خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کۆڕی پەردەلادانی کتێبی «بۆتیقای جیاواز» بەرهەمی عادڵ موحەممەدپوور له مەریوان بەڕێوە چوو

کۆڕی پەردەلادانی کتێبی «بۆتیقای جیاواز» بەرهەمی عادڵ موحەممەدپوور له مەریوان بەڕێوە چوو

کۆڕی پەردەلادانی کتێبی «بۆتیقای جیاواز» بەرهەمی عادڵ موحەممەدپوور له مەریوان بەڕێوە چوو

ئێوارەی چوارشەممە ۲۴ ی گەلاوێژ کۆڕێکی ئەدەبی به مەبەستی ڕەخنە و خوێندنەوە و پەردەلادان بۆ کتێبی ” بۆتیقای جیاواز ” لە نووسینی نووسەر و لێکۆڵەر کاک ” عادڵ موحەممەدپوور ” لە لایەن ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی ڕۆجیارەوە لە مەریوان بەڕێوە چوو.

لەو ئێوارە کۆڕەدا بە ئامادە بوونی چەند نووسەر و شاعیر و ڕەخنەگری ئەدەبی و چالاکانی بواری ئەدەب و مێژوو، تیشک خرایە سەر کتێبی نووسەر و باس و خواسێکی ئەدەبی و بووتیقایی سەبارەت بەو کتێبە لە پانێلکدا لە لایەن دوو شاعیر و ڕەخنەگر ” موحەممەد موەفەقی و حەمەی کەریمی ” و هاوکات چەند کەس لە ئامادەبووانی کۆڕ بە شێوەی پرسیار و وڵام ئاوڕێکی جیدی و باس هەڵگریان سەبارەت بە ” بۆتیقای جیاواز ” خستە بەر باس.

سەرەتای کۆڕەکەی بە دەسپێکی باسێکی کورت دەربارەی چالاکیی و لێهاتوویی نووسەر لە بەستێنی کار و چالاکی نووسین و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی دا لە لایەن کاک ” فیرووز عارەفی ” بە نوێنەرایەتی ئەنجومەنی ڕۆجیار ئاراستەی ئامادەبووانی کۆڕەکە کرا. دواتر لە پانێلێکی یەک کاژێرییدا لە لایەن دوو شاعیر و ڕەخنەگر” حەمەی کەریمی و موحەمەد موەفەقی ” کتێبی نووسەر کەوتە بەر باس و خواسێکی ئەدەبی و بۆتیقایی و ڕەخنەگرانی پانێل هەر یەکەوە لە گۆشەنیگایەکی تایبەتەوە کتێبەکەیان هەڵسەنگاند.

موحەمەد موەفەقی لە دەسپێکی وتەکانیدا کار و چالاکییەکانی نووسەر لە بەستێنی زمان و ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی دا بەرز نرخاند و دواتر برژایە سەر کۆی وتارەکانی ناو کتێبەکە و بە شێوەیەکی گشتی کتێبەکەی بە کتێبێکی باش و ئەرێنی ناوبرد و هاوکات بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە بە ئاماژەدان بە وتاری ” ڕێبازی ئەدەبی مەولەوی و نالی و بۆتیقایەکی جیاواز ” باس لە هەندێ ریفرنسی کرد کە نووسەر وەک سەرچاوە کەڵکی لێ وەرگرتووە سەبارەت بە ڕوانینی قوتابخانەی بابان و شاعیرانی سێ کوچکەی بابان بۆ قوتابخانەی ئەردەڵان و دەقە شیعرییەکەی نالی بۆ مەستوورە و هەروەها دەقەکەی سالم( کە بە مەبەستی دابەزاندنی شان و شکۆ و هەیمەنەی ئەدەب و شیعری هەورامی بووە ) بەوەی کە زیاتر لایەنی سیاسی بابەتەکە زەق کراوەتەوە و کەمتر وەک تێکستێکی ئەدەبی چاوی لێ کراوە.

 لە درێژەی پانێلەکەدا حەمە کەریمی هەوڵەکانی نووسەری لە بەستێنی نووسینی بابەتەگەلی ئەدەبی و شیعردا لە بەشەکانی تیۆریی و ڕەخنەی ئەدەبی و زمان دا بەرز نرخاند و ” بۆتیقای جیاواز ” ی بە کتێبێکی زۆر باشی ئەدەبی ناو برد و داوای لە خوێنەرانی چالاکیی ئەدەبی کرد بیخوێننەوە.

دواتر بە میتۆدی خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی بە تیۆریی ڕەخنەی هاوچەرخ ئاوڕی دایەوە لە کتێبەکە و بە پێی دابەشکاریی کتێبەکە بۆ ۴ پارت، بەشی یەکەمی کتێبەکەی ” ڕێبازی ئەدەبی نالی و مەولەوی و دوو بۆتیقای جیاواز ” بە تێوریی دیالێکتیکی هێگل و بۆچوونی ” فۆکۆ ” سەبارەت بە قائیل بوون بە دوو جۆر مێژوو بە نیسبەت هونەر و ئەدەبیاتەوە، (مێژوویەکی گشتی کە هونەر و ئەدەبیات دەبەستێتەوە بە مێژووی بەستێنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی کۆمەڵگا و مێژوویەکی سەربەخۆ و تایبەت کە هەندێ جار پشت لەو دیالکتیکە هێگلییە دەکا و بە شێوەی سەربەخۆ و تایبەت دەڕواتە پێشەوە و ئەمەش زۆر جار لە دژکردەوە و هەڵۆیستی جیدی قوتابخانە و ڕەوتە ئەدەبیەکاندا دەبینرێ. ) ئەو بەشەی کتێبەکەی خوێندەوە و دواتر بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە پارتەکانی تری کتێبە، بە تێوریی ڕەخنەگرانەی جوانیناسی ئادۆڕنۆ سەبارەت بە هونەر و بەرەهەمی هونەری و ناکۆکیی تیۆریکی نێوان ” لۆکاچ و ئادۆڕنۆ ” دەربارەی ” هونەری ئاوانگارد و هونەری رئاڵ ” و پێناسەی ئادۆڕنۆ لە فۆرمی هونەری پارتی دووەمی کتێبەکە دەربارەی ” فۆرمی کامڵی هونەری ” خوێندنەوە. هاوکات کەریمی لە درێژەی باسەکەیدا ڕەخنەی ئاراستەی بۆچوونی شفیعی کەدکەنی گرت ( کە نووسەر وەک ڕێفرنس لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێدابوو ) بەوەی کە هەوڵیداوە پێناسەیەکی ناتەواو لە فۆرمی کامڵی هونەری بخاتە بەر باس. و لە پرسیاری وڵامێکدا ئەوەی کردووە کە پێناسەکەی شەفیعی کەدەکەنی دەربارەی فۆرمی کامڵی هونەری پێناسەیەکی ناتەواو و ناکرێ وەک پێناسەیەکی گشتگیر بۆ فۆرمی کامڵی هونەریی پشتی پێ ببەسترێ. هەروەها سەبارەت بەو باسەی ” ڕێبازی نالی و مەولەوی دوو بۆتیقای جیاواز ” حەمەی کەریمی بە بەراورد کردنی دوو دەقی ” مەولەوی و نالی ” باسی ئەوەی کرد ” ڕەگەزی ناوەندی بە پێی تێوریی فۆرمالیستەکان ” توخمی زاڵ لە دەقی ئەدەبیدا ” بە گشتی و بۆچوونی باختین به تایبەتی لەو بارەوە ، لە قوتابخانەی ئەدەڵان و لای مەولەوی ناسکی و نەرمی و عتووفەتی زمانە، بەڵام ڕەگەزی ناوەندی لای نالی و قوتابخانەی بابان دا شکۆ و دەسەڵات و هەیمەنەی زمانە، بۆیە دەبینین دەقەکانی مەولەوی لەناسکی بەیان و نەرمی و عتووفەتی زمانی بەهرەمەندن، بەڵام دەقەکانی نالی بە دوای گەڕانەوەی شکۆ و دەسەڵات و هەیمەنەی زمان دایە.

پاشان نووسەری ” بۆتیقای جیاواز ” کاک عادڵ موحەمەد پوور سەبارەت بە ستراتیژی نووسینی کتێبەکەی پەیڤێکی کورتی پێشکەش بە بەشداربووانی کۆڕەکە کرد.
کۆتا باسی دانیشتنەکە بە پرسیار و وڵامی کاک سابیر عەزیزی و د. موحەممەد ئاشنا و ساز بوونی گفتگۆیەکی باش و ڕەخنەگرانە سەبارەت بەو بابەتانەی کە باسکران کۆتایی پێهات.


  https://t.me/kurdishbookhouse

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

بەردینە، ڕۆمانێک ڕۆنراو له سەر بناغەکانی قایەت، مێژوو، بەیت و بن زاراوەیەکی کۆن

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *