خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «مێژووی زمانی کوردی» بەرهەمی عەبدولڕەحمان زەبێحی بڵاو دەکرێتەوە

کتێبی «مێژووی زمانی کوردی» بەرهەمی عەبدولڕەحمان زەبێحی بڵاو دەکرێتەوە

کتێبی «مێژووی زمانی کوردی» بەرهەمی عەبدولڕەحمان زەبێحی بڵاو دەکرێتەوە

عەبدولڕەحمان زەبیحی یەکێک لە گرینگترین زمانناسەکانی کوردە کە شارەزایی‌یەکی تایبەتی بە سەر زمانی کوردی و شێوەزارەکانی ئەو زمانەدا هەبووە و چەندین وتاری زانستی لە سەر زمانی کوردی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمدا چاپ و بڵاو بووەتەوە کە بوون بە سەرچاوە بۆ لێکۆڵینەوەی زمانی کوردی. هەروەها زەبیحی لە پڕۆژەیەکی درێژخایاندا دەستی داوەتە کۆکردنەوەی وشەی کوردی تاکوو فەرهەنگێکی دەگمەن پێشکەش بە زمان و کتێبخانەی کوردی بکات، ناوبراو ئەم پڕۆژە تایبەتەی خۆی لە ژێر ناوی قامووسی زمانی کوردی لە چاپ دا کە دوو بەرگی ئەم قامووسە واتە پیتی «ئـ» و پیتی «ب»ی لە کاتی ژیانی خۆیاندا لە چاپخانەی کۆڕی زانیاریی کورد چاپ و بڵاو کرایەوە بەڵام بەداخەوە بەرگەکانی تری ئەم قامووسە زێڕینە دوای شەهیدبوونی مامۆستا زەبیحی بە دەستی حکوومەتی بەعسی عێراقێ بزر بوون و دیار نەماون.

مامۆستا لە دەستپێکی بەرگی یەکەمی قامووسەکەیاندا ئاوڕی داوەتەوە لە مێژووی زمانی کوردی و لێکۆڵینەوەیەکی وردی بۆ مێژووی ئەو زمانە لە سەردەمی مادەکانەوە و، هەروەها دوای ئیسلام کردووە و ئاوڕی داوەتەوە لە چۆنییەتی درووستبوونی شێوەزارەکانی زمانی کوردی و گیروگرفتی ڕێنووسی کوردی و چەندین بابەتی تر کە خۆی لە خۆیدا توانای هەیە ببێت بە کتێبێکی سەربەخۆ لەبارەی مێژووی زمانی کوردی و هەروەها ببێتە سەرچاوەیەکی زانستی بۆ وانە وتنەوەی مێژووی زمانی کوردی. بەو مەبەستە ئێمە لە بڵاوگەی ڕاژە بڕیارمان دا کە ئەم بەشە لە قامووسی زمانی کوردی مامۆستا زەبیحی وەک کتێبێکی سەربەخۆ لە چاپ بدەین. بۆ بە ئەنجام‌گەیاندنی ئەم بیرۆکەیە پێوەندیمان بە بنەماڵەی خوالێخۆشبوو مامۆستا زەبیحی گرت تاکوو ئیزنی چاپی ئەم بەشە لە قامووسی زمانی کوردی وەک کتێبێکی سەربەخۆ لە ژێر ناوی «مێژووی زمانی کوردی» وەربگرین کە خۆشبەختانە بنەماڵەی مامۆستا بۆ ئەم کارە پێشوازیان کرد و پێشنییاریان دا کە لە دوای دەقی مامۆستا زەبیحی بابەتێکی دوکتور ئەوڕەحمانی حاجی مارف و دوو بابەتی دکتور ئەمیر حەسەنپوور کە پێوەندییان هەیە بە زمانی کوردی و بە مامۆستا زەبیحی لێ زیاد بکەین.

وەک تێبینی پێویستە ئاماژە بکەین کە قامووسی زمانی کوردی سەرەتا لە چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد چاپ و دواتر لە ڕۆژهەڵات لە بڵاوگەی سروە سەر بە گۆڤاری سروە چاپ و بڵاو کرایەوە. هەرچەند دوکتور ئەوڕەحمان حاجی مارف لە وتارێکدا کە وڵامی دوکتور جەماڵ نەبەز دەداتەوە دەڵێت کە مامۆستا زەبیحی کێشەی لەگەڵ ڕێنووسی کۆڕ هەبوو بەڵام چوونکێ کتێبەکە لە لایەن کۆڕەوە چاپ و بڵاو کرایەوە ئەم ڕێنووسەی قەبووڵ کرد. دواتر کە قامووس لە لایەن سروەوە چاپ کرایەوە گەلێک گۆڕانکاری لە ڕێنووس و تەنانەت لە نێوی کتێبەکەشدا کرا. بەو هۆکارە کە ڕوون نییە مامۆستا زەبیحی پابەندی چ ڕێنووسێک بووە و چوونکە لە کاتی ژیانی خۆیاندا کتێبەکە لە لایەن کۆڕەوە چاپ کرا ئێمەش بڕیارمان دا کە بۆ چاپی ئەم کتێبە ڕێنووسی بڵاوگەی ڕاژە نەکەینە بنەما و بەپێی ڕێنووسی کۆڕ کتێبەکە لە چاپ بدەین.

لە کۆتاییدا ڕێز دەگرین لە هەموو ئەو کەسانەی کە لە چاپی ئەو کتێبەدا یارمەتیدەرمان بوون بەتایبەتی بنەماڵەی بەڕێزی مامۆستا زەبیحی.

عەبدولڕەحمان زەبیحی لە پێشەکی کتێبی “قامووسی زمانی کوردی”دا ئاوڕێک لە مێژووی زمانی کوردی دەداتەوە و لە زمانی سەردەمی مادەکانەوە شرۆڤەی خۆی دەست‌پێدەکات و هەروەها زۆر بابەتی مێژوویی و گرینگی زمانی کوردی دەهێنێتە بەر باس و لێکدانەوە.

ئەو پێشەکییەی کە زەبیحی لەسەر مێژووی زمانی کوردی نووسیوییەتی، لە دووتوێی ئەو کتێبەدا چاپ کراوەتەوە و، هەروەها لە کۆتاییدا نامەگۆڕینەوەی ئەمیر حەسەنپوور و زەبیحی کە لەسەر زمانی کوردییە و وتارێکی ئەمیر حەسەنپوور بەنێوی “بەربینگی زمانی کوردی بەربدەن”، لێی زیاد کراوە.
  https://t.me/kurdishbookhouse

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

بەردینە، ڕۆمانێک ڕۆنراو له سەر بناغەکانی قایەت، مێژوو، بەیت و بن زاراوەیەکی کۆن

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *