
لە «ئیرادە»وە بۆ «ناسنامە»؛ پیرۆزبای بۆ نۆ ساڵ تێکۆشانی کلتووریی «ماڵی کتێبی کوردی»

جەعفەر قارەمانی
لە سەردەمی مۆدێرنەدا، پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی بە ئاستی هۆشیاریی کلتووری و پاراستنی زمانی دایکی بەستراوەتەوە. «ماڵی کتێبی کوردی» وەک ناوەندێکی ڕێکخراو، لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا توانیویەتی لە قۆناغی چالاکییەکی سادەوە بۆ ئاستی پاراستنی ناسنامە و بزوێنەری گەشەپێدانی زمانی کوردی هەنگاو بنێت. یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی سەرکەوتنی ئەم ماڵە، گۆڕینی فەلسەفەی کارکردنی کلتوورییە. لە کاتێکدا زۆرینەی دامەزراوەکان چاوەڕوانی پاڵپشتی و بودجەی فەرمی بوون، کردەی «ماڵی کتێب» سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە کە کلتوور بەرهەمی ئیرادەیە، نەک بودجە. ئەم ناوەندە بە پشتبەستن بە باوەڕی قووڵ و خۆشەویستی بۆ زمانی کوردی، توانیویەتی ئیرادەی خۆبەخشانە وەک جێگرەوەیەکی کاریگەر بۆ کێشە داراییەکان بەکاربهێنێت و ئاستەنگەکان تێپەڕێنێت.
«ماڵی کتێبی کوردی» لەم ماوەیەدا دوو ئەرکی سەرەکیی گرتووەتە ئەستۆ: یەکەم؛ ناساندن، ڕانان و بەدیکۆمێنتکردنی بەرهەمی نووسەران. دووهەم؛ بە گرنگیدان بە هەوڵی نووسەرانی گەنج، توانیویەتی متمانە بۆ پرۆسەی خوێندنەوە بگەڕێنێتەوە و ڕێگری لە بێهوابوونی نوخبەی گەنج لە کایەی نووسیندا بکات. مانەوە و بەردەوامیی نۆ ساڵەی ئەم پرۆژەیە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پاراستنی زمان و ئەدەبی کوردی، پێش هەموو شتێک پێویستی بە پشوودرێژی و ماندوونەناسییە. ئەوەی ئەمڕۆ «ماڵی کتێب» وەک میراتێکی نۆ ساڵە پێشکەشی دەکات، تەنیا ئەرشیفێکی وتار و توێژینەوە نییە، بەڵکوو نەخشەڕێگایەکە بۆ مانەوەی نەتەوەیی لە ڕێگەی «پیت و وشە»-وە.
ماڵی کتێب لەم ماوەیەدا، بە تێگەیشتن لە فەلسەفەی کتێب وەک کەرەستەی بونیادنانی هۆشیاری، توانیویەتی لە بازنەی داخراوی «هەوڵی تاکەکەسی» دەرچێت و ببێتە هێمای «پڕۆژەیەکی نیشتمانی». ئەم گواستنەوەیە لە کردەی خاوەندارێتیی تاکییەوە بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانی، بەرهەمی تێڕوانینێکی قووڵی زانستییە؛ تێڕوانینێک کە فەرهەنگ تێیدا تەنیا کردەیەکی ڕووکەشی نییە، بەڵکوو ڕەهەندێکی فەلسەفی و کۆمەڵایەتییە کە پێویستی بە بەدامەزراوەییبوون و دیدگای ستراتیژی هەیە. لەم چەند ساڵەدا، «ماڵی کتێب» بە دیسپلینێکی ئەکادیمی و گوتارێکی شارستانییەوە، توانیویەتی ئەدەب لە پەراوێزی کات ڕزگار بکات و بیخاتە سەر ڕێڕەوی ڕەخنەی زانستی و بەها نیشتمانییەکان.
هیوادارم ئەم قۆناغە نوێیەی تەمەنی «ماڵی کتێبی کوردی»، پڕ بێت لە داهێنان و پتەوکردنی ئەو پردەی کە مەعریفەی ئەکادیمی بە واقیعی کۆمەڵایەتییەوە دەبەستێتەوە. لە نۆهەمین ساڵیادی ئەو دامەزراندنەدا، دەستخۆشی لەو کەسانە دەکەین کە بە بێدەنگی و دوور لە خۆنواندن و بەرژەوەندیی کەسی، مۆمی هۆشیارییان لەو ماڵەدا داگیرساندووە و بەردەوامییان بەم پرۆژە نیشتمانییە داوە. بەم بۆنەیەوە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی تەواوی ستاف و ئەندامانی ئەم دەزگا ڕۆشنبیرییە دەکەم. ئاواتەخوازم ئەم یادە دەستپێکێک بێت بۆ ساڵانی زیاتری بەردەوامی و خزمەتکردن بە کتێب و کلتووری کوردی.
لەگەڵ ڕێز و پێزانین
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.
ماڵی کتێبی کوردی