خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ژورناڵی CLS و سوبژێکتیڤیتەی کوردی

ژورناڵی CLS و سوبژێکتیڤیتەی کوردی

ژورناڵی CLS و سوبژێکتیڤیتەی کوردی / د. بەختیار سەجادی

من دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری گۆڤارێکی ئەکادێمیکم کە بە ئینگلیزی دەردەچێت. ئەم ژورناڵە نەک هەر لە کوردستان بەڵکوو لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا نموونەی نییە و هیچ ژورناڵێکی ئەم دەڤەرە لەو بابەتەدا نەیتوانیوە بگاتە ئەو ئاستە بەرزە لە ڕووی متمانەوەرگرتن لە لایەن ناوەندە دانپێدانراوەکانەوە بۆ نوانەسازی و ئاماژەپێویی نووسینی زانستی.

Critical Literary Studies

ژمارەیەکی بەرچاوی توێژینەوە لە وڵاتانی ترەوە ڕەوانەی ژورناڵەکە دەکرێ و زۆربەشیان هەر لە یەکەم پلەدا ڕەفز دەکرێنەوە و تەنها بەشێکی بچووکیان سەردەکەون بۆ قۆناغی پرۆسێسکردن. تا ئێستا بەرهەمی توێژەری هەندێ وڵاتمان بڵاوکردووەتەوە وەک چین، نیپاڵ، هۆنگ کۆنگ، تاجیکستان، هیندستان، تورکیا، میسر، تونس و ئاڵمانیا. بۆردی هەڵسەنگێنەرانی ژورناڵەکەمان لە هەندێ وڵاتی ترەوە هاوکاریمان دەکەن وەک کەنەدا، ئەمەریکا، فرەنسا و سپانیا. توێژەرانی فارس و نەتەوەکانی تر، کورد نەبێ، لە ئاستی بەرزدا وەک پرۆفیسۆر و بەرپرسی توێژینگەکان بەردەوام داوام لێدەکەن توێژینەوەکانیان یەک تۆز خێراتر لە ژورناڵەکەدا پرۆسێس بکرێ.

هەر لە یەکەم ڕۆژی دەرچوونی ژورناڵەکەوە لە ٢٠١٨ ڕامگەیاند ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ ناساندنی بەرهەمەکانی ئەدەب و هونەر و فەرهەنگی کوردی لە ئاستێکی جیهانیدا و بۆ بەردەنگی نێودەوڵەتی بە مەبەستی خستنەبەرچاوی مۆرکەکانی ناسنامەی کوردی بۆ دەستەبژێری وڵاتانی تر. بەڵام، مخابن، لە دووسەد توێژینەوەی بڵاوکراوی ژورناڵەکە تەنها دووانیان پێوەندییان بە کوردەوە هەیە!

بڵاوکردنەوەی توێژینەوە لە گۆڤاری ئیمپەکەت فەکتەردا بە پرۆسەیەکی سەخت و درێژخایەندا تێدەپەڕێت، بەڵام، دواجار کە بڵاوکرایەوە دەچێتە شوێنە پڕبایەخەکانەوە، وەک ئەکادێمیا و ئەنستیتۆ ڕۆژئاواییەکان کە ئەوڕۆکە بوونەتە سەرچاوەیەکی گرنگی ناوەندەکانی بڕیاردان. وێڕای ئەمەش، ژمارە و ئاستی توێژینەوە لەم جۆرە ژورناڵانەدا پێگەی زۆر وشەی کلیلی و سەرەکیی پێوەندیدار بە بابەتی توێژینەوەکەوە لە ناوەندە ئەکادێمیکە نێودەوڵەتییەکاندا یەکلا دەکاتەوە؛ ئەمەش ئەو ناوەندانەن کە وشەی کلیلی سەبارەت بە کوردیان تێدا بزر یان کەمە.

زۆربەی هەرە زۆری توێژی “نووسەران”ی کوردی‌نووس، کە لێرەدا مەبەست توێژەرانە نەک شاعیران و چیرۆکنووسان و شانۆنامەنووسان، نووسینیان لە لایەن هیچ ناوەندێکی نێودەوڵەتییەوە پەسەند ناکرێ و بۆیەش زۆربەیان خاوەنی یەک توێژینەوە نین لە ژورناڵیکی دانپێدانراودا. ڕاگەیاندن، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چاپەمەنی و کۆڕی نێوخۆیی لەم باسەی ئێمەدا دەکەونە گوتارێکی دیکەوە. بابەتەکانی چاپەمەنیی کوردی نەک هەر کورت‌مەودان و تەنانەت ئەرشیڤی زۆربەشیان بەردەست نییە، بەڵکوو ناشتوانن بچنە نێو پێواژۆ و کاروانی جیهانیی داهێنانی هزر و زانستەوە.

زۆربەی ناوە دیارەکانی دونیای هزر و فکر و مەعریفەی کوردستان خۆماڵی و ناوەکین و دوورن لەم پارادایمەی بەرباسەوە و بەرهەمیان کەمتر لە ناوەندە جیهانییەکانی نوانەسازی و ئاماژەپێویی نووسینی ئەکادێمیکدا ئامادەیە و تەنانەت لە سۆسیال میدیای تایبەت بە توێژەرانیش ئامادە نین. بۆیەش گەر بمانەوێ لە جیهانی هاوچەرخدا خاوەن پلە و پایە و ناو بین، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە گۆڕانکاریی پارادیگماتیکە لەم ڕووەوە.

ئەم بابەتە لە کاناڵی فەرمی دوکتۆر بەختیار سەجادی وەرگیراوە.

 https://t.me/bakhtiar_sadjadi2

 

  پایگاه خبری «خانه کتاب کُردی» 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

لێکدانەوەیەکی کورت بۆ شیعری «هەمە زمانە»ی قانع

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *