
مەرگی «بێدەنگی» ڕەفیق سابیر؛ ئاوێنەی شکستی ڕووناکبیریی کوردی

جەعفەر قارەمانی
کاتێک نووسەر، شاعیر، یان ڕۆشنبیرێ کە بەشێکی زۆری تەمەنی بۆ تێگەیشتن و داکۆکیکردن لە ناسنامە، نیشتمان و ئازادی تەرخان کردووە، کۆچی دوایی دەکات؛ لە بنەڕەتدا تەنیا مەرگی جەستەیەک نییە، بەڵکوو تاقیکردنەوەیەکی ئەخلاقی و مەعریفییە بۆ ئەو کۆمەڵگایەی تێیدا لەدایک بووە.
کۆچی دواییی ڕەفیق سابیر، تەنیا لەدەستچوونی دەنگێکی زانستی و ئەدەبی نەبوو، بەڵکوو ساتەوەختێکی تاڵ بوو، بۆ ئاشکراکردنی «بێدەنگی»یەکی کوشندە و نائومێدکەر لە ناوەندە ئەکادیمییەکان و تەنانەت لەنێو توێژی نووسەرانیشدا. ئەم بێدەنگییە ئاسایی نییە، بەڵکوو «بێدەنگییەکی مەترسیدارە» لە ئاست بەهاکانمان. ڕەفیق سابیر کۆچی دوایی کرد، بەڵام پرسیارێکی بۆ هەموومان بەجێهێشت: ئاخۆ ئێمە چ جۆرە میراتێک بۆ نەوەکانی دوای خۆمان بەجێ دەهێڵین، لە ئاست ڕێزگرتن لە مەعریفە و مرۆڤە گەورەکانمان؟
ئەکادیمیا لە وڵاتانی خاوەن نەریتدا، پارێزەری بیر و کلتووری نەتەوەیەکە؛ کەچی لێرە، کاتێک شاعیرێکی خاوەن دیوان و ڕەوتێکی دیاری وەک ڕەفیق سابیر کۆچ دەکات، ناوەندە زانستییەکان و بەشەکانی کوردی لە زانکۆکاندا بە جۆرێک مامەڵە دەکەن، وەک بڵێیت هیچ ڕووداوێکی کولتووریی گرنگ ڕووی نەدابێت. ئەم بێدەنگییە تەنیا کەمتەرخەمی نییە، بەڵکوو دەرخەری دیاردەیەکی مەترسیدارە.
زۆربەی زانکۆکانمان بوونەتە ئامێری دانی بڕوانامە، نەک دروستکردنی کەسایەتییەک کە هەستی بەرامبەر بە ڕووداوەکانی دەوروبەری هەبێت. ئەکادیمیا کاتێک نەتوانێت لە ساتەوەختی مەرگی نووسەرێکدا سیمپۆزیۆمێک، دانیشتنێکی زانستی، یان تەنانەت ڕێزلێنانێکی شایستە بۆ بەرهەمەکانی ڕێک بخات، مانای وایە ئەو ئەکادیمیایە پەیوەندیی لەگەڵ واقیعی ئەدەبی و کۆمەڵایەتیی خۆی پچڕاوە.
ئەگەر لە ئەکادیمیا چاوەڕوانیی دامەزراوەیی بکەین، ئەوا لە نووسەرانی هاوچەرخیش چاوەڕوانیی «هاوپشتیی ئەدەبی» دەکەین؛ بەڵام بێدەنگیی بەشێکی زۆر لە نووسەران بەرامبەر بە مەرگی ڕەفیق سابیر، ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەداخەوە، بەشێک لە نووسەران بەهۆی ململانێی بچووکی «فیکری»، «کەسی»، یان تەنانەت بەهۆی نەبوونی نەریتی ڕێزگرتن لە گەورەکان، کەوتوونەتە دۆخی «پشتگوێخستن». ئەمە نیشانەی نادیدەگرتنی ئەخلاقییاتی نووسینە و جۆرێکە لە «نەخۆشیی کولتووری» کە نووسەری کورد تووشی بووە.
ڕەفیق سابیر لەو شاعیرانە بوو کە بە دەقەکانی، «ئەڤین و نیشتمان»ی تێکەڵ کردبوو. شاعیرێک بوو کە نە دەسەڵاتی بۆ ئاوەدانی دەویست و نە لە پێناوی ناوبانگدا لە ئاست ناڕەوایییەکاندا بێدەنگ بوو. مەرگی ئەو تەنیا کۆتاییهاتنی ژیانی تاکەکەسێک نەبوو، بەڵکوو سەلمێنەری ئەوە بوو کە «ڕۆشنبیریی کوردی» تا چەند لە ئاستی ئەرکە ئەخلاقی و کلتوورییەکانی خۆیدا دۆڕاوە.
لە کۆتاییدا، پێویستە ئەو بێدەنگییە بشکێنین، بۆ ئەوەی دووبارە مانا بۆ «نووسەر» و «ئەکادیمیست» بگەڕێنینەوە. ئەگەر نەتوانین مێژووی ڕێزگرتن لە گەورەکانمان بنووسینەوە، ئەوا نەوەکانی داهاتوو لە بەرامبەر ئێمەدا، هەمان بێدەنگی دەنوێنن. پێویستە ڕێکخراوە ئەدەبییەکان و ناوەندە زانستییەکان، بەرنامەی کردەیی بۆ یادکردنەوەی ئەو مرۆڤە گەورانە دابڕێژن، نەک تەنیا لە ڕێگەی «پرسەنامەی ڕووکەشی»یەوە خۆیان لە بەرپرسیارێتی بدزنەوە.
ڕەفیق سابیر بە جەستە کۆچی کرد؛ بەڵام بە شیعر و نووسراوە ڕۆشنبیرییەکانی، وەک هێمایەکی هەمیشە زیندوو لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا دەمێنێتەوە. یادی بەرز و نەمر بێت؛ ئەو شاعیرەی تەمەنی خۆی قوربانیی وشە و ئازادی کرد و «لە ستایشی ژیاندا» نووسی.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.
ماڵی کتێبی کوردی