خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ڕانانی کتێبی «نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش» نووسینی شێرکۆ بێکەس

ڕانانی کتێبی «نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش» نووسینی شێرکۆ بێکەس

ڕانانی کتێبی «نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش» نووسینی شێرکۆ بێکەس

ناسنامه‌ى كتێب: «نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش»، شێرکۆ بێکەس، سنه: وەشانخانەی مادیار، ‌۱۳۹۸.

هەڵۆ بەرزنجی

به‌شی دووهه‌م…

بەرگی ٢

شاعیر نائاسوودەبووە بەوەی زمانە زیندووەکانی دنیای نەزانیوە، ئەم گرفتە بە درێژایی ژیانی بۆتە گرێ کوێرەی سەر دڵی و بۆی نەکراوەتەوە.. ساڵانێک کە لە سویدیش نیشتەجێ دەبێ، لە عۆدەی فێربوونی زمانەکەیان نایەت و پەرێشان بووە بەدەستیەوە.

ئەم کێماسییە هێندە خەم و ئازاری پێ دەبەخشێ، تا لە شوێنێکدا دەڵێ: خۆزیا چاوێکم نەبوایە و پێرفێکت زمانی ئینگلیزیم بزانیبایە…. دەبێ ئەم حەزەی چەند گەورە و بەهادار بووبێ، وەختێ،شاعیر ئەم ئاواتەی تەمەنی دەخوازێ، بەلایەوە سانایە،ئەندامێکی فرە گرنگی لەش و ژیانی لەدەست بدات،بەرانبەر شارەزایی و لەزەت بینین لە رۆشنبیریی جیهان و خزمەتی زیاتری ئەدەبیاتی کوردی.

لە رێ و رەسمیکی شکۆداردا،خەڵاتی تۆخۆلسکی ساڵی ١٩٨٧/١٩٨٨ بەدەست دێنێ و کۆمەڵێ کەسایەتی دیار پیرۆزبایی لیدەکەن. شاعیر باس لە نامەیەکی نووسەری گەورەی عەرەب، هادی عەلەوی دەکات ،کە بۆی ناردووە.بەداخەوە ئەم نامەیە یان چەند بڕگەیەکی بڵاونەکراوەتەوە.

بە باوەڕی من ئەمانە خاڵگەلێکن، لەتەک چەندانی دیکەی وەک ” وێنە،نامە، لیستی بەرهەمەکان، ئەو بەرهەمانەشی کە کراون بە زمانی بێگانە” کە دەبنە کێماسی ئەم بەرهەمەی مامۆستا شێرکۆ، یاخود ئەو کۆمەڵە وێنەیەی لە ئەلبوومەکەیدا ـ وەک خۆی باسی دەکات ـ پارێزراوە بڵاونەکراوەتەوە. 

هەڵبەت هەموو ئەو بەڵگە و نامە و وێنانە بیرەوەرییەکان بە پێزتر و دەوڵەمەنتر دەکەن و نرخی باسەکان هەڵکشاوتر دەکەن.

ساڵی ١٩٨٨ تووشی موعانات و دڵتەنگی دەبێ لە تەنیایی و نامۆیی غوربەتی سویددا، ئەم ئازارە وێرانی دەکات..ناچار پەنا دەباتە بەرگوێ گرتن لە گۆرانییەکانی هونەرمەندی گەورە حەمەی ماملێ و وەک خۆی بۆمان دەگێڕێتەوە جاری واش هەبوو لەگەڵیدا گریاوە… شەپۆلی قورسی غوربەت بەجۆرێ داغانی دەکات،باری دەروونی دەشڵەژێنێ ومەترسی دەخاتە سەر تەندروستی.بەکورتی رۆژگارێکی دژوار بەسەر دەبات. ئەوەتا لە چرکەساتی گەشتە خۆشەکانی لە فرۆکەدا، لە دانیشتنە رازاوەکانیدا، لە دیمەنی دڵفڕێنی وڵاتانی جیهانیداـ ئیتالیا،ئەڵمانیا،ئینگلتەرا،هۆڵەندە،دانیمارک، سویسرا،هەنگاریا، ئامریکا و کەنەدا…هتدـ لەوپەڕی خۆشی کۆڕی یاراندا، شەپۆلی خەیاڵ دەیکاتەوە میوانی چایخانەکەی سەعەی گەوهەر و مام ساڵح و مام عەلی و وەستا شەریف و لە شەقام و کۆڵانەکانی سلێمانی و لەوێوە لەزەت لەو ساتەوەختانە دەبینێتەوە کە لەوێ لەگەڵ عەبدوڵڵا جەوهەر و ئەحمەد هەردی و فەرەیدون عەلی ئەمین و رەئوف بێگەرد و ئەوانی دیکەدا بەسەری بردووە.

