ناسنامە کوژراوەکان

ناسنامە کوژراوەکان[۱]

[لە بەرگری لە ناسنامەی ئەمازیغی]

 نووسەر: محەمەد بوودەهان، وەرگێر لە عەرەبییەوە: حیسام ( هیوا) خاکپوور

ئاماژەی وەرگێڕ:

یەکێک لە ئەرک و ریسالەتەکانی کاری فیکری ئەوەیە کە دەنگە خامۆشکراوەکان، نەتەوە نەبینراوەکان، ناسنامە کوژراوەکان، مرۆڤە پەڕاوێزخراو و سەرکوتکراوەکان، چینە بێدەسەڵاتە بەشخۆراوەکان، بابەتە نەبینراو و فەرامۆشکراوەکان، هاوارە کپکراو و بێدەنگکراوەکان، ژینجیهانە ژێردەستە و بەشمەینەتەکان، حەقێقەتە داپۆشراوەکان، نەزمە زانستییە تێرۆرکراوەکان و بەرخۆدانە کەمدەنگ و ڕەنگەکان و… بێنێتە سەر هێل و بیانخاتە گۆ تا جیهان و مێژوو و بوون و دۆخی باو و دۆخی خوازراو و… لە ڕوانگەی ئەوانیشەوە ببیندرێت. یەکێک لەو نەتەوە ژێردەستانە کە هاوشێوەی نەتەوەی کورد هەمووی ئەو وەسفانەی سەرەوەی بۆ ڕاست دەردەچێت، ئەمازیغییەکانن. وەرگێرانی ئەم وتارە هەوڵێکی چووکەیە بۆ ئاشنایی لەگەڵ دەنگی خامۆشکراو و بنبڕکراوی ئەمازیغی کە لەم چەن دەیەی دواییەدا تا ئاستێک کەوتووەتە هەوڵ و تەقەلای بەرخۆدان بۆ مانەوە.

دەقی وتار:

هەرچەندە کتێبی “ناسنامە کوشندەکان” (les identités meurtrières)ی ئەمین مەعلوف، کە لە ساڵی ۱۹۹۸دا بە زمانی فەرەنسی بڵاوکراوەتەوە دەپەرژێتە سەر چەمکی ناسنامە بە مانای تاکی و ڕەگەزی و ئایینی خۆی (ململانێی لایەنە ئاینییەکان لە لوبنان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، بەڵام نووسەر ئەمە جیا ناکاتەوە لە نەتەوە، یان سەر بە پیشەیەک بوون، یان گەڕەکێکی نیشتەجێبوون، یان گرووپێکی وەرزشی، یان مەزهەبێکی ئایینی… شتێک کە هیچ پەیوەندییەکی نییە بە چەمکی ناسنامەی بەکۆمەڵی گەلان، نەتەوەکان، دەوڵەتەکان و وڵاتەکان، وەک ئەمازیغییەکانی مەغریب و باکووری ئەفریقیا. بەڵام پێگەی فیکری نووسەر کە ئەندامی ئەکادیمیای فەرەنسییە، کتێبەکەی کردە شێوەسەرچاوەیەک کە دژبەرانی کەسانێ کە خوازیاری ناسنامەی خۆیانن، دەتوانن بانگەوازی ئەوە بکەن کە ئەو جۆرە داواکاریانە ڕەنگە “ناسنامەی کوشندە” بەرهەم بهێنن، بەهۆی ئەوەی شایەد ئەو ناسنامانە بە پشتبەستن بە پاڵنەرە ڕەگەزی و ڕاسیستییەکان ببنە هۆی شڵەژان و ململانێ و تەنانەت شەڕ و پێکدادان.

لە مەغریبدا بیرمەندێکی گوایە ئەمازیغیی دەبینینەوە کە سەبارەت بە “ناسنامە کوشندەکان” هوشدارێ دەدات کە ڕەنگە لە ئەنجامی داواکارییەکانی ئەمازیغەکانەوە لە ئاستی سیاسی و ناسنامەیی خۆیان تێپەڕ بن و بە پێی بۆچوونی ئەو لە ئاستی داخوازی کەلتووری و زمانی لاقی زیاتر ڕاکێشن. بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین چەمکی “ناسنامە کوشندەکان”، کە ناونیشانی کتێبی بەرباسە، بووەتە “فەرمانێکی شاهانەی بەربەری[۲]” نوێ کە “نەرمەبڕیی” خۆی لە بەرامبەر ئەمازیغییەکاندا، بەپێی ئیدیعای خاوەن ئەم “نەرمەبڕییە” نوێیە گوایە بۆ دوورخستنەوەی ململانێ، تەفرەقە  و تائیفەگەری دەخاتە گەڕ.

بەڵام ئەگەر بکوژێک هەبێت، هەمیشە کوژراوێکیش هەیە. ئەگەر “ناسنامەی کوشەندە” هەبێت، ئەوا ناسنامەی کوژراویش هەیە. ئەو “ناسنامە کوشەندانەی” کە ئەمین مەعلوف باسی دەکات، ئەو ناسنامانەن کە شەڕ دەکەن بۆ ئەوەی لە کوشتنی قوربانییەکانیان واتە ناسنامە کوژراوەکان سەربکەون. ئیسلامی سیاسی کە نووسەر بە درێژی باسی کردووە و بەشێکی لە کتێبەکەی بۆ تەرخان کردووە بە ناونیشانی: “کاتێک مۆدێرنیتە لەلای ئەویترەوە دێت” (Quand la modernité vient de chez l’Autre)، ئامانجی ئەوەیە ئیسلام لە فۆڕمەتی سیاسییەکەیدا وەک تەنیا ناسنامە و ناسنامەی گشتگیر بسەپێنێت. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە پێویستە هەموو ئەو باوەڕە ئایینیانەی تر کە سەر بە ئیسلام نین، واتە مەسیحیەت و بودایی و جوولەکە و سکۆلاریزم و نائایینی بکوژرێت… بەم شێوەیە ئیسلامی سیاسی بەڕاستی ناسنامەیەکی کوشندە پێکدەهێنێت. سەبارەت بە بیروباوەڕی ئایینی تریش، وەک مەسیحییەت لە نێو میسری و عێراقی و سوری…، ناسنامەیەکی ئایینی کوژراو پێکدەهێنن. ئەمەش هەر ئەوەیە کە داعش لە سوریا و عێراقدا جێبەجێی کرد کاتێک لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ دەستی بەسەر ئەو ناوچانەدا گرت.

بەڵام شانبەشانی ئەم ناسنامە ئاینییە ئیسلامییە کوشندەیە، هاڤاڵدوانەکەشی هەیە کە ئەویش ناسیۆنالیزمی عەرەبییە. ئەم بزووتنەوە ناسیۆنالیستیەش ناسنامەیەکی کوشەندە پێکدەهێنێت، چونکە ئامانجی سەپاندنی ناسنامەی عەرەبە بەسەر هەموو نەتەوە غەیرەعەرەبییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا. بۆ ئەوەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی بتوانێت بەو ئامانجە بگات، دەبوو ناسنامەی ڕەسەنی ئەو نەتەوە غەیرە عەرەبانە بنبڕ بکات. بەم شێوەیە بۆ کوشتنی ناسنامەی فینیقی، کەڵدانی، ئاشووری، و فیرعەونی… لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و ناسنامەی بەربەر لە باکووری ئەفریقیا کاری کرد.

بەڵام مەترسیی کوشتنی ناسنامە غەیرە عەرەبییەکان چەندقات دەبێتەوە کاتێک بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی خۆی هاوپەیمانی بزووتنەوەی ئیسلامی بکات لەو کاتەوەی کە یەکەمین کۆنفرانسی یەکێتیی خۆیان لە ساڵی ١٩٩٤ بە ناوی “کۆنفرانسی نەتەوەیی ئیسلامی” بەڕێوەبرد. ئەم هاوپەیمانییەی نێوان ئەو دوو ڕەوتە لە ڕاستیدا شتێکی نوێ نییە، بەڵکوو گەڕانەوەیە بۆ ئەو یەکگرتووییە ڕەسەنەی کە پێکەوەیان کۆدەکاتەوە و بە دەستەواژە داڕێژراوەکە کورت دەکرێتەوە: (عرووبەت و ئیسلام). ئەوەی تازەیە تەنها هەوڵی یەکگرتوویی ئەو دوو ڕەوتە، بە شێوەیەکی هۆشیارانە و بە مەبەست و ئەنقەست و پلان بۆداڕێژراوە، بۆ کوشتنی ناسنامە غەیرە عەرەبییەکان بە تواندنەوەی زۆرەملێیان لەنیو ناسنامەی عەرەبیدا. دەرئەنجامەکەی ئەوەیە کە ئیسلام وەک هەمیشە لەڕووی سیاسییەوە بەکاردەهێنرێت، بۆ خزمەتکردنی عەرەبییەت و بڵاوکردنەوەی بەناوی ئەم ئیسلامە، بەجۆرێک ناسنامەی غەیرە عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا بە ناسنامەیەک دادەنرێت کە دژی ئیسلامە. هەر بۆیە دەبێت ئەو ناسنامانە بکوژرێن و بگۆڕدرێن بۆ ئیسلامی [سەردەستەکان] پاش ئەوەی کە تەعریب دەکرێن و لە ناسنامەی خۆیان دەست دەشۆن.

ئەم هاوپەیمانییەی نێوان ناسیۆنالیزمی عەرەبی و ئیسلامی سیاسی لە وڵاتانی باکووری ئەفریقیادا، بەپیتترین زەمینەی بۆ تاقیکردنەوەی کارکەردەکەی دۆزیوەتەوە، هەروەک لە سیاسەتی ناسنامەیی بەعەرەبکردن کە بکوژی ناسنامەی ئەمازیغییە دەردەکەوێت. بەم شێوەیە ئیسلام لە ڕووی سیاسی و ناسنامەییەوە، لێرە لە مەغریب و هەموو باکووری ئەفریقیا، بۆ کوشتنی ناسنامەی ئەمازیغ بەکار دێت، بە بیانووی ئەوەی زمانی ئیسلام کە عەرەبییە دەشێوێنێت. ئەمەیش  لە کاتێکدا کە ئەم ئەمازیغە داوای مافی خۆی دەکات بۆ چوونە ناو قوتابخانە و بەڕێوەبەڕی و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت. سەبارەت بە ناسیۆنالیزمیش، “شەڕ” و پێکدادانییەتی لەگەڵ ئەمازیغی، چونکە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکێتی وەهمیی عەرەبی دەزانێت. هەرچەندە لە مەغریب ململانێیەکی ئاشکرا لە نێوان ئیسلامییەکان و ناسیۆنالیستەکاندا هەیە، کە ئیسلامییەکان ئەمان بە سکۆلار دەزانن، بەڵام ئەم ململانێیە کاتێک باس لە ئەمازیغی دەکرێت، دەگۆڕێت بە هاوپەیمانییەکی عەرەبی بۆ کوشتنی ئەمازیغی. ئەگەر ناسیۆنالیزمی عەرەبی و ئیسلامی سیاسی لە مەغریب دوو ناسنامەی کوشەندە پێکبهێنن، قوربانییە کوژراوەکە هەمیشە ئەمازیغە. بۆئەوەی ئەم پرۆسەی کوشتارە بە قەبارەیەکی بەرفراوان سەربکەوێت و شێوەی جینۆسایدی ناسنامە وەربگرێت، بزووتنەوەی عەرەبی و بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە، سەربازانێکی ئەمازیغی کە پێشتر ئەم دوو بزووتنەوەیە ناسنامەی ئەمازیغی ئەوانی کوشتبوو پڕچەک دەکەن، بەجۆرێک کە ئەوان دوای لەدەستدانی ناسنامەی ڕەسەنی ئەمازیغی خۆیان، دەبنە ئەو کەسانەی کە زۆرترین جۆش و خرۆشیان هەیە بۆ کوشتنی ئەو شتەی لەم ناسنامە ئەمازیغییەدا ماوەتەوە. ئەوانە فریو دەدران تا ببنە ئەنجامدەرانی پرۆسەی کوشتار و تا پێوەندارێتییان بە ناسنامەی ساختەیی عەرەبی ڕێکوپێک بێت و پاشان کە ناسنامەی ڕەسەنی خۆیان لە کیس چوو، ببنە “پاشەڕۆکخۆری” بێناسنامە. ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بکوژانی گەلی ئەمازیغ، جا چ عەرەب بن یان ئیسلامی، لە بنەڕەتدا ئەمازیغن کە پرۆسەی تەعریب دەیانکاتە بکوژی ئەمازیغییەکان و لە ڕەگەزی ئەمازیغی خۆیانەوە بۆ ڕەگەزێکی عەرەبی درۆزن و ساختەیی، وەک قوربانیی پرۆسەی گۆڕانی ڕەگەزی، نەتەوەیی و ناسنامەیی، پێوەندارێتییان دەشێوێنێت و ناسنامەیان دەسکاری دەکات.

قسەکردن لەسەر “ناسنامەی کوشەندە” لە ڕاستیدا واقیعێکی خەمناک و تاڵ دەشارێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە قوربانیانی ئەم “ناسنامە کوشەندانە” ناسنامە کوژراوەکانن. ئاماژە بە ترسێنەری “ناسنامەی کوشەندە” بۆ ئەوەیە کە ئەم ناسنامە کوژراوانە جارێکی دیکە داوای مافی ژیانیان نەکەنەوە. هەر لەبەر ئەمەشە تێبینی ئەوە دەکەین کە گەورەترین بەربەست کە ڕێگری لە چالاککردنی جیدی و ڕاستەقینەی کاراکتەری فەرمی ئەمازیغی دەکات، ئەو بەربەستەیە کە لایەنە عەرەبی و ئیسلامییەکان پێکیان هێناوە و گەڕانەوەی ئەمازیغ بە گەڕانەوەیەکی کوشەندە بۆ بوونی عەرەبیی وەهمی و درۆینەی خۆیان دەبینن. کەواتە ئەوەی شایەنی سەرنجی زیاترە، “ناسنامە کوشەندەکان” نییە، بەڵکوو قوربانییەکانیانن کە بە ناسنامە کوژراوەکانەوە دەنوێنددرێنەوە. ئەم کوژراوانە پێویستیان بە کەسێکە بەرگرییان لێبکات و کاربکات بۆ ئەوەی وەک ناسنامەی ڕەسەن و ڕاستەقینەی نەتەوەی ڕەسەن و ڕاستەقینە، وەک گەلی ئەمازیغ لە باکووری ئەفریقيا، بژیێنەوە. ئەمازیغ هەرگیز بە ناسنامەیەکی “بکوژ” بۆ هیچ ناسنامەیەکی تر نەناسراوە، هەروەها هەرگیز – تەنانەت لە ئاستی بیریشدا- بیری لەوە نەکردۆتەوە کە ناسنامەی عەرەبی ڕەسەن و ڕاستەقینەی عەرەبە ڕەسەن و ڕاستەقینەکان لە وڵاتانی کەنداو لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا بکوژێت. ئەوەی بەدوای کوشتنیدا دەگەڕێت، ناسنامەی عەرەبی ساختەیە لە مەغریب و باکووری ئەفریقيا، کە عەرەبە ڕاستەقینەکان خۆیان ڕەتیدەکەنەوە، چونکە درۆینە و ساختەییە. ئەم کوشتنی درۆ و ساختەکارییە، ئەوەیە کە عرووبەکان، چ ناسیۆنالیستەکان و چ ئیسلامیەکان دەترسێنێت، چونکە دەترسن ئەمازیغییەکان بگەڕێنەوە بۆ زات و جەوهەری خۆیان و هاوشێوەی خۆیان بن و خۆیان بدۆزنەوە، واتە لە ناسنامە بەکۆمەڵەکەیاندا کە بە زێدی خۆیان و زمانی ڕەسەنی ئەم نیشتمانە دیاریکراون بچەسپێنەوە، ئەویش بریتییە لە زمانی ئەمازیغی.

بەڵام وەک دەڵێن پەتی درۆ کورتە. درۆکان وا خەریکە ئاشکرا و ڕیسوا دەبن و حەقیقەتەکانیش خەریکە وەدەردەکەون و سەرهەڵدەدەن. 

_________________________

[۱] . ئەمازیغییەکان نەتەوەیەکی بێدەوڵەتن کە لە ژێر چەپۆکی چوار دەوڵەتی عەرەبیدا لە مەغریب و باکووری ئەفریقیا دەچەوسێنرێنەوە. چارەنووسی ئەوان زۆر هاوشێوەی چارەنووسی نەتەوەی کورد و دیکەی نەتەوە بێدەسەڵاتە بێدەوڵەتەکانە. بۆیە بیرمەندی ناسراوی ئەمازیغی و مامۆستای زانکۆی سووربۆن “محەمەد ئەرکۆن” دەڵێت: “ڕەنجی مرۆڤی ئەمازیغی تەنیا یەک مرۆڤی کورد تێیدەگات و هەر کە پێکەوە قسە دەکەین لەیەک تێدەگەین”. بە باوەڕی من مرۆڤە بێدەوڵەتەکان بەرژەوەندی و چارەنووسیان زۆر لەیەک نزیکە، هەر بۆیە ئەوان دەبێت ببنە هاوپەیمانی یەکتر، نەک ئەوەی بگەڕێن لەگەڵ لایەنگەلیک لە نەتەوە سەردەستەکان بکەونە گفتوگۆ و هاوپەیمانی کە ئەم کارە بە هۆکاری جۆراوجۆر نە مومکینە و نە باشیشە.( وەرگێڕ)

[۲] . الظهیر البربری: “فەرمانی شاهانەی بەربەر” بەربەر لە ئەدەبیاتی بزووتنەوەی نیشتمانیدا بریتییە لە “فەرمانی ١٦ی ئایاری ١٩٣٠ کە بەڕێوەبردنی دادپەروەری لە هۆزەکانی خاوەن داب و نەریتی ئەمازیغدا ڕێکدەخات کە دادگایان نییە بۆ جێبەجێکردنی یاسای شەریعەت. ئەم یاسایە لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەرەنسا دەرچووە و بزووتنەوەی میللی نیشتمانی ئەمەی بە ئامرازێک بۆ دابەشکردنی مەغریبییەکان لە نێوان بەربەر و عەرەبدا لە ئەژماردەدا. خوێنەر دەتوانێت بۆ ئاشنایی زیاتر لەگەڵ ئەم باسوخواسە بڕوانێتە( وەرگێڕ):

 https://www.asjp.cerist.dz/en/article/143450

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

فەرهەنگی زارەکیی موکریان پڕۆژەیەکی دوورودرێژی زمانی و کلتووری

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *