خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «نیری یەخسیری» بەرهەمی ئیڤان ڤازۆڤ بڵاوکرایەوە

کتێبی «نیری یەخسیری» بەرهەمی ئیڤان ڤازۆڤ بڵاوکرایەوە

کتێبی «نیری یەخسیری» بەرهەمی ئیڤان ڤازۆڤ بڵاوکرایەوە

کتێبی نیری یەخسیری ” under the yoke” لە نووسینی ئیڤان ڤازۆڤ، یەکێک لە بەرهەمە بە‌نرخە‌کانی ئە‌دەبی وڵاتی بولغاریایە کە بە زیاتر لە سی زمانی زیندووی دونیا وەرگێڕدراوەتە‌وە. چیرۆکی نیری یەخسیری لە شارێکی چکۆلە لە ناوەندی بولغاریا بە نێوی بیالاچێراکۆوا ڕوو دەدات، نووسەر لەو شاهکارەی خۆی‌دا ژیانی نەتەوەی بولغار لە سەردەمێکی تایبەتی مێژوویی، واتە لەو کاتەی‌دا کە خەریکە لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکە‌ری پێنج‌‌سەد ساڵەی تورکەکانی عوسمانی ڕزگار دەبن، بە شێوەیەکی سرنج‌ڕاکێش دەگێڕێتەوە. نیری یەخسیری بە‌سە‌رهاتی خۆڕاگری و خەباتی نەتەوەیەکە بۆ ڕزگاری و دەستەبەرکردنی ئازادی و سەربەخۆیی…

نەبەز جەهانگیرپوور بۆ وەرگێڕانی ئە‌م کتێبە بە زمانی کوردی، لە سەرچاوە فارسییەکە‌ی “در زیر یوغ” وەرگێڕدراوی «محە‌ممە‌د قازی» کەڵکی وەرگرتووە.

نیری یە‌خسیری پێکهاتوو لە چە‌ندین تابڵۆی تڕاژێدی، ئە‌وین و خۆشەویستی و ژیانی ژێرچە‌پۆکە‌یی و دیلی و یە‌خسیری و هە‌روەها ڕەنگدانە‌وەی بیروباوەڕی نە‌تە‌وەیە‌کی ئازادیخواز و باوەڕمە‌ند بە هێزی ڕاپە‌ڕین

پیتر دینیکۆف مامۆستای زانکۆی «سووفیا» سەبارەت بەم بەرهەمە دەڵێ: چیرۆکی «نیری یەخسیری»، بێگومان یەکێک له بەرهەمه بەنرخەکانی ئەدەبی بولغارستانه و دەکرێ له ڕیزی ئەم کتێبه کەم‌وێنانه داندرێ که پاش ئەوەی چاپ دەکرێ و دێته نێو بازاڕ، سرنجی خوێنەرانی بەئەزموون بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ و لەو بەرهەمه هەست‌بزوێنانەیه که پاش ماوەیەکی زۆریش، کاردانەوەی خۆی له مێشکی خوێنەردا هەر دەهێڵێتەوه و خەڵکان دەهەژێنێ و ڕەنگدانەوەی قووڵی له دڵی بەرەکانی ئایندەدا، جێ دەهێڵێ.
سەرکەوتنی بەردەوامی ئەم چیرۆکەی «ئیڤان ڤازۆڤ»، ئەمەگداری لێوەشاوەیی و کارامەیی نووسەر له هێنانه بەرچاوی ژیانی ڕاستەقینه و هەست‌بزوێنی گەلی بولغاره له سەردەمێکی قەیراناوی مێژووی ئەم وڵاته، واته له بەرەبەری ڕزگاریی وڵاتی بولغارستان له ژێرچەپۆکەیی تورکانی عوسمانی‌دا. هەروەها قەرزداری کەسایەتی ڕاستەقینەی ئەو قارەمانه نیشتمانپەروەرانەیه که لەم چیرۆکەدا دەور دەگێڕن. شایانی باسه که دەوڵەمەندیی حاشاهەڵنەگری زمان و توانایی تەنزی نووسەر و له ئەنجام‌دا هونەری موعجیزەگەرانەی، لەم سەرکەوتنەدا بەشێکی بەرچاویان هەیه.
نووسەر بڕیاری دابوو تابڵۆیەکی پان‌وبەرین له خۆڕاگری و قارەمانییەتی ژیانی گەڵی بولغار وەدی بێنێ. ئەم ئەرکه گرینگەی له بارودۆخێکی تایبەت و دوور له نیشتمانەکەی، واته له ژیانی دوورخراوەیی‌دا به ئەنجام گەیاند. ئەم چیرۆکه له وڵاتی تاراوگه و به دەستی پیاوێک تۆمار کرا که گیرۆدەی ئێش و ئازاری دوورەوڵاتی و غەریبی بوو و یادی نیشتمانەکەی بۆ ساتێکیش له مێشکی نەچووه دەر و هەر ئەوەش بوو بەهۆی بەپێزی و تایبەتمەندی ئەم چیرۆکه.
«ئیڤان ڤازۆڤ» چیرۆکی «نیری یەخسیری»ی له وڵاتی «ڕووسیا» و له ساڵی ۱۸۹۰دا نووسی، واته کاتێک که پاش کۆدتای دژ به شازاده «ئەلیکساندر باتینبێرگ» بوو به پەنابەری ئەم وڵاته. نووسەر کاتی گەڕانەوەی له بەهاری ساڵی ۱۸۸۹، چیرۆکه دەستنووسه تەواو‌نەکراوەکەی له نێو جانتاکەی نا. «ئیڤان شیشمانۆف»، نووسەری کۆمەڵه بەرهەمی فۆلکلۆری و زانستی و ئەدەبی که زانایەکی وردبین و بەتوانا له کارروباری کۆکردنەوەی ئاسەواری چاپ‌نەکراو بوو، دەستنووسی «نیری یەخسیری»ی له «ئیڤان ڤازۆڤ» وەرگرت و هەروا به ناتەواوی، له سێ ژمارەی سەرەکی گۆڤاری «سەرجەمی گەڕوەگەڕی» خۆی‌دا بەچاپی گەیاند (۱۸۸۹ – ۱۸۹۰).
«شیشمانۆف» که له دوایی‌دا دەبێ به مامۆستای زانکۆ، له بەسەرهاتەکانی خۆی‌دا، بە وردی باسی چۆنیەتی‌نووسین و تۆمارکردنی چیرۆکی «نیری یەخسیری» دەکا:
«ئیڤان ڤازۆڤ» له ساڵی ۱۸۸۷، به قوستەنتەنییەدا دەچێ بۆ «ئۆدیسا». لەوێ جەماوەری لایەنگری نەتەوەی «ئیسلاو» و پەنابەرانی بولغاری، به شێوەی ئاسایی، پەنابەرانی بولغارییان وەردەگرتن و به باوەشی ئاوەلاوه پێشوازییان لێ‌دەکردن.»
ناوبراو له نووسراوەکانی خۆی‌دا، باسی «ئیڤان ڤازۆڤ» لەو سەردەمه دەکا که له «ئۆدیسا» به پەنابەری ژیاوه و له زمان ئەو چیرۆکنووسه بلیمەتەوه ئاوا دەڵێ: «من ئیتر لەو ژیانه پڕ تەنگ‌وچەڵەمەیه بێزار ببووم. یادی خاک و زێدەکەم (بولغارستان) هەروا لەگەڵم بوو. سەرەڕای ئەم هەمووه میوانداری و ڕێز و قەدرەی که لەم وڵاتەدا هەمبوو، بەڵام هەر بێگانه بووم و خۆم به غەریب و بێ ماڵ‌وحاڵ دەزانی و وەکوو ئەو پووش‌وپەڵاشانه بووم، که ئاو لەگەڵ خۆی دەیهێنێ. لەو دەمەدا بوو که بۆ قەرەبووکردنەوەی کاتی بێکاری و زاڵ‌بوون به سەر خەم و خەفەتی ژیانی بێ‌هۆی ڕۆژانەم، بیرۆکەی نووسینی چیرۆکی «نیری یەخسیری»م به مێشک‌دا هات… لەم بەرهەمەدا بەتەما بووم دیمەنی ژیانی هاوڵاتییەکانم له کۆتایی ساڵەکانی دوای دەسەڵاتی عوسمانی بخووڵقێنم و یادێک له هەست و ورەی بەرزی سەرهەڵدان و پاڵەوانییەتی سەردەمی «شۆڕشی ئاوریل» بکەم. ئەم بیرۆکەیه شەوێک له مێشکم‌دا گوورا و وردەورده خۆی گرت. به هەست و شۆر و ورەیەکی تەواو دەست‌بەکار بووم. ئەو کەسایەتی و پاڵەوانانەی که به هێزی بیر و خەیاڵی خۆم دەملاواندنەوه، گیانیشم وەبەر دەنان. ئەو سەرقاڵ‌بوون و خۆماندووکردنه، ورەی پێ‌دەبەخشیم. زۆربەی ڕووداو و بەسەرهاتەکانی چیرۆکەکە، له ڕووی بیرەوەری و ئەو شتانەی که به چاوی خۆم دیتبووم، سەرلەنوێ ساز کران و خووڵقاونەوه. زۆرینەی کەسایەتییەکانم له نێو خەڵکی «سۆپۆت»، واته ئەو شارەی تێی‌دا له دایک بووم، گوڵبژێر کردوون، بەڵام به ناو و نازناوێکی جیاواز.»
(«ئیڤان ڤازۆڤ»: بەڵگه و بەسەرهاتەکان، له نووسینی «ئیڤان شیشمانۆف»، چاپی ساڵی ۱۹۱۲ ک سۆفیا. لاپەڕەکانی ۷۵،۷۶، ۲۳۸)
له وەها بارودۆخێک‌دا بوو که بیرۆکەی نووسینی چیرۆکی «نیری یەخسیری» گوورا و «ئیڤان ڤازۆڤ»یش بەشی زۆری چیرۆکەکەی نووسی. هەرچۆنێک بێ، «ئیڤان ڤازۆڤ»، ئاواره و دوور له وڵات، ژیانی ڕۆژانەی تێپەڕ دەکرد و سەرەڕای ئەم گشته میوانداری و خزمەتەی که له «ئۆدیسا» پێی دەکرا، دڵی هەر له بولغارستان بوو و ساتێکیش یادی زێدەکەی له سەر دەرنەچوو. جا لەبەر ئەوەی که ئەو غەریب و ئاواره و دوورەوڵاتە و ئارەزوومەندی گەڕانەوه بۆ باوەشی خزم و کەس و زێدەکەیەتی و پێی ناگا، چیرۆکێک دەنووسێ که قارەمان و کەسایەتییەکانی، بەگشتی هەر لەو شوێنه ئازیز و خۆشەویستەدا خەریکی هات‌وچۆ و جم‌وجۆڵن. له چیرۆکی «نیری یەخسیری»دا، وێنەی نیشتمان له ڕوانگەی وردبینانەی یەکێک له ڕۆڵەکانی ئاوارەی که تەواو سرنج و بیر و هوشی له ئاسۆکانی تەم و خەماوی وڵاتەکەیەتی، سەرلەنوێ زیندوو دەکرێتەوه. جا هەر بۆیه ڕەنگ و ڕوخسارەکان، ڕووداو و بەسەرهاتەکان، دیمەنه سروشتییەکان و خەونه خۆشەکانی ڕابردووی وڵات، ئەو هەمووه شۆر و هەست و جوانییەی لێ‌دەبارێ و هەستی مرۆڤ دەبزوێنێ. جا هەر ئەمه بووەته هۆکاری ئەوه که ڕەوتی چیرۆک، جارجار نەرم و بلاوێن هەروەکوو شێعر و هۆنراوەی ئەویندارانه و جارجاریش توند و سەربزێو، وێنەی حیماسەی پاڵەوانان، هەستی له ڕادەبەدەری نووسەر، بەرامبەر به ڕاستەقینەکان، نیشان بدا. بەڵگەی ئەم وتەیەش، ئافراندنی کەسایەتییه بەرزەکان، یا خود ئەو مرۆڤانەی بەڕواڵەت بچووک، بەڵام جوامێری و مەزنی و ساده و ساکاری دەروونییان، خوێنەر دەهەژێنێ، وەک «سۆکۆلۆف»، «ئۆنیانۆف»، «ڕادا»، «کۆلچۆ»، «چۆربجی مارکۆ»، «گۆینکا»، «لالکا» و… بەڕاستی خوێنەر له ئافراندن و کۆکردنەوەی ورد و وریا و ناسک‌خەیاڵانەی ئەم هەمووه کەسایەتییه سرنج‌ڕاکێشانه که به گووتەی خودی نووسەر، له نێو دۆست و ناسیاوانی کۆن، یان خزمانی دوور و نیزیکی خۆی هەڵیبژاردوون، سەری سووڕ دەمێنێ.
«ڤازۆڤ» ئاوڕێک له ڕابردووی نە زۆر دووری نیشتمانەکەی دەداتەوه تا جوانی و مەزنی و ڕەسەنیی وڵاتەکەی بێنێته بەرچاو. به هێزی بیر و زەینی، کۆمەڵێ ئەکتەر و دەورگێڕ و کەسایەتی هێژا و بوێر و دەروونپاک دەخاته ڕوو کەوا ئامادەن له پێناو ئازادی و سەربەخۆیی نیشتمان، هەموو شتێک، تەنانەت گیانیشیان بەخت بکەن. بەگشتی ئەو کەسایەتییانه خەڵکانێکن ساده و ساکار و دەروونپاک و بێ‌فڕوفێڵ و ئامۆژیار. ئەمانه بەگشتی لەگەڵ نووسەر هاوچەرخن و نووسەر حەزی لێیانه و وا هەست دەکا، هەموو خزم و کەسی خۆینی. «ڤازۆڤ» له سەردەمی منداڵی خۆی‌دا لەگەڵ زۆربەیان هەڵس‌وکەوت و تێکەڵاوی هەبووه. بەکورتی شادی و خەم و هەست و بیرەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی، گەلێ بەهێز و شوێندانەره و مرۆڤ هەر کات وەبیری دێنەوه، هەستی ئۆقره و ئۆخژنێکی تایبەت دایدەگرێ و وێنەگەلێکی ڕەنگین و نەخشین له پێشینییانی بۆ زیندوو دەبێتەوه.
«نیری یەخسیری» تەنیا بەرهەمی ئەدەبیی ئورووپا نییه که له وڵاتی بێگانه و له تاراوگەیەکی ئاوێته لەگەڵ هەست و سۆزی بەهێزی نیشتمانپەروەرانه نووسرابێ. «ئیڤان شیشمانۆف» له بیرەوەرییەکانی خۆی‌دا له زمان «ئیڤان ڤازۆڤ» زۆر شتان باس دەکا، بۆ وێنه: «ژیانی پەنابەرانی بولغاری له ساڵی ۱۸۸۶دا، مرۆڤ دەخاته بیر شێعرەکانی «ئادام میسکیویچ» که له شێعری نیشتمانپەروەرانەی «ئاقام تاتاوس»دا، باس له چۆنییەتی باری ڕووحی و دەروونیی پەنابەران دەکا.» (هەمان کتێب لاپەڕه ۷۵)
ئەم پێک‌گرتنه بێ‌جێ نییه، چوونکه شێعر و بەسەرهاتی «ئاقام تاتاوس»یش هەر وەکوو «نیری یەخسیری»، له سەردەمی پەنابەری‌دا نووسراوه و «میسکیویچ»یش له شاری پاریس دەژیا و هەستی به غەریبی دەکرد و هەموو کات ئاواتی گەڕانەوەی بۆ باوەشی نیشتمانەکەی هەبوو. ڕوون و ئاشکرایه که شاعیری «لێهستانی»، به هەستێکی قووڵ و پتەو و هونەرمەندانه، ژیانی نەتەوەی «لێهستان» و سروشتی هەست‌بزوێنی نیشتمانەکەی به جوانی خووڵقاندووه. نووسراوەیەکی ئاوێتەی تەوس و حەنەک و تەژی له شۆر و هەست، شایەتێکه بۆ متمانه و بڕوای شاعیر به دواڕۆژی گەلەکەی و به ئەوین و خۆشەویستی پاک و بێ‌خەوشی ئەو، بەرامبەر به ژیان و مرۆڤایەتی.
بێگومان هەر ئەو بڕوابەخۆبوونه و باوەڕمەندی به هێزی ڕاپەڕین و ئەوین و خۆشەویستی بەرامبەر به مرۆڤ و ژیان، له نێو لاپەڕەکانی چیرۆکی «ئیڤان ڤازۆڤ»دا ئاشکرا خۆ دەنوێنێ. بەڕاستی ڕۆمانی «نیری یەخسیری» بەڵگەیەکه له سەر گرینگ‌ترین و مەزن‌ترین ئەرکێک کەوا گەلی بولغار دەبووایه بەجێی بێنێ. ئەم بەرهەمه له سەردەمێکی ڕەش و تاریک‌دا ڕوو دەدا؛ ڕۆژگارێک که وڵاتی بولغارستان له ژێر زەبروزەنگی دەسەڵاتێکی ستەمکار و بێگانە دایه و گەلی بێ‌تاوان و بێ‌دەرەتانی، پشتی له ژێر تاڵ‌ترین و قورس‌ترین باری زۆر و ستەمەکان‌دا چەماوەتەوه. نووسەر هەر له سەرەتای کتێبەکەدا باسی ئەم هەموو ستەم و ناهەقی و ناڕەوایی‌یه دەکا. سەرانسەری کتێبەکه پڕه له تابڵۆگەلی زوڵم و زۆری و دزێوی و ناحەزی ناحەزانی تورک و دەسدرێژی بۆ نامووس و پیاوکوژی و تاڵان‌وبڕۆی خەڵک. ئەم شانۆ شوومانه، بەتایبەت ئەو ڕووداوانەی که پاش سەرکووت‌کردنی شۆڕشی ئاوریل ڕووی داوه، بەڕوونی و ئاشکرایی نیشان دراون. قەڵەمی «ئیڤان ڤازۆڤ» نەتەنیا دوژمنان دەکووتێ، بەڵکوو هەڵدەکوتێته سەر خوێڕی و خۆفرۆشانی ستەمکاری بولغاریش کەوا غەیان و بێ‌غیرەت، دوژمنی گەل و هاریکاری داگیرکەرانن. چیرۆکی «نیری یەخسیری» باسی گەلی بولغار دەکا کەوا خەریکه خۆ له چنگ تورکانی داگیرکەری عوسمانی ڕزگار بکا. به‌شێوەی ئاسایی، کتێبێک که باسی چەوسانەوه و ئێش و ئازار و ئەشکەنجەی گەلێکی ژێرچەپۆک و غەدرلێکراو بکا، دەبێ خوێنەر بێنێته کوڵ و بیهەژێنێ و ناهومێدی بخاته نێو دڵان، بەڵام بەپێچەوانه، ئەم ڕۆمانه وەها کاردانەوەیەکی نییه، چوونکه ئەم چیرۆکه، بەرهەمێکه شاد و شیرن و تەژی له هیوا و گەشبینی. لەبەر وەی که نووسەر له لایەک داب‌ونەریتی چینی هەژار و ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانی و، بەرزی ڕووحی و خووخدەی زۆربەی هەرەزۆری خەڵک و نیشتمانپەروەری و خۆڕاگری گەل و له لایەکی ترەوه سەرهەڵدانی بزاڤی کۆمەڵانی خەڵک و بەربەرەکانی بۆ ئازادی وڵات و شۆڕشی ئاوریل و نەبەزی و دلێری گشتی کردووەته هەوێن و دەسپێکی ڕۆمانەکەی. خوێنەر بەباشی له سەرەتا و پێکهێنانی شۆڕش و دامەزراندنی کومیتەکانی شۆڕشگێڕی و سەرهەڵدانی هەستی نیشتمانپەروەری، بەکورتی له گشت ئەو شتانەی که «ئیڤان ڤازۆڤ» وەکوو «سەرخۆشی گەل» باسی لێ دەکا، خۆ به هاوبەش دەزانێ.
شنەی نیشتمانپەروەری به سەر گشت لاپەڕەی وەرزەکانی کتێبەکەدا، بەتایبەت وەرزەکانی «شانۆ» (هاوڕێ لەگەڵ سروودی شۆڕشگێڕانەی کۆتایی)، «سەرکەوتووەکان میوانداری له تێکشکاوەکان دەکەن»، «دوو لایەنی دژ به یەک»، «کیسەی شین»، «له دەوری کۆلکه‌دارێک»، «دوعای تازەی مارکۆ» و… کشاوه. تەنیا دەکرێ بڵێین (بیرەوەرییەکانی) «زاخاری ئیستۆیانۆف» سەبارەت به سەرهەڵدانەکانی بولغارییەکان له سەردەمی دەسەڵاتی تورکانی عوسمانی‌دا بۆی هەیه لەمەڕ درکاندن و دەرخستنی هەستی نەتەوایەتی له دەسپێکی هەڵاییساندنی شۆڕشی ئاوریلدا لەگەڵ ئەم وەرزانەی ڕۆمانی «نیری یەخسیری» شیاوی پێک‌گرتن و هەڵسەنگاندن بێ. هەست و خرۆشی نیشتمانپەروەری له گشت بوارەکانی ژیانی ڕۆژانەدا پەرەی ئەستاندووه و بۆ داب‌ونەریت و گشت کەلێن و قوژبنی کۆمەڵگا تەشەنه دەکا. لەو ساڵانەی کەوا تین و گوڕی شۆڕشگێڕی بەوپەڕی خۆی دەگا، ئەو تین و گوڕه، کاردانەوە و شوێنی خۆی له سەر هەر چەشنه جم‌وجۆڵ و سەربزێوی و سەرهەڵدانی گەل دادەنێ و گەورەیی و مەزنی ئەو سەردەمانی هەر لێرەدایه. ئەلێره بۆ نموونه بەشێکی بەرچاو له وەرزی «سەرخۆشی نەتەوەیەک» دێنینەوه: «ئەم گوڕ و تینه شۆڕشگێڕانەیه که هەموو شتێکی نوقمی خۆی دەکرد، ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر پەرەی گرت و چالاکی و ڕێکخستنی کاروباری بزووتنەوه بەردەوام بوو. پیر و لاو دەست‌بەکار ببوون و بۆ تواندنەوەی سورب و سازکردنی گوللە، لادێیی‌یەکان کاروباری کشت‌وکاڵ و شارنشینەکانیش کاروکاسپی خۆیان بەجێ‌دەهێشت. به شەو و به ڕۆژ پەیک و وڵامبەر بۆ گەیاندنی نەهێنییەکانیان له نێوان دەسته و گرووپه جۆراوجۆرەکانی شۆڕش و کومیتەی ناوەندی «پاناگوریشته» له هات‌وچۆدا بوون. پۆلیسی نەهێنی هەڵقوڵاو له ناخی خەڵک، بەردەوام چاوەدێری کاروباری پۆلیسی حکوومەتی بوو. گەنج و لاوانی چەکدار له ژێر فەرمانی فەرماندەران له گرووپەکانی سەد کەسی و ده کەسی، بە نەهێنی خەریکی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بوون. ژنان چوگمەبەند و تەناف و جل‌وبەرگی گەرمیان بۆ پێشمەرگەکان دەچنی و فتیلەییان ساز دەکرد. پیرەژنەکانی هەویریان دەشێلا و بیسکویتیان درووست دەکرد. پینەچییەکانیش جگه له کۆڵەپشتی و تووربێن و پێڵاو و فانووسقه و… بۆ شۆڕشگێڕان، هیچی تریان ساز نەدەکرد…».
هەست و شۆری شۆڕشگێڕی کار له «مارکۆ ئیڤانۆف»ی بازرگانیش دەکا. ئەو پیاوێکی باش و ڕووناکبیره و تۆسقاڵێکیش خەیاڵپەروەری تێ‌دا بەدی ناکرێ. ئەو پیاوه له وەرزی «له دەوری کۆلکەدارێک»دا، له سازکردنی تۆپ له داری گێلاس بەشدار دەبێ و بەو پێشگۆیی‌یە که دەڵێ «ئیمپڕاتۆری عوسمانی سەرنخوون دەبێ»، له شک و گومان و دوودڵی ڕزگاری دێ و لەگەڵ کاروانی خەبات و بەربەرەکانی گشتی تێکەڵ دەبێ و لەم کاتە دایه که ئاڵ‌وگۆڕییەکی ئەوتۆ به سەر ویژدانی‌دا دێ، بەڵام ئەم ئاڵ‌وگۆڕییه لە نەکاو ڕوو نادا. «ڤازۆڤ» «چۆربجی مارکۆ»ی هەر له سەرەتای چیرۆکەکه به ئێمه دەناسێنێ، له حاڵێک‌دا سەرپۆش له سەر خووخدەی زاتی ئەو لادەبا و له درێژایی ڕۆمانەکەدا ڕێز له هەستی نیشتمانپەروەری ئەم کەسایەتییه دەگرێ. نووسەر بەرەبەره ئێمه دەگەیەنێته ئەو ئاسته که «مارکۆ ئیڤانۆف» بیرۆکەی هەڵایساندنی شۆڕش دەسەلمێنێ و بڕیار دەدا که به دڵ و گیان بۆ بەشداری ئامادەیه. هەر لەم وەرزەی ڕۆمانەکە دایه که هێزی داهێنان و هونەریی نووسەر بەوپەڕی خۆی دەگا. نووسەر بەم چەشنه له دەرخستن و نواندنی هونەری خۆی، له لایەک وردبینی و دووربینی بەرجەسته دەکاتەوه و هۆگریی نەتەوەیی و هەستی نیشتمانپەروەری دەخاته ڕوو و له لایەکی تریشەوه هەر ئەم سۆز و هەستەی به لێکدانەوه و شرۆڤەی دەروونی کەسایەتییەک و به دیتنی بەرەبەرەی ئاڵ‌وگۆڕی که له بارودۆخی ڕووحی ئەودا وەدی دێ، بەرپەرچ دەداتەوه. بەم چەشنه سیمای «مارکۆ ئیڤانۆف» زۆر بەباشی دەخرێته ڕوو. بۆ نموونه له کارگەی بەرمیل‌سازکردن و له کاتی وت‌ووێژ لەگەڵ «میچۆ بیزەدتۆ» سەبارەت بەو پێشگۆیی‌یە که دەڵێ: «ئیمپڕاتۆری عوسمانی سەرنخوون دەبێ»، ئەو ڕستەیەی که له سەر داره لووسەکەی قۆنداغی تۆپەکه هەڵقەندراوه و هێندێک دواتر کاتی ڕوودانی ئەو بەسەرهاتانەی که زەمینه بۆ وەرزی «دوعای تازەی مارکۆ» لەبار دەکا. خورپەیەکی که به دڵی «مارکۆ ئیڤانۆف»دا دێ، کاتێک ئەو ڕاچڵەکین و دڵەخورپەیه بەوپەڕی خۆی دەگا که «مارکۆ» دەبینێ کوڕەکانی خۆی بۆ مەبەستی هەڵایساندنی شۆڕش، ژێرخانی ماڵەکەیان پڕ کردووه له چەک‌وچۆڵ و تەقەمەنی!
«ڤازۆڤ» به هێزی پێنووسی توانا و گەزندەی خۆی، بەوپەڕی لێوەشاوەیی‌یەوە باسی پێکهێنان و هەڵایساندنی شۆڕش دەکا و پێکهاتەی ڕووداوەکانی وەکوو تابڵۆیەکی نەمر و هەرمانه که بەدی هاتووه له هەوڵ و تێکۆشان و خەباتی خەڵک بۆ سەرنخوون‌کردنی دیکتاتۆری تورک و دەسەڵاتی بێگانه و وەدیهێنانی ئازادی. نووسەر لەم شانۆیەدا چالاکی و قارەمانییەتی گەل، چ له کاتی هەڵایساندن و پێک‌هێنانی شۆڕش و چ له جەرگەی شۆڕش‌دا، بەباشی نیشان دەدا. لێبڕاو دەبێ دان بەوه دابێنن که لەم چیرۆکەی «ئیڤان ڤازۆڤ»دا، شۆڕش دوور له ناوەندەکانی گرینگی بەربەرەکانی له ئارا دایه، جا هەر بۆیه تێگەیشتن و ڕوون‌کردنەوەیەکی ئاشکرا له سەرهەڵدان و ناوەنده گرینگەکانی شۆڕش که گەلی چەک‌بەدەستی بولغار به سەری‌دا زاڵ بووه، خۆ بە دەستەوه نادا. ڕێکخستنی لێزانانەی ڕۆمان تەنیا نیشاندەری سەرهەڵدانی هۆگریی نیشتمانپەروەرانە و بنەماکانی وەپێش‌کەوتنی قۆناغەکانی سەرهەڵدان و هەڵقوڵینی ئەو هەست و بیرۆکانەیه که دەبنه هۆی ڕوودانی شۆڕش.
یەکەمین وەرزی چیرۆک له ژێر ناوی «دیدار»، چاوپێکەوتنێ «ئیڤان کرالیچ» یان «بۆیچو ئۆنیانۆف»ی ئایندەیه که کەسایەتی گرینگ و قارەمانی سەرەکی ڕۆمان دێته ئەژمار. له کورته وت‌ووێژێک‌دا که «ئیڤان کرالیچ» و «مارکۆ ئیڤانۆف» بەیەکەوه دەیکەن، نووسەر ئەو هەلەمان بۆ دەڕەخسێنێ کەم‌تاکورتێک لەگەڵ قارەمانی ڕۆمانەکەی که یەکێک له گرینگ‌ترینی ئەو کەسانەیه که بیرۆکەی شۆڕش و نیشتمانپەروەری و سەربەخۆیی و ئازادی له مێشکی هاووڵاتییانی‌دا دەچێنێ، ئاشنا بین. وەرزی دوایی له ژێر ناوی «تۆفان»، نیشاندەری گرینگ‌ترین هۆکارەکانی سەرهەڵدان و پەرەستاندنی شۆڕشه. لەو وەرزەدا باسی دوو چەته و ڕێگری ملهوڕی تورک دەکا که بەتەمان ئاشەوانێکی بەستەزمانی بولغاری بکوژن و دەسدرێژی بۆ سەر کچەکەی بکەن. «کرالیچ»یش بۆ ڕزگاری ئاشەوان و کچەکەی، هەردووکیان دەکوژێ. وەرزەکانی دواییش له ژێر ناوی «نیوەشەو»، «نامه» و «دلێری»، کۆمەڵێک هۆکاری تازه له خەبات و بەربەرەکانی گەلی چەوساوه و ستەم‌لێکراو بەرامبەر به داگیرکەرانی تورک نیشان دەدا. بەم چەشنه خوێنەر هەر له سەرەتاوه تێکەڵاوی مەیدانی پڕ هەڵس‌وکەوتی چیرۆکەکه دەبێ. بەرەبەره وەدی‌هاتن و دارەداره و پێ‌هەڵگرتنی شۆر و هەستی شۆڕشگێڕی له نێوان چین و توێژی کۆمەڵگا دەخاته بەرچاو و مرۆڤ بەرامبەر به پەره‌گرتنی هەستی نەتەوەیی و ڕووحی لە خۆبردوویی و فیداکارانەی گەل دەهەژێ.
