خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ڕووبارێک فرمێسك، بەشوێن ڕووبارێك خوێنەوە

ڕووبارێک فرمێسك، بەشوێن ڕووبارێك خوێنەوە

ڕووبارێک فرمێسك، بەشوێن ڕووبارێك خوێنەوە

قادر عەلیخا

وەک ئارەقێکی نەرم و گیرا وایە. هەر ئەوەندەی دوو پیاڵەی لێ هەڵدەیت، ئیتر سەرت گەرم دادێت و پیاڵە بە دوای پیاڵەدا هەڵیدەدیت و لەبیرت دەچێتەوە سەرەتا بڕیارت دابوو هەرچوار پیاڵەی لێ بخۆیتەوە و بۆ ئەوەی زۆر کەلەلا نەكەویت وەلاینێت. بەڵام بێئاگا لە خۆت و بڕیارەکەت، دەخۆیتەوە و دەخۆیتەوە و لەسەرخۆش سەرخۆشتر دەبیت و نازانی کەی خەو و ماندوویەتی کتێبەکەیان لە دەست وەرگرتوویت. باسی ڕۆمانی «ئارابخوێن»ی  ڕۆماننووس، مەحموود نەجمەندین دەکەم.

گێڕانەوەکە وەک سەمفۆنیایەک دەست پێدەکات. سەرەتا نەرم و لەسەرەخۆ. خوێنەر لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت. نۆت بە نۆت، پەردە بە پەردە دەبزوێت و ڕێدەکەوێت. ماوەیەک نەرم و لەسەرخۆ دەڕوات. بەرەبەرە بای باڵی خۆش دەکات و سەر دەکەوێت. دەڕوات و دەڕوات، هەتا دەگاتە کەشکەڵانی بەرزی. لەوێ، لەو شوێنە بەرزە ماوەیەک لەنگەر دەگرێت و کەفوکوڵی دڵی خۆی هەڵدەڕێژێت و پاشان بەرەو نزمایی شۆڕ دەبێتەوە. سەرەتا لە دوورەوە کامێرای زەینی نووسەر وێنەیەک لەشار پێشکەشی دیدەی خوێنەر دەکات و پاشان خۆدەکات بە کۆڵان و نێو ماڵەکان و دەروونی خەڵکی کەرکووک دا. « شار وەک هەمیشە بۆنی دووکەڵ و نەوتە ڕەشەی لێ دێت. سەت ساڵە بۆنی مەرگ و خوێن و دووکەڵی نەوتە ڕەشە تێکەڵ بووە. دووکەڵی ڕەشی قەترانی، زبڵ و خاشاک.» ئارابخوێن ل ۵

دووکەڵ، هێمای سووتان و لەناوچوونە. ڕەنگی ڕەشی دووکەڵ هێمای ڕەشپۆشی تازییەباری و کۆست کەوتن. بە هێنانەوەی ئەم هێما دزێوە لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە خوێنەر هەست بە ئەو هەواڵی تراژدییە دەکات کە دەیهەوێت لێی بدوێت. هێمای ڕەشی و تاریکی هەڵبژاردەیەکی ڕێکەوت نییە لە ڕۆمانەکەدا. ژیانی کوردی کەرکووک و مێژووی کەرکووک پڕە لەو ڕەنگە. ئەو ڕەنگەی ژیانی خەڵکەکەشی وەک خۆی ڕەش و بێ تام کردووە.

مەحموود نەجمەندین

نووسەر لە گێڕانەوەکانیدا لە سێ تایبەتمەندی گرینگی نووسین بە جوانی کەڵک وەرگرتووە.

۱ ـ زمان

۲ ـ تەکنیک

۳ ـ نێوەرۆک

ئەلف: زمان

 یەکێک لە تایبەتمەندییە باشەکانی قەڵەمەکەی مەحموود نەجمەدین زمانە.  نووسەر لەم تایبەتمەنددییە باش و گرینگەی نووسین، بە زەنگینی کەڵک وەردەکرێ و چاوی بابەتەکەی پێدەڕێژێت. خوێنەر هەر زوو هەست دەکات هەمبانەی بیری نووسەر لێوڕێژە لەوشەی جوان و بەپێز. داڕشتن و چنینی ئەو وشە جوانانە لە ڕستەکانی نووسراوەکەدا وەستایانە و شارەزایانەیە. ئەوەش وادەکات تامی خوێندنەوەکە بۆ خوێنەر شیرینتر بکات و چێژی زیاتری پێببەخشێت.

بێ: تەکنیک

بێجگە لەو زمانە دەوڵەمەندە، بابەتەکانیشی لە بواری گێڕانەوەدا خاوەن تەکنیک و شێوە گێڕانەوەیەکی جێی سەرنج و تێڕامانن. لە  زۆربەی تەکنیکە باشەکانی نووسین شارەزایانە کەڵک وەردەگرێت و ئاستی دەقەکەی پێ دەباتە سەرێ. ئەم شێوەگێڕانەوە و ئەو زمانە شیرین و زەنگینە بە خوێنەر دەڵێن: نووسەری ئەم دەقەی بەردەستت، کەسێکی بە مشوور و وردبین و شارەزای بواری نووسینە.

تێ: نێوەرۆک

 بێجگە لە تەکنیک و زمان، کە بەباشی کەڵکیان لێوەردەگرێت، هەوێنی باس و گێڕانەوەکەشی هەوێنێکی بە پیت و جوانگەیشتووە. ئەو باسانەی لێیان دەدوێت شارەزایی باشی بەسەریانەوە هەیە و بەڵگەمەندانە دەیانهێنێتە نێو باسی گێرانەوەکەوە و تێکەڵ بە دنیای خەیاڵ و ئارەزووی خۆیانیان دەکات و بە رێوجێ و لەجێی خۆیاندا دیانچنێت. نە بۆ درێژکردنەوەی بابەتەکە درێژدادڕی دەکات و نە لە بێدەسەڵاتیدا باسەکان بە نیوەچڵی و کاڵی بەجێدێڵێت.

 لەهەر بابەتێک دەدوێت بەئەندازەی پێویست دەپەرژێتە سەری و کاتێک زانی مافی خۆی داوەتێ، دەچێتە سەر باسێکی تر، ئەویش بەجوانی دەگەیێنێتە کۆتایی. هەر ئەوەش کارێکی وا دەکات کاتێک خوێنەر لە خوێندنەوەی بابەتەکە دەبێتەوە، هەست بەچێژی خوێندنەوەکە بکات و دەستی پەشیمانی بە ئەژنۆیدا نەکێشێت.

ڕۆمانی ئارابخوێن ئەو سێ تایبەتمەنددییە باشەی لەسەرێ باسمان کرد تێیدایە. یانی هەم خاوەنی زمانێکی نەرم و ڕەوان و شیرینە. هەم بە تەکنیک و شێوەیەکی جوانی گێرانەوە تیف تیفە دراوە و هەم بە تێمێكی پڕ بایەخ و زانیارییەکی تەواوەوە گیڕدراوەتەوە. ئەو تایبەتمەندییە باشانەش دەستیان داوەتە دەستی یەکتری و « ئارابخوێن»یان بۆ خوێنەرکردۆتە رۆمانێکی شیاوی خوێندنەوە و شیرین و پڕچێژ.

بەدڵنیاییەوە ئەگەر نووسەر بەسەر زمان و تەکنیک و تێمی باسەکەدا زاڵ نەبێت، ئەوە دەرەقەتی نووسینەکەی نایەت و لە ئاکامدا ئەوەی دەینووسێت و خۆی پێوەماندوو دەکات، ناتەواو دەردەچێت. لە کۆتاییدا هەم ماندووبوونی خۆی بە فیرۆدەدات، هەم ماندووبوونی خوێنەریش بەزایە دەچێت. نووسەر بۆ پاژبەند کردنی کارەکەی ڕۆمانەکە بەسەر سێ بەشدا دابەش دەکات.

 

یەکەم: قەلەڕەش

دوو: قوڵینگ

سێ: بایەقوش

هەڵبژاردنی نێوی ئەم سێ باڵندەیەش بۆ ئەو سێ بەشە جێی تێڕامانن. لە کەلتوری کوردەواریدا ئەو سێ مەلە خاوەن تایبەتمەندی خۆیانن و هەر یەکەی بیر و ڕایەکیان پێوە هەڵواسراوە. قەلەڕەشە وەک مەلێکی خۆ تێهەڵقوتێن و هات و هاوارکەر ناسراوە و بەگشتی خوشەویست نییە. قوڵینگ یان (قورینگ) باڵندەیەکی جوان خۆشەویستە و زۆرجار بۆ جوانی ئافرەتیشان پێ شوپهاندووە. بازی یانە شەهێنی/ سوورە قورینگی گەرمێنی. (فۆلک) گۆرانی زیرەک. بایەقوش، هێمای وێرانە خوشەویستی و دزێویە.  دەنگەکەشی بە شووم و خراپ دەزاندرێت.

« کورد مەگەر کوندە کە هەر وێرانەبێ هێلانەکەی؟

نیشتمانی ئاوەدانی جوانی ڕەنگینم دەوێ»  دیوانی مامۆستا هێمن ل ۳۶۱

 

۱ ـ قەلەڕەشە

لەم بەشەی ڕۆمانەکەیدا نووسەر بەرە بەرە تابڵۆیەک لە جوگرافیای کرکووک دەکێشێتەوە و هاوشانی ئەوەش، لەو غەدر و ئازارانە دەودێت كە بە دەستی ستەمکاران بەسەری هاتووە .کاتێک باسی ئازارەکان و دەرکردن و هەڵکەندنی خەڵکی کەرکووک بەدەستی ڕەگەزپەرەستانی عەرەب دەکات، لە زمانی ژنێکەوە کە بە دەم ڕاکردنەوە دەردەدڵ دەکات و دەکوڕووزێتەوە دەدوێت. ئەم دەردەدڵ و کوڕوزانەوە هەر کوڕوزانەوەی ژنێکی تەنیا هەڵکەندرا و لە ماڵ و حاڵەکەی نییە. ئەوە کوڕوزانەوەی نەتەوەیەکی غەدر لێکراوە بەدەستی نەتەوەیەکی خۆبەزلزانی جەردەی ماڵخۆرەوە. ئەوە هاواری دایکی نیشتمانێکی وێرانکراوە کە بەدەم هاوارەوە خاک و مێژوو کۆرپە لە خوێندا گەوزاوەکانی دەلاوێتەوە. «خوێن قوڕگمانی گرتە. خوێن تێ، لە قاپی یەدی قزلەرەوە خوێن بە حەموو لایەكا تێتە خوارەوە. ئەمانە چیان گەرەكە؟ خوایە بوومە قوروانت ئێمە چیمان كردە؟ گوناحمان چییە؟ ئێژێ وەلبن، بۆ كوێ بڕۆین؟ ئەم سەگە واز ناتێرێ. بیانك چی ئەگرێ؟ عەرەبە زوورات لە سەحراوە هاتە. ئەڵێ حەمووتان ولبن، لەمرە مەمێنن. ئێژێ ملتان بشكێنن بڕۆن بۆ سولێمانی. من چی بكەم لە سولێمانی؟ لە شار خۆم دانشتمە، ماڵ كەسم نەخواردە. هام لە ماڵ خۆما. فایدەی نییە، پا هەڵگرە ڕۆڵە خوێن هات. بڕۆ قوڕەكەی خاسە وە سەرمان. دەهەزاری ئێژی كەمتیارن بە قێژەقیژ هاتن. خوێن بەرچاویانی گرتە. خوێن هات… ئێوە كوێرن، نایوینن، خوێن، وا خوێن..» ئارابخوێن ل ۳۳

ئەم لاڵانەوە بەسە بۆ ئەوەی خوێنەر هەست بە ناخی ئازارەکە بکات. وشە بە وشەی وتەکانی ئەم ئافرەتە پڕن لە ژان و دژواری و بێدەرەتانی. پیت بە پیتی ئەو وشانە لە غەردێک دەدوێن كە سەرەکەی دەچێتەوە بۆ تاریکایی مێژوو. ئەو مێژووەی بە تەوری زۆرداران ئەنجن ئەنجن کراوە و خوێی پێوەکراوە و کورد بە دەستییەوە ناڵاندوویەتی. ئەم دایكە ئازار چێشتووە زۆرجار بەربین بە خوداش دەگرێ «خوایە بوومە قوروانت ئێمە چیمان كردە؟ گوناحمان چییە؟» ئارابخوێن ل ۳۳ بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی  ئەو كوڕووزانەوانە ناگەنە بەر درگای خوداش. لەوانەیە شێركۆ كوتەنی لەوێش نەزانن كوردی بخوێننەوە.

« فریشتەی ئیلهام هەڵفڕی و لەگەڵ خۆیدا

سکاڵای برد

ڕۆژی دوایی کە هاتەوە،

عوبێد ناوێک

هەر لەسەر هەمان سکاڵا و لە دامێنیا

بە عەرەبی بۆی نووسیبووم

گەوجە بیکە بە عەرەبی

کەس لێرە کوردی نازانێو نایبەن بۆ خوا.»

بابەتەکە بابەتێکی نوێیە. نووسەر نەچووەتەوە بۆ ناخی مێژوو لەوێوە  بۆ یادەوەری چیرۆکێکمان بۆ بگێڕێتەوە. ڕۆمانەکە باسی سەردەمە. باسی کەرکووک و ئازارەکانی. کەرکووک وێرانییەکانی. کەرکووک و زبڵدانەکانی. کەرکووک و سەگە بەڕەڵاکانی. کەرکووک و نەوتەڕەشەکەی. کەرکووک و داعش. کەرکووک و تاڵانکردن. کەرکووک و پاکتاوی ڕەگەزی. کەرکووک و شاڵاوی ڕەگەزپەرەستان. کەرکووک و باسی ئەوکەسانەی لەماڵی خۆیاندا ئاوارە و لانەوازن. کەرکووک و چیرۆکی ئەو میوانانەی بوونەتەخاوەنماڵ و ماڵیان لەخانەخوێ داگیر کردووە. «ماڵە لە خێوی حەرام کراوە/ مەسەلەی کوردە و لە کورد ڕووی داوە» ( هەژار) 

سەرلەبەری ئەم رۆمانە وەک جەستەی کەرکووک خوێنی ژانی لێدەچۆڕێت. بۆنی نەوتی لێدێت. دەنگی هاواری لێدەبیسرێت. کسپەی ناهومێدی لێ هەڵدەستێت. پڕە لە دڵ شکاوی. لێوانلێوە لە دەربەرەری. لە خەمدا شەپۆل دەدات و لە ناخۆشیدا مەلە دەکات. لە جنسی کەرکووکە. وەک ئەو دووکەڵاوییە. وەک ئەو تەماوییە. پڕە لەدەنگی قەتار و ئەڵڵاوەیسی. پڕە لە هاواری شانۆی جیهاد دڵپاک. پڕە لە دەنکی گیتارەکەی ئازاد هەورامی. پڕە لە مرۆڤی ئاوارە. پڕە لە کەسانی نامراد. هەرکەسەو جیلانێکی لێ ونە. هەموو بە دوای حەزەکانیادا دەگەڕێن و دەستێک بەردەوام دەبێتە پەرژینی نێوانین و ناهێڵێت ئەو ئاشقە و ماشقانە بە هیچ شێوەیەک بەیەک بگەن.

لە ڕاستیدا مێژووی کەرکووک و شاری کەرکووک پاڵەوانی سەرەکی ئەم ڕۆمانەن. کەرکووک شاری زێڕەڕەشەکە بەردەوام لەبەر دیدەی خوێنەر دایە و هەر ساتەی بە شێوەیەک خۆی دەنوێنێت. نووسەر بە شێوەیەکی نایەکان گیر لە مێژوویەکی پڕ لە کارەست و پچڕپچڕ دەودێت. ئەوەندەی مێژووەکە ئاڵۆز و پڕ کارەساتە، مێشکی ئاسۆی کێڕەوەی چیرۆکەکەش ئاڵۆز و پڕ کارەساتە. هەرچەند بیری ئاسۆ ڕوو لە هەر لایەک دەکات لە کۆتاییدا دێتەوە دەوری ڕۆخسا ی مانگ ئاسای جیلان و وەک پەپوولەیەک لە دەوری شەمی ڕووی یار دەگەڕێت، بەڵام ئاوڕ لە زۆر کارەسات و ئازار دەداتەوە کە هەر یەکەیان دەتوانن هەوێنی ڕۆمانێکی پڕ کەسەر و تاڵ و سەرنجڕاکێش بن. ئازارەکانی« میم نازیف» خەمی کۆچبارەکەی «حاجی حەبیب» کەمتر نین لە کسپەکانی دەروونی ئاسۆ. ئەوانیش دەتوانن ببنە هەوێنی ڕۆمانێک و ئاوێنەی باڵانوێنی مێژووی نەتەوەیەکی غەدرلێکراو و چەوساوەبن.

ئەم ڕۆمانە وەک کامێرایەکی بەهێز وایە کە بەدەست کامێراوانێکی وردبینەوە بێت. جوان بە باڵای کەرکووک دا دەروانێت. لە خوار و خێچییەکانی دەدوێت. باسی ڕێک و پێکییەکانی دەکات. ئاوڕ لە ترس و دڵەڕواکێکانی دەداتەوە. سەردانی نێو کۆڵان و بازاڕ و گۆڕستان و حەمام و مزگەوت و قوتابخانە و فەرمانگەکان و لێواری چۆمەکانی دەکات. جار جار سەر دەکێشێتە نێو دەروونی خەڵکەکەیەوە، هەتا بزانێت بە هەواڵی هاتنەوەی کوڕە ئازاکانیان چ شادییەک لە دڵیان گەڕاوە. جارجاریش گوێ بەسینگی نەیارەکانییەوە دەنێ هەتا بزانێت بوونی کوڕەکان چ دڵەکوتێیەکی لەسینگیاندا ناوەتەوە.

هەر لەیەکەم دێڕەکاتی رۆمانەکەوە خوێنەر بە یارمەتی خامە بە پێزەکەی نووسەر تێکەڵ بە شەپۆلەکانی زەینی ئاسۆ دەبێت و هەر جارەی  دەچێتەسەر یەکێک لەو شەپۆلانە و دەست دەکات بە ڕاوی دەیان چیرۆکی جۆراوجۆر، کە هەر یەکەیان لەلایەکی زەینی ئاسۆی نامراد دا دەگوورێن و دەبنە بەشێک لە پێکهاتەی رۆمانەکە. هەڵبژاردنی ئاسۆی زەین شێواو زۆر ژیرانە و ورد بینانەیە. ئاسۆ بەو تایبەتمەندییە زەینییەی کە هەیەتی كەرەستەیەكی باشە بۆ ئەوەی نووسەر ئەو شێوە گێڕانەوەی لە زار بكوشێت و پێی بگێڕێتەوە. ئەگەر ئاسۆ كەسێكی ئاسایی بوایە لەوانەبوو ئەو شێوە گێڕانەوە، شێوەیەكی نامۆ دەردەچوو. ئاسۆی شەیدای دوای جیڵان. ئاسۆ بەردەوام تەنیایە و دەڕوانێت. كەسێك نییە گوێی بۆ شل كات. خەمخۆرێكی دەست ناكەوێێ پرێسكەی دڵی لەلا بكانەوە و كەمێك خەمی لەلا هەڵڕێژێت. دەڵێ و دەڵێ. هەرتاوەی لەسەر باسێکە. ئەم باسە تەواو ناکات سەردەکات بەنێو چیرۆکێکی دیکەدا. هەر تاوەی لە هەوایەک لێدەدات. تاوێک دەچێتە ژوانی جیلان. تاوێک باسی چلۆنایەتی مەرگەکەی دەکات. تاوێک لەگەڵ کۆرپەکەی نێو زکی دەدوێت. تاوێک بەربین بە بینایی چاوان دەگرێت هەتا ئاگای لە کۆرپەکەی بێت. «بە بینایی چاوان دەڵێم بیپارێزە»  جارێک بەگژ بکوژەکانی جیلاندا دێت و لێیان تووڕە دەبێت. باسی جاشەکان دەکات. «جاشەکورد وەک کەو دەخوێنێ، بانگی براکانی دەکات. هاوڕێگانی پەلکێشی ناو تەڵە دەکات.»  ئاوڕ لە ژیانی خەڵکی شار دەداتەوە. بە سواری ئەسپی خەیاڵ هەموو جێیەک دەگەڕێت و دوایە دێتەوە نیو کاولاشەکەی خۆی و ئاوێزانی یادی جیلان دەبێت. دوای هەموو گەشتەکانی دێتەوە لای جیلان. هەموو ڕێگاکانی بیری ئاسۆ لەلای جیلان دەگەنەوە یەک. جیلانی دڵدار. جیلانی دایک. جیلانی هاوسەر. جیلانی شەهید. شەهیدی دەستی ستەم. ئەمە لەلایەنە جوان و بەهێزەکانی شەپۆلانی زەینە. جاری وایە هەر لە چرکەساتێک دا چەند کەڕەت کات دەگۆڕێت. شوێن دەگۆڕێت. کەسی بەرانبەری دەگۆڕێت. هەتا خوێنەر دڵ دەدات بە لایەنێکی گێرانەوەکە دەبینێت هەموو شتێک گۆڕاوە. کات، شوێن، کەسی بەرانبەر. شادی جێی خۆی داوە بە شین، شین جێی خۆی داوە بە شادی. شەڕ بۆتە ئاشتی و ئاشتی خوێنی لە جێ هەڵدەقوڵێت.  لەم شێوە نووسینەدا شەپۆلانی زەین دەگات ئەوپەڕی جوانی. لێرەدایە کار دەکاتە لووتکە و خوێنەر هەست بە بەهێزی ڕۆمانەكە دەکات.

مێژووی كەركووك و ئەو هەموو ئازارەی بە قوڕگی ئەو شارەدا كراوە هەر گێڕانەوەیەكی ئاوا دەتوانێ كاڵای پڕ بە باڵای بێت. مێژووی شێواو، دێموگرافی شێواو. جوگرافیای شێواو، زمانی شێواو. ئەمانە هەموو هەڵدەگرن كە نووسەر خۆی لە بابەتێكی هێڵی ببوێرێت و شێوە گێڕانەوەیەكی وەك خۆی بۆ هەڵببژێرێت. ئەویش شێوازی شەپۆلانی زەینە.

خوێنەر بەدەم شەپۆلەکانی زەینی ئاسۆوە دەچێتە دیتنی شانۆکەی جیهاد دڵپاک. لەوێ چاوی بە زۆربەی کەسایەتییە هونەری و ئەدەبییەکانی کەوکووک دەکەوێت و تایبەتمەندییەکانیان دەناسێت. دەزانێ چۆن مرۆڤێکن و خولیا و جیهان و ژیان ڕوانیان چۆنە. هەموو لەوێن. لەتیف هەڵمەت، فازل غەزاوی، قەحتان هورمزی، جەلیل قەیسی، سەرگۆن پۆلیس، مەحەمەد موکری، ئەحلان مەنسوور، جاندەمۆ، تەنانەت هاکووبی ئارەق فرۆشیش لەبیرناکات. هەرلەوێ وەك بینەرێكی زیتەڵە و مووقڵیشە و بەیارمەتی شانۆکەی جیهاد دڵپاک تانەیەکی گەورە لە خۆخۆری کورد دەدات.

« چووم بۆ سەیری شانۆگەرییەک لە هۆڵی ئارابخوێن نمایش کرا، باسی دوو برای ئەکرد، بەیەکەوە نە ئەگونجان. لە سەرەتای شانۆگەرییەکەوە هەر خەریکی شەڕە قسە بوون، زووزوو پەلاماری یەکتریان ئەدا، بەرئەبوونە سەروگوێلاکی یەکتری. ئەوەندەیان لە یەکتری ئەدا شەکە ئەبوون. ئەوەندە بە ڕقەوە لە یەکتریا ئەدا بینەرەکان وایان دەزانی بەڕاستی شەڕ دەکەن. تا کۆتایی نمایشەکە لە شەڕدا بوون. بۆ یەک ساتیش بە ئاشتەوایی بە یەکەوە دانەئەنیشتن. ڕوخساری یەکتریان خوێناوی کردبووو. نمایشەکە تەواو بوو، کۆتایی شانۆگەرییەکەش هەر شەڕ بوو… دوو ئەکتەرەکە بەردەوام بوون لە شەڕەقسە. دوای ئەوەی لەسەر تەختەی شانۆکە هاتنە خوارێ پەلاماری یەکتریان دا. هەر بەڕاستس بووبە شەڕیان. بینەرەکان ناوبژیان دەکردن.ـ لەوانەیە ئەو دووانە کورد بووبێتن!»  ئارابخوێن ل ۴۴ـ ۴۵

لە پاژێک لە ڕۆمانەکەدا ئەسپی خەیاڵی ئاسۆ ئەوەندە سەرگەرمی ڕاکردن دەبێت، سەردەم بجێدەهێڵێت و خۆ دەکان بە کۆڵانە تەنگەکانی مێژوودا و دەگاتە ئارابخوێنی کەونارا. لەوێ بە قەڵا و کۆڵانەکانی ئارابخوێن دا دەگەڕێت و چاوی بەباڵای فریشتەیەکی نووستوو روون دەبێتەوە. دەچێتە لێواری خاسەی ئەو سەردەمە و لێی دەخواتەوە و تینوێتی ئەو ئازارانە دەشکێنێت کە دەستی هەیسەم زەباح بەگەروویدا کردووە و بۆ ماوەیەک دوور لە ئەغیار و زۆردار لە جوانی لەش و لاری فریشتەیەکی نووستووی كافووری و باڵای خاسەی بەژن زراڤ دەڕوانێت.

دەغدەغەکانی نووسەر لەم ڕۆمانەدا زۆرن. ئاوڕ لە زۆر بواری ژیان دەداتەوە، یەکێک لەوانە زمانە، هەر بۆیە لە زمانی ئازادی شاعیرەوە دێتەگۆ و دەڵێ: « ئیدی شێعر لەم زەلکاوەدا لە دایک نابێ. ئەم مەخلووقە زمانی خۆیان بیر چۆتەوە، وەکوو قەعقاع قسان دەکەن. گۆرانیی فێنکی کوێستانەکانیان بیر چۆتەوە. دەنگی ئەو تەپڵە کێولییە بێزارم دەکات. خەزدەکەم بڕشێمەوە. دەڕشێمەوە…» ئارابخوێن ل ۴۸

لەم دیالۆگەدا نووسەر دەیسەلمێتێت کە چەندی دەغدەغەی زمان هەیە. دیارە زمان بۆ ئێمەی وڵات داگیرکراوی خۆ لەبیرکراوی کەمتەرخەم، زۆر کرینگە و دەبێ بەردەوام بیری لێبکەینەوە و خۆی پێوە ماندوو بکەین.

یەکێک لە جوانییەکانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە نووسەر بە باشی کەڵکی لە زاراوە و بنزاراوەکانی ناوچەی کەرکووک وەرگرتووە. بێجگە لە ئاسۆ کە بە زاراوەی پێوەر دەدوێت هەرکاتێک یەکێکی دیکە دەئاخڤێت چ ژن، چ پیاو، شێوەزارەکەش دەگۆڕدرێت و دەچێتە سەر تۆنی شارۆمەندە ئاساییەکانی کەرکووک. تەنانەت ئەو کاتەی لە زاری تورکمانێکەوە دێتەگۆ بە شێوەی تورکمانێک دەدوێت کە بە کوردی دەئاخڤێت. ئەوەش یارمەتی جوانتر کردنی ڕۆمانەکە دەدات و خوێنەر زیاتر هەست بە بوونی کەسایەتییەکانی نێو ڕۆمانەکە دەکات .

لەم رۆمانەدا دەیان وێنە لە دێمەن و ڕووداوە پڕ ئازارەکانی كەرکووک دەکێشێتەوە. ئەو وێنانە ئاوێنەیەکی باڵانوێنن و بە ڕوونی لە ناخی کەرکووک دەدوێن. باسی هێرش و پەلاماری ناحەزان. باسی تەفینەوە و لەسێدارەدان و بەر شەپ و مست دانی خەڵکانی لانەواز و بێدەسەڵات. باسی دیمەنی مەرگی ئازیزانی لەش هەپروون بە هەپروون بووی دەستی نەزانی و دواکەوتوویی. باسی بە کۆڵەوەگرتنی لاشەی لەخوێندا شەڵاڵی کەس و کاری لە گیان خۆشەویستر.  دیمەنی بەدەستەوەگرتنی سەرە پەڕیوەکەی جیلان لەلایەن ئاسۆوە شاوێنەیەکە لەو هەموو ئازارە دەدوێت کە بە سەر خەڵکی کەرکووکی خوێناویدا هەتووە. «کەللە سەرەکیان پێدام، کوتیان ئەوە ژنەکەتە بڕۆ بینێژە! چی بنێژم؟! کەللە سەرێکی سووتاو و خوێناوی. کوا چاوەجوانەکانی؟کوا لێوە ئاڵ و کاڵەکەی؟ قژە جوانەکەی کوا؟ سووتاوە؟! ئارابخوێن ل ۲۰۲

«پیكابێكی خوێناویم بینی، خەڵكانێكی زۆر لێی هاڵا بوون. خێرا خۆم گەیاندە سەری، هەرچۆنێک بوو چوومە پێشەوە، سێ تەرمی سووتاو لە ناو بۆدی پیکابەکەدا بوون. لای سەری یەکێک لە تەرمەکانەوە کەللە سەرێکم بینی جەستەکەی پەڕی بوو. خێرا پەلاماری کەللە سەرەکەم دا و بە ناو لەپم خوێنی سەر و ڕوخساریم سڕی و هاوارم کرد. پڕ بە گەرووم هاوارم کرد: جیلان، ژنە ئازیزەکەم. ئاخر پێم کوتی مەڕۆ. بۆ بە گوێت نەکردم؟ جیلان گیان بۆ وات کرد. بۆ بەجێت هێشتم؟» ئارابخوێن ل ۲۰۳

زیندووكردنەوەی ئەم وێنانە لە ڕۆمانێک دا کارێکی هەروا هاسان نییە. کەسێک دەتوانێ لەم وێنانە بدوێت کە خۆی بە ڕەگ و پێستەوە هەستی بە ئازارەکانی کردبێت و بە چاوی خۆی دیتبێتی. بۆیان هەڵچۆقابێت و لەگەڵیان ژیابێت. زۆر ئاسۆی جەرگ سووتاو و دڵ برژاو بناسێت و گوێی لە گازەندە و لاڵانەوەکانیان گرتبێت. ئەم وێنانە لە کەم وڵات دا دەگوورێن. کەم خاک هەیە شاهێدی ئەوە بێت و ببێتە گۆڕی سەرێکی بێ لاشە. کەم کەس هەیە سەرێکی بێ لاشە لە کفن نێت و لە گۆڕیچەیەک دا بینێژێت. پیاوی ئاینی کەم دین و ئایین هەیە بێت و لەسەر گۆڕێک نزا بخوێنێت کە تەرمی نێو ئەو گۆڕە لاشەکەی بە دەم ئاگر و ئاسنی بۆمبێکەوە هەپروون بە هەپروون بووبێت و تەنیا سەرێکی بێ لاشەی تێدا نێژرابێت. کەم مردوو شۆر هەیە لەسەر تاتەشۆر  باسکی هەڵماڵێت و تەنیا و تەنیا سەرێکی بێ لاشە بشوات و لە کفنی نێت. لە کورد زیاتر کێ هەیە ئەم دیمەنانە بەشێک بن لە ژیانی! بەشێک بن لە بوونی؟ هەر بۆیە ئەوەی دەتوانێت ئەم ئازارانە وێنا بکات تەنیا ڕۆماننووسێکی کوردی، ئازار چێشتووی، وڵات داگیرکراوی، شار و گوند سووتاوی، ئەنفالکراوی، چەوساوەی، خۆشی نەدیوە. هەر بۆیە لە زمانی ئاسۆوە بە گازەندەوە دەپرسێت: « مانگی هەنگوینی بوو بە مانگی خوێن بارین! کێ دیتوویەتی بووک بە جلی سپییەوە بچێتە ماڵی ئاخیرەتی؟! کێ دیتویەتی بووک بە کەللە سەری خوێناویەوە بگەرێتەوە نێو هێلانەی تازە چێبووی؟!» ئارابخوێن ل۲۲۱

۲ ـ قوڵینگ

لە بەشی دووهەمی ڕۆمانەکەدا کە بە «قوڵیگ» نێودێر کراوە و هونەری کەڵک وەرگرتن لە تواناییەکانی زمان دەگاتە بەرزترین ئاستی جوانی. لەم بەشەدا نووسەر وەک ئەو خەڵکەی دێن و لەو ڕێوڕەسمە بەشکۆیەدا بەشدار دەبن، جەزمە دەیگرێ. لەو سات و كاتە خۆشانەدا داخی هەموو ئازارەكانی هەڵدەڕێژێت. بەردەوام بەرە و ترۆپک هەڵدەکشێت. تاوێک سەما دەکات. تاوێک مەستانە هاوار دەکات. هەڵدەپەڕێت، دەگرێت، پێدەکەنێت، دەکەوێت، هەڵدەستێتەوە، دەچێتە سەر قەڵا، دێتەخوارێ، بەشەقامەکاندا دەگەڕێ، دەکەوێتە نێو کۆڵانەکان. بە پێشواری میوانەکانەوە دەچێت. بەگژ خەمە شێوێنکەکاندا دەچێت. وریای خەڵکەکەیە. دەبێتە قوڵینگ ئاڵا دەبات بەئاسماندا. ئەم ڕووداوانە دەکاتە جەوهەری نێوخامەکەیو دیمەنگەلێکی بێوێنەی پێدەنەخشێنێت.

« ئەم بەیانییە شار ڕازاوەیە، کەرکووک ئاهەنگ دەگێڕێ، وەرزی پاییزە و بەهاری کوردە، گەڵا و گژ و گیا زەرد هەڵگەڕاوە، کەچی کورد سەوزە،سەرلەنوێ چرۆی دەرکردووە. کەرکووک لە نێو دەریای خوێنەوە بەرەو کووتکە هەڵکشاوە. ئێتر بۆنی ژیانی لێ دێ، گۆرانی دەچڕێ. لە لوورەی گورگ و وەڕەی سەگ ڕزگاری بووە. سەگەل هەر زوو بەرەو بیابان ڕایانکرد. ئارابخا پێی ناوەتە ناو  ژیانێکی تازەوە. کورد لەسەر کەلاکی ساوقس . شای ناموبارەک و سوڵتانی مەڕمەڕە و هەیسەم زەباح هەڵدەپەڕێ.» ئارابخوێن ل  ۲۶۷

 ئەوەندە جوان ئەم بەشەی داڕشتووە دەڵێی نووسەر لە شوێنێکی بەرزەوە دانیشتووە و لە دیمەنێکی ڕاستەقینە و زیندوو دەڕوانێت و دەینووسێتەوە. نووسەر لێرەدا بۆ داڕشتنی باسەکەی لەوشەی جوان و بە پێز کورتی ناهێنێت. گێرانەوەکەی پڕە لە وشەی تایبەت و ڕستەی جوان داڕێژراو  و زمانی تەتەڵە ناکات. هەڵناکەوێت. نووسەر وەک زەنگینێکی دڵاوا وشەی جوان و پڕ بەپێست دەبەشێتەوە. وەک سەرچۆپی کێشێکی مەستی دەستی دۆی ئاوات بەردەوام شاباش دەکات. لە گیرفانی ناترسێت. دەزانی سامانەکەی ئەوەندە زۆرە لەبن نایەت. دەزانێ گەوهەری بیری بنی لە ئاودایەو ویشکاوی نایە. بۆیە بە ئاسانی دەبەشێتەوە. هەتا وێنەی کەرنەڤاڵەکەی جوانتر و شیرینتر پێبنەخشێنێت.

لەم بەشەدا نیشتمان دەکەوێتەوە سەر یەک. شاییەکە و هی هەمووکەسە. هیچ کەسێکی تێدا غەوارە نییە. هەموو خۆیان بە خاوەن شاییەکە دەزانن. هەموو برازاوەی هێنانی بووکی ئازادین. خەڵکەکە بە هەموو زاراوەکانی زمانی کوردی تێدا دێنەگۆ. هەرکەسەو بەزارەوەی خۆی باسی جوانی و ئەشق و شادی و ئازادی و تۆڵە و سەرکەوتن دەکات. کەرکووک پردەبێ لە دەنگی ئامەد و کرماشان و بجنوورد و قامیشلۆ و سنە و هەولێر.

 

۳ ـ بایەقوش

لە بەشی کۆتایی ڕۆمانەکەدا«بایەقوش» کە تەرخان کراوە بۆ شێنگێڕی بە دەستەوەدانی کەرکووک لە لایەن خاک فرۆشانی کوردەوە، هەوڵی داوە ئەو ڕووداوە تاڵەی مێژووی کورد بە جوانی بنوێنێت و وەکوو دێکۆمێنتکارێکی شارەزا پەرژاوەتە سەر ڕووداوە تاڵەکە و تفی پڕ لە خوێناوی نێشتمانپەروەرەکان دەدات بەنێو چاوانی نێشتمان فرۆشەکاندا و ڕسوایان دەکات. «فرۆشتیان» ئەو وشە مێژووییەی دوای بەدەستەوە دانی کەرکووک كە بەزاری هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەردا هاتووە، دووپاتە دەکاتەوە و بوێرانە لە بابەتەکە دەدوێت. دیارە نووسەر لە بەرەی خەڵک و نیشتمانپەروەران دایە و لە مەتەرێزی نیشتمانەوە لەو ڕۆژەڕەشانە دەدوێت و بەدەم هەڵڕشتنی فرمێسکی خوێنینەوە ئەو ڕستانە دەهۆنێتەوە و هەواڵی پڕ لە ژانی چوونە ژێر زنجیری دەبابە و شەهید بوونی پێشەوا ڕادەکەیەنێت و لە سنگێکی پڕ لە ئاگرەوە ئاهی ساردی بۆ هەڵدەکێشێت.

لەو کات و ساتە تاڵ و پڕ لە ناهومێدییەدا کە نیشتمان فرۆشەکان بۆ باریقەڵڵای گەورەکانیان پشت لە دوژمن و ڕوو لە خاک و نیشتمان ڕادەکەن، ئەو دەست دەداتەوە گۆچانی هیوا و بوێرانە خۆی بە سینگی خاکەوە دەنووسێنێت و دەڵێت:« ناڕۆم، مشتێ خۆڵی ئەم خاکە بە خەراجانی دنیا نادەم» ئارابخوێن ل ۳۰۴

 دیارە هەر ئەوەش لە نووسەرێکی دەروەست و نیشتمانپەروەری وەک مەحموود نەجمەدین چاوەڕوان دەکرێت. یان لە زمانی دایکی نیشتمانەوە ڕوو لە بەناو فەرماندە و  شێرەبەردینەکانی سپا خۆ فرۆشەکە دەکات و دەڵێ: « پیاوی چاک بن. ڕامەکە، شەڕ بکەن. حەیای میللەتێکتان برد، بۆ شەڕ ناکەن؟خۆ ئێوە باڵتان فش ئەکردەوە و ئەتانوت دوژمن ئەگەر ئازایە بایێت… غیرەتی میم نازیفتان نییە. بەو تەمەنەوە چۆتە بەر دەبابەکە دەڵێ، مەگەر بەسەر لاشەی منا کەرکووک بگرێ. ئارابخوێن ل ۳۰۵

لەنێو دنیای ئەدەب دا ڕۆمان یەکێکە لە پڕ بایەخترین لایەنەکانی نووسین. هەموو گەلانی دنیا بۆ گێڕانەوەی مێژووی خۆیان کەڵکیان لەم بوارە سێحراوییەی گێڕانەوە وەرگرتووە. یەشارکەماڵ لە رۆمانەکانیدا مێژووی سەردەمی ئاغا و ڕەعیەتی بەجوانی وێناکردووە. ئەو لە توێی کارەکانیدا باس لە چلۆنایەتی ژیان. دەروونناسی ئەو کۆمەڵگایە. کۆمەڵناسی و چاندی ئەو سەردەمە دەکات و بە خوێنەریان دەناسێنێت. تۆلستۆی لە رۆمانی «شەڕ و ئاشتی» دا زۆر بەجوانی دەچێتە ناخی فەرماندە و سەربازەکانی ئەو سەردەمە و لە گێڕانەوەیەکی وردبینانە و شارەزایانەدا خوێنەر تێکەڵ ئەو تێکشان و سەرکەوتنانەدەکات و بەو کارەی سامانێکی گەورە پێشکەشی گەلەکەیو تەنانەت مرۆڤایەتی دەکات. ماركێز «سەت ساڵ تەنیایی» دەكاتە ئاوێنەیك و مێژووی وڵاتەكەی تێدا وێنادەكات.

 ئەمانە هەموویان بە ئێمەی کورد دەلێن: ئێوەش بۆ بە بەڵگەمەند کردنی زۆر لایەنی ژیانی خۆتان دەست لەسەر دەست دامەنێن و قۆڵی لێ هەڵماڵن و بە نووسینی ڕۆمان ئاوڕ لە ئازار و شادی و سەرکەوتن و تێکشانەکانی خۆتان بدەنەوە. ئێمەی کورد هەرچەندە لە چاو کەلانی تری دنیان درەنگ دەستمان پێکرد، بەڵام بەخۆشییەوە ئەوەی هەتا ئێستا نووسراوە سامانێکی بەنرخە بۆ گێڕانەوەی کوردی و دەکرێت، لەمەبەولاشەوە هەوڵی زیاتری بۆ بدەین و خۆمان لەو بوارەدا زەنگینتر بکەین. کارەکانی کاک مەحموود نەجمەدین ئەو دڵخۆشییە دەدنە خوێنەری کوردی کە دەکرێ هیوایەکی زیاتر لەسەر هەوڵەکانی ئەو نووسەرە دەروەست و دڵسۆزە هەڵچنێت. ڕۆمانی « پیاوەکان بە خەونیش نەگەڕانەوە» و نۆڤلێتی «پەنجاو هەشت» و کۆمەڵە چیرۆکی «دنیا سێ پیتە»  ئاوێنەیەکن لە ژیانی گەلی کورد. لە زۆر لایەنەوە ئازایانە بەگژ لایەنە چەوتەکاندا دەچێتەوە و بێ پەروایانە دەست دەداتە نەشتەری نەشتەرگەری. لە کولاندنەوەی برینەکان ناترسێت. هەڵگرتنی ئازاری زامەکانی بەلاوە خۆشترە لە گڵ وەسەرکردن و پشت گوێخستنیان. هەر لاپەڕەیەکی نووسراوەکانی ئەم نووسەرە هەڵدەدەیتەوە پڕن لەو وتە نەوتراوانەی کە تەنیا دەکڕێت بەزمانی چیرۆک بیاندرکێنی و ڕایانگەیەنیت.

لەم ڕۆمانەدا دڵێ نووسەر و دڵی گێڕەوەی چیرۆکەکە بە یەک هەوا لێدەدەن. دڵی ئاسۆی گێڕەوە دەچێتە هەر شوێنێک ئۆقرەناگرێت و دێتەوە بەر ئاوێنەی چاوەکانی جیلان. قەڵەمەکەی نووسەریش بەهەربارێکدا دەگەڕێت، لە هیچ شوێنێک ناسرەوێت و دێتەوە بەر قاپیەی دڵدارەکەی، کە نیشتمانە. نیشتمان و ئازادی نیشتمان، گەورەترین ئاواتی نووسەرە، بۆیە بەردوام لێی دەدوێت و بە باڵای دارهەڵدەڵێت. ئەوەندەی ئاسۆ شەیدا و وێڵی دوای جیلانە، ئەوەندەش مەحموود نەجمەدین شەیدا و وێڵی دوای ئاواتەکانی نیشتمانە. بەرهەمەکانی مەحموود نەجمەدین لەو سۆنگەیەوە گرینگن کە بایەخێکی زۆر دەدەن بە هەستی نەتەوەیی. ناڵە و هاوارەکانی نووسەر بۆ نیشتمان باڵدەگرن. ئەگەر بەگژ دەسەڵاتدارانی بێگانەدا دێتەوە بۆ ئەوەیە بوونەتە هۆی وێرانی و داگیرکردنی خاکی زێدەکەی و ئەگەر بە ڕووی دەسەڵادارانی خۆیی دا هەڵدەشاخی، بۆ ئەوەیە کە نەیانتوانیوە کۆدەنگییەکی نیستمانی بۆ گەلەکەی پێک بێنن و ئەم کاروانە لە پردی ئاواتەکانی بپەڕێننەوە.

__________

سەرچاوە:

۱ ـ ئارابخوێن، چاپەمەنی خانی، ١٤٠١ هەتاوی، ٢٠٢٣ زاینی

۲ ـ دیوانی هێمن، پەخشانگەی ئازادی، چاپی یەکەم، ۲۷۰۸

 

بۆكان ٢٠/٣/ ٢٧٢٣

  https://t.me/kurdishbookhouse

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «ژن؛ پرسێکی هاوبەش و ڕوانگەی جیاواز» چاپ و بڵاو کرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *