ناساندنی کتێبی «کوردۆلۆژی؛ باسێک لەبارەی ڕەهەندەکانی کوردناسییەوە» نووسینی پێشڕەو عەبدوڵڵا
ناسنامهى كتێب: «کوردۆلۆژی؛ باسێک لەبارەی ڕەهەندەکانی کوردناسییەوە»، پێشڕەو عەبدوڵڵا، چاپی یەکەم، ۲۰۱٨، وەزارەتی ڕۆشنبیری، چاپی دووەم، ۲۰۱٨، ناوەندی فێربوون، هەولێر.
پێشڕەو عەبدوڵڵا
ئەم کتێبە هەوڵێکی سەرەتاییە بۆ ناسینی کورد، تایبەت کەسێتی مرۆڤی کورد، کە لە دووتێی ۱۳۷ لاپەڕە، لە چوارچێوەی کۆمەڵێک بەشدا، شرۆڤەی کوردی کردوە. هەموو ئەو بەشانەی کە باسکراون، پاڵپشت بە تیۆرێکی مەعریفی پوخت کە توانای خوێندنەوەی هەموو پێکهاتەکانی کەسێتی کوردیان هەبێت، بەجۆرێک وەڵامی ئەوەمان دەست بکەوێت، بۆچی وێنەی مرۆڤی کورد، لە مێژوەکەیدا شەڕێکی خوێناوییە، بەڵام لە ئەدەبەکەیدا، عاشقێکە گیانی خۆی بۆ مەعشوقەکەی بەخت دەکات.
بەشێوەیەکی گشتی، کتێبەکە لەسەر دوو تەوەر کاری کردوە، یەکەمیان لێکۆڵینەوەیە لە بوونی واقعی کورد(جەستەی نەتەوە) کە خۆی لە زمان، ئاین، کەلتوور، ڕەچەڵەک، مێژوو، جوگرافیادا، نمایشکردووە، بۆ ئەمەش باس لەوە کراوە چۆن لەناو جەستەکەدا، بەشوێن کورددا بگەڕێین. ڕێگەکانی ناسینەوەی کورد چۆنن؟ پاشان چۆن مێژووی کورد بخوێنینەوە؟ چۆن ئەوە دیاری بکەین، کە شوێنی جوگرافی چی لە کەسێتی کورد کردووە؟ پاشان، باس لە بوونی میتافیزیکی کورد(ڕۆحی نەتەوە) کراوە، ئەویش لە ڕێگەی دەرکەوتەکانی ڕۆحەوە، پاشان شرۆڤەی خودی رۆح.
لەبەشی کۆتایی ئەم پەرتوکەدا، باسێک هەیە بە ناونیشانی سەرچاوەکانی بیری ئەدەبی کوردی، ئەویش بۆ ئەوەیە ئەوە بدۆزینەوە کە ئەدەبی کوردی، چ نووسراو چ سەرزاری، چۆن بۆتە نمایشکەری بوونە میتافیزیکییەکەی کورد، هەروەها ئاشنابوون بە سەرچاوەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤی کورد، چون ئەگەر بوونە واقعییەکە، تووشی روخان و چەپاندن بووبێت و نەیتوانی بێت گوزارشت لەخۆی بکات. ئەوا لەناو زماندا و تایبەت ئەدەبەکەی دیوێکی شاراوەی کەسێتی کورد دەدۆزینەوە. لە کۆتایی پەرتووکەکەشدا، ئاماژە بە نێوی سەرچاوەکان کراوە.
! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.