«ڤازۆڤ» له وەرزی «خەم و پەژارەکانی ڕادا» کاتێک باسی تاقی‌کاریی قوتابییەکان دەکا، بەڕاستی هونەرەکەی زۆر بەباشی دەخاته ڕوو و وێنەی نووسەرێکی ڕیالیست خۆ دەردەخا. له باسی ئەو وەرزەدا گەیشتن به ئازادی ڕوون و ئاشکرایه. له وەرزی «شانۆ»دا دەبینین خەڵک چۆن له بەر چاوی بەرپرس و کاربەدەستانی تورک هەستی خۆڕاگری و شۆڕشگێڕانەی خۆیان دەردەبڕن و ئەو وت‌ووێژ و باس‌وخواسانەی که له چایخانەی «گەنکۆ» ڕوو دەدا، نیشاندەری ئەوەیه که بیری ئازادی تا چ ڕادەیەک له نێو مێشک و ڕووحی گەلدا پەروەرده بووه و پەرەی ئەستاندووه. وەرزەکانی «سەرکەوتووەکان میوانداری له تێکشکاوان دەکەن»، «دوو لایەنی دژ به یەک»، «له دەوری کۆلکه دارێک»، «دوعای تازەی مارکۆ»، ئەو هەل و کاته ناسکانەی سەرهەڵدان و پێکهاتنی شۆڕش دەخووڵقێنن و نووسەر گەلێک تابڵۆی زیندوو و لەبیرنەچۆوەی کەوا شوێن‌دانەر و مرۆڤ‌هەژێنن نیشان دەدا. ئەو لاپەڕانە کۆمەڵێ قارەمانی باشمان پێ‌دەناسێنێ، وێنەی: «ئۆنیانۆف»، «سۆکۆلۆف»، «ڕادا»، «کۆلچۆ»، «چۆربجی مارکۆ»، «گینکۆ» و…و هەروەها تاقمێک خوێڕی و دەغەڵ و دوژمنانی گەلیشمان وەکوو: «چۆربجی ئیوردان»، «کاریاک»، «ئیستفچۆف» و… بۆ دەخاته ڕوو.
زۆر وردەکاری تریش که ڕوون‌کەرەوەی بەسەرهات و ڕووداوگەلی ڕۆژانەن و خۆیاکەری بارودۆخی سەردەمن، ناوەرۆکی چیرۆکەکه پتر بۆ لای ڕاستی ڕادەکێشن و هێز و توانای قەڵەمی نووسەریان بەوپەڕی خۆی گەیاندووه. «ڤازۆڤ» ئەو سەردەمەی هێناوییەته نێو داستانەکەی بەباشی دەناسێ، بۆچی؟ چوونکه خۆی لەگەڵ بەسەرهات و قارەمان و کەسایەتییەکانی ڕۆمانەکه هاوچەرخه. ئەو نەتەنیا لەگەڵ مەزنی و گەورەیی ئەو سەردەم، تەنانەت لەگەڵ بیروبۆچوونی ئەو تاقمه کەمه وردەبۆڕژوایه کەوا نیشتەجێی شارۆچکەی لە دایک‌بوونی خۆینی، شارەزایی هەیه. ئاوەزی پڕ مایەی ئەو، سەرەڕای ئەوه که زەمینەی ژیانی قارەمانانه دەخاته بەرباس، هەروەها لایەنی گاڵتەجاڕ و بێ‌بایەخ و لایەنی داب‌ونەریتی شارستانی و گەلێک وردەبەسەرهاتی تر و پەستی و خوێڕییەتی تاقمێک کەسایەتیان باس دەکا. نووسەر بێ لەمپەر و چاوپۆشی، گەلێ گاڵته و حەنەکی هێناوەتەوه. بەرزی و نزمی و گەورەیی و پەستی لاپەڕەکانی چیرۆک، لێکدا لێکدا بەرەنگاری یەکتر دەبنەوه و بەرامبەر یەکتر دەوێستن، هەر ئەوەش خۆی له خۆی‌دا بووەته هۆکاری ئەوه که بەسەرهاتەکه پتر له ڕاستەقینه نیزیک بێتەوه و له گێژاوی ڕۆمانتیسم دوورکەوێتەوه.
هێزی ڕۆمان، ڕیالیسم و ڕاستەقینەی قووڵی مێژوویی که لەودا بەدی دەکرێ، له ڕاستی و درووستی هێزەکانی سەرەکی بەشدار له ئاڵ‌وگۆڕی کۆمەڵایەتی بولغارستان له بەرەبەری ڕزگاربوون له ژێرچەپۆکەیی تورکان خۆ نیشان دەدا. ئەم تایبەتمەندییانه کاتی وتنی ویست و داخوازییەکانی شۆڕشگێڕانه، کاتی دەربڕینی شۆر و هەستی نیشتمانپەروەرانە و لەو مەبەست و ئامانجه پیرۆزانەی کەوا گەل خەبات و بەربەرەکانی بۆ دەکا، خۆ دەنوێنن. هەڵبەت پێویسته ئەمەش بڵێین که نووسەر هەوڵی زۆری داوه تا خووخدەی باش و کردەوەی بەرچاوی ئەو مرۆڤانەی بەڕواڵەت چکۆلەن، زەق بکاتەوه؛ ئەمەش خۆی له خۆی‌دا هۆکارێکه بۆ ئەوەی له دڵی بەرەکانی داهاتوودا، گەشبینی هەمەلایەنه و کاردانەوەی نیشتمانپەروەرانە شوێنی خۆی دابنێ. هەروەها نووسەر له زۆر شوێنان باسی وڵاتی ڕووسیا دەکا و بۆ ڕزگاری وڵاتی بولغارستان و گەیشتن به ئازادی گەلێک هیوای به گەلی ڕووس هەیه و زۆر جاران خۆشەویستی و هۆگری گەلی بولغاری به ڕووسیا نیشان دەدا.
«ئیڤان ڤازۆڤ» شۆر و شەوق و بیر و بۆچوونی نەتەوەی بولغار، لەو ساڵانەی که بزووتنەوەی ئازادیخوازانه بەوپەڕی خۆی گەیشتبوو و هەست و هۆگری نیشتمانپەروەرانه تەنانەت بۆ نێو دڵی منداڵانیش دنەی کردبوو، بەوپەڕی ساکاری و سادەیی‌یەوه بەیان دەکا و له دەرخستن و ئاشکراکردنی لایەنەکانی دراماتیکی بەرزی که لەو هەست و هۆگرییەدا بەدی دەکرێ، له بەرامبەر‌بوون لەگەڵ هێزەکانی کۆنەپەرەست که حەز دەکەن بەرگری له خەبات بۆ ئازادی نەتەوەی بکەن، بەباشی به ئامانج گەیشتووه و هەر ئەم جۆره ڕوانگەیەی نووسەر که له باری مێژوویی‌یەوه بەجێیه، ئەو توانایەی پێ بەخشیوه تا داهێنان و ڕەوتی نووسینی ڕۆمانەکەی له تەگەره و تەنگ و چەڵەمەی ڕووداو و بەسەرهاتەکان، به ڕەوانی بەرەو پێش بەرێ و تام و چێژێک به داستانەکه ببەخشێ که بەردەوام خوێنەری له دڵەڕاوکه و چاوەڕوانی‌دا بهێڵێتەوه.
بەم جۆره، کەش و هەوای هەست‌بزوێنی چیرۆکی «ئیڤان ڤازۆڤ» تەنیا باسی بەربەرەکانی بۆ ئازادی و باسی ڕووح و جەوهەری شۆڕشی ئەو سەردەم ناکا، بەڵکوو توانای ئەم بەرهەمه له خستنه بەرچاوی دیمەنی سرنج‌ڕاکێشی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی بولغارستان له نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەهەم‌دا خۆ دەنوێنێ. چیرۆکنووس بەتایبەت دێنێ کاری نووسینی ئەم ڕۆمانه له سەر زەمینه و گۆڕەپانێکی بەربڵاودا دادەنێ، ئەمەش کارێکی ڕەمەکی و لە خۆوه نییه، بۆچی؟ چوونکه ئەم نووسەره ڕیالیستە لەم خاڵه خافڵ نەبووه که بەربەرەکانی و هەوڵدان بۆ ڕزگاری و ئازادی گەل و نیشتمان، له سەر مەیدانی پان‌وبەرینی ژیان دەبێ ڕوو بدا و لەگەڵ هەزارویەک لایەنی جۆراوجۆر له چالاکییەکانی کۆمەڵ هاوڕێ بێ و تەنیا بەم جۆره دەکرێ سەرهەڵدان و بەربەرەکانی درێژەی هەبێ.
له ڕاستی‌دا نووسەر هەر له سەرەتای دەسپێکی چیرۆکەکەی، ئێمه دەباته نێو ژیانی ڕۆژانەی شارۆچکەی خۆی و خوێنەر له تابڵۆی دڵنشین و دڵگیری خواردنی نانی شەو له ماڵی پڕ خێزانی «مارکۆ ئیڤانۆف»، چێژی تایبەت وەردەگرێ. هێندێک دوورتر بڕۆین، نووسەر له چەند جێی تر کردەوەی شۆڕشگێڕانە لەگەڵ ڕووداوەکانی ڕۆژانه تێکەڵ دەکا، ئەم تابڵۆیانه ڕاستەوخۆ ئامانج نین، بەڵکوو پەیوەندگەلێکن بۆ بیری سەرەکی چیرۆک و له ڕاستی‌دا هەر یەکه به چەشنێک داربەست و چوارچێوەی ساختمانی هونەری ڕۆمانەکەن.
بەدی‌هێنان و نەخشاندنی دیمەن‌گەلی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی بولغار و شەڕ و بەربەرەکانی لەگەڵ زوڵم و ستەمی تورکان، ئەو هەلەی بۆ «ئیڤان ڤازۆڤ» ڕەخساندووه تا باش‌ترین دیاردەکانی ڕەفتاری و خووخدەی نەتەوەی بولغار یان به واتایەکی تر، کەسایەتی هەزاران بولغاری نەدار و هەژار که له بەرەبەری ئازادی بولغارستان هەوڵیان بۆ ئازادی داوه، زەق بکاتەوه. ئەو دەیهەویست ئەو کەسایەتییانه کەوا خاوەنی تایبەتمەندی گرینگ و بەرچاون، نیشانی هاوچەرخەکانی خۆی بدا تا له ئایندەدا دڵسارد نەبنەوه و ئەمەش خۆی نیشاندەری سەرفەرازی نووسەرێکی سەرخۆش له شۆر و ئەوینی نیشتمانپەروەرانەیه که گەورەترین بەرهەم و ڕۆمانی خۆی له ساڵانی دوورخراوەیی و بە یادی خاک و زێدەکەی نووسیوه. ژیانی تاراوگەیی ئەو هەلەی باش‌تر بۆ «ڤازۆڤ» ڕەخساندبوو تا تایبەتمەندییەکانی خووخدەی و ڕەوانی گەلەکەی بو دەرکەوێ. باس‌کردنی ڕاستەقینەی ئەخلاق و کردەوەی خەڵکان و کێشانەوەی دیمەنگەلی ئاقار و ژینگه، هۆکارێکی گرینگ بوون له دەستی نووسەردا تا دیمەنی وڵاته زۆرلێکراو و ژانی گەلەکەی له نێو لاپەڕەکانی چیرۆکەکەی‌دا بنەخشێنێ و بوار بدا به هەستی نیشتمانپەروەرانەی خۆی.
ئەو دەرد و داخەی که بەرۆکی «ئیڤان ڤازۆڤ»ی گرتبوو، تەنیا ئاواتی گەڕانەوه بۆ خاک و زێدەکەی و دیتنی هاووڵاتییەکان و سروشتی دڵبزوێنی نیشتمانەکەی نەبوو، بەڵکوو دڵتەنگ و تامەزرۆی زمانەکەشی بوو، زمانێکی که ڕەسا و شیرینه و تەڕی و پاراوییەکی تایبەت به خۆی هەیه. نووسەر به باشی شارەزایه که چۆن بۆ نووسینی ڕووداو و بەسەرهاتەکان له زمانەکەی کەڵک وەرگرێ و بەپێی ئەوەی که دەیڵێ زۆر شارەزایانه و مامۆستایانه دایبنێ تا بەوپەڕی هەست و شێعر بگا. له ژێر قەڵەمی «ڤازۆڤ»، زمان وەک مێووڕۆنه و دەبێ به ئامرازێکی بەسوود بۆ نیشان‌دانی کەسایەتی و گێڕانەوه و باس‌کردنی لایەنەکانی تری ڕۆمان. نووسەر زۆر به هاسانی گشت سەرچاوەکانی زمانی بەکار دێنێ و کەڵکیان لێ‌وەردەگرێ. ئەو له وڵاتی غەریبی‌دا گەلێک کەیفخۆش دەبێ لە وەی که هەست به دەوڵەمەندبوونی زمانەکەی دەکا و بەباشی بۆی دەردەکەوێ که زمانەکەی تا چ ڕادەیەک توانای داهێنان و بەرهەم‌هێنانی هەیه. «ڤازۆڤ» خۆی سەبارەت به چیرۆکەکەی گووتبووی: «سرنجدان بەو بیرەوەرییه خۆشانەی که له مێشکم‌دا بوون، سەرەڕای ئەوەی که له نیشتمانەکەشم دوور کەوتبوومەوه، بەڵام هەر هەمیشه لەگەڵی له پەیوەندی‌دا بووم»، ئەم وتەیه زمانەکەشی دەگرێتەوه.
بەکورتی زمان تەنیا یەکێک له هۆکارەکانی بەدی‌هێنی هونەری نووسەری «ژێرچەپۆکە»یه. هەروەها ئەم هونەره له سەرلەنوێ ئافراندنەوەی چاخێک له ڕابردووی نیزیکی وڵات، له وەبیرهێنانەوەی بیرەوەرییەکانی له ڕەنگ و ڕوخساره زیندووەکان، له بەرجەسته کردنەوەی کەسایەتییەکان، له دەرخستنی بەرچاوی پەیوەنده کۆمەڵایەتی و تاکەکەسییەکانی دژوار، له تۆمارکردنی دیرۆک و خستنه نێو چوارچێوەی گەورەی پاڵەوانییەتی، له پێدانی دڵەڕاوکێ و تام و چێژ به ڕووداو و بەسەرهاتەکان و هەروەتر له دیاری‌کردنی کاتەکانی سەرەکیش‌دا هەر هەیه.
هەست و هۆگرییەکی که چیرۆکەکه له خوێنەردا وەدی‌ دێنێ، تەنیا به بابەتی سرنج‌ڕاکێشی کتێبەکه کۆتایی نایا و تەنیا بۆ ئەمه نییه که پێهەڵاگووتنێکی هەستۆکی لێ بکرێ، ئەم هۆگرییه له لایەنه تایبەتی و جوانییەکانی هونەری سرنج‌ڕاکێشی بەرهەمەکه و لەو خۆشییانەی هەڵقوڵاو له هەستی جوانناسی که له خوێنەردا وەدی دێ، دەردەکەوێ و ئەمەش ئەو شتەیه که وێدەچێ خوێنەر به دەرچوونی بەرهەمەکه سەلماندوویەتی. له ئەدەبیاتی وڵاتی بولغار، هیچ کتێبێکی تر نییه که وەکوو ئەم بەرهەمه دەنگی دابێتەوه و ڕەنگدانەوه و کاردانەوەیەکی ئەوتۆی له نێو دڵ و دەروونی بەرەی گەنج و لاودا وەدی هێنابێ.
«نیری یەخسیری» هەر له سەرەتای دەرچوون، سەرکەوتنێکی مەزنی به‌دەست هێنا. بیر و هۆشی لاوانی بزاوت و بەتەواوی بوو به دۆست و هاواڵی خوێنەران و به دەرخستن و هێنانه بەرچاوی کاریگەریی سەردەمێکی گرینگ له مێژووی بولغارستان، شوێنێکی مەزنی له سەر بیر و ویژدانی خوێنەر دانا. زۆری نەخایاند ناو و ناوبانگی کەوشەنەکانیشی بەزاند. له ڕاستی‌دا ماوەیەکی درێژه که کتێبی «نیری یەخسیری» چووەته ڕیزی ئەدەبیاتی جیهانەوه. بەڵگەی ئەم وتەیەش، وەرگێڕانی بۆ سەر زمانه جۆراوجۆرەکانی وڵاتانی جیهانه. ئێمه گوێبیست و ئاگاداری پێهەڵاگووتن و ستایشی زۆر خەڵکانی جیهانین که ئەم بەرهەمەی «ڤازۆڤ»یان له سەردەمی لاوی‌دا خوێندووەتەوه و دەتوانین بیسەلمێنین که ئەم پەڕتووکه هەست‌بزوێنه، کاردانەوەیەکی ئەوتۆی له پەروەردەکردنی کەسایەتی و خووخدەی ئینسانی ئەوان هەبووبێ. بێگومان ئەم بەرهەمه گرینگه هەستی بەهێزی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی و لایەنگری مروڤانه بەرامبەر به زۆرلێکراو و بێ‌بەشانی بەوان ئیلهام کردووه و ڕێگەی قارەمانی و ئازادی بەوان نیشان داوه. خوێنەری بێگانەش هەر وەک خوێنەری بولغاری، هەست و شۆری نووسەر له تۆمارکردنی ئەم بەرهەمه جوانه و ئەو زەمینه پڕ له دڵەڕاوکەیەی کەوا ڕۆمانەکه پێی‌دا دێت و دەڕوا، هەست کردووه، جا هەر بۆیه هەر کات ئەم کتێبه دەکەوێته دەستی خوێنەری بولغاری، یا خود دەرەکی، هەست به کەش و هەوای قووڵی دەکا.

بۆ خوێندنەوەی دەقی بابەتە کرتە بکە سەر لینکی خوارەوە.

  https://t.me/kurdishbookhouse

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «خۆبەڕیوەبەری شەنگال» چاپ و بڵاو کرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *