خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ڕووداوێک بە ناوی محەمەد کەمال

ڕووداوێک بە ناوی محەمەد کەمال

ڕووداوێک بە ناوی محەمەد کەمال؛ بە بیانووی کتێبی فەلسەفەی کانت

ناسنامەی کتێب: «فەلسەفەی کانت»، د. محەمەد کەمال، چاپەمەنی سەردەم، سلێمانی ۲۰۱۷.

کەیهان عەزیزی

ده‌سپێك

لە زانستگای تەورێز خوێندکاری فەلسەفە بووم، کاتێ لە کتێبخانەی زانستگا و لە شوێنە تایبەتەکانی زانکۆ بۆ کتێب و گۆڤار دەسووڕامەوە دیتنی هەندێ کتێب، هەستێکی سەیریان لەلا دروست دەکردم. پاش بیست ساڵ هێشتا ئەو هەستە و ئەو کاتانەی نوقمی کتێبەکان دەبووم وەک چرکەساتە سیحراویەکان لە یادگەمدا ماونەتەوە. بڕێ لەو کتێبانە سەرسامیان دەکردم هێشتا ڕەنگی بەرگەکانیان و دیمەنی ڕیزەکەیان لە قەفەسەکان لەبەرچاومە. پێڕستی بڕێ لەو کتێبانەی زیاتر لەو کتێبەکانی‌تر بە لامەوە سەرسوڕهێنەر بوون: کۆبەرهەمی ئەفلاتوون، کۆبەرهەمی ئەرەستوو و فلۆتین و هەروەها چەند کتێبی‌تر وەک مێژووی فەلسەفەی کاپلستۆن و مێژووە چەند بەرگییه‌کەی ویلدۆرانت و چەند کتێبی‌تر بوون. سەرسامیەکەی من کەمتر بۆ خودی کتێبەکان ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، زیاتر بۆ ئەوە بوو کە ئەم کتێبانە چۆنچۆنی کراون بە فارسی؟ هەروەها خزمەتی وەرگێڕەکان بە ئەدەب و کولتووری فارسی منی سەرسام دەکرد. ئەم بەرهەمانە ئه‌وكات هیچکامیان بۆ کوردی پاچڤە نەکرابوون. کاتێ لە قەفەسەکان کۆبەرهەمەکانی ئەفلاتوون و ئەرەستوو و فلۆتینم چاو لێ دەکرد کە بە قەڵەمی “حەسەن لوتفی” کراوبوونه‌ فارسی و بە ڕووبەرگی ڕەشەوە لەسەر قەفەسەکان ڕیزکرابوون، بۆ کوردی و بۆ زمانی کوردی دڵم دەسووتا و هەستێکی سەیر تاسەباری دەکردم و بۆ چەند ساتێ متقم لێ دەبڕا و دارماڵ دەبووم لە تاسە و ئارەزوو. ئاواتەمەند بووم بریا ئەم کتێبانە ڕۆژێ دەکرانە کوردی و هەمووی ئەم باسانە بە “لەفزی کوردی” دەنووسرانەوە.

ڕۆژێک مامۆستاکەمان “حەسەن فەتحی” -وابزانم کۆرسی دوو بوو- وتی تۆ دەبێ نامیلکەی پارمنیدێس لە نووسینەکانی ئەفلاتوون کورت بکەیتەوە و وەک گوزارش بینووسیتەوە. ئەو نامیلکە، زۆر دژوار و گرنگە، بەڵام من تا لە دوو ڕستەی تێ دەگەیشتم ڕێم بە چواری نەدەبرد، بۆیە نامەیەکی خەیاڵیم بۆ جه‌نابی ئەفلاتوون نووسی و ئەوەی تێ دەگەیشتم باسم دەکرد و ئەوەیش نەمدەزانی چی دەڵێ بە خەیاڵ پرسیارم لە ئەفلاتوون و پارمنیدێس دەکرد. پرسیارەکانیشم بە توانج و بە زمانێکی شۆخی و تەوسەوە ئاراستەی پارمنیدێس و ئەفلاتوون دەکردن. ئێتر ئەو نامەیه‌، بوو بە چیرۆکێک و بیرەوەریەکی شیرین بۆ من و بۆ مامۆستاکەشم… ئەوەش بڵێم من بەرلەوەی بچمە زانستگا، کەڵکەڵەی خوێندنەوە و نووسینم هەبوو. هەر لەو ساڵانە بیرم دەکردەوە ئەگەر ئەم شتانە بە کوردی بنووسرێن چۆن دەبن و چییان لێ دەکەوێتەوە؟ ئه‌وكات بیرم ده‌كرده‌وه،‌ خوزگه‌ دەکرێ فەلسەفەی ئەفلاتوون بە کوردی بنووسرێتەوە؟ ئایا فەلسەفە بۆ منی کورد بە زمانی کوردی ئاسانتر نییە؟ لەبەر خۆمەوە دەمگوت ئایا ئەگەر ئەم باسانە بە کوردی بنووسرێن منی خوێندکار، باشتر لە بابەتەکان و ئاڵۆزیەکانی فەلسەفە تێ ناگەم؟ مێشكم به‌و پرسانه‌وه‌وه‌ گه‌لێ سه‌رقاڵ ده‌بوو. جاران وام دەزانی ئەگەر لە باسەکانی ئەو نامیلگە تێ ناگەم، لەبەر زمانە فارسیەکەیە. لە لایەکی‌ترەوە بە هەستێکی خۆ بەکەمزانیەوە واشم دەزانی لەوانەیە نەکرێ ئەمانە بە کوردی بنووسرێن! بۆیە دەچوومە خەون و خەیاڵی قووڵەوە و ڕۆژانێکم وێنا دەکرد زۆربەی ئەم کتێبانە کراون بە کوردی و هەمووی ئەم بابەتانە بە زمانی کوردی بۆ خوێندنەوە و تێڕامان دەست دەکەون. ئەوکات وام دەزانی وەرگێڕانی مێتافیزیکی ئەرەستوو بۆ سەر زمانی کوردی مومکێن نییە! هەر لەو ڕۆژانەش لەبەر خۆمەوە دەمگوت دەکرێ سەرەتا مێژووی فەلسەفە بە زمانی کوردی بنووسرێتەوە، پاشان بەرهەمە فەلسەفیەکان وەردە وردە بکرێنە کوردی؛ چون، وام دەزانی مێژووی فەلسەفە دەتوانێ زمانی کوردی بۆ فەلسەفە و فەلسەفاندن باشتر ئامادە بکات. بۆیە بە ئێنرژیەکی پڕ لە خەون و خەیاڵی لاویەوە بەپێی تەوانی ئەو ڕۆژانەم دەستم دایە نووسین و هەر لەسەرەتای فەلسەفەوە دەستم پێ کرد. لەبیرمە کتێبی “یەکەمین فیلسوفە یونانیەکان” لە نووسینی دوکتۆر “شەرەفەدین خوراسانیم نایە بەردەس و دەستم دایە نووسینی ژیان و وتەی فیلسوفە سەرەتاییەکان و تا سەردەمی سوقراتم نووسیەوە. بەداخەوە ئێتر ژیان و هەندێ کەڵکەڵەی‌تر نەیانهێشت و ئەو کارەش هەروا وەک حەسرەتێک مایەوە. بەڵام بە خۆشیەوە ئێستە سەرجەمی ئەو خەون و حەسرەت و ئاواتانە خەریکە بەدی دێن، بە تایبەت لە ڕێی قەڵەمی بەبڕشتی كه‌سانێك وه‌ك دوکتۆر “محەمەد کەمال”، فەلسەفە بە زمانی کوردی بووەتە واقیع و زۆر بابەتی فەلسەفی، هەر لە ڕێی ئەم بیرەمەندە بلیمەتەوە بە کوردی دەست دەکەون. بەڕاستی نووسینەکانی محەمەد کەمال جێگای شانازین و بنه‌مایه‌كی هێقمن بۆ فه‌لسه‌فه‌ له‌ زمانی كوردیدا.

تەنیا شتێ لە زانستگای تەورێز ئەو هەستە بەکەم زانینەی منی خوێندکاری تۆزێ قەرەبوو دەکردەوە ژمارەکانی گۆڤاری سروە و بەتایبەت بڕێ لە بەرگەکانی گۆڤاری کۆڕی زانیاری بوون کە ژمارەکانی هەر ساڵێکی ئەو دوو گۆڤارە لە بەرگێکی گەورەدا جیاجیا ئارشیو کرابوون، بۆیە چەندین بەرگی گەورە گەورەی ئەم گۆڤارانە لە قەفەسەکان ڕازابوونەوە. هەر لە ڕێی ئەو بەرگانەی کۆڕی زانیاریشەوە بوو، بە قەڵەمی “مەسعوود محەمەد” و دەیان نووسەری‌تری کورد ئاشنا بووم. هه‌ركات به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ چاوم له‌ كتێبه‌ فارسییه‌كان ده‌كرد هه‌ستم به‌ بێتاقه‌تیی ده‌كرد، وه‌ڕه‌ز ده‌بووم، هه‌رچه‌ند ته‌ورێز له‌ كوردستان زۆر دوور نه‌بوو، به‌ڵام من له‌ ڕێی كاریگه‌ری ئه‌م جۆره‌ بیرانه‌وه‌ وام ده‌زانی له‌وپه‌ڕی دنیاوه‌ ده‌ژیم و هه‌ستم به‌ غه‌ریبییه‌كی سه‌یر و به‌ نامۆبوونێكی كوشه‌نده‌ ده‌كرد. له‌م ئانانه چه‌شنی غه‌ریبێكی لانه‌واز په‌نام بۆ به‌رگه‌كانی كۆڕی زانیاری و ژماره‌كانی گۆڤاری سروه‌ و خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی كوردی ده‌برد و لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌و دوو گۆڤاره‌م هه‌ڵدهدانه‌وه‌‌ و تۆزێ ئه‌هوه‌ن ده‌بوومه‌وه‌ و هه‌ستم ده‌كرد ئێستا له‌ شاره‌كه‌ی خۆمانم، وام ده‌زانی هه‌موو نووسه‌ره‌كانی ئه‌م وتارانه‌ ده‌ناسم و هاوڕێمن.

محەمەد کەمال

ڕێزۆمەی محەمەد کەمال، خەون و خۆزگە و ئاواتی هەر نووسەر و ڕووناکبیرێکە. محەمەد کەمال و نووسینەکانی بۆ زمانی کوردی و بۆ پانتای ڕووناکبیریی ئێمه‌ ڕووداوێکێن و دڵنیام لە دواڕۆژدا خوێندنەوە و باسی جۆراوجۆریان لێ دەکەوێتەوە. هەرچەند ئەم نووسەرە هەر ئێستا خەریکە و بەردەوام بەرهەم بڵاو دەکاتەوە، بەڵام هەرچی کات تێپەڕ دەبێ، زەمەن لایەنی ئەرێنی و نەرێنی کارە بەنرخەکانی ئەم نووسەرەمان باشتر بۆ دەردەخات. کاتێ چاوێک لە بەرهەمەکانی محەمەد کەمال دەکەیت لە یەکەم وارگەدا بۆت دژوارە باوڕ بکەی ئەم هەموو نووسراوە شازە بەرهەمی تاقە نووسەرێک بن. دڵنیام ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌قانه‌ ئه‌وكات له‌ زانستگای ته‌ورێز ببوایه‌ن منی خوێندكار ئه‌وه‌نده‌ هه‌ستم به‌ غه‌ریبی و به‌ بێتاقه‌تی نه‌ده‌كرد. دیارە محەمەد کەمال جگە بە کوردی، بە ئێنگلیزیش نووسیویەتی. کارەکانی بە کوردی کە لە ساڵی دوو هەزارەوە دەستی پێ کردووە زیاتر لە سێ بەشدا خۆیان دەبیننەوە: بەشێک لە کارەکانی وەرگێڕانی هەندێ شاکاری کلاسیکی فەلسەفەن وه‌ک کۆماری ئەفلاتوون و سێ کتێبی مێتافیزیک و کاتیگۆریەکان و شێعری ئەرەستوو، بوون و نەبوونی سارتر، فینۆمینۆلۆژی هێگێل، بوون و کاتی هایدیگەر و…  بەشێکی‌تر لە کارەکانی نووسینن لەسەر فیلسوفەکان وەک کانت و نیچە و هێگێل و سارتەر و هایدیگەر و… بەشی سێهەمیش هەندێ بابەتی گرنگی دنیای فەلسەفەن وەک کێشەی بوون و نهیلیزم، جوانی و ئۆنتۆلۆجی، بوون و داهێنان، هزری پاش مێتافێزیک، فەلسەفەی هونەر و دەیان باس و بابەتی‌تری بەسەر کردونەتەوە.

كتێبی فەلسەفەی کانت

لەم ڕۆژانە کتێبێکی بە نرخی ئەم نووسەرە شازەم بەناوی “فەلسەفەی کانت” خوێندەوە. ئەم کتێبە ساڵی ۲۰۱۷ لە لایەن چاپ و پەخشی سەردەم لە ۳۶۰ لاپەڕە و له‌ یانزه‌ به‌شدا بڵاو کراوەتەوە. بە گوێرەی شارەزایان، فەلسەفەی کانت یەکێ لە فەلسەفە دژوارەکانی دنیای فەلسەفە و فەلسەفاندنە. بەڵام ئەم دژواریە لە قەڵەم و دەربڕینی محەمەد کەمال تا ڕادەیەکی شیاو ئاسان و شیرین کراوەتەوە. یاسپرس دەڵێ سەرلەبەری ئەو بیر و تێهزرینە کە ئێستا لەبەر دەستی مرۆڤە، بەرهەمی حەوت بیرەمەندە، دیارە کانت دوایین كه‌سی ئەو حەوت بیره‌مه‌نده‌یه‌. کتێبی فەلسەفەی کانتی محەمەد کەمال، لەو بەرهەمانەی کە بە فارسی لەسەر کانت نووسراون نەتەنیا کەمتر نییە، تەنانەت جاران لەوان هەمەلایەنە و کۆداگرتریشە؛ لەبەر ئەوەی بڕێ لە نووسەرە فارسەکان جاران بەشێکی فەلسەفەی کانتیان باس نەکردووە. بۆ نموونە “محەمەدعەلی فروغی” لە کتێبە بەناوبانگ و شازەکەیدا باسێک لە فەلسەفەی دین و فەلسەفەی هونەری کانت ناکات. “کەریم موجتەهێدی” لە کتێبەکەی -“فەلسەفەی ڕەخنەکاری کانت”- بە هیچ جۆرێک بە لای باسی جوانیناسیدا ناچێت؛ واتە بە جۆرێک ئاورێک لە ڕەخنەی سێهەم ناداتەوە و تەنیا باس لە دوو کتێبی کانت، واتە ڕەخنەی ئاوەزی پەتی و ڕەخنەی ئاوەزی پراکتیک دەکات. “موستەفا مەلەکیان”یش هەرچەند لە مێژووی فەلسەفەکەیدا بە چڕوپڕی به‌ پێی مه‌جالی كتێبه‌كه‌ی باس لە کانت و باس لە فەلسەفەی دینەکەی دەکات، کەچی ئەویش خۆی لە قەرەی باسی هونەر و جوانیناسی نادات. بەڵام کتێبەکەی محەمەد کەمال، هەتا ڕادەیەکی زۆر توانیویەتی فەلسەفەی کانت کۆداگر و گشتگر گوزارش بکات. نووسەر، لە چوارچێوەی باسەکانیش ئاماژە بە بیروڕای فیلسوفە ڕابردوەکان، بە تایبەت فیلسوفانی یونان و ڕێبازی ئاوەزخوازەکان و ئەزموونخوازەکان، وەک لایبنیتز و دێکارت و هه‌رواتر دەیڤید هیوم دەکات. لە کۆتاییشدا دەپەرژێتە سەر کاریگەریەکانی فەلسەفەی کانت و بۆمان دەڵێ ئەم بیرەمەندە پاش خۆی چ کاریگەریەکی داناوە. ڕەنگە کتێبک له ئەدەبی فارسیدا لە باری گشتگریەوە، تا ئەو شوێنەی من ئاگادارم، لەگەڵ کتێبەکەی محەمەد کەمال شیاوی بەراوەردکردن بێت کتێبێکە لە نووسینی “میرعەبدولحوسەین نەقیب‌زادە” بە ناوی فەلسەفەی کانت یا هەستانەوە لە خەوی چەقبەستوویی. دیارە لە ئەدەبی فارسیدا لە بارەی کانتەوە زیاتر لە هەر فیلسوفێک بابەت و نووسراوەمان هەیە. بە پێی وتەی مەلەکیان، دەڵێ بە باوەڕی خودی ڕۆژاوایەکانیش کتێبی “فەلسەفەی کانت” لە نووسینی “ئێشتفان کورنەر”، باشترین و شیاوترین کتێبە لەسەر کانت نووسراوە کە یەکێ لەسەرچاوەکانی محەمەد کەمالیشە، بە خۆشحاڵییەوە ئەم کتێبەش لەلایەن کاک سەعیدی کاکییەوە کراوەتە کوردی.

کانت بەگشتی باسی بیرۆکە و بڕیار و زانین و سنوورەکانی زانین دەکات. ئەوەی کە ئێمە چی دەزانین و چۆن دەزانین؟ زانینی ئێمە تاکوێ بڕ دەکات؟ محەمەد کەمال لە زمانی کانتەوە پێمان دەڵێ سەرچاوەی زانین، هاوکاریکردنی هەست و تێگەیشتنە، کە لە ڕێی ڕستەی “تێهەڵکێشراوی لەپێشتر”ەوە بەیان دەکرێ. گوزارەی تێهەڵکێشراوی لەپێشتر، لە لایەکەوە لە دەرەوەی ئەزموونە و پەیوەندی بە ئەزموونی مرۆڤەوە نییە (لەپێشترە). لایەکی‌تریشەوە ڕستەی شیکاری نییە؛ واتە بار و بنە، لە هەناوی یەکتردا نین. (ڕستەی تێهەڵکێشراوە.) هەست و تێگەیشتن، تەنیا لە ئاقاری دیاردەکاندا کار دەکەن. کەچی مروڤ بۆ هەمیشە لە جیهانی دیاردەکان نامێنێتەوە و خوازیارە ئەودیوی دیاردەکان یانی دنیای نۆمینەش بناسێت. بەڵام بۆ ئەم مەبەستە شتێکی‌ترمان پێویستە و کانت ناوی دەنێتە “هۆش” یان عەقڵ؛ چون تەنیا عەقڵ دەتوانێ ئەو ڕاستەقینە بناسێت کە دیاردە نییە؛ لەبەر ئەوەی، “هەست” و “تێگەیشتن” ناتوانن ئەو کارە بکەن. دیارە کانت باسی یاساکان و تایبەتمەندییەکانی ئەم سێ خسڵەتەی زانینی مرۆڤ، یانی “هەست” و “تێگەیشتن” و “هۆش” دەکات و پێمان دەڵێت ئەم سێ هێزە چۆن کار دەکەن و دەوریان لە زانین چییە. هەروەها پێوەری ڕاستی بۆ بڕیارەکان لەم سێ بەشەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە؛ پێمان دەڵێ کەی و چۆن بڕیارێک ڕاستە… ئێتر بەم جۆرە چیرۆکی فەلسەفەی کانت لە لۆژیک و زانینەوە بۆ دنیای ئاکار و خوا و خۆ و جیهان و جوانیناسی درێژ دەبێتەوە. نووسەری کتێبی فەلسەفەی کانت، محەمەد کەمال، بە وردی و لەسەرخۆ ئەم چیرۆکە سێحراویە، ئەم دنیا پڕ ڕاز و ڕەمزە بە زمانێکی سادە و  تێگێنەر بۆ خوێنەری کورد دەگێڕێتەوە. به‌ چڕوپڕی باسی جیهانی دووچاوگه‌یی فینۆمینه‌ و نۆمینه‌ی كانت ده‌كات. ئه‌م سیستمه‌ دووه‌لیستییه‌ی كانت له‌سه‌ر فێرگه‌ فه‌لسه‌فییه‌كانی پاش كانت كاریگه‌ری زۆر داده‌نێت. به‌باوه‌ڕی كانت جیهانی نۆمینه‌، جیهانی ڕاسته‌قینه‌ و بنه‌مای دیارده‌كانه‌، ئه‌م جیهانه‌ ناكه‌وێته‌ به‌ر ڕۆشنایی زانین و مرۆڤ هه‌رگیز ناتوانێت بیناسێت. دیاره‌ هۆش، به‌ باسكردن‌ له‌ مه‌ڕ ئه‌م جیهانه‌وه‌ خۆی سه‌رقاڵ و ماندوو ده‌كات؛ به‌ڵام ئه‌م ماندووبوونه‌ ماندووبوونێكی بێكه‌ڵكه‌ و زانیاریه‌كانیش بێناوه‌ڕۆكن. هه‌ڵبه‌ت مرۆڤ ده‌توانێ هه‌میشه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ڕاسته‌قینه‌یه‌ باس بكات و شتێك ڕێگه‌ ناگرێت باوه‌ڕی پێ بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ناتوانێ بوونی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م جیهانه‌ بسه‌لمێنێت. ئه‌مه‌ لایه‌نی نێگه‌تیڤی فه‌لسه‌فه‌ی كانته‌. به‌ڵام لایه‌نی پۆزه‌تیڤی ئه‌م فه‌لسه‌فه‌ ئه‌وه‌یه‌ خوازیاره‌ بنه‌مایه‌ك بۆ زانین سه‌باره‌ت به‌ جیهانی فینۆمینه‌ دابمه‌زرێت كه‌ ئه‌م زانینه‌ له‌ ئاكامی هاوكاریكردنی ده‌رككردنی هه‌سته‌كی و تێگه‌یشتن ڕوو ده‌دات. مرۆڤ به‌ ده‌رككردنی هه‌سته‌كی ئه‌زموونی دیارده‌كان و به‌ یارمه‌تی ته‌وانایی تیگه‌یشتن، ئه‌زموونی ئه‌و هه‌بووه‌ هه‌نده‌كیانه‌ ده‌خاته‌ نێو فۆرمی هه‌مه‌كییه‌وه‌. ئه‌م پرۆسه‌ی هه‌مه‌كیكردنه‌ی ناوه‌ڕۆكی هه‌نده‌كی، ده‌بێته‌ هۆكاری زانین.

ده‌بینین كانت له‌ ئاستی نۆمینه‌دا تووشی نازانمكاریمان ده‌كات، به‌ڵام له‌ ئاستی دیارده‌كاندا هه‌موو گومان و ئه‌گه‌رێك ده‌سڕێته‌وه. ئه‌م دوو لایه‌نه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی كانت، پاش كانت دوو جۆر هه‌ڵویست و كاردانه‌وه‌ی لێ كه‌وتوه‌ته‌وه‌. له‌ لایه‌كه‌وه‌ فیلسوفانێك وه‌ك فیخته‌، شوپنهاوێر، هێگێل، یاكۆبی و شلایه‌رماخێر هه‌ركام به‌ شێوازی خۆیان به‌ڵام تا ڕاده‌یه‌ك نزیك له‌یه‌كیش خوازیارن ئه‌و سیستمه‌ دووه‌لیستییه‌ی كانت هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌ و سیستمی “یه‌كانه‌گی” له‌ جێگای دابمه‌زرێنن. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ فه‌لسه‌فه‌ی كانت، “كانتیزمی نوێ”ی لێ كه‌وته‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ دوو فێرگه‌ی ماربۆرگ و فرایبۆرگ خۆیان بینیوه‌ته‌وه‌، بیره‌مه‌نده‌كانی ئه‌م ڕێبازه‌ له‌ نێوان ساڵه‌كانی ۱۸۷۰ تا ۱۹۲۰ له‌ ئاڵماندا ژیاون. كانتیزمه‌ نوێكان، به‌ سه‌رهه‌ڵدانی فینۆمینۆلۆژی هۆسرێڵ و بوونگه‌رایه‌تی هایدیگه‌ر، ئێتر چالاكییه‌كانیان به‌ره‌و كزی چوون.

دوو تایبەتمەندی

محەمەد کەمال لە نووسیندا هەڵگری دوو تایبەتمەندی گرنگە: هەم قەڵەمی ڕەوان و بێ گرێوگۆڵە، هەمیش تا ئاستێکی شیاو وشەکان و نەسرەکەی کوردییەکی پەتیی و ڕەسەنە. بۆیە خوێنەر بە ئاسانی لە قەڵەم و لە باسەکانی ئەم نووسەرە بەباشی تێ‌ دەگات و دەزانێ چی دەڵێت. ئەمەش به دڵنیایی خاڵێکی ئێژامەندە و بۆ هەر نووسەرێک دەسکەوتێکی زێڕینە. دەکرێ ئەو پرسیارەش بکەین ئایا ئەم جۆرە نووسینە، ئەو هێز و پتانسیلەی هەیە ببێتە نەریتێک بۆ زمان و نووسینی فەلسەفە بە زمانی کوردی؟ ئەم جۆرە نووسینە چۆن لەسەر پەخشانی فەلسەفی کاریگەری دادەنێت؟ و.. ئەم تەرزە پرس و شیمانگەلە بابەتی دواڕۆژن و دەبێ بزانین لە بەستێنێ نووسین و ڕۆشنبیریی کوردیدا بەرەو کام ئاقار مل دەنێن. هەروەها لە یەکەم ڕوانیندا واهەست دەکەی لە نووسینی ئەم نووسەرە بلیمەتە، زۆر تەوان و ئێمکانی زمانیی هەن کەڵکیان لێ وەرنەگیراوە و دەتوانێ لایان لێ بکاته‌وە. بۆ نمونە دەکرێ بێژین محەمەد کەمال لەباری وشەوە، ئەو مەجالەی هەیە و دەتوانێ زۆر زیاتر لەمە دەستی ئاواڵەتر بێت و له‌ وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ی زیاتر كه‌ڵكوه‌ربگرێت. ئەمە لەلایەک، لە لایەکی‌ترەوە لەوانەشە هەر ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە لەگەڵ زمان، لە دوا ڕۆژدا خاڵی بەهێزی محەمەد کەمال ئەژمار بکرێت و بڵێن ئەم نووسەرە، هەر لە ڕێی ئەم زمانە بێ پێچوپەنا و ڕەوانەی خۆیەوە توانی دژوارترین و ئاڵۆزترین باس و بابەتە فەلسەفیەکانی مێژووی فەلسەفە له‌ ڕێی ئەم قه‌باره‌ وشه‌وە بۆ خوێنەری کورد بگوازێتەوە و بناخەیەکی باش بۆ زمانی فەلسەفی دابڕێژێت. )؟(

دوو كه‌موكورتی

 ئەگەر بکرێ دوو خەسار یان دوو كه‌موكورتی لە نووسینی محەمەد کەمال دەستنیشان بکەین، ئەو دوو خەسارە ئەمانەن: هەر بەو چەشنەی دۆستانی‌تریش وتویانە پەراوێز و ڕوونکردنەوەی بۆ هەندێ بابەت و بەتایبەت بۆ هەندێ زاراوە و دەستەواژەی ناوازە، یان نییە یان زۆر کەمن. هەرچەند لەم کتێبەی کانت بە خۆشحاڵییەوە تۆزێ ئەو پەراوێزانە زیاتر کراون و لە ئاخری کتێبەکەشەوە هەندێ زاراوە و بابەتی شیکاری کردوون، بەڵام هێشتا زۆر زاراوەی‌تریش هەن بۆ خوێنەر دژوار و کاتبەرە هاوواتا ئێنگلیسیەکەیان بدۆزێتەوە. بۆ ئێمەمانانیش کە زمانی خوێندنەوەمان زیاتر فارسییە و چەمکە فەلسەفییەکان بە فارسی لە مێشکماندا تۆمار کراون، (لەوانەیە کەسێکی‌تریش عەرەبی بێ، هەر بەو شێوەیە) جاران بۆ ئەوەی وێنایەکی زێهنیمان بۆ باسەکان هەبێ و بۆ ئەوەی باشتر لەگەڵ وشە کوردیەکان خۆمان ڕابێنین و چەمکەکان لەگەڵ زانیاریەکانی خۆمان ڕێکبخەین، خۆبەخۆ زەین، بەرامبەرە ئێنگلیسی یان فارسی یان عەرەبیەکەش وێنا دەکاتەوە. بۆیە ئەگەر هاوواتا ئێنگلیسیەکە (وەک زمانی هاوبەش) لە پەراوێزدا هەبێ ئەو دۆزینەوانە و ئەو بەراوەردكردنه‌ ئاسانترە و خوێنەری کورد زووتر لەگەڵ زمانە فەلسەفیەکە ڕادێت و تێ دەگات. بۆ نمونە ماوەیەکی خایاند تاکو زانیم (بیرۆکە) لەم کتێبە بۆ چ مانایەک بەکار براوە. دیارە لە نووسینی کوردیدا “بیرۆکە” بۆ هاوتای theory) /نظریه‌) جێکەوتووە. بەڵام لێرە نووسەر زۆرجار بیرۆکەی لە بەرامبەر/jugement) حکم) نووسیوە.

دوایین خاڵ

وەک خاڵێکی‌تر کە بە وتەکانی سەرەوە زیاد بکەم ئەوەیە ئەگەر هەڵەم نەکردبێ مامۆستا محەمەد کەمال زۆر متمانە بە حافێزەی خۆی دەکات و زۆریش بە جدی ئاور لە ئێستای زمانی کوردی و لە ئێستای نووسینی کوردی ناداتەوە، یان باشترە بڵێم دەرفەت و مەجالی کەمە تا ئاور لە بوارەکانی نووسین و پەخشانی کوردی بداتەوە. ئەو کارە دەتوانێ لە چەند ڕەهەندەوە یارمەتی هەر نووسەرێک بدات و دەکرێ لە ئەزموونی کەسانی‌تر بە چەند جۆر کەڵکوەر بگرێت. لە پێشەکی کتێبی فەلسەفەی کانت، خۆی بە جۆرێک ئاماژە بەم خاڵە دەکات. دەڵێ “ڕەخنەی هۆشی پەتی” و “ڕەخنەی هۆشی پراکتیک” کە دوو بەرهەمی هەرە گرنگی کانتن لە لایەن سۆران عومەر کراونەتە کوردی. کتێبی “دانانی بنەماکانی مێتافیزیکی ئاکار”یش، کتێبێکی‌تری گرنگی کانتە، ئەویش لە لایان د. حەمید عەزیز کراوە بە کوردی و له‌ ساڵی ۲۰۷ بڵاو بوەتەوە. بەڵام بەڕێزیان دەڵێن: “کاتێ لەسەر ئەم پرۆژە (مەبەستی کتێبی فەلسەفەی کانتە) کارم دەکرد، ئەو پەرتووکانەی کانتم بە کوردی لەبەر دەستدا نەبوون تا سوودیان لێ وەربگرم.” دیارە ئەم دیاردە هەم هەڵەکان زیاد دەکات، هەمیش هەر نووسەرێک بە جیا هەڵە دەکات و هەڵەکان دێر چارەسەر دەبن. هەروەها ئەمە وا دەکات نووسینی فەلسەفە بە زمانی کوردیش دێرتر بەرەو یەکگرتوویی و پوختەیی بچێت. هەر بۆ نمونە وشەی عەقڵ(reason)، حەمید عەزیز لە وەرگێڕانی کتێبی دانانی بنەماکانی میتافیزیکی ئاکار بە “ژیر”ی و محەمەد کەمال بە “هۆش” دەینووسنەوە. کەچی هەر دوو وشەکەش بۆ عەقڵ شیاو نین. سەرەتا پێم وایە پێویست ناکات هەندێ وشە وەک عەقڵ، لە زمانی کوردی بکرێنە دەرەوە، ئەگەریش بڕیارە هاوتایەکی کوردیمان لە تەنشت وشەی عەقڵ هەبێ، “ئاوەز” لە هەموویان شیاوترە. بۆ وشەی Synthesis  محەمەد کەمال “تێهەڵکێشراو”، حەمید عەزیز “لێکدراو”ی داناوە. لە فارسیدا (ترکیب و تالیف)، لە کار دەکەن. بۆ وشەی Pure (محض)، محەمەد کەمال “پەتی” و حەمید عەزیز “بێگەرد” دادەنێت. دیارە ئەم وشانە فرەن و ئێمەش مەبەستمان بەراوەردی ئەم دوو نووسەر نییە. مەبەستم ئەوەیە نووسەر و وەرگێڕە گەورەکان دەبێ ئاگاداری کاری یەکتر بن هەتا هەم زمانی نووسینمان بیچمێکی شیاو وەربگرێت، هەمیش بۆ زاراوەکان لە زانستەکاندا باشترین وشە هەڵبژێرین. ئەمە وا دەکات وشەکان بۆ نووسەر و بۆ خوێنەرەکانیش جێ بکەون. دیارە هەر ئەمە خوێندنەوە و نووسینیش ئاسانتر دەکات.

بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که‌ لە دووتوێی ۲۱ لاپەڕەدا کرتە بکە سەر داگرتنی PDF.

داگرتنی PDF

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «خۆبەڕیوەبەری شەنگال» چاپ و بڵاو کرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *