک لە هێماکانی یەکییەتی و یەکگرتووییی نەتەوەیی کوردە. لە نێو گەلانی دیکەدا ئەوانەی تازە ئەو بۆنەیە فێر بوون، چون ڕیشە و ڕەچەڵەکی بۆنەکە نازانن هەر لە ڕادەی ڕۆژێک یان ڕۆژانیکی خۆش بۆ  ڕابواردندا دەیناسن و داب و ڕێوڕەسمەکانی لە ناو ئەواندا ڕەگ و ڕیشەی نییە. لە ناو عەڕەبەکانیشدا نەورۆز پێشینە و مێژینەیەکی نییە و هەندێک لە گەلانیش بە ئاوێتە کردنی ئەو بۆنەیە لە گەڵ ئایین و مەزهەب، لە ڕاستە ڕێی خۆی لایانداوە .
 لە لایەکی دیکەوە شێوەیەک کە پیرەمێرد زیاتر  لەسەدەیەک  لەمەوبەر لە سلێمانی ڕەچاوی کرد، ئێستاش  بۆ گەلانی دیکەی پێڕەوی ئەو بۆنەیە جێبەجێ نابێ، ئەویش ئەوەیە کە بتوانن بە هەزاران کەس و هاوکات لە سەدان شار و دێ کۆوە کەن و یەک دەنگ و یەک ڕەنگ، سروودی نەورۆز بڵێن و شایی و هەڵپەركێ بکەن. پێویستە ئێمە وەک ڕێبوارانی ڕێگای پیرەمێردی نەمر، ئەو خاڵە وەک یەکێک لە خاڵە شوناس سازەکانی کوردی، ساڵ لە گەڵ ساڵ بەهێزتر و دەوڵەمەندتر ڕەچاو کەین و وێکڕا ئەو سروودە بڵێینەوە و بە دوەری  ئاگری نەورۆزدا هەڵپەڕین:
 

ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە، نەورۆزە، هاتەوە

جەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بەهاتەوە

 

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

  https://t.me/kurdishbookhouse

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ترجمه و چاپ نزهة القلوب به زبان کردی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *