شیرکۆ بێکەس و پێگەی بۆ بە جیهانی کردنی شوناسی ئەدەبیی کورد
یوونس رەزایی
جیهانی بوونی پێوەندییەکان و وەگەڕ کەوتنی راگەیەنە و پتەوتر بوونی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، هەندێک دەرفەتی خستە خزمەت نووسەر و شاعیرانی کورد، هەتا لەو رێیەوە دەنگی خۆیان و گەلەکەیان، لە دەلاقەی ئەدەبیاتەوە بگەیەننە دوورترین شوێنەکانی جیهان. هەر بەو پێیە “شێرکۆ بێکەس” دەڵێ: لە سەردەمی جیهانی بووندا کوردەکان بە پێوەندییە سیاسی، کولتووری و ئەدەبییەکان، دەیان پردی تازەیان بۆ پەڕینەوە بەرەو جیهانی بەربڵاوی دەرەوە و دوور لە سنوورەکانی خۆیان دامەزراند. (بێکهس،٢٠٠٢:٩٢) ئەو پێی وایە گۆڕانکاری لە پێوەندییەکاندا و هەروەها ئاڵوگۆڕی بواری راگەیەنەکان، بووەتە هۆی ئەوەی تاقمێکی زۆر لە رۆشنبیر و نووسەر و شاعیرانی کورد، لە رێگای ئینتێڕنێتەوە لەگەڵ هاوشان و هاوڕێیانی خۆیان لە سەرانسەری جیهان پێوەندی ببەستن، کاریگەرییان لێوەرگرن و کاریگەرییان لەسەر دانێن. هەروەها دەیان تۆڕی پێوەندی و زانیاری لە بەرژەوەندی ئەدەبی کورد لە هەموو دونیادا ساز بکەن. (هەمان)
لە سەرەتاکانی ئەو رەوتەدا، کوردەکان حهولیاندا بە راگوازتنی تایبەتمەندییەکانی نەتەوەیی خۆیان لە رێگای ئەدەبیاتەوە، شوناس و کولتووری ناوچەیی خۆیان بۆ پانتایی جیهان و لە دەرەوەی دەوڵەتە نەتەوەیییەکانی کە تێیدا حاوابوونەوە رابگوێزن. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی سەرنجی کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبییەکانی جیهان بەرەو ئەدەبیاتی کورد رابکێشرێ. یەکەم برووسکەی ئەو کاریگەری و کارتێکەرییە بە وەرگرتنی خەڵاتی جیهانی “تۆخۆلێسکی” لە لایەن شێرکۆ بێکەسەوه دەرکەوت. (رضایی،١٣٨٣:١٥) ئەو خەڵاتە ساڵی ١٩٨٨ لە لایەن “بنکەی ئەدەبیاتی جیهانی سوێدەوە” پێشکەش بەو شاعیرە کرا. ساڵی ١٩٨٩ “ئەنجومەن و کومیتەی مافی مرۆڤی ئیتالیا” نازناوی “هاوشاری ئیفتخاری شاری فلۆڕانس”ی پێ بەخشی.(صالحی، سیدعلی،١٣٧٠: ٥٣) و پاش ئەوە رەوتی وەرگێڕانی شێعری کوردی بە زمانە ئەورووپایییەکان دەستی پێکرد. شێعرەکانی شێرکۆ بێکەس بە زمانەکانی ئاڵمانی، فەڕانسەوی، ئیتالیایی، سوێدی، نۆڕوێژی، عەڕەبی و فارسی وەرگێڕدراون.(هەمان) و لەو رێگای ئەو شێعرانەوە کە نیشاندەر و دەرخەری داب و رەسم و مێژوو و ژانە کۆمەڵایەتی و شێوەی جوانیناسی و مرۆڤناسی و شوناسی کوردە، وێنەیەکی نوێ لە زەینی خەڵکی جیهاندا لەمەڕ کوردەکانەوە ساز بوو. وێنەی نەتەوەیەک بە ئەدەبیات و زمان و راوێژ و جوانیناسی تایبەتی خۆیەوە. هەر بەو هۆیە کۆمەڵگای ئەدەبی رۆژئاوا بە شێوەیەکی نافەرمی واتە نەک بە پێی رێکەوتن و گرێبەستێکی کولتووری، بەڵکوو لە رێگای کاریگەری وەرگرتن و کارتێکەرییەوە ئاراستەیەکی جوداوازیان لەمەڕ ئەدەبیاتی کوردی و شێوەی جووڵانەوەی لە تۆڕی کولتووری جیهانیدا گرتە بەر. وەرگێڕە رۆژئاوایییەکان یان ئەو وەرگێڕانەی شارەزای زمانە رۆژئاوایییەکان بوون، روویان کردە وەرگێڕانی بەرهەمی نووسەر و شاعیرانی کورد. لەوە بەدوا ئەدەبیاتی کوردی نەتەنیا نوێنەری هەست و ویستی مرۆڤی کورد و ئاوێنەی رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و دەربڕی فەلسەفەی ئەو مرۆڤانە بۆ ژیان و مەرگ بوو، بەڵکوو وەک نوێنەری ئەدەبیاتی بەشێک لە جیهان ناسێندرا و کەوتە بەرچاو. هەر لەو پێوەندییە دایە کە لە کتێبی “فەرهەنگی ئەدەبیاتی جیهان”دا لەمەڕ “دەربەندی پەپوولە”ی شێرکۆ بێکەسەوە ئاوا نووسراوە؛ “مەنزوومەی دەربەندی پەپوولە پلان داڕێژی بۆ کێشانەوەی نەخشەی کاتە پڕ لە تێکشان و پڕ لە کێشەکانی هەموو کۆچەرە رۆژهەڵاتییەکانە.”(خزائل،١٣٨٤:٩٤٥)
پاش وەرگێڕانی بەرهەمەکانی نووسەرێکی دیکە واتە “شیرزاد حەسەن” ئەدەبی کوردی لە لای کۆمەڵگای ئەدەبی رۆژئاوایی قورسایی زیاتر بوو. نووسەرانی جیهان بیریان لە بەشداری پێکردن و کردنەوەی دەلاقەی کۆڕە ئەدەبییە جیهانییەکان بە رووی ئەو بەشە لە ئەدەبی جیهانیدا کردهوه. لە ساڵی ١٩٩٧ دا دوو نووسەری کورد واتە “عەبدوڵلا سڕاج” و “شێرزاد حەسەن” بۆ بەشداری کردن لە “کۆنفڕانسی نووسەرانی جیهان لە مۆکۆلای فێنلاند بانگهێشتن کران. وتاری شیرزاد حەسەن لەو کۆنفڕانسەدا، لە ژێر ناوی “وڵامێکی کورت بۆ پرسیارێکی کۆن” سەرنجی زۆریەک لە نووسەرانی بە توانای جیهانی بەرەو خۆی راکێشا (حسن،١٣٨٤:٨) و لە لایەکی دیکەوە هەر ئەو رەنگدانەوەیە لە سەر بەرەیەک لە نووسەرانی لاوی کورد کە لەناو خۆ خەریکی نووسین بوون، متمانەبەخۆیییەکی زۆری بە دوا داهات کە ئەدەبیاتی کەمینەش دەتوانێ لە نێوان ئەدەبیاته زۆرینە و قەبەکاندا، بە مەرجی خاوەن شوناس بوون، دەرکەوتنی بە هێز و جودای ببێ. شیرزاد حەسەن لەو کۆنفڕانسەدا بە پێکگرتن و هەڵسەنگاندنێکی بەراوەردکارانەی مابەین دوو کولتووری کوردی و بە گشتی کولتووری رۆژهەڵاتی لەگەڵ کولتوور و فەلسەفەی مرۆڤی رۆژئاوایی و هەروەها بە خستنە بەرباسی ناوەرۆک و تێمی بەرهەمە ئەدەبییەکانی خۆی و نووسەرانی هاوزمانی و … سیمایەکی روون و بێ وێنە، بەڵام پڕ لە ژان و مەرگەساتی لە مرۆڤی کورد و ئەدەبی کوردی کێشایەوە و خستیە بازنەی بیرکردنەوە و لێوردبوونەوەی مرۆڤی داهێنەری رۆژئاوا. ئەو بە هێنانە بەر باسی ژانی کاراکتەری چیرۆکەکانی خۆی و هەڵقوڵانی ئەو کارەکتەرانە لە ناخی کۆمەڵگاوە و سازبوون و پێکهاتنی ئەو کۆمەڵگایە لە ژێر نسێی سیاسەتی سەرکوتدا و شوناسی پارچە پارچە و بریکوولەی ئەو مرۆڤانە، دیمەنێکی دیکەی لە مرۆڤی سەر بە نەتەوەی کورد خستە روو. شیرزاد بە گوتنی “نووسراوەکانی من داد و هاوار و شێوەنێکە لە ماتەمی دڕندانەترین کوشتارە بە کۆمەڵەکان (همان منبع،٢١) پێداگری لە سەر دوو بابەتە. یەکەم بە کەڵک وەرگرتن لە تەمهیدە گێڕانەوەیییەکانی چیرۆک، خەریکی خستنە رووی بابەتێکی ئەدەبییە کە ناوەرۆکەکەی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. واتە زیرەکانە سنووری مابەین بوارە جوداکانی زانستە مرۆیییەکان دەسڕێتەوە و بابەتێکی نێوان ریشتەیی دەخاتە روو و لە روانگەیەکی رەخنەگرانەوە بابەتەکەی پێشکەش دەکا. ئەوەش تاکتیکێکە بۆ وەی ئەگەر تا ئێستا مرۆڤی رۆژهەڵاتی بە رەخنە پارێز ناسراوە، ئەو بە ناسیاری سڕینەوە لەو گوتارە، رەخنە هەڵگر بوونی بەشێک لە مرۆڤی سەردەمی نوێی رۆژهەڵات بە گشتی و کورد بە تایبەتی دەکاتە پرسی شاراوەی باسەکەی. لە لایەکی دیکەوە رووی رەخنە هەم لە خودە هەم لەویتر و ئەوەش سیمایەکی دیکەی لە مرۆڤی رۆژهەڵاتی بە خوێنەر و بەردەنگی رۆژئاوا ناساند. ئەگەر تا ئیستا ئەو مرۆڤانە زیاتر کولتوور و دەستەڵاتی سەردەست دەدەنە بەر تیری رەخنە و لە سەر رەسەنایەتی پێدادەگرن، ئەو زۆر لایەنی کولتووری رەگاژۆ کردووی خۆماڵی و ئەو لایەنانهی دەستەڵاتە رەهاکانیش کە سەودای سڕینەوەی وردە گوتار و کەمە نەتەوەکانیان هەیە بە یەکەوە دەداتە بەر تیری رەخنە.
لە لایەکی دیکەوە شاعیر و نووسەرانی ئەو جیلە و یەک لەوان شێرکۆ بێکەس، بە تێگەیشتن لە دۆخی نوێی نووسین و مەعریفەی جیهانی، هەنگاوی وریایانەیان هەڵگرتووە. نموونەی ئەو دونیا ناسییە نوێیە لە دەقەکانی وەک “ئافات” و زۆر دەقی دیکەی شێرکۆدا دەبینینەوە. لەو دەقانەدا هەم نیگایەکی لە سامانی ئهدەبی جیهانییە و دەکرێ شوێن پێی کەسانی وەک “سان ژۆن پێرس” لە نووسین و نیگایدا ببینییەوە، هەم لە باری ئەندێشەوە بە تایبەت لە “پەریزاد و گوڵکەی دوژمنیدا” جودا لەوەی مێژووی ژان و برین و دیرۆکی خەفەتی دەنووسێتەوە و جوغڕافیای دژوازییەکانی مرۆڤی کورد لە دەقی شێعردا دەنەخشێنێ، رۆژائاوا و فەلسەفەی ئەوان بە رووە مادی و فکرییەکەیەوە بەرئاوەرد دەکا لەگەڵ بیر و هزری نەتەوەیی و لە زۆر جێدا لە ئاستی بەراوەردی دوو کولتوور تێدەپەڕێ و تەنانەت بە شێوەیەکی بایەخ دانەرانە دەڕوانێتە کولتووری رۆژئاوا و بە ئاراستەیەکی رەخنەگرانە لە روانینن و دونیابینی خۆی کە نموونەیەکی مرۆڤی رۆژهەڵاتی و تاکێکی کورد و هونەرمەندێکی ئەو بەشە لە دونیایە، مرۆڤ و دونیا لە شێعری دا دەگونجێنێ. ئەوەش واتە فراونتر کردنی بازنەی زمان و روانین و بەردەنگی دەقی شێعری کوردی. شێرکۆ بێکەس بە پێی دەقەکانی ئەو بابەتە گرینگەی لەبەرچاو بووە کە دەلاقەی چوونە نێو پانتای هزر و بیری جیهانی هونەر و ئەدەبیاتە.
پەریزادم! پەرایزادی تاق و تەنیا، جارێکی دیش لە کۆچدا بوو
لەوی لە فێنتیسیا، لە فێنتسیای عاشقی مانگەشەو و ئاودا
لە شاری شێعردا، لە شەوێکی زێویندا، لە نێو باڕی بەلەمێکی پەمەییدا
چڕ و چاوی خۆم نا، شێعرەکانم کچێکیان کرد بە هاوڕێم.
…
کە لێم پرسی تۆ خەڵکی کوێێ؟ پڕشنگی دایەوە و وتی:
من خەڵکی نیشتمانی هونەرم، باوکم ناوی شێعرە و دایکم ناوی مووسیقایە و
هەرئەوەندە لە رەچەڵەکی خۆم دەزانم….(بێکەس:٢٠:١٩٩٣)
لەو شێعرە و زۆر بەرهەمی دیکەدا، شێرکۆ بە هەڵسەنگاندنی دوو کولتووری رۆژئاوا و رۆژهەڵات و سەرەتی دان بە روانگەی هونەری رۆژئاوایی، لە ئاکامدا زمانی هونەر و ئەدەبیات بە زمانی جیهانی نوێ دەزانێ. جودا لە شێعر لە نووسینی ئاساییشدا ئاوڕێ لەو وارە داوەتەوە و ئەو کەشە نوێیەی بە باشی دەرک کردووە و لەو بارەوە دەڵێ “جیهانی بوون دونیابینییەکی نوێی بە رووی ئەدەبیاتی کوردیدا کردووەتەوە. روانینێکی بەرین و بەربڵاوی بە شاعیران و نووسەرانی کورد بەخشیوە. نیگای ئەوانی بۆ جیهان و بابەتە گشتییەکانی وەک مرۆڤ و ئازادی ژن و … گۆڕیوە. (بێکهس،٢٠٠٢:٩٥) بە گشتی ئەزموونەکانی بەجیهانیبوون، ئەزموونی نوێتری لەبەر دەم نووسەرانی کورد دانا کە گرینگترینیان روانینی فرەرەهەند و چەند لایەنە و بیری پلۆڕاڵ و ئاسانگیری و تولێڕانسە.(هەمان)
لەو سەردەمەدا شاعیران و نووسەرانی کورد لە چوارچێوەی ژانر و فۆڕمەکانی ئەدەبی جیهانی و بە تیکنیکە مودێڕنە ئەدەبییەکان، هەم شوناسی نەتەوەیی خۆیان لە شێعر و رۆمانەکانیاندا نەخشاند و هەم بیرە جیهانگیرەکانیان لە بەرهەمی خۆیاندا جێ کردەوە. لە راستیدا فۆڕم و پێکهاتە و ئەندیشەی جیهانییان لەگەڵ شوناسی خۆیان ئاوێتە کرد و بەرهەمێکی نوێیان خوڵقاند کە هەم لە ئاستی ناوچەیی و هەم لە ئاستی جیهاندا ئاوڕی لێدراوە و خوێندراوە. بەرهەمەکانی “بەختیار عەلی” رۆماننووس بە پێی ئەو بنەمایە ئیعتبارێکی جیهانییان وەدەست هێناوە. کتێبی “دواهەمین هەناری دونیا” نووسراوەی بەختیار عەلی فرمێسکی تەمەنێک ژان و خەم و سەرگەرادنی نەتەوەی کورد و لە راستیدا هەموو عێڕاق و تەنانەت هەموو خەڵکانی خەفەتباری زەمینە.(علی،١٣٨٨:٥) ئەو رۆمانە لە سەر بنەمای ئەو کارەساتانە بەرهەم هاتووه کە خەڵکی عێڕاق چەشتوویانە و دیتوویانە و رەنگدانەوەی کولتوور و نەریتەکانی گەلی کوردە. لە لایەکیشەوە پڕە لە ئەندێشەی مرۆڤدۆستانە و ئاشتیخوازنە و هەڵکردن و پێکەوە سازان و … ئەو چەند تایبەتمەندییانە بووەتە هۆی پێشوازی ناوچەیی-جیهانی لەو بەرهەمە. رۆمانی دواهەمین هەناری دونیا بەرهەمێکی جیهانییە و تا ئیستا بە چەند زمانی وەک ئاڵمانی، رووسی، عەڕەبی، تورکی و فارسی وەرگێڕدراوە.(هەمان سەرچاوە)
لە دونیای ئێستا و بە یارمەتی بارودۆخی نوێی پێوهندییەکان و ئامادەیی شاعیرانی کورد لە کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان، دەرفەتێک رەخساوە تا زۆریەک لە رۆشنبیر و وەرگێڕانی جیهان، روو بکەنە ئەدەبیاتی کوردی. بەشێک لەو سەرنجە جیهانییە لە چەند نموونەی هەڵبژاردەدا دەتوانین ئاوا بخەینە روو:
لە رێکەوتی ٥- ١٢/١٠/١٩٩٩. حکوومەتی “سویس” لە شاری “زوریخ” حەفتەیەکی کولتووەی بۆ ناسینی کولتوور و ئەدەبیاتی کورد تەرخان کرد. لەو حەفتە کولتوورییەدا، خەڵکی سویس لە گەڵ وێنەکێشان، مووسیقا، سەما و شێعری کوردی ئاشنا بوون. پاش شێعر خوێندنەوەی شاعیری کورد شیرکۆ بێکەس، نووسەری سویسی “پێترا کرۆسێل” لە نووسراوەیەکدا لە ژێر ناوی “ئێمە لە رابردوودا خاکی کوردانمان دزیوە، بۆ خاکەکەیان نەدەینەوە؟” باسی کاریگەری وەرگرتنی خۆی و هاووڵاتیانی سویسی لە شێعری کوردی دەخاتە روو.(سهردهم،٢٠٠٠:٢٦١). ساڵی ٢٠٠٢ش “رێکخراوەی ئەدەبیاتی هولەندی” لە فستیوالێکی شێعر بۆ شاعیرانی ناوبەدەرەوەی جیهاندا، شاعیرانی کورد بانگێشتن دەکا و کوردەکانیش وێڕای زۆریەک لە ناودارانی شێعری جیهان بەرهەمەکانی خۆیان پێشکەش ئامادەبووان دەکەن. لەو فستیوالەدا شاعیرانی وەک “بریاتین بریاتین باخ” ، “رومیکۆ کامپێرت”، ئیوا خارلاخ” ، “تونکای” ، “عیسا ئەلیاسری” و دەیان شاعیری دیکەی وڵاتانی جیهان بەشدار بوون. شاعیرانی کورد بەرهەمەکانی خۆیان کە رەنگی ناوچەیی و دەنگی جیهانی پێوە دیار بوو پێشکەش کرد. (ئاینده،٢٠٠٢:٣٣)
زۆر جاریش سیاستوانانی کوردی عیڕاق لە پلەی باڵوێزەکانی کولتوور و ئەدەبدا رۆڵی بەرچاویان بۆ برەو پێدان و بڵاو کردنەوەی ئەدەبیات هەبووە. ئاوێتەی کاری هاوبەشی نوێنەرانی سیاسی کورد لە رۆژئاوا و ئامادەیی شاعیر و نووسەرانی کورد لە بوارە جیهانییەکان، ئاکامی ئەرێنی بۆ زمان و ئەدەبیاتی کوردی بە دواوە بووە. بۆ وێنە ئامادەیی شێرکۆ بێکەس لە “فستیوالی شیعری ئیستامبووڵ” لە ساڵی ٢٠٠٨ و شێعر خوێندنەوەی ئەو، سەرنجی وەرگێڕ و شاعیری گەورەی رۆمانیایی “نیکۆلینا ئۆپێڕا” رادەکێشێ.(ئاینده،٢٠١٠:١٦٠) پاشان بە پێشنیاری باڵوێزی عێڕاق لە رۆمانیا کە کورد بووە، ئەو وەرگێڕە دەست دەکا بە وەرگێڕانی شێعرەکانی شاعیرانی کورد بۆ سەر زمانی رۆمانیایی. ئەو رەوتە روو لە گەشەیە بووەتە هۆی ئەوەی زەین و زمانی شاعیرانی کورد کار بکاتە سەر بەرهەمی شاعیران و نوسەرانی گەورەی دونیا و گەلانی دیکەی ناوچەش. نموونەشی بەرهەمە شێعرییەکانی “لوتفی ئۆزکۆک” شاعیری جیهانی تورکیایە کە سێبەری زەینییەتی شێعری شیرکۆ بێکەس لە سەر وێنە شێعرییەکانیدا رەنگی داوەتەوە و بەردەنگان هەستی پێدەکەن. (صالحی، سید علی،١٣٧٠: ٥٢و٥٣) هەر ئەو توانا زمانییەی شاعیرانی کورد بووەتە هۆی سەرسوڕمان و تەنات پێداهەڵگوتن و ستایشی شاعیرانی گەورەی ئێرانیش. “سەیدعەلی ساڵحی” بنیاتنەری “بزووتنەوەی شێعری گوتە” لە ئێران، بە پێی توانایی زمانی و فۆڕمیک لە لایەک و تایبەتمەندی ناوچەیی ئەو بەرهەمانە لە لایەکی دیکەوە دەنووسێ، “رەفیق سابیر” بە جۆرێک دەتوانێ لە رێزەی “ئارتۆر رێمبۆ” بنیاتنەری سێمبۆلیزم لە فەڕانسە بێ. ئەو بە بەدیهێنانی گۆڕانێکی نوێ مزگێنی دەرکەوتن و خۆیابوونێکی جیاواز بە خوێنەران دەدا. گۆڕانێک کە بە سورڕئالیسمی سەرکێش نێودێر دەکرێ.(همان منبع، ٥٥) هەروەها لە مەڕ دوو شاعیری دیکەی کوردەوە دەنووسێ: جاری وایە هەست دەکەم “عەبدوڵڵا پەشیو” و “لەتیف هەڵمەت” هاووڵاتیانی “ئەمە سەزەر” و “دیوید هیوپ” یان “لانگستوون هیوس”ن. (همان منبع، ٥٣) لە سەلماندنی ئەو کاریگەرێتییەی شێعر و ئەدەبیاتی کوردیی وەک یەکێک لە سازدەرەکانی شوناسساز بۆ کوردەکان، “مەنوچیهر ئاتەشی” لە پێشەنگانی شێعری هاوچەرخی فارسی دەنووسێ : لە گەرمەی سەرلێشێواوییەکاندا، ئەو گەلە هانەیەکی گرینگی بۆ بەرهەمهێنانی شێعر هەبووە تا دەنگی خۆی لە ژیر ئاسمانەکانی جیهاندا هەڵبڕی و ئەو دەنگەش لە گوێی جیهاندا بزرینگێتەوە. بەو شێوەیەیە کە شیعری کوردی توانیوێتی سیمای درەوشاوەی بێ. سیمای هێندە درەوشاوە کە دەتوانین بە پاڵپشتی بەرهەمی ئەوان بێ ترسی تانە و تەشەری بەرچاوتەنگ و پاوانخوازان بڵێین: شێعری فارسی هاوچەرخ بەو پلەیە لە ناسران و کەوتنە بەر سەرنج لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران نەگەیشتووە. شایەت و سەلمێنەری ئەو قسەیەش شێعرەکانی شاعیرانی وەک شیرکۆ بێکەس و لەتیف هەڵمەت و عەبدوڵڵا پەشێو و رەفیق سابیرە. (آتشی،١٣٨٦:٨) رەخنەگری ئەدەبی ناوداری ئێرانی “تەقی پورنامداریان”یش لە مەڕ شێعری بەرز و بڵیندی دەربەندی پەپوولەوە دەنووسێ: ئەو مەنزوومەیە شاکارێکی بێوێنەی جیهانییە و حەماسەی زیندوو و بەردەوامی گەلی کوردە. (پور نامداریان،١٣٨٠:٤٠). کەواتە دەتوانین بڵێین جیهانیبوون پانتایییەکی رەخساندووە کە شاعیران و نووسەرانی کورد لە کۆڕ و کۆمەڵە ناونەتەوەیییەکان ئامادە بن و هەر ئەوانیش بە کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەتە حەول دەدەن ئەدەبیات و زمانی نەتەوەی خۆیان بناسێنن و بۆ زەنگین و رەنگین کردنی تێدەکۆشن. لە لایەکی دیکەوە جیهانی بوون بە هێنانە ئارای واتاگەلی تایبەت و جوداوازی وەک مافی مرۆڤ، دێموکڕاسی، مافی ژن، ژینگەپارێزی، سڕانەوەی سنوورەکان و … وەکی شێرکۆ بێکەس دەڵێ دونیابینی ئەدیبانی کوردی گۆڕیوە. روانینی تاک رەهەندی ئەوان گۆڕانی بەسەر داهاتووە و بە چاوێکی کراوە و روانینێکی بەرینترەوە دەستیان بە بەرهەمهێنانی دەقی ئەدەبی کردووە. بەرهەمی ئەدەبی کوردی ئێستاکە بە تایبەتمەندی و تێم و ناواخنی ناوچەیی کە هەڵگری خەون و خولیا و داب و رەسم و جوانیناسی تایبەتە و پێکهاتە و تەکنیکی جیهانییەوە، بۆ کۆمەڵگای ئەدەبی جیهان ناسراوە. کەواتە ئەدەبیاتی کوردی هەم زمانی کوردی دەوڵەمەند کردووە و هەم شوناسی کولتووری کوردەکانی بە جیهان ناساندووە. ئەو دوانەش هەردووکیان لە سازدەرە گرینگەکانی شوناسی نەتەوەیین و دەتوانین بڵێین جیهانی بوونی پێوەندییەکان و لێکگرێدراوی سەردەمی نوێ و واتا جیهان داگرەکان، کە لەو سەردەمەدا بڵاو بوونەتەوە، لە دەوڵەمەندکردنی ئەو سازدەرانەی شوناسی نەتەوەیی کورددا کاریگەر بوون. هەرچی ئەو رەوتە گورج و خێراتر بێ بەرهەمی ئەدەبی کوردی لە تۆڕی کلتووری جیهاندا زیاتر وە برەو دەکەوێ. بەخشرانی نازناوی “ئیمپڕاتۆری شێعری جیهان” بە شێرکۆ بێکەس پاش مەرگی، لە لایەن شاعیران و نووسەرانی غەیرە کوردەوە و بە تایبەت لە ئێراندا ئەو راستییەی دەرخست کە لە لایەک زمانی هونەر کە شێرکۆ لە پەریزاد و گوڵەکەی دوژمنیدا ستایسی دەکا، شان و شەوکەتێکی بێ وێنە بە نەتەوەیەک دەبەخشێ و لە لایەکی دیکەوە شێرکۆ ئەوەندەی لە ژیانی دا حەولی دەوڵەمەند کردن و ناساندنی شوناسی نەتەوەیی و کولتووری خۆیدا، مەرگیشی ناوبانگ و دەرکەوتنێکی دیکە بوو.
سەرچاوە:
_________________
– آتشی، منوچهر(١٣٨٦) شعر کردی بخشی از پیکرهی فرهنگ ایرانی و جهانی، فصلنامهی تخصصی شعر گوهران
– ئۆپێرا، نیکوولینا (٢٠١٠) نامهیهک بۆ شێرکۆ بێکهس، سلێمانی؛گۆڤاری ئاینده، ژوماره ٨٩
– بێکەس، شێرکۆ(١٩٩٣)ئافات، بێ نا
– پورنامداریان، محمد تقی (١٣٨٠) دره پروانه و حلبچه، مجله انجمن زبان، فرهنگ و هنر کرد، شماره ٧،تهران: دانشگاه شهید بهشتی
– حسن، شیرزاد (١٣٨٤)حصار و سگ های پدرم، ترجمه مریوان حلبچه ای،تهران:نشر چشمه
– خانی، ئهحمهد،(١٣٦٧) مهم و زین، ارومیه: انتشارات صلاح الدین ایوبی
– خزائل،حسن( ١٣٨٤ )فرهنگ ادبیات جهان،تهران:معاونت امور فرهنگی وزارت فرهنگ و ارشاد اسلامی
– رضایی،یونس(١٣٨٣)شیرکو بی کس اندوه سرای رنج دیدگان،ارومیه:نشریه تا خورشید،شماره چهارم سال سوم
– صالحی، سید علی (١٣٧٠) جهان و مویه های ازلی، تهران: مجله دنیای سخن شماره ٤٤
– شێرکۆ بێکهس له فیستیڤاڵی شێعری دونیا له هولهندا ـ(٢٠٠٢)،سلێمانی:گۆڤاری ئاینده،ژوماره ٣٤
– کرۆسێل،پیترا(٢٠٠٠)ئێمه پێشتر خاکی کوردانمان دزیوه(نامهیهک بۆ شێرکۆ بێکهس)سلێمانی:گۆڤاری سهردهم ،ژوماره٨
بۆ خوێندنەوەی دەقی بابەتە کرتە بکە سەر لینکی خوارەوە.
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.