لە پەخشانە شیعرێکدا بەناوی”رۆڵەی دۆزەخ و رەنج و کوردایەتی” بۆ سەعید گەوهەر دەڵێ:
لەداوێنی سپیی شاری مامەیارە،شاری ئاگر و خۆڵەمێشەوە 
لە داوێنی پاکی گڵەزەردەی ئاوێنەی زیوینی شەهیدان و
لە داوێنی”گۆیژە”ی دایک و مێژووی روو سورمانەوە 
چەندین مانگ و ئەستێرەی کاکۆڵ سەوز
چەندین رووباری چاو ئەرخەوانی.. چەندین برووسکەی تیژی داستان و
چەندین کوڕی سەرەمێر کەوتوونەتە خوارەوە، یەکێک لەو کوڕە گیان رووناکانە
یەکێک لەو گوڵە هەژارانە ، یەکێک لەوئازارە ئازایانە
سەعید گەوهەر بوو، ئەو،گەوهەری شەوچراغی کوردایەتی و
کەڵێکی بناری پیرەمەگرون و دڵۆپە فرمێسکێکی چاوی کوردستان بوو
ئەو،لە ئاوی بەیانیانی کانیی پاکتر و هەستی نەتەوەیی لە پشکۆ گەرمتر و
بۆنی تەمەنی لە نێرگز بۆن خۆشتر ورەنگی ژیانیشی لە گوڵاڵە سوورتر بوو
دواتر
لە دەفتەری بیرەوەریمدا و لە ئاسۆی خەیاڵ و گوڵجاری شیعرمدا..
“گەوهەر” واتە هەوێنی دڵسۆزی و بڵێسەی کوردایەتی
گەوهەر هەژارێکی زاڵ بوو،ئەسپی تەنگانە و دەستی وەفا و
گوڵەگەنمێکی برسی و ،گۆمێکی تینوو بوو***

باڵی خەیاڵ و پەروانەی رۆحی هەمیشە بەسەر سلێمانییەوە، فڕیوە و نەیتوانیوە بەسەرهاتەکانی لە بیر بکات. لە لاپەڕە ١٣٠ ١٣١ دا سەرزەنشتی خۆی،لە هەمبەر هەندێ بەرهەم و هەڵوێستی، لە ٣ خاڵدا دەکات:

١ـ دەربارەی ئەو پەخشانەی لەسەردەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بە ناونیشانی ‘”دەنگبدە بە سەوزدەنگبدە بە هەق”.٢ـ لەسەردەمی شەڕی ی.ن.ک لە دژی بزوتنەوەی ئیسلامی شیعرێ بۆ جەبار فەرمان دەنووسێ.٣ـ وەک شاعیرێکی ناسراو شیعری زۆری بۆ بۆنەکان نووسیوە،لەوانە بۆ کوڕی کۆسرەت رەسول.

لە ئەوروپا گەشتی دوورودرێژی بۆ کۆڕگێڕان دەکات و زۆربەی وڵاتان میوانداری دەکەن. ئەو گرفتانەی وەک هەمیشە هاتتونەتە رێی نەزانینی زمان بە تایبەتی ئینگلیزی بووە.کاتێ دەیەوێ باسێ،دامەزرێنێ و بە دنیای خۆشەویستی و جوانی ژناندا هەڵزنێ، دەستەپاچە خۆی دێتە بەرچاو…. لەکاتێکدا تەمەنی بەرەو هەوراز چووە دەیەوێ خۆی وەک هەرزەکارێکی عاشق بداتە قەلەـ دەڵێ: کوا دڵی شاعیر لە تەسکەرەی نفوسدایە؟ دڵی شاعیر هەمیشە بیست ساڵانە ،دڵی شاعیر هەر ژێێ کەمان و دەمی تازە خونچە و دڵۆپێ بارانە. ل ١٦٦. دیارە بەدرێژایی ژیانی شاعیر ژن توخمێکی زیندوو و ئامادەی بەرهەمەکانی بووە،هەر ئەمەشە وای لێکردووە لە ل ٢١٢ بنووسێ : من خۆم بە مۆمێکی پشت سەری ژنانی وڵاتەکەم ئەزانم …. تکایە ئەمڕۆ پێم مەڵێن “شێرکۆ بێکەش” و بڵێن “شێرکۆ شەفیقە”.، شاعیر لە ل ٢٢٧ دا کۆمەڵێ تایبەتمەندی کەسایەتی و شاعیر و ناودارانی کوردمان بۆ دەگێڕێتەوە، باس لە تایبەتمەندی هەر یەکەیان دەکات. ئەمەش بۆ بەرچاوروونی خوێنەرە کە تێبگات هیچ کام لە کەسایەتییەکان پێرفێکت نەبوون و هەور یەک بە تایبەتمەندی خۆی ناسراوە…

لە ل ٢٦٥ دا جارێکی دیکە مامۆستا شێرکۆ بێکەس ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە کە عێراقی نەبووە و دەڵێ : بەهەرحاڵ من خۆم رۆژێ لە رۆژان هەستمنەکردووە شتێک هەیە لەناو مندا پێی بووترێ عێراقی،شەراکەتی راستەقینە. دواتر دەڵێ: نەخشەی عێراق بۆ من هەر سێدارە و دارەمەیت بووە! ئەوەتەی سیستەمی خوێندن و پەروەردەیان داڕشتووە بەرنامەی فاشیزمی عەرەبییان بەسەرمندا سەپاندووە. من هەرگیز خۆم بە هاووڵاتی عێراقی نەزانیوە،چونکە بەردەوام لەسەر کوردبوونم چەوسێنراومەتەوە. مامۆستا لە درێژەی ئەم، باسەیدا بەرەو دنیای سیاسەت و رێگا چارەیەکی شارستانیمان دەبات و داوا دەکات : پێویستە لە راپرسییەکی گشتی سەرتاسەریدا و لە کوردستاندا و بە سەرپەرشتی چاودێرانی نێودەوڵەتی،چارەنووسی کورد بدرێتە دەست گەلی کوردستان خۆی،بۆ ئەوەی پاشەڕۆژی سیاسی خۆی دیاریبکات!. ل ٢٦٦

رەنگە بتوانین ئەمە بە پوختەی پەیامی هزریی و ئەدەبی و مرۆیی شاعیرێتی کاک شێرکۆ وەک بیر و رێباز دابنرێت.

شاعیر لە ل ٢٩٢ دا،دوای نووسینی شاکاری دەربەندی پەپوولە لە تاراوگە، باس لە خاڵ و وەرچەرخانێکی گرنگی ژیانی خۆیدا دەکات و دەنووسێ : دەربەندی پەپوولە< هەڵگەڕانەوە و یاخیی بوونێ بوو لە منی رابووردوو. لە زمان و بینینم.کودەتایەک بوو، هەر خۆم دژی خۆم بەرپامکرد. شیعر هەڵکەندنی بەردەوامە لەناو زماندا.یان هەندێجار هەڵزنانی سیزیفانەیە.شیعرنووسین کارکردنە لەناو جوگرافیا نەبینراوەکانی وێنە و تێڕامانە لەناو دڵی گێژەنەکاندا . من بە ئەزموونی خۆم لەوە گەیشتووم ئەو شیعرەی مەراقی گەورەی لە پشتەوەیە، هەمیشە داهێنانی گەورەیشی لە پشتەوەیە.وەک لەسەرەوە باسمان لە دنیای نامۆیی و غوربەتی مامۆستا کرد،دەرئەنجام ئەو رۆژگارە سەختانە بوونە مایەی لە دایکبوونی دەربەندی پەپوولە. شاعیر بەرانبەر بە تروسکە کەمەی هێشتا لەشەوەزەنگی کوردستان دا بەدی کراوە ،هیوا بڕاو نەبووە ، ویستوویەتی لای خۆیەوە بەشداری لەو رۆژانە پڕ لە نائومێدییەدا بکات. شیعر تاکە چەکی بووە و وڵاتیش تاکە هیوای چاوتێبڕاوی. لەم رووەوە لە ل ٣٢٨ و ٣٢٩ دا دەنووسێ : رۆژی وا هەبوو لە بەیانی سەعات هەشتەوە لەماڵ ئەچوومە دەرەوە بۆناو ستۆکهۆڵم و رەشنووسەکانم لەگەڵ خۆمدا ئەبردوو چایخانەیەکم ئەدۆزییەوە و دائەنیشتم و ئەمنووسی،ئەگەر چایخانەیەک لێم وەڕس بوایە،هەڵئەسام و چایخانە و کافیتریایەکی ترم ئەدۆزییەوە و بەو جۆرە تا ئێوارە نەئەگەڕامەوە بۆ ماڵەوە.

بەڵێ، شاعیر، لەو سەردەمەدا،لە بارودۆخێکی هیجگار تایبەت و پڕ لە ناجۆریدا پەنای بۆ شیعر نووسین بردووە و کۆڵی لە داهێنان نەداوە. بەلای شاعیرەوە گرنگ بووە، چاو و قاوە و جگەرەی لێ نەبڕێ. ئەم ٣ کەرەسەیە بە درێژایی تەمەنی هاودەمی بوون. کەواتە ئێمە بەگشتی قەرزاری “ئاو و خۆڵەمێش” ین،دەنا مامۆستا شێرکۆ نەیدەتوانی لە نەخشاندنی تابلۆی ژیانی هونەریدا وەک پێویست ئەفراندن بکات و نەخش بگێڕێ… یەکێ لە خەسڵەتەکانی دیکەشی لەکاتێکدا بەپێوە وەستاوە و لە دنیای خەیاڵی شیعردا دەفڕێ،بوونی مووکێشێکە بۆ دەرهێنانی مووە زیادەکانی روومەتی .

لە ل ٣٢١دا، دەربارەی چۆنییەتی پرۆسەی لەدایکبوونی شیعر، دەنووسێ: من هەندێجار یەک لاپەڕەی فۆلسکاب بە چوار پێنج سەحات ئەنووسم. بەڵام چۆن؟ یەکەم رەشنووس ئەو لووزەوەیە،کە دێت و خۆیشم بەریم بۆ ناگیرێ. لە دووەمدا سەرنج لە ئیقاع و ئاهەنگی رستەکان ئەدەم. لە سێهەمدا هەوئەدەم شەن و کەوی وشەکان بکەم.لە چوارەم و پێنجەمدا بە شوێن کەلەبەرەکاندا ئەگەڕێم،لە کوێدان و بۆچی. ئەو رەشنووسانە ئەدڕێنم.تا دوا رەشنووسی لاپەڕەکە و ئەیخەمەلاوە. بەڵام دیسان دوای تەواوبوونی هەموو کارەکە یەک نووسینەوەی سەرتاسەرم ئەمێنێ،کە ئینجا ئیتر ئەمەیان ئەبێتە دوا رەشنووس و ئامادە ئەبێ بۆ چاپکردن. 

دواتر باس لەو پێداویستی و خەسڵەتە تایبەتانە دەکات کە بۆ شیعر نووسین و لەدەمی شیعر نووسیندا پێویستی پێیانە و دەنووسێ: من لەسەر کاغەزی سپی بێ خەت ئەنووسم .ناتوانم لەسەر کاغەزێ بنووسم خەتداربێ. چونکە وائەزانم ئەو خەتانە رێم لێئەگرن!،ئاخر دەنێ هێڵێکی کێشراوی سەر پەڕەیەک چی بێت،وا هێندە ئازاری رۆحی شاحیری داوە و دەبێتە بەربەست لەبەردەم تاڤگەی شیعر و نووسیندا؟!. بنۆڕە!،پێویستە شێرکۆی شاعیر، بەسەر چەند ئاستەنگ و گرفتدا زاڵ بێت و لەچەند بەڵا و وەیشوومە گەرە خۆ لا بدات،تا بەرهەمێکی دەخاتە سەر کاغەز؟! لەسەر پارچە کاغەزی بچووکیش نانووسم.ئەگەر چەند دێڕێکیش بنووسم هەر ئەبێ لەسەر یەک لاپەڕە بێت. رەنگە زانینی ئەم تایبەتمەندییانە و ئەو کەش و هەوایەی شیعر لای شێرکۆ بێکەس ،هەر ئەوە نەبێ من و تۆ پێمان خۆش بێت لێی ئاگادار بین،بەڵکو ببێتە ئەزموونێکی سوودلێوەرگرتن بۆ شاعیرانی ئاییندەش. هەمان کات دەرک کردنە بە جیهانی تایبەتی تاکە کەس و شاعیران لە نێوانیاندا. دیسان ئەمەش ئەو راستییەیە بەڵگەنەویستەیە، کە هەر کەس و لایەن و نەتەوەیەک لە رەهەندی خۆیدا خاوەن تایبەتمەندی و ناسنامەی خۆیەتی و کەس لە کەس ناچێت و مەڕ بە پێێ خۆیی و بزن بە رێێ خۆی. مامۆستا شیرکۆ لە ل ٣٣٥ دا بەکورتی ئاماژە بە شانازی بە دوو قۆناغی ژیانی شاعیرێتی خۆی دەبات و وەک بۆمان دەگێڕێتەوە و دەنووسێ: من ،بۆ خۆم یەکێکم لەو شاعیرانەی،کە بەراستی شانازی بە دوو قۆناغی ژیان و ئەدەبی خۆمەوە ئەکەم. چ لەناو شۆڕشی ئەیلولدا و چ لە شٶڕشی نوێدا. چونکە نەدەستم بە کڵاوەکەی خۆمەوە گرت و نە بێدەنگ بووم و نە بە جەستەیش لە شیعرەکانم دوورکەوتمەوە. من ئەم هاوبەشیکردنەی خۆم لەچاو ئەو فیداکاریانەی لە نەبەردەکانی موقاوەمەتی بەعسدا ئەکران، زۆر بچووک ئەزانم. بەڵام هەر ئەوەندە لەدەست ئێمە ئەهات.

خاڵێکی باڵکێشی ئەم بیرتەوەرییانە ئەوەیە،مامۆستا شێرکۆ خۆی لە باسی بە پاڵەوانکردنی (من) و(من) دا بەدوور گرتووە.سەرباری پێگە و رۆڵ و سەنگی خۆی، شان و باڵی لە خۆی نەڕواندووە و خوێنەر بە ستایشی پوچگەراییەوە سەرقاڵ ناکات.

ئەم بیرەوەرییە، بەشێوازێکی ئەدەبی و بە زمانێکی ئەدەبی بەرز دارێژراوە.بۆ هەر پەردەیەکی ژیانی،ناونیشانێکی داناوە. بەهەق گەلێ بەسەرهات و رووداوی ووردی تۆمار کردووە.

لێ مەخابن نەیتوانیوە، درێژە بە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی ،تا سەردەمی پێش ماڵئاوایی بدات.دیارە رۆڵی ئەم چەند ساڵەی دوایی،پڕن لە باس و خواستی سەیر و بۆ خوێنەر باڵکێش دەبوون.

ماوەتەوە بڵێێن، بائەو دۆست و برادەرانەی، مامۆستا شێرکۆ، کە ئاگایان لە شتگەلێکی دیکە مامۆستا شێرکۆ هەیە، چاکی خزمەتی لێ بکەن بەلادا و هەوڵ بدەن، بە چەپک و مەڵۆی خۆیان شارای بیرەوەرییەکانی شاعیر دەوڵەمەتر بکەن. ئەمەش چەند ئەمەکە بەرانبەر بە شاعیر، هێندەش ئەرکێکی رۆشنبیرییە….

__________________
سەرنج: ئەو کۆپلە شیعرانەم بۆ بەپێزکردنی بابەتەکە هێناوەتەوە.دیارە لە بیرەوەرییەکانیدا بەرچاوناکەون….لە کاتێکدا شیعرەکەی بۆ فەتاح ئاغا و سەعەی گەوهەر لە دیوانەکانیشیدا چاپنەکراون.
سەرچاوەکان : *خوێندکاری کورد، گۆڤاری رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپا ـ سۆکسە ژمارە ٢٤/٢٥ ی ١٩٩٧
** رۆڤار ژمارە ٧٤
*** خوێندکاری کورد، ژمارە ١٩ ی ١٩٩٤ 

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ئێوارە کۆڕەکەی مەریوان و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی کتێبی مۆنادۆلۆژیی دەق

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *