خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ژمارە (سفر)ی گۆڤاری ژنەفتن بڵاوکرایەوە

ژمارە (سفر)ی گۆڤاری ژنەفتن بڵاوکرایەوە

ژمارە (سفر)ی گۆڤاری ژنەفتن چاپ و بڵاوکرایەوە

گۆڤاری ژنەفتن؛ وەرزنامەیەکی تیۆریی، هزریی و کولتوورییە، تەنیا بابەتی وەرگێڕدراو لە زمانی یەکەمەوە بڵاو دەکاتەوە. ئەم وەرزنامەیە یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی ماڵپەڕی ژنەفتن. بەرپرس و سەرنووسەری گۆڤارەکە «دلاوەر ڕەحیمی»یە.

وتار و بابەتە بڵاوکراوەکانی ئەم ژمارەیە:

ئه‌ده‌ب و زمان

میشێل فوكۆ

لە فرەنسییەوە: فازڵ مه‌حموود

ئه‌م وتاره‌ دروستكردنی سێگوشه‌كه‌یه‌ له‌نێوان زمان و به‌رهه‌م و ئه‌ده‌ب؛ ئینجا خستنه‌ ژێر پرسیاری واتای ئه‌ده‌ب به‌ واتا كلاسیكه‌كه‌ی و سووڕانه‌وه‌یه‌كی خولگه‌یی‌ له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ زمان و به‌رهه‌مه‌ له‌م سێگۆشه‌یه‌دا. ئه‌وه‌ی فوكۆ پێداگری له‌سه‌ر ده‌كات وه‌ك مه‌سه‌له‌ی له‌دایكبوونی ئه‌ده‌ب سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مه‌، واته‌ سه‌رده‌مێك كه‌ به‌ بڕوای ئه‌و زمان هه‌م به‌ كریستاڵی ده‌بێت و هه‌م سنووربه‌زێنیش.

کۆتایی هونەر: بەرگریینامەیەکی فەلسەفی

ئارتە دانتۆ

لە ئینگلیزییەوە: هیوا قۆچاڵی

ئەم وتارە بەرگریینامەیەکی فەلسەفییە بەرامبەر ئەو ڕەخنانەی لە تیۆرەکەی (کۆتایی هونەر) ئارتە دانتۆ گیران. بۆ ئەو مەبەستەش دەپڕژێتە سەر پێناسەی هونەر؛ چەمکی تایبەتمەندی هونەری؛ ئیستاتیکا؛ پەیوەندی نێوان فەلسەفە و هونەر؛ جیاوازی نێوان کۆتایی هونەر و ‹‹مردنی نیگارکێشیی››؛ خەیاڵی مێژوویی و داهاتوو؛ میتۆدی بەکارهێنانی هاوشانی بێ سەروبەر و، هتد.

ئه‌خلاق له‌نێوان كۆمه‌ڵناسی و فه‌لسه‌فه‌دا

د. قه‌باری محه‌مه‌د ئیسماعیل

لە عەرەبییەوە: ئاكۆ قادر حه‌مه‌

وه‌ك چۆن توێژه‌ری ئه‌نترۆپۆلۆژیا له هه‌ردوو‌ كایه‌ی دیارده‌كانی ئه‌خلاق و ئایین ده‌كۆڵێته‌وه و وه‌ك سیسته‌مێك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات، كه‌ وه‌زیفه‌ و پێویستی خۆیان هه‌یه‌ له‌ بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، كۆمه‌ڵناسی هاوچه‌رخیش وه‌ك ڕێكخراو و كایه و وه‌ك به‌هاش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌خلاقدا ده‌كات، كه‌ له‌گه‌ڵ دیارده‌ و به‌هاو كایه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی تردا له‌ په‌یوه‌ندیدان و له‌ناو چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگادا له‌ كارلێكدان.

گرتنەبەرى ڕچەیەکى تیۆرى لە پێناو نزیکایەتیی هزریی من و دێرێدادا

سلاڤۆى ژیژەک

لە ئینگلیزییەوە: وەلید عومەر

ئەم نووسینە تیۆرییە، دووریی دوو بیریار نزیکدەکاتەوە. بەکارهێنانى هەندێک لە چەمکە سەرەکییەکانى لاکان و هیگڵە لەلایەن ژیژەکەوە بۆ ئەوەى خاڵەکانى یەکتربڕینى خۆى لەگەڵ ژاک دێرێدا دیاری بکات. ئاشکرایە دێرێدا و هیگڵ و لاکان سەر بە نەریتى فیکریی جیاوازن، بەڵام خاڵى بەرکەوتن و نزیکبوونەوەشیان هەیە. جیا لەوە دەتوانین لە ڕۆشنایی باسەکەشدا پرسى دیکەمان بۆ ڕوونبێتەوە.

ئەدەبیاتی جیهانیی

میلان کوندێرا

لە فرەنسییەوە: مسلم ئەحمەدی

میلان کوندێرا لەم دەقەیدا بانگەواز بۆ ئەدەبیاتێکی ڕاستەقینەی جیهانی دەکات نەک ئەوەی تەنها ئەدەبیاتە نەتەوەییەکانی وڵاتە گەورەکان لە پاڵ یەک دانرێت و ناوی ئەدەبیاتی جیهانی لێ بنرێت. کوندێرا مەزنترین بەهای ئەورووپایی بە هەمەچەشنی فەرهەنگی دادەنێت و بۆیەش دژی ناوچەگرێتیی، چ هی نەتەوە گەورەکان و چ نەتەوە بچووکەکان دەوەستێتەوە.

سپینۆزا و مەرگی ئارەزوو

تێری ئیگڵتۆن

لە ئینگلیزییەوە: شێروان ئیبراهیم

ئەم وتارە بەشێکە لە کتێبی «کێشە لەگەڵ غەریبان»ی تێری ئیگڵتۆن، کە پەرژاوەتە سەر چەندین چەمکی وەک (چێژ، ئارەزوو…) لای سپینۆزا بە تایبەت لە کتێبی (ئیتێک)ی سپینۆزا.

چەمکە بنەڕەتییەکانی مێتافیزیک

مارتن هایدێگەر

لە ئەڵمانییەوە: سۆران عومەر

ئەم وەرگێرانه، بەشی یەکەمە لە پێشنمایشی کتێبی چەمکە بنەڕەتییەکانی مێتافیزک لە نووسینی فەیلەسوفی ئەڵمانی مارتن هایدێگەر.

کتێبی چەمکە بنەڕەتییەکانی مێتافیزیک یەکێکە لە کتێبە بناغەییەکانی بیری مارتن هایدێگەر، تەنانەت وەک هاوکارێکی بەهێزیش دادەنرێت بۆ تێگەیشتن لە کتێبی بوون و کات لە کاتێکدا کە دوو ساڵ بەر پێشکەشکردنی ئەم وانەیە نووسراوە.

لەم کتێبەدا هایدێگەر بۆ یەکەم جار قسە لەسەر کێشەی بوون هەبوون دەکات و تێیدا ئەو باسە دەخاتە روو کە فەلسەفە لە ئەوروپا و ڕۆژئاوا و تەنانەت لە سەدەکانی ناوەڕاستیشدا، دوای گواستنەوەی فەلسەفە لە یۆنانەوە، مانای چەمکی بوون- و هەبوون تێکەڵکراوە. ئەمەش بووەتە گرێیەکی گەورەی فەلسەفە لە تێگەیشتن لە بنەماکەی خۆی کە مێتافیزیکەوە و بە گوتەی ئەو واتە پرسیارکردنە لە بوونی مرۆیی. لە ژمارەکانی دیکەی بەشەکانی دیکەی ئەم پێشنمایشە بڵاو دەکەینەوە.

زمانی ساد و مازۆخ

شەهریار وەقفی پوور

لە فارسییەوە: دلاوەر ڕەحیمی

وه‌قفی پوور له‌م وتاره‌دا له‌سه‌ر زمانی (نازمانی) ساد و مازۆخ و كاره‌كته‌ره‌كانی رۆمانه‌كانی ئه‌م دوو نووسه‌ره‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌. مازۆخ و ساد جیاده‌كاته‌وه‌ له‌ پڕۆنۆلۆگه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ و به‌رهه‌مه‌كانی ساد و مازۆخ به‌ پڕۆنۆلۆژی داده‌نێ و هه‌ریه‌ك له‌و دوانه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی.

 

ژمارە (سفر) تایبەت نەکراوە بە بابەت و تەوەرێکی دیاریکراو، بەڵام لە ژمارەکانی داهاتوو هەر ژمارەیەک تایبەتە بە تەوەرێکی دیاریکراو، بۆیە لێرە تەوەری ژمارەی یەک ڕادەگەیەنین. تایبەتە بە (لەبارەی ئەدەبەوە)، بابەتەکان هزری و تیۆری و ڕەخنەیی دەبن. بۆیە داوا لە وەرگێڕەکان دەکەین کە بە وەرگێڕانەکانیان لەو ژمارەیەدا بەشداری بکەن. لەگەڵ ئەوەی کە دەبێ وەرگێڕانەکان لە زمانی یەکەمەوە بێت، ئەم خاڵەش ڕەچاوە بکەن، بابەتەکان لە دوو هەزار وشە کەمتر و لە دە هەزار وشەش زیاتر نەبن.
بابەتەکانی ژمارە یەک پێویستە تا ١٠/٥/٢٠٢١ بگاتە دەستمان.


ئیمەیلەکانی پێوەندی کردن بە گۆڤاری ژنەفتنەوە:
jineftin@gmail.com
jineftin@jineftin.krd 

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «خۆبەڕیوەبەری شەنگال» چاپ و بڵاو کرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *